
هادۆنفیڵد شارۆچکەیەک لەژێر سێبەری ترسدا(وتاری یەکەم).. باکۆ رێبوار
(ئاگاداربە سپۆیڵی تێدایە) زنجیرە فیلمی “هاڵۆوین” (Halloween) تەنها زنجیرە فیلمێکی ترسناک نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کولتووری و پایەیەکی بنەڕەتییە لە مێژووی سینەمای ژانەری ترسدا، بەتایبەتی لە داڕشتنی بنەماکانی ژانەری “سلاشەر” (slasher)، پێش هاڵۆوین فیلمی وەک “Psycho” (١٩٦٠)ی هیچکۆک بە ناساندنی بکوژە دەروونییەکان و “Black Christmas” (١٩٧٤) بە پیشاندانی کوشتاری گەنجان لە شوێنێکی داخراودا، زەمینەیان بۆ ئەم ژانەرە خۆش کردبوو، بەڵام “هاڵۆوین”ی جۆن کارپێنتەر بوو، فۆرمۆلە سەرکەوتووەکەی داڕشت: بکوژێکی دەمامکداری نزیک لە نەمر، کۆمەڵێک هەرزەکار بەهۆی هەڵسوکەوتە “نادروستەکانیانەوە” (وەک سێکس و خواردنەوە) دەکرێنە ئامانج و “کچی کۆتایی” (final girl) زیرەک و پاکیزە لە کۆتاییدا ڕووبەڕووی بکوژەکە دەبێتەوە و ڕزگاری دەبێت،
ئەم زنجیرەیە، لە ساڵی ١٩٧٨ بە فیلمێکی سەربەخۆی کەم بودجەوە دەستی پێکرد، نەک هەر بە کردەوە ئەم ژانەرەی دامەزراند، بەڵکو بووە بەشێک لە یادەوەریی کۆمەڵایەتی و کابوسێکی هاوبەش بۆ چەندین نەوە لە سەرانسەری جیهاندا، چیرۆکی سادە و لە هەمان کاتدا ترسناکی مایکڵ مایەرز، ئەو بکوژە دەمامکدارەی لە تاریکی شەوانی هاڵۆویندا دەردەکەوێتەوە و بە بێدەنگی و ساردی قوربانییەکانی ڕاودەنێت، بووەتە ئایکۆنێکی نەمر لە جیهانی ترسدا، کاریگەریی “هاڵۆوین” سنووری شاشەی سینەمای تێپەڕاندووە و بووەتە بابەتی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەبوارەکانی دەروونناسی، کۆمەڵناسی و فەلسەفەدا، ئەم زنجیرەیە پرسیارگەلێکی قووڵ و بنەڕەتی دەوروژێنێت: سروشتی شەڕ چییە؟ ئایا شەڕ هێزێکی دەرەکییە یان لە ناخی مرۆڤ خۆیدا بوونی هەیە؟ ترسی مرۆڤ لە چییە، لە تاریکی، لە نەزانراو، یان لەو ڕاستییەی ڕوخساری مرۆڤ دەتوانێت دڕندەییەکی بێ وێنەی لە پشتەوە حەشار دابێت؟ لە دڵی ئەم چیرۆکەدا، کارەکتەری لۆری سترۆد وەک “کچی کۆتایی” دەدرەوشێتەوە، لە کچێکی هەرزەکاری ترساوەوە دەگۆڕێت بۆ سیمبولی بەرەنگاربوونەوە، خۆڕاگری و ڕزگاربوون لە بەرامبەر زوڵم و توندوتیژییەکی کوێرانەدا، ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان لۆری و مایکڵ لە فیلمە جیاوازەکاندا تەنها پێکدادانێکی فیزیکی نییە، بەڵکو ململانێی نێوان ئیرادەی ژیان و غەریزەی مردنە،
چیرۆکی دروستبوونی زنجیرەفیلمی “هاڵۆوین” چیرۆکی داهێنانە لەژێر فشاری کەمیی بودجەدا، کاتێک بەرهەمهێنەر ئیروین یابلانس پەیوەندی بە جۆن کارپێنتەرەوە کرد، داوای فیلمێکی لەسەر “کوشتاری دایەنەکان” لێکرد، کارپێنتەر و دێبرا هیڵ لە ماوەی تەنها دە ڕۆژدا سیناریۆکەیان نووسی، هیڵ، بەهۆی ئەزموونی پێشووی وەک دایەن، توانی دیالۆگەکانی نێوان کچە هەرزەکارەکان بە شێوەیەکی زۆر سروشتی بنووسێت، وایکرد بینەر بە ئاسانی پەیوەندییان لەگەڵدا دروست بکات، لە بەرامبەردا، کارپێنتەر سەرنجی لەسەر بنیاتنانی ئەفسانەی مایکڵ مایەرز بوو وەک هێزێکی شەڕانگێزیی پەتی، هەڵبژاردنی جەیمی لی کێرتس بۆ ڕۆڵی لۆری سترۆد بلیمەتانە بوو؛ وەک کچی جانێت لی، ئەستێرەی فیلمی “Psycho”، بەشێوەیەکی نافەرمی نازناوی “شاژنی قیژە” (Scream Queen)ی بۆ مایەوە و پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆی لەنێوان دوو شاکارە ترسناکەکەدا دروست کرد،
بودجەی فیلمی یەکەم تەنها ٣٢٥,٠٠٠ دۆلار بوو، ئەمەش وای لە تیمەکە کرد تا ئەوپەڕی داهێنەر بن، بۆ نموونە، جلوبەرگی ئەکتەرەکان زۆربەی هی خۆیان بوو و بۆ ئەوەی هەستی وەرزی پایز دروست بکەن لەکاتێکدا وێنەگرتن لە بەهاردا دەکرا، ناچاربوون گەڵای دارەکان ڕەنگ بکەن و دواتر کۆیان بکەنەوە بۆ بەکارهێنانەوە، دەمامکی بەناوبانگی مایکڵ، لەلایەن تۆمی لی واڵاسەوە دیزاین کرا، دەمامکێکی کاپتن کێرکی زنجیرەی “Star Trek” بوو بە ١.٩٨ دۆلار کڕدرابوو، قژەکەی لێکرایەوە، کونەکانی چاوی گەورەتر کران و بە سپرا ڕەنگی سپی کرا، ئەنجامەکەی ڕوخسارێکی بێ هەست و سۆز و ترسناک بوو، خودی کارپێنتەر جەختی لەوە دەکردەوە مایکڵ هیچ هۆکارێکی نییە، ئەو “شەڕی پەتی”یە، بۆیە لە سیناریۆکەدا بە “شێوەکە” (The Shape) ئاماژەی پێکراوە، بۆ جەختکردنەوە لەسەر سروشتە نامرۆییەکەی،
یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی سەرکەوتنی فیلمەکە، مۆسیقاکەیەتی، کارپێنتەر، خۆی ئاوازدانەرێکی بەهرەمەندبوو، تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا بە بەکارهێنانی سینتیسایزەرێکی سادە، یەکێک لە ناسراوترین تێماکانی مێژووی سینەمای ئامادەکرد، ئەو ڕیتمە ناسروشتییەی ٥/٤ بۆ تێمای سەرەکی بەکاریهێنا، هەستێکی نائارامی و دڵەڕاوکێی بەردەوام بە بینەر دەبەخشێت و بووەتە واژۆی دەنگی ترس، سەرکەوتنی فیلمەکە لە بۆکس ئۆفیسدا ئەفسانەیی بوو؛ نزیکەی ٧٠ ملیۆن دۆلاری لە سەرانسەری جیهاندا کۆکردەوە، ئەم سەرکەوتنە دەرگای بۆ زنجیرەیەک فیلمی تر کردەوە:
بودجە و داهات:
“Halloween II” (1981): بودجە ٢.٥ ملیۆن، داهات ٢٥.٥ ملیۆن دۆلار
“Halloween III: Season of the Witch” (1982): بودجە ٢.٥ ملیۆن، داهات ١٤.٤ ملیۆن دۆلار (شکستێکی بازرگانی بوو)
“Halloween 4: The Return of Michael Myers” (1988): بودجە ٥ ملیۆن، داهات ١٧.٨ ملیۆن دۆلار
“Halloween 5: The Revenge of Michael Myers” (1989): داهات ١١.٦ ملیۆن دۆلار
“Halloween: The Curse of Michael Myers” (1995): داهات ١٥.١ ملیۆن دۆلار
“Halloween H20: 20 Years Later” (1998): بودجە ١٧ ملیۆن، داهات زیاتر لە ٧٥ ملیۆن دۆلار (بووژانەوەیەکی گەورە)
“Halloween: Resurrection” (2002): بودجە ١٣ ملیۆن، داهات ٣٧.٦ ملیۆن دۆلار
ڕیمەیکەکانی ڕۆب زۆمبی: “Halloween” (2007) ٨٠.٤ ملیۆن و “Halloween II” (2009) ٣٩.٤ ملیۆن دۆلار
سێبەری نوێی دەیڤد گۆردن گرین: “Halloween” (2018) بە بودجەی ١٠ ملیۆن، زیاتر لە ٢٥٥ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، کردییە سەرکەوتووترین فیلمی سلاشەر لە مێژوودا
“Halloween Kills” (2021): داهات ١٣١.٦ ملیۆن
“Halloween Ends” (2022): داهات ١٠٤.٣ ملیۆن دۆلار بە گشتی، تەواوی زنجیرەی هاڵۆوین زیاتر لە ٨٥٠ ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە، گەواهی دەدات لەسەر هێز و کاریگەریی بەردەوامی ئەم ئایکۆنە ترسناکە
گەشتێک بەناو زنجیرەکەدا
گەشتی خوێناوی زنجیرەفیلمی “هاڵۆوین” بە شاکارەکەی جۆن کارپێنتەر لە ١٩٧٨ دەست پێدەکات، فیلمەکە بە دیمەنێکی درێژی یەکگرتوو لە ڕوانگەی چاوی مایکڵ مایەرزی شەش ساڵانەوە دەست پێدەکات، خوشکە گەورەکەی دەکوژێت، ئەم دیمەنە بینەر دەخاتە شوێنی بکوژەکەوە و دیمەنی شەڕێکی بێ هۆکار دادەڕێژێت، پاش ١٥ ساڵ، مایکڵ (نیک کاسڵ ڕۆڵی دەگێڕێت) لە نەخۆشخانەی دەروونی هەڵدێت، کارپێنتەر بە شێوەیەکی بلیمەتانە کامێرای پانەفلیژنی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی ترس لە بۆشاییەکانی چوارچێوەی وێنەکەدا؛ زۆرجار مایکڵ وەک شێوەیەکی تاریک لە گۆشەیەکدا دەردەکەوێت، ئەمەش هەستی چاودێریکردنێکی بەردەوام دروست دەکات، کۆتایی فیلمەکە، کاتێک دکتۆر لوومیس (دۆناڵد پڵیزنس) شەش فیشەک بە مایکڵەوە دەنێت و ئەویش دواتر دیار نامێنێت، جەخت لەوە دەکاتەوە مایکڵ تەنها مرۆڤ نییە، بەڵکو بەرجەستەبوونی “شەڕ” ە،
Halloween II (١٩٨١)
ڕاستەوخۆ لەدوای ڕووداوەکانی فیلمی یەکەمەوە دەست پێدەکات، لۆری بۆ نەخۆشخانەی هادۆنفیڵد دەگوازرێتەوە، ئەم فیلمە زۆر خوێناویترە و نەخۆشخانەکە وەک شوێنی چارەسەرکردن دەشێوێنێت و دەیکاتە گۆڕەپانێکی کوشتار، ئاشکراکردنی ئەوەی لۆری خوشکی مایکڵە، هۆکارێک دەدات بە ڕاوکردنەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو ترسە پوختەی لە بێ هۆکاربوونی شەڕەکەی مایکڵەوە سەرچاوەی گرتبوو، کەم دەکاتەوە، فیلمەکە بە تەقینەوەیەکی گەورە کۆتایی دێت، وەک هەوڵێکی نائومێدانەی دکتۆر لوومیس بۆ کۆتاییهێنان بەم کابوسە،
Halloween III: Season of the Witch (١٩٨٢)
هەوڵێکی بوێرانە بوو بۆ گۆڕینی زنجیرەکە بۆ ئەنتۆلۆژیایەک، فیلمەکە باس لە پیلانێکی کۆمپانیایەکی دروستکردنی دەمامک دەکات دەیەوێت منداڵان بکوژێت، فیلمەکە وەک ڕەخنەیەک لە کۆمەڵگەی بەکاربەر و تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لەگەڵ جادووی کۆندا لێکدەدرێتەوە، هەرچەندە لە کاتی خۆیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام دواتر وەک فیلمێکی “کەڵت” (cult classic) پێگەی خۆی دۆزییەوە،
Halloween 4: The Return of Michael Myers (١٩٨٨)
دوای دە ساڵ لە کۆما، مایکڵ بەهۆش دێتەوە کاتێک دەبیستێت خوشکەزایەکی هەیە بە ناوی جەیمی لۆید (دانیێل هاریس)، کۆتایی فیلمەکە شۆکهێنەرە؛ کاتێک جەیمی دەمامکێکی گاڵتەجاڕی لەبەردەکات و بە مقەستێک هێرش دەکاتە سەر دایکی ( ئەو دایەنەی هەڵیگرتبوەوە)، هاوشێوەی تاوانەکەی مایکڵ لە منداڵیدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕەنگە شەڕی مایکڵ گوازرابێتەوە بۆ نەوەی دواتر،
Halloween 5: The Revenge of Michael Myers (١٩٨٩)
یەک ساڵ دواتر ڕوودەدات، مایکڵ زیندووە و جەیمی لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی منداڵاندایە و پەیوەندییەکی تەلەپاتی لەگەڵ مایکڵدا هەیە، فیلمەکە پیاوێکی نامۆی ڕەشپۆش دەناسێنێت بەدوای مایکڵەوەیە، ئەم فیلمە بە گشتی وەک پاشەکشەیەک لەچاو بەشی چوارەمدا دەبینرێت و نەیتوانی چیرۆکەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو پەرە پێبدات،
Halloween: The Curse of Michael Myers (١٩٩٥)
هەوڵدەدات نهێنیی پیاوە ڕەشپۆشەکە و هێزە سەرووسروشتییەکەی مایکل ئاشکرا بکات، فیلمەکە باس لە “نەفرەتی سۆرن” دەکات، نەفرەتێکی کۆنی درویدییە و لەلایەن سکتێکەوە کۆنترۆڵ کراوە، ئەم فیلمە دوو وەشانی زۆر جیاوازی هەیە (Theatrical vs. Producer’s Cut)، وەشانی دووەمیان ڕوونتر چیرۆکە ئاڵۆزەکە دەگێڕێتەوە، بەڵام بە گشتی وەک هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ زیادکردنی میتۆلۆژیایەکی ناپێویست بۆ کارەکتەرە سادەکە سەیر دەکرێت،
Halloween 20 Years Later (١٩٩٨)
هەموو فیلمەکانی دوای بەشی دووەم پشتگوێ دەخات، فیلمەکە سوودی لە سەرکەوتنی فیلمی “Scream” وەرگرت و ژانەری سلاشەری بۆ نەوەیەکی نوێ زیندوو کردەوە، لۆری سترۆد (بە گەڕانەوەی جەیمی لی کێرتس) مردنی خۆی ساختە کردووە و بە ناوی کێری تەیتەوە دەژی، فیلمەکە جەخت لەسەر ترۆمای درێژخایەنی لۆری و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی دەکاتەوە، دیمەنی کۆتایی فیلمەکە تێیدا لۆری سەری مایکڵ بە تەورێک دەبڕێت، وەک ساتێکی بەهێزی بەدەسەڵاتکردنی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو لێکدەدرێتەوە،
Halloween: Resurrection (٢٠٠٢)
بە شێوەیەکی مشتومڕاوی مردنەکەی مایکڵ هەڵدەوەشێنێتەوە، لە سەرەتای فیلمەکەدا، مایکڵ لۆری سترۆد دەکوژێت، ئەمەش وەک سوکایەتییەک بە کارەکتەرە ئایکۆنییەکە بینرا، پاشان چیرۆکەکە دەچێتە سەر گروپێک خوێندکار بەشداری لە ڕیالیتی شۆیەکی ئینتەرنێتیدا دەکەن، فیلمەکە بەهۆی چیرۆکە لاوازەکەی و دیمەنی شەڕی کاراتێی نێوان بوستا ڕایمز و مایکڵەوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕەخنەی لێگیرا،
Halloween (٢٠٠٧)
لە ٢٠٠٧، دەرهێنەر ڕۆب زۆمبی ڕیمەیکێکی بۆ فیلمی یەکەم دروستکرد، “Halloween” (٢٠٠٧) هەوڵدەدات قووڵتر بچێتە ناو ژیانی منداڵی مایکل مایرس و نیشانی دەدات چۆن لە خێزانێکی توندوتیژدا گەورە بووە، ئەمە پێچەوانەی دیدەکەی کارپێنتەرە، مایکڵ وەک “شەڕی پەتی” و بێ هۆکار دەبینی، فیلمی ڕۆب دڕندانەتر و خوێناویترە،
Halloween II (٢٠٠٩)
تەنانەت زیاتر دابەشکەر بوو، تیشکی خستە سەر خەون و وەهمەکانی مایکڵ و پەیوەندییە دەروونییەکەی لەگەڵ دایکی مردووی،
Halloween (٢٠١٨)
لە ٢٠١٨، سێبەری نوێ بە فیلمی “Halloween” دەستی پێکرد، هەموو بەشەکانی پێشووی جگە لە فیلمی ١٩٧٨ی پشتگوێ خست، لۆری سترۆد ٤٠ ساڵە خۆی بۆ گەڕانەوەی مایکڵ ئامادە دەکات، فیلمەکە باس لە ترۆمای نەوەکان دەکات؛ ترۆمای لۆری کاریگەری لەسەر کچەکەی کارین و نەوەکەی ئالیسن داناوە، دیمەنی کۆتایی تێیدا سێ ژنەکە پێکەوە مایکل لە ژێرزەمینێکدا گیردەخەن و ئاگری تێبەردەدەن، وەک سیمبولێکی بەهێزی یەکگرتنیان دژی ستەمکاریی نێرینە لێکدەدرێتەوە،
Halloween Kills (٢٠٢١)
ڕاستەوخۆ دوای فیلمی ٢٠١٨ دەست پێدەکات، مایکڵ لە ئاگرەکە ڕزگاری دەبێت و دەست دەکات بە کوشتارێکی دڕندانەتر، فیلمەکە جەخت لەسەر توڕەیی و ترس و کاریگەریی مایکڵ لەسەر هەموو شارۆچکەی هادۆنفیڵد دەکاتەوە، دانیشتوانی شارۆچکەکە هەوڵدەدەن خۆیان دادپەروەری بەدەست بهێنن، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی ئاژاوەیەکی کوێرانە، نیشانی دەدات چۆن ترس دەتوانێت کۆمەڵگەیەک لەناو ببات و خەڵکی ئاسایی بکاتە دڕندە، لە کۆتاییدا، مایکڵ کچەکەی لۆری، کارین، دەکوژێت،
Halloween Ends (٢٠٢٢)
چوار ساڵ دواتر ڕوودەدات و هەوڵدەدات کۆتاییەکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەم داستانە بنووسێت، فیلمەکە کارەکتەرێکی نوێ بە ناوی کۆری کەنینگهام دەناسێنێت، گەنجێک بەهەڵە منداڵێک دەکوژێت و لەلایەن شارۆچکەکەوە پەراوێز دەخرێت، ئەمەش وا دەکات بکەوێتە ژێر کاریگەریی مایکڵەوە، فیلمەکە لەسەر ئەم بیرۆکەیە کار دەکات شەڕ تەنها یەک کەس نییە، بەڵکو دەتوانێت وەک ڤایرۆسێک بڵاوببێتەوە، کۆری دەبێتە بکوژێکی نوێ و دەمامکەکەی مایکڵ دەدزێت، لە کۆتاییدا، لۆری و ئالیسن ڕووبەڕووی مایکڵ دەبنەوە و بۆ دواجار دەیکوژن، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە جارێکی تر ناگەڕێتەوە، تەرمەکەی بەناو شاردا دەبەن و لەناو ئامێرێکی وردکەری ئاسندا لەناویدەبەن، وەک ڕێوڕەسمێک بۆ پاککردنەوەی شارۆچکەکە لەو شەڕەی بۆ دەیان ساڵ ئازاری دابوون، ئەم کۆتاییە، گەشتی درێژی ترس و بەرەنگاریی لۆری سترۆدی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کۆتایی پێهێنا.