Skip to Content

درەختی کەتناوە لە نێوان کاریکتەری زۆرباوی و حیکایتخوانی دۆنکیخۆتی.. لێکۆڵینەوە: عەلی شێخ عومەر

درەختی کەتناوە لە نێوان کاریکتەری زۆرباوی و حیکایتخوانی دۆنکیخۆتی.. لێکۆڵینەوە: عەلی شێخ عومەر

Closed
by كانونی دووه‌م 6, 2023 General, Literature


گەر بوون پێکهاتەی چەندین خودی لەیەک جیاکراوە بێ، لە هاوکێشەیەکدا بە پێداویستی پەیوەست بێ بە ئەوانەی دەرەوەی خود، چۆن بە چ ڕێگایەک دەبێ منی بکەر، وەک بوون ناتەواوی خۆی پێ پڕِبکاتەوە، چەمکی پرسیارێ ئەنتۆلۆژی زیندووبکاتەوە، بۆ پەراوێز خراوین! پەراوێزبوون چ واتایەکی هەیە! بۆ لە دنیای بەردەستدا نەگەم بە حەزو خەونەکانم! بۆ دەبێ پەنا بەرم بۆ خەون خەیاڵ! لە دواجاردا ئایا ئاوێتەبوونم، جێنیشێنبوونم لەنێو دەقێکی فانتازی دا، دەتوانێ ڕەگەزەکانی خەیاڵ، هەوێنی ئەفسانە و سیحرم لە چوارچێوەیەکی گونجاودا، بۆ بگێڕێتەوە، لە پێدراوەکانی ڕیالیزمی باو، دوورمبخاتەوە، ڕۆچوون بەم ئاراستەیە، ئایا باڵابوونی منە لە نووسینەوەی دەقێکی هونەری، یان گێڕانەوەی پەخشان ئامێزە، ئاسەواری نەمری بەدوای خۆیدا دێنێ، ئایا کەنارکەوتنی منە، یان جێهێشتنی نووسراوێکی ئۆتۆبایوگرافایی خەیاڵئامێزە، لەدوای ناڕِۆشنی لە چارەنووسی نادیاری من، لە دوای حەوت ساڵ لەژێر درەختێکدا دەدۆزرێتەوە، دەبێتە دەقێکی ڕۆمان بەنێوی “درەختی کەتناوە”1 ئەمە دەنگێکی نەگووتراوی حیکایتخوانە، کە نووسەری ڕۆمان “کەریم کاکە” لە پشتیەوە وەستاوە، ڕۆمانی “درەختی کەتناوە” ڕۆمانێکی” کەریم کاکە”یە لە ساڵی 2007 ی ز دا لە لایەن یەکێتی نووسەرانی کورد، لقی کەرکووک بە ژمارە 91 چاپکراوە، ئەم ڕۆمانە لە سیوسێ پاژ پێکهاتووە، 238 لاپەڕەی مام ناوەندە، ئەم ڕۆمانە لە رووی مانا و دەلالەت و یوتوبی و فانتازیادا، توانیویەتی شوێنێ دیار لە هزری وەرگردا فەراهەمبکات، تێڕوانینی جیاواز و پرسیار دروستبکات، هەروەها وەک خانەخۆیەک، دەکرێ لە نێوی دەقدا بژیت، هەست بە جووڵەو هەناسەی کارەکتەرەکان بکەیت، لە ژانوژۆیان تێبگەیت، لە مەودایەکی ئێستێتیکی دا، فرە دەنگی، بیرکردنەوە و گومان، لێکدانەوەی جۆراوجۆر بەدی بکەیت، بە هیچ شێویەک زاڵبوونی ڕای نووسەر لەسەر حیکایتخوان نابینین، ئاماژەی ناساندنی بزاوتی نەتەوایەتی وەک بابەتێکی مێژوو بوونی هەیە، زۆر بە ڕاشکاوانە بێ زۆر لەخۆکردن، لە ناوکۆی لێکەوتەکانیدا، ڕاساندنی کەسەرو بەرکەوتن لەتەک دەرگیرەکانی دەقدا دەکات، ئایا نووسەر تا چ ئاستێ لە ڕێگای گێڕانەوەدا بەرکەماڵ بووە لە دۆزینەوەو ناساندنی شوێن، دەرخستنی گرێچن، ڕێکخستنی ڕووداوەکان و گرێدانی بە ئەفسانەوە ئاماژە بەڕوویەکی هەقیقەت دەدات، لە دەروازەی ئاوەزو بیرکردنەوە، بەگڕخستنی خەیاڵدا، تا ڕادەیەکی باش سەرنجی وەرگر بە نەپچڕاندنی کردەی خوێندنەوەوە پەیوەستکردووە، هەڵسانگاندنێ نوێ، دەرخەی ئاوێتەبوونی وەرگرن، هەماهەنگن لە دروستکردنی پەیوەندییەک لەنێوان هەقیقەت و هونەردا، لەگەڵ دەروشاندنەوەی ڕەهەندەکانی فانتازیا، پاشینەی هێماو دەلالەت شان بەشان لەگەڵ کردەی گێڕانەوەدا شۆڕدەبنەوە بۆ نێو ناخی هەست و نەستی یەکبەیکی کارەکتەرەکان، دەڵێیت لە نزیکەوە دەیانناسیت، لەگەڵیاندا دەژیت، بە تایبەتی پیری بەفر و هەندێ لەو ئافرەتانەی کە هاوسەرگیری لەگەڵیاندا کردووە، بە کەم و زۆر باسیان لێوەدەکات، وەک گوڵناز، ئەستێ، مێرێ، فەتانە، مەستانە، سەحر و بێرێ، هەروەها حیکایتخوان باس لە سێکوچکەی خۆی و مەریەم و کورە چاو کەسکەکە وکاریگەری پەنجە خوار دەکات، ئاماژە بە چەندین کارەکتەری لاوەکی دەکات، ڕۆمانەکە لەو کاتەوە دەستپێدەکات، کاتێ حیکایتخوان لە گرتەیەکدا، پێ لەوە دەنێت، زۆر نییە پیری بەفری ناسیبێت، لە وەڵامدانەوەی پرسیارێکدا پیری بەفر باسی گۆڕی باپیرە گەورەی بۆ دەکات کە تا ئێستا بە پێوە ماوەتەوە، ناوی گەنجۆیە، کاتی خۆی هەموو خەڵکی گوند دێنە سەر ئاینی نوێ، هەرچەندە چەتۆی کوڕیشیی تاقانەیە، دێتە سەر ئاینی نوێ، بەڵام ئەم لەسەر ئاینی خۆی دەمێنێ، پیری بەفر بە یانزە پشت دەچێتەوە سەر گەنجۆ، حیکایتخوان، لە هەر دیمانەیک و دانشتنێک پرسیاردەکات، پیری بەفر وەڵام تەواودەکات، ناکات، لە وەڵامدانەوەی هەر جارێکدا، باسی بەسەرهات و حیکایەتێکی بۆ دەکات، یەک لەو باسانە، باسی بیرەوەری و مێژوویەکی بۆ دەکات، کە بەرکەوتنی لە تەکیدا هەبووە، باسی دوو شوێنی نهێنی فانتازی دەکات، کە خۆی ئەزموونی کردووە، کەشفی کردووە، یەکیان درەختی ئافرەتانە، ئەوی تر دۆندی پاڕانەوەیە، ئەوەی سێیەم پیری بەفر ئاماژەی بۆ دەکات، جێگاکەی بە نادیاری دەمێنێتەوە، تا حیکایتخوان خۆی دەیدۆزێتەوە، دارگوێزێکە، حیکایتخوان ناوی داری وشەی لێدەنێت، لەبن ئەو دارە لەگەڵ جگەرە، چا و قاوە، ئیلهامی بۆ دێ بەسەرهاتەکان دەنووسێتەوە، یەک لەو بەسەرهاتانە باس لە پەیوەندییەکانی مەریەم لەگەڵ چاوکەسک دا دەکات، کاریگەری ئەو پەیوەندییە چیی دەبێ لەگەڵ خۆیدا چیی لێدەکەوێتەوە، ڕۆڵی پەنجەخواری هاوڕێی لە دابەشکردن و لە گرێدانی ڕووداوەکان، چیی دەبێ چ کەتنیک دەخاتەوە، چ کاریگەەریەک لەسەر حیکایتخوان بەجێدەهێڵێـت چیی بە ئێمەی وەرگر دەڵێت، چۆن بیری لێدەکەینەوە.

ڕەهەندەکانی شوێن
گوندی کەتناوە هەر لە سەرەتاوە، لە ئێستای گێڕانەوەدا، پیری بەفر نێرەرێکە وەڵامی پرسیارەکانی حیکایتخوان دەداتەوە، لە ڕووی شوێنەوە باس لە پابەندبوونی بە خاک و نیشتیمانەوە دەکات، لە دەسپێکی مێژووییەوە پێیدا دێت، لە پێش هاتنی ئاینی نوێیەوە، نەتەوەی ئەمان هەر لێرەدا بوونە، لێرە لە ڕووی زمانەوانیەوە، پێداگریی ناسنامەی شوێنێک هەڵدەگرێ، درێژدەبێتەوە بۆ ئێستای گێڕانەوە، گەرمێژوو پەیوەندی میللەتێک هەڵنەگرێ بە ڕووداو، کارەسات، بەرگری، هزری مانەوە و کارتێکردن، ئەوا ڕەسەنایەتی پیری بەفر دەتوانێ هەڵیبگرێ، کە مێژوو بە یانزە پشت دەچێتەوە سەر گەنجۆی باپیرە گەورەی، ئاماژەکردن بە کێلی گۆڕی باپیرە گەورەی کە تا ئێستا هەر بەپێوە ماوەتەوە، لەسەر ئاستەکانی گێڕانەوەدا هەڵبژاردنی شوێن و شوێنکات، مانا، ئاوەز و دلالەت هەڵدەگرێت، دەکرێ چەندین خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بکرێ، چۆن بیرەوەری پرۆژەیەکە لە دوای مردنەوە نەبێت نایەتە دی، مانەوەی کێلی ئەو گۆڕەش لە گۆڕستانێکی وێرانبوو، لای پیری بەفر پرۆژەیەکە، لە کردەی گێڕانەوەی بیرەوەری خۆی دا، ژێدەرێکی ئیلهام بەخشە، گوندی کەتناوە وەڵامی ئەو پرسیارە نەزانراوانەیە کە بۆ تەواوکردن و نووسینی دەستنووسی ڕۆمانەکەی، حیکایتخوان هەمیشە داگەڕانی بۆ دەکات، بە دیوێکی دیکەدا دەکرێ ئێمەی وەرگر، لەنێوان مانەوەی کێلی گۆڕەکەو لەگەڵ ناوی خاوەن گۆرەکە پەیوەندیەک بدۆزینەوە، واتا لەگەڵ گەنجۆ بە پێی گێڕانەوەکانی پیری بەفر، کە بە تاق و تەنیا ڕادەستی ئاینی نوێ نەبووە، پێداگری و سووربوونی لەسەر پرینسیپی ئاین و تێڕوانینی خۆی کردووە، جیابوونەوەی لەوانی تر مانایەکی جیاواز بە ژیان و مردنەکەی دەبەخشێت، هەستی بوونایەتی لەو ساتەوەختەوە دەسبەردەبێت کە هاودژبوونێک نەک لە مانای ژیان بەڵکو لە مردنیشدا، ڕەنگدەداتەوە، ئاسەوارێ جیاواز لەپاش خۆی بەجێدەهێڵێت، پرینسیپی سووربوون، مانەوە و ڕادەستنەبوون شوێنەوارێ بۆ مێژوو دەهێڵێتەوە، ئەوانەی کە ڕادەستبوون، ئاینیان گۆڕی، شوێنیان لە گۆڕستانەکەدا نابینین، بە چەتۆی تاقە کوڕەکەشیەوە کە ڕادەستی ئاینی نوێبوو، بۆیە دەبینین، سەرجەم گۆڕەکان وێرانبوو، تەنیا یەک گۆڕ گەواهی مێژوویەکە، لە شوێن و داکەوتەکانی ئەو گۆڕستانە، لە نیشتیمانێک دا ماوەتەوە، ئایا ئەو ڕۆژە مێژووی سەرفرازی نیشتیمان لە گۆڕنرا! یان بە ئاراستەیەکی دیکە، گۆڕا بۆ چوارچێوەی بەرگری، ئایا ئەو ڕۆژە شۆخی نیشتیمان کۆتاییهات، گەنجۆ وەک نوێنەری نەتەوەیەک، هەر لەو قاڵبە خێڵایەتییەدا، مراندی، ئەوی لە ئێستای گێڕانەودا بە نەمری ماوەتەوە، کێلی خەونێکە نەهاتە دی، نەوەی کوڕە تاقانەکەیەتی، کە پیری بەفرە، نەوی چەتۆیە، خەڵکی گوندە، چەتۆ جگە لەوەی ناوی کەسێکە، لەهەمان کاتدا، دەکرێ وەک ئاوەڵناوێ وەریگرین، کە خەسڵەتی ئازایەتی دەبەخشێت، چەتۆی بێ پرینسیپ، وەک زۆربەی ئەوانیتر کە لە ئاینی باوباپیرانی لایدا، لە دوای ئازایەتی و هەستکردنی بە کەرتبوونی شوێن و غەریزەی مانەوە و مردن، نامۆبوونی خود لەتەک بابەت، داپچڕانی یەکبوونیان، کت ومت وێنەی نەتەوەیەکە، کە ناتوانن مێژووی خۆیان بنووسن، گۆڕانکاری لە چارەنووسی خۆیان دا بکەن، ئازان شەری بەرگریان زۆرکردوە، بەڵام ئەمانە وەک ڕووداو ماونەتەوە، نەیان توانیوە گۆڕانکاری لەنێو مێژوودا بکەن، هەر وەک گۆرستانەکە بە وێرانی ماوەتەوە، خەڵکی ئەم گوندە دووسەد کەسن، حەڤدە ماڵە، سەر بە هیچ شوێنێک نییە، لە ڕووی مێژووەوە لە هەریەک لە شارەکانی، ئەستەمبووڵ، تاران، بەغدا، کۆنترە، کەریم کاکەی ڕۆمانووس زۆر بە ووردی بە تۆبۆگرافیانە، ڕووماڵی شوێنەکانی کردووە، هەر لە ماڵ، رووبار، جۆگە، هەردو دۆڵ و شوێنی چیاکان، دارو بەردو تەنانەت وەرزەکانیش سیمبولێکن لە نێو کارەکتەرەکاندا دەرەوشاندنەوەی هەیە، ئەم شوێنە گشتییە، خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ لای سێگۆشەیەکە، لە سێ لاوە، سێ ڕێگای لێدەبێتەوە، بە ئاراستەی باکوور ڕێک دەچێتە نێو ئەستەمبووڵ، بەرەو ڕۆژهەڵات دەچێتە تاران، بەرەو خوار لە بەغدای، لە ئاست دوورو نزیکی مەوداکانی، هەر سێکیان بە پێوەری بڕینی شوێنکات، بە مانگ و هەفتە و ڕۆژ یەکسانن، پۆلینکردنی مەودای شوێن بە کردەی شوێنکاتەوە، پێدزێکە، گرێدانێکە، بە ڕووداوەوە بەستراوە، پەیوەندی بە جووڵاندنەوە و خەسڵەتی کەسایەتیەکان هەیە، پێوانی کات لە پێدراوەکانی شوێن دا، بە ڕێژەی جیاواز کاریگەری ڕەنگدانەوەی لەسەر کەسایەتیەکان جێگیردەکات، لە ڕێگای شوێنەوە دەکرێ باری دەروونی و تێڕوانین و گۆشەنیگایان دیاریبکات، سێبەری ڕووداوەکان بە پێی جووڵەی کەسەکان لە شوێنکاتدا ئاسەواری نەخشەیەک لە شوێندا بەجێدەهێڵێت، ڕەنگدانەوەی خۆی تۆخدەکاتەوە، ئەوەتانی کەتناوە وەک شوێن کاریگەری پێگەی جوگرافی تەنراوە بە سێ ڕێگاوە، بە سێ کەلتوور، بە سێ میللەت و بە سێ بیرکردنەوەو بۆچوونی جیاواز، بەم هۆیەوە، ناو و شووناسێ جێگیری نییە، هەر کەسێ دێت ناوێکی لێدەنێت، حیکایتخوان، کە دەنگی دووەمی نووسەرە، بە کەتناوە دەیناسێ، لێسەندنەوەی ناو لە شوێن، کردنی بە ناشوێن، باکڕاوندی گومانێ فەراهەمدەکات، نە لەئێستای گێڕانەوەدا، نە لە ڕابردوویشدا سەقامگیری تێدا بەرجەستە نابێت، بە پێی گێڕانەوەکانی پیری بەفر، بە درێژایی مێژوو، لە ژێر کاریگەری فاکتەرەکانی دەرەوەدا، لە ناوەوەدا سیما سروشتییەکانی سەقامگیری لە ناو شوێن دا تێکشکاندووە، هەر لە پەلەمار، هێرشبردن، سووتاندن، ماڵوێرانی، ئاسەوارەکانی تۆپبارانکردن و تووندوتیژی جەنگە ناڕەواکان، ڕەنگدانەوەیەکی نەرێنی لەسەر کەسەکان هەیە، جارێک دەکەون، بۆ جارێکی تر کە هەڵدەسنەوە، ناگەنە کۆتا چارەسەری کێشەی مانەوە، هەرلەو قاڵبەدا دەمێننەوە، بۆیە لە ئێستادا، ئایندەیەک بەدی ناکەن، مانایان پێ ببخشێت، ناسنامە هەڵگرن، لە شوێنێکی سەختی دوورەدەستن، لە سێگۆشەیەکن، نە مەنفایەکی فەرمییە، نە نیشتیمانێکی ئازادە، خەون و بیرو پلانی دواڕۆژیان پێ نییە، تا پەیوەندییەکی پۆزەتیڤی پێوەببەستن، ناوو شووناس هەڵگرن، مارک ئاوگە لە شوێنێکدا دەڵێت “جیاوازی شوێن و ناشوێن لەوەدا دەبینێت، شوێن پەیوەندییەکی پۆزیتیڤ و شوناسچێنی لەگەڵ کارەکتەرو هۆشیارییدا هەیە “2 بەپێی پێدراوەکانی دەقی بەردەست دا، کەریم کاکە لەسەرجەم ئاستەکاندا، زیرەکانە توانیویەتی ئاماژە بە رەهەندەکانی ناشوێن بکات، یەکەم وەک پەرچەکردارێک لە پەیوەندییەکی ئەرێنیدا، قەربووی شوێنی ڕاستەقینە دەکات، بە سێ شوێنی یوتۆبییەوە گرێدەدات، وەک درەختی هاوینە، دۆندی پاڕانەوە و درەختی وشە، کە شووناسی تاک بە شوێن و ناسنامەوە پابەنددەکات، چاوپۆشین لە شوێنی ڕاستەقینە، پەنابردن بۆ شوێنی یوتۆبی، لادانێکی ئۆنتۆلۆجییە لە زانراوێک، پرسیارێ نەمر لە ناشوێندا دەکات داوای وەڵام و شووناس دەکات، ناتوانێ لە چوارچێوەیەکدا بیدۆزێتەوە، سنووری بۆ دانێ، کاریگەری ڕابردووی ئەم شوێنە جوگرافییە، کارێکی وا دەکات ناسنامەی شوێن پێشهاتنی حیکایتخوان، بە نەزانراوی بمێنێتەوە، تەنانەت ئەمی حیکایتخوانیش ناتوانێ ناوی لێبنێت، ناو واتا شووناس ناسنامە، نەک خەسڵەت، کەتناوە خەسڵەتێکە، بە مەبەستەوە بێت یان بێ مەبەست بێت، شوێن ناوو ناسنامەی لێسەنراوە، بە خەسڵەت دەناسرێتەوە، ئەی لە دیاریکردنی سنووری جوگرافیای بەرجەستەکراو دا، چیی هێشتووەتەوە بۆ ڕەسەنایەتی شوێن و ناوی ڕاستەقینە، چۆن وەڵامی مێژوو دەداتەوە، ناو داماڵراو نییە لە جەستە، شوێن سڕینەوەو ئاسەواری ناوو شوێن، ڕێک دووبارە بوونەوەی ئەو گۆڕستانە ویرانەیە کە نە ناوو نە ئاسەواری گۆڕیان نەماوە، ئەوەی ماوەتەوە هێڵی سوورە، بەڵگەی مانەوەی ناوێکە مێژوویەک هەڵدەگرێ، کێلی گەنجۆیە، لە کاروانی مێژوودا ناسنامەیەکی نەخوێندراوە، فەرامۆشکراوە، لە بیرەوەری و گێڕانەوەی سەرزارەکیدا ماوەتەوە، جارجار پیری بەفر باسیدەکات، بەڵام ئەوەی جێی داخ و کەسەرە، ماکی بڵاوبوونەوەی نەخوێندەوار و بێئاگای تاکە، پەیوەندی بە ناوو شوێنەوە پچڕاوە، پێچەوانەی هاونیشتمانیە، کە تا ئێسک لکاوە بە نیشتیمانەوە، نامۆ نییە بە شوێنەوە، ئەوەی خەسڵەتی کەتناوەی سەپاند، کردییە ناونیشانی دەسنووسەکەی، لەنێویدا بە شێوازێکی ئۆتۆبایۆگرافیایی خەیاڵئامێز بیرەوەرییەکانی خۆی و پیری بەفرو کارەکتەرەکانی دیکەی تێدا نووسی، کەسێکی هاوزمانە خوێندەوارە، لە بارەگایەکەیدایە، بەناو چەکدارە، ئێستا ساچمە لە لاقی دایە، وازی لە چەکداری هێناوە، هەڵبژاردن و سەپاندنی ناوی کەتناوە، بەدەر نییە لە ڕەنگدانەوەی ئەزموونەکانی، چەندین جار لەنێو دەقی گێڕانەوەدا بەرکەوتن لەتەک شوێن و ڕووداوو کەسەکاندا دەکات، هەر جارێ بە مەبستێ ئاماژەی بۆ دەکات، بۆ نموونە “من دوعا گەرمەکانی دایکم بیردەکەوێتەوە، ئەو کاتانەی کەتنێکم دەکرد”رۆمان ل81، “لە دوایی بزربوونی من، مەریەم ئەو کەتنەم لای کەس ناگێڕێتەوە”رۆمان ل 132، “هەرچی هەیە بە پەنجە خوارەکەی بکەم ئەو کەتنەی بە من کرد”رۆمان ل 126 * چۆن حیکایتخوان ناپاکی لەتەک ناوی شوێندا دەکات، بەرکەوتنی هەندێ لە کارەکتەرەکانیش لە شوێندا ناپاکی لەتەک ئەمدا دەکەن، باکڕاوندی ئەم ناپاکییە وادەکات ناوە ڕاستەقینەکەی بە نەزانراوی بمێنێتەوە، بە خەسڵەتێ، بناسرێنەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئەزموونەکانی خودی حیکایتخوانەوە هەیە، بە هەمان شێوەش شوێن ئاوێنە ئاسا ڕووخساری کارێکتەرە سەرکیەکانی ڕۆمانەکە هەڵدەگرێ ، ئەوانیش بێ ناون، بە خەسڵەتی ڕوونکردنەوە دەناسڕێنەوە، وەک پیری بەفر، حیکایتخوان بە ساچمە لە لاقیدایە دەناسڕێتەوە، پەنجەخوار، کە لە دواجاردا مەریەم مێردی پێدەکات، چاوکەسکەکە بە دەنکی مەریەم ئاماژەی بۆ دەکرێت، هەر یەک لەم کارەکتەرانە لە ناوکۆی ئەجیندای هاوکێشەیەکن، دڵنەوای بە ڕەوتی دەقی خوێندراو دەبەخشن، هەر یەکێکیان تابلۆیەکە لە وەرگیڕاوەکانی چەمکی کەتن، لە پێدراوەکانی دەقی نووسراوی حیکایتخوان دا نیشتجێبوونە، بۆ نموونە پیری بەفر لە کەتنی چاوەڕوانیدا، لە پاییزەوە بۆ هاوین، واتا سێ وەرز بە تەماحی بەهەشتێکی دنیایی بە یوتۆبیای درەختی هاوینە و دۆندی پاڕانەوە ڕایدەگرێت، چاوکەسکەکە پیرۆزی مەریەمی دڵخوازی لێ زەوتدەکات، لە هەمان کاتدا، ئومێدێکی پێدەبەخشێت، بەوەی هەندێ لە پیرۆزیی مەریەمی بەرکەوێت، پەنجە خوارەکە بە غەیوری خۆی تا ئەم لەسەر ڕێگای پیرۆزی مەریەم هەڵکەنێ، بەردەوام بە خراپە ناوی مەریەم دەهێنێ و برینداری دەکات، لە ناوکۆی دەقدا، تابلۆیەک لە گومان وەردەگیرَِێت، جولیا کریستیڤا دەڵێت”هەموو دەقێک بریتییە لە تابلۆیەک لە وەرگێراوەکان”3، لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان دا، ئەم تابلۆیانە، فاکتەرێکی سەرەکی کەتنەکانی حیکایتخوانن ، ڕەنگدانەوی کەتنەکان بنەمایەکی تر دەخاتە سەر بابەتی ڕووداوەکانی نێو شوێن و جەستەی نالەبارو هەست و نەستی حیکایتخوان، بە جۆرێک نە ناوی خۆیمان پێدەڵێت، نە ناوی ئەوانەی بەرکەوتنی ڕِاستەوخۆی لەتەکیاندا هەیە، جگە لە ناوی مەریم نەبێت، ئەویش لە سۆنگەی ئەوەی مەریەم، لە ناجێگری خۆیدا ئاوێنە ئاسایەکە، لە ناشوێنی دا نا مۆبوون، لە گرتە جیاوازەکانی گێڕانەوەدا، وێنەی شکستی خۆی تێدا دەبینێ، هەڵبەت بەهەمان تێڕوانینی چەمکی بێ ئومێدی شکستیەوەش، نەگەیشتن بە خەونەکان، هاوتەریبیەکی هاوسۆزانە لەتەک دەستبەرداربوونی ڕەهەندەکانی جێگری شوێن لە ڕەنگدانەوەی ڕووخساری ناجێگیری مەریەمدا بەدیدەکات، لە ڕۆمانی نوێدا لەنێو نەزانراوەکانی دەقدا توانەوەی ناو و ڕووخساری ئەوانەی ناویان نەهاتووە، بە چڕبوونەوەیەکەوە گەماڕۆدراون، ڕێگا دەکەنەوە بۆ کەساندنی ئەوانەی ناویان هاتووە، بوونەتە ژێدەرێک لە نواندن و ڕێکخستنی بارودۆخێکی گواستنەوە لە وێنەیەکەوە بۆ وێنەیەکی تر. .

نهێنی بەهارو شکستی هاوینە

لەناوکۆی پەیوەندییەکانی بە کەسانی دیکەوە، بەپێی ئەزموون، پێگەی کۆمەڵایەتی، خەسڵەتەکانی پێکهاتەی کەسایەتی وەک دالێک ڕەنگدانەوەی دەبێ لەسەر مەدلوول، بە پێچەوانەوەش دروستە، ڕەهەندەکانی ئەم پەیوەندییە بە گوێرەی پێشهاتەکانی ڕووداو دەجوڵێن، لە دیمەنێکەوە دەچنە دیمەنێکی تر، لە ئاست کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر شقڵی جیاواز، یان لێکچواندن وەردەگرن، بە هەندێ داگری ڕەنگە دەرگاکانی لادان وهەڵخلیسکانیش لە پەیوەندییە سروشتیکانی مرۆڤ دا دەستەبەربکات، قین و ئەوین ئاوێزانی یەکتربکات، هەڵبەت نەخشەی جومگەکانی بنیادی کەسایەتی، بێ بنەما لە جوگرافیایی دەقدا نایتە سەر مێژووی ناساندنی کەسەکەوە، گەر مانایەکی پێنەبەخشێت، فیلیب هامۆن لە شوێنێکدا دەڵێت ” لە میانەو ناکۆی دەقدا نەبێ کەسایەتی نە ژێدەر و نە مانای هەیە”4 گەڕان بە دوای مانادا، لە دوای بەیەکگەیشتنی ئەو خەسڵەتانەوە دەستپێدەکات کە کاریگەری بەشە بەربڵاوەکانی چەمکی زانین ڕاستەوخۆ بلکێنین بە بارودۆخی دەرکەوتنی کەسەکان، ئەم کردەیەش لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دیمەنانەی کە دەکرێنەوە، ئاڵۆزییەک بە خۆوە دەبینێ، بە ستایلێکی بازنەیی هەوڵدەدەین، خوێندنەوەیەکی شاقوڵی بۆبکەین، تەوەری سێکسی وەک لێکەوتێک بۆ بکەینە دەستبژێرێکی گونجاو، بارودۆخی کەسایەتی حیکایتخوان و ئاستەکانی گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان، لە ڕیچکەی بەرکەوتنی لەتەک دەوروبەردا بکەینە بنەمایەک بۆ ئاشکراکردنی ڕایەڵەکانی نهێنی و لەزەتی دۆزینەوە دژەوازەکانی، کە لە نێوان پێوەرو جیابوونەوەدا، دەبنە هاندەرێک بۆ ڕامکردنی پەیوەندییەک، بە حەسرەتەکانی ئەوین و تێرکردنی دواکانی جەستەوە گەمارۆدراون، بە پێلێنانی کەسایەتی حیکایتخوان خۆی بە مۆنۆلۆگ، گوزارشت لەوە دەکات، بەوەی زووگوورتیە، لە دنیای ژندا هیچ ئەزموونێکی نییە، ئەوانەی بەزای ئەون خەریکە دەبنە باپیرە، کەچی ئەمیش هەروا ماوەتەوە، خالییە لە تام و کامی مێینە، بێ مێنە ئاوێنەی یادەورییەکانی تەڵخ و ناتەواوە، لەزەتە ناکات گەر جوانییەکانی پیاوەتی خۆی لەگەڵ مێنەدا نەبینێ، دەترسێ نەگات بە لەزەتی ئەو نەهێنییەی کە توانەوەی ڕەنگی جەستەی خۆی لە ڕەنگی جەستەی مێینەدا بەدی نەکات، ئای لە سیحری تێکەڵبوونی ڕەنگەکان، ئای لە مێینەو جوانییەکانی، بە تایبەت مەریەم، کە بە گوێرەی حیکایتخوان، گشت جوانی کیژانی دنیا لەودا دەبینێ، مەریەم و شۆخییەکەی بوونێکی هایدگەرییە، ئاوێنەیەکە خۆی تێدا دەبینێ، ماڵێکە چۆن ئەو تێدا نیشتەجێبووە، دەیەوێت ئەمیش تێدا نیشتەجێبێت، باشلەر دەڵێت”دەبینین وێنەکانی ماڵ، بە دوو ئاراستەدا دەجوڵێتەوە، بە دیوێکدا ئەوان لەناو ئێمەدان، بە دیوێکی تریشدا ئێمە لەناو ئەوانداین”5 بەڵام ئایا مەزندەو ویستی حیکایتخوان، بە شێوازێکی ئەرێنی بە پێی نەخشەی ئەو ماڵەی ئەم لە چینە قووڵەکانی خەون و بێئاگاییدا دایڕشتووە، دەجوڵێتەوە، یان بەردی گوناهێک، دەبێتە لەمپەڕێک تراژیدیایی شکاندنی ئاوێنەیەک لەخۆدەگری، ئەمی حیکایتخوان مەریەمی تێدا دەبینێ، چ کارەساتێکە خۆی بە قوربانیەک دەبینێت، تاوانبار ئاسا سروشتی بوونایەتی خۆی، لە لێکچواندنی سروشتی هاوێندا بەدی دەکات، و دەڵێت من پیاوێکی هاوینەم، وشک و برینگ، بێ هەوری مێینەو بارانی بە یەکگەیشتن، گلەیی و گازندە لە مەریەم ناکات، بەڵکو سەرجەم ژنی دنیا غەدریان لێکردوە، هەستکردن بەم غەدرە لە ئێستاوە نییە، ڕابردوویەکی لە مێژینەی هەیە، گرێیەکە بە نەمری ماوەتەوە، کاتی خۆی لە پۆلی سێی ناوەندی، مامۆستایەکی ژن وانەی بیرکاری پێ گووتووە، ڕێک سەیری ناوچەوانی کردوە پێی وتووە “هەندێک سەروسیما هەیە هیچ ژنێ حەزی پێ ناکات” رۆمان ل 135،حیکایتخوان دەڵێت کەس وەک ئەو مامۆستایە منی نەناسیەوە، واژووکردنی ئەم پێلێنانە، ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی ڕادەستبوونە بە لێسەندنەوەی بەهاری گەنجێنی، قۆناغی هەرزەکاری، پووکانەوەی هەستی خۆشەویستیی بەرانبەر بە ڕەگەزی مێینە، ڕۆچوونە بۆ نێو وەرزی هاوینە، بە نێو تین و گەرمای نامۆبوونی سێکسی، بازدانە لە بەهاری پەیوەندی دڵداری بۆ هاوینێ کە ناتوانێ، تیونییەتی ئاە وحەسرەتەکانی بەهاری دڵ بشکێنێ، هاوینێکی تەنیا، بێئومێد، بێبەشە لە پاشخانی بەهاری، وەرزیکی ناتەواوە، بێ قۆناغ و دۆگمایە، هەست بەکەمی دەکات، تا بڵێیت شەرمنە، ناتوانێ گوزارشت لە دڵداری بکات، پشتڕاستکردنەوەی قسەی مامۆستاکەی کردووەتە ڤیزای مینبەرێک، بەردەوام چەوساندنەوە و ستەملێکردنی خۆی تێدا نوێدەکاتەوە، بەوەی کەسێکی ئیسک قورسە، دڵگیر نییە، ئەم هەستکردنە گیانێکی شەڕانگێزو دڵرەق و خەسڵەتێکی هاوینەی پێدەبەخشێت، پاڵنەرێکە پەی بە ڕیگای سروشتی نابات، بیگەیەنێتە مەبەست، ڕاستەوخۆ قەدبڕێکی میکانیکی دەگرێتەبەر، لە ڕقدا، زیاتر بیر لە دەسکەوت و لەزەتی جەستەیی دەکاتەوە، وەک لەوەی بیر لە پەیوەندی ئەوینداری بکاتەوە، درککردنی بە دڵەڕاوکی و نەبوونی پەیوەندی ئەوینداری ڕاستەقینە، دەیخاتە ژێر فشاری پرسیارە تێکشکێنەکانی خود، چ گوناهێکی کردووە، ڕەزای قورسە، لە سێی ناوەندییەوە، قوربانی دەستەواژەیەکە، وەک تاوانبارێک خۆی دەبینێت، ناچێتە دڵی ژنەوە، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ دنیایی سۆزو جوانی ژن، بە لێبوردن، چاوپۆشین لە ئێسک قورسی بکرێت، پیرۆزی بە دەستبهێنێ، بێ ترس، بە ئومێدەوە خۆی یەکلابکاتەوە، بێتەوە نێو ئامێزی کەسکی بەهارانە، بێتە لای مەریەم، مەریەم گوزارشت لەو پەیوەندییە دەکات، کە لە هاوینەوە دەیگێڕێتەوە بۆ قۆناغی پێشتر باوشێکە لە سۆز، دەیگێڕێتەوە بۆ بەهاری چاوە سەوزەکانی، بۆ سروشتی پەیوەندیی دڵداری، کە لە هەر سێ ڕێسای ئایدلۆژیاو سایکۆلۆژیاو لە دوا جاردا لەتەک سێکس دا کۆکن، بەڵام تێزی ئەم ڕێسا سروشتیە لەتەک پەیوەندی دڵداری عوزری دا یەکنایەتەوە، ئەویش نەکرانەوەی بەهارە، نەبوونی سێکسە، داخران و قەتیس بوونی دەروونە، لەنێو وەرزی نەبوونی و وشکە ساڵی هاوینەیە، هەست و لاقەنەکردنی پیرۆزییە، مانەوەیە لەنێو بێگەردیدا، سەرسامبوونی بە جوانی، تەقینەوەی خۆشەویستییەکی ئاوهانە، بچوککردنەوەی خۆی وگەورەکردنی ئەوی دڵخواز، وای لێدەکات ئەو بە پێمێردێ پیرۆز، بێ سێکس سەیرکات، ئایا بیرکردنەوە لە چەمکی جوانی ڕەها لە خود دا، مانای نەمرییەک نابەخشێت کە کردەی سێکس تێدا بە تاوان هەژماربکرێ، لە هەمان کاتدا درزێک فەراهەمناکات لەتەک مردنی حەزو خولیای گەیشتن بە کردەی سێکسی، بەجۆرێک لە جۆرەکان، جوانی پەیوەست ناکات بە پاکدامێنی و بێگەردی، گەر لە ئاستی بینیندا دوالیزمەی ڕووە ئەرێنییەکی جوانی بێتاوانی بێت، ئەوا ڕووە نەرێنییەکی جوانی ناشرینی و هەست بەخشینە بە تاوان، بە گوناهبوون، ئافرەت پەرستگایەکە شوێنی گونهکارو تاوانباری تێدا نابێتەوە، بەهارێکە شوێنی هاوینی تێدا نییە، پرسیارێکە تەنیا وەڵامێکی تێدا نییە، گەر زۆری بۆ بێنی هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دنیایی دەرەوە، یان بۆ ڕابردوویەک، لە ناسنامەی وەرزێک دا، وەک تاوانبارو گوناهبارێک ڕەنگ وبۆی داوەتەوە، خۆی بە پیاوێکی هاوینە دەخوێنێتەوە، ئەم زەمینەیەش هاوشانە، یەکدێتەوە لەگەڵ گەیشتن بە درەختی هاوینە، یان درەختی ژنانە، ژنان لە گەرماوەکەی مێرێ بۆی ڕووت دەبنەوە، مەراقی ئەمیش بینینی جەستەی مەریەمە بە ڕووت و قووتی، ئەمەش پاڵنەرێکی بەهێزی مانەوەیەتی لە کەتناوە، بەو هۆیەشەوە دان بەخۆیدا دەگرێت، بە ناچاری بەرگەی چاوەڕوانی سێ وەرز دەکات، هەر لە پاییزی گەیشتنییەوە بۆ زستان، بەهاری درێژ و ئینجا هاوینی مەبەست، ئەم کە تەمەنێکی بەهاری لەدەستچووە، ڕقی لە بەهارە، جوانی سروشت لە هاویندا دەبینێ، ئەم بینینە بەدیوێکدا یەکدێتەوە لەتەک پێکهاتەی وشک و برینگی بوونیدا، بەدیوی سروشتیش دا، پارادۆکسێ لەتەک بەهاری سەوزی دوورو درێژی کەتناوە دا، فەراهەمدەکات، کە پرە لە گوڵ و گوڵزار، بە دیویکی دیکەشدا لەتەک چاوسەوزەکەی هاورێی دا، ئەم پارادۆکسە نوێ دەبێتەوە، بە کردار لەتەک مەریەمی چاوکەسکدا یەکدێتەوە، بەوەی هەردووکیان بە جووتە دوو بوونەوەری بەهارین “بە چاوی خۆم لە درزی بەردێکەوە دیتم، وا لە ژێر برادەرە چاو کەسکەکەم ڕاکشاوە ماچی دەکات، نازانم چیی دییکەیان دەکرد” ڕۆمان ل 76 ، ئەم بینینە، شاهیدی یەکەمە، لە ناوەخوندا، بڕیاردەدات، چیتر بینەر نەبێت، لە ساتی ڕوودانی گوناهەکە کە لەوێبوو خۆی نەگرت، هەڵهات، لە ئاستێکدا هەقیقەتی کەسێکی بە دەستهێناوە، لە مەزندەیدا نەبوو ئاوهانە بێت، لە ئاستێکی دیکەدا لە ڕادەستبوون و پەرتبوونی جەستەی ئەو بەهشتە پیرۆزە هەڵدێ کە ڕۆحی خستە نێو دۆزەخی دۆڕاندن، گەڕاندییەوە بۆ هاوینی قاتی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا، داڕمانی زەمینەی پۆلینکردنی ڕەهەندەکانی سیحری خۆشەویستی عوزرییە، سەرەتای خاڵی وەرچرخانە بەرامبەر بە داکەوتە سروشتیەکانی چەمکی سێکس، چاولێکردن و بە ئاگاهاتنەوەی باڵاڕۆی خودە لە بیرۆکەیەکی جێگر، مەریەمەکەی جارانی تێدا نابینێ، دەرکردنە لە بەهشتی پاکدامێنی بۆ دۆزەخی سێکس، شۆکە، ڕاساندن و باوەڕهێنان بەو گرتەیە، تێزی گووشارێکی چەواشەکاری هەڵدەگرێت، تەشەرەیەکە گیانی نەرسیسی زاماردەکات، وەک بەرگری و پەرچدانەوەیەک، شێمانەی پەڕگرتن لە هەردوو کارەکتەری ئەو گرتەیە هەڵدەگرێت، کە نەیتوانی تا دوا ساتەکان، منەی کوژاندنەوەی ئاگری ئەو لەزەتە بکات، دوو بوونەوەری بەهاری نەیان توانی لە نێوان ئەرێنی و نەرێنی دا جیاکاری بکەن، لە نێوان بێگەردی و باجی ناپاکی دا، چاوکەسکی هاوڕێم و مەریەم، بە خودوخەدوە لە بەیەکگەیشتنی دوو جەستەدا، حەزێک دەکوژن، ئەمی بگێڕێرەوە بە تەماشاکردنێکی پێدزییەوە حەزێک دەیکوژێت، تۆڵەیەک دەیگرێتەوە، ئەم وەک پیاوێکی هاوینە، ناتوانێ بگەڕێتە دواوە، بەر لە دوو کەسی بەهاریی بگرێت، بەر لە مەریەم و چاوکەسک بگرێت، بەهار وەرزی دڵداری و جوان پەرستییە، ئەم لە سۆنگەی ئەوەی پەککەوتەیە، ساچمە لە پێیەکانیدایە، لە هاوینی تەنیایی بۆ بەهاری تەبایی و جووتبوون، نە پێی پەڕینەوە، نە پێی گەڕانەوەی هەیە، ناتوانێ پەیوەندی دروستبکات، لە کوێ جوانترین کچی دنیا بە پیاوێک ڕازی دەبێت، کە خۆی دڵنیایە، هیچ کچێ حەز لە چروچاوی ناکات، ئای مەریەم چۆن لە دۆندی پاڕانەوە، لە پیرۆزیییەو منت پەڕانەوە بۆ دوزەخی تۆڵەکردنەوە، ئەی چ جێگۆڕکەیەکی کرد، ڕێڕەوەکانی سروشتی گەیشتنی لە مێنەوە گواستەوە بۆ چاوکەسک، نازانێ چۆن بنەماکانی پەڕگرتنی سێکسی، قەربووی ڕایەڵەکانی پیرۆزی دەکات، چ کەتنێکت بەرپاکرد، ئەدی نازانی پیرۆزی، توندوتیژی و پەڕگرتنی بە دواوە دێت، پیرۆزی تۆ نەبوایە، کە بە ئاسانی ڕادەستی چاوکەسکت کرد، من چیم دابوو لە چاوکەسک، بۆ ئاشقی دەبووم، کە من نەگەم بە تۆی مێینە، خۆ وەک پیاوێک بۆ سەلماندنی بوونایەتی خۆم، ڕازیکردنی نەرسیسی بریندارم، ناچارم سیمای تۆ لەودا ببینم، دەتوانم تۆڵە لەو بکەمەوە، پیرۆزی تۆ بگێڕمەوە، چاوی بشکێنم، چاوشکاندنی ئەو، گێڕانەوەی تۆیە بۆ من، ئاوڕدانەوەی بەهارە بۆ سەوزکردنی هاوین، ڕەتکردنەوەی ئەو تێزەیە کە هیچ کچێ حەز لەم جۆرە پیاوە ناکات، بەڵام لەم کەینەو بەینە، ئەوی مەریەم دای بە چاو کەسک نەیدا بە حیکایتخوان، کاتێ لە گەڕانەوە، ڕێگا بە مەریەم دەگرێت، پێی دەڵێت “یەک جار ئەوە لەگەڵ من بکە، لە تەمنم بیر لە درەختی هاوینە ناکەمەوە” ڕۆمان ل 75، لە ڕەشبردنەوەی پاکدامێنی مەریەم هۆیەک بۆ مانەوەی خۆی نادۆزێتەوە، بۆیە هەوڵدەدات خۆی لەنێو ببات، پیری بەفر بە هاتنی وەرزی هاوین، بە سەیرکردنی ژنی ڕووت و قووتی درەختی هاوینە، ساردی دەکاتەوە، چاو کەسکە پێویستی بە هاتنی هاوین و درەختی هاوینە نییە، هەردووکیان دوو کارەکتەری بەهارین، بە کردار کاری خۆی لەگەڵ مەریەمدا کردووە، پیرۆزی لێ وەرگرتووە، ڕەنگی یەکیان گرتووە، هاوشێوە بوونێک لەچاو و لێوی مەریەم و چاوکەسکدا ڕەنگیداوەتەوە، چاوکەسک دەکاتەجێگرەوەی مەریەم، چۆن لەپەیوەندی ئەوینداری دا، تاوان دەبێتە جێگرەوەی ئەشقی تاک لایەنی، لاسەنگی، شەرم و ڕەنگ پەڕینی لێدەکەوێتەوە، ئەو شەرمەی لە بەرابەر مەریەم دا، لە ڕووخساری حیکایتخوان دا یەقی دەدایەوە، ئێستا لە بەردەم چاو کەسکدا، بە هەمان شێوە یەق دەداتەوە، ئەوەی ویستی لەگەڵ مەریەم دا بیکات بۆی نەکرا، ئێستا دەیەوێت لەتەک چاو کەسکدا بیکات، هەتا دەهات شوێنی مەریەم لەق دەبوو، جێی چاوکەسک جێگیردەبوو، لە شوێنێکدا بە مۆنۆلۆگ دەڵێت “من برادەرە چاو کەسکەکەم بە هی خۆم دەزانم حەزم نەدەکرد کەس لێی نزیک بێتەوە”رۆمان ل 78، چاوکەسک هەستی پێ کردبوو، تووخنی نەدەکەوت، دەترسا ئەوی لە تەک مەریەم کردی، هەمان شتی لەگەڵ بکرێ، گەر مەریەم لە دنیایی مندا هێمایەک بێ بۆ پاکدامێنی، ئیتر چۆن لە پێناو هەڵگرتنی گوناهەکانی، شکاندنی تابۆکانی خۆشنوودی، نەبم بە عیسایەک، لە خاچ نەدرێم، پیرۆزی و نەمری نەگێڕمەوە، دوانەی پیرۆزی وگوناە لە دژوابووندا، چ لەمپەڕێک لە جیاوازی دوورکەوتنەوەدا، بەدەستدێنێ، ئیترچۆن تەبایی و سڵاو و نزیکی لە نێوانیاندا دەمێنێ، بە چ ڕێساو پێوەرێک، سڵاو لە نێوان حیکایتخوان و چاو کەسکدا دەمێنی، لە ترسی ئەوەی نەبادا لاقەی بکرێ، لێی دووردەکەوێتەوە، ئەم دوورکەوتنەوەیە، شکستییەکی دیکە دەخاتە سەر خەمەکانی حیکایتخوان، ئەگەرکانی پاکبوونەوە، لە گوناە بەر تەسکتر دەکاتەوە، بە ڕێرەوی ڕووبارەوە، چەندین نامە بۆ مەریەم دەنێڕێت، بێدەنگی مەریەم، وەڵامنەدانەوەی وای لێدەکات، پەنا بەرێ بۆ پەلاندانان و تۆڵەکردنەوە لە مەریەم، کەشفکردنی ڕێگا و شوێنی درەختی هاوینە، کاتێ دەمەو بەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی، حەرەسەکەی هاوڕێی پەنجەخوار گومانی لێدەکات، وا دەزانێ شەوخۆی بە مەریەم گەیاندووە، سەرسام دەبێت، باوەڕ ناکات ” بەڕاست مەریەم ئەوهایە ماچ دەداتە هەموو کەسان بۆ هەموو کەسێ ڕادەکشێ بەس لەگەڵ من و ئەو کورە لە من بەدبەختتر ئەوهایە” ڕۆمان ل 120، دەرخەی ناجێگیرییەک، نە بوونی متمانە و گومانێک لە تێڕوانینی حیکایتخوان دا بەدی دەکرێت، یەکەمجار گومان لە تواناکانی خوی دەکات، نەگات بە مەرامی خۆی، هەر لە ڕێگای خەیاڵەوە بە مۆنۆلۆج چەندەها ئەمسەرو ئەوسەر لەگەڵ مەریم دا دەکات، ناگات بە ویستەکانی دڵی، دووەمجار گومان لە پیری بەفر دەکات، کاتێ باسی درەختی هاوینە، یان درەختی ژن و دۆندی پاڕانەوەی بۆ دەکات، سێەمجار گومان لە مەریەمێک دەکات، کە بە سێ مەریەم دەیبینێ، مەریەمێکی پاڵ بەردەکە، لەگەڵ چاو کەسک دا بوو، شایەدی یەکەم بوو، بە چاوی خۆی بینی، بوێری نەکرد تا کۆتای تەماشای بکات، دووەم مەریەمی گریمانکراو بوو، پەنجەخواری هاورێی ناساندی بە خراپە باسی لێوەدەکات، سێیەم مەریەمەکی بەر دڵی خۆی بوو، ئێستا چیبکات، چۆن گومان لە ڕاستی جیاکاتەوە، باوەڕ ناکات، ئەمە مەریەم بێت، لە سەرەتادا، چاوکەسک لە دواجاردا پەنجەخوار، توانی کۆتایی بە ڕۆڵی پاکدامێنی مەریەم بێنێ، تێزی هاوکێشەیەکی دژوار بخوڵقێنێ، لەتەک تاواندا بەرکەوتن بکات، پلەو پایەی پیرۆزی لە موقەدەس، وەرگرێتەوە، بازنەی موقەدەس بشکێنێ بەوەی “هیچ سەنتەرێکی موقەدەس نییە، بازنەیەک بە دەوری خۆیدا نەکێشێت” 6، لە وێنگەی حیکایتخوانەوە، مەریەم سەنتەری پیرۆزی لە موقەدەسەوە وەرگرتووە، لە لێکەوتەی بازنەی پەیوەندییەکانییەوە، درک بە دەرهاویشتەی چەندین ململانی دەکات، بە دیوێ، بە چارەنووسەوە گرێیدەدات، بە دیوێکی تر، ئەم ململانییە شاراوە نییە، ململانی شوێنکات نییە، بەڵکو کێشەو بردەی پێدراوەکانی داکەوت و هەقیقەتە، داکەوتی پەیوەندی حیکایتخوانە بە مەریەمەوە، بەڵام هەقیقەتێ لە نێوانیاندا دەوەستێ، ئەویش چاوکەسکی هاوڕیِیەتی، کە دنیای بێگەردی لەکەدار کرد، پەنجەخواریش وەک لێکەوتێ دەرکی، زیاتر بازنەی ئابرووی مەریەمی پیسکرد، لە دنیایی تۆلەکردنەوەدا، هەوێنی کەتنیکی تری خۆشکرد، چاوکەسکی لە دەستچوو، بەڵام مەریەم و پەنجەخوار، هێشتا لەبەر دەستن، ماوەنەتەوە، یەکەم مەریەم بە زۆر ئیشی خۆمی لەگەڵ دا دەکەم، گەر لەزەتی جەستە، پیرۆزی نەدا پێم دەیکوژم، بەڵام کە پیرۆزی دەسنەکەوت، وەک پەرچەکردارێک، پەلەماری پەنجەخواری دا، لەگەڵ یەکەم دەستوەشاندنیدا، پەنجە خوار لێیهاتە دەست، تێرو پڕی لێدا، بەزۆر لەبن دەستیان دەرهێنا، بۆ دووەمجار شکستی هێنا، جاری یەکەم لەگەڵ چاوکەسکدا بوو، ویستی بە ڕێگای هاوڕەگەزخوازییەوە چاوی بشکێنێ پیرۆزی مەریەمی لێ وەرگرێتەوە، جاری دووەم ڕیچکەی تووندوتیژی گرتەبەر، ویستی ماف و پاکدامێنی مەریەم بگێڕێتەوە، لێرەوە دەکرێ، ڕەچاوی پەیوەندییەک لەنێوان سێکس و تووندوتیژی دا بکەین، لە هەر شوێنێ پێوەرێک نەبی بۆ سێکس، پێوەرێکیش نابێ بۆ توندوتیژی، گەر سێکس لە چوارچێوەی مرۆڤبووندا، بەهاو حورمەتی ڕۆحی لە پشت نەبێ، بگۆردرێت بۆ ئامرازێکی بێ دڵ، بۆ کوشتن و دامرکاندنەوەی ئارەزووی ڕاگوزەر، ئیتر چ جێگیرییەک دەهێلێتەوە بۆ پتەوکردنی بە هاکانی مرۆڤبوون و گیانی قوربانی و حیرس و خورپەکانی ئەوینداری، بەدەر لە کردەی ئەوینداری، لە نێوان کورو کچدا چ هاوسەنگیەک دەمێنێتەوە، ئەی چۆن شانازی لایەکیان نابێتە هۆی سووککردنی لایەکەی دیکە، پارادۆکس ئەنجام نادات، ئەم نادادوەرییە، جیاوازیەیی نێوان کورو کچ، ڕەتکردنەوەیەکی زەقی پرینسیپی لەزەتە بەرانبەر بە بەهاو نرخ، دەسکەوت و بردنەوەی لایەکە بەرانبەر بە دۆراندنی ئەویترە کە لە کچدا خۆی نمایشدەکات، بێ نرخکردنی سێکس، بێ نرخکردنی مرۆڤە، شکاندنی حەز و لەقکردنی پیرۆزی دیوە جوانەکەی سروشتە کە ئافرەتە، ئایا مەریەم وەک ئافرەتێک لە کوێی سروشتی ناپاکیدایە، یاخود لە کوێی پاکدامێنی و بێ تاوانیدایە، کاتێ حیکایتخوان وەک بکەرێک چەمکی تێگەیشتن بە ڕاستینەوە گرێدەدات، بە ڕێساکانی چۆنایەتی گەیشتن بە یەقین، هەوڵدەدات پەیوەندی خۆی لەتەک کەسایەتی مەریەمدا هەڵسەنگێنێ، لە سایەی سیمۆلۆژیای سۆزو چڕکردنەوە دا، دەیەوێت تواناکانی کار لە بکەرەوە بگۆڕێت بۆ کردار، لە ژێر جومگەکانی ئەم جیاکارییەی گریماسەوە، ئەبێ لە کوێدا، باوەر بە پاکی و ناپاکی مەریەم بکات، کە بەم جۆرە دەکرێ پۆلینبکرێت ” یەکەم ڕاستینە یکسانە بە ئەبێ، پێدەچێ، دووەم نهێنی یەکسانە بە دەبێ، پێناچی، سێیەم درۆ پێدەچێ نابێ، چوارەم بەلارێبردن و چاو هەڵخەڵەتاندن پێناچێ نابێ” 7 ئەم ئەگەرانە دەبنە هاندەری دزەکردن بۆ نێو ژیانی مەریەم، لە لەزەتی دۆزینەوەی زیندگی دا، قەرەبووی شتێکی ونبووی پێبکات، کە لای ڕەگەزی مێینە دا چەسپیووە، لای مەریەمیش شقڵیگرتووە، ئێسک قورسییەتی کە ناچێتە دڵەوە، لە پاش ئەوەی نەیتوانی نهێنی ناخی مەریەم بخوێنێتەوە، دەبێ هێزی خۆی لە ببینی نهێنی جەستەی مەریەم دا ببینێ، خۆی دەرخات، دەبێ بەڵگە لەسەر بینینی جەستەی مەریەم بە دەستبێنێ، وەک دوا چەکی نەیارێک، یەکەم دەتوانێ مەریەمی پێ بکوژێت، دووەم دەیەوێت بەهاری پەیوەندی ئەوینداری لە دۆزەخی هاوینی دا کورتبکاتەوە، بەدەر لە خۆشەویستی یەکسەر بێتە سەر سێکس، مەریەم کاری وای کرد وەرزەکانی بەیکگەیشتنی تێکدا، پەیوەندی نێوان بەهارو هاوینی پچڕاند، ئەوی ماوەتەوە هاوینی چاوەڕوانییە، درەختی هاوینەو حەمامی ژنانە، لە دوای سێ وەرز لە چاوەڕوانی، بۆ دواجار گەیشتە دوا خەون، وەرزی چوارەم، ئێستا لە پەنایەکەوە سەیری نێو حەمامی ژنان دەکات، لە ئەشکەوتەکەدایە، وا مەریەم بە ڕووتی دەبینێ، بەرگە ناگرێت تەماشای کامیان بکات، هەموو جوانن، مەمک، ڕان، سمت، یەک موویان پێوە نییە، تەنیا یەک دوانیان نەبێ، یەک لەوان مەریەم بوو، ناوگەڵی پربوو لە موو، سەیری ئەو مەمکە توندو تۆڵە بکە، بڕواناکەم دەستی کەسی بەرکەوتبێ، برادەرە پەنجە خوارەکەم درۆیکرد، چاوی منیش بە هەمان شێوە درۆیکرد، ئەو ژنەی بن برادەرە چاو کەسکەکەم مەریەم نەبوو، لەش و لاری مەریەم، بە هی کەس ناچێت، جوان دیقەتم داوە، هەتا ماوم چاکەی پیری بەفرم بیرناچێت، بەهشتی پێ نیشاندام، پیری بەفر با تامی بکەم، خۆم ناگرم، با بگەمە نێو سێ گۆشەکەی بەین ڕانی، لە دوای ئەم دیمەنە خۆشەوە، حیکایتخوان هەست بە سەرکەوتنێ دەکات، ڕاچیتەی نهێنی جەستەی مەریەمی پێیە، فشارێکە بۆ دەسکەوتنی لەزتی جەستەیی، ڕەش لە سپی، پاک لە پیس، بەهار لە هاوین، گومان لە ڕاستی دا دەدۆزێتەوە،”ئافرەت تەنیا بۆ ئەوانە داخراوە کە کلیلەکەیان بزرکردووە”8 ڕێگای پێدەگرێت، لە دیالۆگێکدا، لە پاش هەوڵدانێک، خۆشەویستی بەری تێدا ناگرێت، دێتە سەر باسکردنی نهێنییەکانی جەستە، دواجار تۆخی دەکاتەوە پێیدەڵێت” باشە بۆچی مووی بن هەنگڵت کردووە، کەچی هی ناو ڕانت نەکردووە” رۆمان ل 204، کە دەڵێت بە چاوی خۆم دیومە، مەریەم ملنادات رەتیدەکاتەوە، ئەوجا پێدەڵێت، ئەوە من بووم تۆم بینی لە بن کورە چاو کەسکەکە پاڵکەوتبووی، ئەمجارەش مەریەم لە دەستی هەڵدی و شکستییەکی تر دەخاتە سەر شکستییەکانی، شکستی لە دوای شکستی ئاوێزانی پێدراوەکانی واقیع دەبن، لە خەونی ناخۆش زیاتر هیچی بۆ نامێنێتەوە، ئایا خەون دەستبەسەراگرتن و داکشانی بێئاگایی نییە، پەڕینەوە نییە بۆ دنیایی ئاگایی، لەسەر تڕۆپکی ڕەشبینیەدا یەکناگرن، حەوت شەوە مەریەم شووی کردووە، کە بردیان لەبن تاراوە بزەی ماڵئاوایی لێکرد، لە دوای ئەو حەوت شەوە، حیکایتخوان خەون بە دۆندی پارانەوە دەبینێ، پیری بەفر لەبەر خاتری مێرێ ئەم گوریسەی شۆرکردووەتەوە، دەبینێ ژنەکان دەستی بۆ درێژدەکەن تا هەڵیکێشن، ئەوە مەریەمە دەستی داوە تا بمکاتە ئامێزی، لەپڕ گوریس دەپچڕێت، دەکەوێتە سەر زەوی، لە ئێوارەی ئەو خەونەدا بوو، پیری بەفریش کۆچی دوایکرد، تەنیا مەریەم و پەنجە خوار، ئامادەی پرسەکەی نەبوون، ئەو هەفتەیە سێ شتی گەورە لە ژیانی حیکایتخوان دا ڕوویدا یەکەم مردنی پیری بەفر بوو، شووکردنی مەریەم، سێیەم خەونەکەی بوو، بەر لە مردنی پیری بەفر بە ڕۆژێک هەواڵی ڕەدووکەوتنی مەریەم هات، شەوێک لای زاوا بوو، بۆ شەوی دوایی لەگەڵ سیامەند دا کە جوانترین کوری دنیایە، چاوەبڕکێی کرد، هەڵهات، لە شووکردنی دووەم دا کەس نازانێت بۆ کوێ چوون.

