Skip to Content

لە دەرەگای دۆزەخت ئەدەم.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

لە دەرەگای دۆزەخت ئەدەم.. شیعر/ کاوە عوسمان عومەر

Closed
by شوبات 27, 2021 General, Poems

با ووتی،
کام سەرەگوزشتەت..
بۆ جێبهێڵم،،
لەسەر پەڕی ئەو گوڵە شینانەی..
بۆ کۆچت وەرین
کەشتی تێپەڕبووش،،
لە نەمانی ئاوێنەیەکی..
خەیاڵی تری بوونت،،
یاداشتێکی جێ نەهێشت،،
هەموو نامەکان،،
لە خەوە نامۆکان..
بە جیهانێک لە سەرابەوە دێن،،
نەورەسە ڕەشە سەرگەردانەکان …
لە نەبوونی دەروازەی کۆتا،،
لە دیواری..
زەریای مۆری ..
تەنیایی ئەدەن،،
چی سەرەگەردانیەکە، ئازیز،،
وشە..
لمە،
سەمفۆنیای توانەوەیە،،
ئێسک و پروسکی خۆشبەختی..
ڕائەماڵێ،،
نۆتای ئافاتم بە، تۆش..
لە باهۆزێکا وەرە،،
بڵێسە ئەڤینێکی..
هەناسە سارد..
بەردە لە قامیشەڵانی وشکی..
ئەو ڕۆژە تەرمئاسایانەی…
لە بێ تۆییدا،،
بوونەوە چنگێک لە حەسرەت،،
تاوانە مانەوە لەم دۆزەخستانە،،
بێ ئەوەی کە ڕێژنە شیعرێکت…
بەسەرما ببارێ،،
مەرگ ئەوکاتە جوانە،،
لە نێوان تەرمی هەڵواسراوی..
کاتژمێرەکانا…
یاری بە پەلی دارە زڕەکانی…
باخچە هەڵواسراوە ،،
سپیەکانی چارەنوسی …
خۆت کەی!، گەرچی..
عیشقیش پێکێکی کەمی..
نەمریە!
ئیتر لەو ڕۆژەوە فێرت ئەکا،،
بە شەپۆل قسەکەی ..
لە هاوینا باران..
ببارێنییت،،
خواوەندێ بیت،،
عەرشت شیعرە و..
جەستە ش هەورێکی..
مەست لە نەفرەتی بوونا..
ڕێژنە شیعرێتی!
بابگەیتە ئێرە ..
شەوێک..
نێوانی هەزاران..
خۆری تەنیا ،،
دوو مەلی…
تەرە لە دوو کەنار،،
ئەی جادووی ڕەشی خۆشبەختی!
ئێستا چاوەڕێم،،
لە بیابانی سپی ئەشکەنجەی ڕۆحا!
دڵ بتەقێتەوە ..
بۆ هەزاران ئەستێرەی…
یاخی لە مەلەکوتی پەرادیسێکی وون!
کەی کازیوەی ئەڤینێکی ڕەها دێ!
ئەی ئەهریمەنی..
ڕوخسار قەترانی شیعر؟!
با ئیتر ئازادی لە هەزاران …
مەرگا بێ!
کوا خوێنی ڕژاوی..
خۆرئاوابونێک،،
کانیەک ،،
لە ئەفسونی…
دڵا بتەقێنێ،،
بەڵام ڕێگاکان وەک ئەوسا،،
ناچنەوە دەروازە…
قەشەنگەکانی..
شیعری بەد!
ئەی ڕۆح،،
شیبەرەوە…
بۆ تنۆکە نمە ئەرخەوانیەکانی..
پێش بوون..
نەفرەتێکی قەشەنگە..
کاتێ لێوی ئاڵی …
فریشتەی شینپۆشی دەریا،،
بە جەنجەری دەستە مرواریئاساکانی..
خوێنی لازووردی لێ ئەتکێ،،
هەر ڕەنگاڵەی ئێوارەیەکە،،
لە هاتنتا خۆی ئەسوتێنێ!
وەکو سوتماک،،
با بای فەنا بمبا،،
شەوی کۆچ…
ئێستا پڕن لە چۆڵەوانی ،
پڕن لە جەستەی ڕەنگین و..
مرداربووی ..
تاوسە پەمەییە کوژراوەکانی غوربەت،،،
بەڵام پێش داپۆشینی زەریا،،
بە پۆشاکی پەمەیی پایز،،
لە خەوێکی ترا ..
نوێژ ئەکەمەوە،،
لەبەردەم میحرابی…
مانگێک لە نوورت،،
تا جارێکی تر ،،
وەک گەوهەرێک،،
لە نێو مشتێ ..
لە ئەستێرەی ئەڤین…
بتبینمەوە،،
من لە ئاو دروست ئەبمەوە،،
با پەیکەرە هەتاوی خەیاڵت..
درەنگانێ لە شەوە شیعری..
پرچ ئەرخەوانی ئاڵ!
مەستم کاتەوە،،
بە هارمۆنیکای بارانەوە ،،
ئەگەمە بێستانە دڕندەکانی ژێر..
ڕێژنە چاوە ئەستێرەکانت!
بۆ دۆزینەوەی ڕووت،،،
لە دەرەگای دۆزەخێک…
لەخۆر ئەدەم،،
هەڵۆی ڕەشی هییچ،،،
ڕۆژێکی یاخی…
پەی پێنەبردبێ،،
………………………………………………………………..
وێنەکە تابلۆیەکی نیگارکێشی ئینگلیزی
William Turner
“Yellow Dream”

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish