
قورئانخوێن … به‌ختیار محه‌مه‌د
من وه‌ك چۆن گۆرانییه‌كی خۆشی عاتیفی كارم تێده‌كا، به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌نگ و ئاوازی خۆشی قورئانخوێنه‌كانی وه‌ك عه‌بدولباست و مه‌نشاویی و وه‌لید ئیبراهیم… كارم تێده‌كه‌ن و چێژی زۆریان لێوه‌رده‌گرم.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م ده‌نگانه شكۆمه‌ندییه‌كی زیاتریان – له گوێ و دڵی ئیمانداراندا – به قورئان به‌خشیوه. تۆ لێره‌دا گرنگ نییه له قورئان بگه‌یت، یان هه‌ست له مانای وشه‌كان ڕابگریت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی گرنگه، گوێ له‌و ده‌نگه خۆشه و ئاوازه نایابه‌كه‌ی خوێندنه‌كه‌یان ڕابگریت. زۆربه‌ی جار ئیمانداران گوێ له چریكه‌ی خۆشی ئه‌م ده‌نگانه ڕاده‌گرن، نه‌ك مانای وشه و ئایه‌تی سوڕه‌ته‌كان. خۆ دیاره (به‌نموونه) زۆربه‌ی ئیماندارانی كورد له مانای وشه و ئایه‌ته‌كان تێناگه‌ن؛ وه‌ك ده‌زانین زۆربه‌یان هه‌ر خوێنده‌واریشیان نییه؛ كه‌چی، كه گوێ له ده‌نگێكی خۆشی به‌سۆزی قورئانخوێنێكی وه‌ك عه‌بدولباست یان وه‌لید ئیبراهیم ده‌گرن، له‌گه‌ڵی ده‌گریێن. ئه‌م ده‌نگانه ئیمانیان به‌هێز ده‌كا و به‌خته‌وه‌ری به دڵیان ده‌به‌خشێ و وێنای شكۆمه‌ندیی و به‌خشنده‌یی و به‌زه‌یی خواشیان بۆ ده‌كا (به‌ڵكو ئه‌م ده‌نگانه به‌رائه‌تێكی زۆریش به ئایه‌ت و سورڕه‌ته تونده‌كان ده‌به‌خشن).
ده‌نگی عه‌بدولباست، كه سوڕه‌تی یوسف ده‌خوێنێته‌وه، ئه‌م چیرۆكه (ڕووداوه) ده‌كاته داستانێكی نایاب له گوێی هه‌موو ئیماندار و هه‌موو گوهدارێكیدا (كێ هه‌یه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ست به وێنه‌ی فریشته‌یی یوسف نه‌كا؟). هه‌ڵبه‌ته ڕه‌نگه، ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره شێوازی خوێندنه‌وه‌ی عه‌بدولباسته نه‌بوایه، ئه‌وه ئه‌م سوڕه‌ته‌ش هێنده ناوبانگی نه‌بوایه: هه‌موو ئیمانداران (به‌خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واریانه‌وه)، هێنده‌ی به‌هۆی ئه‌م ده‌نگه زوڵاڵه‌وه گوێیان له‌م سوڕه‌ته بووه ، هێنده گوێیان له سوڕه‌ته‌كانی دیكه نه‌بووه (ده‌نگی وه‌لید ئیبراهیم – یش له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و سوره‌ته‌دا ده‌چێته ئه‌م خانه‌یه‌وه، به‌ڵام له عه‌بدولباست كه‌متر)؛ كه‌واته ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه (شێوازی لیریكانه‌ی قورئانخوێندنه‌وه) خۆی له خۆیدا جۆرێكه له داهێنان له مێژووی ئیمانی ئایینی ئیسلامدا.