Skip to Content

دەستی خوێناویی ڕژێمە سەرکوتکەرەکەی ئێران!… عەبدولڕەحمان گەورکی

دەستی خوێناویی ڕژێمە سەرکوتکەرەکەی ئێران!… عەبدولڕەحمان گەورکی

Closed
by حوزه‌یران 9, 2022 General, Opinion


چاوخشانێک بەسەر نەخشەڕێگای ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە ئێراندا


زۆر جار بینیومانە یان بیستومانە کە ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران هەمیشە نرخی بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانی، لەسەر حیساب و گیرفانی خەڵکی ئێران داوە. ئەوانەی تەمەنیان لە 50 ساڵ تێپەڕیوە بە باشی دەزانن کە چۆن سوپای پاسدارانی ڕژێم بە هاتنەسەرکاری خومەینی، خەڵکی گوندەکانی کوردستانی دەدایە پێش خۆی لە پێشڕەوییەکانیاندا بۆ داگیرکردنی ناوچە بە ناوچەی کوردستان و ئەو خەڵکەیان وەک قەڵغان بەکار دەهێنا بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە و هێزە جەماوەرییەکان نەتوانن تەقە لە سوپای پاسداران بکەن. ئەمەیش وەک کلتور و تاکتیکێکی دژەمرۆیی لە ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر بەکارهێنراوە و تا ئەمڕۆیش بەردەوام بووە!
بۆ نموونە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، شاهیدی ئەوە بووین کە چۆن “کۆرۆناڤایروس” لە لایەن پاسداران لە وڵاتی (چین)ەوە بۆ ئێران گوازرایەوە و لە لایەن دەزگاکانی حکومەتەوە بڵاو کرایەوە و چۆن (وەلی فەقیهی ئاخوندان) خۆی رێگریی کرد کە چوونی ڤاکسێنی دژەکڕۆنا بۆ ئێران و ئەوەیش بووە هۆی گیان لە دەستدانی زیاتر لە (500)هەزار ئێرانی!
ئێستایش لە ئاڵقەیەکیتری ئەم پلانە دژەمرۆییانەدا، دەبینین کە چۆن (عەلی خامنەیی) دێوەزمەی “”گرانی” و “هەژاری”ی بەرداوەتە گیانی خەڵک بۆ ئەوەی ڕژێمەکەی بتوانێت ئامانجە دژە مرۆییەکانی خۆی بەرەو پێشەوە ببات بە مەبەستی سەرخستنی پرۆژەی ناوکی و بە بارمتەگرتنی چارەنووسی کۆمەڵگای مرۆڤایەییی هاوچەرخ!

نەهێشتنی (نان) لە سەر سفرەی خەڵک!
لەئێرانی ئەمڕۆدا کۆڵبەرانی کورد یان ئەو بەلووچانەی هەڵگری سوتەمەنین (سوختبەر) بۆ بەدەستهێنانی پارووە نانێک لەلایەن پاسدارانەوە دەکوژرێن. ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان (لەوانەیش ڕاپەڕینی مانگی خەزەڵوەری 2019) لەلایەن پاسدارانەوە خەڵتانی خوێن کران و ئێستایش هێزەکانی حکومەت، خەڵکانی برسی لەسەر شەقامەکانی شاران دەکەنە ئامانج و دەیاندەنە بەر دەستڕێژی گوللە. کەوایە بە بێ هۆ نیە کە دەوترێت (لە ئێران گیان هەرزانترە لە نان). بۆ باسکردنی بارودۆخی ئێستای ئێران ئەمە کورتترین وەسفە. واتە وڵاتێک کە ئێستا 43 ساڵە لەژێر دەسەڵاتی ترسناکترین دیکتاتۆرییەت، واتا دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی، کە کەمینەیەکی زۆر بچووکە، لەژێر ناوی (ئیسلام) دا دەسەڵاتی خۆی بەسەر 85 ملیۆن ئێرانیدا سەپاندووە.
واتا ئێرانێک کە تیایدا ئازادییەکانی سەرکوت و ئازادیخوازان بە رێژەی چەند سەد هەزار کەسی (!) بەندکراون و ئەشکەنجە یاخود لە سێدارە دەدرێن لە لایەن ئەم رژیمەوە و زیاتر لە 500,000 کەس لە ئاپۆرەی (85) ملیۆن کەسیی ئەو وڵاتە، خراونەتە ناو تەنووری (ڤایرۆسی کڕۆنا)وە و ئێستایش لە هەنگاوێکیتری تاواندا، دڕندەیەکی کوشندە بە ناوی “هەژاری و گرانی”ی بەرداوەتە گیانی خەڵک و تەنانەت نان و برنج و هێلکە و پەنیر و .. هتد ی لەسەر سفرەی خەڵکی ئێران نەهیشتووە!
هەموومان لەبیرمانە کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە رۆژی 12ی گەلاوێژی 1400 (3ی ئابی 2021) و لە شانۆی دەستبەکاربوونیدا، پەیامەکەی ئەوە بوو کە “دۆخەکە دەگۆڕن”. ئێستا دوای تەنها نۆ مانگ، بژێوی خەڵک بە رادەیەک بە ئازارە کە تەنانەت (نان)یش لە سفرەدا نەبێت!

خەڵک لە (ئیبراهیم ڕەئیسی) خۆش نابێت!
بەپێی هەواڵە فەرمییەکان، نرخی نانی ساندویچ 13 هێندە و نرخی برنج بە ڕێژەی 130% و نرخی دەرمانیش 10 هێندە بەرزبووەتەوە. نرخی هەر كیلۆ مریشكێكیش گەیشتووەتە 80 هەزار تمەن. کاتێک خەڵک بە هۆی گرانی نرخی برنج ڕوویان کردە کڕینی ماکاڕۆنی، لەناکاو ڕژێم نرخی ماکاڕۆنیی چەند هێندە بەرزکردەوە!
دەبێ بە دڵنیاییەوە بگوترێ کە ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامن لە ئەنجامدانی تاوان و تاڵانکاری بێ وەستان و لە هەمان کاتدا بە درۆ و هەڕەشە و تیرۆر لە کۆمەڵگادا خەتی خۆیان بەرەو پێشەوە دەبەن. بۆ كۆنتڕۆڵكردنی باری روو لە تەقینەوە كۆمەڵگا، ئیدیعای ئەوەیان کردووە كە ماکارۆنی شێرپەنجەی بە دوادا دێت(!). هەروەها بە سانسۆر لە میدیای دەوڵەتی و سنووردارکردنی سۆشیال میدیا، ڕێگرییان کردووە لە هۆشیاربوونەوە خەڵک و دەربڕینی ناڕەزایەتییە گشتییەکان.

لە دەسەڵاتەوە زەنگی مەترسی لێدەدرێت!
دۆخی کۆمەڵگای ئێران هێندە بە ئازار و روو لە تەقینەوەیە کە تەنانەت لە ناوەوەی ڕێژیمەوە زەنگی خەتەر لێدراوە کە “کاکی ڕەئیسی! چەند هێندەکردنی نرخی ئارد دەتوانێت ببێتە هۆی نائارامی کۆمەڵایەتی، بە تایبەت کە میدیای دژە شۆڕش (واتا ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێم) لە بۆسە دایە بۆ ناسەقامگیرکردنی وڵات “(نامەی بەسیجی خوێندکاران ١٥ی بانەمەڕ) یان” ئەگەر هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ نەکرێت، دەبێت چاوەڕوانی شۆڕشی خەڵکانی برسی بین. سەرهەڵدان و راپەڕین لە شۆڕش مەترسیدارترە!”(ئاخوند مەیبودی، یەکێک لە مامۆستایانی شارد قوم، 15ی بانەمەڕ).
بەکارهێنانی درۆ و فریودان!
سەرانی ڕژێمی ئێران هەوڵ دەدەن بە درۆ، گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، شەڕی ئۆکراینا یان تەنانەت دەڵاڵ و قۆرخکاران! بە هۆکاری ئەم دۆخە بناسێنن! بەڵام خەڵک باش ئاگاداری ئەوەن کە ڕێژیم چۆن پێداویستی بەکرێگیراوان و چڵکاوخۆرانی خۆیان لە ناوخۆ یان دەرەوەی ئێران دابین دەکات. ئەوان زۆر باش دەزانن کە هۆکاری سەرەکی “گرانبوونی نرخەکان” رژێم خۆیەتی و پلانی “نە نەغدکردنی یارانەکان” و … ” بۆ لەخشتەبردنی خەڵکە.
دۆخی هەڵچووی ناو شارەکانی ئێران!
هەواڵەکان باس لە هەڵچوونی دۆخی زۆرێك له شار و پارێزگاكانی ئێران دەکەن و لاوانی ئێرانی بە درووشمی “مەرگ بۆ خامنەئی” و “مەرگ بۆ رەئیسی” و “تۆپ و تانک و فشفشە، خامنەئی دەبێ لە ناو چێ” داو و دەزگاکانی حکومەتیان سووتاندووە.

