
ئای له‌مینا…. مینای دڵم ئه‌شكێنێ … چنوور نامیق
كه‌لووی دوانه باسی به‌ختم بۆ ئه‌كات و
پێكه‌نین رووم داگیر ئه‌كا
سه‌ر ئه‌نێمه په‌نجه‌ره‌یه‌كی بێ مینا
(ئای له‌مینا) ، دڵم ئه‌كاته هه‌ڵمات و
ده‌ستی درێژی دره‌ختێك
له په‌نجه‌ره‌ی شكاوه‌وه
ده‌یان جار دڵم ئه‌گۆڕێ…
له‌بێ مینایی په‌نجه‌ره (ئای له‌مینا)
مینای دڵم ئه‌شكێنێ
به‌بێ ئیزن
به‌ناو شاری نوته‌كی روحما گه‌شت ئه‌كا…
له‌بێ شوشه‌یی په‌نجه‌ره
چاوم لێیه
سه‌رده‌می تاعونی كامۆ و
ئه‌وینی دووری كۆلێرا
به‌دوای كۆرۆنا ئه‌گه‌ڕێن..
له بێ مینایی په‌نجه‌ره
لێو ئه‌نێمه سه‌ر پێڵاوی فڕیوی با
تا ته‌نیاییم كۆكه‌مه‌وه
سه‌ر ئه‌نێمه سه‌ر خه‌می پیرۆزی زه‌وی
له‌سجودا خۆم بیر ئه‌چێ…..
له سه‌رده‌می كولێراوه به‌ڕێوه‌م و
وا سه‌رده‌می كۆرۆنایه
ناگه‌مه جێ……
له‌بێ مینایی په‌نجه‌ره
گوێم له شپرزه‌یی تۆیه
لێو ئه‌نێمه سه‌ر ده‌سته زبره‌كانی شه‌و
بۆ نازانی له‌رزوتای شه‌وان تاعه‌ته؟
له‌په‌نجه‌ره‌ی شكاوه‌وه
سه‌ر ئه‌نێمه سه‌ر زه‌وییه ده‌رده‌داره‌كه‌م
له قوژبنی سه‌د ساڵ ته‌نیایی خه‌یاڵم
جیئه‌مێنم…
هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م
كورسێكه‌ی خۆی ئه‌سوڕێنێ
باسی وه‌فای پشیله‌كه و سپله‌یی سه‌گم بۆ ئه‌كا
باسی ساردی خۆره‌تاو و
دڵگه‌رمی مانگم بۆ ئه‌كا
باسی خوێندكاری سه‌لار و
مامۆستا لاساره‌كانی پۆلی تاعونم بۆ ئه‌كا
باسی عه‌شقێكی له بیرچووی به‌ر ده‌رگای شه‌وم بۆ ئه‌كا
منیش بوومه به‌بوكه‌ڵه‌ی
(ئای له‌مینا )
به‌ویستی خۆی ئه‌مجولێنێ
له بێ شوشه‌یی په‌نجه‌ره
عه‌شقی سه‌رده‌می كولێرا
خۆی به په‌نای روحما ئه‌كا و
ڤێرمینا به‌ده‌ستكێشه‌وه به‌به‌رده‌مما دێت و ئه‌چێ ….
له بی َمینایی په‌نجه‌ره
هه‌ورێكی شپرزه‌ی ئاسمان به‌كه‌مامه‌ی گومانه‌وه
به‌سه‌ر باخه قژ ئاڵۆزه‌كه‌ی روحی مندا
زۆر رۆمانسیانه ئه‌بارێ
كه‌ده‌بارێ ئه‌مكا به‌تۆ…
باوانه‌كه‌م
سه‌خاوه‌تی په‌تای عه‌شق
وێرانه هه‌واری كردم…..
بێداریم مه‌كه ئاوێنه
با نهێنی شه‌ونوێژی من
له‌پاڵ نێرگه‌له‌یه‌كی دڵپڕا
سه‌دای مینا نه‌شێوێنێ…
هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م
ئێستا نه‌زان به جاده‌كانی بێشاریم
نابینا به لیمۆبوونم،
له نێوان كاتی كولێرا و ئالوده‌بوونی كۆرۆنا
لێم ناگه‌ڕێ بێم و بچم….
له‌گه‌ڵ پارادۆكسه‌كانی هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م
نێرگه‌له‌یه‌ك به‌ده‌نگی تۆم ئاشنا ئه‌كا و به‌خۆم نامۆ
لێره كه‌س به ئاشنا نابێ
له‌كه‌ناری هه‌تیویمدا ئاره‌زووی كۆشی تۆ ئه‌كه‌م
ئه‌ی میهره‌بان…
هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م كورسێكه‌ی به‌جێ ناهێڵێ
نه‌با كه‌سێك له‌گه‌ڵ ته‌نیاییم دانیشێ
لێناگه‌ڕێ
بچمه لای غه‌ریبیمه‌وه…
من ئه‌ڕۆم و هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م هه‌ر كورسێكه‌ی جێ ناهێڵێ
له‌بێ مینایی په‌نجه‌ره ئای له‌مینا
مینای دڵم ئه‌شكێنێ و
به‌ته‌نیشتما گوزه‌ر ئه‌كا.
كلووی دوانه باسی به‌ختم بۆ ئه‌كات و
دوای سه‌رده‌مێك
له په‌نجه‌ره شكاوه‌كه‌وه ون ئه‌بم..
4-3-202
تێبینی
(ئای له‌مینا) مه‌به‌ست گۆرانی ئای له‌مینایه
هه‌ڵبه‌سته‌كه‌م.. هه‌ڵبه‌ستی كچم
مینا — شوشه