Skip to Content

رژام وەک دڵۆپە فرمێسکێک لە چاوی خودا.. ستیڤان شەمزینی

رژام وەک دڵۆپە فرمێسکێک لە چاوی خودا.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 27, 2021 General, Poems

بەر لەوەی خۆر
لەنێو برژانگەکانمەوە هەڵبێ
شەوەکان لەلای پرشنگی رۆحم
سکاڵا لە پێستە تاریکەکانیان دەکەن
دەیانەوێت ئەرزوحاڵیان بگەیەنمە خودا
کە چەندە تاوان لە دڵیاندا بە بێدەنگی دەکرێ
ئەوان بێزارن لەو هەموو گوناهەی، مرۆڤ
لە ژێر پرچی رەشی شەودا ئەنجامی ئەدا
کەچی ئەوان نازانن ساڵهایە
رژاوم وەک دڵۆپە فرمێسکێک لە چاوی خودا
بەرلەوەی خۆر
لەودیو سێبەرەکەمەوە ئاوا بێ
پۆستەچییەک بە هەناسەبڕکێ دێت و
بوخچەی سەدان نامەی غەمبار
لەبەردەم رەشەبای دڵما هەڵدەڕژێ
نامەی یەکەم، نامەی عارفێکە
هەمیشە روو لە قیبلەی یار و
دەست بەدەستنوێژی عەشق
بە خەتێکی درشت
لە کۆتا دێڕدا نووسراوە
لە کڕنووش بردن بۆ تۆدا ئەمرم و
کەچی دەچەمە چاڵە دۆزەخییەکانی دڵت
نامەی دووەم، نامەی سۆزانییەکە
هەرچی پیاوی سیاسیی هەیە
لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیدا
ناویان تۆمارە و
هەرچی بازرگانە چاوچنۆکەکانە
دەستێکیان لە باخەڵیدا جێماوە
دێڕەکانی نامەکە هێشتا تەڕ بوون
بە فرمێسکی دوای سەرجێی نوسرابوون
لە سەرەتاوە بەم شێوەیە دەستی پێکردووە
چی لە نیشتمان بکەم
کە وەک من کراوەتە سۆزانییەک و
سیاسەتمەداران بە رۆژی روون
لاقەی دەکەن؟
چی لەو خەونانەی خۆم بکەم
کە بوونەتە مۆتەکەی هەموو شەوانێکم
کاتێ لە باوەشی گورگە پیاوێکدا دەنووم
نامەی سێهەم، نامەی دایکی شەهیدێکە
هێشتاش بۆنی مێخەک و رەیحانەی لێدێ
بە خەتێکی رەش وەک کراسەکەی بەری
لە سەرەتاوە تا کۆتایی
تەنیا ئەمەی نوسیبوو
کەس لە نهێنی مەلوولیم تێناگات
کۆترێکیش لە ژوورە نسرمەکەم هێلانە ناکا
کەس نازانێ
ئەم بەلوعەی خوێنە کەی دەگیرێتەوە و
درەختی ئاواتەکانمان کەی چرۆ دەکات؟
نامەی چوارەم، نامەی نیشتمانفرۆشێکە
بە مرەکەبی خیانەت لەسەر لاپەڕەکی رەش
بەوپەڕی خوێنساردییەوە لەسەری نوسیوە
نیشتمان کەلاوەیەکە بۆ فرۆشتن
بەهای وڵات
لە مەزادخانەی ئێمەدا چەند تمەنێکە
نامەی پێنجەم، نامەی شاعیرێکی گەدایە
بە پێنووسی جوانیی و بە دڵی پەپولەیەکەوە
یەک کۆپلە شیعری تێدا نووسیوە
بەر لە هەزاران ساڵ رۆحم لە جەستەی
هەڵۆیەکی کوێستانەکانی وڵاتدا بوو
ئەوێ رۆژێ لوتکەی سەدان چیام بڕی
نەمبینی هیچ چیانشینێک دیلی دەستی
رەشماڵنشینێکی نێو غوباری سەحرا بێت
نەمبینی پەتی رزیوی سێدارەی بیابان
بۆ مل و گەردنی بەرزی چیا بێت
نامەی شەشەم، نامەی عاشقێکە
بە خوێنی ئاڵی خۆی نوسیوویەتی
پاکیزەکانی ئەم چەرخە
لەنێو دەڵاڵخانەکانی لەشفرۆشی کەوتوون
عاشقەکانی ئەم زەمەنە
لەنێو شێتی و خۆکوشتندا بزر بوون
جاڕچییەکانی خۆشەویستی
بۆ مشتێ پارە کڕ و کپ بوون
نامەی حەوتەم، نامەی رێبوارێکە
بیرەوەریی رۆژانی خۆی نوسیوە
لە گۆشەیەکی نامەکەدا
ئەمەم خوێندمەوە:
بە وڵاتێکدا گوزەر ئەکەم
جاران ئاوی کەوسەر و
هەوای جەننەت بوو
جاران شام شەکر و
ئەم وڵاتە شیرینتر بوو
ئێستاکە ئاوی لێڵە و
هەوای گڕەی ئەهواڕەکانە
هەنووکە شام زەقنەبووت و
ئەم وڵاتەش کاولستانە
نامەکان زۆربوون و
هەموو بۆ ئەوە نێردرابوون
من بیگەیەنمە عەرشی مەزن
کەچی ئەوان نازانم ساڵهایە
رژاوم وەک دڵۆپە فرمێسکێک لە چاوی خودا
بەر لەوەی مانگ
لە نێو لەپی دەستەکانمەوە هەڵبێ
لە وەرزی کۆچ و گەرمیان و کوێستاندا
مەلێکی لە پۆل جێماو،
دەریایەک فرمێسکی بەسەردا رشتم
گوتی هەر دڵۆپە فرمێسکێک
حکایەتێکی غەمگینی خۆی هەیە
یەک یەک بیانخوێنەوە و
رازیان بگەیەنە بە خودا
دڵۆپە فرمێسکی یەکەمم خوێندەوە
بە خەتێکی بزماری لەسەری نوسرابوو
ئەی عەشتار، دەنگم پێت ناگات و
ئازارێکم هەیە تۆش لێی تێناگەیت
چاوم لە کاتی مردنیشدا هەر کراوەیە
چون هەمیشە لە چاوەڕوانی هاتنی یاردام
فرمێسکی دووەم
لە کوچەی غەریبان هەڵگیراوەتەوە
ئەوەندە حەزینە
ئەڵێی تەمبورێکی شکاوی لالشە
هەر ئەوەندە تێگەیشتم لێی، ئەڵێ
من فرمێسکی دێرینی کوردم
لەسەردەمی غەزاوەتەوە رێچکەم بەستووە
بە روخاندنی ئاتەشگاکان و
کورژاندنەوەی ئاگری ئاهورامەزدادا تێپەڕیووم
بە شەڕی میرنشینەکان و
ئەنفال و هەڵەبجەدا گوزەرم کردووە
نە خودا گوێی لە خوڕەم بوو
نە جەلادەکان دەستیان هەڵگرت
لە جۆگە هەڵبەستن بۆ شەپۆلی بریندارم
فرمێسکی سێهەمم
بە مەستیی خوێندەوە
بە فۆنتێکی هێرۆگلیفی لەسەری نووسرابوو
من ژنێکم کۆتی دەستی کولتوور
لەسەر بۆنکردنی گوڵێکی گەش لە باخی ئەوین
وەک دارکونکەرە لەشیان کردم بە بێژنگ
خوێنم بووە ئاوی شتنەوەی ئابڕووی تکاو
رۆحم بوو بە باڵی هەڵکڕوزاوی پەپولەیەک
فرمێسکی چوارەم
قەترەیەک بوو لە بارانی غەم
لە چاوی برسییەک رژابوو
هەر ئەوەندەم بۆ خوێنرایەوە
هەرچی ئومێدم هەبوو
بە مردوویی لە دایکبوون
هەرچی خۆزگەم هەبوو
کرانە گرێچنی ئەو سێدارەیەی
ناوی هەژاریی بوو
فرمێسکی پێنجەم
بەندی گۆرانیبێژێک بوو
بە بەرگی شادیی رووپۆشکرابوو
هەرچەند قووڵ بوومەوە نەگەیشتمە هیچ
جگە لە زامی قووڵی نیشتمانێکی گریاو و
هەلاهەلابوونی پەیکەری ئەویندارێکی بێ پەروا
فرمێسکی شەشەم
فرمێسکی عاشقێک بوو
ئۆپێرایەک بوو لە بێدەنگی و
بێدەنگییەک بوو لە کۆژانی چاخی مەحیبەت
یەک شت تێگەیشتم لێی
لە دایکبوونی عەشق
کەوتۆتە دوای مەرگی عاشق
فرمێسکی حەوتەم
خودی خۆم بووم
بە خێرایی بیرم کەوتەوە
من دەمێکە
وەک فرمێسکێک ر ژاوم لە چاوی خودا و
وازم لە خوێندنەوەی فرمێسکەکانی تر هێنا.

Previous
Next
Kurdish