پاشەكەوتی موچەو كاراكردنەوەی پەرلەمان … عەلی مەحمود محەمەد
لە ماوەی رابردوودا, هیچ دۆسیەیەك بە ئەندازەی پاشەكەوتی موچەی موچە وەرگران, نەبووە موزایەدەی پارتە سیاسییەكان و هەموو ئەوانەی مەرامی سیاسییان هەیە لەم كوردستانە, ئەگەر لە گۆگڵدا بە دوای دەستەواژەی پاشەكەوتی موچەدا بگەڕێیت, تەنها ئەوانەی گوگڵ دەیدات , 45100 وەڵامە, زۆری تریش خۆی لە گۆگڵیش شاردۆتەوە, هەرچەندە ئەم دەستەواژەیە هێشتا ساوەیەو تەمەنی دوو ساڵی بەڕێ نەكردووە, ئاخر موچە پەیوەندی بە 1,4 ملیۆن هاووڵاتی كوردستانەوە هەیە,دەكاتە زیاتر لە 37%ی هاووڵاتیانی كوردستان وێڕای خێزانەكانیان, سەرباری ئەوەی پاشەكەوتی موچە كارایی لەسەر بازاڕ و ئیش و كاری كوردستانیان لە هەموو سێكتەرەكان داناوە, لە كوردسان بێ موچە هیچ جوڵەیەكی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت چالاكی هونەری و رۆشنبیری و فەرهەنگیش نامێنێت, دەتوانین بڵێین موچە كێشەی یەكەمی هاووڵاتیانی كوردستانە بە ئیمتیازەوە, بە ئەندازەی ئاو و هەواو گەنم و خوێ و خۆرەتاو گرنگە,هەر خۆشی رەوت و ئاراستەی بازاڕ دیاریدەكات, بۆیە ئەگەر سیاسەت بكەیت لە كوردستان,دەبێت قسە لەسەر موچە بكەیت, بە تایبەت پاشەكەوتەكەی كە 75%ی كۆی موچەكەیە, ئەگەر پۆپۆلستیش بیت دەبێت موزایەدەی گەورەی پێوە بكەیت, موزایەدەیەك وا بەهەشت لە گیرفان تۆداو جەهەنەمیش لای نەیارەكەت بێت, ئێستا موچەش بێ لابردنی پاشە كەوتی موچە كەس تاقەتی گوێگرتن لێی نییە.
بۆ ئەوەی لەسەر پاشەكەوتی موچە قسە بكەیت, پێویستە دوو مەرج لە قسەكانتدا هەبێت, مەبەستم دەسەڵاتداران و پەرلەمانتارانە, یەكەم بزانیت ئەمە دۆسیەیەكی ئابوورییە و بە ئاماری وردەوە قسە بكەیت, نەك رۆژێك بڵێیت پارەی نەوت بایی 20%ی موچەیە, رۆژی دواتر بڵێیت زیاترە لە موچە, یان رۆژێك بڵێت حكومەت قەرزارە, رۆژی دواتر بڵێیت قەرزی لەسەر خەڵكە, دەستەواژەیەكی ئەمەریكی باو هەیە كە ئاراستەی بۆشی باوك كراوە لە میانی ململانێی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەوو بیل كلنتۆن, كلنتۆن روو لە بۆش وتی ” ئەحمەق ئەمە ئابورییە ئابووری “, هەر ئەو ئەحمەقیەش دوایی بە دۆڕاندنیدا, ئاخر ئابووری نەبوایا , ئەوی قارەمانی شەڕی یەكەمی كەنداو بە كلنتۆن نادۆڕا, وەلێ ئەوانی مە ئێمە نە تەریق دەبنەوەو نە گەلیش سزایان لە هەڵبژاردندا دەدات ونە لە بازاڕیش ئۆیهیان لێ دەكرێت, نە بۆ خۆشیان لە قسان دەكەون, خاڵی دووەم كە باسی موچە دەكەیت ئەگەر دادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و سامان لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا و بنەبڕكردنی هەژاری كاری یەكەمت نەبێت ئەوا هیچت نەكردووە, ئیەوانێك كە 90%ی حیمایەكانیان براو برازاو ئامۆزاو خەزور و زاوایان بێت, بودجەی حیزبەكانیان زیاتر لە گەورەترین پارتی جیهان بێت, باسی موچەو ئیمتیازاتی خۆیانت نەكەن, باسی ئەوانە نەكەن كە چونەتەوە یانەی ئەلیۆنیكۆرۆنەوە( كۆمپانیای بە سەرمایەی ملیار دۆلار زیاتر)….. ئەوە ناتوانێت ئەهلی دادپەروەری بێت, كارەكان تەنها پیاوەتییە بە ئاوی حەمامەوە, ئەوانیش نەبنئەركی حكومەتە موچەیەك بۆ ژیانی كولەمەرگی بۆ رەعییەتەكانی خۆیدابین بكات. لە دوای ئەنجامدانی بایۆمەتری موچە وەرگرانەوە, قسە زۆر لەسەر چاككردنی موچە كراوە بەوەی دەرماڵەی موچەی بنەڕەتی, بڕوانامەو هاوسەرگیری بدرێت بە موچە وەرگران, ئەمە چاككردنی پاشەكەوتی موچە نییە بەڵكە وەك خۆیان دەڵێن سستەمێكی نوێی موچەیە, ئەمە شێوازێكی دیكەی سیاسەتی تەقەشوفی ئابوورییە بە قچۆكەیەك دەستكاریی هەستپێنەكراوەوە بۆ هەندەك.
پەرلەمانتارانی گەڕاوە , بە تایبەت ئەوانەی وەك ئۆپۆزسیۆن پێشتر قسەیان دەكرد و شاشەكانیان كۆنترۆڵ كردبوو, دەیانكوشت و نایان شاردەوە, ئێستا دەیانەوێت وەك ( ماو وجه ) بەهانە بۆ گەڕانەوەیان بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە تارمایی هەڵوێستەكان پێشویان رزگاریان بێت , وایدەربخەن بەوەی گەڕاونەتەوە ژیانمان چاك بكەن,موژدە گەورەكەمان لە هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە بدەنێ , وەك نیشان بدەن, بێ ئەوان ژیان تاڵە بێت, وەلێ كاتێك لە گەڵ ستافی حكومەت كۆبونەوە , سەریان دای لە دیوارە ئاسنینەكە, لە خەونە 100 كاتژمێرییەكەیان بێدار بونەوە, ئاخر ئەگەر حكومەت تەنها بۆ رازیكردنی ئەوان پاشەكەوتی موچە هەڵگرێت, بەرەو روی ئەو پرسیارە دەبێتەوە, ئەدی بۆ سەپاندتان؟, بۆ زووتر هەڵتان نەگرت؟ ئەو پارانە چییان لێ هات؟, كۆی داهات و خەرجی مانگانەتان چەندە؟.پێویستە پەرلەمانتاران سەرەتا كۆی داهاتی حكومەت و خەرجیەكانی حكومەتیان وەك خۆی بزانیایە, ئەوجا مژدە خۆشەكەیان پێمان بدایە, ژمارەی سەر كاغەزەكامان دەوێت نەك سەر شاشەكان.من پێشنیارێك دەخەمە بەردەست پەرلەمانتاران , ئەویش ئەوەیە هەوڵ بدەن , موچەی ئەوانە چاك بكرێت كە بڕەكەی كەمە و سەرچاوەی داهاتی دییان نییە و كرێنشینن, ئەوە گەورەترین خزمەتە بیكەن ئەگەر پێیان بكرێت, داوا بكەن دادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و ساماندا هەبێت , دامەزرندن بۆ ئەوكەسانە بێت سەرچاوەی داهاتی دییان نییە, واز لە دانەوەی قەرزی پاشەكەوتی موچە و ئەو داواكاریانەی خەڵك تاقەتی گوێگرتنیانی نەماوە بێنن, دەسا دەزانین پێ بە پێی بەرز بونەوەی هەڵئاوسان دەبوایە موچەكانیش نەك 75%ی ببڕدرایە, دەبوایا ساڵانە زیادیشی بكردبایا, مەرج نییە هەموو شت لەوانەوە فێر بین وەك ئیدعای دەكەن, مادام دەژێین ئەوانیش نەبن شت فێرە بین, وەلێ كارەسات ئەوەیە ئەوان لەوەندەی دەزانن زیاتر فێر نەبن !!!!.