Skip to Content

مۆدی ماڵپەڕی ئەدەبی.. رەسول عەبدوڵڵا خدر

مۆدی ماڵپەڕی ئەدەبی.. رەسول عەبدوڵڵا خدر

Closed
by كانونی دووه‌م 21, 2021 General, Literature


گومانی تێدا نییە کە میدیای ئەدەبی و هونەری پاڵنەرێکی باشە بۆ دروستکردن و پەرەدان بە شاکارو بەرهەمە جۆراوجۆرەکان، بەڵام وێرای ئەمەو دوای ئەوەی زۆربەی زۆری گۆڤارو رۆژنامە کاغەزییە ئەدەبی و هونەریەکانی باشووری کوردستان شکستیان هێنا، دوای ئەوەی حیزب ئابوونەی لێبڕین و چیتر ئیشی پێیان نەما، هەروەها خۆشیان خاوەنی هیچ ستراتیژی و دنیابینی و ئامانج نەبوون، جونکە هەر لە یەکەم هەنگاویانەوە دیاربوو لە سنووری سێ شاردا ئەو هەموو بڵاوکراوانە دەربچن بێگومان هەر خوێنەریشیان بۆ پەیدا نەدەبوو و چۆنایەتیشیان زۆر لاواز بوو، ئەمە جێپەنجەی فەوزایەکی رووونی بواری سیاسی بەسەرەوە دیاربوو، کە هەمووان لاوەکی خەریکی دەنگ کۆکردنەوەو چەق دروستکردن بوون بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، هەریەکە بە ناوی دەزگاو مەسئول و پاناڵێك و گروپێك و سەنتەرو خانە و رێكخراوێك و تاقمێك و بگرە حیزبێکیشەوە خۆیان بە چەقی بزاڤی رۆشنبیری دەزانی و دادەنا، هەمووشی مۆرکی تاکەکەسی بەسەرەوە دیاربوو و هیچ شتێکی ئەوتۆی رەسەن و بەرهەمدارو داهێنانی نوێیان پێشکەش نەکرد، هەروابووەو هەرواش دەبێ، ئەوانە وەکو کەفی سەرئاو ماوەیەك دەردەکەون و بەڵام زوو شەپۆلەکە دەیابنات و جارێکی تر ناگەڕینەوە.