سێگۆشەی ئۆدیبی و گەمەکانیی سێیانەیی
” چەند سەیرن، سروشت و دایک! هەردووکیان بە میهرەبانی ناسراون کەچی سەرچاوەی هەزاران کارەساتی گەورەن”9
جێناوی منی قسەکەر جێناوی ڕاز و سەدای دەنگێکی گێڕانەوەیە، دەتوانێ ڕۆبچێتە نێو دەروونەوە، مەبەستە شاراوەکانی بگێڕێرەوە ئاشکرابکات، منی قسەکەر ئاوێتەی خوێندنەوەی گێڕانەوەی دەقبکات، پەردە لەسەر دەرچەکانی خود هەلمَاڵێ، لە ناوەخنەوە بۆ ناوەوە، یان لە ناوەوە بۆ دەرەوە، ئەمەش بە زەمەنی خودیی یان دەروونییەوە پەیوەستە، کە دەتوانێ بابەتێکی ئاسایی بکاتە نائاسایی، پێچەوانەکەشی دروستە، ڕەنگە لەنێو پێدراوەکانی دەقدا، هەندێ دەستەواژە ببێتە ڕاچیتەیەک بۆ چوونە نێو دنیا تایبەتەکەی حیکایتخوان، کە لە چەند ویستگەیەک دا خۆی دەنوێنێ، ویستگەی یەکەم، کاتێ ڕادەستی غایلەیەک بوو، مەریەمی گەیاندە هەلهەلەی ئاسمان، وەک پێمێردێک سەیریکرد، لە حەزو ئارەزووی زەمینی دایبڕی، لە جوانی و پیرۆزی دا لە هەموو کچی دنیا جیایی کردەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەروونێکە، پەروەردەی سۆزێکی نادروستە، ناتوانێ هەوێنێک بۆ جەستە، مانایەک بۆ لەزەت بدۆزێتەوە، پێشتر گووتمان هێمایەک بوو بۆ پاکدامێنی، مەزەندی ئەوە ناکات جوانێکی ئاوەها ماچ بکرێ، یان کەسێ هەبێ بوێری ئەوە بکات، دەستیلێبدات، جوانی وا تەنیا هی سەیرکردن و ستایشە، نەک دەستلێدان، لەنێو جومگەکانی پیرۆزیدا، وروژاندن ناتوانێ وێنەی خۆی بکێشێ، ئەوە کاریگەری وێنەی دایکە دەتوانێ لە هزرو دەرووندا وێنەیەکی بێ لەکە بنەخشێنێ، سامپڵی دەسەڵات و ڕەوشتمەندی هەڵگرێ، هۆکاری شکستی پەیوەندی ئەوینداری حیکایتخوان، دەگەڕێتەوە بۆ کردەی خۆداخستن، ناتوانێ لێی قووتاربێ، ئامادەبوونی وێنەی پیرۆزی دایکی کە دەسەڵاتی خۆشەویستییەکی ئەوتۆی لەسەر دەروونییدا بەجێهێشتووە، لەو ساتەی مامۆستاکەی پێی ووت، ناچیتە دڵەوە، بۆشایی سۆزداری پووکانەوەیەک لەنێوان دایکی و مەریەم دا پردەکاتەوە، بەیەک نەگەیشتن لە پەیوەندی ئەوینداریی، دووچاری کێشەیەکی بووناگەریی دەکات، چارەی بۆ نادۆزێتەوە، یان لووتکەی خۆشەویستییەکی ڕەها تا ئاستی پەرستن، دوور لە غایلەی سێکسی، یان ڕۆچوونی یەکسەری بۆ نێو دونیایی سێکسی پەتی بێ خۆشەویستی، سۆزداری یان سۆزانی پەتی، ڕۆحی بێ جەستە، یان جەستەی بێ ڕۆح، مەودایەک لەو نێوەندە نییە بە خۆشەویستیی بەرکەماڵ بێ، بۆیە لە مەریەمی بێ حەزو سێکس، دایکی ئاسا شایستەی خۆشەویستییەکی ڕەها و بێ کۆتاییە، خۆشەویستی لەو بارە ڕۆحییە دا لەتەک پیرۆزی دا درز دروستناکات، بەر نەفرەت دەکەوێت گەر بیر لە هەوەس و شەهوەت بکاتەوە، تا ئێرە مەریەم فەرزەندەیەکی ئاسمانی ڕۆحیە، ڕوویەکی پاکی دایکانەیە، بەڵام لە دوای ئەو تاوانەی چاوکەسکی هاوڕێی کە لەتەک مەریەم دا ئەنجامیدا، لە دۆخێکی شەرمنانەدا بینی، نەیتوانی سەیری شکاندنی وێنەی دایک بکات، کە لە مەریەم دا بەرجەستە بووە، هەڵهات، لە بەهشتی سۆزی دایکانەوە فرێدرایە دۆزەخی پەشیمانی، بە تێپەڕاندنی وێنەی دایک لە پیرۆزییەوە، بۆ ناپاکی و داوین پیسی چووینە ویستگەی دووەم، چ کارەساتێکە، ئەم دوو وێنەیە چۆن لە مەریەم دا کۆبووەتەوە، چ دوو ڕووییەکە لە چوارچێوەیەکدا دەقی گرتووە، ئەی چۆن ڕەنگدانەوەی ئەم وێنەیە پارادۆکسێ لەگەڵ دنیای ئەمدا ئەنجام نادات، ناتوانێ جێگای بکاتەوە، پاراستنی وێنەی ئەم ڕووداوە، لەتەک چەمکی مانەوەی هیچ و پووچی دا یەکنایەتەوە، بەڵگەی ناپاکییەکە، ناکرێ لە ڕووخساری دایکێکی دووڕوودا بشاردرێتەوە، ڕوویەکی لە وێنەی دایکیکدا، حیکایتخوان دەیناسێ، ڕوویەکی تری چاو کەسک ئاشکرای کرد، هەڵبەت بە پێی ئەم بنەمانە دژوار نییە، لە سێگۆشەی ئۆدیبیەوە، ڕانانی بۆ بکەین، لایەکی بنکەی سێگۆشەکە، دایکێکی ناپاکە، لە مەریەم دا خۆی نمایشدەکات، لایەکەی دیکەی بنکەکە چاو کەسکە، ئەمانە هەردووکیان، بەرانبەر حیکایتخوانن، لە بنکەی هاوکێشەی پەیوەندییەکدا، نزیکبوونەوەی نێوان مەریەم و چاو کەسک، بۆشایی ڕق و کینیەکی هاملتانە، لای حیکایتخوان گومان بە تۆڵە بارگاویدەکات، نزیک بوونەوەی مەریەم لە هەریەک لەو دوانە، بە دەرکردنی یەکێکیان کۆتایی دێ، پەنجە خوار، لێرەش حەرەسە لە دەرەوەی سێگۆشەکە وەستاوە، چاوەڕیی هەل دەکات، پەلانی دادەڕێژێت نزیکبوونەوەی حیکایتخوان لە چاو کەسک، ترسی ئەتککردنی بە دواوەوە بوو، بۆیە هەم لە مەریەم هەم لە حیکایتخوان دووردەکەوێتەوە، حەرەس بە ووتەووت، پێداگری لە سووککردنی مەریەم دا دەکات، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، دەیەوێت حیکایتخوان لە مەریەم دوورخاتەوە، بە ژێرەوانکی ڕووماڵی خۆشەویستیەکی نەهێنی بەرانبەر بە مەریەم هەیە، ئیرەیی دەکات، دەیەوێت مەریەم لە پێشچاو حیکایەتخوان بخات، هەموو جوڵە و قسەکردنێکی دیاربێ یان نا، شاراوەیەک هەڵدەگرێ، چاوگەکەی چەوساندنەوەیە، تیژکردنی گیانی دوژمنایەتی و غەیورییە، بەدپلانییە تا ئاستێک دیاردەکانی هاوڕێیەتی وەردەگەڕێتە سەر دژەکەی، وەهمی ئەوی تەنیا ئەم حیکایتخوان ماونەتەوە بگەنە مەریەم، دووپاتکردنەوەو گێڕانەوەی ئەم قسانە بەو جۆرە مەدلوولی دوانەیەک لەخۆدەگرێ، خۆشەویستی حیکایتخوان دەگۆڕێ بۆ قین، وەلێ پیش ئەوەی مەریەم بگێڕێتەوە بۆ خۆی، حیکایتحوان بە شەر کۆتایی پێهێنا، حەرس بە ڕاگواستن، خۆی لە کەتناوە و مەریەم دوورخستەوە، لە دوای ئەم ڕووداوانەوە حیکایتخوان زۆر ڕقی لەخۆی دەبێ، ئەم ڕقە بە خۆلەناوبردن نەبێ کۆتایی نایە، چەند جارێ هەوڵی بۆ داوە، چیدی ناتوانێ هەستی گوناە لە چوارچێوەیەکدا بشارێتەوە کە هەمیشە خۆی دەنوێنێ، لە ئاستی ئۆدیبیدا هەستکردن بە گوناە، هەوێنێکی لەبارە بۆ لە دەستدانی ئاوەز یان خۆلەناوبردن، هەر لە گۆشەنیگای ئۆدیبیەوە، هەستکردن بە گوناە دەگۆردرێت بۆ تاوانبارکردن لە دەرەوەدا، لە ڕوانگەی ئۆدیبیەوە بە دیاریکراوی دایک پابەندە بە خۆشەویستیەوە کە دەکاتە مەریەمی پێش ناپاکی، یەکسان نییە، بە مەریەمی دوای ناپاکی، مەریەم تاقە کەسێکە دەتوانێ پارچە تێکشکاوەکانی، حیکایتخوان لەیەک نزیکبکاتەوە، لە سێگۆشەی کەتناوە دابیهێڵێتەوە، کە سێ نهێنی لەخۆگرتووە، یەکەم دۆندی پاڕانەوەیە بۆ خەو بینین بە سێکسەوە، دووەم درەختی هاوینەیە (حەمامی ژنانە)، بینینی جەستەی ژنە هی مەریەمە بە تایبەتی، حیکایتخوان لە دۆندی پاڕانەوە، بە پچڕانی گوریسکە، کەوتنەخوارەوەو شووکردنی مەریەم بە کەسێکی بێگانەو نەناسراو، نەیتوانی بگات، نە بە مەریەم، نە بەخەونەکەی، بەڵام لە حەمامی هاوینە مەبەستی پێکا، بە جوانی بە دیقەتەوە، بە چاوی خۆی سێگۆشەکەی بەینی ڕانی مەریەمی بینی، هەر وەک نەخشی سێگۆشەی بەهاری کەتناوە، هەردوو بۆ ئەم هاوشێوەن، ئەم وەک هاوینێکی تەمەن کورت و بێ مەودایە وەک بن هەنگڵی مەریەم سافکراوە، بێتووکە، شاراوە نییە پۆلینکردنی مامڵەی مەریەم لەگەڵ دوو هەست وورژێنی جەستەی دا، بە تاشینی بن هەنگڵی، نەتاشینی مووی سێگۆشەی نێو ڕانی، جیکاری هاوین و بەهارە، لێسەندنەوەی بەهارە، لە هاوینی حیکایتخوان، هاوینێک وەک بن هەنگڵی مەریەم ساف و لووس کرابێ، گەر پلەی مەریەم لە دایکەوە دانەگرێ بۆ سۆزانی، چۆن ڕێگا دەدات پیرۆزی سێگۆشەی بەهار بشکێنرێت، ئەدی چۆن لە دوو تێڕوانینی دژوازدا، هاوین و بەهار، ساف و تووک یەکدەگرن، دوو تێڕوانین لە یەک کەسدا، بەرانبەر دووکەس لە یەک تێڕوانیندا، چۆن یەکدێنەوە، کە لە مەریەمدا خۆی دەبینێتەوە، سێگۆشەی کەتناوە، سێ ڕێگای لێدەبێتەوە، سێگۆشەکەی نێو گەڵی مەریەمیش سێ ڕێگای لێدەبێتەوە، یەکەم ئەوی بینیویەتی و تامی نەکردووە، شەڕ بۆ پیرۆزی دەکات، چاوی ئەوەش دەشکێنێ کە تووخنی دەکەوێت، دووەم ئەوی تامی کردووە، لە ترسانا دەستبەرداری دەبێ، نە بادا خۆی بدۆرێنێ هەڵدێ، کەسی سێیەم پەنجەخوارە حەرسەکەیە، خۆی ماتکردووە، لە هەل دەگڕێت، لە پاش حەوت ساڵ، لە دوای دوو شوو مەریەم دێتەوە، بۆ سێیەم جار هاوسەرگیری لەتەک حەرس دا دەکات، سێیەم درەختی وشەیە، بەسەرهات و بۆشاییەی ئەو خۆشەویستییەی حیکایتخوان بۆ مەریەمی جێهێشت، کە تێدا ئاویزانی بوو، بە هەمان ڕادەی ئەو بۆشاییە، مەریەم ستەمی لێکرد، چەوساندییەوە، ئەمەش پارادۆکسێ لەتەک وتاری فێمێنییزم دا ئەنجامدەدات، پێچەوانە دەسەلمێنێ، لەبری کچ، کوڕ بە دەستی کچ چەوساوەتەوە، مەودای ئەم چەوساندنەوەیە، دێڕینە، تەنیا لە مەریەمەوە نییە، لەو ساتەوەیە مامۆستا کچکە پێی وت تۆ جۆرێکی ناچیتە دڵی هیچ کچێکەوە، ئەو مەوداییە لەنێوان حیکایتخوان و مەریەمدایە، هەمان ئەو مەوداییەی نێوان هەرزەکاری و کامڵبوونە، نێوان، خەیاڵ و هەقیقەتە، گەشبینی و بێ ئومێدییە، نێوان بەهارو هاوینە، بن هەنگڵی مەریەم و سێگۆشەی نێوگەڵییەتی، حیکایتخوان، سێ بەرکەوتنی لەتەک مەریەمدا هەبوو، یەکمجار وەک خواوەند تەماشای دەکرد، تەنیا ڕۆح بوو، دووەمجار لە پاش چاو کەسکەوە شەرمی لێدەشکێ، دێتە ڕیزی مرۆڤ، دەبێتە ڕۆح و جەستە، سێیەمجار کە لە حەمامی هاوینە بە ڕووت و قووتی دەیبینێ، ڕۆحی لێ وەردەگرێت، دەبێ بە جەستەیەکی پەتی، بە سۆزانی سەیریدەکات، لە گرتەیەک دا پێیدەڵێت، ئەوەی لەگەڵ خەڵک دەیکەی لەگەڵ منیش بێکە، پارەشت دەدەمێ، مەریەم بەجوانی دەیخوێنێتەوە، کە شووی یەکەم دەکات بە چاو، بە زەردەخەنەیەکەوە، ماڵئاوایی لێدەکات، حیکایتخوان بە ڕەزامەندی و ئاشتبوونەوە تێیدەگات، مەریم بە بەزیی وبە هەڵە تێەگەیشتنی پەیوەندی کوڕ کچ سەیریدەکات، مەریەم لە پاش دوو ئەزموونی هاوسەرگیری، بۆ جاری سێیەم شوو بە پەنجە خواردەکات، حیکایتخوان، لە بن درەختی وشەدا، بەسەرهات و گێڕانەوەی ڕووداوەکان، بە سیو سێ بەش، بە گوێرەی تەمەنی لە ڕۆمانەکەیدا کۆیاندەکاتەوە، لە دوای شووکردنی یەکەمی مەریەم، وەک پێشتر ئاماژەمان پێی دا، چۆن لە پێناو هەڵگرتنی گوناهەکانی، شکاندنی تابۆکانی، نابێتە عیسایەک، لە خاچ نادرێ و دیار نامێنێ، ڕۆمانەکە لە ئاست دەق و بنیادی گێڕانەوە دا، لە سێ کەس پێکهاتووە، یەکەم پیری بەفرە، بە گفتەلێو بەسەرهاتەکان دەگێڕێتەوە، دووەم حیکایتخوانە لە دەفتەرێکدا، کاتێ دەینووسێ، بە سێ شت ڕێکیدەخات، کە چای و قاوە و جگەرەیە، لە دڵەڕاوکێ نووسینیشدا، باس لە سێ تەکنیکی نووسین دەکات، کە ڕەشکردنەوە و بۆشایی و پڕکردنەوەیە، سێیەم پەنجەخوارە، پێیدا دەچێتەوە، لە پاش حەوت ساڵ دەفتەرەکە، دەدۆزێتەوە، دەیگەیەنێت بە ئێمەی وەرگر، ڕۆمانەکە، لە سی و سێ پاژ پێکهاتووە، پیری بەفر لە دوای یانزە پشتەوە هاتووە، هەرپشتێکیان مێژوویەکی نادیارە لە مێژووی نەزانراوی کەتناوە، سی و سێ پاژ دابەش یانزە پشت بکە، دەکاتە سێ، ئەم سێیە، وەک ناوێک لە مێژوودا، ماونەتەوە، یەکەم گەنجۆیە نە هاتە سەر ئاینی نوێ تەنیا ئاسەواری گۆرەکەی ماوەتەوە، دووەم چەتۆیە، هاتە سەر ئاینی نوێ، سێیەم پیری بەفرە، کەسێکی ئەفسانەییە، زاوای هەموو دنیایە، ڕەوشتی زۆربای هەیە، بزۆێنەرەکانی گێڕانەوە، لە سێگۆشەی کەتناوە، سێ کارەکتەری سەرەکی بوون، لە سێگۆشەیەکدا ڕۆلی سێ تێڕوانینی جیاواز دەبینن، یەکەم پیری بەفر، بە هەموو پێوەرێک کارەکتەرێکی کلاسیکی بوو، هەر لە ئازایەتی و مەردایەتی و ڕەوشت بەرزی و لێبوردەیی، مامڵەی جوانی لەتەک ئافرەتاندا، دووەم حیکایتخوانە، کارەکتەرێکی دۆنکیخۆتیە، تەژییە بە شکستی و تراژیدیای فرەدنگی و نەهامەتی، بەمەش دەتوانێ پایەکانی ڕۆمان لە کلاسیکەوە بگوێزێتەوە بۆ ڕۆمانی مۆدرن، سێیەم مەریەمە، ئافرەتێکە بزاڤی فێمێنییزمی هەیە، لە هەستیدا پیرۆزی خۆی دەدۆزێتەوە، لە بڕیارداندا دوو دڵ نییە ئازادە، مەریەم لە سێ بار، باز بەسەر خۆیدا دەدات، ئەوجا لەنگەر دەگرێ و دەگیرسێتەوە، مەریەمی سەرەتای پێش ناپاکی جیاوازی دروستدەکات لەگەڵ مەریەمی دوای پاکدامێنی، لەگەڵ هاوسەرگیری سێیەمیشدا دەگەڕێتەوە لەتەک شوێن دا یەکدێتەوە، پێگەی خۆی لە کەتناوە دا دەدۆزێتەوە، ڕۆمانەکەی بە دیاری پێشکەش دەکرێ، حیکایتخوان لە یەک کاتدا لە سێگۆشەیەکدا، بە سێ نەهامەتی ئابڵوقە دەدرێت، یەکەم مردنی پیری بەفرە، دووەم شووکردنی یەکەمی مەریەمە، سێیەم خەونە ناخۆشەکەیەتی، لە یەکمدا مردنی ڕووە بەهارییەکەی بوو، لە دووەمدا گەڕانەوەیەتی بۆ هاوین، ڕاگواستنە لە سێگۆشەی تەڕ و پڕەوە بۆ بن هەنگڵی ڕووت و وشک، لە سێیەمدا ڕادەستبوونە بە سەرهەڵگرتن، بێهوودەییە لە ونبووندا،

پیری بەفر
کارەکتەرێکی ئەفسانەیی ئەرێنییە، دەتوانێ کاریگەری لەسەر دەوروبەردا دروستبکات، بە زمان و ڕەگەزەکانی گێڕانەوە پەیوەندی بە پێکهاتەی دەقەوە دەکات، گوزارشت لە مەبەست و ئەزموون و دنیابینی خۆی دەکات، بە ڕاشکاوی باس لەوە دەکات کە هەژدە ژنی هێناوە نەکەسیانی تەڵاق داوە، نە ئازاری داون، هەرگیز لە یەک کاتدا دوو ژنی پێکەوە نەبووە، مامڵەی لەگەڵیاندا مەردانە بووە، سەربازی نەکردووە، لەگەڵ سەربازانی ڕوس و عوسمانلی عەرەب و عەجەم شەریکردووە، شەری برا کوژی نەکردووە، بێ برینداری سێجار تا سەد بژمێرە، تورک، عەرب، فارس و جاشی کوشتووە، پەنجا ساڵە جگەرەی تەرک داوە، باس لە دوو شوێنی فانتازی دەکات، یەکەم باس لە دۆندی پاڕانەوە دەکات، چۆن گڵۆپەکانی سەر قەڵای لێوە دیارە، هاوینێک بۆ خاتری مێرێ حەوت گوریسی لەگەڵ خۆی دا بردبووە دۆندی پاڕنەوە، مێرێ ئەو ناوەی لێنا، ئەو شەوە لە دوای سەرجێی و بیسمیلکردن، بەدەم سەماوە بۆ منداڵ لە خودا پاڕانەوە، گەر مێرێ نەبوایە ئەو دۆندە بە دۆندی شەیتان ناودەنرا، هەرچی ژنی دنیا هەیە بە ڕووتی دێنە وێزەت، شەیتانی دەبیت، پیری بەفر چەندین جار لەوێدا لەگەڵ ژنانی دنیا شەیتانی بووە، دووەم باسی درەختی ژنان یان درەختی هاوینە دەکات، دۆندی پاڕانەوە و درەختی هاوینە دوو ڕووی دراوێکن لە خەزێنەی غەریزەدا مامڵەی سێکسیان پێوە دەکرێ، لە یەکەمدا خەیاڵ بەرکەماڵە ڕوویەکی هاوینییەیە لە حیکایتخواندا وورددەکرێتەوە، لە دووەمدا راستینەیە ڕووە بەهارییەکەیە کە پیری بەفر پەنجا جار زیاتر چووەتە خزمەت ئەو درەختە، ژنانی بە ڕووتی بینیووە، لەوێ گوڵنازی بینی، باوکی ناچار کرد گوڵنازی بۆ بهێنێ، گوڵناز ژنی یەکەمی پیری بەفربوو لە داخی بێ منداڵی کۆچی دواییکرد، پێش مردنی گوڵناز، پیری بەفر لە گەشتێکیدا بۆ باکوور لە گوندێکدا بەفر ڕێگایان پێدەگرێت، بێری ناسی و حەزیلێکرد، لە شەوێکدا لاقەیدەکات، گفتی پێدەدا، کە بگەڕێتەوە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، کە لە ئەستەمبووڵ دێتەوە بووکێ تورکی لەگەڵ خۆیدا دێنێ، نێوی سەحرە، لەگەڵ سەحر کە دەگەنە هەمان گوند هەواڵی کوشتنی بێری دەبیستێ، کە دووگیان بووە براکانی کوشتوویانە ئەو ساوایە تاقە وەچەی پیری بەفر بوو لە سکی بێری دا مرد، لەو هەژدە ژنەی هەیبوو هیچیان منداڵیان نەبوو، هەموو بەو داخەوە سەردەنێنەوە، نۆ لەو ژنانە لە گۆرستانێکدا ، لە ژیر سێ دار مێو کەپرێکیان بۆ دروستکردووە، بە تەنیشت یەکەوە نێژراون، کێلی گۆڕەکان یەک جۆرو یەک ئەندازەن هەر کەسێ بە ئاینی خۆی نێژراوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ، پیری بەفر بەیەک چاو سەیریاندەکات، یەکیان نەبێ هەموو ژنەکانی بە گەنجی مردون، گۆڕی ژنەکانی دیکەی هەریەکیان لە مەملەکەتێکە، لە چەند مانگێکدا سەردانیان دەکات، پیری بەفر کۆدێکە بۆ خوێندنەوەی مێژووی کورد، حەزی لە خزمایەتیە، هاوسەرگیری لەگەڵ سەرجەم میللەتانی دنیادا کردووە، بێ ئەوەی وەچەیەک بخاتەوە، ناو و ناسنامەی هەڵگرێ، هەموو ئەو ژنانەی هاوسەرگیری لەگەڵ دا کردووە، هەموو نەزۆک بوون نە دۆندی پارانەوە، نە نزاو پارانەوە لە خودا، نە درەختی هاوینە، نە خەیاڵ نە واقیع، نە هاوین نە بەهار، کەڵکی نەبوو، ئەوە تەنیا کوردە بە دیار مێژووی لە گۆڕنراوی خۆیدا بە ئەمەکەوە لە پاییزدا بۆ ڕابردووی خۆی دەگەڕێت، بە دیار نۆ گۆر، نۆ نەزۆکەوە، کە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی پیری بەفر دا کۆچی دواییانکردوە، لە هەمان کاتدا ڕێک وەک مێژووی گوندی کەتناوە، لە بەغا، تاران و ئەستەمبووڵ کۆنترە، کەچی لە شوێنی خۆی ماوەتەوە، گەورە نەبووە، نەبووەتە پایتەخت، هەر لە هەناوی جوگرافیدا بەو مێژووە نەزۆکە، بە گوند ماوەتەوە، پیری بەفر باسی سێیەم ژنی دەکات، ژنێکی ئەرمەنی بوو، ناوی مێرێ بوو، حەوت ساڵ ژنی بوو، بە جوانی پیری بەفری فێر سەماکرد، لەسەر خواستی مێرێ بوو گەرماوێکی ژنانەی دروستکرد، لەکاتی مردنی مێرێ، پیری بەفر بۆ یەکەمجار نەخۆشکەوت، لە تاران دختۆرە روسییەکە پێی ووت دەردەکەت چاری نییە، سێ هەفتە زیاتر ناژیت، لە گەڕانەوەدا، نزیک ورمێ، کاتێ لە ماڵی برازای سمکۆ شکاک لایدا، تورک هێرشی هێنا شەری مردنی کرد، بەڵام نەمرد، هەندێجار حەزی لە مەجلیسی دەروێشان دەکرد، لە نزیک منارە چۆڵی، لە نێو دەروێشەکانی شیخی نەهری دڵی چووە دەروێشێک و هێنای لە هەموو جوانتر حاڵی لێدەهات، سەمای مەستانەم بینی، دەفی دەژەن، بۆ زگ پڕبوون حاڵی لێدەهات، زیکری دەکرد، دەنگیشی زۆر خۆشبوو، پیری بەفر گوێی لە سێ سەدو سی وسێ گۆرانی حەسەن زیرەک بووە، بەڵام شەوێکیان، مەستان دەنگی لەو خۆشتربوو، مەستان خەڵکی زێی بادینان بوو، زیکری ئاگر دەکات، بنەماڵەی ئەو لە نێوان زەردەشتی و موحەمەدییە، دوای ئەم جوانترین کیژی کرمنشاهی هێنا، ناوی فەتانە بوو لە پێشدا داوای کوڕی کرد، دوایی کردی بە کچ، ڕۆژ بە ڕۆژ لە خەفەتی بێ منداڵی ڕووی لە کزی دەکرد، شێت بوو، بۆ چارەسەر بردی بۆ تاران، بەشێتی کۆچی دواییکرد، لە دواجاردا باس لە غەزال دەکات، بۆ سک وزا بە هەموو زمانێک دوعای کرد، ناوی هەموو پێغەمبەرەکانی هێنا، ئەویش بەو داخەوە مرد، پیری بەفر زمانی تورکی، عارەبی، فارسی و تۆزی ڕووسی زانییوە، سوورەتەکانی قورئانیشی لەبەربووە، خوێندەوار بوو هەموو شیعرەکانی حافز سەعدی، مەلا جەزیری و نالی ئەزبربوو، جارێ لای شێخ نەهری وەفایی بینیووە، شیعری شیرین تەشی دەڕێسی نووسیووە، پیری بەفر دیوە بزربووەکەی حیکایتخوانە، ئەو دیوە خەیاڵئامێزەی دۆنکیخۆتە کە خەون بە ژیانی زۆرباوە دەبینێ، لە شکستی و گریاندا، لە ڕەشکردنەوە و چڕکردنەوەی کردەی نووسیندا، لە سێبەری درەختی وشەدا هەوێنی تیامانێک دەگرێتەوە، لە ئاسۆی دەقدا بە خۆرێکی زۆرباویانە سەمای وشەکان، هەڵچوون و داچوونی هەستی ڕادەگرێت، بۆ وەک پیری بەفر زۆرباویانە ڕەفتار ناکەم، هەموو کچێ حەزی لێدەکات، کەسێکی پراکسیسی (کردەی)ە، جگە لە نەبوونی وەچە، هیچ تەنگەژەیەکی سۆزداری نییە، متمانەی زیاتر بە جووڵەو کردارە، نەک بە تیۆرو نووسین، گەر بیەوێت گوزاریشت لە هەستێک بکات زۆربا ئاسا، بە سەما دەریدەبڕێت، بە سەما دەتوانێ جێ بەگومان لەق بکات، خوێندەواری هەیە، بەڵام هیچ نانووسێت، پێچەوانەی حیکایتخوانە، وەک بیسەرێک دەمڕاستی گێڕانەوەیەی هەمان شتزانە، کە بۆی دەگێڕێتەوە، چی دەبیستێ و دەبینێ دەینووسێتەوە، زانیارییەکانی یەکسان دەبێت بە زانیارییەکانی پیری بەفر، لە چوار چێوەی ڕۆمانێکدا کە وەسفکردن جێگا بە گێڕانەوە چۆڵناکات، لە ڕێگای زمانەوە بە ڕووی ڕووداوەکاندا دەکرێنەوە، بە ستراتیژی هونەرمەندێک لە بری هەموویان دێتە قسان و دەنووسێت، ئاندری تارکۆفسکی دەرهێنەری ڕووس دەڵێت “هونەرمەند لە جیاتی تەواوی ئەو کەسانە قسان دەکات کە توانای قسەکردنیان نییە ” 10 ،گەر زمانی پیری بەفر جووڵەو کردارو سەما بێت، زمانی حیکایتخوان بێدەنگی و هونەری نووسینە، دەستبەردار بوونیی هەڵوێستی سۆزداری لە شوێن ڕەنگدانەوەی نووسین، دەبێتە ئامانجێک لە ڕووخساری پشتتێکردنی مەریەمدا یەقدەداتەوە، لە ژێر درەختی وشەدا بەردەگرێت، پیری بەفر خەون بە ژنەوە نابینێ، هەژدە ژنی هێناوە، کەچی تۆی حیکایتخوان نەتوانی تاقە ژنێک بهێنی، بە خەونیش بێت نەتوانی بگەیت بە مەریەم، لە دۆندی پاڕانەوە دا بوو گوریسکەت پچرا، کەوتیت، نەگەیشتی بە مەریەم، دۆندی پاڕانەوە ڕنینەوەی مووەکانی خەون و خەیاڵت بوون، لەمپەرێک بوو لە جیابوونەوەی ئەزموونی دۆنکیخۆتە لە دنیای زۆربا کە نزیک بوونەوەی چاو کەسک و دەرکردنی مەریەمی لێکەوتەوە، وەک پیری بەفر ناتوانێ سەما بکات، گریانیش دادی نادا، تا بە سەما گوزارشت لە هەستی بکات، پیری بەفر چۆن دوورکەوتەوە، دنیاییەک کێشەو ئاڵۆزی بۆی ناییەوە، دوو هاوینە مردوویت، زوو مردیت، نەیهێشت جیاوازییەکان کەمبکاتەوە، ئیتر چیی بنووسێت، لەگەڵ مردنی تۆ، شووکردن و کۆچکردنی مەریەمدا، تراژیدیایی حیکایتخوان سەرهەڵدەدات، ڕادەستنەبوونی بە پێدراوەکانی واقیع، سەرهەڵگرتن و سەفرکردنەکەی بۆ نادیار، پشتکردنە، لە دنیای ژن، گومانە لە توانای خۆی، گومانە لە کردنەوەی پاژێکی نوێی نووسینە لە سەر درەختی کەتناوە، پۆلینکردنی پەیوەندییەکانی نیوان واقیع و فانتازیایە، ئایا نووسینەکەی بەشی ئەوەی تێدا ماوە کە لە گومان بیپارێزێت، لە کردەی نووسینیدا، لە ژێر درەختی وشەدا، ئایا بە دوای سەقامگیری بزربوودا دەگەڕا، یان وەک کارەکتەرێکی دۆنکیخۆتی شکەستیەکانی خۆی بە سەرکەوتنەکانی کارەکتەرێکی زۆرباوی وەک پیری بەفر بەراوورد دەکرد، یان گومانکردنی لەوەدا تۆخ نابێتەوە کە مەریەم حەزی لێ نەبوو، ڕووخساری ئاوێنەیەک بوو دڵشکاندنێ گەورەی تێدا بوو، کە هیچ کچێ حەز لەو چروچاوە ناکات، ئەم بیرخستنەوەیە بەر لەوەی گومان لە مەریەم بکات، گومان لە خۆی دەکات، ئەوەندە بڕوای بە نووسینە، بڕوای بە خۆی نییە، بڕوای بەوە نییە کە بتوانێ مەریەم بگۆڕێت، پەرجۆ دەسەبەرکات، ویستی بە کردەی نووسین قەرەبووی هەست بە کەمکردنی بکات، داهێنان دروستبکات، گومان بزوێنەری نووسینە لەتەک دنیایی دڵنیایشدا پارادۆکس فەراهەمدەکات، قەد لەگەڵ یەکتریشدا پاکنابنەوە، بەختیار عەلی دەڵێت ” پاک بوونەوە لەو گومانانە پاکبوونەوەیە لە ڕیشەکانی هونەر “11 لە کۆتاییدا حەسرەتەکانی ڕابردوو لە نێو خود و ئایندەی بەجێماوی دەستنووسەکە، لە درەختی کەتناوەدایە، ئایندەش لە دەرەوەی ڕابردوودایە، لە ئێستادا مەریەم نییە، پیری بەفریش نەماوە، ئەدی من بۆ هەبم بۆ کەتنێکی تر، بۆ داوای لێبوردنێکی دیکە کە منی حیکایتخوان لەوی نووسەر جیادەکاتەوە، گەر ئەو بەهاری ڕابردوو بێ، ئەوا من لە ئێستادا هاوینی بەسەرچووم، لە پاییزییەکی نادیاردا بەرەو نەزانراو هەڵدیم.

کەرکووک مانگی 12 / 2021


ژیدەرەکان:
1 ـ کەریم کاکە ـ درەختی کەتناوە ڕۆمان ـ لە بڵاوکراوەکانی یەکێتی نووسەرانی کورد، لقی کەرکووک ژمارە 91 ـ چاپخانەی: ئاربخا، کەرکووک ـ چاپی یەکەم ـ ساڵی 2007
2 ـ بەختیار عەلی ـ ناشوێن ـ چاپخانەی: کارۆ ـ چاپی یەکەم ـ ساڵی 2019 ـ ل 155
*بۆ زیاتر تەماشای لاپەڕکانی 81 ،140 ، 203 ، 163 ، ی سەرچاوەی ژمارە 1 بکە
3 ـ ئەنوەر حسین ـ ئاشنا بوون بە دریدا ـ گۆڤاری ئایدیاـ ل 131
4ـ فلیب هامۆن ـ سمیولوجیە الشخێیات الروائیە ـ ترجمە: سعید بنکراد ـ تقدیم عبدالفتاح کیلیگوـ دار الحوار للنشر والتوزیع ـ الگبعە الاولى ـ ێ 43 5 ـ بەختیار عەلی ـ گوتاری مانەوە ـ چاپ و بڵاوکردنەوە: ناوەندی ڕۆشنبیری ڕهەند ـ چاپی یەکەم ـ 2021 ز ـ ل 112
6 ـ بەختیار عەلی ـ دوا خەندەی دیکتاتۆر ـ چاپخانەی کارۆ ـ چاپی یەکەم ـ ساڵ 2020 ـ ل 257
7 ـ د ێلاح فچل ـ بلاغە الخگاب وعلم النێ ـ عالم المعریفە ێدرت السلسلە فی شعبان 1998 بڕشراف ڕحمد مشاری العدوانی 1923 ـ 1990ـ ێ 211
8 ـ جورج گرابیشی ـ ـ فی الروایە العربیە ـ دار الگلیعە للگباعە والنشر ـ الگبعە الاولى ـ 1982 ێ 185
9 ـ کاروان عومەرکاکەسوور ـ (ڕێگاکانی ژەهر)ڕۆمان ـ ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ـ چاپی یەکەم ـ ساڵی 2017 ـ ل 5
10 ـ عەبدولخالق یەعقووبی ـ دیالۆگ و داهێنان ـ چاپخانەی خانی دهۆک ـ چاپی یەکەم ـ ساڵی 2009 ـ ل 137
11 ـ بەختیار عەلی ـ ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس ـ چاپخانەی رجایی / تاران ـ چاپی یەکەم ـ ساڵی 2014 ـ ل 205

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress