ئاخۆ جەنگو کارەساتە گەورەکە وا بە زوویی دەقەومێت؟! … موزەفەر عەبدوڵا
ئەمە ئەو پرسیارە پڕ لە غەمو حەسرەتەیە کە هەزاران ملیۆن کەس لەم چەند ڕۆژەی توندوبونەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە دڵە ڕاوکەوە لە نێوان خۆیانا کردویانە.
لە ڕوانگەی منەوە وەک کەسێکی ناو ئەوخەڵکە ئاسایی یە، بەر لەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، بەیانی ڕاوهەڵوێستی دژایەتیمە بەرامبەر ئەم جەنگەو زۆربەی ئەو جەنگانەی نەک لەم سی سالە بەڵکو لە سەدەی ڕابردوش قەوماوە.
چونکە هیچ کات ئەو جەنگانە جەنگێک نەوبونە لە نێوان دووبەرەی ئازادیخوازی مرۆڤایەتی و دژی مرۆڤایەتی. جەنگی نێوان چەوساوەکانو چەوسینەران نەبوە .تەنانەت جەنگی جیهانی یەکەمو دوومیش هەر جەنگی نێوان دەوڵەتە سەرمایەداری و ئیمپریالیستەکان بووە بۆ دابەشکاری بەرژەوەندی یە ئابوری و سیاسی یە سەرمایەداریو ئیمپریالیستەکان.
ئیستاش ئەمریکا بە هاوکاری ئیسرائیل وفەرەنساو بەریتانیا و تەنانەت سعودیەش بەرامبەربە روسیاوئێرانو سوریا و هاوپەیمانەکانی تریان، دەیانەوێت گۆڕەپانی شەڕەکە لە سوریا زیاتر فروانتر کەنەوەو ڕاستەوخۆتریش بێت. بیگومانە ئەمەش شەریکی کۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی و نا عادلانەیە .ئەوە راستە کە نەیارەکانی ئەمریکا بە ڕواڵەت نایەوێت شەڕ بکەن بەڵام بە حوکمی ناوەڕۆکە سەرمایەداری و سەرکوتگەری و دژی ئینسانی و ئازادیخوازی یەکەیان تەرەفن لە خۆشکردنی شەڕ .جگە لەوەی جۆرەها چەکی کۆکوژ لە دژی خەڵکی بێتاوان بەکار دەهێنن و ئەمەش دەبێت بە بەهانەیەک بە دەستی ئەمریکاوە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕو بە ڕواڵەت بۆ بەرگری لە خەڵکی بێتاوان.بەڵام ئەمریکاش لەگەڵ هەمو ئەو ئیدیعایەشدا هەر هەقی هەڵگریسانی شەڕی نی یە چونکە شەڕ خۆی لە خۆیدا تاوانە.
جا دوای ڕونکردنەوەی ئەم ڕاو هەڵوێستەمان لە دژی جەنگ با بێینەوە سەر وەڵامی پرسیارەکەمانو هەندێک ڕونکردنەوە بخەینە ڕوو تا بزانین ئاخۆ ئەم جەنگو کارەساتە دەقەومێت یان نا؟
بە ڕای من ئەم جەنگو کارەساتە هێشتا وا بە زوویی ناقەومێت، چونکە :
یەکەم: ئەو هەلومەرجەی کە ئیستا ئەم شەڕی نوێنەرایەتی یەی تیا دەگوزەرێت لەهەمو ڕویەکەوە زۆر جیاوازە لە هەمومەرجی شەڕەکانی پیشوتری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی کە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوو ڕویانداوە.
پێشتر لە گۆشەیەکی تری پرس و را لە وەڵامی پرسیاری بۆ ئەمریکا دەیەوێت هێزی سەربازی لە سوریا بکێشێتەوە ڕاوبۆجونی خۆم دابوو لەمبارەیەوە بەڵام ئیستا لێرەدا بە شیوازێکی ترو کورتر ئاماژەیان پێ دەدەمەوە.
ڕێگری لەوەی هێشتا ئەم جەنگو کارەساتە ناقەومێت ئەوەیە نە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی هەمان جێگاو ڕێگای ئابوری و سیاسی و سەربازی جارانیان هەیە، نە نەیارەکانیشیان. بە تایبەتی دروستبونەوەی چەند دەوڵەتی خاوەن ئابوری و سیاسی و تەکنەلۆژی سەربازی گەورەی وەک ڕوسیاو چینو هیندو زۆری تر کە وا دەکەن ئیتر ئەمریکا نەتوانێت بە ئارەزویی خۆی خەریکی لێدانی عەنتەریات بێت.
دووەم:ڕێگری یەکی تر لەبەردەم دەستەی فەرمانرەوایی ئەمریکا ئەوەیە کە وەک جاران یەکدەست و یەک ستراتیژی سیاسی نیزامی نویی جیهانی و رۆژهەڵاتی نوی و سەربازی نین وەک کاتی جەنگەکانی کەنداو ئەفغانستان و عیراق و، تەنانەت لیبیاش لە ساڵی ٢٠١٢، کە قەزافیان ڕوخاند.لەو جەنگانەدا نەک هەر دەستەی فەرمانڕەوا لە حزبی کۆماری بە زۆرایەتی دەنگ هاوڕابون لەسەر جەنگەکان بەڵکو بەشی زۆر سەرانی حزبی دیموکراتیش هاوڕاییان هەبو لەسەر کردنو نەکردنی شەڕ.
بەڵام ئێستا لە دەستەو ئیدارەکەی ترامپ خۆی دژایەتی زۆری دەکرێت دژ بە جەنگ.ئەمە جگە لەوەی خودی ترامپ لەناو خۆیانا وەک گەمژەیەکی سیاسی ناسراوە کە نەک هەرکەمترین شارەزایی لە پرسی جەنگ نی یە بەڵکو لە دونیای سیاسەتیش وەک سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتو نی یەو حیسابیشی بۆ ناکریت . ئەمە قسەو تۆمەتێک نی یە بۆی هەڵبەسترابێت بەڵکو ڕەخنەو سەرنجی خودی خۆیانە.قسەکانی دوێنی لەگەڵ ڕاوێژەکارە سیاسی و سەربازی و ئەمنی یە باڵاکانی ئەم نا سیاسی بونە هەمەلایەنەیە دەسەلمێنێت.خۆ هەرچەند کرداری سەرەڕۆییانەو سەرشێتانەی ناوەخت لە سیاسەتمەداری وا دەوەشیتەوە.بەڵام ترامپ نە بۆشی باوکو کوڕەو نە کلینتۆنو ئۆباماش.
سێهەم:خۆ ئەگەر ئەمجارەش ئەمریکاو هاوکارەکانی دەسوەشاندنێکی سەربازی لە چەند شوێنێکی ستراتیژی ئابوری و سەربازی و سیاسی ڕژێمی سوریا ئەنجامبدەن و وێرانیشی بکەن ئەوە نە بە تەواوی ئەو ڕژێمەی پێ دەڕوخێت و نە یەکسەرەش شەڕە گەورە ڕاستەوخۆکەی نێوان زلهێزەکان هەڵدەگیرسێت.
بە رای من، وای دەبینیم ،هێشتا کاتی هەڵگیرسانی شەڕە گەورەکە نەهاتوەو چەند ئاڵقەی ماوە ئەم زنجیری پەیوەندی یە سیاسی و دیبلۆماسی یەی نێوان ئەم زلهێزانە بێتەوە یەکو ببەسترێت. کە بەسترا ئەوکات ئەگەر ئەمریکاش نەیقەومێنێت ئەوە ڕوسیا دەیقەومێنێت.بە مانای ئەوەی ئیتر ئەوە ڕوسیاو هاوپەیمانەکانی دەبن کە لە هێزی ئەمریکاو فەرەنساو ،تەنانەت تورکیاش بە گورزی سەربازی تاکتیکی ،ناچاربە دەرپەڕاندیان دەکەن. ئەوکات ڕەنگە شەڕە گەورەکە بقەومێت ڕاستەو خۆ لەنێوان ئەو زلهیزانەو ،تەنانەت گۆرەپانی جەنگەکەش گەورەتر بێتەوە بۆ زۆر ووڵاتانی تری ناوچەکەوتەنانەت دونیاش بگریتەوە.بەڵام ئەمەش حەتمی نی یە.
چوارەم: هۆکارو ڕێگری یەکی بابەتی و دەرەکی دەرەوەی ویستی شەڕکەرەکان هەیە کە ڕودانی حەتمی نەبیت .ئەوەش بونی بەرەی ئازادیخوازی و ئینسانی دژی جەنگە لە ناو کۆمەڵگاکانی دونیادا.ئەمەش وێرای دژە هەوڵێستی جەنگی هەزاران ملیون خەڵک هاوکات بەرجەستە بۆتەوە لە سیاستی هەزاران حزبو ڕێکخراوی چەپ و کرێکاری و دژی جەنگ و ئینساندۆست لەهەمو ووڵاتەکانی دونیادا.تەنانەت زۆر دەوڵەتی دونیا کە سەرمایەداریشن خود بە خود دژی جەنگن و تەنانەت دژی هەردو لایەنی ئەم جەنگەن .وە لەو بڕوایەدام ئەگەر ببێت بە جەنگێکی جیهانیش مەرج نی یە هەمو دەوڵە سەرمایەداری یەکان ببنە لانگری لایەک. ئەمە لە جەنگی یەکەمو دووەمی جیهانیش هەر وابوو.زۆر ووڵاتو دەوڵەت خۆیان پاراست لە تێوەگلانیان بە جەنگ جا بە هەر هۆیەکەوە بوبێت.
ئەوە دروستە کە جەنگ درێژبونەوەی سیاسەتە بە شێوەی توندوتیژی و سیاسەتی چینی باڵادەستی ئەمڕۆش بەهۆی توش بونی بە قەیرانیکی ئابوری قوڵی سەرمایە بە ناچاری جەنگ دەکاتە یەکێک لەهەرە پێویستی یەکانی قەرەبو کردنەوەی قەیرانەکەیو خوڵقانی کارەساتی ئینسانی ، بەڵام لەگەڵ ڕاستو دروستی ئەم تیوری یەشدا هێشتا زەمینەکانی ئەم شەڕو کارەساتە کە گومانی لێدەکرێت لەم ڕۆژانە ڕوبدات، لەهەمو ڕویەکەوە نەرەخساوە لە نێوان دەوڵەتو باڵە ناکۆکەکانی بۆرژوازی لە ئاستی جیهان.
کاتێک زەمینەکە لەهەمو ڕویەکەوە رەخسا ئەوە کاتە نەک بەکار هێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ئەسەدەوە وەک بەهانەیەک بەڵکو ڕەنگە کوشتنی یەک سەربازیش ببێتە بەهانەو هۆی ڕودانی شەڕو کارەساتەکە.
١٣-٤-٢٠١٨
موزەفەر عەبدوڵا