Skip to Content

رۆمانی دایک.. شەماڵ بارەوانی

رۆمانی دایک.. شەماڵ بارەوانی

Closed
by ئاب 21, 2024 General, Literature

دایک شاکارێکی مەزنی ئەدەبی جیهانی گەورەنووسەری ڕووسی(ماکسیم گۆرگی)ـە و بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٠٦ بڵاوبووەوە.
تەوەری سەرەکی ڕۆمانی دایک باسکردنە لە شۆڕشی بەلشەفییەکان لە ڕووسیای سەردەمی قەیسەری و دامەزراندنی سیستەمێکی ئیشتراکی و لادانی بۆرژواکان لە هەرەمی دەسەڵات و لێسەندنەوەی زەویوزارەکان لە فیۆدال و دەرەبەگەکان.
ڕۆمانی دایک، پاڵەوانەکەی ژنێکە لە چلەکانی تەمەندایه، خەبات دەکات و تێدەکۆشێت لە پێناو کوڕەکەی، لەپێناو چەمکی یەکسانی و دادپەروەری، لەپێناو هەموو کرێکاران. ئەو کرێکارانەی تەنها وەک ئامرازی کارکردن و بەرهەمهێنان و ئامێری کارکردن سەیردەکرێن و ماف و کەرامەت و مرۆڤبوونیان پێشێل دەکرێت.
کەسایەتی دایک وەک پاڵەوانی ڕۆمانەکە و کارەکتەری سەرەکی ڕووداوەکان، هێما و ئاماژەیە بۆ ڕاپەڕینی ڕووسییەکان لە دژی سیستەمی قەیسەر و حوکمی بۆرژوازی و دەرەبەگایەتی و ڕۆیشتن بەرەو قۆناغی ئیشتراکییەت.
ڕۆمانی دایک، باس لە سەختی و نەهامەتی ژیانی کرێکاران دەکات لەژێر قامچی فەرمانڕەوایەتی قەیسەر.
ئەو چینە هەژارەی لەلایەن چینی باڵادەستی بۆرژواوە دەچەوسێنرێنەوە و بە کوڵەمەرگی دەژین.
پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە(پلاگی) دایک و (پاڤێل)ی کوڕەکەیەتی. پێلاگی دایکێکی خۆڕاگر و ئارام، توانی بەرگەی ئەو هەموو چەوساندنەوە و ئازار و شەڕەی هاوسەرەکەی بگرێت، بەرلەوەی بمرێت.
هاوسەرەکەی، لوتکەی نێرسالاری و ئایکۆنی دڵڕەقی و نموونەی ستەمکاری بوو.
پیاوێک، بەوپەڕی ڕەقی لەگەڵیدا هەڵسوکەوتی دەکرد. پلاگی تاقە ئومێدی لە ژیان، پاڤێل بوو. پاڤێل دایکی زۆر خۆش دەویست. پاڤێل و هاوڕێکانیشی تاقە ئومێدی کرێکارەکان بوون. ئەو کرێکارانەی دەچەوسێنرانەوە و لە بەیانی تا ئێوارە کارێکی زۆریان پێ دەکرا لەبەرامبەر نرخێکی کەم.
پلاگی، دایکێکی نموونەیی و قوتابخانەیەکی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لە پێگەیاندنی پاڤێل. ئەو دایکەی بەردەوام هانی پاڤێلی کوڕی دەدا بخوێنتەوە و کار بکات و لەگەڵ موعاناتی خەڵک بژیت و یارمەتییان بدات و پشتیوانی کرێکاران بکات و هۆشیارییان بداتێ و لە هەوڵدان نەوەستن تا دەگەن بە ئاواتەکانیان. ئەو دایکەی کوڕەکەی و کرێکارەکانی فێری ئەوە دەکرد، تا ستەم هەبێ، دەبێ هێزێکیش هەبێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ستەمە. ئەو هێزەیش(پاڤێل و هاوڕێکانین). ئەوان دەبێ بە گژ ستەمدا بچنەوە و لە بەرامبەر چەوساندنەوەدا چۆک دانەدەن و خۆڕاگربن، داوای مافەکانی خۆیان بکەن، بە دڵنیاییەوە دواڕۆژ هەر بۆ ئەوانە.
دایکێک، هەمیشە هانیدەدان گەشبین بن و یارمەتی دەدان لە بڵاوکردنەوەی ئەو بڵاوکراوانەی کە تایبەت بە هۆشیاری چینایەتی و هاندانی کرێکاران بوو بۆ بێدەنگ نەبوون له مافەکانیان،
لە جیاوازی چەوساندنەوەی چینایەتی لەلایەن دەسەڵاتی قەیسەری ڕووس.
دایکێک نموونەی چاونەترسی و خۆڕاگری. ئەو
نە هەڕەشە و نە شکەنجە و زیندان، هیچ شتێک سلی پێ ناکاتەوە له پڕەنسیپی مرۆڤایەتی و بەهاکانی ژیان.
سەرەڕای گرتن و زیندانیکردن و ئازاردانی کوڕەکەی، ئەو هەر کۆڵ نادات لە هەوڵ و خەبات لەپێناو بەدیهێنانی خەونی هەژاران و ئاواتی کرێکاران و نەهێلانی جیاوازی چینایەتی و لە ڕەگدەرکێشانی دڕکی ستەم و بەرپاکردنی تۆوی دادپەروەری و بنەماکانی دادپەروەری.
پێلاگی، لەو شاکارە مەزنەدا ڕۆڵی ئافرەتێکی تێکۆشەری بەرجەستەکردووە. ئافرەتێک، تێدەکۆشێت لەپێناو مافی هەژاران و کرێکاران و مافخوراوان لە کۆمەڵگەی ئەوسای ڕووسیا و لەژێر چەپۆکی حوکمی قەیسەر.
ڕۆمانی دایک، باس لە گرنگی فێربوون و ڕۆڵی ڕۆشنبیری دەکات لە هۆشیارکردنەوەی تاک و گۆڕانکاری لە کۆمەڵگە، بۆ گۆڕانکاری و بەرەو باشتر.
پاڤێڵ ڤلاسۆڤ، پاڵەوانی ڕۆمانی(دایک)، شۆڕشێکی هۆشیاری و کودەتایەکی ڕیشەیی لە فیکر و کولتوور و دیدەنیگای کۆمەڵگە بەرپا دەکات.
پلاگی نیلۆڤنای دایکیشی پشکی شێری بەردەکەوێ لەو شۆڕشەی کە پاڤڵ فتیلی ئاگرەکەی داگیرساند.
دایکێک، بڕیاردەدات بێتە بەرەی کرێکاران و مافخوراوان و پشتیوانی بزووتنەوەی جەماوەری چەوساوە و چینی بەشخوراو بکات، لە دژی بۆرژوا و جووتیار و دەرەبەگە گەندەڵەکان، لەپێناو بڵاوکردنەوەی دادپەروەری و یەکسانی.
چیڕۆکی ڕۆمانی(دایک)، بە ژیانی خانەوادەیەکی هەژار و
بە کەسایەتی میکائیل ڤلاسۆڤ دەستپێدەکات.
پیاوێک، بەردەوام سەرخۆش، دڵڕەق و سروشت توند و چەوسێنەر و سەربەکێشە. پیاوێک، جگە لە جوێن و زمانزبری، هیچ شێوازێکی تر لەگەڵ هاوسەرەکەی پەیڕەو ناکات. لێدان و ئازاردانی هاوسەرەکەی، بەشێکی تری ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەی میکائیلە. ئەو لە کارگەیەک کاردەکات، پلاگی لەکارگەیەک کاری قورسی دەستی دەکات لە پێناو دابینکردنی بژێوی ژیان و پارووە نانێک.
دواتر میکائیل ڤلاسۆڤ لە ناکاو دەمرێت. دوای مردنی باوکی، پاڤێڵی چواردە ساڵ دەرفەت دەقۆزێتەوە و لاسایی ژیانی باوکی دەکاتەوە و هەمان شێوەی باوکی دەست دەکات بە نۆشینی مەی و هەڵسوکەوتی ڕەق و ناشرین لەگەڵ پلاگی دایکی.
