کارەساتی بێ ئومێدی و چەنەبازی ئینسانە گچکەکان.. ئەکرەم سەعید
“من کەسێکی نیمچە شێت و نیمچە مردووم” – چیرۆکی: چەنەبازی لەسەر نیل/ نەجیب مەحفوز
مەحفوز لەسەر زاری “ئەنیس” کە یەکێکە لە چەنەبازەکانی سەر ڕووباری نیل و پاڵەوانی چیرۆکەکەیە، “حەقیقەتی کەسایەتی خۆی باس دەکات بۆ ئەوانی دی:(من کەسێکی نیمچە شێت و نیمچە مردووم). هەڵبەتە ئەوە هەر بەتەنها ئەنیس و هاوەڵەکانی نییە، لە نێو بەلەمێکی سەر نیل کەسایەتیان لەو چەشنەیە، بەڵکە لەڕاستیدا زۆربەی زۆر خەڵکی میسر و جیهان لە ساڵاکانی ۱۹٥۰- وە تا ئێستاش (نیمچە شێت و نیمچە مردوون)، ئەوەش دوا پلەی نامۆیی و بە شمەکبوونە، و لە دەستدانی هۆشیاری ئینسانی و چینایەتییە، کە ئینسانەکان لە ژێر سایەی سیستەمی سەرمایەدریدا دووچاری هاتوون.
ئەمە توانج و وەسفێکی ناشرین نییە بەتەنزەوە بە مرۆڤەکان، بەڵکە ئەمە کێشانی دیمەنی واقیعی حاڵی ئینسانەکانە لە سەردەمی ئێمەدا. ئەمە سەرگوزشتەێکی ڕاستەقینەیە بۆ حاڵی کۆمەڵگە و ئینسانەکان لە ئێستادا، وە دەمامکە درۆزنەکان ئاشکرا دەکات، و لە گوتاری ئیدۆلۆژی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ساختە هاتۆتە دەرەوە، وەسفی ئەو دۆخە خەسار و پارچەپارچە بوونە باس دەکات کە خەڵکی دوێنێی میسر و ئەمڕۆکەی جیهان بەدەستیەوە دەناڵێنێ، کە بێگومان ئاکامی ئەم ناهۆشیارییە( نیوە شێت و نیوە مردووە)ی ئینسانەکان، ئەنجامەکەی دونیا بە ناچاری بەرەو کارەسات دەبات.
- کاتی قەیران و جەنگی دەوڵەتە دڕندەکانی سەرمایەداری، گەر چینی کرێکاران و ئازادیخوازان هۆشیار نەبوون، و هاوشێوەی پێڕە چەنەبازەکەی ڕۆمانەکەی مەحفوز لە بری نێو بەلەمێک لەسەر نیل، ئەمڕۆکە لە نێو سۆشیال – میدیا خەریکی دیالۆگی کەرەکان و چەنەبازی بن، ئیدی چاوەڕێی کارەسات بکە ڕووبدات.
- لە دووهەفتە لەمەوبەر تا دوێنێ، ئۆکرانیا دووجار هێرشی کردۆتە سەر (وێستگەی ئەتۆمی زابوریجیا بۆ بەرهەمهێنانی ووزە)، ئەو وێستگە گەورەیە گەر بتەقێتەوە، جگە لە بەشێکی ڕوسیا کە زیانی بەردەکەوێ، ئۆکرانیا بۆ خۆی دەبێتە پنتایێک لە خاک کە بەکەڵکی ژیان نامێنێ، ئەمە جگە لەوەی زیان بە (پۆلۆنیا، ڕۆمانیا، و باقی ووڵاتانی بەلکان) دەکەوێت، و تەنانەت تیشکی ئەتۆمی تەقینەوەی ئەو وێسگەیە زیانی هەیە بۆ تەندروستی خەڵکی ووڵاتانی (فیلەندا و سوید).
- لە هێرشی ئەم دواییەی “ئێران و ئیسرائیل” بۆ سەر یەکتری ڕاستەخۆ یان ناڕاستەخۆ، هەڕەشەی پەلاماردانی وێستگە ئەتۆمییەکان هاتۆتە گۆڕێ. گەر کارەساتێکی ئەتۆمی بە ئەنقەست یان نەخوازراو ڕووبدات، بە ملیۆناها مرۆڤ زیانمەند دەبن، و ناوچەکە شیاوی ژیان نامێنێ.
- لە کاتێکدا دڕندەکانی سەرمایە خەریکن مرۆڤایەتی دووچاری کارەساتێکی ئەتۆمی دەکەن، کە کارەساتی هیرۆشیما و ناکازاکی و کارەساتی ئەتۆمی وێستگەی چێرنۆبڵ لەساڵی ۱۹۸٦، لە چاویدا کارەساتێکی گچکەیە، کەچی مرۆڤایەتی هاوشێوەی (پێڕە چەنەبازەکەی مەحفوز)، کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە خۆدەگرێت، لە مامۆستا و ڕۆشنبیر و دز و بەرپرس و سەماکار و کرێکار، هەموو وازیان لە کەیف و چەنەبازی خۆیان نەهێناوە، و بەرامبەر ئەو هەموو قەیران و کارەساتەی جەنگ و کۆکوژی منداڵ و خەڵکی مەدەنی، توانای زۆرەبڵێی و چەنەبازییان لەدەست نەداوە، بەڵام ئەفسوس زۆر هەنگاوی عەمەلی ڕاستەقینە دژی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکانیان، و دژی نوخبەی جەنگی بۆرژوازی جیهانی، بۆ ڕاگرتنی مەترسی فەنابوون و فەوتان، تا ئێستاکە نەنراوە.
- زۆر دەگمەن سۆسیالیستەکان تەشەنە لە ئاست نزمی هۆشی خەڵکی دەدەن، بەڵام لە بەرامبەر ساویلکەیی خەڵکی، لە پێش جەنگ و کاتی جەنگی جیهانی دووەم، خەڵکی ئەڵەمان و بەشێکی دیاری چینی کرێکاران، بە ئیدۆلۆژی و پروپاگاندەی نازییەکان و هیتلەر فریوو درابوون. لەم ساتەوەختەدا بوو کە ولیام ڕایش (گوێ بگرە مرۆڤی گرنگن)ی نووسی؛ هەڵبەتە سۆسیالیستەکان بە مرۆڤەکان ناڵێن( بچوک یان گرگن )، بەڵام مرۆڤ لەو هەلومەرجە و لە دەروونی “ولیام ڕایش” تێدەگات کە بۆچی وا تووڕە بووە، چونکە ئاستی هۆشیاری و پراکتیکی چینی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز لە ئاستی هەڕەشەکاندا نەبووەو کۆمۆنیستەکانیش بێ توانا و بێ کەڵک بوون، و خەڵکیش هەر خەریکی کەیف و چەنەبازی خۆیان بوون . لەم ساتانەدایە چیرۆکەکەی “نەجیب مەحفوز” دیمەنی دوێنی میسر و دیمەنی ئەمرۆکەی جیهان، بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
- لە ڕاستیدا ئەوە مەترسیدارە کە سیستەمی سەرمایەداری لەمڕۆکەدا دڕندانە هێرش بۆ سەر بژێوی چینی کرێکاران دەبات و هەژاریان دەکات، وە نوخبەی سەرمایەی فەرمانڕەوا دڕندەیە، و ئاگری جەنگ لێرەو لەوێ هەڵدەگیرسێنێ و کارەسات دەقەومێنێ، بەڵام لەوە مەترسیدارتر و کارەساتبارتر ئەوەیە کە زۆربەی مرۆڤەکان لەم سەردەمەی ئێمەدا، ناهۆشیار و بێ دەرباسین، یان ووە دووی ئەحزابی بۆرجوازی ناسیۆنالیست و ئایینی کەوتوون.
لەڕاستیدا زۆربەی مرۆڤایەتی لەمرۆکەدا ( نیمچە شێت و نیمچە مردوو)ن؛ شێت بەمانای ناهۆشیار، و مردوو بەمانای بێ جوڵە و بێ پراکتیکی شۆڕشگێڕانە بۆ گۆڕینی دونیای سەرمایەداری.
تێبینی:
- چات یان “چەنەبازی لەسەر ڕووباری نیل”، چیرۆکی کۆمەڵێک مرۆڤی نامۆ و پەراوێزخراو، کۆمەڵێک ئینسان کە لە نێو کێشەکان و چڵپاوی کۆمەڵگادا، پشتگوێخراون و بێ ئومێد و بێ متمانەن بە فکر ، خاوەنی هیچ خەون و ئامانجێک نین، دەچنە شوێنێک بۆ سەر گەرمکردن.
“بەلەمێک لەسەر ڕوباری نیل” ئەو شوێنەیە کە خەونەکانی ڕزگاربوون لە ستەمکاری بەدی دەهێنێ لە ژیانێکی بێ مانا کە مرۆڤە کچکەکان هیچیان پێناکرێ لە چات زیاتر، جا چات بێ لە نێو بەلەمێکی سەر ڕوباری نیل یان چات بێ لەمڕۆدا لەنێو نێت، جیاوازی ئەو تۆی نییە. - دەتوانی چیرۆکەکە لە نێتدا بەخۆڕای وەک “پی دی ئف” بخوێنیتەوە، وە هەروەها چیرۆکەکە کراوە بە فلیم بە ناوی (ثرثرة فوق النيل)، دەتوانی چێژ لە فلیمەکەش وەرگری، چونکە تا بڵێی ئەکتەرەکان نواندنێکی جوان پێشکەش دەکەن.
ئەکرەم سەعید