Skip to Content

مەنسوور جیهانی بۆ ئاژانسی “فڕانس پڕێس”: بەهمەنی قوبادی لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تارانەوە بە سینەمای جیهان ناسێندرا

مەنسوور جیهانی بۆ ئاژانسی “فڕانس پڕێس”: بەهمەنی قوبادی لە فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تارانەوە بە سینەمای جیهان ناسێندرا

Closed
by تشرینی دووه‌م 1, 2021 Cinema, General

“مەنسوور جیهانی” پەیامنێری سەربەخۆ و نێودەوڵەتی سینەما لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی “فڕانس پڕێس” AFP گوتی: سینەماکاری کورد “بەهمەنی قوبادی” و زۆربەی سینەماکارانی گەورەی ئێران و کوردستان لە دڵی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی تارانەوە بە جیهان ناسێندران.

“مەنسوور جیهانی” بەرپرسی هەواڵە بیانییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران لە وتووێژ لەگەڵ “سامی کێتز” Sammy Ketz پەیامنێری گەورە و بە ئەزموونی ئاژانسی هەواڵی “فڕانس پڕێس” AFP گوتی: سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەنی قوبادی” هەڵگری خەڵاتی کامێڕای زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا و خەڵاتە گرینگەکانی فێستیڤاڵە بەرچاوە جیهانییەکان و هەروەها ئەندامی ئێستای ئاکادیمیای ئۆسکار، “ئەسغەر فەرهادی” براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی بیانی، هەڵگری خەڵاتی ورچی زێڕینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “بەڕلینالە” و هەروەها خەڵاتی گەورەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”، “ڕەزا میرکەریمی” سەرۆکی پێشووی فێستیڤاڵی جیهانی فیلمی “فەجر”، “شەهرام موکری” دادوەری بەشی “ئاسۆکان” لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤێنیز”، “مەجید بەرزگەر” و سینەماکارانی دیکەی ناوداری سینەمای ئێران و کوردستان لە دڵی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تارانەوە بە سینەمای جیهان ناسێندراون.

ئەو سەبارەت بە گرینگی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: ئەم فێستیڤاڵە نزیکەی ٤٠ ساڵ مێژووی پڕ لە شانازیی هەیە و لە نێوان فیلمسازانی کورتە فیلمی ئێران و جیهاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هەموو ساڵێک نوێترین بەرهەمەکانی خۆیان بۆ ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە ڕەوانە دەکەن. لە ساڵەکانی ڕابردوودا نزیکەی ٤٥٠٠ بەرهەم بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران ڕەوانە دەکرا، بەڵام ئەمساڵ، دوای ئەوەی کە لە لایەن ئاکادیمیای ئۆسکارەوە پەسەندکرا، دوو هەزار فیلم زیاتر و بە گشتی ٦٤٠٢ بەرهەم لە لایەن دەرهێنەرانی سەرتاسەری دنیاوە بۆ ئەم فێستیڤاڵە ناردرا.

ئەم پەیامنێرە سەربەخۆیە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، گرینگترین فێستیڤاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ بەرهەمە کورتەکان دێتەئەژمار و سەرنجی فیلمسازانی کورتە فیلمی جیهانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە؛ بۆ نموونە سینەماکاری کورد “ڕێزان یێشیلباش” Rezan Yesilbas دەرهێنەری کورتە فیلمی “بێدەنگ” Silent لە سینەمای تورکیا کە بەم بەرهەمە توانی خەڵاتی چڵە خورمای زێڕینی باشترین کورتە فیلمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا لە ساڵی ٢٠١٢ بەدەستبێنێت، لە دیدارێکدا لەگەڵ بەڕێزیان لە هەمان ساڵدا کە لە دەرەوەی وڵات پێکەوە بوومان، زۆر هۆگریی ئەوە بوو کە فیلمەکەی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران ئامادەبێت و خۆشبەختانە ئەم بەرهەمەی بۆ فێستیڤاڵ نارد و ئەم فیلمە کوردییە درەوشاوەیە لەم ڕووداوە سینەماییەدا نمایشکرا و لە لایەن هۆگرانی هونەریی سینەماوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.

جیهانی سەبارەت بە دادوەرانی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: لەم خولەی فێستیڤاڵدا “لیدا بێلتڕامی” لە وڵاتی ئیتالیا براوەی خەڵاتی “ئاشتی ڤێنیز”، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ دادوەرانێک لە وڵاتانی فەڕەنسا، ژاپۆن، نەمسا و ئێران؛ بەرهەمەکانی ئەم بەشەیان هەڵسەنگاند.

ئەو سەبارەت بە تایبەتمەندیی بەرجەستەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: لە هەواڵێکدا کە پێش لە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە، بۆ دەزگا ڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی جیهان ناردم، ڕەنگدانەوەی یەگجار زۆریی بەدواوە بوو؛ بۆ نموونە گۆڤاری گرینگی نێودەوڵەتی “وڕایتی” Variety ئاماژەی بە دوو خاڵی گرینگ کردبوو، یەکەمیان ئەوە بوو کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران، بۆتە درگای خەڵاتەکانی ئۆسکار و دووهەم بەڕێوەچوونی کۆڕ و کۆبوونەوە پسپۆڕانەکان بوو کە هەر ساڵە بە ئامادەبوونی مامۆستایانی شارەزای سینەما لە وڵاتانی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش ١٢ سینەماکاری نێودەوڵەتی لەوانە: دکتۆر “ئەحمەد ئەلەستی” مامۆستای زانکۆی ویلایەتی تێگزاسی ئەمەریکا، ڤۆرکشۆپەکانی سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تارانیان بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبرد و خاڵە گرینگ و تایبەتەکانیان بە فیلمسازانی کورتە فیلم ئاراستە کرد.

“مەنسوور جیهانی” لە کۆتایی ئەم وتووێژەدا سەبارەت بە ئامادەبوونی میوانانی بیانی لە سی و هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران گوتی: دوو ساڵە کە بە هۆی باروودۆخی کۆڕۆناوە هیچ میوانێکی بیانی لە فێستیڤاڵ ئامادەنەبووە؛ بەڵام ئەمساڵ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی تاران چۆتە لیستی فێستیڤاڵەکانی “ئۆسکار کوالیفاید” OSCAR® qualifying، زۆربەی ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی جیهان، خوازیاریی ئەوەبوون کە لە فێستیڤاڵدا ئامادەبن، بەڵام بە هۆی باروودۆخی پەتای کۆڕۆناوە ئەم دەرفەتە نەڕەخسرا کە لە فێستیڤاڵ، خانەخێوی هیچ میوانێکی بیانی بین.

فۆتۆکان: عەتا تاهیرکەنارە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish