Skip to Content

جـوان یەکەمین کچۆڵەیە لە جیهان کە پێی خستە سەر مانگ.. رەزا شـوان

جـوان یەکەمین کچۆڵەیە لە جیهان کە پێی خستە سەر مانگ.. رەزا شـوان

Closed
by كانونی دووه‌م 15, 2021 General, Kids Literature

جـوان کچـۆڵـەیەکی کـوردە لە باشـووری کوردسـتان. تەمەنی دوانگـزە سـاڵە، هـەمیشە خەونی بەو هـیوایەوە دەبینی کە ببێت بە یەکەمین کـچ لە هەموو جیهانـدا کە پێی بخـاتە سـەر مانـگ. دوو شـەو بەر لە جـەژنی نـەورۆزی ساڵی رابـردوو، مانگی تابـانی گەش و جـوان، بە تـریـفەی زەویی روونـاک کردبـۆوە. جـوان بە وردی لە ماـنـگی دەڕوانی. بیری لەوە دەـکردەوە، کە لەگەڵ هەردوو براکەیدا، شـڤان کە ساڵێک لە خۆی گەورەترە و دـیلان ساڵـێک لـە خـۆی بچـووکـترە، گەشـتـێک بـۆ سـەر مانـگ بکـەن. جـوان بـەم خەیـاڵەوە نووسـت. خـەونێـکی زۆر خـۆشی بیـنی. لە خـەونـەکـەیـدا لەگـەڵ براکـانی و چـەنـد هـاوڕێیـەکـیدا، خەریکی جـێبەجـێکـردنی پـرۆژەیـەک بـوون، بـۆ ســەر مانـگ.
بە هەموویان کەشتییەکی ئاسمانیان دروست کـرد و ناویـان لێنا (کوردسـتان ـ ١). کە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهـاتبوو. بەشی یەکەم گالێسکەی نیشتنەوە لەسەر مانگ، ناویان لێنا (باوەگوڕگوڕ) بەشێ دوەم ناویان لێنا (ئامـەد) شوێنی دانیشتن و نووست و خواردن و پڕ لە هـەوای ئـۆکسجـین بـو، بەشی سێیەمیش ناویـان لـێنا (کۆبـانی) کە بریتیبوو لە رۆکێتێکی پاڵنەری زۆر بەهێز. سەر لوتکەی چیای (ئاگری) یان لە باکووری کوردستان بۆ دەستپێکردنی گەشتەکەیان دیاریکـرد. لە شاری (مەهابـاد) لە رۆژهـەڵاتی کوردستان جلوبەرگی تایبەتی کەشتیوانییان بۆ دروستکردن، لە شاری سلیمانیش خواردنی وشکی کوردیی وەکو ( کولـێرە، هەنجـیری وشک، مێـوژ، باسووک، کولـیچـە، دانـۆک، گـەزۆ، شەربەتی مێوژ، هەنگوین) و ئاوی سارد، ئاڵای کوردستان، کامیرای ڤیدیۆ، دەزگایەکی پەیوەندی بێتەل و مۆبایـل و چەنـد تابلۆیەکی لەسەر نوسراو و هەنـدێ پێـویستی تریان بـۆ ئامـادەکـردن و خستیانیـانە شـوێنی دیـاریکـراو لـە بەشـی دوەمی کەشـتی ئـاسمانی (کوردسـتان -١) هەریـەکـەشـیان بـوتـڵـێکی گـەورەی پـڕ لـە گـازی ئـۆکسجـینـیان لـە کۆڵەپشتەکـانیان بەست. جـوان فەرمانـدەی تـیمی سـەر مانـگ بـو، دیـلان فـڕۆکـەوانی باوەگوڕگور بوو، شڤانیش فرۆکەوانی ئامەد بو. هەریەکەش لە هـیوا و میـنا و مـریەم، لـە (وێسـتگەی ئاسمانی هـەولـێر) لـە بـەشی راگەیـانـدنی هـەواڵی گەشـتەکەدا بـوون، راستەوخـۆ قـۆنـاغ بە قـۆنـاغی گەشتەکەیان بۆ کەناڵە تەلەفـزیۆن و رادیۆکانی جیهان دەگواستنەوە. لەسەر پەردەی کۆمپیوتەرەکانی ژورەکەیان چاودێری گەشتەکەی کەشتی ئاسمانی(کوردستان ـ ١) دەکرد.
تاقـیکردنەوە و راهـێنانەکانی مەلـەوانی هـەرسێ کەشتیوانییە ئاسمانییەکان بە رێکی و سەرکەوتویی تەواوبوون. هەموو پێویستی و پێداویستییەکانی گەشتەکەیان ئامادەکردن. دیـلان زۆر حەزی لە گوێگـرتنی سـروود و گـۆرانی رەسەنی کوردییە، داوای لە شـڤان وجـوان کرد، کە رازیبن تۆمـارکەرێکی گەورەی بۆ گەشتەکەیان لەگەڵ خوێـدا بهـێنێت. جـوان و شـڤان دڵیان نەشکانـد و رێیان پێـیـدا کە بیهـێێـت. هەرسێ بەشەکـانی کەشـتی (کوردستان ـ ١) لە سەر سەکۆی هەڵدان لەسەر چیای ئاگری بەستران. جـوان و شـڤان و دیـلان، بە جلوبەرگە سپی تایبەت بە گەشتەکەیان دەرکەوتن. دەستەکانیان هەڵـبڕین و ئێوارە باشیان لە جەماوەری ئامادەبـوو کرد. ئینجا چـونە نـاو (ئـامـەد) ی بەشی دوەمی (کوردستان ـ ١). خۆیـان باش بە قـایشەکـانی کورسییەکـانیانەوە بەسـتن. لـەم ساتـەدا، کەمـێک خـێرایی لێـیدانی دڵـیان زیـاتر بـوو.
خەڵکییەکی زۆر لەسەر گرد و سەربانە بەرزەکان و شەقامەکانی شارەکانی کوردستان و جیهانـدا، چاوەڕێی هەڵدانی کەشتی (کوردستان ــ١) بوون، کە بەرەو مانگ دەرپەڕێت.
ئێـوارەیەکی درەنگ بوو، لە بنکەی چاودێـریـدا (ئـۆکـەی) درا، ژماردنی هـاتنەخوارەوە دەستیپێکـرد: ١٠- ٩- ٨ – ٧- ٦- ٥- ٤ – ٣ -٢ – ١ – ٠ – گرررم. زرمەی دەنگێکی زۆر بەهـێز هات و رۆکێتی کۆبانی لە دواوە ئاگری لێهەستاو و کەشتی (کوردستان ـ ١) بە خێرایەکی زۆری لە رادەبەدەر بەرەو بۆشایی ئاسمانی هەڵدا.. کلکە ئاگرێکی گەشی بەدواوەوە بـوو. نـاخی ئاسمانی روونـاک کـردەوە. دەنگی چەپڵەلـێدان و هـاوارکردن و هەڵهەڵەلێدان و چـڕینی سروودی ئـەی رەقـیب، لە لایەن خـەڵکـییەوە. سیمفـۆنیایـەکی بێوێنەی موزیـکی زۆر خۆشیان پێکهـێنابوو. لە دوای دوو خـولکەک رۆکێتی کۆبانی لە بەشی ئامەد جیابـۆوە و گـڕی گرت و هـاتەخوارەوە و کەوتە نێو (دەریاچـەی وان) ەوە. کەشتییەکە لەچاو ونبوو. دوای چەند خولەکێک لە هـێزی کێشکردنی زەوی رزگاری بو. جارێک بە دەوری زەویـدا سوڕایـەوە. کەشتیوانییەکـان قـایشەکـانیان کـردنەوە. کێـشیان زۆر سوکـتر بـو، وەکو ماسی لە هەوادا لەناو ژوری ئامـەدا مەلەوانیان دەکـرد. ئینجا لە رێی هـەر چوار مـۆتـۆڕە بەهـێزەکـانی کەشتییەکـەوە. بە هـێز و تینێکی زۆر بە گـوڕ و بە خـێراییەوە، بەرەو مانگ بەرزبـوونـەوە. هەرسێ کەشتیوانییەکان زۆر دڵخـۆشبون. شەوێکیان بە قسەی خۆش و پێکەنین بەسەربـرد. تاوێکیش نووستن. کەوتنە رۆژەوە.

دیـلان: کـاکە شـڤـان، دادە جـوان، رێیـم پێبـدەدەن با گورانییەکتـان بـۆ لـێـبدەم؟

شـڤان: ئـەی بـۆ نـا. ئێمەش حەزدەکەین گوێمان لە گـۆرانییەکی خـۆشی کـوردی بێ.

دیـلان کاسێتی گـۆرانی (بـاران بـارانە.. هـەور و بـارانە) ی خستەناو تۆمارکەرەکەی.

جـوان (بە پێکەنینەوە): دیلان گیان ئێمە زۆر لە هەور و بارانەوە دورکەوتووینەتەوە. کـەی کـاتی ئـەم گـورانییە.

دیـلان: کەواتە گورانی (ئـەی مانـگ) ی مامۆستا (عـەلی مـەردان) تـان بـۆ لـێدەدەم؟
شـڤان: دیـلان گیان لە پەنجەرە خـڕەکەوە سەیـری دواوە بکە. بـزانـە زەوی دەبیـنی؟
دیـلان (سەیـری کـرد): بـەڵی زەوی وەکو تـۆپێکی زۆر گەورەی شین و سـپی دیـارە.
جـوان: شینەکە زەریاکان و دەریاکانن.. سپییەکەش هەورەکانی ئاسمانی گۆی زەوین.
دیـلان: دادە جـوان زۆرمـان مـاوە بگەینـە بەسـەر مـانـگ.
جـوان: بە بۆچـونی مـن سبەیـنێ دەگەینـە ئاسمانی مانـگ.
شـڤان: خـێرایی و تیـژفـڕینی کەشتییەکەمـان لە رادەبـەدەرە و تیـژتـرین کەشتیـیە. خـێراییەکەی (٠٠٠، ٢٥) بیست و پـێنج هـەزار کیلـۆمەتـرە لە کـاتـژمێرێکـدا.
دیـلان: دادە جـوان مـاوەی دوری نێـوان زەوی و مانـگ چـەنـد کـیلـۆمەتـرە؟
جـوان: مـاوەی دوری نێـوان زەوی ومـانـگ لە (٣٨٤) هـەزار کیلـۆمەتـر زیـاترە.
بەیـانی دەگـەین بە خولـگەی مانـگ، بـڕوانـن کە مانـگ چەنـد گـەورە و جـوانە.

بـۆ بەیـانی شـەوی دوەم کەشـتی (کوردسـتان ـ١) گەیشـتە ئاسـمانی سەر مانـگ.
جوان: پێویستە من و دیلان خۆمن ئامادەبکەین و بچینە ناو گالێسکەی (باوەگوڕگوڕ).
شـڤان: دەی ئێوە بـڕۆن. دوای دە خولەکی تر، مـن باوەگـوڕگوڕ لە ئامـەد دەتـرازێنـم. بە ئامەد بە دەوری مانگـدا دەسوڕێمەوە. ئێوەش بەپێی پـلانی داڕێـژراومان لە شوێنی دیـاریکـراو، لەسـەر مانگـدا بنیـشنەوە. لە کـاتی دیـاریکـراوی گەڕانەوەشـدا، بێـنەوە خولگەی مانـگ. پێـویسـتە زۆر بە وردی بە وریـایی پلانـەکەمـان جـێـبەجـێبکەن.
جـوان و دیـلان چـوونە نـاو گالێسکەی (باوەگوڕگوڕ) ی یەکەی سەر مانگ. ئامادەبون و (ئـۆکەیـان) بە شـڤان دا. شـڤانیـش باوەگـوڕگـوڕی لە ئامـەد تـرازانـد. بـاوەگـوڕگـوڕ رووی لەسەر سەرمانگ کرد. (ئامـەد) یش کە تەنیا شـڤانی تێدابوو. لە بەرزی شەست بۆ حەفـتا کیلـۆمەتـر بـەدەوری مـانـگـدا دەسوڕایـەوە.
باوەگوڕگوڕ کە دیلان فـڕۆکەوانئ بوو، بەرەو سەر مانگ ئاراستەی کرد، لەسەر مانگ نزیک بـۆوە، بـەڵام لە شـوێنی دیـاریکـراو بۆ نیشتـنەوەیان، چاڵـێکی زۆر قـوڵی لێـبوو، دیـلان پەشـۆکا. جـوان خـۆی باوەگـوڕگـوڕی ئاراستە کـرد و لە چاڵـەکەی دورخسـتەوە و بـەرەو تەختـاییەک ئاراسـتەی کرد. خـێرایی باوەگـوڕگـوڕی زۆر هـێواش کـردەوە. گـڵۆپەکانی قاچەکـانی باوەگـوڕگـور لەسەر کۆمپیوتەرەکـەی بەردەمیانـدا سووربـوون، نیشانەی ئەوە بوو، کە لەسەر مانگ نزیکـبوونەتەوە. بـاوەگـوڕگـوڕ لـەتـرێـکی داو و وەسـتا، گـڵوڵپەکـانی قـاچەکـانی سـەوزبـوون. نیشانـەی ئـەوەبـوون کە لەسەر مانگـدا نیشـتەوە. مـژدەی گەیشتـنیان بە سەرمانـگ، بە بنکەی چـاودێـری لە هـەولـێر دا.
جـوان ( لەنـاو گالـێسکەی باوەگـوڕگـوڕ لەسـەر مانـگەوە): هـەلـو کاک هـيوا.. هـەلـو مریـەم گیان.. هەلـو میـنا گیان.. من و دیلان دەبینن.. گوێتان لێمانە؟ وەڵامان بدەنەوە؟
هـیوا، مریـەم، میـنا: بـەڵی.. بـەڵی جـوان گیان، راستەوخـۆ دەتـابینـین و گـوێشمان لە دەنگتانە. راستەوخۆش دیمەنەکـان و دەنگەکـانتان بۆ هەمـو کەنـاڵە تەلەفـزیۆنییەکانی جیهـان دەگوازینـەوە.. ئای کە مژدە و ساتێکی خۆشی بێوێنەیە.. چاوڕێی ئەوە دەکەین کە داببەزنە سەر مانگ. لە شارەکانی کوردستان، بوو بە هەڵپـەڕکێ و هەڵهـەڵـەلێـدان.
جـوان و دیـلان، لە دوای کەمێک پشوودان و خواردن و خواردنەوە. دەرگای گالێسکەی باوەگوڕگوڕیان کردەوە. پەیـژەی چـوونە سەرمانگیان لە نێـوان دەرگـای باوەگوڕگوڕ و سەرمانگ دانـا. دیـلان کامیراکـەی کردە مـلی.. جـوان پییەکانی خسـتە سـەر پەیـژەکە و دابەزی و پێی راستی لەسەر سەرمانگ دانا و ئینجا پێی چەپی دانا، یەکەمین هەنگاوی لەسەر مانگـدا نا و وتی:
” ئەمـە هەنگـاوێکی بچـووکی کچوڵـەیەکی کـوردی کوردسـتانییە.. بـەڵام قـەڵـمبازێکی گـەورەی مرۆڤـایـەتییە” وتیشی:” ئای چ رۆژێـکی مـەزنە.. چ سەرکەوتێکی بێوێنەیە بۆ هەمـوو ژنـانی جیهـان” وتیشی:” چ شانـازییەکی گەورەشـە بۆ کوردستان، کە کچـە کوردێـک، بۆ یەکەمـین جـار، پـێی خـستە سـەر مانـگ”.
لەم کاتەدا دیـلان لە سەر دەرگای باوەگوڕگوڕەوە، بە کامیرای ڤیدیـۆ وێنـەی کەشتیوان جـوانی خـوشکی دەگـرت.. لە دوای بیـست خـولـەک دیـلانیـش دابەزییـە ســەر مـانـگ.
ئەو رۆژەش، رۆژی جـەژنی نـەورۆز بـوو. بوو بە دوو جـەژن بۆیـان. جەژنی گەیشتن بەسەر مانگ و جەژنی نەورۆزی نەتەوەیی کورد. بە بۆنەی ئەم دو بۆنەیەوە، جـوان و دیـلان دەسـتی یەکتریاـن گرت و پیرۆزبـاییـان لە یەکـتری کـرد.. تـێریش هـەڵـپەڕیـن. ئەمەش یەکەمین یادی جەژنی نەورۆز و یەکەمین جاریشە کە لەسەر مانگدا هەڵپەڕکێی کـوردی بکـرێت.
دیـلان: داده‌ جـوان، خـۆزگـە (مـامە قـالە مـەڕە) ی شمشاڵـژەنیش دەمـاو و لەگـەڵمانـدا بوایـە. لـێرەدا تـێـر شـمشـاڵی بـۆ دەژەنـین.
ئینجـا پیاسەیەکـیان لەسـەر مانـگـدا کـرد.. نـزیـکەی (٣٠٠) مەتـر لە باوەگـوڕگـوڕەوە دوورکەوتنەوە. بە دوربین سەیریـان کرد، زنجـیرە چـیایەکی بەرزیـان بینی، لە زنجـیرە چیاکانی زاگرۆسی کوردستان دەچوو. دوایی دیـلان (ئـاڵای کوردستان) ی لە سەر مانگ چەقـانـد و باش دایکـوتی. لەسەر تابلـۆیەکیش وێنەیەکی رەنگـاوڕەنگی هەرسێکیان بە دارێکەوە داکوترابوو ئەویشیان چەقانـد. لەژێر وێنەکەدا نوسرابـوو. ئێمە خوشکـێک و دوبـرا (جـوان، شـڤان، دیـلان) کە کوردین و لە کوردستانەوە هاتووین بۆ سـەر مانگ.. پەیـامی ئاشتیمان بۆ هەمـوو مـرۆڤـایـەتی هـێـناوە”
تابلۆیـەکی تریشیان چەقانـد، کە میدالیایەکی گەورەی لە زیـو دروستکـراوی پێوە قـایـم کرابـوو، لە سەر دیوی یەکەمی میدالیاکە، وێنـەی کـچ و کوڕێکی منـداڵـن، کە دەسـتی یەکتریـان گرتووە، جلوبـەرگی کوردیـیان لەبەردایە. لەسەر دیـوەکەی تـری میـدالـیاکە مێژووی رۆژی گەیشـتنیان بۆ سەرمـانگ (١/ نـەورۆز/ ٢٧٢٠) کوردی لـێنووسراوە. هـەنـدێ خـاک و خـۆڵ و بـەردی سـەر مانگـیشـیان کـردە ناو تـورەکـەیەکـەوە. تـا زانـا جـیـۆلـۆجـییەکـانی کوردسـتان تـوێـژینەوەیـان لەسـەر بکـەن. گـەر لە نێـو جلەکـانیانـدا ئامێری فـێنکردنـەوە نەبـوایە، بەرگـەی گەرمیی رۆژی سەرمانگـیان نەدەگـرت. کـێشی جـوان لەسەر زەوی (٥٦) کیکـۆ گـرام بـوو، بەڵام لەسەر مانگـدا (٩) کیلۆگـرام بـوو. گەر بازێکی گەورەی بەرەو ئاسـمان بدایـە، بە قـەد بـاڵای کۆشکـێکی باڵا سێ نهـۆمی بـەرزدەبـۆوە. چـونکە هـێزی کـێشکـردنی مانـگ لاوازە.
خوارن و ئاو و ئۆکسجینیان هەر بایی رۆژێک پێ مابوو. بۆیە بیریان لە گەڕانەوە کرد. پەیوەنـدیشیان لەگـەڵ شڤانـدا بچـڕابوو، چونکە شـوێنی نیشتنەوەکەیـان لەسەر مانـگ، شـوێنی دیاریکـراویـان نەبـوو. شـڤانیش ئەمـانی نەدەبیـنی.
جـوان و دیـلان گەڕانەوە بۆ ناو گالـێسکەی باوەگوڕگوڕ. کەمێک پشویـان دا. ویسـتیان کلـیلی (سویـچی) مۆتـۆڕەکـانی باوەگـوڕگـوڕ بابـدەن و هـەڵی بکەن، تومـەس لە کـاتی دابـەزیـنی دیـلان بـۆ ســەر مـانـگ، کـۆڵـەپشـتەکـەی لـێکەوتـبـوو و شکابـوو. جــوان پێـنوسەکەی خسـتە شـوێـنی کلیـلەکەوە و بایـدا و هەڵیکـرد. کـێشەیـەکی تریشـیان بـۆ دروست بوو. پاتـری وزەبـەخـشی کارەبـاییەکـان، شـەحـنی زۆر دابـەزیبــوو، تـوانـای بـزوانـدنی مـۆتـۆڕەکـانی. گـالـێسکەی بـاوەگـوڕگـوڕی نەبـوو. دوخـێکی زۆر دژوار و چارەنوسساز بوو، بۆ جـوان و دیـلان. لە نێـوان ژیان و مـردنـدا بوون. دوای دامان و رامـان و بیـرکـردنـەوە. جـوان دەزگـای تۆمـارکەرەکەی دـیلانی بینی، کە لەگەڵ خۆیـدا هـێنابـووی بـۆ نـاو گالـێسکەی بـاوەگـوڕگـوڕ. تـۆمـارکەرەکەی لە دیـلان وەرگـرت و پشـتەکـەی کـردەوە کـە چـوار پیـلی گـەورە تێـدا بـوو، چـوار پـیـلی یەدەکـیـش لەنـاو کۆڵـەپشـتەکەی دیـلانـدا بـوو. جەمسەرەکـانی هەمـوو پیلاکـانیان بەیەکـەوە بەســتن و وایـەری پاتـرییـەکەی باوەگـوڕگوریان بـە هەردوو جـەمسەری پیـلە لێکـدراوەکـانـەوە بەسـت. جـوان پێنـوسەکەی بـادا، مـۆتـۆڕەکـانی باوەگـوڕگـوڕ کەوتـنەوە کـار. ئیـنجـا دیـلان پەنجـەی بـە دوگـمـەی بەرزبـوونـەوەی باوەگـوڕگـوڕدا نـا. بە خـێراییـەکی زۆر بـەرو ئاسـمانی مانـگ بەرزبـوونـەوە. زۆری پێنەچـوو، گەیشـتن بە ئامـەد کە شـڤانی تێـدا بوو، تا ئەو کاتە سی جار بە دەوری مانگـدا سووڕایەوە. گالێسکەی باوەگوڕگوڕ نـووسایـەوە بە ئامـەد. جـوان و دیـلان چـوونەوە نـاو ژوری ئامـەد و لەگـەڵ شڤانـدا یەکـیان گرتـەوە و ـباوەشـیان لە یەکـتری دا و پیـرۆزباییـان لـە یەکـتری کـرد. ئینجـا باوەگوڕگوڕ رۆڵی نەمـا. بـۆ بارسـووکی گەڕانـەوەی ئامـەد بـۆ سـەر زەوی، شــڤـان بـاوەگـوڕگـوڕی لـە ئامـەد تـرازانـد و لـە ئاسمانـدا جـێـیان هـێـشت. نـازانـن کـە چی بەسـەرهـات.
لە کوردسـتانـدا، ئامـادەکـاری بـۆ گـەڕانەوەیـان کـرا، بەلـەمـێکی گـەورەی تایبـەتی لە ناوەڕاستی (دەریاچـەی دوکـان) ی نـزیکی شاری سلـێمانی لە چـاوەڕوانی گەڕانـەوەی کەشتییەوانەکانـدا بـوو. بە هـەزاران کەسیش لە رۆخی دەریاچـەی دۆکاندا ریـزببوون.

کەشـتی (کوردسـتان – ١) گەیشتەوە نێـو بەرگەهـەوای زەوی. شـڤان هـێواش هـێواش خێراییەکەی کەمکـردەوە. هەرسێ کەشتیوانییەکە (جـوان ، شـڤان، دیـلان). لە بـەرزی پێنج سەد مەتـرەوە بە پەڕەشوت خۆیان هەڵـدایە نـاو ئاوی دەریاچەی دوکان، یەکسەر دەریانیان هـێنان و خستیانیانە ناو ژورێکی بەلەمەکەوە. پێش کەشتییوانەکانیش كه‌شتی (کوردستان ـ ١) یش کـەوتە نـاو دەریاچـەی دوکـان. ئەویـشـیان خستە سەر بەلـێمێکی گـەورە بـۆ ئەوەی لەمـۆزەخـانەی سلـێمانی دابنـرێـت.
هەرسێ کەشتییەوانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک لە (دابڕینی تەندروستی) دا مانەوە،لایەن لیژنەیەکی پزیشکییەوە، هەموو پشکنینێکیان بۆیان کرد، نەباکە ڤایرۆسی سەری مانگ چوبێتە گیانیانەوە. دەرکەوت کە هەرسێکیان تەنـدروستن و هەڵگـری هـیچ ڤـایـرۆس و پەتـایەک نـین.
پێشوازییـەکی فـەرمی و جـەمـاوەریی زۆر گەرمیـان لێکـردن.. بـە چـەپـکە نـێرگـزی کوردستان، نێرگزبارانیان کردن. میدالـیای زێـڕینی رێزلێنانی ئـازادی و ئازایەتیشـیان لەمـل کـردن.
جـوان لە پەیامەکەیـدا بۆ جەماوەری پێشوازیکەران، وتی:” راستە کە گەیشتن بۆ سەر مانـگ سەرکەوتینێکی زۆر گـەورەیە.. بەڵام سەر مانگ نە ئـاوی لێیە و نە هـەوا و نە ژیـان.. هـیچ شوێنـێک لە کوردسـتانی شیرینـمان و لە ئەستـێرەی زەوی دڵگـیرتـر نییە. بۆیە دەبێـت، هەموومان ژینگەی سروشتی کوردستانی نیشتیمانی جوانـمان بپارێـزین”
لەم کاتەدا، دایکی جوان، بانگی جوانی کرد:” جوان گیان، هەستە نانی بەیانی دەخۆین”
جـوان”ئای دایکە گیان چی خەونێکی خۆشم بینی. دوای نانخواردن بۆتانی دەگێڕمەوە”
() بۆ بیـرۆکەی ئەم چـیرۆکەم، سوودم لە گەشـتەکەی کەشتی ئاسمانی (ئەپـۆلـۆ-١١) وەرگرتـووە، کە لە ساڵی (١٩٦٩ز) یەکەمین کەشتی بـوو کە لەسـەر مانـگدا نیشتەوە. () ئەم چیرۆکەم (چیرۆکـێکی خەیاڵی زانستی) یە، کە تا ئەمڕۆش ئەم ژانـرە چیرۆکە لە ئـەدەبی منـداڵانی کوردمانـدا زۆر کەمـە. زۆر بەکەمیـش چیـرۆکنووسانی منـداڵانی کوردمـان خۆیـان لـە وێـزەی داون.. ئـەم چـیرۆکە بـۆ ئاستی مێـردمنـداڵان گـونجـاوە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ١٠/ یانـوار / ٢٠٢١

Previous
Next
Kurdish