Skip to Content

لەڤارۆڤ، بووە بە توتی ئەردوغان! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

لەڤارۆڤ، بووە بە توتی ئەردوغان! … ئاشتی ئیبراهیم ئەفەندی

Closed
by كانونی دووه‌م 22, 2018 General

ڕوسیا، لە سەردەمی یەک لە دوای یەکی، دەسەڵاتدارانی سیاسی وڵاتەکەی، لە ژێر دروشمی بریقەداری جیاجیادا، وەک زلهێزێک، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ پرسی کورد هەر مایەی نەهامەتی و ماڵوێرانی بووە!
دەسەڵاتدارانی روسیا، بە ناوی دۆستایەتی و پاڵپشتی لە مافی کەمە نەتەوەکان، یان لە ژێر دروشمی، بڕوا بوون بە ئایدۆلۆژیای “سۆشیالیزم، مارکسیزم و لینینزم” و بونیاتنانی “دیکتاتۆڕیەتی پرولیتاریا”، هەموو کاتێک، فریوی میللەتی کوردیان داوە و لە ژێڕەوەش خەریکی چاڵ هەڵکەندن بوون بۆی.

موسکۆ، بە سەدان جار، شۆڕش و جوڵانەوە کوردییەکانی گورگان خوارد کردوە و توشی شکەستی کردوون، لە مێژوودا، بە سەدان نمونەی لەو جۆرە بەدی دەکرێن.
ئەمڕۆ، مێژوو خۆی دوپات دەکاتەوە لە عەفرین. روسیا، ڕۆژێک پێش لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، هەموو هێزەکانی لە نێو ئەو شارەدا کشاندەوە، چرای سەوزی بۆ “ئەردوغان”ی دژە کورد و مرۆڤاییەتی داگیرساند، بۆ ئەوەی بە ئارەزووی دڵی خۆی، لەشکرکێشی ئەنجام بدات، بۆ سەر شاری “عفرین”، کە یەکێکە لەو شارانەی، لە سوریا، بۆتە لانەی پەنابەر و ئاوارە بووانی جەنگی شەش ساڵەی سوریا، کە روسیا یەکێکە لەو زلهێزانەی، ئۆباڵی هەڵگیرساندنی ئەو جەنگەشی لە ئەستۆدایە، کە تا ئێستا زیاتر لە ٥ میلیۆن خەڵکی سیڤلی بێتاوانی تێددا شەهید بووە و بە میلیۆنان کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون!

لەڤارٶڤ ، وەزیری دەروەی روسیا، ئەردوغان ئاسا، دژ بەو هەڵوێستانەی ئەمریکا دەوەستێت، لە دروست کردن، پڕچەک کردن و مەشق پێکردنی سوپایەکی ٣٠هەزار کەسی لە باکووری سوریا، نیشتجێ کردنی ئەو سوپایە، بە درێژای سنووری نێوان سوریا و تورکیا و عیراق. لە میانی کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩/١/٢٠١٨دا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێرێ ئار- تی، لە ڤارۆڤ، گوتی” ڕۆڵی ئەمریکا، لە باکووری سوریا، هۆکاری سەڕەکییە لە سەرهەڵدانی کارەسات و ئاڵۆزکردنی کێشەکان لە نێوان “تورکیا و کورد”، دوای ڕاگەیاندنی پلانی واشینگتۆن، بۆ دروست کردنی هێزی سنووری لە باکوور، پێکهاتوو لە کورد”.
لەڤارٶڤ ، بووە بە توتی ئەردوغان، و مافی ئەوەی پێدەبەخشی کە هێزێکی وەک “یەپەگە” بە تیڕۆڕست بزانێت و بوونی هێزێکی لەو جۆرە، کە ئەمریکا پشتیوانی لێ دەکات، مەترسی بێت، بۆ سەر تورکیا. لەڤارٶڤ دەڵێت “سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا، لە لێدوانەکان هەڵگەڕایەوە و گوتیان ئەم لێداوانانە بە هەڵە دراوە، بەڵام ئەنقەرە پێی وایە “یەپەگە”، هێزێکی تیرۆڕیستە و هێڕشی سەربازی بۆ سەریان ئەنجام دەدا، هەرچەندە، ئەو ڕووداوانەی کە دێنە پێشی بەشێکن لە سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا”.
لەڤارٶڤ ، هیچ پابەندبوونێکی ئەخلاقی مرۆڤایەتی، لا گرنگ نییە، هیج پرنسیپێکی نییە بەرامبەر پرسی نەتەوەیەکی “٤٠”میلیۆنی وەک کورد لە ناوچەکە! هەروها گوتە و لێداونەکانی ڕاستەوخۆ، هاندان و پاڵپشتیە، بۆ هەڵوێستەکانی تورکیا، بەرامبەر بە کورد، بە تایبەتی بەرامبەر بە لەشکرکێشی تورکیا بۆ شاری “عەفرین”.

وەزیری دەرەوەی روسیا، تورکیا، دڵنییا دەکات، لەوەی کە ئەمریکا، خەریکی گۆڕانکارییە لە ناوچەکە، لە هەوڵی ئەوەدایە حکومەتێکی ئەلتەرناتیڤ دروست بکات، لە سوریا، لە هەمان کۆنفرانس دەڵێت” لە ڕاستییدا، هێزەکانی ئەمریکا، بەجدی کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئەلتەرناتیڤی حکومەتی سوریا دروست بکەن، لە ناوچەکانی سوریا”.
روسیا، هەوڵدەدا، وەکو زلهێزێکی دنیا، ئامۆژگاری تورکیا بکات، سیاسەتی ئەمریکای بۆ شێ بکاتەوە و پێی بڵێ ئەوەی تۆ لێ دەترسیت ڕووبدا، ئەوا ئەوانیش نیگەرانن و بێگومان ڕوودەدا! لەڤارٶڤ دەڵێت” ئەمریکا هەڵوێستەکانی دژ بە یەکن، دەربارەی سوریا، ئەمە سیمایەکی تایبەتی سیاسەتی نوێی ئەمریکایە، تا دەگات بەو هۆیانەی کە بڕیاری مانەوەیان دەدەن لە سوریا، ئەم جۆرە هەڵوێستانەی ئەمریکا جێگە نیگەرانی روسیایە”.

Previous
Next
Kurdish