نامرین … کاروان پەرۆش
پێشکەش بەڕۆحی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتمان
ـ ئاگرماندەن، بمانسوتێنن، یەک بەیەک لەپەتماندەن
بمانکوژن، بەر ساروخی دوور هاووێژ و تۆپمان بدەن
ــ لێمان بدەن، جەرگ و دڵمان بەناپاڵم هەڵقرچێنن
ڕامەوەستن تا خوا حەزکات دەماری خوێنمان بچڕێنن
ــ هەتا خوێنمان فیچقە ئەکات دەست هەڵمەگرن سەرمانبڕن
سینەی گەرمی لاوەکانمان وەک سینەی حەمزە هەڵدڕن
ــ شەقمان بکەن، وەک وەحشی برسی بەکاڵی دڵمان بخۆن
تا تێر ئەبن قەپاڵ بگرن، قوم قوم خوێنی ئاڵمان بخۆن
ــ هەرچی لوتکەی بەرزی چیاو شاخمان هەیە بیگرنەوە
چی داربەڕووی بەرزی کەژ و کێومان هەیە بیبڕنەوە
ــ هەرچی خانو ماڵی کوردە بەسەرماندا بیڕوخێنن
زامی کۆنی چەن ساڵەمان دیسانەوە بەئێش بێنن
ــ تینومانکەن، ڕوبار و کانی و جۆگەمان ووشک بکەن
برسیمانکەن، خوێنمان تێکەڵ بە فرمێسک و ئەشک بکەن
ــ هەرچیتان لەدەست یەت بیکەن سڵ لەخودا مەکەنەوە
هەرچی زوڵم و تاوان هەیە لەگەڵ کوردا بیکەنەوە
ــ چی باروت و کیمیاییە تاقیبکەنەوە لەسەرمان
کراسی خوێناوی مێژوو بێننەوە بیخەنە بەرمان
ــ هەرچی سەنگەر و قەڵایە لەکوردستاندا نەمێنن
هەرناتوانن ئاڵا شەکاوەکەی دەستمان دانەوێنن
ــ گەر هەموو دنیاش بەجارێ یەکبێ و لەدژمان ڕێبکەوێ
کوردین و تا دواهەناسە سەربەخۆیی کوردمان دەوێ
۹ی ئەیلول۲۰۱٨