Skip to Content

عیشق.. شیعری هاوکار حەمزە

عیشق.. شیعری هاوکار حەمزە

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 1, 2023 General, Poems

دڵداری بەدڵ ئەکرێت
حەزو خۆش ویستنی چێژەکانیش
بەجەستە..
بەڵام عەشق بەڕۆح ئەکرێت..
دڵداران گەر دووریش بن لەیەک
دڵداری خۆیان هەرئەکەن
هەرزەکاران دڵیان بۆیەکتری
باڵ ئەگرێ..
ئەوان بە تاقە نامەیەک
یاخود بە تیلە نیگایەک
بەیەک ئەگەن..
خۆشەویستیش حەزی
تامکردنی چێژەکانە
تەنها بە تەماسی جەستە ئەکرێت
بەڵام عەشق باڵاترە
کاری نە بەدڵەو نە بەچێژەو
نە بەجەستە
عەشق سەمای ڕۆحە وێڵەکانە
عەشق سەمای ڕۆحە لێکچووەکانە
عەشق توانەوەی جەستەکانە
لەڕۆحی یەکتریدا..
گەر دیقەت بەن
دڵداری دڵ دێنێتە لەرزە
جەستەش بە چێژ دێتە لەرزە
بەڵام عەشق ڕۆح دێنێتە لەرزە
ڕۆژێک دادێ دڵەکان
لەلێدان ئەکەون
ڕۆژێک دادێ چێژەکان
دادەمرکێنەوەو
جەستەکانیش دادەڕزێن
ئەوسا تەنیا ڕۆح ئەمێنێ
تەنیا ڕۆحە کەئەتوانێ
باز بەسەر چێژەکانا بدات
شوێن و زەمان تێپەڕێنێ
ڕۆح ئەتوانێ شەیدای
ڕۆحێکی دێرین بێت
لەمەملەکەتێکی دێرینا
تۆ کاتێ بەعەشقەوە
لەمۆنالیزا ئەڕوانی
ئەوە ڕۆحی تۆیە بەزەمەنا
گوزەر ئەکات
سنورەکان ئەبەزێنێ
تاسڵاو لەڕۆحی داڤینشی کات
یان کاتێک ئەتەوێت
لەشەوانی پڕ ئەستێرەیا
دەست لەگوڵەبەڕۆژەو
کێڵگە زەردو شینەکانی
ڤان کوخ بدەیت
ئەوە ڕۆحی تۆیە بار ئەکات و
ئەیەوێت دەست بخاتە سەر زامی
گوێچکە بڕاوەکەی ڤان کوخ
تا بتوانێت ساڕێژی کات
تۆ کاتێ بەعەشقەوە
لەدەریاکەی شەمس و ڕۆمی
یەک دوو دڵۆپ شەرابی ڕۆح
لەدەستی ئەلیف شەفەق
لەپێکێکا ئەخۆیتەوە
ئەوە ڕۆحی تۆیە سەفەر ئەکا
ئیزن لەکەس وەرناگرێت
تا لەو دەریای عەشقەدا
چل مرواری بچنێتەوە..
ڕۆح کەداگیرسا دائەگیرسێ
ئەو تاساتی کڵپەسەندن
تائەو خاڵە شڵۆقە
لای مەعشوقە بارمتەیە
دووای ئەو خاڵە
گەر لای مەعشوقە مایەوە
یاخود نا
ئەو ئیتر ڕۆحێکی ڕەهایە
داگیرساوەو سەرمەستانە
بیر لە ژیان بیر لەمرۆڤ
بیر لە سروشت ئەکاتەوە
وانەزانن من بووم
بەدەروێش و سۆفی
کاتێ باسی عەشق و ڕۆح و
هاوشێوەکانی ڕۆح ئەکەم
لای من ئەم لێکچونە چ نیە
جگە لە چەند خاڵێکی هاوبەش
لەخەیاڵ و لەتێڕوانین
لەشێوازی بیرکردنەوەو دنیابینین..
یان چەند تەوەرێکی هاوبەش
لەمەعریفە و لەئەدەب و لەهونەرا
ئەو لێکچونە هیچ نیە جگە
لە چەند جوانیەکی هاوبەش
لە ئەدەب و لەگوفتارا
لە کردار و لەئاکارا..
ئەم خاڵە هاوبەشانە
لەهەر کوێ بن
لای هەرکەس بن
تان و پۆیان
وەک بیرکاری وایە
لەیەک ئەچن
هێڵی جیاکەرەوەی ئەوان
وەک ئاوێنە وایە
عەکسی خۆیانی تیائەبینن
وێنە هەڵگەڕاوەکەی خۆیان
ئەمەش نەهەڵەیەو نەگوناهە
خۆ ئاوێنە هەڵە ناکات
یاسای ئاوێنە ئەوەیە
کە سنوورە بۆت نیە تێیپەڕێنی
بۆت نیە بچیتە ناوی
تادەست لەخودی خۆت بدەیت
وەک هێڵی دەرکەنار وایە..
کەنارێکی پاک و پیرۆز
بۆت نیە پیاسەی تیابکەی
وەک پەرستگایەک وایە
بۆت نیە سوژدەی بۆ بەری..
نەبا ئەویش هۆگرت بێ
دەنا وێنەکەی تەڵخ ئەبێ
سوپاس بۆ پاکیی ئاوێنە
کە پاکیی ئێمە ڕادەگرێ..
25 sep 2022

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish