Skip to Content

ئایەتەکانی نائومێدیی.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

ئایەتەکانی نائومێدیی.. قەسیدەی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 19, 2021 General, Poems

ئەو رۆژە قەترانییەی پێم نایە
ئەم جیهانە قێزەونەوە
بە دارلاستیکی سەرشێتی
ئاوێنەی هەموو هیواکانم شکاند
ئیتر بەر غەزەبی خۆشی و
نەفرەتی ئومێد کەوتم
فڕێدرامە چاڵە هەزار بە هەزارەکانی نائومێدییەوە،
هەر ئەو رۆژە دەرکم کرد
ژیان چەندێ تفت و تاڵە
مرۆ چەند بێ ئابڕووانە
هەنگوین ئەخاتە زاریەوە،
مردنیش چەند میهرەبان و
چەندیش لە قەند شیرینترە
چۆن خوێنساردانە ژەهر و تاڵاو ئەکەین بە قوڕگیا
هۆ خەڵکینە من ئەو پیاوەم
بە راکردن بەرەو پیری ژیان چووم
بەڵام ژیان زۆر بێ ئابڕووانە
بێزاریی دەربڕی و لێم هەڵهات
خۆ من پێش ئەوە
قەت بیرم لە کۆتایی خۆم و مەرگ نەکردبووەوە
کەچی بێئاگا بووم
لەوەی مەرگ هەردەم لە بیری مندایە
چەند بێوەفا بووم
لە بەرانبەر مەرگ و چەندیش ئاشقی ژیان!!
ئەو پیاوە ئەرخەوانییەم
هیچ کات خۆم بە بەشێک لە خەم نەزانیوە
بەڵام ئەوە خەمەکانن
چەند پارچەیەکی دڵتەنگن لە من
بەوەدا بمناسنەوە
لە نێوان من و گریاندا هیچ شتێک نییە
جگە لە فرمێسک
لەنێوان فرمێسک و گریاندا
هیچ کەسێک نییە جگە لە من
بەوەدا هەستم پێ بکەن
لە تەقویمی منا
هیچ ئێوارەیەکی رووخۆش بوونی نییە
چوونکە هەر ئێوارەیەک بیری رۆژانی مناڵیم ئەخاتەوە
کە وامدەزانی خۆر چاوشارکێ ئەکات و
لە پشت چیای شارەکەمەوە خۆی ئەشارێتەوە
بەوەدا بمناسنەوە
حەرفەکانی دڵتەنگیم
گرێچنی وشەیەکن کە نائومێدییە
گوڵەکانی کاسەسەریشم
بۆنی خۆکوشتنیان گرتووە
بەوەدا بمناسنەوە
سەوداسەری سەفەرێکم بۆ دەرەوەی گەردوون
ئەگەر سەفەرێک هەبێ بۆ ئەوێ
بە شەمەندەفەری خەیاڵ دەڕۆیشتم
ئاخ، ئاسمانێکی تر
جگە لەم ئاسمانە تاریک و کۆنەی
سەر سەرمان بوونی نییە
ئەگەرنا پێش دوا نەفەسی جگەرەکەم،
دوو باڵی دیدالیۆس ئاسام بۆ فڕین ئامادە ئەکرد
ئازیزم
تۆش بەوە دڵخۆش مەبە شاعیرێک
زووخاوی چەند ساڵەی دڵی خۆیت بۆ هەڵدەڕێژێت
خێراکە دەرگای لێ دابخە با هاڵاوی دڵی
تەنیا خۆی هەڵکوڕزێنێ
پێویست ناکات تۆ دڵت بشکێ
خۆ من ژیان دڵی تەڕی شکاندم
وەک ئەو منداڵە چەتوونەی
بە قۆچەقانی پەنجەرەی بەختەوەریی شکاند
بەوەدا بمناسنەوە
لە نێوان من و ئومێددا، شورای چین هەیە
لە نێوان من و خۆشبەختیا
دووریی نێوان هەردوو جەمسەری زەوی هەیە
لە نێوان من و پێکەنیندا
هێندەی گەیشتن بە پلۆتۆ مەودا هەیە
رۆژانەش هیوا دیواری خۆی
چین بە چین لەبەردەمما زیاتر هەڵدەچنێ
لە دەفتەرێکی کۆنی بیرەوەریی باپیرمدا نووسرابوو:
رۆژی لە دایکبوونت
هاوکاتە لەگەڵ رۆژی کوژانەوەی چرای ئومێد
هاوکاتە لەگەڵ داپۆشینی زەوی بە تاریکییەکی ترسناک و
هەڵوەرینی چرۆکانی گەشبینی
لە وەرزی بەهاری ساڵی ئومێددا
لە تۆمارێکی کۆنی دەنگیدا
کە تازە گوێم لێگرتووە
نەنکم ئەڵێت
ئەم مناڵە شوومە و لەوەتی لە دایکبووە
ئاسمان نەگبەتی گرتوویەتی و
دارستان تووشی پەرکەم بووە
بارانیش رەنگی خۆی لە دەستداوە و
دەروونی دەریا فێنک ناکاتەوە
لە نامەیەکی دێرینی دایکمدا بۆ باوکم
کە ئەمڕۆ خوێندمەوە، هاتووە:
منداڵەکەمان کەفوکوڵی زۆری هەیە
بۆ زوو هەستانە سەرپێ،
هەروەک ئەو کارمامزە کێوییەی
بە هیچ بەورێک راو ناکرێ،
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
لە روانینی چاوەکانیدا حوزنێک هەیە و
هیچ جادووگەرێک لە ماناکەی تێناگا
لە جووڵە و گریانی شەوانیشدا
موزیکێکی خەمناگ هەیە
ئەو موزیکە تەنیا لە کۆتایی فیلمە تراجیدییەکاندا
گوێم لێ بووە
جادووگەرەکەش پێی وتم
هێندەی سەوزایی چاوەکانی
رۆژانی رەش، چارەنووسی رەش، چاوەڕوانی ئەکات
باوکم لە پشتی بەرگی کتێبێکی ئەستوور نووسیبووی:
منداڵەکەمان لاسارە
کۆڵەپشتی ژیانی سەرلەبەر ژانە و
نیگەرانی
مۆمی رێگە پێچاوپێچەکانی یاخیبوونەکانێتی و
کەلاوەیەکیش نیشتمان و
گۆڕێک لەناو دەریا دوا مەنزڵگەی
ئەمەوێ ئێستا بەو جۆرە بمناسن
پیاوێکم غەوارە و نامۆ بە ئومێد
هەمیشە مەقامی نیگەرانی
بەسەر تاڵیی رۆژە نەفرەتییەکانی خۆمدا ئەچڕم
کە شەویش دادێ تا بانگی بەیانی
یەکەمین زەنگی کەنیسە
ئایەتەکانی نائومێدیی
بۆ ئازارەکانی ناوسەرم ئەخوێنمەوە

رۆژێکی کزۆڵەی باکوری زەوی
2017

Previous
Next
Kurdish