ڕەوینێك بۆ دوور …. ڕەها ئەبوبەکر
Closed
پیاوێكی شكستخواردوو
لەناو هەرای بێدەنگی و
لەژێر ڕۆشنایی تاڤهەیڤ،
بەدەم خواردنەوەی كوپێك ئاوەوە
لە قاوغێكی مەستدا؛
دەیویست یاخی ببێ.
بەشێوەیەك
وەك بڵێی تروسكاییەك
لەنێو ئاسمانی تاریك و نوتەك بەدی بكا و
هەویادارانە شوێنی كەوت.
دەیویست لەخۆی یاخی ببێ و
دوور لەخۆی ڕاكات
تا بوونی ناخۆیی، ڕەنگ بداتەوە
تا
خۆشبویسترێ، بویسترێ.
كە كوپەكەی بەجێهێشت
دیتم نیلوفەرێكی سیسبوو، لەناویدا
بێ شەرمانە و ڕوو لە مانگ
یاخی بووە.
———
نیلوفەر: گوڵێكی ئاوییە، هەر خۆر هەڵبێت سەری لە ئاو دەردێنی، لەگەڵ ئاوابوونی خۆریش سەر دەخاتەوە بن ئاوێ