مه‌ترسییه‌كانی ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن نه‌وت- (به‌شی یه‌كه‌م)- … تێری لێین كارڵ
وردبوونه‌وه له پارادۆكسی زۆری (*)
تێری لێین كارڵ
له عه‌ره‌بییه‌وه : نه‌ژاد عزیز سورمێ
(به‌شی یه‌كه‌م)
ئاماژه‌یه‌ك له وه‌رگێڕه‌وه
( تێری لێین كارڵ Terry Lynn Karl پرۆفیسۆری ئه‌مه‌ریكایی بواری زانسته سیاسیه‌كان ، 21ی نۆڤێمبه‌ری 1947 له‌دایك بووه . ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كاتی خۆی ساڵی 2007 له لایه‌ن – په‌یمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی عێڕاق –كه‌خوالێخۆشبوو نووسه‌ری ناسراو فالح عه‌بدولجه‌ببار سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد كراوه به عه‌ره‌بی و وه‌كات له به‌غدا و هه‌ولێر و بێرووت بڵاوكراوه‌ته‌وه .
نووسه‌ر له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یدا به ڕاشكاوی باسی گرفته په‌نهان و ئاشكراكانی نه‌وت ومه‌ترسییه‌كانی له وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت ده‌كا كه چۆن ئه‌گه‌ر پسپۆری دڵسۆز و لێزانی حیكمه‌تدار له پشت ئیداره‌دانییه‌وه نه‌بن له باتی خێر ده‌بێته به‌ڵا به‌سه‌ر خودی ده‌وڵه‌ته‌كه‌وه و نه‌ك هه‌ر گه‌شه‌ی ده‌وه‌ستێنێ یا دوای ده‌خا ، به‌ڵكو ده‌یخاته ژێر باری قه‌رزی قورسیشه‌وه ، له‌م بواره‌شدا نموونه و داتای حاشاهه‌ڵنه‌گر و هه‌ندێ جار به‌ڵگه‌نه‌ویست دێنێته‌وه به‌تایبه‌تی له ده‌وڵه‌ته دواكه‌وتووه‌كاندا .
به‌هۆی گرینگی لێكۆڵینه‌وه‌كه و بۆ به‌رچاوڕوونی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به پێویستم زانی بیكه‌م به كوردی ، ده‌نا ڕه‌نگه بابه‌تی له‌م چه‌شنه كاری ئابووریزانان بێ تا خوێنه‌ر و به‌دواداچوویه‌كی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر . )
وه‌رگێڕ
با بیر و خه‌یاڵمان بگه‌ڕێنینه‌وه ساڵانی 1973 و 1974 كه نرخی نه‌وتی خاو چوار هێنده به‌رز بووه‌وه و یه‌كه‌مین قه‌یرانی وزه‌ی له جیهاندا دروست كرد .
سامانێكی بێسنووری هێنا ، تاكه سامان بوو بێ شه‌ڕ وه‌ده‌ست بێ و كاری كرده‌نی له سیسته‌می جیهانیدا بكا ، پێشبینی ناقۆڵا له‌باره‌ی توانای شێردراوهی زۆربوونی سامانی وڵاتانی
نێرده‌كاری نه‌وتیش هاته گۆڕێ . (1)
له كاتێكیشدا وڵاتانی پیشه‌سازی شڵه‌ژا بوون و ئارامیان له‌به‌ر بڕا بوو له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بادا ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تانی نێرده‌كاری نه‌وت( ئۆپێك) ببنه گه‌وره‌ترین دراوگۆڕهوهی به‌هێز له جیهاندا (2) ، وڵاتانی نێرده‌كاری نه‌وت له خوماری خۆشییدا بوون ، له‌و بڕوایه‌دا بوون خۆشگوزه‌رانی ژێرخانێكی به‌رده‌وامیان له ئابووری پاش نه‌وت بۆ مه‌یسه‌ر ده‌كا ، هه‌روه‌ها بۆ هێزی تژیی له‌كار ( زاڵ بوونی ته‌واو به‌سه‌ر بێكاریدا) و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌قامگیری سیاسی .
به كورتی وایان لێكدایه‌وه ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه هه‌ل بۆ نێردهكارانی نه‌وت ده‌ڕه‌خسێنێ بگه‌نه‌وه وڵاتانی جیهانی یه‌كه‌م ( وڵاته پێشكه‌وتووه‌كان) .
به‌م جۆره ده‌بینین شای ئێران په‌یمانی به گه‌له‌كه‌ی دا (( شارستانییه‌تێكی مه‌زن)) یان بۆ بنیات بنێ ، له كاتێكدا سه‌رۆكی فه‌نزه‌وێللا ، كارلۆس ئاندریاس پیریز پێشبینی (( فه‌نزوێللای مه‌زن))ی له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كرد ، پیرز پێی وتم : (( ڕۆژگارێك دێ به‌م نزیكانه ئه‌مریكاییه‌كان ئۆتۆمبیلی وا داژۆن كرێكارانی ئێمه له كارگه نوێیه‌كانی فه‌نزه‌وێللا بهتامپۆنپارێزی ئه‌له‌منیۆمیی فهنزوێللایی و به سووته‌مه‌نی نه‌وتی خۆمان به‌رهه‌میان هێناوه ، ئه‌و ده‌مه ته‌واو وه‌ك ئێوه‌مان لێ دێ)) (3)
پاشان ده‌ركه‌وت ئه‌و پێشبینی و ڕه‌مڵ لێدانانه ، له داڕشته‌یه‌كی نوێی (( ئه‌فسانه‌ی میداس)) زیاتر نه‌بوون . دوای تێپه‌ڕینی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك به‌سه‌ر جۆش و خرۆشی نه‌وتیی ده‌یه‌ی حه‌فتاكان ، له‌گه‌ڵ بوونی دوو قه‌ڵه‌مبازی گه‌وره له نرخی نه‌وت له ده‌یه‌ی نۆههتهكانیشدا ده‌بینین زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی نێرده‌كاری نه‌وت له قه‌یراندا گینگڵ ده‌ده‌ن ، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به ده‌ست كه‌می سه‌رمایه‌وه ده‌ناڵێنن (4) .
ئه‌و وڵاتانه دووچاری ته‌نگه‌تاوی و داڕمانی به‌رهه‌م و هه‌ڵاتنی سه‌رمایه و دابه‌زینی توانا و زیاد بوونی هه‌ڵئاوسان (به ژماره‌ی ده‌یی) و زیاد بوونی خه‌یاڵیی به‌های دراو و كورتهێنانی بودجه و دیارده‌ی دی له‌و بابه‌ته بوونه‌وه .
ئیدی وای لێ هات زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه په‌له بكه‌ن له هێنانی سه‌رمایه‌ی بیانی بۆ پرۆژه‌ی هاوبه‌ش كه پێشتر وه‌ختی خۆماڵیكردنی نه‌وت له حه‌فتاكاندا به دوایی ڕه‌تیان ده‌كرده‌وه .
گه‌یشته ئه‌وه‌ی شینگی ئابووری وڵاتانی نێرده‌كاری نه‌وت بێ تاوتر ده‌بوو به چه‌شنێك
پشتبه‌ستن به نه‌وت و قه‌رز به ئاستێك به‌رز ببێته‌وه زیاتر له ساڵانی به به‌ره‌كه‌تی نه‌وتاوی .
له‌و ڕاسته‌دا سه‌قامگیری سیاسی چه‌سپاوی خۆیشی له‌ده‌ست دا ، زۆر له‌وڵاتانیش ، له نایجیریا تا فه‌نزوێللا و ئه‌نده‌نووسیا وجهزاییر ناكۆكی و خۆپیشاندان و شڵهژانیشیان به‌خۆوه بینی ، ته‌نانه‌ت شه‌ڕی ناوخۆیش خه‌ریك بوو هه‌ڕه‌شه‌ی له دانیشتووانی ده‌وڵه‌تانی ئۆپێك ده‌كرد .
وه‌ك چۆن زێڕیش له ئه‌فسانه‌ی مه‌لیك میداسدا له‌گه‌ڵ ئه‌و هیوایه گه‌وره‌ی به خۆشگوزه‌رانی بۆ وڵاته‌كه‌ی پێ هه‌ڵچنی بوو ، ژیانی لێ تێك دا ، نه‌وتیش به‌و ڕه‌نگه سێبه‌ری ڕه‌شی به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا گرت ، یان با بڵێین هه‌موو شتێكی نه‌وتاوی ( Petrolize ) كرد.
ئابووری نه‌وتاوی ده‌كا ، سیاسه‌ت نه‌وتاوی ده‌كا ، هه‌موو شتێك له‌و وڵاتانه نه‌وتاوی ده‌كا .
حاڵ به‌وه گه‌یشت یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی ڕێكخراوی ئۆپێك ، خوان پابلۆ بیرێز ئه‌لفۆنسۆ بڵێ (( نه‌وت له گووی شه‌یتان زیاتر نییه ، ئێمه خه‌ریكه له پاشه‌ڕۆی شه‌یتان نقوم ده‌بین )) (5)
ئه‌وه‌یه كه ناوی لێ ده‌نێم (( پارادۆكسی – (سه‌یرایه‌تی) زۆری)) ، ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كه سه‌رسڕمان لای لێتۆژ و سیاسه‌تكاران پێكه‌وه ده‌ورووژێنێ (6). چونكه لۆژیك ده‌ڵێ تێكه‌وتنی وڵاتانی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت له قۆرتی ته‌نگژه‌یه‌كی توندی ئابووری و سیاسی جێی سه‌رنج و سه‌رسڕمانه – وڵاتی لێك جودان وه‌ك فه‌نزوێللا و ئێران و نایجیریا و جه‌زاییر و ئه‌نده‌نووسیا – ئه‌م وڵاتانه كه ته‌واو لێك جودان بكه‌ونه سه‌ر هه‌مان دووڕیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جیاوازییه‌كی زۆریان هه‌یه كارێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره و لێكدانه‌وه‌ی ده‌وێ ، ئه‌و وڵاتانه لێك دوور وجیاوازن له هه‌موو شتێك له نه‌وت نه‌بێ ! كه هه‌ر به سرووشت جیایه : جه‌زاییر له ڕووبه‌ردا سه‌ت جار به قه‌د كوێته دانیشتووانیشی جیان ، دانیشتووانی ئه‌نده‌نووسیا 132 جار له دانیشتووانی قه‌ته‌ر زۆرتره ، له هه‌مان كاتدا له ڕووی بڕی یه‌ده‌گی نه‌وتیش جیاوازیان هه‌یه ، یه‌ده‌گی سعوودیه 265 جار له یه‌ده‌گی گابۆن زۆرتره ، باسی جیاوازی زۆری هۆیه‌كانی دیكه ناكه‌ین ، لێك جوداییه‌كی دیار له ئاستی بژێوی ئه‌و وڵاتانه له كاتی زۆری نه‌وت ساڵی 1974 دا هه‌یه ، پشكی تاكه‌كه‌س له داهاتی نه‌ته‌وه‌ییدا ، به نموونه له له ئه‌نده‌نووسیا له 170 دۆلاری تێنه‌په‌ڕاند ، له كاتێكدا پشكی تاك له ئیماراتدا 11 هه‌زار دۆلار زیاتر بوو ، دیسان سیسته‌می سیاسی له وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت دا ته‌واو جیاوازه ، له نێوان دیموكراسی ( فه‌نزه‌وێللا و ئوكوادۆر) و (*)
حوكمی سه‌ربازی (ئێراق و نایجیریا ) یان حوكمی سیۆكراتی ئیسلامی (سعوودیه و ئێرانی دوای 1979 ) ، تا سیسته‌می تاك حزبی به‌ناو سۆشیالستی ( جه‌زاییر) .
جیاوازی قووڵ له نێوان نایجیریا كه به لای خراپترینی پێوه‌ره‌كه‌دایه و ئه‌نده‌نووسیا كه كاری خۆی باشتر ڕایی ده‌كا (7) .
لێره‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه بڵێین وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت حاڵیان له‌وانی دیكه‌ی بێ نه‌وت خراپتره ته‌نیا ئه‌وه‌یه باره‌كه به‌و ڕه‌نگه بێ یان نه‌بێ به پێی بارودۆخ و به‌راوردكارییه‌كان .
به‌ڵام ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی خاوه‌ن نه‌وتی گه‌یانده ئه‌وه ، له هه‌موو ئه‌و زه‌حمه‌ت و ماندوو بوونه‌ی تێیاندایه ، جیایه له‌وه‌ی له وڵاتانی بێ نه‌وت ده‌یبینین ، هه‌موویان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندیشیان له چاڵ و چۆلی قه‌یرانی هاوشێوه‌دا كه‌وتوون .
ئه‌و مهتهڵانهش ئاكامگیری جیهانییان هه‌یه ، ئهگهرجۆش و خرۆشی نه‌وت هه‌ژاری و
نایه‌كسانی و ته‌نگژه‌ی سیاسیی ده‌وڵه‌تانی نێردهكاریی نه‌وتی لێ به‌وه‌له‌د بێ – كه ئه‌مه‌ش به ڕاستی وا بووه ، بێتوو حوكمیان به پێی ڕووداوه‌كانی هه‌ر دوو ده‌یه‌ی حه‌فتا و هه‌شتایه‌كان له‌سه‌ر بده‌ین – ڕه‌نگه ئه‌و قه‌یرانانه به ده‌وری خۆیان به‌ڵای نه‌وتیی نوێیان لێ په‌یدا بێ كه ئه‌نجامی زیانبه‌خشی وایان لێ بكه‌وێته‌وه له توانادا نه‌بێ پێشبینی بكرێ .
ده‌یه‌ی حه‌فتایه‌كان نرخی نه‌وت سێ جار به‌رز بووه‌وه ، دوو له شۆكی نرخ ( (( قه‌ڵه‌مبازی لیبیا)) 1971 و (( خرۆشانی ئێرانی )) 1979 ) به سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی سیاسی
ناو وڵاتێكی سه‌ره‌كی له وڵاتانی نێرده‌كاری نه‌وته‌وه په‌یوه‌ست بوون . له ساڵی 1990 شدا
بازاڕی نه‌وت هه‌ژا و نرخی به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له ئاكامی هه‌وڵی ئێراق بۆ چاره‌سه‌ر كردنی
گرفته ناوخۆییه‌كانی به داگیر كردنی كوێتی هاوسێی به‌رز بووه‌وه .
زه‌ین ده‌نێ ئاكام چی لێ دهسهنگرایهوه ئه‌گه‌ر سه‌قامگیریی سعوودیه یا ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه‌ی كه‌نداو – بڕوخابووایه ، له ناوچه‌یه‌كدا كه له 60% ی نه‌وتی دۆزراوه‌ی جیهانی لێیه ؟!
پێویسته هه‌وڵ بده‌ین له قه‌یرانه‌كانی ده‌وڵه‌تانی نێرده‌كاری نه‌وت تێ بگه‌ین ، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كار له ژیانی ئه‌و گه‌له ده‌كا له ناو سنووری یاخود له بازنه‌ی ناوچه‌كه‌ی دایه ، به‌ڵكو هه‌م دیس چونكه زایه‌ڵه‌ی ئه‌و قه‌یرانانه به هێزێكی زیاتر و توندتر له بازاڕه‌كانی جیهاندا ده‌نگ ده‌داته‌وه و ئاشتی هه‌موو جیهان ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه .
كه‌واته پرسیارئه‌وه‌یه : نه‌وت چۆن كار له ئابووری وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی ده‌كا ؟
داخۆ تۆماری وڵاتانی ئۆپێك له ماوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له خرۆشانی نه‌وته‌وه له حه‌فتایه‌كاندا
چییه ؟ ئایا تۆماری گه‌شه‌كردن هاوێشتراوێكه بێ هاوێژه‌ر بتوانرێ به فێر بوون له ڕابردوو نه‌هێشترێ ، یان ئه‌و نموونه‌ی ڕووی داوه له هه‌ر كوێیه‌ك نه‌وت بدۆزرێته‌وه شایانی دووباره بوونه‌وه‌یه ؟ ئه‌ی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی له ئاكامی به پشتداشكانی گه‌شه‌سه‌ندنه‌وه كه لێی ده‌كه‌وێته‌وه ؟
په‌راوێز
(* ) گۆڤاری كاروباری نێوده‌وڵه‌تی – پایزی 1999 ، 53 ، ژماره (1) زانستگه‌ی كۆلۆمبیا- نیۆرۆك .
Journal of International Affairs, Fall 1999 , 53, no.1.
© The Trustees of Columbia University .
(1) جه‌هانگیر ئامۆزیگار Amuzegar . J پێی وایه به نموونه ، بانكی نێوده‌وڵه‌تی
پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد ده‌سكه‌وتی ده‌وڵه‌تانی ئۆپێك به هاتنی ساڵی 1985 له
1200 ملیار دۆلار تێده‌په‌ڕێنێ ، ئه‌مه‌ش زۆر دوورتره له بارودۆخی ئێستا كه
كورتهێنانی هه‌ژماری خوولاوی ئه‌و وڵاتانه 15 ملیار دۆلاره ، له كاتێكدا نرخ
له ساڵی 1985 داده‌به‌زی . ته‌ماشای ( به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت ) ی
ئامۆزیگار بكه . Jahangir Amuzegar , Managing the Oil Wealth OPEC’s
Windfalls and Pitfalls ( London: I.B. Tauris Publishers, 1999) p.ix
(2)ده‌سته‌واژه‌ی ( هه‌نارده‌كارانی نه‌وت ) كه له‌م لێكۆڵینه‌وه‌دا به‌كار هاتووه
ئاماژه‌یه بۆ ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له ڕێكخراوی ئۆپێك و به ته‌نیا مه‌كسیك ، ئه‌گه‌ر
له ڕێڕه‌ودا جیا له‌وه نه‌گه‌یێنێ .
(3) ئه‌م دیداره له كاراكاس له تۆغیانی دووه‌م خرۆشی نه‌وت كراوه ، واته
ساڵی 1979 ، ئه‌و بیروڕایانه‌ی ئێره‌ش سرووشتی ئه‌و هیوایانه ده‌رده‌خا
كه ئه‌و ده‌مه به نه‌وته‌وه هه‌ڵچنرابوو . ( كاراكاس – ئاداری 1979 ) .
(4) ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌رمایه‌یان كه‌مه ، ئه‌و وڵاتانه‌ن قه‌واره‌ی دانیشتووانیان تا ڕاده‌یه‌ك
گه‌وره‌یه و یه‌ده‌گێكی تا ڕاده‌یه‌ك بچووكیان له نه‌وت هه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی وه‌ك
میرنشینه‌كانی یه‌كگرتووی عه‌ره‌ب یان كوێت یا سعوودیه ، به نموونه : نایجیریا ، جه‌زاییر ،
ئه‌نده‌نووسیا ، ئێران ، فه‌نزوێللا ، ئۆكوادۆر یا مه‌كسیك .
بۆ زیاتر له‌م جیاوازیانه بڕوانه كتێبه‌كه‌م : Terry Lynn Karl , The Paradox of Plenty; Oil Booms and Petro – States ( Berkeley, CA:
University of California Press , 1997 )
(5) بیرێز ئه‌لفۆنسۆ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی له دیدارێك له‌گه‌ڵ نووسه‌ردا
به‌كار هێناوه ( كاراكاس ، فه‌نزه‌وێللا – ته‌موزی 1976 ) به‌ڵام ئه‌م
ده‌سته‌واژه‌یه له پاشاندا بوو به ناو ونیشانی یه‌كێك له كتێبه‌كانی .
(6) (1997) Karl .
(7) بۆ گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌و جیاكاری و جیاوازیانه بڕوانه : Karl (1997)
به تایبه‌تی هه‌ردوو به‌شی سێیه‌م و چواره‌م ، هه‌روه‌ها بڕوانه ئامۆزیگار (1999) به‌شی یه‌كه‌م