Skip to Content

فلاشباک..23.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

فلاشباک..23.. لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by تشرینی دووه‌م 1, 2021 General, Opinion


بەشی بیست و سێ

کاتژمێر 1:30 شەوە، لە سەهۆڵەکە ماوینەتەوە، ئەمشەو بۆنەی سەری ساڵی نوێ تاموبۆیەکی تری هەبوو، جیهان دەروازەی هەزارەی سێیەمی لە خۆی کردەوە. ئەمشەو شەقامی سالم شێوە کەرنەڤاڵێکی بەخۆوە گرتبوو، نمایشی ئەو کچە جوانانە بیری بردینەوە لە رەمەزانداین. من تام لەم خۆشییە دەستکردانە نابینم، هەرچەندە زۆر دڵخۆشم بە بیبینی ئەو کچ و کوڕە راقییانەی بەرەو رووی دنیای خورافی بوونەوە. نمایشی ئەمشەو رەنگێکی مەدەنیتری بە سلێمانی بەخشی، پێیووتین تەمەدونی خەڵکی ئەم شارە بە جەهلی تاریکبیرەکان پاشەکشە ناکات. دوا کات خەڵکی ئەم شارە قسەی خۆی دەکات. ئەوەی دڵی ئێمە بەو شارە جەنجاڵە ماندووە خۆش دەکات تەنیا ئەم یاخیبوونە جوانەیە لەگەڵ یەکەم بەردی بناغەی سلێمانیدا چرۆی کردووە. ئەمشەو شەوێکی سەیر بوو، خەڵک پێیانوابوو گەیشتوونەتە قۆناغێکی نوێ، یان کەوتوونەتە بەر شەبەنگەکانی “شەپۆلی سێیەم”ی ژیاری هاوچەرخی مرۆڤایەتی کە “تۆفلەر” باسی دەکات. ناتوانم چێژ لەو کەرنەڤاڵە وەربگرم، وەلێ دەزانم سبەی مەلاکانی شار ئاگری رقی ئیبلیسیان بە وتارە ئاگرینەکانیان خاڵی دەکەنەوە. تەنیا ئەمەیە دڵم دەکاتەوە کە سەرکەوتنی تەمەدون بەسەر کۆنسەرڤاتیزمدا دەبینم، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئەم وڵاتە، ئەوە کەم نییە هەرچەندە نابێت پێمان زۆریش بێت.
لەگەڵ ئەوەش نابێت ئەم رووداوە سەرمەستمان بکا، لەبەرئەوەی باکگراوەندی کۆمەڵی کوردیی ئاین و خێڵە. لەناو ئەو کەلتوورەشدا هەناسەیەک بۆ ژیان نییە، کۆمەڵگەی کوردیی بە بەراوورد بە دەیەی هەفتاکان پاشەکشەی بەرچاوی کردووە لە رووی دیاردەگەرایی مودێرنەوە، ئەگەرچی ئێمە بەر ماتریاڵەکانی مۆدێرنە کەوتووین، کەچی مودێرنە وەک رۆح و فکر و ئایدیا نەگەیشتووە پێمان. بە واتایەکی تر پێشکەوتنی ئێمە فۆرمالیستانەیە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی هاوتەریب نییە لەگەڵی. بڕۆ لەگەڵ ئەو کچە قسە بکە کە پۆشاکەکەی هەمان پۆشاکە لە پاریس و ستۆکهۆڵم لەبەر ئەکرێ، کەچی وەک نەنکی بیر ئەکاتەوە و وەک باپیریشی قسە ئەکات. مارکس کاتی خۆی وتی: لە کاپیتالیزمدا هەموو شتێک ئاوسە بە دژەکەی. لەوە دەچێت هێشتا کورد لە قۆناغی فیوداڵی و بەر لە سەرمایەدارییدا بێت چوونکە هەموو شتێک ئاوسە بەهاوشێوەکەی خۆی، زۆرجار هاوشێوەیەکی زۆر خراپیش.
ئەمشەو لەگەڵ ئاسۆ عوسمان، ئەیوب رەزا، ئارام قانیع، گۆران عومەر، حەمە عەدنان، عەلی ئازەرنیا. کاتێکی زۆرمان پێکەوە بەڕێ کرد. ئەوان بێ ئەوەی بخۆنەوە مەستی شادییەکانی ئەمشەوە ببوون، منیش دوای نۆشینی نیو قاپ ویسکی و دوو بیرە هیچ مەست نیم، تەنیا غەرقی بیرکردنەوەکانی خۆمم کە دڵنیام رۆژێک یان سەرم دەخوات یان وەک نیتشە دێوانە دەردەچم، بەڵام من بە شەقامەکانی شاردا دەسووڕێمەوە و هاوار دەکەم، کێ دڵێکی دەوێ بۆ کڕین بە شەرتی ئەوەی هەرگیز گەردی رقی نەگرتبێت؟. هاوار دەکەم کێ رۆحێکی دەوێ لە ئەوەڵ مەزاددا بە مەرجی ئەوەی ژەنگی کینە زەفەری پێ نەبردبێت؟. دڵنیام کەس نییە موشتەریی ئەم دڵ و رۆحەم بێت!، دڵێک دەبەمە ژێر خاک، رۆحێک دەبەمەوە بۆ ئاسمان کە بە ئاوی بێگەردی خۆشەویستی هەمیشە زاخاو کراوە.


31-12-1999
ستیڤان شەمزینی


بە حساب یەک کاتژمێر و نیوە سەرەتای ساڵ و سەدە و هەزارەی نوێیە.

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 79-82 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish