Skip to Content

دوو وتار یان لە نادر و خوراسانی هەتا ئێران.. نەوزاد بەندی

دوو وتار یان لە نادر و خوراسانی هەتا ئێران.. نەوزاد بەندی

Be First!
by كانونی دووه‌م 15, 2026 General

لە ڕاستیدا ماوەیەکە بۆم دەرکەوتووە نوسین کەڵکی نەماوە، یان ڕاستتر بڵێم؛ سەردەمی نوسین بەسەرچووە، بە تایبەت زۆرینەی ئەوانەی کە دەنوسن خەڵکی نەخۆش و مەگەزی ئاخوڕی دەسەڵاتۆکەکانن.. خەڵکی شەقامیش ناخوێننەوە، بیشخوێننەوە، تەنها حونجەی پیتەکان دەکەن و هیچ هەڵوێستێکیان لەلا دروست نابێت، نوسینیش کە هەڵوێست دروست نەکا وەک ئەوە وایە کۆمەڵگا پڕ بکەیت له قوماش، کەچی خەڵکەکە ڕووت و عوریان بن.. نەزانن قوماش بۆ داپۆشینە، نەزانن ڕووت و عوریانیی لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا عەیبەیەکی گەورەیه و دەرچوونە لە خولگەی مرۆڤ..
سەدان نوسین و وتار دێن و دەچن، تەنانەت حیسابی وەڕینێکیشیان بۆ ناکرێت چونکە کاتێ گوێمان لە وەڕینێک دەبێ، ئاوڕ دەدەینەوە و هۆرمۆنی ئەدرینالین دەڕێژین و ئامادەمان دەکات بۆ ڕاکردن یان هەڵگرتنی بەردێ ..دارێ، بۆ بەرگریکردن..بەڵام هیچ نوسینێ نە ئاوڕ، نە بەرد و نەدار نایەن بە هانایەوە.
بە هەر حاڵ ئەوەی کە لەم دواییەدا زۆر نائومێدی کردم، ووتاری نوسەرۆکەیەکی سەیر بوو، کە ڕێگای بەخۆی دابوو لە ڕۆژنامەیەکدا بە حیساب پێنجسەد هەزار خوێنەری هەیە، ووتارێ بنوسێ؛ نوسەر ئازاد و بیری دژ بە ئاخوڕە حیزبییەکان، به نووسەری لوسکە!!! ناو ببات .. لەوەیش کارەساتبارتر ئەو ڕۆژنامە بە حیساب پێنجسەد هەزار خوێنەرییە، سێ ڕۆژ وسێ شەو ئەو ووتاره ناشیرینە سوکەی کە بۆنی قاوشی سینەما هەرزانەکانی جارانی لێدەهات، له تۆپدا بهێڵێتەوە، تا هەمووان ئەم بابەتە سوکە بخوێننەوە کە مکوڕی لەوە دەکات دەعبای نوسەر پاشخانێکی نێربازیی هەیه چونکە جاران وشەی لوسکە و وەلەد و ئەو جۆرە ووشە هەرزانانە ویردی دەمی نێربازەکانی ناو قاوشە هەرزانەکانی سینەما بێ کوالێتیەکانی شار بوون .
بەڵام چی بڵێم کە ناتوانم بە تەواوەتیی تەرکی نوسین بکەم، وەک برادەرێک کە سوێندی خواردبوو مەی نەخواتەوە، دوای هەفتەیەک سەیر دەکات وەزعی تەواو نییە و پێویستی بە مەیخواردنەوەیە، ئەچێتە لای چەند مامۆستای ئاینیی، تا بزانێ گوناهــ نییە سوێندەکەی بخات و دەستبکاتەوە بە مەیخواردنەوە؟ ..مامۆستاکان نازانن چی پێ بڵێن، هەتا مامۆستایەکی ئاینیی عەرەب پێی ئەڵێت : ( یابا اشرب .. هو انت في النار.. في النار .. هسه بقت علی الحلف ؟ )
واتا تۆ کە ئەخۆیتەوە، ئەهلی دۆزەخیت، ئیتر شکاندنی سوێند کەی کێشەیه ؟؟ بڕۆ بخۆرەوە و خەمی سوێندەکەت نەبێ..!!

ووتاری یەکەم :
قادر نادر و مەزهەر خۆراسانیی ..
لە ڕاستیدا لەم ڕۆژانەدا شەڕە قسە و دیالۆگی پڕ لە قڕ قڕ و جنێودانی ئەو دووانە، زۆر تابلۆی سەیری بیرخستمەوە، کەدیارترینیان شەڕە کەڵەشێر بوو، دڵنیام نزیک یەکتر بوونایه دەموچاوی یەکتریان خوێناویی دەکرد.. کەڵەشێر تەنها دەخوێنێت، ئەو دوانەیش تەنها قسه دەکەن..یەکەمیان دژی دەسەڵاتی کوردییە و بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی گەندەڵییەکانیان .. دووەمیشیان بەردەوامە لە بانگەشەکردن بۆ فرەژنیی بە بێ ئەوەی ئاگای لەوە بێ زۆرینەی گەنجەکانی میللەتەکەی بەهۆی سیاسەتی برسیکردنی جووت جوامێرەکەوە، نەک فرە ژن، تەنانەت فرە کراسیش واتا لە کراسێک زیاتر ناتوانن بکڕن ..لە هەمان کاتدا دژی ڕێکخراوی ژن و ڕای ژن و هەناسەدانی ژنە و.. ئامادەیە بنەڕێنێ بەسەر هەر ژنێکدا..
پەم دووانە ، کە یەکێکیان دوژمنی دەسەڵاتدارانە و ..ئەوەی تریشیان مڵۆزمی ژنانە، لە بازنەی قسە کردن تێ ناپەڕن، واتا تەنها قسە دەکەن.. بۆ نمونە قادر نادر ڕۆژێک سەر ژمێریی لایەنگرەکانی نەکردووە و بیری لەوە نەکردۆتەوە ڕێپێوانێکی هێمن لە سلێمانی یان لە هەولێردا ئەنجام بدات ..چی دەبێ؟ دەتانکوژن؟ با بتانکوژن.. خۆ کورد چارەنووسی یان کوشتنە یان کاسەلێسیی و لەناو کاسەدا خنکان ..
لەو لایشەوە مەزهەر خوراسانی بە حوکمی ئەوەی بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا و دەستووری ئیسلامیدا هەیه وئاگاداری مێژووی ئیسلامە، بۆ یەک چرکەیش بیری لەوە نەکردۆتەوە لە بانگدانی فەرزێکی مزگەوتەکەیدا دێڕی ( حي علی الجهاد ) زیاد بکات لە کاتێکدا چاک دەزانێت لەسەردەمی پێغەمبەرماندا دروودی خوای لەسەر بێ و دوای ئەویش، لەکاتی هەبوونی هەر نادادییەکی دوور و نزیکدا له بانگدانی مزگەوتەکاندا دێڕێک بۆ بانگەکان زیاد دەکرا : ( حي علی الجهاد ) واتا وەرن بۆ شەڕ.
لەو حاڵەتەدا موسوڵمانان، ئەوانەی توانای شەڕیان هەبوو، ئامادە دەبوون و گوێڕایەڵی ئیمام دەبوون ئاخۆ بزانن چ زوڵم و زۆرێکی نزیک و دوور سەری هەڵداوە تاکو بچن زاڵم سەرکوت بکەن و ماف و ئازادی بۆ مەزڵوم بگەڕێننەوە ..
نەخێر، مەزهەر خوراسانیی خۆی لەو دێڕە نەبان و نەزان و بێ ئاگا دەکات و .. زیاتر خەریکی ئایەتی دووان و سیان و چوارەکەیە، بێ ئەوەی ئاگای لەو مەرجە بێ کە دەفەرموێ ئەگەر نەتانتوانی دادپەروەر بن لە نێوان فرە هاوسەرەکانتاندا، ئەوا بۆتان نییە لە یەک هاوسەر زیاترتان هەبێ.
بە هەر حاڵ لەم بە یەکدا پژانەی دوایی نێوان نادر و خوراسانیدا، کە تەنها قسەیه و هیچ یەکێکیان ئامادە نین ڕۆتینی عەیش و نۆشی ڕۆژانەیان نەک بۆ حەڵەب، بۆ هیچ شتێ تێک بدەن، سێ لە دە بۆ نادر و .. حەوت لە دە بۆ خوراسانیی ..
سێ لە دە بۆ نادر، چونکە نابێ هەڵگری بڕوانامەی دکتورای زانستە شەرعییەکان بەو شێوەیه بە نەڕە و تووڕەیی و کەفچاندنەوە دەر بکەوێ و ..ووشەی نەشیاو دەرپەڕێنێ.
حەوت لە دە بۆ خوراسانیی، چونکە ڕاستێکەی کچ توحفەیەکی ناسکە و ئەرکێکی زۆر گەورەی لەسەر شانە کەدایکایەتییە و باشتر وایه لە ماڵەکەیدا ئارام بگرێ وەک له قورئاندا ئاماژە دراوە بۆ ئارامگرتنی هاوسەرەکانی پێغەمبەر لە ماڵەکانیاندا ( وقرن في بیوتكن ) بەو پێیەی دەرەوەی ماڵ زبر و سەخت و پڕ کێشە و نەهامەتیی و ڕووداوی نەخوازراوە کە تاوانێکی گەورە دەکەین ئەو کائینە ناسک و پڕ هەست و سۆزه ڕاپێچی ئەو ڕوداو و ترسناکیی و ڕەق وتەقییەی دەرەوە بکەین.
ئەوەتا جوانترین و ڕۆمانسیترین ئەکتەری مێژووی سینەما و هۆلیود ، مارلین مۆنرۆ، پێش ئەوەی خۆی بکوژێت، نووسراوێک بەجێ دێڵێت، تیایدا هاتووە دەڵێت خۆزگە دایکێک بوومایه، لە ماڵێکدا منداڵم بەخێو بکردایە و هیچ ناوبانگێکم نەبووایه و نەناسرامایە.
هەروەها ئەکتەر و بیریارێکی وەک ئەلپاچینۆ دەڵێت : کچان لە ماڵ هاتنە دەرەوە بۆ ئیشکردن، بەو جۆرە نیوەی کوڕان بێ ئیش بوون.. ئەوەیش وایکرد نیوەی کچان هەلی هاوسەرگیرییان چنگ نەکەوێ چونکە نیوەی کوڕانیان بێ ئیش کردبوو ، ئایا ئەگەر کچان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و واز له ئیشی دەرەوە بێنن و کوڕە بێ ئیشەکان، ئیشیان دەست بکەوێ و بچنە داخوازیی کچان و خێزان دروست بکەن، باشتر نییە ؟؟
پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونی خوراسانیی لە لایەن ئەلپاچینۆوە، وایکرد لەو دەمە بۆڵەیەدا حەوت لە دە بۆ خوراسانی دابنێین ..چونکە خۆیشم، بۆ تاقیکردنەوەی دۆخەکە، چەند هاوڕێیەکی ئەتاییستم داوەت کرد، لە ناوەڕاستی کۆبوونەوەکەماندا، پێم وتن : یەک پرسیارتان لێ دەکەم هیوادارم بەو پەڕی ڕاستگۆییەوە وەڵام بدەنەوە، ئایا ئێوە کە کچ و هاوسەر و خوشک و دایکتان بە تەنیا لە ماڵ دەچنە دەرەوە، دڵ و دەروونتان ئارامە؟؟
ماوەیەک ڕامان و بیریان کردەوە، دوایی وەڵامی هەموویان ( نەخێر ) بوو .. واتا کاتێ هاوسەر و کچ و خوشک و دایکیان لە ماڵ دەچنە دەرەوە، ئەمان لە ناخەوە ئارام نین و ئەترسن توشی کارەساتێک بن.

ووتاری دووەمیشم بار و دۆخی ئێران و ئەم شوڕشە شانۆگەرییەی قوتابخانەی تڕەمپیزمە ..
لە ڕاستیدا من بۆ گەشت ساڵانە دەچمە کوردستانی ئێران و لەگەڵ هاوڕێکانما پیاسە دەکەین .. گەورەترین دەستکەوت کە ئێرانییەکان بە کورد و فارس و تورک و ئازەرییەوە هەیانە و هەستی پێناکەن، بریتیە لە یەکسانیی و هەرزانیی وزە و پارێزگاریکردنیان لە کولتووری ڕەسەنی باب و باپیریان .. من پێش ئەوەی گەشت بۆ ئێران بکەم، دوور بە دوور ئەو دەسەڵاتدارە ئاینییە مەزهەبییەی ئێرانم خۆش نەدەویست، بەڵام کە چەند جارێک گەشتم بۆ کرد، مۆدێرنترین سیستمی بەڕێوەبردن و حوکمداریم بینی، هەروەها بەبەزەییترین و دڵسۆزترین و خەمخۆرترین دەسەڵاتم بینی لە تەواوی جیهانی بێ ڕەحم و ماددی و سەرمایەداریی ئەمڕۆی جیهاندا ..لە دەروازە سنووریی و تێرمیناڵ و فڕۆکەخانەکانیاندا، ئەفسەر و کارمەندی زۆر بەڕێز و کاربەڕێکەری دڵسۆز کە لە سەدا سەد جیاوازن بۆ نمونە لەگەڵ ئەوانەی تورکیادا .. فەرموو گەر گەشتی هەردوو وڵاتتان کردووە، خولەکێک چاوتان دابخەن و بەراوردی ئەفسەرێکی تورکیی و ئەفسەرێکی ئێرانیی بکەن لە مامەڵەکردنیاندا ..
پاشان ئەمسەر بۆ ئەوسەری ئێران ئەگەڕێی یەک بازگە نایەتە ڕێگات، یەک چەکدار نابینیت، کەسێک داوای ناسنامە و پاسپۆرتت لێ ناکات..ئەمەیش لە هیچ شوێنێکی دنیای مۆدێرنی ئەمڕۆدا هاوتای نییە.
ئینجا هیچ جۆرە جیاوازییەکی نەتەوایەتیم نەبینی، کورد و تورک و فارس تێکەڵن و بە شار و گوندی یەکتردا دێن و دەچن، هێندە بێ کێشەن ناتوانیت لێکیان جیا بکەیتەوە .
جوانییەکی تری ئێران کە خۆیان هەستی پێناکەن و من هەستی پێ دەکەم، هەمووان ماشێنی بچووک و کەم مەسرەفیان پێیە .. بەوەیش جیاوازیی چینایەتیی نابینی، واتا ئوتومبیل لەوێ هۆکاری گواستنەوەیە، نەک هۆکاری سنگ دەرپەڕاندن و فیز و خۆ نمایشکردن و خۆ فەرزکردن..
لە کوڕ و کچەکانیاندا جوانیی دەبینیت، جیاواز لە تەواوی کوڕ و کچانی ئەمڕۆی هەموو جیهان، کە زیاتر سێکس لە هەڵس و کەوت و پۆشاکیاندا ڕەنگی داوەتەوە.
یەک ساڵ لەناو ئێراندا بخولێرەوە، کاروانی ئوتومبیلی جامڕەش و گرانبەهای سەرۆک و وەزیر و گزیر نابینیت..چونکە ئەوان بەشێکن لە میللەت و وەکو ئەوان ئەژین ..
هەموو وڵاتانی عەرەب و ئیسڕائیل بگەڕێ هەتا سەد ساڵی تریش، نابینیت پزیشکێکی پسپۆڕی دڵ و مولولەکانی دڵ ببێت بە سەرۆک کۆمار ، وەک ئێستا لە ئێراندا پزیشکێکی پسپۆڕی دڵ سەرۆک وەزیرانە .
لە هەموو ڕۆژهەڵاتدا بە ئیسڕائیلیشەوە نابینیت موچەی سەرۆکی زانکۆیەک ئەوپەڕیی دوو ئەوەندەی موچەی کارگوزارێکی زانکۆکە بێ، هەمیشە موچەی سەرۆکی هەر دەزگا و دامەزراوەیەکی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات، پەنجا ئەوەندە و زیاتری موچەی کارگوزارێکی ئەو دەزگایانەیە، بەڵام بە چاوی خۆم بینیم موچەی ڕاگری کۆلێژی یاسا لە شاری سنە نزیکەی 37 ملیۆن تمەن بوو لە کاتێکدا موچەی پاسەوانێکی ئەو کۆلێژە 17 ملیۆن تمەن بوو، واتا نزیکەی دوو ئەوەندە، ئەمەیش هەمان سیستمی دانیمارک و فنلەندایە کە نابێ جیاوازیی زۆر لە نێوان موچەی هاووڵاتیاندا هەبێ بۆ ئەوەی لێکترازان و چینایەتیی زەق نەبێتەوە..
بە شەقامەکانی شارەکانی ئێراندا تێدەپەڕیم، هاوسەرەکان توند قۆڵیان کردبوو بە قۆڵی یەکتردا و دەستی مناڵەکانیشیان گرتبوو، ئەو دیمەنەی کە بە داخەوە لای ئێمە و لە هیچ شوێنێکی تردا بە هیچ جۆرێ نابینرێت.
دوای ئەوە با بێینە سەر کەرتی ووزە.. بە بەرچاوی خۆمەوە شۆفێرەکەمان 33 لیتر بەنزینی سوپەری کڕی بە تەنها هەزار دیناریی چاپی عێراقیی، لە دڵی خۆمدا ووتم وەڵاهی دۆناڵد تڕەمپ ئەم هەرزانیی وزە و بەنزینەی ئێرانی پێ قبوڵ ناکرێ و دوور و نزیک لێیان تێک ئەدا.. ئێ باشە، ئێران ناتوانێ بەنزین بە گران بفرۆشێتەوە بە ڕوسیا و هیند و چین و.. هاووڵاتیەکانی خۆیشی بە دەردی هاووڵاتیانی کوردستانی باشوور ببات؟ ئەتوانێ، بۆچی ناتوانێ.. بەڵام ئەو سیستمە، سیستمێکی میللیی خەمخۆری هاووڵاتیانە و هەستی پێ ناکەن هەتا لە دەستیان نەچێت.
لە سەربانی باڵەخانە وخانووەکانی هەموو ئێراندا تانکی ئاو نییە، چونکە ئاو نابڕێ و پێویست ناکات لە تانکیدا هەڵبگیرێت، ئاوێکی پاک و سازگار کە هەمووان ئەیخۆنەوە، نرخەکەیشی زۆر هەرزانە، واتا سێ مانگ تەنها دوو هەزار دیناری چاپی عێراقیی..
لە دڵی خۆمدا ووتم مەحاڵە تڕەمپ بهێڵێ ئەم میللەتە بە خۆڕایی ئەو ئاوە سازگاره بخۆنەوە..
بە هەمان شێوە کارەبا و لولەی گازی سروشتیی بۆ هەموو ماڵ و مزگەوت و دامەزراوەکان ڕاکێشراون بە نرخێکی هەرزان، سێ مانگ چوار یان پێنج هەزار دیناری چاپی خۆمان، هەر بۆیە تەنها من هەستم بەو ئاوەدانیی و گەرم و گوڕییە دەکرد کاتێ لە زستاندا ئەچوویتە هەر مزگەوت و دام و دەزگا و ئوتێل و چێشتخانە و چایخانەیەک، گەرم و گوڕیی حەوانەوەیەکی جەستەیی و دەروونیی پێ دەدایت، ئەو حەوانەوە جەستەیی و دەروونییەی کە لەماوەی شەست ساڵی ژیانمدا لە عێراقدا هەستم پێنەکردووە و هەمیشە سەرمای زستان لە قوتابخانە و زانکۆ و بازاڕ و مزگەوت و هەموو شوێنێک وەک دوپشک پێوەی داوم ..
ئەم خزمەتگوزارییانە، ئێرانییەکان هەستی پێناکەن، هەتا لە دەستیان ئەچێت و ..ئەچنە بازاڕی ئازادی سەرمایەدارییەوە، وایان لێ دێ هەرچی ئەکەن و ئەکۆشن ناتوانن ژوورێک بە زستانا گەرم بکەن و بە هاویندا فێنکی بکەنەوە ..نەوت و گازیان لێ دەدزن و هێشتا قەرزاریشیان دەکەن وەک لای خۆمان.
دوای پەنجا ساڵ تەمەن وزیاتریش، بۆ یەکەمجار تامی هەنگوینی ڕاستەقینەم کرد بە نرخێکی هەرزان .. تامی ڕبەهەنار و دۆشاوی ترێی ڕاستەقینەم کرد .. بیمەی تەندروستی ڕاستەقینە و دەرمانی ئێرانی زۆر چاک و زۆر هەرزانم بینی ..ووڵاتێکم بینی کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییە سەرەکییەکانی ژیان تیایدا بەخۆڕایین و .. لە دەرزییەکی درومانەوە هەتا فڕوکە و کەشتی و شەمەندەفەر خۆیان دروستی دەکەن .. نیوە شەو بە شارەکاندا بگەڕێ، هیچ هەژار و کەمتوانایەک نابینیت لەسەر شەقام کەوتبێ و بەجێمابێ، وەک لە ناوەندی شارەکانی خۆمان و هەموو وڵاتانی جیهاندا ئەبینرێن و هیچ کەسێک خۆیانیان تێ ناگەیەنێت.
لە دڵی خۆمدا ووتم وەڵاهی داڵە سوری کۆشکی سپی پێی قوت ناچێت هەشتا ملیۆن کەس لەو بەهەشتەدا بژین ..
لە ئێراندا ڕاستە موچە هاووڵاتیان کەمە، بەڵام هەمووان ئەژین.. کاتێ موچە زۆر بێ، گرانیی سەرهەڵدەدات، دەوڵەمەندبوونی لە پڕ و هەژار کەوتنی لە پڕ پەیدا دەبێ، لە ناکاو پارە ئەبێ بە هەموو شتێ، لە کاتێکدا پارە شتێکە نەک هەموو شتێ..جوانترین ساتەکانی تەمەن ئەو کاتانەن کە پارە بە زەحمەت پەیدا دەکرێت، بۆ ئەوەی خەڵکەکە بژین نەک لە دەریای پارەدا نوقووم بن.
ئینجا بیهێنەرە پێش چاوی خۆت، ئەگەر دۆخەکە پێچەوانە بووایە، واتا کوردستانی ڕۆژهەڵات هەرێمێکی سەربەخۆ بووایە، ئایا عێراق ئەیهێشت کوردانی ڕۆژهەڵات بە خۆڕایی و بێ ڤیزە بێنە عێراقەوە؟
تەنها گەشت لە مێژوودا کە هەرزانتر ئەکەوێ لەسەرت تا مانەوە لە ووڵاتەکەی خۆتا، گەشتکردنە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوەیش ئەبوو لە کتێبی گینزا تۆمار بکرایە.
ئەو بەهەشتە تەنها من هەستم پێدەکرد و قوڵ قوڵ بۆم ئەڕوانی و چێژم لێ وەردەگرت .. هیچ پێنج شەممەیەک نەبووە بە هاوڕێکانم نەڵێم : چۆنە سەردانێکی تری ووڵاتی ئارامیی و هێمنیی و ڕەسەنایەتیی و هەرزانیی ئێران بکەین؟
هیوادارم سیستمی حوکمی ئێران نەشێوێت، لێیان تێک نەچێ، جوانترین سیستمی کۆمەڵایەتیی و ئیداریی و کولتوریی لە دنیادا هەرەس نەهێنێ، ئەگینا جارێکی تر دروست نابێتەوە ..ئەگینا ئێرانییەکان کاڵەک بە ئەژنۆ ئەشکێنن و بۆ هەتا هەتایە ووزەی نیشتمانیی و بەرهەمی ناوخۆ و ڕەسەنایەتیی لە دەستدەدەن، ئێمەیش ئیتر ناتوانین پێنج شەممانێک بڕۆین لە شارێکی ئارام و هێمندا، قوڵ قوڵ بۆ کولتوور و ڕەسەنایەتیی و یاسا و دادپەروەریی بڕوانین.

Previous
Next

Leave a Reply