
له‌باره‌ی ناسیونالیزمی مه‌ده‌نییه‌وه!.. هۆگر برایم
له‌م ساڵانه‌ی دوایی له كوردستانی عێڕاق، خه‌ریكه ڕه‌وتێك گه‌شه ده‌كات كه خوڕافاته‌كانی ناسیونالیزمی كوردایه‌تیی ڕه‌تده‌كاته‌وه و له به‌رامبه‌ریدا مۆدێلێكی نیشتیمانسازی، له سه‌ربنه‌مای به‌یه‌كه‌وه‌ژیانێكی پلوڕاڵ و ئازادانه، كه دیموكراسی میكانیزمی كارپێكردنیبێت، ده‌خاته گفتوگۆوه و هه‌وڵده‌دات كه گه‌نجانی كورد له ڤایرۆسی ناسیونالیزم و به‌تایبه‌ت ناسیونالیزمی نه‌ژادیی كوردایه‌تیی ڤاكسینبكات. ئه‌مه له‌هه‌مانكاتدایه كه ڕێبه‌ری سیاسی و فیكری پ ك ك عبدالله ئۆجالان، له ساڵی ١٩٩٩وه له زیندانی ئیمڕاڵیه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌كات و ئاڵته‌رناتیڤی خۆی كه له كۆنفیدڕاڵیزیمی دیموكراتیدا پێشنیارکردووە. ئۆجالان زۆر به‌ئاشكرا و ڕاشكاوانه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ڕه‌تده‌كاته‌وه و گوتاره‌کەی ئەوە نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی نوسین و قسه‌كردن نه‌ماوه‌ته‌وه به‌ڵكو بۆته پڕۆژه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی كه به ته‌نیا له سه‌ر ئاستی توركیادا نزیكه‌ی ١٠ ملیۆن ده‌نگده‌ری هه‌یه و له باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریاشدا(ڕۆژئاڤا) حوكمیڕانیی ناوچه‌یه‌ك ده‌كات كه به‌قه‌د ڕووبه‌ڕی ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو لوبنان ده‌بێت و نزیكه‌ی ٢ تا ٣ ملیۆن كه‌سیش له كورد، عه‌ره‌ب، سوریانیی و ئه‌رمه‌نیی وتوركمانی تیا ده‌ژیێن.
له‌م وتاره‌دا، ده‌مهه‌وێ جارێكی‌تر ناسیونالیزم وه‌كو چه‌مك و وه‌كو فیكریش بده‌مه به‌ر ڕه‌خنه و ئه‌وه ئاڕگومێنتبكه‌م كه هه‌موو ڤێرژنه‌كانی ناسیونالیزم هه‌مان جه‌وهه‌ریان هه‌یه و ترۆپكی هه‌ر ناسیونالیزمێكیش فاشیزمه و ئیدیعای ناسیونالیزمیی مەدەنیی لەناو کورددا، نەک هەر خوڕافەیەکی سیاسیی و فیکرییە بەڵکو تێنەگەیشتنە لە تیۆریی ناسیونالیزمیش.
هه‌رچه‌نده نه‌ته‌وه، وه‌كو چه‌مكێكی سیاسی و تێكه‌ڵكردنی به ناسیونالیزم، مێژوویه‌كی ئه‌وه‌نده كۆنی نه‌بێت، به‌ڵام به‌ناو كردنی گروپه ئه‌تنیكییه جۆربه‌جۆره‌كان ،ده‌توانین بڵێین مێژووەکەی به‌قه‌د مێژووی مرۆڤ كۆنه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له گۆڕانێكی به‌رده‌وامدابووه. زانسی دی ئێن ئه‌ی(DNA) ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت كه هیچ نه‌ته‌وه و گروپێك خوێنی پاك و بێگه‌ردبێت، وه‌كو ناسیونالیزمی ئه‌تنیكی یان مۆدێلی ئه‌ڵمانی ئیدیعای ده‌كات. كه‌واتا له ڕووی پێكهاته‌ییه‌وه، نه‌ته‌وه شتێكی جێگیر نیه. من له وتارێكی پێشووتر له سه‌ر ناسیونالیزم، باسم له‌وه‌كردووه، ئه‌گه‌ر ڕه‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به ئاڕاسته‌یێكیتردا بڕۆشتبایه، ئه‌وكاته مه‌د، هوریی و میتانیی و گروپه‌كانی تر كه به بابوباپیرانی كورد ده‌ناسرێن، ده‌سته‌ڵاته‌كانیان له‌ده‌ست نه‌دایه، ئێستا گه‌لێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ناوی كورده‌وه بوونی نه‌ده‌بوو به‌ڵكو له بری ئه‌وه چه‌ند نه‌ته‌وه‌یێكی جیاواز هه‌ر به‌ناوه كۆنه‌كانی خۆیانه‌وه ده‌مانه‌وه و سنوریان له‌یه‌كتر جودا ده‌بوو. ئه‌گه‌ر فتوحاتی ئیسلامی نه‌بوایه، هه‌رگیز مصڕ، سه‌رده‌مانێك، نه‌ده‌بوو به مه‌ركه‌زی ناسیونالیزمی عڕوبیی. سوریا ناوی جمهوریة العربیة السوریة نه‌ده‌بوو و… هتد. كه‌واته، نه‌ته‌وه دیارده‌یه‌كی مێژووییه و تا ده‌ركه‌وتنی ناسیونالیزم له گۆڕانی به‌رده‌وامدابووه.
له دونیای ئه‌كادیمی و توێژینه‌وه‌ی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا باس له دوو مۆدێل له ناسیونالیزم ده‌كرێت؛ یه‌كه‌میان مۆدێلی فه‌ره‌نسییه كه به ناسیونالیزمی سڤیل، سیڤیک یان مەدەنیی ناسراوه و مۆدێلی دووه‌میش ناسیونالیزمی ئه‌ڵمانییه كه به ناسیونالیزمی ئه‌تنیكی یان نه‌ژادی ناسراوه. له مۆدێلی ئه‌ڵمانیدا ئه‌ندامبوون له نه‌ته‌وه شتێكی پێشتر بریارلێدراوه. ئه‌وه تۆ نیت كه بریار ده‌ده‌ی به‌ڵكو باكگراوندی ئه‌تنیكیت بڕیارده‌دات كه سه‌ر به‌چ نه‌ته‌وه‌یه‌كیت. واتا نه‌ته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای گرێدانی خوێن پێناسه ده‌كرێت. هه‌رچی مۆدێلی فه‌ڕه‌نسییه، ئه‌ندامبوون له نه‌ته‌وه به خوێنه‌وه نابه‌سترێته‌وه، به‌ڵكو گرێدان و ئینتیمایه بۆ ده‌وڵه‌ت، واتا ئەندامبوون لە دەوڵەتدا كڕۆكی نه‌ته‌وه‌بوونه و ده‌كرێت ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه له گروپ و ئه‌تنیكی جیاوازبن یانیش كۆمه‌ڵێك گروپ و ئه‌تنیكی جیاواز نه‌ته‌وه‌یه‌ك پێك‌بێنن. لێره‌دا جیاوازیێك له‌نێوان ئه‌و دوو مۆدێله له ناسونالیزم نیشانده‌درێت. به‌ڵام هه‌ره‌وكو جه‌نیفه‌ر جاك-پریس و جه‌یمس مایاڵ ده‌ڵێن، ئایا جیاوازیێكی ڕوون وئاشكرا له‌نێوان ئه‌م دوو مۆدێله‌دا به‌دیده‌كرێت؟
ئێمه پێشتر ناسیونالیزمی كوردایه‌تیمان به دوو باڵ وه‌صفكردووه، كه ئه‌وانیش كوردایه‌تیی خێڵه‌كیی موكریانی كه به كوردایه‌تیه ئۆرجیناڵ و ئه‌صیله‌كه‌ی ده‌زانین و باڵی كوردایه‌تی ئه‌فه‌ندیه‌كان كه به كوردایه‌تیه موزه‌ییه‌فه‌كه‌ی ده‌زانین (کە ئیدیعای کوردایەتیی ئه‌صیڵ ده‌كه‌ن). دیاره هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی كوردایه‌تیی ناسیونالیزمی نه‌ژادیین كه سرودی ئه‌ی ڕه‌قیبیش مانیفێستۆكه‌یانه. ئه‌و ناسیونالیزمه له ته‌مه‌نی نزیك به صه‌ت ساڵه‌ی خۆیدا، له سیاسه‌تدا فاشیلترین، له فیكردا به‌تاڵترین و له كلتوردا داوه‌شاوترین ڤێرژنی ناسیونالیزمه لە دونیادا. ئه‌وه‌ی تۆزقاڵێك مه‌عریفه‌ی سیاسی هه‌بێت له‌ڕووی نایه‌ت خۆی به‌و ناسیونالیزمه‌وه هه‌ڵبواسێت. بۆیه هه‌ندێك نوسه‌ر دێن ناسیونالیستبوونی خۆیان له‌سه‌ر شێواز‌ی ناسیونالیزمی مه‌ده‌نی (مۆدێلی فه‌ڕه‌نسی) به‌یان ده‌كه‌ن و ده‌یانهه‌وێت ناسیونالیزمی مه‌ده‌نی، به مۆدێلێكی پێشكه‌وتوو به خوێنه‌ری كورد نیشانبده‌ن؛ له‌كاتێكدا له ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانی ئه‌وروپا و ئه‌مێریكادا ئه‌و بۆچوونه جێگه‌ی سه‌رنج، ڕه‌خنه و پرسیاره.
مایاڵ و جاك-پریس، له‌سه‌ر ناسیونایزمی ئه‌مێریكی ده‌ڵێن، هه‌ر له درووستبوونی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مێریكاوه، وا حسابده‌كرێت كه ناسیونالیزمی ئه‌و وڵاته مه‌ده‌نییه، كه له‌لایه‌ن كۆچبه‌رانه‌وه دامه‌زراوه. هه‌ڵبه‌تا نه‌یانده‌توانی ئیدیعای ئه‌وه بكه‌ن كه سه‌ر به گروپێكی ئه‌تنیكی دیاریكراون. ئه‌گه‌ر گه‌لی ئه‌مێریكا به یه‌ك ده‌ستور پێناسه‌كراوه، بۆچی هه‌مان مۆدێل له هه‌موولایه‌كی وڵات وه‌كو خۆی جێبه‌جێ نه‌ده‌كرا؟ هه‌رچه‌نده وڵاته‌یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یماننامه‌ی شۆڕشی ئه‌مێریكی له دژی به‌ریتانیا و په‌یماننامه‌ی ١٧٨٧-١٧٨٨دا، دامه‌زراوه به‌ڵام ته‌نیا له په‌نسلڤانیادا سیاسه‌تێكی كراوه به‌رامبه‌ر كۆچبه‌ران هه‌بووه. هه‌ردوو دۆكومێنته گرینگه‌كان، واتا به‌یاننامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌ستوری ئه‌مێریكا، له‌لایه‌ن پیاوانێكه‌وه نوسرانه‌ته‌وه كه به هه‌مان زمان قسه‌یانده‌كرد و سه‌ربه‌هه‌مان كلتوربوون كه دیاره ئه‌ویش به‌ریتانی بوو و زۆرینه‌ی كۆچبه‌رانیش هه‌ر له‌و وڵاته‌وه هاتبوون. كه‌واتا، چه‌مكی ناسیونالیزمی دیموكراتیی یانیش مه‌ده‌نیی جیاوازیێكی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ناسیونالیزمی ئه‌تنیكی نیه وه‌ك ئه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كانی ده‌یانهه‌وێت قه‌ناعه‌تمانپێبكه‌ن.
ناسیونالیزمی توركیش له‌سه‌ره‌تاوه له سه‌ر بنه‌مای ناسیونالیزمی مه‌ده‌نیی دامه‌زرا و یه‌كێك له تیۆریسیه‌نه سه‌ره‌كیه‌كانی، محه‌مه‌د زیا گۆك ئاڵپ كه كورد بوو، پێی ناخۆش بوو بە كورده‌كان بڵێن به توركی شاخاوی، چونكه ئه‌و پێیوابوو كه ئه‌ندامبوون له نه‌ته‌وه‌ی تورك به‌مانای ئه‌وه نایه‌ت كه له ڕووی ئه‌تنیكییه‌وه توركبیت. كۆمه‌ڵه‌ی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی كه به سه‌چاوه‌ی ناسیونالیزمی توركی داده‌نرێت و له ژێر كاریگه‌ری گه‌نجانی فه‌ڕه‌نسییدابوون، دوو له پێنج دامه‌زره‌نه‌ره‌كانی كوردبوون. كه‌مالیزمیش درێژكراوه‌ی ناسیونالیزمی ئه‌و ڕێكخراوه بوو. یه‌كێك له هۆكاره‌كانی كۆمه‌ڵكوژنه‌كردنی كورده‌كانیش ئه‌وه‌بوو كه به‌هۆی موسڵمانبونیانه‌وه، وه‌كو توركی دواڕۆژ حسابیان بۆ كرابوو. بۆیه ئه‌وانه ده‌ری ده‌خه‌ن كه كه‌مالیزم له سه‌ره‌تاوه ناسوینالیزمێکی مه‌ده‌نی بوو، به‌ڵام مێژوو نیشانیداین كه به چ فاشیزمێكی قه‌ومی و نه‌ژادی ئاودرابوو و كوردیش بوو به گه‌وره‌ترین قوربانیی ئه‌و فاشیزمه. كه‌چی ئێستا هەندێک نوسەری كورد ده‌یانهه‌وێ ئه‌و مۆدێله‌ی ناسیونالیزممان به گوڵ و گوڵستان نیشانبده‌ن و گه‌لی كوردستان له ژێر ته‌پكه‌ی ناسیونالیزمی نه‌ژادیی كوردایه‌تیی ده‌ربێنن و بیكه‌ن به ته‌ڵه‌ی ناسیونالیزمی مه‌ده‌نیی ئه‌كادیمییه‌كانه‌وه.
ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی خودی ناسیونالیزمی فه‌ڕه‌نسیش به‌كه‌ین كه له‌به‌رامبه‌ر ناسیونالیزمه داخرا و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه ئه‌ڵمانیه‌كه‌دا، به ڤێرژنه كراوه و پێشكه‌وتووه‌كه‌ی ناسیونالیزم داده‌نرێت، مێژوویه‌ك له فاشیزم به‌ولاوه شتێكی تری لێنابینین. له‌ناوبردنی هه‌موو كلتور و زمانه خۆجێییه‌كانی سه‌رزه‌مینی فه‌ڕه‌نسا و تواندنه‌وه و ئاسیملاسیۆنكردنیان له‌ناو كلتور و زمانی ده‌وروبه‌ری پاریس‌دا، له فاشیزم و ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌ولاوه، ده‌بێ چ وه‌صفێكی تری بۆبكرێت؟ تا ئێستاش ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر كا‌تالۆنیه‌كانی باشوری فه‌ڕه‌نسا ده‌كرێت هیچی كه‌متر نیه له وه‌ی كه به‌رامبه‌ر كورد ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی كه ناسیونالیزمی فه‌ڕه‌نسی له ئافریقیا، و به‌تایبه‌ت له جه‌زائیر كردی، چ جیاوازیێكی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیتله‌ردا هه‌یه؟ مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌وه‌بێ كه فه‌ڕه‌نسا سه‌ركه‌وتووی شه‌ڕبوو و هیتله‌ریش دۆڕاو. دیاره مێژووش سه‌ركه‌وتووه‌كان ده‌ینووسنه‌وه. ئێستا كه حیزبه‌كه‌ی (لو پێن) كه له‌سه‌ربنه‌مای ناسیونالیزمی فه‌ڕه‌نسی كارده‌كات كامانه‌ن فیكر و ئایدیا دیموكرات، پلوڕاڵ و مرۆڤایه‌تیه‌كانی كه ڕۆشنبیر و ئه‌كادیمییه‌كانی ئێمه ئاوا ئیلهامیان لێوه‌رده‌گرن و ده‌یانهه‌وێ ئه‌و مۆدێله بۆ كورد تیۆرایزبكه‌ن؟
ئه‌گه‌ر به‌راوردی ناسیونالیزمی ئه‌تنیكیی و ناسیونالیزمی مه‌ده‌نیی بكه‌ین ته‌نیا جیاوازیێكی پێكهاته‌یی ده‌بینین، كه ئه‌ویش پێناسه‌كردنی نه‌ته‌وه و ئه‌ندامێتیی نه‌ته‌وه‌یه. ئه‌گه‌رنا جیاوازییێكی جه‌وهه‌ریی نادۆزینه‌وه كه ڕێگه‌ی ئه‌و دوو ڤێرژنه له له‌یه‌كتر جیابكاته‌وه. فانتازیای هه‌ردووكیان دامه‌زراندن یان بەهێزکردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یه و هه‌ردوكیان سیمبۆڵه‌كانی ده‌سته‌ڵات و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی تا ئاستی خودا پیرۆزده‌كه‌ن. هه‌ردوكیان نه‌ته‌وه‌ی خۆیان له‌سه‌رووی ئه‌وانیتره‌وه ده‌بینن و ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێت له‌ناویان ده‌به‌ن. فراوانبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای داگیركاریی ئامانجی هه‌ردووكیانه، چونكه فه‌لسه‌فه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای فراوانبوون بنیادنراوه، به‌ڵام هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی ده‌رفه‌تی پڕاكتیزه‌كردنی نییه. ئه‌گه‌رناسیونالیزمی ئه‌ڵمانی له‌ژێر ناوی نه‌ژادی پاكی ئاری، هه‌قی به‌خۆیده‌دا كه ئه‌وانیتر له‌ناوببات و وڵاتیان داگیربكات ئه‌وا ناسیونالیزمی فه‌ڕه‌نسیش له ژێرناوی برایتیی و یەکسانیی و كلتوری به‌رزی فه‌ڕه‌نسیی، گه‌لانی تری له‌ناوبردووه یانیش ئاسیملاسیۆنی وه‌كو تاكه ئاڵته‌رناتیڤ له‌به‌رده‌مدا هێشتونه‌ته‌وه. خاڵێكی هاوبه‌شی نێوانیان، كه به‌بڕوای من جه‌وهه‌ریترینه، ئه‌وه‌یه كه دوو ئایدۆلۆژیای ته‌واو نێرسالارین و تێڕوانینێكی جیاوازیان بۆ ژن نیه. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا كه پرسی ژینگه بۆته بابه‌تێك كه پێویستی به بڕیار و هه‌ڵوێستی سیاسی هه‌یه، تێڕوانینی هه‌ردوو جۆر له ناسیونالیزم بۆ ئه‌و پرسه، جیاوازیی نیه كه ئه‌ویش باوه‌ڕنه‌بووبه به پرسێكی له‌و جۆره.
لەگەڵ ئەوانەشدا ناسیەنالیزمی مەدەنی، جیاواز لە ناسیونالیزمیی ئەتنیکی، لەسەر جوگرافیایەکی سیاسیی خاوەن کیانێکی سیاسیی‌دا تەبەنیی دەکرێت و گەشەی پێدەدرێت نەوەکو لەناو گەلێک یان نەتەوەیەک کە لەناو دەوڵەتێکدا دەژیەت کە بە هی خۆی نازانێت. بۆ نمونە ناسیونالیزمی فەڕەنسی لەناو دەوڵەتی فەڕەنسیدا گەشەدەکات و پێشتر دەستەڵاتێک و دەوڵێتێک هەیە و بۆ ئەوەی ئەو کیانە پارچە پارچەنەبێت، وەک ئەوەی کە لەسەدەی حەڤدە وهەژدەدا هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا پارچەدەبوون، ئەو جۆرە لە ناسیونالیزم سەرهەڵدەدات کە لە بنەمادا دەتوانین ئەویش بە ناسیونالیزمیی ئەتنیکیی دەوروبەری پاریس ناودێربکەین کە لەژێر ناوی هاوڵاتیی بوون لەناو دەوڵەتی فەڕەنسادا، کلتور و زمانی خۆیان بەسەر هەموو کەسێکدا سەپاند کە لەناو ئەو جوگرافیایەدا دەژیان کە بە فەڕەسا دەناسرا. نەک هەر ئەوە بەڵکو ویستیان کۆلۆنییەکانی خۆشیان لەناو هەمان کلتوردا بتوێننەوە. ئەوەتا تا ئێستاش لە زوربەی ئەو وڵاتانەی ئافریقیا کە پێشتر کۆڵۆنیی فەڕەنسا بوون زمانی ڕەسمییان هەر فەڕەنسییە و زمانە خۆجێییەکان لەناوچوون.
یەکێک لە ئارگومێنتەکانی تیۆریی ناسیونالیزم لە پێناسەکردنی ئەو چەمکەدا ئەوەیە کە ناسیونالیزم یان ئەوەتا لەناو دەوڵێتێکدا دەیهەوێت باڵا دەستبێت یانیش دەیهەوێت دەوڵەتێک دروستبکات. دیارە ناسیونالیزمی مەدەنەیی ئەوەیە کە لە حاڵەتیی یەکەمدا گەشەدەکات. واتا لەناو دەوڵەتێکدا دەیهەوێت باڵادەستبێت وەکو ناسیونالیزمی فەڕەنسیی و تورکیی. ناسیونالیزمیی تورکیش لەسەر بنەمای ڕزگارکردنی پاشماوەی دەوڵەتیی عوسمانیی کەوتەسەرپێ بەڵام پێشتر لەسەردەمی ئیتیحاد و تەرەقییەوە هەوڵی دەدا کە ناسیونالیزمی سیڤیل تەبەننی بکرێت و دەوڵەتی عوسمانی، لە پارچەبوونی زیاتر، بپارێزرێت. دیارە لە دەرئەنجامدا، بە پێچەوانەوە پارچەبوونی دەوڵەتیی عوسمانیی خێراتر کرد و ئەوە نزیکەی صەد ساڵیشە، لەسەردەمی کۆماری تورکیاشدا، هەر نەیتوانییوە یەکگرتوویی نەتەوەی تورکیا لە ژێر ناسنامەی تورکییدا دەستەبەربکات.
ناسیونالیزمیی ئێرانیش بەهەمان شێوە، ناسیونالیزمێکی سڤیلە و ناسنامەی ئێرانیی بوون زەقدەکاتەوە بەڵام لە جەوهەردا ئەو ناسیونالیزمیی ئەتنیکیی فارسییە. لەبەرئەوەی لەسەر خاکی ئێران‌دا تەنیا فارس ناژیێن و فارس وەکو ئەتنیک زۆرینەی ڕەها نیین، ناسیونالیزمیی ئێرانیی حەماقەتێکی وا ناکات کە هەڵگری ناسیونالیزمیی ئەتنیکیی بێت.
ئەی ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كورد كه تا ئێستا به ڕۆشنبیرمان زانیون و وا په‌راسووه ناسیونالیستییه‌كانیان ده‌رده‌كه‌ون، پێمان ناڵێن كامه‌تا پێشكه‌وتن و دیموكراتیبوونی ناسیونالیزمی مه‌ده‌نیی و كامه‌تا ئاڕگومێنته‌كانیان كه ناسیونالیزمی مه‌ده‌نیی كوردایه‌تیی له ناوچه‌كه‌دا له‌چاو ناسیونالیزمه مه‌ده‌نیه‌كه‌ی كه‌مالیزم، له هه‌موو مێژووی ناسیونالیزمدا مۆدێلێكی شازده‌بێ و سه‌ری له داڵانه‌كانی فاشیزمه‌وه ده‌رناچێ؟
ئیدیعاکردنی ناسیونالیزمیی مەدەنەیی لەناو کورددا، نەک هەر چەواشەکارییێکی پۆپۆلیستییە، بەڵکو پێش ئەوە چەواشەکارییە لە تیۆریی ناسیونالیزم خۆیشیدا. کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە، تا تۆبێی ئیدیعای ناسیونالیزمیی مەدەنیی بکەی بۆ ئەوەی هەموو گروپە ئەتنیکیی، دینیی و کلتورییەکان لەناو یەک کلتوریی یەکگرتوودا کۆبکەیتەوە. دەشێت باس لە ناسیونالیزمیی مەدەنیی عێڕاق بکرێت، بەڵام لەو کاتەدا هەر دەبێتەوە بە ناسیونالیزمیی عەرەبیی، چونکە ناسنامەی کلتوریی (باڵادەست) لە عێڕاقدا عەرەبییە.
جیاواز لە ناسیونالیزمیی سڤیل، کە تەنیا لەناو ناو جوگرافییایەکی سیاسیی خاوەن کیاندا سەرهەڵدەدات، ناسیونالیزمیی ئەتنیکیی لە دوو حاڵەتدا دەردەکەوێت. یەکەم لەناو دەوڵەتێکدا کە یەک گروپی ئەتنیکی گەورە باڵادەستە و هەژموونی کلتوریی هەیە، وەکو ناسیونالیزمیی ئەڵمانیی، ڕوسیی، عروبیی. دووەمیش لەناو نەتەوەیەک یان گروپێکی ئەتنیکیی کە خۆیان بە بەشێک لەو وڵاتە نازانن کە تیایدا دەژیێن یان وڵاتەکەیان داگیرکراوە وەکو ناسیەنالیزمیی کوردیی، فەلەسطینیی، کاتالۆنیی، ئیرلاندیی و سکۆتلاندیی.
کەواتا نیشاندانی ناسیونالیزمیی مەدەنیی وەکو ناسیونالیزمێکی پێشکەوتوو لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە ئیدیعاکردنی لەناو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتدا کە دەیهەوێت دەوڵەتی خۆی دروستبکات، نەک هەر لە ڕوی فیکریی و سیاسیی، بەڵکو لەڕوی تیۆریی ناسیۆنالیزمیشەوە، دەستەوستانیێکی مەعریفیی گەورەیە.