Skip to Content

چیرۆک\ هاوڕێ جنۆکەکانی پێش نانی بەیانی.. سندی

چیرۆک\ هاوڕێ جنۆکەکانی پێش نانی بەیانی.. سندی

Closed
by ئاب 21, 2024 General, Literature

لەژێر پەرچەمی خواروخێچ بڕاوی ئەسپێیەک دێتە سەر نێوچاوانی و دەگەڕێتەوه ناو پرچی، دەیخورێنێ. کارم بە کاتەوە نییە، تا گەیشتمە ئێڕە بە نووکی پێیەکانم بەردێکم بەپێش خۆم دابوو. چەند ڕۆژێکە کاتژمێرەکەی دەستم کڕیوه. کە کڕیم، تا گەیشتمەوە ماڵەوە قووتییەکم بەپێش خۆمدا. خۆم داهاتم کەمە، بەس پێموایە هەر پارەیەک لە گیرفانم دابێت زیادەیە، بۆیە زوو خەرجی دەکەم. خەرج کردنی پارەی زۆر، دڵخۆشم دەکات. نازانم بۆ سەیری دەکەم، هێشتان ماویەتی بۆ حەفت. کەسێک تێدەپەڕێ و لە دواوەی دەستی شۆڕکردوەتەوە ناو پانتۆڵی و قوونی دەخورێنێ. قاقای دێ، کابرا ئاوڕ دەداتەوە و بە مۆڕەیەکەوە لێمان دەڕوانێ و دەڵێ پێویستە باشتر پەروەردەی بکەی. ناڵێم هیی من نییە. دەستی دەخاتە سەر دەمی و لێم دەڕوانێ، دەبینم ئەسپێیەک لەژێر نینۆکی پڵیشاوەتەوە و سەری پەنجەشی بووەتە خوێن. لووتی بە قۆڵی دەسڕێ و بزەم دێ، دەڵێم خەریک بوو بەم بەیانییە کێشەیەک دروست بکەیت! لە گیرفانی میزراحێک دەردێنێ و دادەنوێت، لەسەر زەوی دەیخولێنێتەوە. بێچووە چۆلەکەیەک بەردەبێتەوە نزیکمان، چەند چۆلەکەیەکیش بە جریووەجریو بەدەوریدا دێن و دەفڕن، کە دەیبینێ شوێنی دەکەوێ.

حەفت لایداوە. بە نووکی پێیەکانم کارتۆنێکی جلی ژێرەوەی پیاوان بەپێش خۆم دەدەم و چەند هەنگاوێک دەڕۆمە ئەولاتر، ئێستا هەم لەسەر شەقامە سەرەکییەکەم و هەمیش تەواوی کۆڵانەکەم لێ دیارە. لەسەر دیواری بەرانبەرم دەیخوێنمەوە (عەشق و کۆشک و هەسپ هیی دەوڵەمەندەکانە، هەژارەکان یان چەتەن یان پاسەوان.) تفێک ڕوودەکەم و لە دواوەم دەنگێک دێ، ئاوڕ دەدەمەوە، دەمووچاوێکە ڕەنگە دووهەزار لۆچی هەبێ، سپییەتی چاوی تەواو زەرد بووە و لێوەکانی مۆرن، لەسەر لووتی زیوانی ڕەشی زۆرە. تیشکی ڕۆژ، لەسەر پێستی باینجانی بریسکە دەداتەوە. جغارەی بە لالێوی شۆڕبووەتەوە و زارێکی لەدەستە، هەڵی دەداتە ئاسمان و دەکەوێتەوە ناو لەپی.
ببورە تێنەگەیشتم؟
ئەوەی لەسەر دیوار، چی نووسراوە؟
ئەها. بۆی دەیخوێنمەوە.
وەک کەسێک کە کێشەی تۆقینی هەبێت و لە خەودا هاوار بکات، هاوار دەکات و زارەکەی لێ بەردەبێتەوە، دەڕوا! تا ون دەبێت لێی دەڕوانم. هەندێک کات حەزدەکەم هەمووان لە باوەش بگرم، نەخۆش و دەردەکانیان، شێت و جنۆکەکانیان، برسی و قوڕەی سکیان، منداڵ و خەونەکانیان، دەوڵەمەند و هەستە ساردەکانیان، بەڵام باوەشی من جێگەی هەموویانی لێ نابێتەوە. چاوم دەکەوێتە سەر حاویەیەکی زبڵ، نارنجییە. حەفت حاویە لەم ناوەدا هەیە، ئەگەر هەموویان کۆی ژمارە هەشتاو یەکی ناو لەپی چەپم بکەم، دواتر کۆی ژمارە هەژدەی ناو لەپی ڕاستم… ڕەوێک سەگ پەیدا دەبن! دەحەپێنن و بۆم دێن. ڕادەکەم…

لە سەردەمی برسییەتی، کەمێک دوای خۆرهەڵاتن باوکم چەند خوشکو برایەکی لەدەستدابوون. ئەو منداڵە، ئەوەی ئەسپێی هەبوو، داماوە! منیش کە یازدە ساڵان بووم پیسو پۆخڵ بووم، لاواز و پیسو پۆخڵ، هەندێکجار پێموایە بۆ ئەوە لەدایکبووم تا لە گۆڕستانەکان گوڵی سور بفرۆشم. ئەدی ئەو پیاوەی وەک تۆقیوێک ڕۆیشت… جریووەی چۆلەکەکان! ئاوڕ دەدەمەوە، سەگەکان هێشتان بەدوامەوەن. برا بچووکەکەشم بە هەندێک قسە زوو فرمێسک لە چاوەکانی قەتیس دەبن! هەشتی بەیانی بوو کە پەیوەندیان کرد و گوتیان خوشکە بچووکەکەت گوتوویەتی من بێچووە چۆلەکەم، لە بەرزاییەک خۆی هەڵدابوو. ناتوانم چیتر ڕاکەم، لەنزیک حاویەی بەردەم چێشتخانەیەک دەوەستم، بە پەنجەم تەنیشت لێوەکانم دەسڕم. کە دەستم دادەنێمە سەر دڵم، کەسێک دەوەستێ و بە بزەوە دەپرسێ،
هەموویان بوونەتە هاوڕێت؟
دەبینم بە چواردەورمدا کلکە لەقێنە دەکەن.
خێرێکی نەبڕاوەی هەیە ها!
کە ئەوە دەڵێت چاوەکانی گەشتر دەبن. هەناسەبڕکێم کۆنتڕۆڵ دەکەم. دەبەیەک ئاوی پێیە، لێی وەردەگرم و دەستی ڕاستی دەخاتە بەر کەمەری. دوو قومی لێ دەدەم و دەیدەمەوە، قومێکی لێ دەدات. سەری حاویەکە هەڵدەدەمەوە. بەڵێ، بەیانیان پێش خۆرهەڵاتن دێم حاویەکان دەگەڕێم، ئەگەرخواردنیان تێدابێ، دەری دێنم و لەبەردەمیان دایدەنێم.
کیسێک دەردێنم و دەیکەمەوە، ئێسکن. بە ترسەوە دادەنێوم و دایدەنێم. یەکێکیان هەندێک گۆشتی پێوەماوە، بە نووکی پێم کەمێک ڕایدەکێشم و هەڵی دەگرمەوە، تیکەیەکی لێ دەپچڕێنم، دەستێکم دادەنێمە سەر کەمەرم و لێی دەڕوانم، دەڵێم ئەدی کوو خێرەکەی نەبڕاوەیە! سەیری سەگەکان دەکەم و خرمەخرمی ئێسکەکان دەبیستم. تیکە گۆشتەکە دەخەمە دەمم. کە دەیجووم، دەبیستم دەڵێت یەع! دەیبینم بە حەپەساویەوە لێم دەڕوانێت و دەبە ئاوەکە فڕەدەدات و دەڕوا…

نامەوێ هەموو شتێک هەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە، هەندێک لەوانەی جوویتم حەزدەکەم فڕەی بدەمەوە و بڵێم یەع، بەتایبەت ڕقم لە هەشتی بەیانییە، دەمەوێ عەشق و کۆشک و هەسپ و هەژار و چەتە و پاسەوانەکان لەباوەش بگرم، بەڵام دەبێتە کێشەیان، لە باوەشی من جێگەی هەموویان نابێتەوە. با هەڵدەکا، تەپووتۆز بەر تیشکی خۆر دەگرێ، لە بای سەر گژوگیای وشکی گۆڕستان دەچێ، کاغەز و کیسی بەتاڵ ڕاپێش دەکات. وەک کەسێکی تووشبو بە Pseudobulbar affect حیرتەی پێکەنینم دێ و بۆ قووتویەکی بەتاڵ غەمگینترین بزەی پێش نانی بەیانی دەکەم، خۆم گرمۆڵە دەکەمەوە و بە نووکی پێیەکانم بە پێش خۆمی دەدەم.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress