Skip to Content

ئەرکەکانی زمان لەڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیدا.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ئەرکەکانی زمان لەڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیدا.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2022 General, Literature

بەرایی

زمان وەک خۆی، کە لە وشە و ئاماژە پێک دێت و بەشێوازی دەربڕین و بونیادییەکەی جا بە قسەکردن بێت یان بە نووسین یان بە هێما، میتۆدی بنەڕەتی سیستەمی کۆمینیکەیشنی ئینسانەکانە. جگە لەهۆکاری تێگەیشتن و زانیاری گۆڕینەوە، دەروازەیەکیشە بۆ گوزارشتکردن لە ناخ و دڵ و بیر و باوەڕ. زمان جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەگەڵ سەرخانی کۆمەڵگە و بەرهەمی سەرتاپای مێژووی کۆمەڵگە و هەروەها بەرهەمی چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو بەرهەمی سەرتاپای کۆمەڵگەیە، بەرهەمی هەموو چینەکانە کە بە هەوڵ و کۆششی سەدان نەوە هاتۆتە بوون(١)زمان دەتوانێت ئاراستە ببەخشێتە کایەکانی پەروەدرە و فێرکردن و ئەدەب و ڕۆشنبیریی. لەوێشەوە بەهۆی بیر و ئایدیۆلۆژیا جیاجیاکانەوە ئاراستەکردنی تەواوی کۆمەڵگە ڕووەو داهاتوو ڕێنوێنی بکات. ئەوەی زمانیش ئاراستە دەکات بریتییە لە هۆش و تێگەیشتن لە ئاریشەکانی ژیان و کۆمەڵگە. ئەگەر زمان لە کۆمەڵگە دەربکێشیت، لەوانەیە ئیتر ژیان شێوازێکی تر وەربگرێت. واتە زمان کۆدی بەرزی ژیانی ئینسانە لەم سەردەمە پڕ لە کێشمەکێشەدا. شوناسی زمان و ئەرکەکانی لە کۆمەڵگەی هاوچەرخی ئەمڕۆ، سنوورەکانی نەتەوە و ئایین و کلتوور و فەرهەنگ تێدەپەڕێنیت و دەتوانێت وەک ئامڕازێکی یونیڤێرساڵ بجەنگێت. زمان هەروەک ئاماژە ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینێت لە کار و پرۆسەی کاردا. ئەمڕۆ زمانی کۆمیونیکەشن خەریکە تەواوی بازاڕی ڕیکلام و پرۆسەی بەرهەمهێنانی بازرگانی دەخاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە. لەم نێوەشدا زمان نەک لە ئەرکە سروشتییەکەی خۆی دوورخراوەتەوە، بەڵکو لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری چاوچنۆکەوە دووچاری ستەم بۆتەوە. هەرچەند ئەم پرسە فرە ڕەهەند و فرە ئاراستەیە و پەلوپۆ دەهاوێت بۆ زۆر قوژبن و کەلێن، کە ئاوڕلێدانەوەی لەتوانای ئەم کورتە وتارەی مندا نییە. بەڵام ئەوەی من دەمەوێت فۆکسی لەسەر بکەم ئەرکی بونیادی زمانە لە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیدا.

بونیادی نووسین و کارگەریی زمان

ڕەخنەگری بەناوبانگی مارکسیستی بلیخانۆڤ پێی وایە کە زمانی دەقی ئەدەبی و شێوازەکەی و پێکهاتەکەی و شێوە ئیستاتیکییەکەی، ناوەڕۆکی دەقەکە دیارییان دەکات، واتە بەو تێڕوانینەی کە نووسەر بۆ واقیع دەستەبەری دەکات، بەو ئەزموونەی کە هەیەتی و بەو ئایدیۆلۆژیایەی کە گوزارشتی لێوە دەکات. (٢) ئەمەش واتا زمانی دەق ناکەوێتە دەرەوەی پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان شێوە و ناوەڕۆکەوە. ناوەڕۆکی دەقی ئەدەبی لەلێکدانەوە و شڕۆڤەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ڕۆڵی دزاینکەر دەبێنێت، بەوشەیەکی تر جێوڕێی نووسەر لە ململانێێ خەباتی چینایەتی و هەروەها ئینتمای نووسەر بۆ ئەو ململانێیە دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت لە دیاریکردنی زمانی نووسین. کاتێک باس لە زمانی نووسینی دەقی ئەدەبی دەکەین، واتا ئێمە قسە لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵایەتی نووسین دەکەین. ئەم ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەش ئایدێندتی خۆی لە ئینتمای نووسەر بۆ خەباتی چینایەتییەوە وەردەگرێت. واتا بەوپێیەی کە زمان ئامڕازێکی گوزارشتی هەست و تێڕوانینە چینایەتییەکانە، بەو ئەندازەیەش ئەرکێکی سۆسیۆلۆژیانە لەئەستۆ دەگرێت لەدیاریکردنی شوناسی دەق و جێوڕێی نووسەر و ئەدیب لە خەباتی چینایەتی. لێرەدا نموونەیەک دەهێنمەوە: وەکچۆن باسکردنی پایز و سەفەر و ئێوارە و کۆڵان هیچ شیعرنووسێک ناکات بە شاعیر، ئەگەر خەیاڵ و زمانی نووسەر نەتوانێت شیعرییەت لەوشەکان بەرجەستە بکاتەوە، ئاواش بەکاربردنی وشەگەلی وەکوو زەحمەتکێش و کرێکار و ئایار و سەرمایەدار ناتوانێت بیکات بە شاعیری کرێکاریی بێ ئینتمای شاعیر بۆ خەباتی چینایەتی و پەیوەستبوون بە ململانێی نێوان کار و سەرمایە. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لەناسینەوەی چینەکان و ململانێیە کۆمەڵایەتییە – چینایەتییەکاندا پێویستە باڵادەستی خۆی بنوێنێت. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی بۆرژوازی کە زمانێکی بەناوەڕۆک کۆنەپەرستانەیە ئیشی پاراستنی بەرژەوەندی چینایەتی سەرمایەدارانە بۆیە زمانناسان و زانایانی بۆرژوازی دڵنیایی دەدەن بەوەی کە بیردۆزەکانیان و نووسینە زمانەوانییەکانیان هیچ مەترسییەکیان نە بۆ خوا و نە بۆ سەرمایەداری نییە. هەرچی زمانی شۆڕشگێرانەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە بەپێچەوانەوە ئیش لەسەر بەتاڵکردنەوەی سیحری بەها بۆرژوازییەکانی نێو دەق دەکات و هەوڵ دەدات خوێنەر لەو وەهمانە دەرباز بکات. ئەگەر لەزمانی ڕەخنەدا هەمیشە دەستێکی نادیار وەسفی خۆی بکات، ئەوا لەزمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیدا دەستە نادیارەکە بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی پرۆلیتاریایە دژ بە سەرمایەداران.
لەلایەکی تریشەوە کاریگەری زمان لەسەر خوێنەر و هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە لەسەر پانتایی زەین و بیرکردنەوەی ئینسانەکانی کۆمەڵگە بەئاسانی هەست پێدەکرێت، بەتایبەتی ئەوکاتەی زمان دەبێتە بەشێکی دانەپچراو لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و بازرگانی. ئەم پرۆسەیەش لەم سەردەمی جیهانگیرییە و گەشە خێرایەی تەکنەلۆجیا چەند بەرابەر بۆتەوە و سنوورەکانی زمانی لۆکاڵی و جیهانی کاڵ کردۆتەوە. زمان تواناکانی ئێمە لەسەر تێگەیشتنی جیهان و بیرکردنەوە لە جیهان سنووردار ناکات، بەڵکوو هۆش و بیرکردنەوەمان لەسەر لایەنە دیاریکراوەکانی جیهان چر دەکاتەوە. چەندین نموونە هەیە دەربارەی چۆنیەتی کارگەری زمان لەسەر هۆشمەندی.(٣) چونکە هەر زمانێک نەک هەر بە تەنها زمانی ئینگلیزی، بەڵکوو تەنانەت زمانی کوردیش کە زمانێکی لۆکاڵە و پێشکەوتوو نییە، ڕەنگدانەوەی بەهاکان و ئەوتێڕوانینەیە کە ئێمەی کوردزمان بڕوامان پێیەتی.
.

ئەرکەکانی زمان لە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی
زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی، زمانی جنێو و تەشهیر و سووکایەتی پێکردن نییە و لەهەمان کاتیشدا زمانی ستایش و پیاهەڵدان و نازکێشانی نووسەران و ئەدیبان نییە. بەڵکو زمانێکە ئیش لەسەر دۆزینەوەی کۆدەکانی دەق دەکات لەپەیوەند بەجیهانە بەرفراوانەکەی ململانێی چینایەتی و ئاریشە ئیستاتیکییەکان. ئیش لەسەر کەشفکردن و نیشاندانی ئاماژە چینایەتییەکانی نێو دەق دەکات. ئەو ڕایەڵە هەستییانە دەبینێتەوە و نیشان دەدا کە دەقێک نادیارانە و ناڕاستەوخۆیانە لەخۆیدا بەرجەستەی کردوونەتەوە و ڕەگیان بەنێو ڕستە و پەرەگرافەکاندا ڕۆچووەتە خوارێ .
ئەم زمانە زمانێکی تێکچڕژاو و ئاڵۆز و ناڕوون نییە، بەڵکو بەوپەڕی سادە و تووندتۆڵ و تۆکمەییەوە پشت بەستوو بەو باوەڕەی کە دەبێت بۆ خوێنەرانی کرێکار (کرێکارێکی هۆشیار) بنووسرێت. بابەتی خۆی بۆ ئارگیومێنت دەخاتە بەر دیدەی خوێنەرانی. زمانێکە دوور لە درێژدادڕی و بگرەوبەردەی بێسوود و بێبەها، دەقی ئەدەبی دەخوێنێتەوە و ئەوەی پێویست بێت لەبارەیەوە نیشانی دەدات. بێڕتووش و بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ پرەنسیپێکی ڕەخنەیی تەقلیدی بۆرژوازی، ئەرکەکانی خۆی ، ئەرکە ئیستاتیکییەکانی خۆی ڕایی دەکات.
زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی هەڵگری کۆمەڵی کۆد و ئاماژە و ئاماژە پێدراوە کە لە کۆی خۆیدا میتۆدێکی زانستی لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەیە و لە دووتوێی دەقی ئەدەبیدا وەک پشکنەری کارەبا، پشکنین بۆ تەزووی هەستە چینایەتییەکانی یەکە بە یەکەی وشەکانی نێو دەقە ئەدەبییەکە دەکات و هەڵیان دەسەنگێنی و دۆخی چینایەتی و ئیستاتیکیییەکانیان دەستنیشان دەکات.
ئەرکێکی تری زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی خۆپاڵاوتنە لە وشە و گوزارشت و فرەیزە فیئوداڵی و بۆرژوازییەکان و بەکاربردن و جێخستنی ئەو وشە و گوزارشتانەیە لە ئەدەب. لەهەمان کاتیشدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ لە ڕەخنە لە ناواخنی زمان و دەربڕینە فیئوداڵی و بۆرژوازییەکان کەپڕە لە وشەگەلی لێوڕێژ لە سووکایەتی و بێحورمەتی بە ئینسان و زیندەوەرانی تر. ڕەخنەگرتن لە شوبهاندنی ئینسان بە سەگ و کەر و چەقەڵ و ڕێوی و گورگ و نێونانی مرۆڤ بە ناو و ناتۆرەی کۆمەڵایەتی ناپەسند و لکاندنی سیفەتی بێمانا بە مرۆڤەکانەوە تا دەگات بەوەی لە دەربڕینەکاندا ئینسان زەلیلی زمان دەکەن. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەبێت بکەوێتە ئەودیو سنوورەکانی سووکایەتی و ئەم سووکایەتییەش لەهەر دەقێکی ئەدەبیدا بوونی هەبێت بکوتێتەوە، بەمەش زمانی خۆی لە خڵتە چینایەتییەکانی بۆرژوازی پاک دەکاتەوە و بە وشەگەلی پڕ لە هەستی ئینسانیی وەک پێدانی ئۆکسجین بە کەسێکی نیمچەخنکاو جوان دەگەشێتەوە و باڵا دەکات.
زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی زمانێکە نامۆ نییە بە زمانی دەق و تەنانەت بە زمانی نووسینی وتاری سیاسی و تەحریزی. ئەم زمانە پشت بە ئەو ‌هاوکێشە ئیستاتیکییانە دەبەستێت کە ڕەخنەگر وەک مەبنای ئیش لەسەر کردن دێتە ئەژمار. ڕەخنەگری ئەدەبی مارکسیستی دەبێت خاوەن زمانێک بێت لە نووسین، توانای قەناعەت پێکردنی خوێنەری لەئاستێکی بەرزدا بێت. زمانێک توانای شیتەڵکردن و ئینجا لێکگرێدانەوەی هاوکێشەکانی نێو دەقی ئەدەبی هەبێت بەو ئاراستەیەی کە خزمەت بە بزووتنەوەی ئەدەبی مارکسیستی بکات. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەچەندین ڕایەڵە بە زمانی سیاسەت و نووسینی وتاری سیاسی نییە. بەوپێیەی کە ئەدەب وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەرهەمی پێویستی ململانێی نێوان چینەکانی کۆمەڵگەیە، ئەو زمانە خۆی لەقەرەی گەلێ مەسەلە و ئاریشە و بابەت دەکات کە سیاسین. بەواتایەکی تر لەجیهانی واقیعدا سنوورێک بوونی نییە لەنێوان زمانی ئەدەبی و زمانی سیاسی. ئەم دوو زمانە لێکهەڵپێکراون و لەزۆربەی قۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵگە وەک یەک زمان دەردەکەون. هەر بۆیەشە گەلێ سیاسەتمەدار هەیە ئەدیبن و گەلێ ئەدیب هەن سیاسەتیش دەکەن و وتاری سیاسیش دەنووسن.
وەکچۆن ناوەڕۆکی دەقی ئەدەبی لەگۆشەنیگای هەڵسەنگاندنی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییەوە گرنگە و گرنگترین شوێنی نەشتەرگەری ڕەخنەیە، ئاواش فۆرمی ئەدەبی کە زمان خۆی بەشێکە لەو فۆرمە، شوێنی ئیشی ڕەخنەیە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ئەرکییەتی زمانی دەق و نووسین بەردەوام لە بەردەم شیتەڵکردندا دابنێت و بایەخی زۆر جیدیی پێبدات. ئەوکاتیش ئەرکی ڕەخنەگری مارکسیست لەوانەیە زۆر ئاڵۆزتر بێت کاتێ لە هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکەوە بەرەو هەڵسەنگاندنی شێوە وەردەچەرخێ.(٤) چونکە پانتایی ئیشکردنەکەی ڕەخنە دەگۆڕێت.

ڕۆڵی کلتوور لە ئاراستەکردنی زماندا

زمان و کلتوور لە کارلێکەری بەردەوامدان لەگەڵ یەکتر. کلتوور زمان بەڕێڕەوێکدا دەبات کە بەپێی پێویستی گەشەی خۆی لەقالبی دەدات. بۆیە گوزارشتە زمانەوانییەکان، فرەیزەکان و تەنانەت وشەکانیش گوزارشتن لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری وسیاسی دیاریکراو. گومانی تێدا نییە کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەکان پەیوەستن بە کلتووری کۆمەڵایەتی و ئاستی ژیاریی ئەو کۆمەڵگەیە و هەروەها بە ململانێی نێوان کار و سەرمایە لەو کۆمەڵگەیەدا. بۆیە دەبینین کلتوور بەتۆخی کاریگەری هەیە بەسەر ژیان و نووسین و زماندا. هەر لەناونانی مرۆڤ و شتەکانەوە بگرە تا دەگاتە بڕوا هێنان بە وەهم و خورافە و ئەفسانە دروستکراوەکان. کاریگەری کلتوور لەسەر زمان یەک لایەنانەیە و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی دەبێت ئەو کاریگەرییە تاک لایەنییە ئاوەژوو بکاتەوە و بەزمانێ خۆی واتە بەزمانی ڕەخنەی مارکسیستی ئەو هەژموونی ئەو کاریگەرییە کاڵ بکاتەوە و تەنانەت هەڵیگێڕێتەوە و بتوانێت کلتوور بەرەو ئاراستەیەکی تر ببات. دیارە ئەم ئەرکە تەنها بە زمان جێبەجێ ناکرێت و گەلێ هۆکاری تر هەن کە ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لەم پرۆسەیەدا کە ڕەنگە باسکردنیان لەم کورتە نووسینەدا پێویست نەبێت. وەکچۆن لەنێو هەناوی زماندا بەتایبەتی لە نووسینی دەقی ئەدەبیدا لێکچواندن و میتافۆر و ..تاد هەن. ئاواش زمان ڕەنگڕێژە لە ئیدیۆم و پەندی پێشینان و قسەی نەستەق کە ئاوێنەی ڕووی کۆمەڵن بەباری چاک و خراپییەوە. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی زمانێکی کلتووری کۆنسەرڤەیتیڤ نییە، بەڵکو زمانێکە پشت بەستوو بە لەکەپوورێکی گەورە و فراوان لە وتزا و فرەیز، کە ڕۆڵی کلتوور دەنەخشێنن لە ئاراستەکردنی زماندا. زمانی دەربڕینی کلتوور ئینسانیی و دەستکەوتە زانستییەکان و گەشەی تەکەنەلۆجیا کەم تا زۆر ئاشنا و تەبان بە زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی. لە فەلسەفەی مارکسیزمدا، باڵادەستی فەرهەنگی باڵا دەستی چینی دەسەڵاتدارە بەسەر کۆمەڵگەوە، باڵادەستییە بەسەر بیروباوەڕ و لێکدانەوەکان و بۆچوونەکان و بەها و نەریتەکان.(٥) ئەم باڵادەستییە، هەیمەنەیە بەسەر کلتوور کەزمان ئاراستە دەکات. نابێت ئەوشمان لەبیر بچێت کە بەوپێیەی کۆمەڵگە چینایەتییە و چینە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ململانێدان، بەوجۆرەش زمان لە پرۆسەی پاراستنی بەرژەوەندییەکان بەشدارە و تەنانەت زمانیش هەرچەندە زمانی سەرجەم کۆمەڵگەیە، بەڵام بەرژەوەندی چینایەتی چینە کۆمەڵایەتییەکانی پێ دەناسرێتەوە. زمانێک کە گوزارشت لە خەبات و تێکۆشانی کرێکاران دەکات لە کۆمەڵێ دەبڕیندا جیاوازترە لە دەربڕینی زمانێک کە بەرگری لە بەرژەوەندی بۆرژوازی دەکات. چونکە تەمەنی زمان بەقەد تەمەنی هۆشیارییە. زمان وەکو هۆشیاری تەنها لەپێداویستییەوە دێتە ئاراوە. بەوپێیەی هۆشیاری هەر لە سەرەتاوە بەرهەمی کۆمەڵایەتییە(٦) زمانیش بەرهەمی ئاتکی کۆمەڵایەتی ئینسانەکانە لە کۆمەڵگە. جگە لە ئەمانەش زمان گرنگترین هۆکاری پەیوەندی مرۆڤەکانە بەیەکترەوە. یەکێتیی زمان و شکڵگرتنی بەرەوپێشچوونی بێ هیچ بەربەستێک گرنگترین هۆکاری بازرگانی ئازادی ڕاستەقینە و بەرفراوانی گونجاوە بۆ سەرمایەداری نوێ، لەپێناو کۆکردنەوەی ئازادانە و بەرفراوانی خەڵک.(٧)ئەم پەیوەندییەی نێوان زمان و کلتوور، زمان و ئەفسانە، زمان و کەلەپوور، زمان و فەرهەنگ درێژ دەبێتەوە تا زمان و سیاسەت بەسەر یەک راستەڕێ دەبنە شوێنی کاری ڕەخنە و لێکۆڵینەوە ئەدەبی و سۆسیۆلۆژییەکان.

ئەنجام
زمان وەک ئامڕازێکی کۆمیونیکەیشنی نێوان ئینسانەکان لە کۆمەڵگە، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە ڕووەو داهاتوو. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی جیاواز لە زمانی دەربڕینی ئاسایی و نووسین، دەتوانێت کاریگەری هەبێت بەسەر بزووتنەوەی ئەدەبی و کلتوورییەکان و وەڵامدانەوە بە ئاریشەکانی بەردەم گەشە و بەرەوپێشچوون. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی گوزارشتە لە ئاستی خەبات و تێکۆشانی چینایەتی و گەشەی کۆمەڵگە، لەهەمان کاتیشدا دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ بگێڕێت لە بردنەپێشەوەی ئەو تێکۆشانە لەڕێگەی بەتاڵکردنەوەی سیحری بەها بۆرژوازییەکان. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی زمانی جنێو وناوناتۆرە و تۆمەتبەخشینەوە نییە، بەڵکو زمانی خوێندنەوەی دەق و دیاریکردنی ئاریشەکان و شیتەڵکردن و لێکگرێدانەوەی کۆدەکانی دقە. ئەم زمانە لەئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیدا ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات. زمانی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی زمانێک نییە لەئاسمانەوە دابەزیبێتە خوارەوە، بەڵکوو هەمان زمانی بەکارهاتووی ناو کۆمەڵگەیە بەڵام بە دەربڕینی جیاواز و بە بەرجەستەکردنەوەی بەرژەوەندی چینایەتی جیاوازەوە گوزارشت لە پەیوەندییەکانی نێوان ئینسانەکانی ئەم کۆمەڵگە چینایەتییە دەکات.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا نیوەی دووەمی ٢٠٢١

——————————————-

سەرچاوەکان

1-Marxsim and Problems of Linguistics J.V. Stalin
Published in the June 20, July 4, and August 2, 1950 issues of Pravda
Transcription/HTML Markup: M. and Charles Farrell
Online Version: Stalin Reference Archive (marxists.org) 2000
(٢)الفن و التصور المادي للتاریخ جورج بلیخانوف ترجمة جورج طرابیشي دار الطلیعة للطباعة و النشر بیروت لبنان الطبعة الاولی ١٩٧٧ ص ٤١.
3- More than words: how language affects the way we think by Marielle Zagada
https://www.gofluent.com/blog/how-language-affects-the-way-we-think
(٤)ئەناتۆلی ڤاسیلیڤیچ لۆناشارسکی دەربارەی ئەدەب و هونەری پێشکەوتووخواز، چەند تێزێک دەربارەی گرفتەکانی ڕەخنەی مارکسیستی. بۆزانیاری زیاتر بڕوانە:
Thesese on the Problems of Marxist Criticism
A.V. Lunacharsky 1928
https://www.marxists.org/archive/lunachar/1928/criticism.htm

5-https://en.wikipedia.org/wiki/Marxist_cultural_analysis

6-studies in language and Capitalism
Marnie Holborow
University of Dublin page 5

7-V. I. Lenin, “The Right of Nations to Self-Determination ” Selected Works in Two Volumes, Eng. ed., Moscow, 1952, Vol. I, Part 2 pp. 318-19.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish