ژن ژیانە.. ئازادیی واتە ئازادیی.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی
*زۆرجار گوێم لەوە دەبێت کچان “مێینە”ی کۆمەڵگەی ئێمە، دەڵێن کوڕان ئازادن یان گەنجانی کوڕ ئازادترن بە بەراوورد بە کچانی گەنج. ئاخر ئازادیی کوڕان کوا و مانای چییە، ئەگەر کچان ئازاد نەبن؟. ئاخر هەرچی کوڕانی کۆمەڵگەی ئێمە لە دەرەوە و ناوەوەی خێزانەکانیان ممارەسەی دەکەن، بێ ئەوەی هاوشانە مێینەکەی لەگەڵ بێت نەک ئازادیی نییە بەڵکو ممارەسەیەکی بێ گیان و بێ لەززەتە. ژیان بە بێ ژن واتە دۆزەخی پیاوان.
*هەندێک ئافرەت پەیدابوون دەڵێن پیاوی کۆمەڵگەی ئێمە ئازادن، ئەوەی ئازاد نییە تەنیا ئافرەتانن. منیش دەڵێم، ئازادیی کوا لای ئەو نیوەیە ی کۆمەڵ هەیە کە سەجانی نیوەکەی تری بێت؟. وتەیەک هەیە دەڵێت چاودێری زیندانەکان لە خودی بەندکراوەکان زیاتر لە رارایی و دڵەڕاوکێدان. بێگوومان ئەو برا لاوەی، ئازادییەکان لە خوشکە گەنجەکەی قەدەغە دەکات، چیتر ناکات جگە لەوەی نیگا و خۆشەویستی ژن بەرانبەر بە خۆی تیرۆر دەکات. لەم سەروەختەشدا ژیانێکی بێ ئازادیی ژن، لەو دۆزەخە دەچێت “دانتی” بۆ قەشەکانی ئامادە کردووە.
*لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا ژن ئامێرێکە بۆ لەززەت بەخشین بە پیاو. خواوەند سەیری کرد، ئادەم بێ حەواس و بێزاربوو، لەبەر ئەو تەنیاییە ترسناکەی گەمارۆی دابوو. ناچاربوو بوونەوەرێکی تر بئافرێنێت، بۆیە لە پەراسوی چەپی ئادەم، “حەوا”ی هێنایە دەرەوە. ئەم دونیابینییە هەر بۆ ئەوە کراوە وێران بکرێت. ئەم ئاوەزە هەر ئەوە باشە لە مۆزە هەڵبگیرێت. چوونکە ژن و پیاو یەکتری تەواو دەکەن، نەک یەکێکیان بەهەشتی ئەویتریان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ژیان بەبێ ژن هەر لەو جەنگەڵە دەچێت “جۆن ستیوارت میل” باسی دەکات.
*ئازادیی بە کیلۆگرام و میسقاڵ ناپێورێت، ئازادیی هەیە یان نییە. من پێموایە مرۆڤی کورد بە ژن و پیاوەوە ئازاد نییە، بەڵام سەختتر لەوە ئەوەیە ئەو مرۆڤە نائازادەی ناوی پیاوە، دیسان هاوشانەکەی خۆی “مێینە” دەچەوسێنێتەوە و کۆیلەی دەکات. ئەمەش دیتنی “ئەنگلس” دەخاتەوە هزرمان کە پێیوایە لە سیستمی سەرمایەدارییدا ژنی کرێکار دووجار کۆیلەیە، جارێک کۆیلەی پیاو، جاری دووەم کۆیلەی سیستمی سەرمایەداریی. لەگەڵ ئەوەشدا ژیان بە بێ ژن و ئازادیی ژن لە رەنگی پەڕیووی مردوو دەچێت.
*ئەو گەنجە بێزار و دڵشکاوانەی رۆژ تا ئێوارە لە گازینۆکان دانیشتوون، ئازاد نین. ئەو چوونە دەرەوەیەیان کە خوشکەکانیان نیانە نیشانەیەک نییە بۆ ئازادیی و خۆشبەختی. ئازادیی چییە ئەگەر خۆشبەختی دابین نەکات و نەیهێنێتە دی؟. بەو گەنجە، ئازادیی یانی چی کە لە موسارەحەی کچێکدا یەک شەستە جنێو بەسەر ئەجداد و ئابائیدا دەبارێت؟. ئازادیی بەو گەنجە مانای چی لەسەر خواردنەوەیەکی پێکێک مەی دەکرێت بە پەند و سەرزەنشت دەکرێت؟. ئازادیی چی مانایەکی هەیە هەزاران دامودەزگای سەیر لە وڵاتدا دامەزراون عەقڵ و جموجۆڵ و رەفتاری مرۆڤی کورد کۆنترۆڵ دەکەن؟. لەگەڵ ئەمەشدا ئازادیی خەونێکە تەمەنی هێندەی تەمەنی مرۆڤایەتییە و زۆریش لەوە قووڵترە ئێمەی کورد بە عەقڵی سادە و سەرەتاییانەی خۆمان بیری لێدەکەینەوە.
*کچانی ئێمە دەڵێن کوڕە گەنجەکانمان، ئازادن و دەتوانن خۆشەویستی بکەن. بەڵام ئەگەر ئەویتری بەرامبەر “مێینە” نەبێت، ئەو خۆشەویستییە لەگەڵ کێ بکات؟. تەنانەت ئەگەر لە خەیاڵیشدا خۆشەویستی بکات، دەبێ ئەو کارێکتەرەی ناو خەیاڵی مێینە بێت،. ئازادیی کاتێک ئازادییە هەردوو رەگەز لێی بەهرەمەند بن، بۆیە ژیان بە سۆزی ژن و عەشق و یەکسانی هەردوو رەگەزەوە شیرینە، پێچەوانەکەشی هەر راستە.
*هەندێک کچانی ئێمە لە ژێر لێوەوە دەڵێن کوڕان دەتوانن سێکس بکەن، ئەوەش بە نیشانەی ئازادیی دادەنێن. بەڵام من پرسیار دەکەم لەگەڵ کێ سێکس دەکەن؟. ئەگەر لە خەیاڵیشدا بێت، هەر دەبێت سێکس لەگەڵ مێینە بکەن، ئەگەر خووی نهێنیش ئەنجام بدەن، دەبێت مێینەیەک لە خەیاڵیاندا میوان بێت و هاتوچۆ بکات. یان دەبێت تابلۆی رەگەزەکەی تر لە ئەندێشەیدا بکێشێت بۆ ئەوەی دەستپەڕەکەی بگاتە ئەنجام. کەواتە ئەویتری پیاو لە خەیاڵیشدا ناتوانێت دەستبەرداری ژن بێت. روونتر بڵێم بێ ئازادیی ژن، ئازادیی پیاو لە نوکتە دەچێت.
*ژیان بە ژنەوە ژیانە. ئەگەر ژن زیندان بوو پێش هەرشتێک و بێ هیچ گوومان و راراییەک، ژیانیش زیندانە. ژیانی پیاویش بێ ژیانی ئازادانەی ژن، شتێکە وەسف ناکرێت و من لای خۆمەوە دەڵێم سەد خۆزگە بە دۆزەخ.
18-4-1999
سلێمانی – گازینۆ 2000
تێبینی: ئەم نووسینە رەنگدانەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی 24 ساڵ پێش ئێستایە، بۆیە دەبێت حساب بۆ سیاقە مێژووییەکەی بکرێت. چوونکە نووسینەکە لە 18-4-1999 لەسەر لاپەڕەیەکی خورشیدی ئەم دیو و ئەودیو نووسراوە، منیش وەکوو خۆی و بێ دەستکاریی تایپم کرد و خستمە خزمەتی ئێوە. هیوادارم بە دڵتان بێت.
*ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە رۆژی 15-9-1999 لە رۆژنامەی “دەروازە” بڵاوکراوەتەوە. پاشان لە بەرگی یەکەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لە لاپەڕە 408-410 بڵاوکراوەتەوە.