دایکی پێی دەڵێ “تۆ نابێ توخنی مەینۆشین بکەویت. باوکت لە بری تۆش مەی خواردەوە و پێکی ئازاری بە من چەشت، تۆ لەگەڵم نەرم بە. ” پاڤێڵ دوای تاقیکردنەوە و ئەزموونکردنی چەندین شێواز و ڕێگای هەڵە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی ژیانی هەرزەکاری و بەڕێکردنی ئەو دۆخەی تێیدایه، لەو توونێلە تاریکەی ژیان دێتەدەرەوە و سەر لە ڕێگایەکی تر دەردەکات. ڕێگایەکی جیاواز. ڕێگای هەوڵدانی تێگەیشتن لە ژیان و زانینی هۆکاری ئەو نەهامەتی و موعاناتانەی خۆی و باوکی بەرلەخۆی و کرێکارەکان تێیدا دەژین. ئەو، ئیتر لە بری ئەوەی بڕواتە جیهانی مەی و مەستیی، تا خەمەکانی لەبیر خۆی بباتەوە، بڕیار دەدات بە دوای بەدەستهێنانی زانیاریدا بگەڕێت لە بارەی سەرچاوە و هۆکاری ئەو ئازارەی خۆی و کرێکارەکان.
پاڤێڵ، ماوەی دوو ساڵ ژیانێکی گۆشەگیر و ڕاهیبانە دەژیت، لە کارکردن دەگەڕێتەوە و لە ژوورەکەی خۆی دوورەپەرێز و تەنیا دەژیت، تا بە تەنها کاتی خۆی بە خوێندنەوەی ئەو پەرتووکانە بەسەر ببات، کە پلاگی دایکی پێی دەگوتن”پەرتووکە قەدەغەکان”.

ئەو پەرتووکانەی باس لە ئیشتراکییەت و داوای شۆڕش دەکەن. پاڤێڵ بەو بڕوایە دەگات: ئەگەر بمانەوێت لەو نەهامەتی و ئازارەی هەژار و کرێکاران تێبگەین، دەبێ سەرەتا تێیانبگەیەنین و هۆشیاریان بکەینەوە تا لەو ستەم و چەوسانەوەیەی جیاوازی چینایەتی ڕزگاریان بێت. دەبێ سەرچاوەی ئەو ئازار و موعاناتانەیان پێ بڵێین. دایکی لەو ماوەیەدا زۆر چاودێری کوڕەکەی دەکرد و دەترسا پاڤێل دەست بۆ کارێکی ترسناک ببات و تووشی سەرئێشە و کێشە ببن.
پاڤێل دواتر و دوای ئاشکرابوونی ڕێکخراوە نهێنییەکەیان لەلایەن دەوڵەتەوە، کاتێک دەزانێ دەگیرێت، بە دایکی دەڵێت”پێویستە نیگەران نەبیت بە گرتنی من دایکە، بەڵکو دەبێ دڵخۆش بیت. ئەی خوایه دەبێ کەی ئێمە دایکانێکمان لەناو دروست بێ، دڵخۆش بن لەوکاتانەی کوڕەکانیان دەنێرن بۆ مەرگ لەپێناو مرۆڤایەتی؟”.
پلاگی، ژنێکی نەخوێندەواربوو و نەیدەزانی کوڕەکەی چ کتێبێک دەخوێنێتەوە و خەریکی چییە لە ژێرەوە و لەو کۆبوونەوانەی لە ماڵەوە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج و کرێکار دەیکات، باسی چی دەکەن. بەڵام هەستی دەکرد کوڕەکەی خەریکی کارێکە، بە هۆیەوە خۆی دەخاتە داوی کێشەیەکەوە، لە کۆتاییدا سەری دەخوا و ژیانی دەبێتە قوربانی. وەلی ئەو لەو موعانات و ئازارانەی پێشووتر لەگەڵ میکائیلی هاوسەری چەشتبووی، فێری هونەری بەرگەگرتن و ئارامی و دانبەخۆداگرتن و خۆڕاگری ببوو. دواتر بۆی ئاشکرا دەبێت کوڕەکەی کۆمەڵەیەکی نێهێنی شۆڕەشگێری بۆ کرێکاران دامەزراندووە و لەژێرەوە خەریکی چاڵاکین بۆ هۆشیارکردنەوەی کرێکارەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی جیاوازی چینایەتی و دەسەڵاتی دەرەبەگ و بۆرژواکان. دایکی سەرەتا، بەرهەڵستی ئەو کارەی پاڤێل دەکات و ترسی ئەوە دایدەگرێت، کوڕەکەی بە هۆی ئەو کارە سەرکێشی و ترسناکەوە تووشی کێشە و ئازاری زۆر ببێتەوە. بەڵام دواتر قەناعەت دەکات و دێتە ڕیزی کرێکاران و چەوساوەکان و لە دژی سیستەمی دەرەبەگایەتی و حوکمی بۆرژوازی، لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێلانی چینایەتی خەبات دەکات. دوای گرتنی پاڤێل و زیندانیکردنی، پلاگی دایکی ئەرکەکە دەگرێتە ئەستۆ و چاڵاکییەکان ئەنجام دەدات و ڕێکخراوەکە بەڕێوە دەبات. ڕۆمانی(دایک)، کتێبی پیرۆزی چینی چەوساوە و ئینجیلی ئومێدی کرێکارانە، مانیفێستی هەژارەکان و ڕۆحی شۆڕشە. دایک، وەرگیراوی کۆمەڵێک ڕووداوی واقعییە. ئەو ڕووداوانەی کە دواتر دەبن بە هەوێنی شۆڕشی بەلشەفییەکان و دروستبوونی دەوڵەتێکی بە ڕووکەش ئیشتراکی.
دایک، ڕووماڵی دۆخی ژیانی کرێکارەکان و موعانات و چەوساندنەوەیان و ئەو ناخۆشییانەی لە کارکردنیان ڕووبەڕوویان دەبوونەوە دەکات. دایک، باس له ڕۆڵی کرێکارەکان دەکات لە شۆڕشی ڕووسیا. ئەو کرێکارانەی جۆرەها شێواز دەچەوسێنرانەوە و ستەمیان لێ دەکرا و پێڕەوی جیاوازی چینایەتییان لەگەڵ دەکرا، لەلایەن ئەو توێژە بۆرژوایەی جلەوی حوکومڕانی بە دەستەوەبوو و هەموو سامان و زەویوزارێکی دەست بەسەرداگرتبوو و تەنها کۆمەڵێکی کەم لە دەرەبەگ و بۆرژوا لێی سوودمەند دەبوون و تەواوی خەڵکیش لەوپەڕی هەژاریدا دەژیان.
دایک، بەرجەستەکەری ئەو واقیعە تاڵەی کۆمەڵگەی ڕووسی و ژیانی کرێکارە چەوساوەکان و شۆڕشەکەیان لە دژی حوکمی بۆرژواکانە. کۆمەڵگەیەک، جیاوازی و چەوساندنەوەی چینایەتی لەوپەڕی دابێ و گۆرگی گوتەنی” برسییەتی چاوی هەندێکی کوێرکردووە و هەندێکی تریش زێڕ کوێری کردوون”.
ئەو کرێکارانەی لە دوای ماندووبوون لە کارکردن، دەڕۆنە باڕ و خۆیان لە ئازاری ژیان و هیلاکی کار مەست دەکەن و تۆزەک له خەمەکانیان دووردەکەونەوە و دواتر باسی هەموو ئەو چەوساندنەوە و جوێنپێدان و ناخۆشی و سووکایەتی و ئازار و نەهامەتییانە دەکەن کە لە لایەن خاوەن کارگە و کارەکان ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
گۆرگی لەو شاکاره مەزنە، زۆر سەرنج دەخاتە سەر خوێندن، چونکە خوێندن نەوەیەکی ڕۆشنبیر و شارستانی و تاکێکی هۆشیار دروست دەکات. نەوەیەک، هەمیشه لەپێناو خەون و ئامانج و مافەکانی بجەنگێت و کۆڵ نەدات.
چەند دێڕێک لە بارەی نووسەر
ئەلیکسی مەکسیم گۆرگی: نووسەر لە ساڵی١٨٦٨ لە ڕووسیا لە دایک بووە، دامەزرێنەری قوتابخانەی واقعی ئیشتراکییه لە وێژەدا، هەڵگری ڕوانگەیەکی چەپ بوو. گۆرگی بەرجەستەکەری ڕوانگەی مارکسیزمە له ئەدەب. لە تێڕوانینی ئەو، ئەدەب لەسەر چاڵاکی ئابووری دروست دەبێت و کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە پێویستە ئەدەب لەپێناو کۆمەڵگە تەوزیف بکرێت. گۆرگی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە ڕەخنەی شۆڕشی بەلشەفییەکان و لینین و ترۆتسکی دەکرد، بە هۆی ڕەخنەکانیەوە، لینین هەڕەشەی کوشتنی لێ کرد. دوای لینین، ستالین گۆرگی بە هۆی ڕەخنەکانیەوە خستە ژێر مانەوەی بەزۆری(الإقامة الجبريّة).
گۆرگی لە ساڵی١٩٣٦ بە یەکجاری چاوەکانی داخست و دڵەگەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی له ژیان کرد.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress