Skip to Content

بەرەونێوەندی زیرەکناسیی !! … دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

بەرەونێوەندی زیرەکناسیی !! … دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by حوزه‌یران 27, 2018 General

زیرەک ئەگەر هونەرمەندی مێللەتێکی وەک کورد نەبوایەو میللەتی کوردیش هێندە لە رووی هونەری و ئەدەبی و کلتوری و شارستانی نیەوە ‌بێ سەرو بەرووهێندە لە دوا نە بوایە ، ئێستا زیرەک سەر مایەکی بەرزی نەتەوەیی بوو لە نیو وڵاتان شانازیمان پیوە دەکردوو دەمانتوانی لە جەند رووەوە بە هونەری زیرەک لە ڕیزی پیشەوەی هونەری دنیابین ،زیرەک لە گەڵ هه موو دەربەدری و بیکەسیەکەی خۆی هونەری کوردی گەیاندە بەرزترین لوتکەی هونەور لە جێهان ..هێندە هەیە ‌هێشتا کورد ئەم لوتکەیەی بە چاکی ناناسێ و بە نیوەندە هونەریەکانی جیهانیشی نە ناساندووە ، زیرەک دا‌هێنەریکی بێ وێنەو کەم وێنەیە .دەنگی زیرەک دەنگێکە رەهەندێکی دەنگی کەونیی هه یە .دەنگی هونەرمەندی شەهید حەسەن زیرەک دەنگێکی بە هه شتی هه بوو ..ژیانیکی دۆزەخیی ژیا.

لە ڕۆژی ٢٦/٦/٢٠١٨ چل وپێنج ساڵ بە سەر کۆچی دوایی هونەرمەندی (شەهید حەسەن زیرەک )ی هه میشە زیندوودا تێدەپەڕێ ، تا ئێستا لە کوردستان بەردەوام ساڵانە لەم ڕۆژەدا بەشێوازی جیا جیاو لە نێو دەزگاکانی میدیادا یادی ئەو هونەمەندە بێ وێنەو کەم وێنەیەی کورد دەکرێتەوە ،لە کاتێکدا لە دڵەوە سوپاسی هه موو ئەو دەزگاونێوەندە هونەری و ئەدەبی و میدیاییانە و کە سایەتیە ئەدەبی و هونەری وکلتوری و فەرهه نگیانە دەکەم کە هه تا ئەگەر بە وشەیەکیش بیت ساڵانە یادی هونەرمەندی شەهید زیرەکیان کردووتەوە ،بەڵام ، زیرەک بەو تایبەتمەندییە هونەری و ئەدەبی و کلتوری و کۆمەڵایەتی و کوردایەتیە دەوڵەمەندەی کە هه یەتی پێویستی بە ( نێوەندی زیرەکناسیی )هه یە .چۆن ژیان و کەسایەتی و هونەری زیرەک هێندە فراوان و پڕو دەوڵەمەندوهه مە جۆرە پێوێست دەکات بە پسپۆریی هه مەجۆرو هه مە لایەنە بەردەوام لە ڕەهه ندە جیا جیاکانی زیرەک بکۆڵرێتەوە .

لە چاوپێکەوتنەکەمدا لە گەل خاتوونی بەڕێز ( ڕابیعەخانم ) دواخێزانی زیرەک ، ئەو بەڕێزە گێرایەوە و گوتی : (پاش مردنی زیرەک ،لە خاریجەوە لەتارانەوە جەماعەتێک هاتبوون ،سەیارەی چاکیان پێ بوو،پێنج شەش کە سێک بوون ،ویستیان لاشەی زیرەک ببەنە ئەمریکا، پارەیەکی زۆریان دەدا، خزم وکەسی هه ندێک ڕازی بوون ، بەڵام ؛من کەبیستم یەخەی خۆم دادڕی وچووم شکاتم کرد.گوتم؛ ئەوە هێورەکانم دەیانەوێ لاشەی زیرەک بفرۆشن. لێنەگەڕام !

گوتم:باشە ئەو خاریجیانە لاشەی زیرکیان بۆچی بوو؟

ڕابەخانم گوتی:گوتیان دەیبەین فەحسی دەکەین ، بۆ ئەوەی بزانین ئەوە چۆنەو چ حەنجەرەیەکە ؟ پارەیەکی زۆریشیان دەدا، پارەی ئەو وەختە ، دوایی گوتیان : تەنیا حەنجەرەکەی دەبەین ، هه رچیتان دەوێ دەتاندەینێ. لێنەگەڕام ، گوتم : عەمەل کراوە ، بەەد بەخت بووە ، ئێستا لە گؤڕەکەش لێی ناگەڕێن .)(ل ١٣٦ ساواک بۆچی حەسەن زیرەکی کوشت ) بەداخەوە دڵسۆزیەکەی ڕابە خانم بووە هۆی ئەوەی ئەو حەنجەرەیە فەحس نە کرێ ! فەحسکردنێک بە دەستی کەسانی پسپۆر و تایبەتمەندییە بێ وێنەکەی دەر نەکەوێ.ئەو ڕووداوە دەری دەخات کەئەو وەختە لە ئەمریکاو کەسانی پسپۆر ئاگاداری هونەرو دەنگ و کەسایەتی زیرەک بوونە ، مخابن ئەو هه وڵەیان لە سەردەمی ژیانی زیرەک نەبووەو درەنگ کەوتووەو سەری نەگرتووە . ئەگەر سەری گرتبا ..ئێستا گەرووی زیرەک گەرووێکی قیاسیی دەبوو بۆ گەروودەنگی هه موو هونەرمەندانی جیهان .

ئەم ڕووداو دەری دەخات دەنگ و گەرووی زیرەک دەنگ و گەرووێکی تاقانە بووە ..لە هه مووجێهان .کەمن نەمبیستووە ئەمە بۆ هێچ هونەرمەندێکی تری گۆرانیبێژکرابێ !

ئەمە دەری دەخات کە لێکۆڵینەوە لە ژیان و هونەری زیرەک بە شێوەیەکی جددی هێشتا دەستی پێنەکردووە . هه ر بۆیە من زۆر بە پێویستی دازانم کە لە داهاتووێکی نزیکدا (نێوەندێ زیرەکناسیی) دابمەزرێ وهه وڵبداڕۆژ بەڕۆژ زیاتر زیرک بە خۆمان و بە دنیا بناسێنێ .

دەنگی زیرەک دەنگێکی هه مە ڕەنگ و تاوسییە دەنگێکی ئاسمانی و بە هه شتییە !دەنگێکە زۆر تایبەت ..

دەنگێک دەوڵەمەند بەگوتن و بەئاوازو بەسۆزو چینە جیا جیاکانی دەنگ ..هه رلە دەنگی نزمی نزمەوەو تادەگاتە دەنی بەرزی هه رە بەرزەوە .زیرک ئەوەندە هونەرمەندانەو لێهاتووانە و بە شەوق ئەشقەوە ئەو دەنگەی خۆی بەکارهێناوە و یاری پێکردووە کە گوێگر داگیردەکات ..داگێرکردنێک بە ئەشقەوە . ئەو دەنگە بەو هه موو ئاستە بەرزیەوە هونەری گۆرانی کوردی ئەوەندە دەوڵەمەند و بەرزکردووتەوە ..تائێستا هیچ هونەرمەندێک ئەوەی پێ نەکراوە .

زیرەک بەو هه موو دەوڵەمەندیی و بەرزییەوە زۆربە پیرۆزی شایستەی ئەوەیە کە نێوەندی زیرەکناسیی بۆ دابمەزرێ و لەم لایەن و ڕووانەوە لێکۆلێنەوە لە ژیان و هونەری زیرەک بکإ .

١-نووسینەوەی لە دایکی بوون و ژیان و مردنی زیرەک بە ڕۆژومانگ وساڵەوە ، بەماڵ وگوندو شارو وڵاتەوە . وەکو زانراوێشە زیرەک بە شیعر کورتەی ژیانی خۆی هه تا ساڵی هه زارو نۆسەت و پەنجاو هه شت نووسیوە ، کە لیکۆڵینەوەیەکی دەوڵەمەندی زانستی هه ڵدەگرێ .

٢-ژماردنی هه موو ئەو کارانەی کە زیرەک زۆر بە منداڵی و بە برسییەتی و لە ناچارییەوە کردوویەتی هه رلە خزمەتکردنی ماڵی ئاغاوە تادەگاتە کارمەندی ڕادیۆو خاونداریەتی ئوتێل لە شاری سنەو چایخانەی –کانی مەلا ئەحمەد – لە دەرەوەی شارو زیرەک گوتەنی لە نێوان دوو کێودا .

٣-ژنهێنانەکانی زیرەک هه رلە یەکەم ژنیەوە کە پاش ئەوەی دەکەوێتە بەندیخانە دایکی زیرەک ئەو ژنەی زیرەک لە برای زیرەک مارەدەکاتەوە ،کە زیرەک لە بەندیخانە دێتە دەرەوە و ئەمە دەبێنێ و دەبیسێ ، شێت دەبێ و سەری خۆی هه ڵدەگرێ و تا بە جێهێشتنی گەوهه رێ بە ناچاری و جیابوونەوەی لە میدیا خانم بە زۆری و تادەگاتە جیابوونەوە ی لە ڕابە خانم بە مەرگ و کە لە باوەشی ئەودا چاو لێکدەنێ . هه رەها کچەکانی ساکارو ئارەزوو لەخانمی میدیای زەندی وکوڕەکەی دکتۆر جەمیل لە گەوهه ر خانم .

٤-گیران و بەندکردنەکانی زیرەک لە عێران و لە ئیراق و هۆیەکان و ماوی گیرانە کان و ئازارو چێڕۆکەکانی زیرەک لە نێو بەندیخانەکان .

٥-کێ بوون ئەوانەیکە یارمەتی زیرەکیان داوە ، یارمەتیە جۆراوجۆرەکان ، کە زیرک خۆی دەڵێ ؛ من دۆستی زۆر بەوەفاو دڵسۆزم هه بووە ، لە هه ندێ کات دا دەڵێ ژیانم لە سەر ئەوان بووە ، وەک ( میرزاکەریم خۆشناو ) کە ئەو ڕەحمەتیە دوو بەرگ کتێبیشی لە سەر ژیانی زیرەک نووسیوە بە ناوی (حەسەن زیرەک و هه ندێک لە بەسەر هاتەکانی ) کە هه ر بەڕاستی دوو بەرگی توحفە ئاسان و زۆرجوان و زۆر دڵسۆزانە ئەوەی لە زاری زیرەک بیستوویەتی ئەوەش وبەچاوی خۆی دیویەتی نوسیویەتی و گێڕاویەتیەوە .هه روەها کێن ئەوانەی لە زیرەکیان داوە ؟ زیرەک خۆی دەڵێ : خودا ئاگادارە هه ندێ جار لێیانداوم ، خۆشم نازانم لە سەرچی لێمدراوە !!

٦-زیرک کەی دەستی بە گۆرانی گوتن کردووەو یەکەمجار لەکوێ بووەو لە هه ریەک لە ئێستگەکانی بەغداو تاران و کرماشان و سنەو مەهابادو تەورێزو .. تادوایی چەند گۆرانی تۆمارکردووە .؟

٧-زیرک چەند ئاهه نگی تایبەتی گێڕاوەو بۆکێ و لە کوێندەرو بە چ هۆیەک بووەو هه ریەک لە و ئاهه نگانە دا چەند گۆرانی گوتووەو چ تێپیکی مۆسیقی و چەند مۆزیسیێنی لە گەڵ دابووە ؟.

٨-زیرەک چەند گۆرانی فۆڵکلۆری گوتووتەوەو چ گۆڕانکاریەکی تێدا کردوون لە ڕووی دەق و ئاوازو گوتنەوە ؟ چەند گۆرانی هونەرمەندانی دیارو ناسراوی گوتووتەوەو چۆنی گوتونەتەوە ؟ چەندگۆرانی لە عەرەبی و فارسی و ترکی و ئازەری و ئەرمەنی و نەتەوکانی تر وەرگرتووەو گوتوویەتی و چ گۆڕانکاریەکی تێداکردوون ؟ بۆ خۆی چەند گۆرانی بە شێعرو ئاوازەوە داهێناوەو تۆماری کردوون ؟ زیرک بە دەنگی کێ کاریگەربووە لە گۆرانیبێژانی کوردو غەیرەکورد ؟ دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین زیرک هه رگۆرانیەکی فۆلکلۆری وگۆرانی هه رکەس و هه رمیللەتێکی گوتبێتەوە ، گۆڕانکاری لەدەق وئاوازو جۆری گوتنەکەدا کردووەوکردوویەت بە هی خۆی زیرەکانە گوتوونیەتی .لە لیکۆلینەوەی هه موو ئەمانە دەتوانین ڕیبازی گۆڕینی گۆرانی فۆلکلۆری و ڕیبازی بەکوردی کردنی گۆرانی بیانی بدۆزینەوە و لە مەودوا هونەرمەندان لە سەری بڕۆن .

٩-لە ڕووی زمانزانی و کوردی زانیەوە، زیرەک بەم نەخوێندەواریەی خۆی یەکێکە لە زمانزانترین و زمانڕەوانترینەکانی کورد .ئەوەندە بە زمانزانی و زمانڕەوانی گۆرانی دەڵێ و وشەکان بە ڕوونی و جوانی دەردەبڕێ ، ئێستا زمانی گۆرانی و قسەکردنەکانی زیرەک زەخیرەیەکی دەوڵەمەندو گرنگن بۆ کەسێ بیەوێ زمانی کوردی خۆی ڕەوان بکات و کەسێک بیەوێ فێری زمانی کوردی ببێت .

١٠- زیرەک شیعری زۆری گۆرانیەکانی خۆی بۆ خۆی دایناوە ، لە ئاستی شیعری گۆرانیدا لە بەرزترین ئاستدان ، بە تایبەت بۆ شێوازی گوتنی خۆی هه ربۆ نموونو : هه ردەرواو بە جێم دێلی ، ڕازیە تۆم دارە مإوی ، کرماشان شاری شیرینم ، چارۆگەی هه ولێریە ، لە نێو سابلاغ دا بورجێ دیارە …تاد . جگە لە مانە هه موو ئەو شێعرە فۆلکلۆریانەی گوتوونیەتەوە دەسکاری شیعرەکانی کردووەو لە گەل خواستی خخی گونجاندوویەتی و ڕێکی خستووە ، هه ر بۆیە ئیستا ئەو شیعرە فۆلکۆریانە شێعری زیرەکن ..) و بەڕاسی زیرەک شاعیرێکی دەست بالا بووە ، ئەوەی کە سەربردەی ژیانی خۆی بە شیعر نووسیوەتەوە ، شیعرەکە لە ئاستی شیعرەکەی حاجی قادر دایە ، حاجی دەفەرمووێ ( باوکم ئەحمەد بوو ناوی فیکرم دێ ..خەلکی لادی بوو دایکی من فاتێ ) زیرەکیش لە ژیاننامە شیعریەکەیدا دەنوسێ (خەڵکی بۆکانم،کوردی خوێن پاکم ..برام – حسەین- ەو خاتو-ئامین- ە دایکم )هه ربۆیە دەبێ حیسابی شاعێرێکیش بۆ زیرەک بکەین نەک تەنیا گۆرانی بێژو ئاواز دانەر .

١١-زیرەک بەزمانی کوردی وزۆر لە زارەکانی کوردی گۆرانی گوتووە وبەجوانی تێکەڵی کردوون، دیسان بەزمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ترکی و ئازەری ..گۆرانی گوتووە ولەیەک گۆرانیدا ئەوەندە سەرکەوتووانە زمانگۆرێ دەکات لە نێوان ئەم زمانانەدا کە گوێگر هه ست بە هیچ لە نگیی و گرێیەک ناکات کاتی لە زمانێکەوە دەچێتە زمانێکی تر زۆرجار لە نێوان سێ زمان جێگۆڕکێ دەکات و جوانی و خۆشیەک دەدات بە گوێگروەک ئەوەی هه رسێ زمان هیچ جیاوازیەک لە نێوانیاندا نە بێت ، ئەوەش هونەرێکە هه رلەزیرەک دەوەشێتەوە .هه ربۆیە ئێستا زیرەک بەتەنیا گۆرانیبیژێکی کورد نیە ! بە لکە بە هه مان ئاست گۆرانی بێژی فارس و ترک و ئازەریشە ، ئەرێ ڕای هونەرمەندانی فارس و ئازەرو ترک چۆنە لەسەر هونەری زیرەک و چۆنی هه ڵدە سەنگینن؟

١٢- زیرەک شێعری بەرزی زۆر لە شاعیرانی کوردو فارس و ترکی گوتوتەوە و بەم دەنگە ئاسمانیەی خۆی هێندەی تر شیعرەکانی بەرزو جوان کردوون.

١٣- زیرەک کاریگەری بەسەر چەند گۆرانیبێژی کوردو غەیرە کوردەوە بووەو کێن ئەوانەی گۆرانی زیرەکیان بەسەرکەوتوویی گوتووتەوە و دواجار چەندن ئەوانەی لە قوتابخانەی زیرەک و بە هۆی زیرەک بوونەتە گۆرانیبێژ ؟

١٤- زیرەک هونەرمەندێکی مەزن بوو لە سەردەمێکی نزم دا ژیاوە ، هه ربۆیە بێ هه ڵەو کەم و کورتی نەبووە لە ژیانی تایبەت و ژیانی هونوری دا، خۆی دەڵێ : هه رکەس بێ کەس بێ و بەرەڵلابێ ..وەک منی لێبی زەحمەتە چابێ ! هه رەها خۆی دەڵێ ..زۆرسەرم شکاندوو وسواندەم ڕوخاند ..زیرەک لە دانپێدانانی هه ڵەکانی خۆی دا زۆرئازایانە دەدوێ ئەوەندەی هه لی بۆ هه ڵکەوتبێت …چ لە ژیانی کۆمەڵایەتی چ لە ژیانی هونەری ..بۆ نموونە بە مەلیک فەیسەلی داهه ڵگوتووە هه روەها شای ئێران و کوڕەکەی و بیست وهه شتی موردادو کەوتنی موسەدەق .ئەمانەش هه مووی باجی هونەرمەندیی و گەورەیی زیرەک وبێ دەوڵەتی کوردو بێ سەرو بەری زەمەنەکەیەتی .

١٥- زیرەک بە پەیوەندی بە ژن و کچانەوە بێ کێشەو سەرواو دەراو نە بووە ، بیستوومە بە هۆی زیرەکەوە ژن کوژراوە ..هه رچەندە تەواوی ڕووداوە کە نازانم چۆنە ! هه روەهابیستوومە بوکی تازە بە هۆی دەنگی زیرەکەوە تەڵاق دراوە . دەڵێن : بوکێکی تازە کە جەند ڕۆژێکە گواستراوتەوە لەماڵەوە گوێ لە دەنگی زیرەک دەگرێ کە لە ڕادیۆوە گۆرانی دەڵێ . بوکە دڵی خۆشەو کەزیرەک گۆرانیەکە تەواو دەکات ، بوکە دەڵێ : لە بەر خۆیەوە دەڵێ خۆزگە من ژنی زیرەک بووام ، میردەکەی کەتازە زاوایە و گوێی لێدەبێ و توڕە دەبێ و دەڵێ ..ئەوە هه رسێ تەڵاق و بچۆ میرد بە زیرەک بکە !!

١٦-کەسایەتی زیرەک ، کەسایەتیەکە لەزۆر ڕووەوە لێی بکۆڵرێتەوە ، لە ڕووی بەوەفاو چاوتێری و دەستبڵاوی ومیواندۆستی و چاکە خوازییەوە ، نموونەی نە بووە ، زیرک لە وپەڕێ هه ژاریدا یارمەتی کەسانی پێویست و هه ژاری داو ، ئەوەی کە مامۆستا عەزیزی شارۆخ دەیگێڕیتەوە کەزیرەک فەرشی ماڵی خۆ فرۆشتووەو عەرەبانەی بۆ برا نەخۆشەکەی شارۆخ کرێوە ، پآش ئەوەی زیرەک لە ڕۆژنامە داواکاریەکەی ئەو کەمئەندامە دەخوێنتەوەو لە تارانەوە بۆی دەباتە مەهاباد .

١٧- ئازایەتی زیرەک ..زیرەک پیاوێکی یەکجار ئازابووە ، سەرەڕای ئەو بێ کەسی و دەربەدەرییەی کە بەردەوام بووە . جارێک زیرەک لە نادی مەهاباد گۆرانی دەڵێ و ئەودەمانە ش مەهاباد لەژێر باری ئەمنی توند دادەبێت و کۆبوونەوەو قەرەبالغی قەدوغەبووە ، بە هۆی دەنگی زیرک خەڵکێکی زۆر لە ناوو دەروەی نادیەکە کۆدەبنەوە ، دەوریە ئەمەدەبینێ دەچێتە ناو نادیە کەو بەزیرەک دەڵی ئەم شلۆغیە چیە پەیدات کردووە ؟ نازانی گۆرانی گوتی مەمنووعە ؟ زیرەک دەڵێ لە تاران خەڵک لەسەر شەقام گۆرانی دەڵێن و هه ڵدەپەڕن ، ئێمە لە نێو ئەم چواردیوارەش گۆرانی نەڵێین ؟! قسەیەک لەوو یەک لە زیرەک زابتەکە زلەیەک لە زیرەک دەدات ، زیرەکیش ئازایانە زلەیەک لە بنە گوێی زابتە کەدەداو بە پشتدا وەری دەگێڕێ و گەنجەکان غیرەت دەیانگرێ و زابت و پۆلیسەکان زۆر چاک دەکوتن . دواجار پۆلیس دێن و زیرەک دەگرن و هێندەی لێدەدەن و لە پەل وپۆی دەخەن و بەم شەو ساردە زیرەک دەخەنە ناو حەوزی ئاوی حەوشی پۆلیسخانە ، تا پیاوماقولیک تکای بۆ دەکات و بەری دەدەن و دەیبەنە نەخۆشخانە . ئەوەی گرنگە زابتەکە بە پشتیوانی حکومەت لە زیرەک دەدات و یاسای لە پشتە ، کەچی زیرەک بە هێزی قیروسیای گیانی خۆی لە زابتەکە دەداتەوە . هه روەها کە ساواک داوا لە زیرەک دەکات کە بێتە ئێراق و کار بۆ ئەوان بکات و هه رچی بیەوێ بۆی دەکەن ! زیرەک ئازایانەو کوردانە ئەمەڕەت دەکاتەوەو دەڵێ ئەمە کاری من نیەو من کانیەک ئاوی تێدا بخۆمەوە بەردی تێناوێم باساڵێ دوو جارم تێهەڵبدەن ! هه رئەمەش یەکێ لە هۆیەکانی ئەوە بوو ساواک واز لە زیرەک نەهێنێ و دواجر ژەهرخواردووی بکات !!

١٨- کوردایەتی زیرەک.. هه رچەندە زۆر بە چاکی نازانم کە زیرەک ئەندامی هیچ حزبێک بووبێ یان نا ! بەڵام . مام جەڵال باسی ئەوە دەکات کە نامەی نهێنی پێدا ناردووەو کاری نهێنی پیکردووە هه وە ها ساڵی شەستو حەوت کە لە ئیران ڕادەکات پاش چاپکردنی ( چریکەی کوردستان ) دێتە کوردستانی ئێراق و پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات وگۆرانی بە پیشمەرگەدا هه لدەڵێ و ماویەک دەمێنتەوە ، ئایا زیرەک بە ڕەسمی ئەندامی هێج پارت و ڕێکخراوێکی سیاسی بووە؟ تا ئێستا سەردەمی کۆماری کوردستانی زیرەک دیارنیەو نازانرێ پەیوەندی بەم کۆمارە وە چؤن بووە ؟ ئایا ئەودەمە زیرەک لە سجن بووە یان دەربەدەربووە ؟ دەناناکرێ زیرەک لە کوردستانی ڕۆژهه ڵات بووبێ و کۆمار دابمەزرێ و زیرەک لە تەمەنی بیست و سێ و چواساڵی بووبێ بەو هه موو هونەرو کوردبوونەوە هیچ کاردانەوەیەکی نەبووبێ ؟کە من زۆرتر بۆ ئەوە دەچم ئەو کاتە زیرەک لە تەورێز لە سجن بوبێ ؟!! هیوادارم بەڕێزانی ئاگادار ئەمە ڕوون بکەنەوە .کوردایەتی زیرەک لە هونەرە پڕداهێنان و ڕەسەنەکەیەتی ، تەواوی هونەرو ژیانی زیرەک پارچەیەکی زێڕین و بە نرخە لە نەخشەی کوردایەتی کوردستان ..زیرەک بە سروشت و کلتورو بەرگ و خواردن و جوانی ژن و ڵاوی کوردی دا هه ڵگوتووە ، هه ڵگوتنێک لە بەرزترین ئاست ، ئەوەندەی زیرەک لە گۆڕانیەکانی دالەو ڕۆژگارەدا ناوی ( کوردو کوردستان ) ی هێناوە تا ئێستا هیچ گۆرانیبێژێک ئەوەندە ناوی نە هێناون . دەلێن : لە ماڵی شاو لە ئاهه نگی شادا زیرەک هاوار دەکاو دەڵی ..بژی کوردو کوردستان ..بژی کوردوکوردستان !!کوردبوونی زیرەک کوردبوونێکە بە ڕوح و خوێن و ئەشق و هونەرەوە ، لە کوردایەتی هیچ کەس لە پیش زیرەک نیە ! زیرەک سەرکردەیەکی کوردایەتیە بە هونەر هونەرێکی بەرز و دواجار لە ڕێی ئەم کوردایەتیە سەری خۆی داناو شەهید بوو .

١٩- زیرەک لە گەڵ زۆر لە هونەرمەندو نووسەر و شائیرو ڕۆشنبیرو سیاسی و پیاوی دەستە بژیرو خەلکی ئاسایی نیوانی زۆر خۆش بووە لە ئیران و لە ئیراق ، ئەمانە کێن و چیان لە نیواندا هه بووەو هه ریەکەیان بە چێدا تێپەڕیون و برادەراتیەکەیان گەیشتووە بەچی ؟

٢٠- زیرەک گۆرانی لە گە ل زۆر هونەرمەندی کوردو فارس و ترک و ئازەری گوتووە ، چیرۆکی گۆرانی گوتنەکان چۆنن و بەرهه مە کان چێن ؟

٢١- لە کتێبی – چریکەی کوردستان – دا زیرەک بە شێعر باسی زۆر ئامێری مۆسیقی دەکا ت و دەنگە کانیان و شوێنیان لە نێو مۆسیقاو جۆری دەنگە کان باس دەکات ، ئەمە جگە لە شیعرەکە پێویست دەکات لە ڕووی زانستی موسیقاوە هه لبسەنگیندری و بنرخیندری ، ئەمە ئاستی زیرەک لە ئامیرناسیی و ئاواز ناسیدا دەردەخات .

٢٢- لە رووی دەروونیەوە زیرەک کەسێكی مرۆڤناس و دەروونناس بووە ، هه میشە لە رووی کۆمەڵایەتی ودەروونیەوە حیسابی بۆ کەسی بەرامبەرکردووە بە پێی کەس وشوێن و کەسێکی ڕووشکین و دڵشکین نەبووە ، بەردەوام هه تا بۆی کراوە ڕێزی لە بەرامبەرگرتووە ، تا لە سەر حیسابی خۆشی بووبێ ! ڕابیعەخانم دەڵێ : ئەگەر لە ئاهه نگێک پارەیان بە زیرەک و مۆسیقا ژەنە کان دانوایە ..زیرەک هه مووی بەسەر ئەوان دابەش دەکردوو دەیگوت : ئەوان خاوەن ماڵ و منداڵن ئێمە دووکوسین هه رچۆنێ بیت دەژین ، دەڵێى : لە گەڵ هونەرمەند مامڵێ پیکەوە گۆرانیان گوتووە چۆن دنگی زیرەک بەرز بووە ..زیرەک لە مایکرۆفۆنەکە دوور کەوتووە تەوە تا دەنگی لە گەڵ دەنگی ماملێ هاو سەنگ بیت .

٢٣- هونەری زیرەک هونەریکی ئابووری بزوینە .پەنجا ساڵ دەبێت لە هه رکوێندەر کورد هه بێت گورانی زیرەک لە وێ سەرچاوەیەکی ئابووری و ژیانی زۆر کە سە ، لەوانەی کڕێن و فرۆشتن بە هونەرو کلتوری زیرەک دەکەن ، ئەگەر بەوردی سەرژمیریک بۆ داهاتی هونەری زیرەک کرابووایە ژمارەیەکی سەر سوڕ هێن دەهاتە دەست ، زیرەک تەواو وەک( ڤانکۆخ )ی هونەرمەند وایە .. ڤانکۆخ پارەی جەمە پەتاتەیەکی نەبوو! دواجار تابلۆی – گوڵە بەڕۆژە –پاش سەت ساڵ بە پەنجاو پینج ملیۆن دۆلار فرۆشرایەوە .زیرکیش ئەگەر زۆر جەم نانی نەبووە بیخوات .. ئەوا دوجارو پیش مردن لە خانوی کرێ و دەژیاو لە سەر فەرشی خەلک دەخەوت و نانی خەلکی دەخوارد و کەمرد ..ئەرێ چەند تمەنی لە باخەل بوو ؟! ئەگەر وڵاتی ژیانی زیرەک مافی داهێنەری لە بەرجاو گرتبا زیرەک یەکێ دەبوو لەهونەرمەندە هه رە دەو ڵەمەندەکانی کوردستان و ئێستاش زۆرن ئەوانەی کە خزمەتێک بە زیرەک دەکەن و نانی زیرەک دەخۆن .

٢٤- زیرەک وەک داهێنەرێک حالەتی دەروونی تایبەتی هه بووە ، زۆر جار لە خەوەو گۆرانی گوتووەو ئاوازی بۆ هاتووە ، زۆر جار لە کاتی تۆمارکردنی گۆرانی و لە ستۆدیۆە پاس پرۆڤە لە سەر گۆرانیەک ، کە چی لە کاتی تۆمارکردن گۆرانیەکی تازەی بۆ هاتووەو و بە قسەی مامۆستا موجتەبای میرزادە مۆسیقارەکان ناچاربوونە بە دوای بکەون . گەورە هونەرمەندێکی فارس و سەرۆکی ئۆکسترای تاران بە مۆسیقرەکانی دەڵێ : ئیوە لە دوای دەنگی زیرەک بڕۆن ..ئەو هونەرمەندە هی ئەوە نیە بەدوای مۆسیقارەوە بیت .

٢٥- زیرک تا ئێستا هێندەی من بزانم زیاتر لە بیست کتیبی جۆراوجۆری لە بارەوە نووسراو ، سەتان وتاریلە بارەوە نووسراوە ، دەیان و سەتان بەرنامەی تەلە فزیۆنی و ڕادیۆی و ڕۆننامەیی لە بارەوە کراوە ، بەمەش ئەرسیفی هونەرو ئەدەبی کوردی یەکجار دەوڵەمەند کردووە و برەوی بە هونەرو ئەدەبی کوردی داوە .

٢٦- ناوی زیرەک تا ئیستا دەیان و سەتان منداڵ بە ناوی زیرەکەوە ناونراون و دەیان و سەتان کەسیش بە هۆی هونەری زیرەکەوە یەکتریان ناسیوەو دەیان کچ و کوڕ بە هوی دەنگی زیرەکەوە بوونەتە ژن و میرد و دەیان و سەتا ن شوێنکارو دوکان و بازاریش بە ناوی زیرەکەوە ناونراون و بازاریان پەیداکردووە .

٢٧- کۆکردنەوەی هه موو وینەو ئەو کەرەستانەی کە زیرەک بە کاری هێناون و هی ئەون ، هه رلە بەرگ و تەسجیل و ئامێری مۆسیقی وهه رشتیک ئەو بەدەستیەوە گرتبێ و کۆکردنەوەیان و هه ڵگرتن و بەرچاو خستنیان لە نیوەندو ماڵی زیرەک .

ئەمەو زۆر لایەنی تری ژیان و هونەری زیرەک هی ئەوەیە کە بەوردیی و بەزانستی لێی بکۆڵریتەوە ، وەک مامۆستای مۆسیقا دکتۆر عەبدوڵلا سەگرمە دەفەرمووێ ؛ ڕۆژی دێت بە سەتان نامە لە سەر هونەری زیرەک دەنووسرێ .

دواجار هیوادارم پیکهێنانی نیوەندی زیرەکناسیی بەزوویی دابمەزرێ و بکەوێتە کارو کار لە سەر ئەو کلتورە دەوڵەمەندو بەرزەی زیرەک بکات و چالاکی بخاتە نیوەندی هونەرو ئەدەبی کوردیمان لە هه موو کۆردستان .

٢٢/٦/٢٠١٨ – هه ولێر

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress