Skip to Content

زۆرانبازی ژنەفتن بەرەو کوێ.. ڕێبوار خۆشناو

زۆرانبازی ژنەفتن بەرەو کوێ.. ڕێبوار خۆشناو

Closed
by كانونی دووه‌م 21, 2021 General

ناڵێین کابرا بەدنمەکی خانەخوێ بوو وا سپڵانە پلار دەگرێتە ئەو زەوی و مرۆڤانەی باوەشی سۆزیان بۆ کردەوە لەو کاتانەی دەربەدەرو سەرلێشێواو بوون و کەچی ئێستا تۆوی کورهاندن و ناوچەگەریی دەڕوێنێت، ناڵێین سەدان و هەزاران دیناری سویسری ئەو کاتی لەم و لەو قەرز دەکرد و کەس چاوی بە فلوسێکی سوور نەکەوتەوە وەریبگرێتەوە، هەموو شتێکی هەر بە قەرز بوو تەنانەت کۆپیکردنی کتێبەکانیش، ناڵێین کابرا ناتوانێت تەنانەت دوو ڕستەی کوردی بئاخفێت بێ ئەوەی هیچ هەڵەیەکی ڕێزمانی نەکات، هەروەها ناڵێین ئەتەکیتی شەخسیی لە دەستپاکی و ڕاستگۆیی پاکیزەیی و چاکەخوازی و…تد ڕەچاوبکات و ئەوجا گوێی لێدەگرین، با ئەمانە ژیانی شەخسی خۆی بن، بەڵام تۆ وەرە بەو هەموو نەنگی و ناتەوانایی و کەموکوڕییە ئەدەبییەوە خۆت بکەیتە دەمڕاستی جەمعی ئەدیبان و ئەو حەقە بە خۆ ڕەوا ببینیت کە هەرچی کاڵوکرچ و بێمانایی و بێ مەغزاییە بیخەیتە بەرچاوان و هانیبدەیت تاکو لە خواروخێچیدا هەڵەو بێتواناکانی خۆی پێ دابپۆشێت، جا کێ بەم دوعایە دەڵێت ئامین و خۆی پێوە سەرقاڵ دەکات، جگە لە کەسانێکی هاوئەرباب و شێوەی خۆی نەبێت، ئەم نووسینەش هەر ڕوونکردنەوەیەکی ئەو دەردە کوشندەیەی (عوقدەی منی باڵا)یە کە ئەو کەسانە گیرۆدەین و پێوەی دەناڵێنن و خاڵ خستنە سەر پیتە لەم بوارەدا، بزانن چ زەوقێکی پوچ و چەوێڵ و چ ئەزموون و شارەزاییەکی ئەدەبی شێواوە کە شیعری هاوشێوەی (زۆرانبازی) بڵاودەکاتەوە، مەگەر تەنیا لەبەر ئەوە نەبێت کە نووسەرەکەی خانمە و توخمی لەتیفە، ئەو بەناو شیعرەی (زۆرانبازی) کە لە ١٧ی كانونی یه‌كه‌می 2020 دا بڵاوی کردۆتەوە خاڵییە لە هەموو ئەندێشەو میتافۆڕ و ئیقاع و وێنەی شیعریی، زمانێکی زۆر سادەو ڕۆژانەو بابەتێکی زۆر منداڵانە دەخاتە ڕوو، هیچ هونەرێکی هۆنینەوەو خۆماندووکردنی تێدا نابینرێتەوە، جگە لەمەش سەبارەت بابەتەکە دەڵێین: مردوو کە چووە جێی هەق هەر بەباشە باسی بکەین چێترە، کەچی لێرەدا کچ بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە گیانی باوك دەزڕێنێ و لەو خەوە هێمنەی دەکات و بە گێڕانەوەیەکی ناشیعریی ڕاستەوخۆ باری ئاژاوەی ناو ماڵەکەمان و ژیانی تایبەتی خۆیانمان بۆ ئاشکرا دەکات، ئەپرسین ئەگەر ئەمە داهێنان و نوێخوازی و ژنەفتن بێت ئەوا سەد ئاوات بە شیعری (هەستە چاوت لێم زەقکە) ی د.نەوزاد یەحیا باجگر و هاوشێوەکانی، بەڵام خۆی لە خۆیدا ئەم شەپۆلە لەبرەودان بە ئەدەبی کاڵوکرچ و بێمانا ئاماژەیەکی ترسناکە لە ڕۆچوون و هەڵاوێردن بە دۆڵی ناچیزەیی و ناتێگەشتن و بێ بەهرەیی و قوڵبوونەوە بە چەمکی نەوی بوون و کاڵبوونەوەی مانای شیعرو ئەدەب و داهێنانی مرۆڤ، ئە مەش دەکرێت ببێتە ئاوینەیەکی بێ ڕتووشی باری سۆسیۆلۆژی سەراپای کۆمەڵگای شیرازە تێكچووی پڕ فەوزاو ناتەبا، لێرەدا ئێمە نامانەوێت چیتر لەسەر ئەو (شاکارە ئەدەبییە!) بدوێین و کە کاکی پرۆفیسۆرو ئەدیبی لوتکە بڵاویکردووەتەوەو رەواجی پێداوە، با چیدی کاتی خوێنەرانی پێ نەگرین، ئەمە خۆی لە خۆیدا فەشەل و هیچ لە ئارادا نەبوونی ئەو بانگەوازە زل و زەبەلاحانەی برۆژەی کولتووریی دەردەخات کە بە دەرزییەك فش دەبنەوەو یەکسان دەبنەوە بە سفر، بەس هێندە بەسە کە لێرەدا بابەتەکە بۆ چەشەو زەوقی شیعریی و سۆزو هەستی خوێنەرانی جێ بهێڵین و لە کۆتایشدا بڕیارەکە هەر لای خوێنەر جێ دەمینێت.
شیعری : زۆرانبازی

ھەر جارەی تەلەڤزیۆنە ڕەشوسپییەکە
تەقەتەقی لێ ھەڵدەستا و
یاری زۆرانبازی پێشان دەداین،
باوکم
خۆی لێ دەبووە پاڵەوان،
دەبوو قاپێک شووتیی قەڵەو بخوات.

دایە
سەری شووتییەکانی دەپەڕاند،
ئێسکەکانی شووتیی ورد ورد دەکرد:
زۆرانبازە دۆڕاوەکە بوو.

ئەمن
ناوبژیوانێکی بێ فیکە
بە شۆڕتی خەتخەتەوە دەسووڕامەوە.
کە کارەبا دەکوژایەوە،
دنیا ڕەنگاوڕەنگ دەبوو.
باوکم
قاپی شووتیی بەرز دەکردەوە
بە ڕاستی ببوو بە پاڵەوان.
زۆرانبازە دۆڕاوەکە
سەری لەناو کۆشی و
لە حەمام
پارچەی قاپە شکاوەکانی لە گۆشتی دەردەھێنا.

ئەمن
شەش فیکەی ناو چپسی یانەسیب بە ملمەوە و ناتوانم ئەم یارییە ڕابگرم.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish