Skip to Content

کاراکتەری داگیرکەری عەرەب، لە قەسیدەی (داڵ)ی شێرکۆ بێکەس دا …  هەڵۆ بەرزنجەیی

کاراکتەری داگیرکەری عەرەب، لە قەسیدەی (داڵ)ی شێرکۆ بێکەس دا … هەڵۆ بەرزنجەیی

Closed
by نیسان 22, 2018 General, Literature

رەفیق عاشوور !
ئەڵێن ژنی ئەو شاخانە گەرچی بەفر
بەڵام بەفری گەرم و نەرمن
رەفیق عاشوور !
وا تۆ ئەچی
شیمال سێ شتی شیرینە
هەنگوێن و گوێز و ئافرەتی !!

مێژووی کۆلۆنیالیزم، تەمەنێکی دوورودرێژی هەیە و لێوان لێوە لە ستەمکاری و دێوزمەیی و بەدفەساڵی. ئێمە لێرەدا هێندە ئاوڕ لەم ڕەهەندە مێژووییەی داگیرکاریی نادەیدەنەوە، بەڵکو دەمانەوێ زیاتر لە کایەی ئەقڵێت و کولتور و پەروەردەوە، سەرنجێک لەم پرسە لە جوگرافیایەکی تایبەتدا ـ لە نیشتمانی کوردستان دا ـ بگرین. ئەو دەسەڵاتە داگیرکارەی کە ئامانجی سەروبەری، بریتییە لە هەڵکێشانی زمانێک لە ڕەگوڕیشەوە و سوتماککردنی نیشتمانێک و تاڵانکردنی سامانەکەیی و دەستدرێژیکردن بۆ سەر نامووس و روومەتی خەڵکە کۆلۆنیالیکراوەکەی. ئەوەی کورد و کوردستان لە ئاکامی سیاسەتی کۆلۆنیالی لە ڕووی مێژوویی و سەربازیی و ئابوویی و ڕۆشنبیریی و کولتورییەوە چەشتوویەتی،شتێک نییە، لەکەس نامۆ و نائاشنا بێت. بۆیەکا فۆکۆسی قورسی نووسینەکە،دەخەمە سەر ئەو ئەقڵێت و کولتوورەی ڕەوایەتی بەخشیوە بە بێ ڕوومەتی و بێنامووسی کردن، بە کەرامەتی میللەتانی دیکە.
لە گەلێ ڕووداوی داگیرکاریدا وابووە، لەشکری داگیرکەر، لەپاڵ وێرانکاریی و سوتاندن و کوشتن و بڕین دا، تاک و تەرایان،یاخود زیاتریان دەرفەتیان قۆستۆتەوە و جڵەوی غەریزە سێکسییەکانی خۆیان بۆ نەگیراوە، پەلامار و لاقرتێ و زۆردارییان لە ژن و کچان کردووە. ئەم پەڵە چڵکنەش دیوێکی هەرە ناشیرین و قێزەونی لەشکر و سەرکردەی داگیرکەر نمایشت دەکات. ئەڵمانەکان تا ئێستاش، بە سەیر و سەمەرەوە، بۆ لەکەدارکردنی لەشکری کۆمۆنیزم و ڕووس بەتایبەت، باس لەوە دەکەن، لەسەردەمی هاتنی ئوردووی سووردا، لە جەنگی جیهانی دووەم دا، چەند سەربازێ پەلاماری ژنانیان داوە و لاقرتەیان پێ کردوون.
لە سەرنجدانێکی خێرای ئەو داگیرکارییانەی تووشی کورد و کوردستان هاتووە، ئەم دیارە قێزەون و تا سەر ئێسک نامرۆییە، بە زەقی بەدی دەکرێ. حاڵەتەکەش ئەوە نییە، سەربازێ، دوان و سییان لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو بێت و بە کارێکی وا ناشایستە بە دزی یاخود بە ئاشکرا هەڵسابێت، بەڵکو ئەوەی لێرەدا تێبینێ دەکرێ، مۆتیڤەکانی شتێکی ترمان پێ دەڵێن، ئەویش هەبوونی پاڵهێزییەکی گەورە و پاشخانێکی مێژوویی و ئایینی و کولتووری و سیاسی نامرۆیی و ئاژەڵئاسایی، ها لە پشت هەڵسوکەوت و ڕەفتار و پەروەردەی ڕۆڵەکانی میللەتی داگیرکارەوە. ئەوان پێشوەخت ئەم کۆنسێپتەیان خراوەتە بەردەست و لە قوڵایی دەقی پیرۆز و پرنسیپی پۆڵایینی حیزب و هەناوی کولتوور و چەقی ئەقڵێتەکەوە ڕەوایەتی پێ دەبەخشن و ئازایەتی پێڕەوکردنی بەدەست دێنێنن و وزە پەیدا دەکەن. ڕەنگە لە هەنووکەدا باشترین نموونەی ئەم باسە، ڕەفتارە دڕندە و نامرۆیی و ناشارستانێتییەکانی ڕێکخراوی داعش بێت.
کورد، وەک نەتەوە، لە لایەن ٣ ڕەگەزی جیاوازەوە، داگیرکراوە و نیشتمانەکەی کەرت کەرت کراوە. ئەو ڕەگەزانەش تورک و عەرەب و فارسن، کە خۆیان لە میللەتانی سەردەستی دەوڵەتە دەستکردەکانی، تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا دا دەنوێنن.
عاشوور حەمدان، نموونەی ڕۆڵەیەکی نەتەوەی عەرەبی سەردەست و حوکم بەدەستە لە و ستاتووەی ئیمڕۆ دا، لە چوارچێوەی دەوڵەتی بەناو عێراقی دروستکراودا. ناوبراو، لەم چیرۆکە شیعرییەدا کە مامۆستا شێرکۆ بێکەس بە “داڵ” ناوی دەبات، و وێنەیەکی ورد و پێناسەیەکی گشتگری ئەم کەسایەتییە، وەک “مشتێ نموونەی خەروارێکە” دەخاتە بەردەستمان و زۆر لێهاتووانە و سەرکەوتووانە، هەڵمەتێکی ناساندنی ئەم داگیرکەرەمان بۆ باس دەکات.
لەڕاستیدا ئەو شاکارە شیعرییە، شایانی لەسەر وەستان و دیقەت لێکردنە، چونکە شاکارێکە لە کایەی مێژوو و کۆمۆڵایەتی و سیاسیدا،ئیشی خۆی دەکات و لە خودی خۆیدا، نیشاندەری لایەن و خەسڵەتەکانی دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکەیە و هاوسات، نیشاندەری کاراکتەرێکی نێو ئەم کولتور و پەروەردە و سیستەمەیە، کە ئیمڕۆ بە ستەمکاری و بە زۆر و ناسروشتی بەسەر نەتەوەی کورد دا سەپێنراوە.
“عاشوور حەمدان” لە وڵاتی لم و عوجاجەوە هات و
ئێستە دانیشتووی وڵاتی گوێز و بەفرە
بەر لە ئێستە
ـ صەریفەیەک ـ کە وەک دانی کلۆر وابوو
حەسیر ڕزیو، وەک تەڵەی مشک
تەنگەبەر و درێژکۆلە
ماڵی ئەو بوو، ماڵ ڕووتەڵە
عاشوور، ڕووت و ڕەجاڵ و پەڕپووتێکی نەداری، دواکەوتووی دوور لە شارستانێتییە و خەڵکی وڵاتێکی جوگرافیا نالەبار و ژینگەیەکی ناخۆشی کێژەڵووکاوی و لماوییە.
دە ساڵ پێشتر..
تەڵەی “عەفلەق” لەوێ لەناو
قوللەی مەخفەرێکدا گرتی
عاشوور بوو بە پێچکەی موسەلەحەی ڕژێم
ناوبراو سەرەتا بۆ دابینکردنی گوزەران، ڕوو لە پیشەی پۆلیسی دەکات، لە دەزگاکانی حکومەتی دەوڵەتە زۆڵەکەکەی عێراقدا. حیزبی بەعسی فەرمانڕەوا، دوای ئەوەی دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی ئەو دەوڵەتەدا گرتبوو، نەوت و سامانی ژێرخاکی کوردستان و ناوچەکانی تری، بۆ مەبەستە گڵاوەکانی خۆی تاڵان دەکرد، کۆمەڵی ئیمتیاز و خۆشگوزەرانی، بۆ خەڵکی بیابان و لایەنگرانی خۆیان فەراهەم کردبوو. کە ختووکەی فیزیان بەم پێشکەوتنە بەرچاوانەی دەسەڵاتی بەعس دەهات و هەر کەسێ ببوایەتە فەرمانبەر و کارمەند، داکۆکی لە عروبە بکردایە بەختەوەر دەکرا. لەو هەلومەرجەدا چجای کەسێک یەکەوڕاست ببێتە پۆلیس و وەک برغوویەک لە دامودەزگا داپلۆسێنەرەکانی سیستەمەدا کارا بێ. ئیدی دوو شەشی بوو و نانی بەتەواوی دەکەوتە ڕۆنەوە. هاوکات بەعس بەپەلە مرخی لەو کەسە خۆش دەکرد و یاخود پێشوەخت دەیسەپاند بەسەریدا، دەبێت حەپە سەوزەکە بخوا و بێتە ڕیزی حیزبی بەعسی عەرەبی سۆشیالیستەوە.
ئیتر عاشوور بوو بەدەسکێش
بوو بە کیفی درۆی دوو دەم
بوو بە کێرد و خەڵکیش نێچیر
بوو بە “نصیر” بوو بە “عاگول”
بوو بە چاوی تەوری ئەمن
بوو بە “رەفیق”
بوو بە گوێچکەی دار و دیوار و بوو بە مار
عاشوورێکی لات و دنیا نەدیو، بە شەوق و زەوقەوە بەرەو ڕووی داخوازییەکانی بوونە “بەعس”ییەوە دێت و هەر زوو باری قورسی عروبە، دەخاتە سەرشانی و دەبێتە، دەستکەلایەکی کارای دەستی دەسەڵاتداران لە عێراقدا.
هەڵپە و دڵسۆزی عەشقی عاشوور، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرشانی و هێنانەدی خواستی بەرپرسەکان ، گەیاندنی پەیامە پێسپێردراوەکەی دەبێتە هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتنەکانی و بڕینی پێپلیکانەی بەرەو باڵاچوونی بەسەر وێستگە بە وێستگەی دەوڵەت و هێزی تەوژمی بڕینی فلتەرەکانی ژیانی حیزبایەتی. لە چاوترووکانێکی کورتدا، لە دۆست و لایەنگر و نەسیر و عاگولەوە دەبێت بە “رفیق”. ئەمەش پلەیەکی بەرز و هەژمار بۆکراوە و خانەیەکی جێی متمانەی حیزبی بەعس و دەوڵەتی عێراق بوو.
بوونە ڕەفیق، دەسەڵاتێکی ڕەهای بۆ کوشتن و بڕینی دوژمن و نەیار و ناحەزان بەدەست دەهێنا . بەم پێیە ئەو کەسە، Okay ئاسمانی و زەمینی بەدەست دێنێ و لە مومارەسەکردنی دەسەڵاتدا ڕەها دەبێت.ئاخر هەر لەسەرەتاوە دەزانرا،بۆ دەیکەنە ڕەفیق.
ئەم وابەستەیی و بەخشندەیی و ئیمتیازات و خێروخۆشیە، هەمووی بۆ ئەو مەرامەیە، عاشور و عاشورئاساکان تەیار و ئامادە بکرێن، بۆ پرسە گەورەکە!،لە پێناوی خەمە گرانەکە!،لەبەر هەڕەشە کوشندەکە!،بەڵێ بۆ شەڕی کورد و ڕاماڵینی مەترسیییەکانی بەردەم، دەروازەی ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی عەرەبی.
هەر بۆیەکا دوای ماوەیەک، بە فەرمانێکی کتوپڕی قەرەقوشی، داوا لە عاشوور دەکرێت، لە پێناوی درێژە دان بەسەرکەوتنەکانی “عروبە”، شمێشێر و ئاڵا و پەیامی عەرەبی باپیرانی، بپێچێتەوە و لەتەک خۆیدا بیانبات و بچێ بۆ نیشتمانی چیا و بەفر و ژنی نەرم و گەرم. چەند وچانێ بەر لەوەی فەرمانەکەی پێ ڕابگەیەنن، بە پێشەیەکی ئاگرین و تژی لە هەست بزوواندنەوە، گەشتێکی خەیاڵی، بە مێژووی سەروەرییەکانی نەتەوەی عەرەب و پەیامی شمشێرەکەیان و سێبەری خێروخۆشی ئاڵاکەیاندا، پێ دەکەن. تەلقینێکی باشی وردی دەکەنەوە و مژدەی ئەوەشی دەدەنێ کە بووکی ڕازاوەی خەیاڵی!، بووکی بەفرینی، گەرد لێنەنیشتووی شارۆچکەیەک لە نیشتمانی کوردان، چاوەڕوانێتی و باوەشی گەرم و نەرمی ئەو بووکەی ئامادەکراوە، بۆ عاشوورە و تۆ دەبیتە خاوەنی، ئەی ڕەفیق عاشوور. ئاخر تۆ شایستەی ئەو خەڵاتەی ئەی ڕەفیق عاشوور. ئەم هەموو دەستکەوت و خۆشگوزەرانییە هەر بۆ خۆت باشە و لە خۆت موبارەک بێت، ئەی عاشوور!، ئەی بەچکە شێری عروبە!، ئەی نەوەی سەربڵندی خالید و قەعقاع و سەقەفی…هتد
ڕەفیق عاشوور!
پەیامی ئێمە و شمشێری باپیرانمان هەر یەک شتە
هەر یەک ئاڵا و هەر یەک مشتە
مشتی نەمر! پەیام هەڵگر
هەوا لە کوێ بێ لە وێیە
دەشت لە کوێ بێ ئەو لەوێیە
شاخ لە کوێ بێ ئەو لەوێیە
ئەم جیهانە هەویرێ بوو عەرەب شێلای
کردی بە نان..
خۆر کوێر ئەبوو ئەگەر ئێمە نەبووینایە
ڕەفیق عاشوور!
ئەسپی پەیام نزیک و دوور، بۆ هەر لایەک ئێمە بەرێ
ئێمە سورین! رەفیق عاشوور، لەم رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی
ئەم خەریتەی شمشێرەدا، لە گوێچکەی بەحری سوورەوە
هەتا قوڕگی شاخی پشتکۆ، گوڵە گەنمێ لە کوێ ڕوا
ڕکاعەتێ لە کوێ کرا، کڵۆ بەفرێ لە کوێ باری
ساوایەک لە کوێ ناو نرا، لەم خەریتەی شمشێرەدا
هەر بە تەنها عەرەب هەیە و، کەسی تر نا !
عاشوور، لەبەردەم داستانی ئازایەتی و حیکایەتی پیرۆزی شمێشێری خوێناویدا، ئەبڵەق دەبێ و وڕووکاس گوێ قولاغ، دەستەوسان ڕادەوەستێ. ئەگەرچی حەزێکی ناوەکی بێ سنوور ختوکەی دەدا، بۆ هەڵسان بەو کارە و بەڕاستیش دەیویست، ببێتە پاڵەوانی ئەو داستانە گەورە و پیرۆزەی حیزب و حکومەت و عروبە پێ سپاردووە بۆی فەراهەم کردووە. هاوکات دڵنیا بوو،کە هیچ دەرفەتێکی بۆ منجەمنج و ڕەتکردنەوە نییە.
عاشوور، نەیدەویست پاڵ بە هەموو خێروخۆشییەوە بنێ و گشتی توڕ هەڵبدات و دەرگای بەهەشتی چاوەڕوان کراو ، بە ڕووی خۆیدا دابخات. چونکە ئەو گەرەکی بوو، بە جوامێری و سەربەزرییەوە، خانەی خۆی لە بەهەشت ئاوەدان بکاتەوە. جا بۆیە بێ هیچ سێ و دوو کردنێک، سەری ڕەزامەندی ڕادەوەشێنێ و پڕ بە گەرووی باوەڕ و وزەی، جەخت لە ئەمەکداری خۆی، بۆ بە ئەنجام گەیاندنی، ئەم فەرمانە نیشان دەدات. دواجار بە دەنگێکی دلێر و لە خۆدا ڕابینەوە پێیان دەڵێ: فەرمان دەفەرموون گەورەم، ملم لە ئاستتاندا لە موو باریکترە. سڵاو بۆ سەرۆکی تاقانە و حیزبی پێشڕەو و دەوڵەتی عێراقی پۆڵایین و نەتەوەی عەرەبی خاوەن پەیامی نەمریی.
رەفیق عاشوور !
شیمال … سەرە
دەمێ ساڵە لەم سەرەدا
ڕشک گەرای خۆی خستووە
پیلانێ پەپکەی خواردووە
ئیدی عاشوور ڕازی کراو و ڕازی بوو، بۆ گرتنە دەستی کار و فەرمانە نوێیەکەی. چونکە لە ڕەهەندێکەوە دوای ئەوەی هێنایانە ژێربارەوە. بە تەماح و وەسفی جوانی ژنی وڵاتی شاخاوی و بە بەفر داپۆشراو لێ بەجەستە گەرم و نەرم، دەکەوێتە دۆخێکی ئیرۆتیکییەوە. هەر ئەمە نا بەڵکو، هەواڵی ئەوەیشی دەدەنێ، ئەو دەڤەرە مەڵبەندی سێکوچکەی “هەنگوین و گوێز و ژنە”. ئەم ٣ نیعمەتەش، بە تام و لەزەت و جوانییانەوە، بە هیچ بەهایەک ناپێورێن و لە زۆر مەڵبەندی تردا، شیاوی بوون و بەدەستهێنان نین. خۆ ئاوات و ئامانج و دەستکەوتێکی لەم چەشنە، لە وڵاتی لم و عوجاجدا،لە دەرەوەی مەحاڵە و دەچێتە خانە خەون و خەیاڵەوە و دەگاتە هاوشانی بەهەشتە مژدەپێدراوەکە.
کوڕی شمشێر
کوڕی قورئان.. ئەبێ بڕوا
بچێتەوە سەر بەردەنوێژی باپیران
بچێتەوە لای گیانی “آبا عبیدە”
بڕواتەوە و لەوێ بژی
ڕەفیق عاشوور !
لە شیمالی خۆشەویستدا
بووکی سپی شارۆچکەیەک چاوەڕێتە
لەمڕۆ بەدواوە باوەشی ئەو بووکەمان
شوێن و جێتە
حیزب شمشێرە و تۆ دەستی
با بزانین ئەو شمشێرە
لە چەند لاوە ئەوەشێنی
ئیدی سەرگەورەی داڵەکان لە چەگمەجەی پڕ لە تاوانەکاندا، فایلێ دەردێنێ، هەموو خاڵ و سەروبۆری پەیامی باوباپیرانی عروبەی، شەڕە خوێناوییەکانی شمشێر و ئازایەتی هاوخوێنەکانی و ئاڵای بەرزی پەیامی مرۆڤایەتی لە خۆ گرتووە. نامەی نەمریی دەدرێتە دەستی عاشوور و پیرۆزبایی کار و فەرمانە نوێیەکەی لێدەکەن.
رەفیق عاشوور!
ئەمە دەنگی فرمانێکە شمشێرئاسا
کە لە کیف هاتە دەرەوە
ناچێتەوە ناو کیف هەتا
خۆی سوور نەکا !
لەو ساتەدا
عاشوور بوتڵێکی خاڵیی بوو
کەوتبووە ناو گێژاوەوە
لە مابێنی سارد و گەرما
بەرز و نزما، سەر و بندا
ئەهات…ئەچوو
عاشوور، دوا مانگێ دەستبەکاربوون، لە شارۆچکەیەکی وڵاتی چیا و بەفردا، دەکەوێتە ژیانێکی ئەوپەڕی سەڵتەنەتەوە. جا بۆیەکا لە خۆشیدا و هەم بۆ هاندان و تامی تامیکردنی کەسانی دیکە، ئاماژە و ستایشی گوزەرانی دەکات و هەمیش بۆ سەلماندن و نیشاندانی ئەو پەڕی دڵسۆزیی و گوێ لە مستی, بۆ فەرمانی داڵەکانی سەرووی خۆیەوە. دەست دەکات بە نامە و بروسکە ناردن، بۆ هاوڕێیانی و باس لە خۆشی و جوانی وڵاتی چیاو بەفر دەکات و دەیچوێنێ بە بەهەشتە بچکۆلەکەی ئەم کلیلەکەی ها لە گیرفان دا.
لێ تاکە شتێ، کە عاشوور، پێی سەغڵەت دەبێ و زەوقی تێک دەدات. زمانی خەڵکی ئەم دەڤەرەیە. بە دیاردەیەکی شتێکی کرجوکاڵ و ڕەقوتەق دێتە بەرچاوی،و پێی وایە ئەمەی ئەم خەڵکە پێی دەئاخڤن، زمان نییە. پێی سەیرە شتی وا نامۆ، لە نیشتمانی عەرەبدا هەیە!!. بۆیە بەلایەوە گرنگە، بە زوویی ڕیشەکێش بکرێت. ئیدی بەم جۆرە خەیاڵ دەیباتەوە بۆ لای مێژوو و قسە و رەفتاری باووباپیرانی هەر زوو لەلای فەرمایشتی، مێژوونووسە گەورەکەیان! مەسعوودی لەنگەر دەگرێ. ئەو مێژوونووسە! پێی وابووە، خەڵکی ئەم ناوچەیە نەوەی دێو درنج و جنۆکەن و مرۆڤ نین.
عاشوور دوای ئەوەی کە قوڕگی
لە بەڵغی ترس پاککردەوە
ئینجا وتی :
لەبەردەمی ئەم فەرمانی شمشێرەدا
گۆچانین و کەمەی ملمان، تەواو کەچە
لەبەردەمی ئەم فرمانی شمشیرەدا
کێ ئەتوانێ کڕنووش نەبا
بەڵێ ! ئەڕۆم
………
رەفیق عاشوور !
ئەڵێن ژنی ئەو شاخانە گەرچی بەفرن
بەڵام بەفری گەرم و نەرمن
رەفیق عاشوور ! وا تۆ ئەچی
شیمال سێ شتی شیرینە
هەنگوێن و گوێز و ئافرەتی !!
عاشوور دوای مانگێک خزمەتکردن بە حیزبی بەعس، و بوونە فەرمانبەر لە شارۆچکەیەکی کوردستان دا، نامەکەی ئا بەم شێوەیە دەنووسێ، بۆ هاوڕییانی :
هاوڕێیان! ماچ و سەلام
من ئێستاکە
لە باوەشی بەهەشتێکی بچکۆلەدام
ئینجا عاشوور دەکەوێتە سەر بیرکردنەوەی گۆڕینی نەخشە و بڕینی ئەم زمانە.
هاوڕێیان!
پێویستە بەم نەخشەیەدا بچینەوە
وەکوو سەری گوندی یاخی
بەشمشێری زمانی خوا..
ئەم زمانەش ببڕینەوە!
لە چاوترووکانێکدا، هەڵمەتی پرۆسەی “تعریب و توانەوە” دەست پێدەکات و ناوی گەڕەکان دەبنە سەعد و قوتەیبە و ٧ نیسان و شیبان و یەرمووک. ٢٠ گوند کە پێشمەرگەیان داڵدە داوە، بەر تۆپ و گڕباران دەکەون و سووتماک دەکرێن و هەڵمەتی “تهجیر” دەست پێدەکات و ژن و منداڵ ڕادەگوێزرێ و میوەی بەری ڕەزوباخ و بێستان و دانەوێلەی تاڵان دەکرێ. شوێنە عاسی و چیا سەرکەشەکان، دەدرێنە بەر بۆمبای فسفۆری و دەسووتێندرێن.
عاشووریش،وەک پاڵەوان و سوارچاک، لە پشت پەنجەرەی بالکۆن و لەسەر سەربانی ماڵەکەیەوە، دەڕوانێتە ئەو دیمەنە و بەدەم کەیف و گۆڵمەزی جۆراوجۆرەوە ڕادەبوێرێ و، بەلێدانی قاقای بەرز، گوێ ئەرز و ئاسمان کەڕ دەکات.
کە عاشوور هات
لە حوشترێکی لەڕ ئەچوو
ملی درێژ، لاقی باریک
چاوەکانی بەقوڵا چوو
ئەمە پێناسەی هەڵکەوتی عاشوورە، کاتێ لە شارۆچکەکەش بوو، لە ترسدا هەر دەبوو، لە بنکە و مۆڵگای داڵاشەکان، ئاسایس و دەزگا سیخوڕییەکان بخەوێت.
دوای ماوەیەکی کەم عاشوور، بە خۆیی و هێزەکەیەوە، دەچێ چواردەوری ماڵی پێشمەرگەیەک بە ناوی ـ ئازاد ـ دەرگا داخراو و مۆرکراو دەدات. دوای شکاندنی دەرگای ماڵەکە، دەچێتە ژوورەوە و کەسی چنگ ناکەوێ، ڕەفتارێکی ناشایستە لەتەک کەلوپەلی ناو ماڵەکە و وێنەیەکی هەڵواسراوی ئازاد و هاوسەرەکەیدا دەکات. لە کاتێکدا سڵ لە وێنەکەش دەکاتەوە و ترسنۆکانە هەندێ تەقە دەکەن و لە بارێکی ئاڵۆزی دەروونی سەختدا، بۆ شاردنەوەی ترسانەکەی خۆی، دەست دەکات بە قاقا لێدان و ماڵەکە جێدێڵێ.
ئێستە عاشوور حوشترێکە قەڵەو و ورگن
بەرازێکە شفرە ئاسن
ئێستە عاشوور لەم مەڵبەندەی کوردستاندا
قولاپی شادی گرتنە…
.بە قەد گوڵە ژاڵەی زامی لەشی”یافا”
لەناو بانقی خوێنی مندا پارەی هەیە
هەزار جار هێندەی بەیداخی “فەلەستین” و
فۆتەی سەری دایکانی ماڵە شەهیدی
گەڕەکێکی ڕەشپۆشی قودس
مەترە زەوی و عەردی هەیە
بەقەد هەر شەش
گۆشەی ئەستێرەکەی داوود
مەدالیا و نۆتەی کوردکوشتنی هەیە.
کەم داگیرکەر هەیە لە مێژوودا، بەم چاوترووکاندنە بووبێتە خاوەنی ئەم هەموو دەستکەوتانە. ئەوە ئینگلیز و فەرەنسی و پورتوگالی و هۆڵەندی و ڕووسی و ئەمەریکی، بزانن تاکە کەسێکی وەک عاشووریان تێدا هەیە!؟، ئەم هەموو دەسەڵاتە ڕەهایەی هەبێت! کەس رێگر نەبێت لە بەردەمی حەزە شەهوانی و دڕندەییەکەیدا!. ئەمەریکای ملهوڕی دنیا،تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری نامرۆڤانە سەربازەکانی دەکات، لە هەر دەڤەڕیکدا ئەنجامی بدەن و سزاشیان دەدات.
مامۆستا شێرکۆ، لە میانەی شاکارەکەیدا، ئاماژەیەکی بە پەلە و هەستیار بە پرسی عەرەب،لە نموونەی فەلەستین دا،دەدات و وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری و مێژوویەکی تێکشکان،لە کارەکەیدا جێی بۆ دەکاتەوە. ئەمەش بەو واتایەی گوایە فەلەستین داگیرکراوە و پرسێکی نەتەوەیی عەرەبییە،کەچی عەرەب خۆیان داگیرکارترن.
ئێستە عاشوور
“وەحدە”ی دەمی قیمەکێشی سەر جەستەمە
“حوریە”ی چەقۆی شۆفڵە و پێچکەی مەرگی بلدۆزەرە
” ئیشراکیەت” لای عاشوور..دابەش کردنی هەژاری و
برینی جەور و ستەمە.
ئەو سێ وشەیە(وحدة،حریة،اشتراکیة)،ناواخنی پەیامی ” نەتەوەی عەرەب یەکە و خاوەنی پەیامی نەمرییە”ی پێک دەهێنا،لە سێکوچکەی دروشم و فەلسەفەی حیزبی بەعسی دەسەڵاتدار بوو، لە عێراق و سوریادا. عاشوور لەژێر سێبەری ئەم سلۆگانەدا گەورە بووە و بەم گیانە پەروەردە کراوە، کانگای بژێوی مۆڕاڵی بووە، ئەمە سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتنی بووە، بۆیە وا بێبەزەییانە بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانە، بە هەموو شێوە و شێوازێکی دڕندانە و خوێناوی تێدەکۆشێ. مامۆستا شێرکۆ بێکەس، پەردە لەسەر دیمەنێکی دیکەی ڕەفتاری، نامرۆیی و نایاسایی و ناشارستانێتی عاشوورمان بەم جۆرە بۆ لا دەبات:
ئەمڕۆ ئاشوور هاوڕێی عاشوور حیزبی عاشوور
شەوان درەنگ کە پەتی سێدارە ئەنوێ
لەسەردابی ئەشکەنەما کۆ ئەبنەوە..
چەکمەجەی عومری زیندانیم ڕائەکێشن
تەسکەرەی منداڵ و گەورەم دەرئەهێنن
گەورە گچکە ئەکەنەوە، گچکە گەورە ئەکەنەوە
سیانزە بۆ بیست، هەشتا بۆ چل..
تا،بەیانیی کە ڕۆژ بۆوە، بە پلیکانەی قانوندا
سەریان خەن و ، پەتی مەرگیان بکەنە مل
ئەم گەمە ئەکرۆباتییەی بە یاسا،لە دەوڵەتەکەی ئینگلیز بۆ عاشووری دروستکردووە و عەفلەق مۆری (یەکێتی،ئازادی و سۆشیالیستی) لێداوە، دیسان لە کەم شوێنی دنیادا بەرچاو دەکەوێ. لە کاتێکدا عاشوورئاساکان بە هەزاران هەزار کەسیان گوللەباران کردووە و لەژێر ئەشکەنجەدان کوشتووە، هیچ پێویستیشی بەو یاسا قەرەقووشییانە نەبووە.
ئەو رۆڵە کوردانەی بەدەستی بەعس گیانییان لەدەست دەدا و گەشمردە دەبوون، دەبوو کەسوکاریان، نرخی گوللە و ماندووبوونی جەلادەکەشیان بدەن.
کاتێ باسی کۆلۆنیالیزم بەو دێوزمەییە دەکرێ، بە کۆن و نوێوە لە هیچ دەڤەرێکی جیهاندا، سیاسەتی وای پێڕەو نەکردووە و هیچ میللەتێکی بندەست بەم چەشنەی کورد، لە لایەن داگیرکەرەکەیەوە ستەم و ئازاری نەچەشتووە.
ئەم بارودۆخە بەردەوام دەبێ:
تا چەک سەری هەڵنەبڕیبوو
هەتا خەڵک ڕانەپەڕیبوو
تا قەندیل هەڵۆی نەدیبوو
وشە گوللەی نەناسیبوو
شمشێرەکەی دەستی عاشوور وەک ڕەشەبا
بێ ترس و تەنیا ئەگەڕا
عاشوورێکی پۆلیس، رەفیق حیزبی و ئاسایش و سیخوڕی بەعس و عێراق و عروبە، چی ویستووە بی سڵەمینەوە کردوویەتی و ئەوەی لە فەرهەنگی شارستانیدا، باس نەکراوە، شاعیر لە عاشوورئاساکانی دەگێڕێتەوە.
ئەمنە سوورەکەی سلێمانی، هەیئەی کەرکووک، قەسابخانەکەی موسڵ و بەغدا و گرتووخانە ناو ڕزاوەکانی ئەبو غرێب و نوگرە سەلمان و عەرعەرستانەکانی روومادی و سعودیە و کۆنگرەی فاس و ڕاگوێزان و گەمارۆدان و سوتماککردن و ترس و تۆقاندن و ئاگرباران و کیمیاباران و ئەنفال هەموویان لاثەڕەی گەشی پەیامەکەی عروبەن.
مامۆستا شێرکۆ بێکەس، چەند پەردەیەکی دیکەی چیرۆکە شیعرییەکە، بە هونەرێکی بەرز و ڕەنگێکی ئەدەبی جوان نەخش دەکات. باسێکی وردی شمشێرە بێ سانسۆرەکەی عاشوور دەکات، کە توانیویەتی لە هەموو شوێنێک و لە دژی گشت کەس بوەشێنێ. لێ ئەم زۆرداریی و سەڵتەنە، لە ئاکامدا نەیتوانیوە بەردەوام بێت و ئیرادەی گەل بە ڕوویدا هەڵشاخاوە و پێشمەرگە و شۆڕش قەڵغانی بەرپەرچدانەوەی سیاسەت و کولتووری دڕندانەی نامرۆیی و دوور لە بەهای ژیان و مانای شارستانی عاشوورەکان بوون. عاشوور لە هەر شوێنێ بیویستایە و لەهەر کاتێکدا دەیتوانی، شمشێرەکەی دەستی بوەشێنێ و پەیامەکەی ڕابگەیەنێ. بەڵی بۆی هەبوو سزای مەرگی هەرکەس،گەورە و بچووک،ژن و منداڵ، بدات.
دوای ئەوەی ستەم و زۆرداری دەگاتە دوا پلە و ئاکارێکی ترسناک، ئیدی تفەنگ ڕادەبێ و پێشمەرگە خۆی دەبزوێنێ و پێویستە سنوورێک بۆ عاشوور و شمشێرەکەی بکێشرێ.
ئازاد، لە دیمەنی نوێی چیرۆکە شیعرییەکەدا، وەک پێشمەرگەیەک ڕۆڵ دەگێڕێ. شەوێک بە مەفرەزەوە دێتە، شارۆچکەکەی خۆی، کە عاشوور تێیدا بکوژ و ببڕە. لە چالاکییەکی بێوێنەدا عاشوور بەدیل دەگیرێ.
تا ئەو وەختەی ئیتر
تفەنگ چاوی گلۆفت
کورد دەڵێ :”مشت لە درەوشەوە دەگەڕێتەوە” دوای ڕابوون و بزاڤی کورد، ئیدی پاشەکشە بە شمشێر و ئاڵا و پەیامی عاشوور کرا. لە دیمەنێکی سینەمایی یان تابلۆیەکی بەرزی وشە و پێناسە، مامۆستا شێرکۆ درێژە بە چیرۆکە شیعرییەکەی دەدات. هەروەک بڵێی، شاعیر خۆی لەگەڵ مەفرەزەکەدا بووبێت، یاخود فەرماندەی هێزەکە بوو بێت، هێندە بەرز و جوان دیمەنەکانی ڕۆیشتن، قەتارەبەستن و لایت داگیرساندن و چەشتنی سەرما و سۆڵەی ژیان و چالاکی پێشمەرگەکان باس دەکات.
مەفرەزەیەک..یەک لە دوای یەک
بە هەنگاوێ یان دوو هەنگاو
سەری لووت و پەڕەی گوێچکە
سڕ و تەزیو..

وەکو لوولەی کتری کوڵاو
دەم هەڵاوی لێ هەڵ ئەسێ
پێڵاوی لاستیک گرژ بوو، ئاو تێی ئەچێ و
شڵقە شڵق، سەری پەنجەی تیا ئەتەزێ.
بەم زمانە چڕ و باسە پوخت و ستایشە بەرزەوە،شاعیر بۆمان بەردەوام دەبێ لە گێڕانەوەی چیرۆکە. چۆن لەو رۆژگارەدا ڕۆڵەکانی نەتەوەی ستەمدیدەی کورد، بۆ ئاوات و ئامانجی سەربەخۆیی و ئازادی گیانبازییان بە ژیانی خۆیان کردووە و چ کوێرەوەریی و تاڵی و سوێرییەکیان لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکەی دۆزە پیرۆزەکە دا چەشتووە. گێڕانەوەیەک، مەگەر تەنیا چاوی کامێرا و فەنتازیای خەیاڵ و هەستی ناسک و قەڵەمی ڕەنگین و هزری فراوانی مامۆستا شێرکۆ لە عۆدەی بێت.
دواتر دێتە سەر چوونە ناو شارۆچکەکەوە بە شەوی تاریک و نانەوەی بۆسە بۆ داڵە مرۆڤخۆرەکانی عاشوورئاسا و نیشاندانی ئیرادەی میللەتێک، بەوەی خۆی نادات بەدەستەوە و هەرچی شمشێر و پەیامی عاشوورە ناتوانێ ویستوخواستی بوون و هەبوونی لەناوبەرێ.
ئەو دوای وەشاندنی گورزی جەرگبڕ لە داگیرکەر و لە دیمەن و پەردەیەکی ئەدەبی شاکاردا،کە شایانی ئەوەیە لە فلیمەکانی هۆڵیۆدا، بەرچاو بخرێن، جارێکی تر شێرکۆ بێکەسی مەزن، لە ڕێگای بابەتی ڕاگەیاندنی هەواڵی دەستگیرکردنی عاشوور و چەند دیلێکی ترەوە، چٶن بە ئامێری بێ سیم، هەواڵ و مژدە و مزگێنی سەرکەوتنەکان بە دامودەزگاکانی شۆڕش گەیەندراوە. ئا لێرەشدا، پێت وایە خودی شاعیر بەرپرسی دەزگای ڕاگەیاندن و بەشی سەربازییە، هێندە ورد و بە دیقەت و نەرم پێ بە پێی پێوەندی کردن، بە بێ سیم و ناردنی هەواڵ و وەرگرتنی هەواڵ و گیزە گیزی ئامێری بێ سیم و یاری بە ئەنتێنە و، پەیامی سەرکەوتنی چالاکی و مژدەی بەدیل گرتنی گەورە داڵ،”عاشوور حەمدان”. بە هاوڕێیان ڕادەگەیەنێ. بەڕاستی ئەمە هاوکات تۆمارێکی بەرزی لاپەڕەیەکی سەروەرییە.
بەڕێزان، دێژەدان بەم بابەتە لە لایەن بەندەوە، هەتا ئێرە هەر بۆ ئەو مەبەستەیە، کە بڵێن عاشوور، سیمبۆڵی دەسەڵاتی حیزبی بەعس و دەوڵەتی عێراقی زۆڵەک و عروبەی تاوانبار، نەیتوانی، بۆ هەمیشە، ویست و خواستی نەتەوەیەکی کەنەفت و کۆڵەوار خامۆش بکات. بەڵی بۆ ئەوەی چیرۆکەکەتان بەنیوەناچڵی بۆ نەگێڕینەوە. دەنا ئەم پەردەیە و هەندێ لایەنی تری ئەم چیرۆکە شیعرییە،ڕەنگە هاوشان و هاومانای ناونیشانی باسەکەمان نەیەتەوە.
ئەوەتا وا عاشوور حەمدان، داڵاشی ڕەشی باڵ شکاو
بووە بە فاقەی پێشمەرگە و سروشتەوە دەردەست کراو.
شمشێرەکەی زەلیل زەلیل.پاڕانەوەی داماو داماو
داڵی گیراو،داڵی ناوسک پڕ لە بێچوە چۆلەکەی کورد پێش خراوە و ڕەت
ئەبات و هەنگاو هەنگاو ئەژنۆی ئەشکێ
ئێستە عاشوور پەیامێکە
کەسیرە،دروشمێکە قاچ و قول و دەست و پەنجە سەرما بردوو
ئیدی دوای ئەم وێستگەیە، باس دەگاتە ئەوەی عاشوور بە زیندوویی نەک بە وێنە ئازاد، ئازادی ماڵ قوفڵکراوی و داگیرکراو، لەبەردەم عاشووردا قووت دەبێتەوە. ئەمەش داستانەکە ورووژێنتر و بەجۆشتر دەکات.
لەتەک درێژەدان بە گێڕانەوەی پەردەکانی تری چیرۆکە شیعری “داڵ” دا، شاعیر سەرکەوتووانە بە دیمەنێکی هیوابەش و ورە بەرزەوە، دەمانخاتە بەردەم ئاسۆیەکی گەش و پڕ لە ئاواتی سەرکەوتن و بونیاتنانی وڵاتە وێرانکراوەکەی کوردستان،بۆ ڕۆڵە قارەمانانەکانی. کەواتە دەسەڵاتی زەبر و ستەمکاریی چەند قورس و گران و گەورە بێت، بتوانێ بۆ ماوەیەک ئاواتی نەتەوەیەک بتاسێنێ،ئەوە هەرگیز ناتوانێ ویست و خواستی بۆ هەمیشە بکوژێ. شاعیر بەم کۆپلە شیعرە بەرزەکۆتاتی بە چیرۆکی “داڵ” دێنێ و دەنووسێ:
ئێستە سەعات دەی بەیانی ڕۆژی هەینی
هەشتی هەشتی هەشتاو و شەشە
لەژێر کەپرەکەی خۆمەوە
لە نێوان لقی دارگوێزی گوێ چەمەوە
هەر لە هەمان دەربەندەوە
لە سەرەوە..بە توولە ڕێی ئەوبەرەوە
ڕێچکەیەک داڵی گیراوی چەماوەی ژێر
کۆڵە خۆڵ و خشت ئەبینم..
عاشووریشیان لە پێشەوە ڕێچکەیەک داڵ
تەنها بازێک لە پشتەوە
گڵ..ئەکێشن..بەرد ئەکێشن دار..ئەکێشن
بۆ خەستەخانەی ئەو هەڵۆ زامدارانەی
بەباڵی خوێناوی شۆڕش
شیعرێکی نوێم بۆ ئەنووسن.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە دیوانی شێرکۆ بێکەس،ل ٤٥٧ـ ٥٠٢، بەرگی ٣ سوید ٢٠٠٩

هەڵۆ بەرزنجەیی
٨/٨/٢٠١٧

Previous
Next
Kurdish