لە هەموو وڵاتێكدا کە رۆشنبیران پێگەیان لە کۆمەڵگادا هەبیت کۆمەڵێك رۆشنبیرو بیرمەندو تایبەتمەندی بوارەکانی ئەدەب و هونەرو هزر لە سنووری کاری ئەکادیمی خۆیاندا بڵاوکراوەی یان مانگانەو وەرزی دەردەکەن و دەستەیەکی باش لە کەسانی پسپۆر سەرپەرشتی دەرکردن و هەڵسەنگاندنەکان دەکەن، ئیتر شار ئاو بیبات و حیزب ملی بشکێت و ئیفلاس بکات ئەوان هەر بەردەوامی دەدەن بە کارەکانی خۆیان، چونکە لەسەرەتاوە بە مەبەست دامەزراوەو بنچینەو کۆڵەکەی چەسپاوی بنیاتنانیان هەمیشە لەبارە بۆ پێشکەوتن و برەودان، هەر بەهەمان شێوەش ژمارەی خوینەرانیان زیاد دەکەن و ئەوەش هەیانە لێیان ناکشێتەوە، سەرچاوەی داهاتیشیان هەر خۆیان و بازارو خوێنەرەکانیانە، ئیتر نە میزاجی شەخسی و نە کاڵوکرچی مەعریفی زاڵ دەبێت بەسەر رووبەری کارەکانیانداو وەکو گوتراوە نان بۆ نانەوا دەبێت و گۆشتیش بۆ قەساب، بەڵام ئەم لایەنە گرنگەی ژیانی فەرهەنگی لە کۆمەڵگای باشووری کوردستاندا زۆر پێچەوانەی ئەم ڕاستیە حاشا هەڵنەگرانە بووەو دەبێت، ئێستا دەبینین مۆد گۆڕدراوەو هەرکەسێك کەمێك فوو بکاتە خۆی دەتوانێت سایتێك دروست بکات و ناوێکی قەبەی رۆشنبیریی لێبنێت و ئەگەر نەخۆش کەوت پرۆژەکە لەگەڕ دەکەوێت، ئیتر نازانم ئەمە لە عنەتی سیاسیەکانە سەراپا خەڵکی گرتووەتەوەو لە نیوانیشیاندا بەناو ڕۆشنبیران، یان هەر سروشتی تاکی ئێمە وایە کەس ئیعتیراف بە کەس نەکات و هەر یەکە لە پێشتی خۆیدا کول في کول بێت؟ هەموووشیان بەس لە گۆشەنیگای تاکەکەسیەوە بنواڕنە چەمك و بابەتەکان و ئەم مۆرکە تاکەکەسییە زاڵ بێت بەسەر سەراپا جوڵەو بڕیاریاندا، ئەمە ئەوپەڕی ستایڵی دیکتاتۆری و پۆپۆلیزمی حیزبیی و سیاسیی کوردییە و بەڵام لەبەرگێکی تردا، هەر ئەمانەشن کە رۆژانە ریکلام بۆ خۆیان دەکەن بە دابەزاندنی جۆرەها شێوازی وێنەی شەخسی خۆیان، وەك ئەوەی داهێنان و بەخشین لای ئەوان بەس لە پۆرترێتی شەخسیدا کورت بهێنێت، ئەمە چ عەقڵییەتێکی پاشکەوتوو و دابراو و نەزانە؟ ماڵپەرێکی ٢٠ دۆلاری ئەو هەموو کش و فشەی پیوە لێبدرێت و هیچ جیاوازییەك و نوێبوونەوەیەکیش بەرپا نەکات؟!

برادەرێك لەم ماوەیەی پێشوودا پێی گوتم ژنەفتن و کوردڕاوت بیستووە؟ گوتم رەنگە ناوی کوڕانە بێت، گوتی ناوی کچانەش نییە، ئەوانە لەو مۆدە تازانەی کەفوکوڵی خۆدەرخستن و خودە مەنفوخەکانن کە هەرگیز تاکی کورد ناتوانێت شتێکی بەسوودیان لێوە فێربێت، جا ئەوەی شتێکی نەبێت چۆن دەتوانێت بیبەخشێت؟ زۆرمان کەم نەبوو لەمبوارەدا وا ئەوانەشی هاتە سەر.
گوتم با لە کورتی بیبڕینەوە دەنگەکانی لێدەرچێت کە خاوەنی پرۆژەیەکی رۆشنبیری و مەعریفی و فەرهەنگییەو خەباتی زیاد لە ٢٠ ساڵی لەمبوارەدا هەیە و بێلایەنی مۆرکی کاری بڵاوکراوەیی بووە، ئیتر ئەوانی دی ژمارەیان دەیان و سەدانن و هەر خۆخڵەفاندنن و وا باشترە کاتی خۆتیان پێوە نەکوژیت، ئێمە ئەو هەموو سەکۆ و وێبلاگ و هەوڵە کەموکورت و پەرتەوازانەمان بۆچییە جگە لە سەر لێتێکدانی ئەوانەی بێ ئیشانە رۆژانە لەم ماڵپەڕ بۆ ئەو ماڵپەرو لەم پێگە بۆ ئەو پێگە دەخولێنەوە تا گێژ دەبن و دواییش کە کامپیوتەرەکە دەکوژێننەوە هیچیان لە بیر نامێنێت، رۆشنبیری راستەقینە لەم چەواشەکاریانە خۆی بە دوور دەگرێت تا لە کەشێکی تەندروستدا خۆی پەروەردە باکت و پەرە بە تواناکانی بدات و ئەزموون پەیدا بکات.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish