Skip to Content

مستەفای حەسەنە گەورە و گۆڤاری (ڕابەر).. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

مستەفای حەسەنە گەورە و گۆڤاری (ڕابەر).. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ته‌مموز 27, 2023 General, Literature


من و مستۆ
من مستەفای حەسەنە گەورەم دەناسی. بەڵام هاوڕێی نزیکم نەبوو. دەمزانی ئینسانێکی بە شەهامەت و بەجەرگ و بە هەڵوێستە. بەردەوام نووسینەکانیم دەخوێندەوە. ستایشی هەڵوێستەکانیم دەکرد. چەندجارێک لە گفتوگۆکانی نێوان من و کاک گۆران عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری سایتی دەنگەکان، ناوی مستەفای حەسەنە گەورەی دەهێنا، چونکە لەگەڵ کاک گۆران زۆر نزیک و هاوڕێ بوون، ئەم ناوهێنانە ئەوندەی تر مستەفای لا خۆشەویستتر کردم. کاتێکیش کە ژیانئاوایی کرد و دڵی پڕ لە هیوای بۆ رزگاری بەشەرییەت لەلێدان کەوت، لە دڵەوە پێمناخۆش بوو. ئێستاش کاتێک خەریکی نووسینی ئەم چەند دێرەم، دەڵێم خۆزگە کاک مستەفا ژیانئاوایی نەکردایە و منیش ئەم دێرانەم نەنووسیایە. مستەفای حەسەنە گەورە پیاوێک بوو پڕ لە شۆڕشگێڕییەتی، پڕ لە ئومێد، پڕ لە خەبات دژ بە ستەم و نابەرابەری، پڕ لە خەون بە دنیایەکی جوان و یەکسان و دادپەروەر. مستەفاش یان (مستۆ)ش ئەو خەون و هەست و بۆچوونانەی بە نووسین و بەشیعر دەردەبڕی. مستۆ ئینسانێک بوو پڕ لە ئەزموونی خەباتکارانە کە پێویستە هەمیشە ئەزموونەکانی هاوڕێ مستۆ وەک مۆدڵێکی خەباتکارانە ببینرێن.
مستۆ و گۆڤاری (ڕابەر)
پەیوەندی مستەفای حەسەنە گەورە لەگەڵ گۆڤاری (ڕابەر) دەگەڕێتەوە بۆ زیات لە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر، واتا پێش هەڵچوونە جەماوەرییەکەی ساڵی ١٩٩١. ئەودەم لەسەردەمی سەرکوت و خەفەقانی حیزبی بەعسی گۆڕبەگۆڕ، ئێمە ( عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و دکتۆر نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد (هۆشەنگ)و جەماڵ کۆشش) گۆڤاری (ڕابەر)مان بە نهێنی دەردەکرد و بڵاودەکردەوە. مستەفا حەسەنە گەورە ئەودەم وازی لە پێشمەرگایەتی هێنابوو و بیروبۆچوونە ڕادیکاڵەکەی، کەشتی تێڕامان و بیرکردنەوەی بەرەو لای ڕیزەکانی ڕێکخراوی (ڕەوتی کۆمۆنیست)لەنگەر پێگرتبوو. مستۆ ئەودەم شیعری دەنووسی و نزیکایەتی لەگەڵ گۆڤاری (ڕابەر) پەیدا کرد و لەڕێگەی ڕێکخستنەکانی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە شیعری(بۆرژواکان) ی بە ئیمزا یان بە نازناوی (هێما) وە بۆ گۆڤاری (ڕابەر) نارد. ئێمەش ئەو شیعرەمان لە گۆڤاری (ڕابەر) ژمارە ٩ ی ساڵی ١٩٩٠ لەلاپەڕە ٤٤ و ٤٥ بڵاوکردەوە. دەقی شیعرەکەیە کە جارێکیتر لە کتێبی ( دەربارەی کار و تێکۆشانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و گۆڤاری ڕابەر ١٩٨٧ – ١٩٩١) لە نووسین و ئامادەکردنی عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ) ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە.

مستۆ و شیعری بۆرژواکان
ئەمەی خوارەوە دەقی شیعری (بۆرژواکان)ی مستۆیە کە بازناوی هێما لە ساڵی ١٩٩٠ دا بڵاوکراوەتەوە. ئەم شیعرە دەرخەری ئاستی تێگەیشتن و ئاستی ناسینی دەردە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانە. خوێنەر دەتوانێت لەپەنجەرەی ئەم شیعرەوە؛ جیهانبینی مارکسیستانەی مستۆ ببینێت و ئەو دڵسۆزی و لایەنگیرییە چینایەتییەی مستۆ بۆ چینی کرێکار درک پێبکات. ئەم شیعرە ئەو باوەڕە ئینسانییەی مستۆمان نیشان دەدات کە نەمانی ستەم و چەوسانەی ئینسان لەلایەن ئینسانەوە تەنها و تەنها بە نەمان و لەگۆڕنانی نیزامی سەرمایەداری دێتە دی.

بۆرژواکان
شیعری : مستەفای حەسەنە گەورە(هێما)

بۆرژواکان…
من کرێکارم،
هەموو ڕۆژێ دێمە مەیدان.
هێزی کارم دەفرۆشم،
هەرزان..هەرزان.
وەک ئابڕووتان!
دەکا و ناکا پاروویەک نان
بۆرژواکان…
خشت بەخشتی دیوارەکان،
من دایئەنێم
بست بە بستی شەقامەکان
من ئەیکێشم
یەک بە یەکی درەختەکان
من ئەینێژم
هەرچی هەیە کەهاتە بەر دەستان
هەر ئەیبینم
دەبێ ئێستا تێی ڕامێنم.
بۆرژواکان…
ئەو کۆشکانەی لە جوانیا،
چەشنیان نییە،
بەو دەستانەی من ڕەنگاون.
ئەو پێخەفە نەرم و نۆڵەی
تیا ئەنوون
بەو دەستانەی من چنراوە.
ئەو ویسکییەی کەللەی بۆشی
پێ گەرم و
چاوی حیزتانی پێ سوور دەەکەن
بەخوێنی من کڕاوە.
بۆرژواکان…
(ناوگەڵ برسی و ورگ تێر و چاوچنۆکەکان.)(*)
سبەینێش بۆتان دێمە مەیدان
ئەو ڕووت و برسییەی تا دوێنی
حیسابێکتان بۆ نەدەکرد
ئەمڕۆ دەست دەنێتە قوڕگتان
دنیای سەرمایەی بۆگەنتان،
دێتە ڕووخان.

٢٢-١-١٩٩٠
هێـما(**)

() تێبینی هێمای شاعیر : (ناوگەڵ برسی و ورگ تێر و چاوچنۆکەکان.) ئەم دێرە لە چیرۆکێکی شێرزاد حەسەن وەرگیراوە. (*) (هێما)- مستەفا حەسەن ئەحمەد ناسراو بە ( مستەفای حەسەنە گەورە) لە ٨/٢/١٩٦٢ لە شارۆچکەی سەنگەسەر لە ناوچەی پشدەر لەدایکبووە. سەرەتای ساڵانی هەشتاکان تا ناوەڕاستی هەشتاکان بووە بە پێشمەرگە و دواتر چەکی داناوە. لە لێبوردنی گشتی حکومەتی عێراقیدا گەڕاوەتەوە بەر خوێندن لە پەیمانگای موسڵ. دوو برای لە لایەن بەکرێگیراونی ڕژێمی بەعسەوە تیرۆر دەکرێن (مامۆستا کاک ئەمین و محمد) . مامۆستا کاکەمین لە ناو ماڵەکەی خۆیدا و شەهید محەمەدیش لە شاخ . لە ١٩٨٩ وە تا دوای ڕاپەرین دۆست و لایەنگرێکی نزیکی ڕێکخراوەی ڕەوتی کۆمۆنیست بووە و بەشدار بووە لە کار و چالاکییەکانی ڕەوتی کۆمۆنیست لە شاری هەولێر و دەوروبەری. دەورێکی بەرچاوی گێڕاوە لە ڕێکخستن و هاندانی خەڵک بۆ ڕاپەڕینی ١٩٩١ بە تایبەت لەشاری هەولێر و ئۆردوگاکانی خەبات و جدیدە. ئەندامێکی چالاکی بزوتنەوەی جووتیاران بووە لە ناوچەی پشدەر لە ساڵەکانی ١٩٩٣ تا ناوەڕاستی ١٩٩٥. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥ کۆچ دەکات بۆ دەرەوەی وڵات و لە دانیمارك نیشتەجێ دەبێ. دواتر لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکوان ڕێکخراوی “چاودێری کوردۆساید – چاك” دادەمەزرێنن. ئەم ڕێکخراوە کاری دەکرد بۆ بەجینۆساید ناساندنی کەیسی هەڵەبجە و ئەنفال و بە دادگا گەیاندنی بەشداربووان لە پرۆسەی ئەنفال. لە ساڵی “٢٠١٦ ” یەکێک دەبێت لە دەستەی دامەزرێنەرانی بەرەی خەڵك” لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان دژبە دەسەڵاتە گەندەڵەکەی. یەکێك بووە لە کەسایەتییە هەرە دیار و چالاکەکانی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ڕەخنەگرێکی سیاسی و نووسەر و ڕۆژنامەوان چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی بووە و تاکۆتا ڕۆژی ژیانی لەبەرەی خەڵکی ستەملێکراودا بوو دژ بە نا دادپەروەری زوڵم وستەمی دەسەڵاتداران لە کوردستان . مستۆ لە ٧/٥/٢٠٢٠ بەهۆی تووشبونی بە نەخۆشی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەیەکی دانیمارك بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

دوو تێبینی:
یەک: ئەم شیعرە لە گۆڤاری ڕابەر ژمارە ٩ ی ساڵی ١٩٩٠ لەلاپەڕە ٤٤ و ٤٥ بڵاو بۆتەوە. هەورەها لەلایەن هونەرمەند زاهیر جەلال کراوەتە سروود و تۆمار و بڵاوکراوەتەوە.
دوو: ئەم ژیاننامەیەی هێمای شاعیر لەلایەن هاوڕێ گۆران عەبدوڵا بەڕێوەبەری سایتی دەنگەکانەوە بەدەستم گەیشتووە.

دوا قسە
لەکۆتایی ئەم کورتە نووسینەمدا؛ لە دڵەوە حەزم کرد و پێمخۆشە بەم بەشدارییەم بە مستۆ بڵێم هاوڕێ تۆ تەنیا نیت و هەرگیزیش تەنیا نەبوویتە. وەکچۆن پێشتریش لە گەڵتا بووین، ئیستاش تا مابین لەگەڵ تۆ و هەرکەسێکی ترداین کە ئامانجی ڕزگاری ئینسانییەتە لە ستەم و کۆیلەتی سەرمایەداری. لەگەڵ هەر کەسێکی خەباتکارداین کە تێدەکۆشێت لەپێناو لەگۆڕنانی بۆرژاوازی. لەگەڵ هەر تێکۆشەرێکین کە شەو وڕۆژی هەوڵدانە لەپێناو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
سڵاو لە مێژووی جوانی مستۆ
سڵاو لە ئومێد و خەون و خۆزگەکانی مستۆ
سڵاو لە گیانفیدایی مستۆ.

نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
حوزەیرانی ٢٠٢٣

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish