Skip to Content

سنووری ئازادی دەربڕین لە کوێیدایە؟.. وەرگیڕانی :کاوە عومەر

سنووری ئازادی دەربڕین لە کوێیدایە؟.. وەرگیڕانی :کاوە عومەر

Closed
by ته‌مموز 17, 2023 General, Opinion


دیمانەی خەلیل کەیوان لەبەرنامەی وەڵام لەگەڵ حەمید تەقواییدا

‎بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید کە مۆنتاژ کراوە

‎خەلیل کەیوان: ئایا ئازادی ڕادەربڕین سنووری هەیە؟ ئایا پێویستە ڕێگە بە پەرەپێدانی بیرۆکەی خورافات و دژە زانستی و دژە مرۆڤایەتی بدرێت؟ ئایا پێویستە ڕێز لە هەموو بۆچوونێک بگیرێت؟ پەیوەندی نێوان ئازادی دەربڕین و ئازادی ئایین چییە؟ ئایا ڕەخنەگرتن لە تابو و خورافات و پیروباوەڕ و دۆگما و هزرە نەتەوەیی و ئایینیەکان ورووژێنەر نییە؟ ئایا نابێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە کۆمەڵگادا؟ ئایا نابێت هەندێک ڕێزی لێ بگیرێت؟ و لە کۆتاییدا، کۆنتێکستە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ململانێ لەسەر ئازادی ڕادەربڕین چین؟
‎ناوبەناو پرسی ئازادی دەربڕین دەبێتە پرسێکی گەرم لە کۆمەڵگە و لە میدیا و ڕای گشتیدا. لەم دواییانەدا کاتێک پەنابەرێکی عێراقی لە سوید ئاگری لە قورئان بەردا، جارێکی دیکە ئەم مشتومڕە وروژێنرایەوە. پێشتر لە بۆنە جیاوازەکاندا، لەوانە کارتۆنەکانی چارلی ئیبدۆ لە فەرەنسا، هەروەها لە دانیمارک و وڵاتانی دیکە، هەڕەشەی حکومەتە ئیسلامییەکان و کوشتنی ئیسلامییەکانمان بینی. لەگەڵ هەر دەرئەنجامێکی ئەم جۆرە پرسیارە کۆنەکان دووبارە سەرهەڵدەدەن. لە بەرنامەی ئەمڕۆدا ئەو پرسیارانە لەگەڵ حەمید تەقواییدا دەخەینە بەرباس.
‎حەمید تەقوایی ئایا ئازادی ڕادەربڕین بە مانای گشتی خۆی، وەک ئەوەی لە زمانی ئینگلیزیدا پێی دەوترێت freedom of expression ، حەد وحدودێکی هەیە؟ ئایا ئەبێت پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی خورافات و دژە زانستی و دژە مرۆڤایەتی ئازاد بێت؟
‎حەمید تەقوایی: بەڕای من نابێت دانانی هیچ سنوور و ڕێگری و بەربەستێک بۆ ئازادی ڕادەربڕین قبوڵ بکرێت. چونکە هەر مەرج و کۆت وبەندێک دابنێیت ئەوە خودی ئازادیت پێشێلت کردووە. ئینکاری ئازادی ڕادەربڕین هەمیشە بە هۆکار یان باشتر بڵێین بیانوویەکدا ڕەوایی پێئەدەن، وەک سوکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیی- نیشتمانیەکان، سوکایەتیکردن بە بیروڕای جەماوەری خەڵک، مەترسی خستنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی، شکاندنی نۆرمەکان، پێشێلکردنی داب و نەریتی کۆن و هتد..هتد . بەم جۆرە پاساوانە، هەمیشە ئازادی ڕادەربڕینیان سنووردار و پێشێل کردووە. بەتایبەت ئایین و دۆگمای ئایینی هەمیشە بەربەست بوون لەبەردەم دەربڕینی ئازادی بیر و بۆچوندا. ئەگەر کەسێک بەڕاستی باوەڕی بە ئازادی دەربڕین هەبێت، نابێت هیچ مەرجێک قبوڵ بکات چونکە ئازادی مەرجدار ئازادی نییە.

‎لە وەڵامی پرسیاری دووەمتدا، ئایا دەربڕینی هەر بۆچوونێک ئازادە، وەڵامەکەی بەڵێیە. ئەبێت هەموو بۆچوونێک ئازاد بێت کە خۆی دەرببڕێت. دژە زانستی یان خورافات و نامرۆڤانە بوونی هەر بۆچوونێک نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ قەدەغەکردنی دەربڕینی ئەو بۆچونانە. ڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵ باوەڕی هەڵە، ڕەخنەگرتنە لێیان و نەک قەدەغەکردنی دەربڕینیان. ئەگەر ئەم پێوەرەت دانا کە بۆ نمونە بیروڕای دژە زانستی یان خورافات و دژە ئینسانی مافی دەربڕینیان نییە، ئەوا ڕێگات کردۆتەوە بۆ ئەوەی هەر جۆرە دەربڕین ولێکدانەوەیەک بێتە مەیدانەکە و ڕێگری لە دەربڕینی هەر جۆرەباوەڕێک بکات. هەموو دامەزراوەکانی لێکۆڵینەوە و وردبینی، “ئیرشاد” و “دیاریکردنی گونجاوی” و هاوشێوەکانی لەسەر ئەم بنەمایە کاردەکەن.

‎کاتێک ئێمە بەرگری لە ئازادی بیروڕا و دەربڕینی بیروڕا دەکەین مەبەستمان ئازادی بێ کۆت وبەندە بۆ هەر جۆرە باوەڕ و بۆ هەر بۆچوونێک. کۆمەڵگا دەبێت هەموو بۆچوونەکان ببیستێت و چاک لە خراپ جیا بکاتەوە و بۆ خۆی بڕیار بدات کام بۆچوون هەڵە و خورافات و دژە مرۆڤە و کام بۆچوون ڕاست و ڕاستەقینە و ئینسانییە. هەر جۆرە سنووردارکردنێک بۆ ئازادی ڕادەربڕین، هەر جۆرە مەرجێک بۆ ئازادی ڕادەربڕین، بە بڕوای من نکۆڵییەکی تەواوەتی ئازادی ڕادەربڕینە.

‎خەلیل کەیوان: بۆچی زۆرێک لە هێزەکان بە لیبراڵەکانیشەوە کە بانگەشەی ئازادیخوازی دەکەن، بەدانانی سنوور و بەربەست بۆ ئازادی ڕازی دەبن؟ بۆ نمونە دەڵێن نابێ سوکایەتی بە بیروباوەڕ و پیرۆزییە ئایینی و کولتووری نەتەوەییەکان بکرێت. بۆچۆنی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

‎حەمید تەقوایی: هەندێک بەرژوەندی تایبەت وا دەخوازن کەئەو هێزانە بەم شێوەیە قسە بکەن. جگە لە ئایین، هێزە لیبراڵەکان لە هەموو بەشەکانی جیهاندا جەخت لەسەر دۆگما و بیروباوەڕ و پیرۆزییە نەتەوەییە نیشتمانیەکان دەکەنەوە. لە ئێراندا ئایین حوکم دەکات و لە هەموو شوێنێک سێبەری ڕەشی ئایین دەبینین. بە بیانووی سوکایەتی کردن بە شتە پیرۆزەکان یان پێغەمبەری ئیسلام یان سەبولنەبی و پاساوەکانی تری لەو جۆرە زمانیان دەبڕن. بەڵام لە وڵاتانی تر جگە لە ئایین و ناسیۆنالیزم و نیشتمان پەرستی و خاک پەرستی – لەژێر ناونیشانی نەریتی مێژوویی و شانازی وڵاتێک یان نەتەوەیەک، بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، کە هاوکات یەکێکە لە گۆپاڵەکانی سەرکوتکردنی کۆماری ئیسلامیشە، لە ژێر ناونیشانی پاراستنی سنوور و هتد – هەمیشە بەربەستێک بووە لە بەرامبەر ئازادی ڕادەربڕین. ئەم سنووردارکردنانە ڕاستەوخۆ خزمەت بە چینی دەسەڵاتدار و ئەو کەمینەیە دەکەن کە دەسەڵاتی سیاسی و زۆربەی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان لەبەردەستدایە. لە واقیعدا ئەوەی بۆ حکومەتەکان و چینە دەسەڵاتدارەکان پیرۆزە، پاراستنی دەسەڵات و سەروەت و سامانە و هۆکاری هەبوون و بەهای بەکارهێنانی پیرۆزی نەتەوەیی-نیشتمانپەروەری-ئاینی هیچی تر نییە جگە لە پاراستنی نەزمی هەبوو و دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار.

‎کۆمەڵگە پێویستی بە ئازادی دەربڕین هەیە ڕێک بۆ ئەوەی ڕەخنە لەم جۆرە پیرۆزییە نەتەوەیی-نیشتمانی-ئاینییە بگرێت. بنەمای ئازادی دەربڕین، یان باشتر بڵێین ئامانج و پێویستی ئازادی دەربڕین،تێکشکاندنی ئەو دۆگما و پیرۆزییانەیە. ڕەخنە لەمانە بگرە، ئەمانە فڕێ بدە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەر کەسێک بڵێ من دان بە ئازادی دەنێم دەنێم، بەڵام نابێت بۆ نمونە سوکایەتی بە پیرۆزییە نەتەوەیی و نیشتمانی یان ئایینییەکان یان بیروباوەڕی خەڵک بکات، لە ڕاستیدا ڕێگای کردۆتەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سنووردارکردن و قەدەغەکردن و زمانبڕین

‎بەڕای من سوکایەتیکردن بە بیروباوەڕەکان هیچ مانایەکی نییە. نابێت سوکایەتی بە تاک بکرێت، بەڵام هەموو باوەڕێک جێی ڕێز نییە، ناتوانین بڵێین چونکە باوەڕەکان لەلایەن جەماوەری خەڵکەوە قبوڵکراون و لە مێژە بەشێک بوون لە بیروباوەڕی گشتی و هتد، بۆیە لە ڕەخنە پارێزراون. ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین بەو مانایەشەکە هەر بۆچوونێک چەندە باو بێت و جەماوەری هەبێت لە کۆمەڵگەدا ، دەتوانرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت و بە شێوەکی سروشتی لایەنگرانی هەر بۆچوونێک مافی خۆیانە بەرگری لە بۆچوونەکانیان بکەن. ئازادی دەربڕین ڕێک بەو مانایە دێت، ئەم دیالۆگ و ئەم گفتوگۆیە و ئەم ئاڵوگۆڕە ئازادانەی بیروڕا و بیرکردنەوە. ئەم ئازادییە دەبێت لە کۆمەڵگادا بوونی هەبێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بزۆز بێت، بەرەو پێشکەوتن بڕوات و کۆمەڵگایەکی مرۆیی زیندوو بێت.

‎خەلیل کەیوان:لەگەڵ ئەم ڕاڤەیەدا چ پە‌یوەندییەک دەبینیت لە نێوان ئازادی ئایین و پڕوپاگەندەی ئایینی و مافی ئازادیدەربڕیندا؟

‎حەمید تەقوایی: دیارە ئازادی دین بەشێکە لە ئازادی باوەڕ. هەرکەسێک ئازادە هەر ئایینێکی هەبێت یان هیچ ئایینێکی نەبێت و ئازادە لە دەربڕین و پڕوپاگەندەکردنی بۆچوونی ئایینی یان نائاینی و دژە ئایینی خۆی.

‎لە جیهاندا هەزاران ئایینی جیاواز هەن و پەیڕەوانی هەر ئایینێک هەمیشە ئازاد بوون لە بانگەشەکردنی بیروباوەڕی خۆیان. بەڵام ئەوەی گەرەنتی ئازادی ڕادەربڕین دەکات، ئازادی ڕەخنەگرتنە لە ئایینەکان. لە کاتێکدا ئێمە پێمان وایە پەیڕەوانی هەر ئایینێک ئازادن لە پەرەپێدانی بیروباوەڕی خۆیان و نووسینی کتێب و وتاردان و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕەکانیان، هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە کەبێ خوداکانیش، ئەوانەی باوەڕیان بە هیچ خودایەک نییە، ئەوانەی کە نادینن و دژە ئایینییەکانن، بە تەواوی ئازادن لە ڕەخنەگرتن لە ئایین و تەنانەت نوکتە و تەنز و ڕێگەی دیکەی دەربڕینی بۆچوون لە ڕەخنەگرتن لە ئاییندا بەکاربهێنن. ئازادی دەربڕین و ئازادی بیروڕا نەک هەر پێچەوانەی ئازادی ئایین نییە، بەڵکو گەرەنتی ئازادی ئایینیش دەکات.

‎ڕاستییەکە ئەوەیە کە هۆکاری سنووردارکردن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئایین بەزۆری ئایینەکانی دیکەیە. بۆ نموونە بەهاییەکان لە کۆماری ئیسلامیدا ئازاد نین. وە بە گشتی هەموو ئایینە غەیرە شیعەکان لە ژێر هەموو جۆرە فشارێکدان. مێژووی کەنیسەی کاسۆلیکی پڕە لە هێرش بۆ سەر ئایینەکانی تر. ئەو فاکتەرەی کە هەمیشە ئازادیی ئایینی پێشێل کردووە، ئایینی باڵادەستە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا. ئازادی هەموو ئایینەکان بە ڕاستی تەنیا لە کۆمەڵگا سکۆلار و عەلمانیەکاندا دەتوانێ بوونی هەبێت. ئەمانە ئەو ئایینانەن کە تیغ بەرامبەر یەکتر ڕادەکێشن، بەڵام ئاتەئیست و بێ خوداکان پێویستیان بە پێشێلکردنی ئازادی دین نییە. ئەوان ئایین بە خورافات دەزانن و پێیان وایە ئەگەر کۆمەڵگا ئازاد بێت و هیچ سنوورێک بۆ دەربڕینی بیروڕای دژە ئایینی و نائاینی نەبێت، ئەوا دەکرێت بە تەواوی ڕەخنە لە ئایین بگیرێت و ئاشکرا بکرێت.

‎خەلیل کەیوان:زۆرێک پێیان وایە گاڵتەکردن و تەنزکردن بەرامبەر بە ئایین، پەیڕەوانی ئایین هاندەدات و دەبێتە هۆی نائارامی و گرژی و کردەوەی توندوتیژی. ئایا نابێت ڕێز لە بیروباوەڕ و هەستی جەماوەر بگرین یان لانیکەم ئیستفزازییان نەکەین؟

‎حەمید تەقوایی: دەبینیت نوکتەو گاڵتەو گەپ یەکێکە لە فۆرمەکانی دەربڕین. جۆرێکە لە دەربڕین کە دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە کۆمەڵگادا. دەتوانێت گوێگری زۆری هەبێت، دەتوانێت سەرنج ڕابکێشێت. بەشێکی گرنگی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی گوتار و کتێب و شانۆنامە و فیلمی تەنزئامێزی دژ بە پیرۆز و دۆگما و بیروباوەڕی خورافەیی خەڵکە.

‎ئەوەی کە خەڵک ئیستفزاز دەکرێن، بابەتێکی ڕێژەییە و. تا ئەم ئازادییانە فراوانتر بن، هەستی گشتی کەمتر وروژێنراون. دەبینیت لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا ئایین یەکێکە لە بابەتە هاوبەشەکانی کۆمیدی و تەنزنووس. بە گشتی لەم کۆمەڵگەیانەدا ئازادی زۆر زیاترە بۆ ڕەخنەگرتن لە ئایین و داشۆرینی ئایین، هەر ئایینێک، وەک لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکانی وەک کۆماری ئیسلامی، و هەستی کەسیش ئازار نادرێت. تەنانەت لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکانیشدا، ئەوە خەڵک نین کە تەنز و نوکتە لە دژی ئایین وروژێنراون – دیارە لە ئێراندا نوکتەی دژە ئایینی لە سۆشیال میدیا و لە کۆمەڵگادا زۆر زیاترە لە چاو وڵاتانی دیکە – بەڵکو ئەوە دەولەتەکان و کلیل بەدەستان و پارێزەرانی ئایین کە هەوڵی وروژاندنی خەڵک دەدەن.

‎دیارە لە کۆمەڵگە ئیسلامی کراوەکانی وەک کۆماری ئیسلامیدا، حکومەت و ناوەند و هێزە ئیسلامیەکان هەوڵ دەدەن بە هەر چەشنە ڕەخنە و تەنزێک لە دژی ئیسلام و پیرۆزە ئیسلامییەکان خەڵک هان بدەن و ڕاستەوخۆ دژی بیرکردنەوەی ئازاد مامەڵە بکەن. وەک بینیمان لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کارتۆنە هەفتانەیەکانی چارلی ئیبدۆ لە فەرەنسا یان لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ سووتانی قورئان.

‎لە هەموو شوێنێک ئەم هێز و حکومەتە ئیسلامیانە بە ناوی خەڵک و بە ناوی وروژاندنی سۆزەوە هەوڵی داخسنی دەمەکان دەدەن. لەهەمان حاڵەتەکانی سوتاندنی قورئان کە باست کرد، نەمانبینی، بۆ نمونە خەڵکی وڵاتانی ئیسلامی بێنە سەر شەقام و دەست بکەن بە ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی و هتد. چەند کەسێک کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە حکومەت و ناوەندە ئیسلامییەکانەوە هەیە، جەنجاڵی دروست دەکەن و بابەتەکە دەخەوێت.

‎خاڵێکی تر ئەوەیە کە ڕێگای ڕێگریکردن لە هاندانی هەست و سۆزی ئایینی (چ لەلایەن حکومەت و هێزە ئاینیەکان یان بەشێک لە کۆمەڵگاوە) ڕەخنە و تەنزکردنی ئایین تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت. تا زیاتر ڕەخنەی تەنزئامێز لە ئایین بڵاوبکەیتەوە، کۆمەڵگا زیاتر بە بوێری و نەرم و نیانییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکەدا دەکات و هیچ گرژییەک دروست نابێت. ڕێگاکەی ئەوەیە کە نەریتی ڕەخنە لە ئاین درێژە پێ بدەین وفروانی بکەینەوە.

‎خەلیل کەیوان:من کۆمەڵگایەک ناناسم کە تابۆ و شتی پیرۆزی تێدا نەبێت. نزیکەی لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبینەوە. بیروباوەڕی ئایینی نەتەوەیی لە ڕیزی ئەو تابۆ و پیرۆزانەدایە. بەڕای ئێوە تەنها بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنە مامەڵە لەگەڵ ئەو بیروباوەڕ و دۆگمایانە دەکرێت و نەهێڵن؟ ئایا ڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەدا لەناوبردنی زەمینە و هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان نییە؟

‎حەمید تەقوایی: ڕوونە کە هەموو باوەڕێک زەمینەی کۆمەڵایەتی و بابەتیی هەیە. بە ئایینیشەوە، کە ڕەگ و ڕیشەی بوونی هەژاری و جیاکاری و نایەکسانی و ئازار و بەدبەختییەکانی جەماوەرە. لە ڕاستیدا ئایین بووەتە پێویستی بۆ شیاویکردنی بەرگەگرتنی ئەم جیهانە نایەکسان و نامرۆڤانەیە. ڕۆڵی ئایین ناردنی دادپەروەری و یەکسانی و چارەسەرکردنی هەموو بێبەشی و ئەو ئازارانەیەکە هەن بۆ دونیایەکی تر و جەماوەری خەڵک گوێڕایەڵ و هێمن بکاتەوە. ئەم بەکارهێنانەی ئایین بە درێژایی مێژوو بۆ چینی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار بووە.کەڵک وەرگرتن لە پیرۆزییە نەتەوەیی- نیشتمانیەکان، هەروەها بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدار لە ژێر ناوی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا. هەموو شەڕەکان لەژێر ناونیشانی بەرگریکردن لە نیشتمان و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ئەنجام دەدرێن، بەڵام لەڕاستیدا مەبەست و هۆکاری ڕاستەقینەیان پاراستن یان فراوانکردنی بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدارە-لە سەردەمی ئێمەدا چینی سەرمایەداری- لە وڵاتێکدا کە لە کێبڕکێدایە لەگەڵیدا فەرمانڕەواکانی وڵاتانی دیکەدا.
بۆیە گومانی تێدا نییە کە مەرجی کۆمەڵایەتی بۆ بنبڕکردنی ئایین و ناسیۆنالیزم، لەناوبردنی کۆمەڵگای چینایەتییە. بۆ ئەوەی ئەم شتە پیرۆز و تابۆیانە بنبڕ بکرێت، پێویستە ئەو هەلومەرجە بابەتییانەی کە پێویستیان بەم خورافاتانە هەیە، لەناو ببرێت و بنەمای ئەم هەلومەرجە بابەتیانە نایەکسانی چینایەتییە. بەڵام خەبات لە دژی ئەم هەلومەرجە بابەتیانە لە بۆشاییدا ڕوونادات. ئاخر هەموو ئازارەکانی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ، لە هەژاری و بێ مافی، نایەکسانی و چەوسانەوە تا هەڵاواردن لە دژی ژنان و دەسەڵاتی حکومەتە تاوانکارەکانی وەک کۆماری ئیسلامی، هۆکاری دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی سەرمایەداریدایە. وەک چۆن خەبات لە هەرکام لەو بوارانەدا بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات دژی چینی دەسەڵاتدار، تێکۆشان لە دژی پیرۆزییە نەتەوەیی-ئاینییەکانیش بەشێکی گرنگی خەباتی گشتی دژ بە دەسەڵاتی سەرمایە. بە واتایەکی تر خەبات لە دژی تابۆی نەتەوەیی ـ ئایینی و پیرۆزییەکان جیا نییە لە خەبات لە دژی ئەو هەلومەرجە بابەتییانەی هەبوونی ئەم پیرۆزیانە.

‎دەکرێ بڵێین پەیوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان ئازادییەکان، ئازادیی دەربڕین، ئازادی بیروڕا و هتد و هەلومەرجە بابەتییەکانی سنووردارکردنی ئازادیدا هەیە. تا زیاتر لە بواری ئازادیدا پێشبکەویت، زیاتر لە ڕیشەی بابەتیی ئەو سنووردارکردنانە دەدەیت.

‎خەلیل کەیوان: دێینە سەر دوا پرسیار. گرنگی تێکۆشان بۆ ئازادی ڕادەربڕین چۆن دەبینن؟ پێگەی کۆمەڵایەتی مێژوویی چینەکە چییە؟

‎حەمید تەقوایی: لە ڕووی مێژووییەوە باسی ئازادی دەربین لە خەبات دژی ئاییندا کراوە. لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسا و پێش ئەویش لە سەردەمی ڕێنێسانس لە ئیتالیا و دوای ئەوەش لە ڕووی فیکری و فەلسەفیەوە لە بزووتنەوەی ڕۆشنگەریدا، ئازادی قسەکردن ڕووبەڕووی هەژموونی کەنیسە بووەوە. ئامانجی بیرمەندانی ئازاد و ئازادیخوازانی ئەو قۆناغە لە خەباتیاندا بۆ ئازادیی دەربڕین، یەکەمیان دوورخستنەوەی ئایین بوو لە حکومەت و دووەمیش زەمینە خۆشکردن بوو بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی زانست و هونەر کە لەلایەن کەنیسەوە بە دیل گیرابوو. دەزانن کە ئایین پایەیەکی بنەڕەتی هەموو سیستەمە ئەرستۆکراتییە دەسەڵاتدارەکانی ئەوروپا بووە لەو سەردەمەدا و بۆ هەر پێشکەوتنێک دەبوو ئەم بەربەستە لاببرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئازادیخوازانی ئەو قۆناغە ڕووبەڕووی ئایین وەک پایەیەکی بنەڕەتی ستەمکاری، ستەم، بێ مافی، بەستوویی و چەقبەستوویی فیکری لە کۆمەڵگەی سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕووبەڕوو بووەوە. هەر لەبەر ئەمەش بوو خەبات بۆ ئازادی بیروڕا لە ئازادی ڕەخنەگرتن لە ئایین دەستی پێکرد و قوربانی زۆری هەبوو. جیۆردانۆ برۆنۆیان لە ئاگردا سووتاند، گالیلۆش دادگایی کرا و ڕێگری لە چالاکیی زانستی کرا و هەزاران ئازادیخواز لە دادگا ئاینییەکانی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئەمڕۆدا سزای لە سێدارەدان و لە خاچدان و لە ئاگردا سوتاندنیان بەسسەردا سەپینرا.

‎لە ڕاستیدا مێژووی بەرگریکردن لە ئازادیی دەربڕین، مێژووی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ئایینیە. تەنانەت ئەمڕۆش وەک ڕوون کراوەتەوە، یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی لەسەر ڕێی دابینکردنی ئازادی دەربڕین پیرۆزی و بیروباوەڕە ئایینییە. ئەمە لە کۆماری ئیسلامیدا بە ڕوونی دەبینن. وە لە زۆرێک لە وڵاتان ئایین بە پلەی جیاواز هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت. لە هەموو شوێنێکدا لەسەدا نەوەد سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و بیروڕا لەلایەن خاوەن کلیلەکان و ناوەندە ئایینییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت.

‎دەکرێ بگوترێ لەمڕۆشدا خەبات بۆ ئازادی ڕادەربڕین درێژەی هەمان ئەو خەباتەیە کە لە سەردەمی ڕێنێسانس و دواتر لە سەردەمی ڕۆشنگەری و لەگەڵ شۆڕشی گەورەی فەرەنسەدا دەستی پێکرد. ئەو ڕۆڵەی کە مەسیحیەت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هەیبوو، ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا دەیگێڕێت. بۆیە پێویستە ئەمڕۆ جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئازادی ڕادەربڕین بە واتای ئازادی ڕەخنەگرتن لە ئایینە. ئەگەر بە هەر بیانوویەک ڕەخنە لە ئایین سنووردار بکەیت، ئازادی دەربڕینت زۆر نەماوە. بە درێژایی مێژوو بەم شێوەیە بووە و ئەمڕۆش هەر بەو شێوەیە.

‎تەنها لە سەردەمی ئێمەدا پێویستە بیروباوەڕ و پیرۆزیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانیش زیاد بکرێن بۆ تابۆ خورافاتە ئایینییەکان. چینە دەسەڵاتدارەکان هەم ئایین و هەم ناسیۆنالیزمیان لەدژی ئازادیەکان بەکارهێناوە و لە هەموو شوێنێکدا ڕەگەزپەرستی و ناسیۆنالیزم و سنوور و خاک و ئاڵاپەرستی و دژە بێگانەی و هتدیان کردووە بەگۆپاڵێک دژ بە ئازادییەکان. ئازادی ڕادەربڕین لە ڕاستیدا ڕووبەڕووی ئەم دوو بەربەستە بنچینەییەیە و دەبێت لە بەرگریکردن لە ئازادییە بێ مەرجەکاندا جەخت لەوە بکەینەوە کە ئازادی ڕەخنەگرتن لە تابۆ و پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیی-نیشتمانیەکان، پایەی بنەڕەتی ئازادی ڕادەربڕینە.

‎١٢ی جوڵای ٢٠٢٣، ٢١ی تیری ١٤٠٢

Previous
Next
Kurdish