بەراورد.. کەنعان مدحەت
Closed
تەوق و زنجیرەکانی پێم
بە پەلکی هیچ شۆخە کچێ ناگۆڕمەوە
ئەمان لە باتی قردێلە و
بۆن و
خەون و خەیاڵ ..
لە گونجی کەلاوەی دڵما
وێنەی هەمە چەشنە دەبەخشنە
هۆنراوە چاو بە فرمێسک و خۆڵەمێشییەکانم
دڵنیام لەوەی کە ،
بە کۆڵە شیعر ئەم بەندیخانەیە تێ ئەپەڕێنم
لە داهاتووی ئاشناتر بە تریفە
لێکەوتەکانی ئەشکەنجە
بۆ سەماکەرانی زەماوەند شی دەکەمەوە
توانای هزری و
خەونی ..
لێ بڕێسن و یادمکەنەوە
ئەم هەمو ئارایشە نمایشکراوانە
بە دوێنێمەوە نامبەستن
هەراسانی و
ئێستای پەرشوبڵاوم
گەرچی خەوم لە چاو دەدزن
مەیلی سەرلەنوێ بە گر خۆ هەڵواسینم
پێ پوچ ناکەنەوە
ئەم تەمەنە ،
با هەر تارمایی بڕێسێ
دەسەڵات لە دارێشتنی کۆیلایەتی
خۆ نەکێشێ
حەوسەلەی سبەینێم لە هەر حوکمی درێژترە
گای ئەم گۆڕەپانە هەر ئەدەم بە عەرزا
بە کاژێر بڵێین لەو دووڕیانەدا
لە سەراسوێ نەکەوێ و ئامادەی
بینینم بێ