حوکمڕانی پارتیی و یەکێتی ئەندازیاری شکستخواردووی سەرکوتکاری!.. رێبوار ياسين فەتاح
نهێنى مووچەى مانگەکانى ١١و ١٢ى(ساڵى ٢٠٢٥)
مووچەی مانگەکانی (١١ و ١٢) خراوەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێم و پێویستە لە پارەی فرۆشراوی نەوت بیدات!
وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەموو ئەو نەوتەی لە ( ٢٣/ ٣ / ٢٠٢٣ تا ٢٧/ ٩/ ٢٠٢٥)
هەرێمی کوردستان بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتوویەتی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان ئەژمار کردووە، بەهۆیەوە بڕی نزیکەی (١٠ ترلیۆن) دیناری لەسەر هەرێمی کوردستان ئەژمار کردووە کە بەشی زیاتر لە مووچەی (١٠ مانگ) دەکات!
کابینەی نۆیەمی حکومەتی ماوە بەسەرچوو لە ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت بە بۆری تا ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ، بۆ ماوەی (٣٠ مانگ) هەموو ڕۆژێک نزیکەی (٣٢٠ هەزار) بەرمیل نەوتی بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتووە کە نزیکەی (٢٨٨ ملیۆن) بەرمیلە، داهاتەکەشی نەدراوەتە وازارەتی دارایی هەرێم و نەشدراوەتە بەغدا، بۆیە بەغداش ئەو نەوتەی هەموو بە نزیکەی (١٠ ترلیۆن) دینار لەسەر هەرێمی کوردستان خەمڵاندووەو لە بودجەو مووچەی هەرێمی کوردستان داشکاندووە!
بە پێی نووسراوی ژمارە (١٤٥٠٢) وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە (٢٨/ ٥/ ٢٠٢٥) کە لە ڕێگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ پێی وایە هیچ پارەیەک بۆ مووچەی کوردستان نەماوە، شەش مانگی ئەمساڵیش لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هەردوو حکومەت بۆ ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆو بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ نێردراوە، ئەگەرنا وەزارەتی دارایی فیدراڵ سورە لەسەر بۆچوونەکەی، ئەم بۆچوونەشیان پاڵپشتە بە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاوديری هەرێمی کوردستان و فیدراڵ!
بەداخەوە وەزارەتی دارایی هەرێم ئەم ڕاستیە بە خەڵک ناڵێت، لە کاتێکدا خودی وەزارەتی دارایی و خەزێنەی گشتی یەک دینار لە پارەی ئەو نەوتە فرۆشراوەی بە تەنکەرو پاڵاوگە بۆ نەگەڕاوەتەوە!
ئەگەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەتایبەت چوار وەزیرە کوردەکەی نوێنەری هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ پێیان وایە ئەمە ستەمەو بەغدا لە کوردستانی دەکات بۆچی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هیچیان نەوت؟ بۆچی ڕێگەچارەیەکیان نەخستەڕوو بۆ پابەندی بەغدا بە خەجکردنی ئەو دوو مووچەیە؟ بۆ داوای ڕێگە چارەیەکیان نەکرد بۆ نەفەوتانی ئەو دوو مووچەیەو دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک نۆ زامنکردنی خەرجکردنی لە (٢٠٢٦)؟
ئێستا بەرپرسیاری چارەنووسی ئەو دوو مووچەیە ڕوونە کە لای حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی دەسەڵاتە، ئەویش یان حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەیان لە پارەی فرۆشتنی سێ ساڵی ڕابردووی نەوت ئەو دوو مووچەیە بدات، یان فشار بکات بەغدا ڕێگەیەک بۆ خەرجکردنیان لە (٢٠٢٦) بدۆزێتەوە!
خەرجنەکردن و دواخستن و لێبرین و پاشەکەوتی مووچە، نەریتی نەگریسی یانزە ساڵەی هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی لایەنەکانی دەسەڵاتە، ستەمێکە بەردەوام لە خەڵکی کوردستان و مووچەخۆران دەکرێت!
ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پێنەدانی دوو مووچەی ئەمساڵ دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراقی، ئەی بۆچی خۆی مووچەی ٣٧٩٣٣ مامۆستای گرێبەستی پەروەردە و ٤١٠٠ مامۆستای گرێبەستی خوێندنی باڵا دابین ناکات لەکاتێکدا کە مووچەی ئەم مامۆستایانە لەسەر داهاتی ناوخۆیەو سەرجەم پارەکەی تەنها ٢٤ ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک کە پارەی چەند کاتژمێرێکە لەداهاتی ناوخۆ.
چۆن لە کابینەى نۆیەم، ڕێژەى هەژاریى و برسێتی زیادیکرد؟
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش لە کەناڵێکى تەلەفزیۆنیەوە باسي لە رێژەى هەژاریى کرد لە کوردستان، وتي ئەگەر نرخى کارەبا بەمجۆرە بەرز بکرێتەوە، کێ کارەبا بۆ (١٠٠,٠٠٠) خێزان دابین دەکات کە لە خوار هێڵى هەژارییەوەن؟ لە ڕاستیدا پاش پیاچوونەوە بە ژمارەکان، بۆم دەرکەوت ژمارەکە لەوە زیاترە باسي کردووە، بۆیە بە پێویستم زانى لەم وتارەدا بە وردى تیشک بخەمە سەر ڕێژەى هەژاریى لە کوردستان:
یەک/ ڕێژەى هەژاریى چەندە؟
بە پێى نوێترین ڕووپێوییە فەرمییەکانى هەژاریى، ڕێژەى هەژاریى لە ماوەى تەمەنى کابینەى نۆیەم بۆ (١٠%) بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵى (٢٠١٨) ڕیژەى هەژاریى لە کوردستان (٦%) بوو! واتە چوار پلە خەڵک زیاتر هاتووەتە نێو هێڵى هەژارییەوە!
بە پێى ڕووپێوییە فەرمییەکان کە وەزارەتەکانى پلاندانانى عێراق و هەرێمى کوردستان بە هاوکارى بانکى دەولى ئەنجامیانداوە، لە ساڵى (٢٠١٨)، ڕێژەى هەژاریى لە کوردستان تەنها (٦%) بووە کە دەکاتە (٣٤٦,٥٠٠) هاووڵاتى لە چوارچێوەى نزیکەى (٦٩,٣٠٠) خێزاندا، بە پێى ژمارەى دانیشتووانى ساڵى (٢٠١٨) کە (٥,٧٧٥,٠٤٣) کەس بووە.
بەڵام بە پێى تازەترین ڕووپێوی، پاش پێنج ساڵ لە تەمەنى کابینەى نۆیەم، رێژەى هەژاریى بەرزبووەتەوە بۆ (١٠%) کە دەکاتە (٦٣٧,٠٦٦) هاووڵاتى، لە چوارچێوەى (١٢٧,٤١٣) خێزاندا.
دوو/ هەژاریى چییە؟
دەرهێنانى ڕێژەى هەژاریى بابەتێکى پیشەیى زانستییە، پشت بە چەند پێوەرێک دەبەستێت، هەروەها پێویستى بە ڕووپێوى مەیدانى هەیە، بەڵام هەموو پێوەرەکان کۆکن لەسەر چەند پێوەرێک کە پەیوەندییان بە دۆخى کۆمەڵایەتى و ئابورى و پەروەردەیى و تەندروستیەوە هەیە، واتە بۆ ئەوەى هاووڵاتیەک لەسەروو هێڵى هەژارییەوە بێت، پێویستە لانیکەمى پێداویستى خواردن و شوێنى مانەوەى شایستەو دەستگەیشتن بە پەروەردەو تەندروستى هەبێت، تا بتوانێت لانیکەمى پێداویستیەکانى بۆ ژیانێکى ئاسایى بەدەست بهێنێت.
سێ/ چۆن هێڵى هەژاریى دەستنیشان دەکرێت؟
بە چەند ڕێگەیەکى جیا جیا هێڵى هەژاریى لە هەر وڵاتێکدا دیاریى دەکرێت، پاشان هەر تاک یان خێزانێک کەوتە خوار ئەو هێڵىەوە ئەوە بە هەژار ئەژمار دەکرێت، هێڵى هەژاریش دەکرێت لەسەر بنەماى داهاتى تاک یان خەرجى تاک دەستنیشان بکرێت بە ڕەچاوکردنى ناوەندى ئاستى بژێوى بۆ هەر تاک یان خێزانێک.
بە پێى ستانداردێک کە لەلایەن ڕێکخراوى هاریکاریى ئابورى و یەکێتى ئەوروپاوە پەیڕەو دەکرێت، هێڵى هەژاریى لەسەر بنەماى ئاستى داهاتى تاک دەستنیشان دەکرێت بە ڕێژەى (٦٠%) لە داهاتى خێزان.
بە پێى ڕوپێوییەکان، ئاستى هێڵى هەژاریى لە کوردستان بە (١٣٧,٠٠٠) دینار بۆ تاک دەستنیشانکراوە، واتە بۆ خێزانێکى پێنج کەسى (٦٨٥,٠٠٠) دینار، واتە هەر تاکێک لە (١٣٧ هەزار) دینار کەمتریى هەبێت و هەر خێزانێکى پێنج کەسى مانگانە داهاتەکەى کەمتر بێت لە (٦٨٥ هەزار) دینار، ئەوە دەکەونە خوار هێڵى هەژارییەوە، واتە ناتوانن لانى کەمى پێداویستیە بنەڕەتییەکانى ژیانیان دابین بکەن.
لە ڕاستیدا ئەمە ماناى ئەوە نییە کە هەر خێزانێک لەسەروو (٦٨٥ هەزار) دینارەوە داهاتى هەیە چ مووچە یان کارو کەسابەت، ئیتر ئەو خێزان خۆش دەژییى، نەخێر، بەڵکو پێداویستى ژیانێکى ئاسایى لە کوردستان لە ناوەندى شارەکان بریتیە لە (١,٢٥٠,٠٠٠) بۆ خێزانێکى پێنج کەسى، واتە هەر خێزانێک بیەوێت بە ژیانێکى ئاسایى بژى، پێویستە داهاتى خێزان لە (١,٢٥٠,٠٠٠) دینار زیاتر بێت، ئەگەرنا ناتوانێت پێداویستیە سەرەکییەکانى بە پێى پێوەرە کۆمەڵایەتى و ئابورییەکان دابین بکات، کە من پێم وایە تەنانەت ئەو خێزانانەى مووچەشیان هەیە ژمارەیەکى زۆریان ناگەنە ئەم ئاستە.
چوار/ هەژارەکان کێن؟
ئەگەرچى نیشانەیەکى تایبەت نییە بۆ ناسینەوەى بۆ پۆلێنکردنى خێزانى هەژار، بەڵام بە شێوەیەکى گشتى زۆرینەى هەژارەکان لە کوردستان بریتین لە (کەمئەندامان بەتایبەت ئەوانەى سەرۆک خێزانن، منداڵانى بێ سەرپەرشت و ئەو ئافرەتانەى هاوسەرەکانیان لەدەست داوە، بەساڵاچووان و پەککەوتەکان، نەخۆشانى درێژخایەن، کرێکارانى کارى ڕۆژانە، بێکارەکان، ئەو ئافرەتانەى هاوسەرەکانیان حکومدراون)، ناڵێن هەموو ئەمانە هەژارەکانن، بەڵکو زۆرینەى هەژارەکان لەناو ئەم پۆلێنە لە خەڵکن.
پێنج/ حکومەت چى بۆ هەژارەکان دەکات؟
تا ساڵى (٢٠١٥)، مانگانە بڕە پارەیەکى کەم (١٥٠ هەزار) دینار لە چوارچێوەى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى بەناوى (مووچەى چاودێرى خێزان) دەدرا بە خێزانە هەژارەکان، بەڵام لە ساڵى ٢٠١٦ ەوە بە پاساوى چاکسازى لە لیستەکانیان ئەو مووچەیە ڕاگیراو تا ئێستا ئەو هاوکارییە بچوکە بۆ هەژارەکان دەستى پێ نەکردووەتەوە، بۆیەوە ئەوەى جێگەى سەرنجەو بەداخەوە بۆ زۆرینەى کۆمەڵگە لێى بێئاگان ئەوەیە کە حکومە لە کوردستان هیچ شتێک بۆ هەژارەکان ناکات، تەنانەت بە یەک دیناریش هاوکارییان ناکات بە پێچەوانەى عێراق کە نزیکەى پێنج ملیۆن خێزان تۆمارن لە تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى و مانگانە لە نێوان (٢٠٠ تا ٤٠٠ هەزار) دینار هاوکاریى دارایى دەکرێن.
شەش/ بۆچى هەژاریى لە کابینەى نۆیەم زیادى کرد؟
ژمارەیەکى زۆر هۆکار بوونە هۆى بەرزبوونەوەى هەژاریى لە کوردستان، دەکرێت بەمجۆرە ئاماژەیان پێبدەین:
١ـ نەبوونى هیچ هاوکارییەک بۆ خەڵکى هەژار، نە دارایى بە کاش و نە هیچ جۆرە پێداویستیەکى ژیان.
٢ـ دواکەوتنى بەردەوامى مووچەو دابەش نەکردنى هێندێک مانگ لە ساڵێکدا.
٣ـ زیادکردنى باج و کرێى خزمەتگوزاریى (ڕسومات) لە زۆر بوار (وا ئێستەش دەیانەوێت کارەبا لەسەر هاووڵاتیان گران بکەن!).
حەوت/ چى بکرێت؟
لە ڕاستیدا ئەوەى وایکردووە کە نابینین خەڵک لەسەر شەقامەکان لە برسا بمرێت، تەنها چاکى و باشى کۆمەڵگەکەکەیە، کە خێرخوازان و چاکەکاران و دەیان گروپ و ڕێکخراو بەردەوام هاوکاریى بۆ هەژارەکان کۆ دەکەنەوەو بەسەریاندا دابەشى دەکەن، ئەگەرنا دۆخەکە زۆر خراپتر بوو لەوەى ئێستە، بەڵام ئەگەر بە زوویى بیر لە چارەسەرێک بۆ هەژاریى نەکرێتەوە، ئەوە دوور نییە لە چەند ساڵى ئایندەدەا کوردستان ڕووبەڕووى دۆخێکى خراپترى هەژاریی ببێتەوە، بۆیە پێویستە زۆر بە زوویى ئەم هەنگاوانە بگیرێتەبەر:
١ـ دابینکردنى هاوکاریى دارایى بۆ هەژارەکان بە پێى زانیاریی و تۆمارکردنیان لە ڕێگەى فەرمانگەکانى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتیەوە، هاوشێوەى عێراق و زۆرینەى زۆرى وڵاتانى دونیا کە هاوکاریى مانگانەیان بۆ خانەوادە هەژارەکان هەیە بێ بەرانبەر.
٢ـ هەڵوەشاندنەوەى هەموو ئەو باج و ڕسوماتە نایاساییانەى کە لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوو زیاد کران.
٣ـ دابینکردنى مووچەى مووچەخۆران هەموو مانگێک، لە کاتى خۆیدا، بەبێ لێبڕین، بەبێ دواخستن، هەمو.
٤ـ پشتیوانیکردنى گەنجان بە دامەزراندن یان دۆزینەوەى هەلى کار بۆیان یان پشتیوانى دارایى بۆ دروستکردنى پڕۆژەى بچوک تایبەت بە خۆیان بە قەرزى درێژخایەن بەبێ خستەسەرىی هیچ زیادەیەک.
رێبوار ياسين فەتاح
