کورتەچیرۆک: تەڕەخەون.. نووسینی: ئامانج شێروانی
لە کونجی ژوورە تاریکەکەوە، لەتەنیشت دایکە ماندووەکەی پاڵ کەوتبوو. ئەوە سێ چوار شەوە خەو بە چاوانیدا گوزەر ناکات! لەوەتەی هاوەڵەکەی بە تەقینەوەی ئەو قەمەرەیە، لەپێش چاوەکانی خۆی هەلا هەلا بووە، ئەم بەستەزمانە نە بە شەوان خەوی هەیە، نە بە ڕۆژان. لەم ڕۆژەوە، هەر قەمەرەیەک، هەر تەنێکی نامۆ، ترسێکە، مۆتەکەیەکە، هەترەش چوونێکە!
خۆ هەر نەیدەوێرا چاوانی خۆی پێوەبدات. هەر کە خەو خۆی دەگەیاندە بەر چاوانی، شەقێک، نوقرچێک، گازێکی لە خۆی دەگرت. ئاخر چۆن بخەوێت، هەر دوێنێ ئێوارە، کە لە فێرگەکە دەگەڕایەوە، سەرنجی دابوو قەمەرەیەک لەبەردەم دەرگایان ڕایگرتبوو! چۆن ئارام ببێت، ڕەنگە ئەم قەمەرەیەش وەک ئەوەی ئەم ڕۆژە، ئێستا نا ئێستا گرمە بکات و بتەقێتەوە.
لەوەتەی ئەم داعشانە هاتوونەتەوە ئەم ناوە و سەنگەریان لە دەوروبەری شاردا لێداوە، هەر قەمەرەیە و دەتەقێتەوە، هەر تەنەکەیە و گرمەی دێت و بە ئاسمانان دەکەوێت. ڕۆژ نییە منداڵێک، بەستەزمانێک، ڕێبوارێک لە خوتوخۆڕایی هەپڕوون بە هەپڕوون نەبێت.
دەم نا دەمێک سەری لەژێر لێفەکە دەردەهێنا، تا دڵنیا ببێتەوە کە دایکی هێشتا لەپاڵیەتی و ژوورەکەی بەجێ نەهێشتووە، یەکە بە یەکە هەناسەکانی خۆی دەژمارد و وەکوو دێوانە چاولەڕێی یەکەم پڕشنگی هەتاو بوو. ئای بۆ ئەو کاتەی خۆر بە تاقی ئاسمانەوەیە و ئەمیش لەم بەندییەی ڕزگاری دەبێت، بەندیی دەستی ترسی خۆیەتی، بەندیی دڵەڕاوکێیی و مۆتەکەکانییەتی.
خۆ ئەم سەرماوسۆڵە، ئەم زستانە شوومە، ئەوەندەی تر بارەکەی خراپ کردووە! هەر چرکەیەک تێدەپەڕێت، ئەوەندەی تر تەنگاو دەبێت، دوو هێندەی تریش میزڵدانی پڕ دەبێت! بەڵام چۆن خۆی بگەیەنێتە ئاودەستەکە، لە بەدبەختیان، ئاودەستەکە لە حەسارەکەی پێشەوەیە، ڕێک لەپێش ئەو دیوارەی کە قەمەرە شوومەکەی لەپشت ڕاوەستاوە.
بریا هەر ئەو قەمەرە بووایە، ئاودەستەکە پەنجا و سێ هەنگاوی ڕێک لە ژووری نووستنەکەیەوە دوورە، هیچ گومانی نییە، دوێنێ چوار جاران هەنگاوەکانی خۆی ژماردبوو، ئاخر چۆن بەم تاریکییە ئەو پەنجا و سێ هەنگاوە بنێت! هەر یەکێک لە ئەستێرەکان، دەکرێت ساچمەی تەقینەوەیەک، سووتماکی تۆپ و هاوەنێک بێت! ڕەنگە پردی سیڕاتیش ئاوا تژی نەبێت بە مەرگ!
جریوەی چۆلەکەکەی نێو کاتژمێرەکە سەرنجی ئەوی بۆ لای خۆی ڕاکێشا! یەک، دوو، سێ جاران جریواندی! سێ جاران! دەبێت کات سێی شەو بێت! هێشتا دوو کاژێر و بیست و حەوت خولەکی تر ماوە بۆ یەکەم پڕشنگ، هێشتا دوو کاژێر و بیست و حەوت خولەک ماوە تا دووبارە خۆر بە ڕووزەردی هەڵبێت و بکەوێتە کێوان! ئای بۆ ئەو کاتەی خۆر هەڵدەهات، ئای بۆ ئەو کاتەی ئەم دێوەزمەیەی ئەم شەوەش ڕەت دەبێت!
هەر شەوێکی مردنێکە، هەر خشپەیەک سێدارەیەک! ئای ئەگەر ئەمجارەش خۆری لێ هەڵدەهات، یەکپێ بەرەو ئاودەستەکە بازی دەدا و میزڵدانی خۆی خاڵیی دەکردەوە! ئێ بۆ، بۆ دەبێت هەموو شەوان، بە هەمان شێوە، بە هەمان ترس و لەرزەوە، تامەزرۆی بەیانی بێت!؟ ئای شەو، ئای تاریکی چەندە ترسناکی، چەندە قێزەونی!
چاوانی ماندوو ببوون، تا دەهات خەو زیاتری بۆ دەهێنا. هەر چەندی بەرگریی بکردبووایە، بێهوودە بوو، ئیتر توانای نەمابوو بەرگە بگرێت، خەو تا دەهات بە سەریدا زاڵتر دەبوو. بەر چاوانی بەرەبەرە تاریکتر دەبوو، ئاسمانیش وەنەوشەییتر. خۆی لەنێو ڕووبارێک دۆزییەوە، دایکی لەپشتەوە هاواری دەکرد: «کوڕم، دەوەرەوە، لەم ڕووبارە وەرە دەرەوە، با نانەکە بخۆین!»
لە تاو ئازاری قونجیلکەی دایکی ئاگا بووەوە و لەخەو هەستا! دایکی سەیرێکی کرد و بەتووڕەییەکەوە گوتی: «توخوا کوڕەکەم لەوەی گەورتر دەبیت؟ دیسان ئەم کوندە میزە چییە کردووتە!»