توڕەیی خەڵکی ئێران لە دەسەڵات!
لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، خەڵکی برسی و وەزاڵەهاتووی زۆرێک لە شارەکانی ئێران دژ بە تاوان و تاڵانکارییەکانی ڕێژیم رژانە سەرشەقامەکان ئاڵقەیەکی دیکەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانیان تۆمار کرد. لەم ڕاپەڕینە بەربڵاوەدا هەر خواستێکی بژێوی ژیان، بەخێرایی ڕەگ و ڕیشە و ڕەهەندێکی سیاسیی گرتە خۆی و خەڵکی ئێران داوای نەمانی ئەم ڕژیمەیان کرد. تەنانەت لە هەندێک شوێن چرپەی ئەوە هەیە کە خەڵک بەدوای چەکدا دەگەڕێن بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان. ئاسۆیەکی چاوەڕوانکراو کە موژدەی “گۆڕانکاریی گەورە”ی لە هەناودایە.
ئەوەی ئێستا زۆرتر دیارە ئەوەیە کە خەڵکی ئێڕان چیتر شتێکیان نەماوە لە دەستی بدەن و ئەوەش بە واتای کۆتایی هاتنی قۆناغێک و دەستپێکردنی وەرزێکی نوێیە. قۆناغێک کە “هێمنی و ئارامی” بەزاندووە و، زیاتر لە جاران، “مانەوەی ئەم دەسەڵاتە”ی خستۆتە مەترسییەکی جددی و زۆر جیاواز لە ڕاپەڕینەکانی پێشووی خەڵک. وەها دۆخێک بەتەواوی لەگەڵ ئامانجەکانی موقاومەتی ئێراندا گونجاوە، کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بە تێچووی زۆرەوە کاری بۆ کردووە و، بە پێچەوانەی ئەو هێزانەی بە درۆ خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی رژێم دەناسێنن، هەرگیز لە “ڕووخاندنی تەواوەتی ئەم ڕژێمە” دوور نەکەوتۆتەوە و بەردەوام هەڵگری درووشمی رووخاندنی ئەم رژێمە بووە!

ڕێوشوێنی ئەمنیی ڕژێم دژ بە ڕاپەڕینە جەماوەریەکان!
هاوکات لەگەڵ خاوبوونه‌وه‌ یان پچڕانی هێڵی ئینته‌رنێت له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ی ئێران كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا شاهیدی بووین، به‌رپرسی ڕادیۆی فه‌رهه‌نگی ڕێژیم ده‌ڵێت “بارودۆخی حکومەت به‌ ته‌واوی شڵەژاوە” و وریایی داوە بە به‌ڕێوه‌به‌رانی ئەم دەزگایە کە: “بە سەرنجدان بە بەرزبوونەوەی نرخەکان، بارودۆخی ئێستای كۆمه‌ڵگا” بە جۆرێکە کە “نابێ ناڕەزایەتییەکان بوروژێنین و بە تەواوی وریا بین” و بزانین “کە بچووکترین هەڵە لێخۆشبوون هەڵناگریت و بجووکترین هەڵە دوا هەڵەیە!”(حەبیبی ٦ی ئایار).
هەروەها ڕۆژنامەیەکی حکومەت نووسیویەتی “ئەمڕۆ ڕووبەڕووی هەڵاوسانی ساتەوەختی دەبینەوە”، زیاتر لە “٦٠%ی دانیشتوانی وڵات لە خوار هێڵی هەژارییەوەن” (١٩ی ئایار). زاکانی، سەرۆکی شارەوانی رژیم لە تاران، هەروەها وتی: دوژمن لە هەوڵی ئەوە دایە کە خەڵک بە گژ حکومەتدا بەرێت”. ئاخوند میسباحی موقەدەم، ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام وتی: “ئەوان دەیانەوێت بیروڕای گشتی دژی بە ئیبراهیم رەئیسی هان بدەن”.
لە خۆڕا نییە کە بەپێی ڕاپۆرتی میدیایی هێزی قودسی سپای پاسداران بە ناوی (تەسنیم) لە ١٥ی گوڵانی 2022 (25ی بانەمەڕی 1401) بە فەرمانی خامنەیی و بۆ بەرەنگاربوونەوەی توڕەیی و بێزاری گشتی و ڕێگریکردن لە ڕاپەڕینی جەماوەری، هێزی ئینتیزامیی سەرکوتکەر (ناجا) بەرز کرایەوە بۆ فەرماندەیی پۆلیس (فراجا) و پلەی فەرماندەکەیشی بەرزکرایەوە بۆ ئاستی فەرماندەی سوپای پاسداران و ئەڕتەش(سوپا)ی حکومەت.
هەر لەسەر ئەو هێڵەیش و لەم دواییاندا، (74) ئەندامی مەجلیسی رژێم پرۆژە گەڵاڵەیەکیان رادەستی مەجلیس کرد وەک پلانی دامەزراندنی “دەزگای پاراستن و زانیاریی هێزی دادوەری” کە بەو پێیە ئەرکدارە بە “پێشگرتن و کەشف و شناسایی و بەرەنگاربوونەوەی پیلان و چالاکییە سیخۆڕییەکان و کاری تێکدەرانە و لە ناوبردنی هۆکارانی نارەزایەتییەکانی ناو خەڵک و هەنگاوی دژ بە ئاسایشی گشتی لە ئاستی هێزی دادوەری و دۆسێیەکانی ئەو هێزەی رژێمدا(ئاژانسی هەواڵی فارس، 27ی بانەمەڕ).
ئەوەی هەر گومانێک لە مێشک لا دەبات ئەوەیە کە دامەزرانی ئۆرگانی نوێ لە ڕژێمی ئێراندا، بەر لە هەموو شتێک، چەقبەستوویی سەرانی ڕژیم و ترسی رژێمەکەیان نیشان دەدات لە ڕاپەڕینی جەماوەری و ڕووخاندنی.
ئەوەی جێی ترس و دڵەڕاوکێی رژێمە!
حزووری موجاهیدین لە ناو خەڵکدا، وەک کابوسێکی بەربڵاو و بەردەوام، بە تەواوی عەلی خامنەیی تۆقاندووە و ئەوەیش وایکردووە کە هەریەک لە نوێنەرانی خامنەئی، لە نمایشی نوێژی هەینی شارەکاندا بە جۆرێک لە جۆرەکان باسی دەکەن (23ی بانەمەڕ):
ئاخوند لائینی لە شاری (ساری) وتی: “لە سوشیال میدیا هەموو جۆرە کلیپ و کورتەنامەیەک لەلایەن موجاهیدینەوە بڵاو دەکرێتەوە”.
ئاخوند شاهرۆخی لە شاری (خوڕەمئاوا) وتی: موجاهیدین بەدوای وروژاندنی خەڵکەوەن!
ئاخوند تەباتەبایی نەژاد لە شاری (ئیسفەهان) وتی: موجاهیدین دەیانەوێت دەست بە ئاژاوەنانەوە بکەن!
ئاخوند نکونام لە شاری شەهریکۆرد، بە ئاماژەدان بە موجاهیدین، وتی “بەردەوام بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە لە هەر پرسێکدا کێشە بۆ نیزام درووست بکەن!”
بە کورتی و بە کوردی یەکێکیان ترسی رژێم بیر دەخاتەوە کە: “لەوانەیە ئەو شتە روو بدات کە لە ساڵی 1398 (2019) رووی دا”(رۆژنامەی جیهان سەنعەت، 28ی بانەمەڕ) و ئەوی دیکەشیان دەڵێت، دۆخەکە بە جۆرێکە کە “ئەگەری ڕووداوی مەترسیدارتر لە ڕاپەڕینەکانی 1396 ، 1398 لە ئاڕادایە”.
ئەم کابوسانە بە جۆرێکن کاتێک هێزەکانیان بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕین دەنێرن بۆ خوزستان، رۆژی دواتر خوراسان دەشڵەقێت. کاتێک دەیاننێرن بۆ خوراسان، بڵێسەی ڕاپەڕین لە ئەردەبیل و سیستان و بەلوچستانەوە سەر هەڵدەدات. دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی بکەن، لوڕستان و چوهرمەحاڵی بەختیاری هەڵدەستن و … هتد(جیهان سەنعەت 28ی بانەمەڕ).
پەرەسەندنی پەیوەندی خەڵک بە دەزگای سەرکردایەتی ڕاپەڕینەوە!
ئەوەی سەرانی ڕژیم توڕە دەکات، پەرەسەندنی پەیوەندی نێوان ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و دەزگای سەرکردایەتیی ڕاپەڕینە کە ڕژێم ناوی لێناوە “ئالبانی نشینەکان”. ئەلبانیا وڵاتێکی ئەوروپییە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک میوانداری هێزی سەرەکی موقاومەتی ئێران، واتا “ئەشرەف 3” دادەنرێت و لەم دواییانەشدا، مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی کرد و لەگەڵ خاتوو مریەم ڕەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی موقاومەتی ئێران دیدار و کۆبوونەوەی کرد.
عەلی خامنەیی لە وتارەکەیدا لە رۆژی 5ی رێبەندانی 1394 هەتاویدا باسی لەو “دوژمن”ە کرد کە “ئەگەر رێگری لێ نەکرێت” “دێتە ناوخۆی ئێران” و ئێمە “دەبێ لێرە، واتا لە کرماشان و هەمەدان و پارێزگاکانی دیکە، دەبێ شەڕیان لەگەڵ بکەین و لە بەرانبەریاندا بوەستین!”. بەڵام “حیسابکردنی هەڵە” گەورەکەی عەلی خامنەیی لەوەدایە کە ناتوانرێت خەڵک و موقاومەتی ئێران لە یەک جیا بکرێنەوە. به پێچەوانەی لێکدانەوەکەی عەلی خامنەئی، ئێستا زیاتر له هەموو كاتێكیتر، موقاومەتی ئێران له ناو کۆمەڵگادای ئیران ریشەی داکوتاوە و لە ناو خەڵکدا بوونی هەیە. شانە و بنکەکانی شۆڕش (کانونهای شورشی) لە ریزی پێشەوەی شوڕشدا و پێشەنگن و توانیویانە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرە راپەڕین و کۆتایی هێنان بە رژیم بەرن. شانەکانی شۆڕش رۆژ نیە هەڵنەستن بە چالاکی. هەر لەو رێڕەوەدایە کە جیا لە چالاکیی راگەیاندن بە بەربڵاوی، و سوتاندنی ناوەندەکانی سەرکوتکەری رژێم، لەم دواییانەدا دەبیستین کە لاوانی شۆڕشگێڕ، “ستادی ناوەندیی دەزگای زیندانەکانی رژێمی ئێران لە رۆژئاوای زیندانی ئێڤینی تارانیان دایە بەر هێرشی خۆیان”، یان لێرە و لەوێ پاسداران و پلەدارەکانی رژێم لە پارێزگا جیاجیاکانی ئێران دەکەنە ئامانج.
دوا وشە،
هەرچەند ڕژێمی ئێران هەوڵی داوە بە تێچووی ملیارەها دۆڵار و بە پرۆژە گەلێکی جۆراوجۆری دێواندنی دژ بە موجاهێدینی خەلق، موقاومەتی ئێران لەناو بەرێت، یان لانیکەم “لە کاری بخات” و پەکی بخات، بەڵام موجاهیدین توانیویانە خۆیان و موقاومەتی ئێران بپارێزن وەک “تاکە رکابەر و هێزی سەرەکیی گۆڕەپانەکە” و زۆرێک سەرکەوتنی گەورەیش تۆمار بکەن بۆ خەڵکی ئێران لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا.
ئەم رژێمە بەنیاز بوو هەموو پەڵە و نەنگێک وەک “جەنگی پیرۆز” نیشان بدات و هەموو تاوان و تاڵانکارییەک بە “جل و بەرگی ئایینی ئیسلام و موسڵمانان”ەوە داپۆشێت و جلی “ئێران و ئێراندۆست”ی بە بەردا بکات. لە لایەکی دیکەوە موجاهیدین تاکە هێز بوون کە لە ڕۆژی یەکەمەوە گوتویانە ئامانجمان “ڕووخاندنی رژێمە” و پیداگر بوون لەسەر. واتا ئەو ستراتیژ و دروشمانەی کە ئێستا و بە تایبەت لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، زۆر جار لە شوێنە گشتییەکان لە ناوخۆی ئێران دەنگی داوەتەوە و بەرەو زیادبوون دەچێت.
ئێستا لاوانی شۆڕشگێڕ هاتوونەتە سەر ئەو ڕێگایەی موجاهیدینی خەلق. چوار دەیە پێش ئێستا پێشەنگی بوون! خەڵکی ئێران و بە تایبەتی لاوانی شۆڕشگێڕی ئێرانی بە ئەزموون فێربوون کە، کاتێک ڕێژیم تەقە لە خەڵک دەکات، تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی گەل و نیشتمان و لە پێوەندی لەگەڵ موقاومەتی ئێراندا، چەک هەڵگرتن و ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەتە لە خاکەکەیاندا.
ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەی ئابادان، ئەهواز، ئەندیمێشک، شاهینشار، ئیزە، دوورگەی مینو، بەندەر عەباس و شارەکانی دیکەی باشوور، (دوای داڕمانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان)، باشترین بەڵگەن لەسەر ئامادەیی خەڵک بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران. لەبەرئەوەی خۆپیشاندەران و راپەڕینکاران بە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ ئیبراهیم رەئیسی، تەواوەتی رژێمیان کردۆتە ئامانج.


عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next