كه‌ژاوه‌ی ژوان …. سه‌ردار جاف
له شه‌خته‌به‌ندانی دڵم
چی له‌و ئیشقه گڕه بكه‌م
سه‌ما له سه‌ر نه‌كه‌رۆزكا
له ئافاتخانه‌ی دووریمان
چ له ڕایه‌ڵه‌ی بێ‌سیم كه‌م
نه‌توانێ مه‌ودا كورت بكا و
خانه‌ی مۆزه‌خانه‌ی قامه‌ت
به یه‌كه‌وه گرێ بدا
……………………..
له په‌رژینی نیشتیمانێ
هه‌ڵاتووم و
تاریكستان بینه قاقای لێ ته‌نیوم
ئه‌تۆیش دڵم
له خه‌یاڵدانی ماڵێكا ، ده‌سته‌مۆ بووم
ڕێژنه فرمێسك
له سێڵاوی خۆیم ده‌نێ
كه‌چی له به‌رده‌رگای پێتا، كڕنووش به‌ر و مشتێ گڵم
……………………………….
په‌روانه‌كه‌م…
خۆت مه‌ڵاسده
له نێو سپی به‌فری وڵات
له نێو كۆڵانه تاریكه‌كانی زستان
له نێو میترۆ سه‌وزه‌كانی چراخانا
له نێو په‌رداخه‌شه‌رابی مه‌ست نه‌بوونمان
خۆت مه‌ڵاسده ….
له نێوانی ڕه‌نگی پرچه قه‌ترانییه‌كانی دره‌ختت
له زه‌ماوه‌ند ، جه‌نگی ئه‌شقت
له خه‌رابات ، نسرمی پڕ خۆشه‌ویستت
له نێو ده‌نگی جریوه‌ی چۆله‌كه‌یه‌كا
خه‌ونه‌كانمان
ده‌نێو ده‌ست و په‌نجه‌تا نێ
چرۆ بكا بۆ هه‌بوونمان
………………….
دێم و له قریوه‌ی تۆیا
ئاهه‌نگی بوونم ده‌گێڕم
تاڵه ڕه‌شی زوڵفت بكه
به قه‌ناره‌ی گه‌ردنی من
به قه‌د و قامه‌تی جوانتا هه‌ڵمواسه
له داڵانی به‌ر سینه‌تا
جێ په‌نجه‌ی ڕچیوم كه‌وه
هێشتا به له‌شی ته‌زیو و كڕێوه‌ی تۆ
ڕانه‌هاتوون
گه‌رم گه‌رم ڕایانموسه
………………………….
پێكه‌نینم ….
به قه‌د دیواری گاردیمۆین هه‌ڵواسیوه
ئه‌شكم له توێشووی سه‌فه‌ری ئه‌مجاره‌ی به‌فر كرده‌وه
هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه ده‌ڵێی
له ته‌ك ئاوازی ئه‌وینی تۆ ڕایی بووم
له سه‌ر نه‌خشه‌ی نیشتیمانی دڵی منا
پێكه‌نینت بوونه پایته‌خت
له ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانی كه‌مفۆرته‌وه شۆڕبوونه‌وه
له هه‌نگاوی وڕكگرتووم
دیاره شێتێكی خۆرسكیم ، وا به باڵای تۆیا هه‌ڵچووم
………………………
سه‌مای سه‌رما و شنه‌ی باوه‌شتم بۆ راخه
به جاجمی حه‌یرانه‌كانت دامپۆشه
باسه‌ر خه‌وێ
له ته‌ك باوڵه ڕه‌وڕه‌وه‌كه‌وه بشكێنم
تۆ ئه‌مێستا
له كه‌ناری گریانی هه‌نسكی منا ، پشووتداوه
یان هێشتا به‌ده‌م خه‌مه‌كوتكێی سه‌ماوه
كۆته‌ڵ بۆ ژوانی دادێ داده‌به‌ستی
منیش هه‌ر ڕێبوارێ بم و هه‌رمێكانی به‌ر باخه‌ڵت ، بته‌كێنم
……………………………
به باڵای گۆڕی دایكما بمشكێنه
هه‌ر كات كه شه‌و له خه‌و هه‌ستا
با به‌سه‌رما ڕاببوورێ
تا به‌ره‌و خوار بۆ لای باوكم هه‌نگاو ده‌نێ
هه‌ر عه‌وداڵی سۆراغم بێ كه لێی ون بووم
له به‌ر پێیه‌كانی خۆتا
وه‌ك چیمه‌نی باخچه‌ی به‌ر ماڵان رامبخه
تا پێت به چقڵی ساراكان زامار نه‌بێ
هه‌ر دوێنێ بوو
به میوانی بۆ بیابانی لماوی و ئه‌به‌دیه‌ت و نه‌مانم چووم
………………………………
كوڵمه‌كانت بوونه هه‌وره گرینۆكه‌ی
تێكئاڵاوی ڕه‌ش و سپی
بوون به نۆڤێلت بوون به ڕۆمان ، به چیرۆكی ئه‌فسانه‌یی
له ته‌نیشت لێوه‌كانته‌وه خه‌یاڵدانی ماچم ده‌فڕێ
له قایه‌غی نغرۆ بوونم كپبوویته‌وه
له میحرابی برۆكانت ، له گومه‌تی مه‌مكه‌كانت
شه‌وی تاریك حه‌شارمده
با شیعره‌كانم پێ نه‌گرن ، یاخی نه‌بن ، چڕنووك به گه‌ردنتا نه‌كه‌ن
باسی خه‌ونی گێلاسیت كرد ، ته‌واو نه‌بووی
هه‌ر زۆر زوو بوو ، بۆ لای زارۆ‌كان چوویته‌وه
…………………………….
نمه نمی سپێدانێ
تارمایی ئاونگێ دێنێ
ده‌نگی هه‌نگاو ده‌كرتێنێ
كاوڵاشێ به ناخا ده‌كا
چرپه‌ی ماچێكیش جاڕ ده‌دا
دۆزه‌خی باڵا واڵا كا
ده فێرم كه ئه‌مجاره‌یان چۆن بێمه‌وه
چۆن باڵبگرم به‌ره‌و مه‌زار هه‌ڵفڕمه‌وه
كه هاتمه‌وه چۆن سه‌ما فێری باڵات كه‌م
كه‌ی زڕبوونی خه‌و خه‌فه كه‌م
ئه‌مه شیوه‌نی ته‌مه‌نمه
له گه‌ڵم به ، با باهۆزمان له دیدار بێ
نازانم نا ، ئیتر چۆن مه‌ی به‌رم ده‌دا
………………………..
كه‌وتمه خه‌ره‌ندی ژیان و
به دووكه‌ڵی قانگه‌كانی جگه‌ره‌تا
خه‌می سووریم بۆ ده‌نێری
كه تۆ ئاگر له جه‌سته‌ی سڕكم به‌ر ده‌ده‌ی
ده‌سوێمه نێو مه‌جمه‌رێك و ده‌بمه ژیله‌مۆی ژیانێ
هاواری ژان نه‌بڕایه‌وه
به ئاوه‌زی سپیم ئاشنا
خه‌م ده‌بێته‌وه سه‌ر چۆپی و ئاوازی كۆته‌ڵ ده‌گێڕێ
جگه له من و به‌فر و ئاگر ……
هیچ شك نابه‌ی بۆ هێورێ
ته‌نها ساتێ گوێ قوڵاغ به
سه‌دای نییه جگه له شین و گریانێ
Limburg _ Deutschland
11 _ 01 _ 2019