Skip to Content

دەرەوە ڕەنگاوڕەنگە، بەڵام!.. نووری بێخاڵی

دەرەوە ڕەنگاوڕەنگە، بەڵام!.. نووری بێخاڵی

Closed
by نیسان 25, 2021 Poems

لە باخچە پڕ درەخت و گوڵەکەی کۆڵانی پشتەوە،
منداڵەکان بە جلی ئاڵوواڵا یاریی دەکەن
بۆ ئەوەی خەمی نەگەڕانەوەی باوکیان لەبیر بکەن،
دایکەکانیان ناردوویاننەتە کۆڵان

ڕێبوارەکانی سەر شەقامەکە،
هەر یەکەو بە ڕەنگی خەونێکەوە ڕێ دەکات
کەچی لە ڕووخساریاندا، ڕەنگی ماندووێتی و بێهوودەیی دەبریسکێتەوە

ژنێک کە کراسێکی گوڵگوڵیی پۆشیوە،
دەستی کچەکەی گرتووە، تەنوورەکەی لە ڕەنگی کراسی دایکی دەکات
تا کەس لە پشتی ئەو گوڵڕەنگییەیان، ڕەنگی غەمگینی ئاوارەییان نەبینێت

پیاوێک بە کراسێکی شین و بۆینباخێکی سووری تۆخ و چاکەتێکی نیلی
بە نیگەرانیێک کە وەک لۆچ بەنێوچەوانییەوە دیارە
جانتایەکی ڕەشی سەفەر،
بەرەو گەشتێکی تاریک، بە دوای خۆیدا ڕادەکێشێت

کوڕە گەنجێک بە ملپێچێکی سوور و پرچێکی برنج و ماشیی،
کە وێدەچێ بەدبەختیی ڕژابێتەوە پرچییەوە
بێتاقەت بەو ناوەدا دێت و دەچێت

کچێکی گەنج، کە ڕەنگی پێستەکەی بڕۆنزی و
ڕەنگی لێوەکانی و قایشی کەمەری، یەک ڕەنگن،
سوور، سوورێکی کاڵ
قوومی قووڵ لە جگەرە دەدات و
ئەو ناوەی لە دووکەڵی هەناسەساردیی قانگ داوە

لەسەر بانی دراوسێکەمان،
پەتێک بۆ جل وشککردنەوە ڕاکێشراوە
هەرچی ڕەنگی جلە،
لە سوور و زەرد،
سپی و ئاسمانیی
لە نارنجی و وەنەوشەیی،
قاوەیی و قەزوانیی
لە سەوز و زەیتوونیی،
مۆر و ئەرخەوانیی
لە شیریی و شین و پیرۆزەیی
بە پەتەکەوە هەڵواسراون و
ئێوارەکەی ژنێکی سەرتاپا ڕەشپۆش،
جلەکان کە خۆر چۆڕی تەڕێتیی تێنەهێشتوون، کۆدەکاتەوە

سەیرە،
دەرەوە پڕە لە ڕەنگ، بەڵام بەبێ ژیان!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish