دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆن.. وەرگێرانی: کاوە عومەر
دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە
حەسەن ساڵحی: دەزانین کەبۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەکان، هەم پاشایەتیخوازەکان و هەم کۆماریخوازەکان،بەڕواڵەت دیموکراسی و مافی مرۆڤ جێگەیەکی گرنگیان هەبێت. ئەوان خۆیان بە لایەنگری دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەزانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت لە ئێراندا بەدی بهێنرێت. لەکاتێکدا هێزە چەپەکان و بەتایبەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران دیموکراسی و مافی مرۆڤ بە مانای ئازادیی خەڵک نازانن و سەرنجیان لەسەر ئەو مەقولات و داخوازییانە نییە. هۆکارەکە چیە؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من دیموکراسی و مافی مرۆڤ نوێنەرایەتی ئەو شتە ناکەن کە خەڵک دەیانەوێت و ئاواتەخوازن و کە بەڕاستی ڕزگاری کۆمەڵگاش بەوەوە پەیوەستە.
وەک نموونە دوو بابەتی بنەڕەتی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت لەبەرچاو بگرن. ئەم داخوازییە بنچینەیی و بەپەلەیەی خەڵکی ئێران لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا بێدەنگیان لێ کراوە. واتە ئەگەر هەموو بڕگەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤیش لە ئێراندا جێبەجێ بکرێن، دوو کێشەی بنەڕەتی کۆمەڵگای ئێران، واتە سزای لەسێدارەدان و دەستوەردانی ئایین لە حکومەتدا، لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە. ئەمەش لایەنێکی ناتەواو و ناکافی مافی مرۆڤە.
بەڵام لایەنی گرنگتر ئەوەیە کە جاڕنامەی مافی مرۆڤ بێدەنگە و هیچ لەبارەی یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ناڵێت. وە کاتێک یەکسانی بە لایەکدا جێدەهێڵیت، بە کردەوە هیچ شتێک لە ئازادی نامێنێتەوە. چونکە مافی سودوەرگرتن لە ماف و ئازادیەکان بابەتێکە و ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لێیان بابەتێکی دیکەیە کە بە هەمان شێوە گرنگە. کاتێک کەسێک لە ڕوانگەی ئابوورییەوە فشاری لەسەر بێت و لە سەرەتاییترین داهێنانەکانی ژیان بێبەش دەبێت و بەناو خەمی نانی هەبێت، بێگومان ناش توانێت مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بەکاربهێنێت. هەموو مرۆڤەکان مافی سەفەرکردنیان هەیە، بەڵام ئەگەر پارەت نەبێت ناتوانی سەفەر بکەیت. هەموو مرۆڤەکان مافی خۆیانە خانوویەکی شیاویان هەبێت، بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگا توانای خاوەندارێتی خانوویان نییە، هەمان شت بۆ مافی کات بەسەربردن و وەرزش، تەنانەت چارەسەری تەندروستی و دەرمان و خوێندن و…هتد. هەبوونی هەموو ئەم مافانە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە توانای بەکارهێنانیان. سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، بەکارهێنانی تریبۆنەکان، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و میدیا بە گشتی لە بنەڕەتدا و بە کردەیی لەلایەن خاوەن داراییەکان و لەسەدا یەکەکانی کۆمەڵگەوە قۆرخ دەکرێت. لە دەیەکانی ڕابردوودا سۆشیال میدیا تا ڕادەیەک ئەم قۆرخکارییەی شکاندووە، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا نوخبەیەکی دیاریکراو و سنووردار لە چینی دەسەڵاتدار خاوەندارێتی ڕۆژنامەگەری و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنن و کۆنترۆڵی دەکەن. لێرەشدا بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا و جەماوەری خەڵک، مافی ئازادی ڕادەربڕین بە تەواوی سنووردارە و مەرجدارە بە ئامرازە ماددییەکانی کەڵک وەرگرتن لەم مافە.
بۆیە کێشەی بنەڕەتی ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤ ئەوەیە کە یەکسانی و نەهێشتنی هەڵاواردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە و دەبێت بگوترێ ژیانی ماددی و ڕاستەقینەی مرۆڤەکان ناگرێتەوە و لە ئەنجامدا زۆرێک لە ئەو مافانەی کە ڕیزکراون لەسەر کاغەز دەمێننەوە.
بێگومان دانپێدانانی ئەو مافانە زۆر باشترە لە سیستەمەکانی وەک کۆماری ئیسلامی کە بە هیچ شێوەیەک دان بەو جۆرە مافانەدا نانێت. بەڵام مەسەلەی باشتر و خراپتر نییە. باسەکە سەبارەت بە ئامانجەکانی خەڵکە و وەدیهێنانی کردەیی خواستە ڕەوا و بنەڕەتییەکانی خەڵکە. هەر بۆیە ئێمە هێزی چەپ ئازادی و یەکسانیمان دەوێت. مافی مرۆڤ و دیموکراسی هیچ مانایەکی نییە بەبێ ئەگەری بەکارهێنانی ئازادی و یەکسانی، کە وەک من ڕوونم کردۆتەوە لە ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەیان پێنەکراوە.
ئەم لێدوانە سەبارەت بە دیموکراسیش ڕاستە. هەروەها دیموکراسی ئەو ڕوونکردنەوەشە کە چینە دەسەڵاتدارەکان، واتە سەرمایەدارەکان لە دونیای ئەمڕۆدا، لەسەدا یەک دەسەڵاتدار، بۆ ئازادی هەیانە. پێناسەی ئەوان بۆ ئازادی ئەوەیە کە پەرلەمان و پارتێکیان هەبێت کە هەر ٤ ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن، بەڵام لە ماوەی نێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا، خەڵک هیچ ڕۆڵێکی سەرەکیی نییە لە بڕیار و سیاسەتەکاندا، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی. حکومەتەکان تا دوای ٤ ساڵ دەبڕن و دەدوورن! بەزۆری لە ساڵی یەکەمدا ئەوانەی تەنانەت دەنگیان بە حکومەتی ئێستا دا پەشیمان دەبنەوە، دەنگەکانیان دەگۆڕێت، بەڵام دەستیان لە هیچ شوێنێک گیر نەبووە تا هەڵبژاردنی داهاتوو. دوای ٤ ساڵ حزبێکی تر دێتە سەر کار و دیسان هەمان تاس و هەمان حەمام. بۆ ئەم شانازییە تەنانەت ئەزموونی کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاواش نیشانی دەدات کە دیموکراسی بە مانای ئازادی نییە. لەبیرمە لە بزووتنەوەی داگیرکەردا کە نزیکەی ١٢ ساڵ لەمەوبەر پێکهاتبوو، دروشمێکی بنەڕەتی ئەوە بوو کە ئازادی لە سندوقی دەنگدانەوە نایەت. ئەمە ئەو خاڵە بوو کە هێزە بەڕاستی ئازادیخوازەکان لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا وروژاندیان.
بێگومان لە کۆماری ئیسلامیدا دیموکراسییەکی پەرلەمانیی دەرەکی نییە و دۆخەکە زۆر لە کۆمەڵگا لیبراڵەکان خراپترە. بەڵام لێرەشدا باسەکە لەسەر خراپ و خراپتر نییە، باس لە ئایدیاڵ و خواستی ئینسانی جەماوەری خەڵکە، کە بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ نوێنەرایەتی ناکرێت و بەدیناهێنرێت.
بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بە بانگەوازی هێزە ڕاستڕەوەکانەوە هەیە بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئەم هێزانە تەنانەت نوێنەرایەتی لیبرالیزمیش ناکەن. بۆ ئەوان مافی مرۆڤ و دیموکراسی بەرگی پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیزمە گەورەیی خوازەکەیانە. زۆربەی هێزە ڕاستڕەوەکان پاشایەتیخوازن، واتە لەگەڵ حوکمڕانی بۆماوەیی و خانەدانی و ئەرستۆکراتی و ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی تەنانەت سەرەتاییترین و لیبڕاڵترین پێناسەی دیموکراسییە. هەروەها مافی مرۆڤ دەگەڕێنرێتەوە بۆ کوروشی هەخامەند، واتە ئیمپراتۆرێکی سەردەمی کۆیلایەتی! “مافی مرۆڤی کۆرشی” لە ڕاستیدا ستایشی دەسەڵاتی ئێرانی کۆنە نەک بانگەشەکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەکدا! پەرستنی ڕابردوو، هێڵی سووری یەکپارچەیی خاک، دوژمنایەتی بەرامبەر بە حیزب و هێزەکانی ناوچە سنوورییەکان وەک جوداخواز، پێناسەکردنی سوپا وەک هێزێک کە فەلسەفەی وجودی بەرگریکردنە لە یەکپارچەیی خاک، هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو دیکتاتۆریەت کە خەڵکی ئێران جارێک بە شۆڕش ڕووخاندیان و هتد. بانگەوازی هێزە ڕاستڕەوەکان بۆ ئەم مەقولانە بە تەواوی وەرگیراو و بانگەشەکارانەیە.
ئێمە هەوڵکەکانمان لەسەر ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان چڕکردوەتەوە، واتە ئازادی یاسایی و مەدەنی، یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و لە ئەنجامدا خۆشگوزەرانی هەمووان. ئەمە خواستی جەماوەری گەلە و بە بۆچوونی من مەسەلە و دروشمی ناوەندییە کە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، لەسەر ئەو ئامانجانە بنیات نراوە.
حەسەن ساڵحی: جیاوازی لە نێوان هێزە ڕاستڕەوەکاندا هەیە. ئەوان بەسەر دوو گروپی سەرەکیدا دابەشبوون، کە بریتین لە پاشایەتی و کۆماریخواز. ئایا جیاوازی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا، یان تۆ باوەڕت بەبونی هیچ جیاوازییەک هەیە؟
حەمید تەقوایی: جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە. کۆماریخوازی لە کۆمەڵگای ئێراندا هەمیشە خاڵی هاوبەشی زۆری لەگەڵ پاشایەتیدا هەبووە. کۆماریخوازەکان هەرگیز ڕەخنەی زۆریان لەسەر دەسەڵاتی پاشایەتی و بۆماوەیی و ئەرستۆکراسی حکومەت و هتد نەبووە، لەکاتێکدا هەموو ئەمانە تەنانەت لەگەڵ لیبراڵ دیموکراسیشدا ناکۆکن .
لە ڕووی مێژووییەوە، لە شۆڕشی دەستوورەوە، کە دامەزراوەی دەسەڵاتی پاشایەتی پارێزراو بوو، و دواتر دەستوور تێکەڵ بە شەرعیەت بوو، کۆماری و شێوەی سەرەتایی ئازادی، لە ڕاستیدا خاڵی بوو لە ناوەڕۆک. بەڕای من هەرچەندە دەست پێشخەراانی شۆڕشی دەستوری ئاڵای ئازادییان بەرزکردەوە، بەڵام کاتێک دوو دامەزراوەی دەسەڵاتی پاشایەتی و ئیسلام هاتنە ناو دەستوورەوە، هیچ کام لە ئامانجە سەرەتاییەکانی ئەو شۆڕشە بەدی نەهات. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ سێبەری ڕەشی ئایین و پاشایەتی بەسەر کەشوهەوای سیاسی ئێراندا زاڵ بووە و کۆماریخوازی تەنانەت لە نێو هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆندا جێگەیەکی ئەوتۆی نەبووە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە بارودۆخی ئەمڕۆوە هەیە، سنوورداربوون بە چوارچێوەی بەرتەسکی دیموکراسی و مافی مرۆڤیش تایبەتمەندییەکی کۆماریخوازەکانە. کۆمارییەکان لەگەڵ یەکسانی و خۆشگوزەرانی و ئازادیدا نین.
لە بنەڕەتدا تەنها ئەگەر خاڵی دەستپێکەکەت ئازادی و یەکسانی بێت و دیموکراسی و مافی مرۆڤ نەبێت، دەتوانیت ڕەخنەیەکی قووڵت هەبێت لە دامەزراوەی پاشایەتی. تەنانەت شاخوازی دژایەتی لیبراڵ دیموکراسیش دەکات، چونکە لیبراڵ دیموکراسی باوەڕی بە خوێن و حوکمڕانی خانەدانی نییە، بەڵام کۆمارییەکان تەنانەت ڕەخنەیەکی وایان نییە. هەمیشە ئازادیخوازی خۆیان لە چوارچێوەی پاشایەتی دەستوریدا پێناسە کردووە، کە وەک لە ئەزمووندا بینیمان، بە مانای ڕەتکردنەوەی پەرلەمان و دیموکراسی دێت، تەنانەت بە مانا لیبراڵەکەی وشەکە. لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە هەموو هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆن زۆر شتیان هاوبەشە.
حەسەن ساڵحی: بەڵام لە هەندێ وڵاتی ئەوروپادا ڕژێمی پاشایەتی هەیە، بەڵام ماف و ئەرکی پاشایەتی زۆر سنووردارە. لەم بارەیەوە چی دەڵێی؟
حەمید تەقوایی: شۆڕش لەو کۆمەڵگایانەدا ڕوویداوە کە بەڕاستی دەسەڵاتی پاشایەتییان کردە دامەزراوەیەکی تەشریفاتی و توێکڵ.
فاکتەرێکی گرنگ کە لە مێژوودا بووە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی پاشایەتی ببێتە دامەزراوەیەکی فەرمی لە وڵاتانی ئەوروپادا شۆڕشی گەورەی فەرەنسا بوو کە بە تەواوی دەسەڵاتی پاشایەتی لابرد و کاریگەریی قووڵی لەسەر هەموو ئەوروپا و هەموو جیهان هەبوو. دوابەدوای شۆڕشی فەرەنسا، لە زنجیرەیەک شۆڕش و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیدا، دەسەڵاتی پاشایەتی بەتەواوی وازی لێ هێنرا، بەڵام لە هەندێک وڵاتدا هێزە کۆنەپەرستەکان توانیان دەسەڵاتی پاشایەتی وەک دامەزراوەیەکی ڕێوڕەسمی بپارێزن. بەڵام تەنانەت بەم ڕێوڕەسمانەی پاراستنی دەسەڵاتی پاشایەتیش، هێزە دیموکراسی و لیبراڵەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایانە دژی بوون و ئێستاش دژین. بۆ نموونە لە ئینگلتەرا هێزە پێشکەوتنخوازەکان و بەشێکی زۆری خەڵک دژی بنەماڵەی شاهانەن، چونکە خەرجێکی زۆری خستۆتە سەر شانی خەڵک و لە کاتێکدا کە خۆی یەکێکە لە گەورەترین سەرمایەدارەکان، تەنانەت باجەکانیش نادات.
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە لە وڵاتانی شاهانەی ئەوروپادا پاشا و شاژنەکانیان هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان وەک سیمبولی میللەت بەکارنەهێنن و ناڕەزایەتییەکان پاشکشە پێبکەن. پێگەیەکی هێندە پیرۆز و مەعنەوی لەدەرەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگایان پێدراوە کە دەتوانن بە “مەرسومی شاهانە” پەرلەمان دابخەن و بە قەیرانی حکومەتەکەیاندا تێپەڕن. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە دەسەڵاتی پاشایەتی لە وڵاتانی ئەوروپادا نوێنەرایەتی نییە و دەرئەنجامی دیموکراسی و لیبرالیزمە نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە خاڵی لاوازی و دەرئەنجامی ناپایەداریەتییە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە کۆمەڵگای ئێرانەوە هەیە، خەڵک دۆسیەی دەسەڵاتی پاشایەتی بە شۆڕشی ٥٧ داخست و گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی، تەنانەت بە مانای ودەقاودەقی وشەکەش، بە تەواوی دواکەوتوانە و کۆنەپەرستانەیە. گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی بە مانای ئەوە نییە کە ڕژێمێکی وەک ئینگلتەرا یان سوید دامەزرێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە هەمان شێوازی چەوساندنەوە و گۆڕستانی ئاریامەهری لە ئێراندا زیندوو دەبێتەوە. ئێستاش کاروکردەوە و جموجوڵ و سیاسەتی شاخوازەکان لە ئۆپۆزسیۆندا، سەردەمی چەوساندنەوە و ستەمکاریی ئیمپراتۆرییان بیردەخاتەوە. لەگەڵ جاوید شا، هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و هەوڵی پەکخستنی خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات دەدەن. وەک وتە بەناوبانگەکە دەڵێت ساڵێک کە باش نەبێت لە بەهارەکەیدا دەردەکەوێت.
پادشاخوازی ئەم هێزانە تەواو جیاوازە لە کۆمەڵگاکانی وەک ئینگلتەرا و سیستەمەکانی تری ئەوروپی کە خاوەنی ڕێوڕەسمی پاشایەتین. لە ئینگلتەرا دەتوانی هەرچیت بوێت دژی پاشا و شاژن بڵێیت، گاڵتە بە بنەماڵەی شاهانە بکەیت، کتێب بنووسیت و کاریکاتێری بکێشیت و فیلم لە دژی ئەوان دروست بکەیت. لە ئێرانی شاهانەدا هیچ کاتێک شتێکی وا نەکراوە. ئێستاش هێزە ڕاستڕەوەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن تەحەمول شتی وا ناکەن. ئەمانە نوێنەرایەتی هەمان ئەو کولتوورە سیاسییە دەکەن کە پێش کۆماری ئیسلامی حوکمڕانی کۆمەڵگای دەکرد.
ئەمانە هەموو جیاوازییەکی گرنگن کەلە نێوان دەسەڵاتی پاشایەتی، واتە توێکڵێک کە لە ڕابردوودا بەجێماوە و بە کردەوە هیچ ڕۆڵێکی نییە، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە پاشایەتییەی کە هەمیشە لە ئێراندا فەرمانڕەوای ڕەها بووە و ئەمڕۆش هەوڵی زیندووکردنەوەی دەدەن.
حەسەن ساڵحی: ئێمە دەزانین کە کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی دژە دیموکراسی و دژە مافی مرۆڤە، تەنانەت بە مانای لیبڕاڵی ئەم وشانە. ئایا ئەمە هۆکار نییە کە هێزە ڕاستڕەوەکان جەخت لەسەر مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەنەوە؟
حەمید تەقوایی: کۆماری ئیسلامی دژە ئازادییە، دژە یەکسانییە، پڕە لە هەڵاواردن و هۆکاری هەژاری و نیشتەجێبوونە بۆ جەماوەری خەڵک، و جیاوازییە قووڵەکانی نێوان “مافی فەلەکی و نەهامەتی گشتی”، بەڵام هێزە ڕاستڕەوەکان جەختکردنەوەیان لەسەر ئەم پرسانە نیە.
بەڵێ کۆماری ئیسلامی دیموکراسی و مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، بەڵام تاکە حکومەت نییە کە ئەمانە پێشێل دەکات. پێش کۆماری ئیسلامی، لە سەردەمی پەهلەویدا هیچ باسێک لە مافی مرۆڤ و دێموکراسی نەکراوە.
ئەمڕۆ هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕوو لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن نەک لەبەر مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازی، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ چینی دەسەڵاتداری هەموو حکومەتە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەکان لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی لادەدەن. بانگەوازی هێزە ڕاستڕەوەکان بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ هیچ پەیوەندییەکی بە داخوازییە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگاوە نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی سەر بە ئۆردوگای سەرمایەداری ڕۆژئاوایە.
ئەم پەیوەندییە دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەگەڵ ئۆردوگای بۆرژوازیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی سارد. لە سەردەمی شەڕی سارددا دیموکراسی بۆ هەر حکومەت و هێزێکی سیاسی دژە سۆڤیەت و دژە کۆمۆنیست جێبەجێ دەکرا. پینۆشێت و گروپە سەربازییەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین و دیکتاتۆریەتی جیهانی سێهەم وەک ڕژێمی شا هەموویان وەک بەشێک لە ئۆردوگای دیموکراسی پێناسە کران. پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تەنیا لە بلۆکی سۆڤیەتدا لە ژێر زەڕەبیندا بوو و لەم دیکتاتۆریەتانەی سەر بە ئۆردوگای ڕۆژئاوا نەبوو. ئەم ماناو بەکارهێنانە سیاسییە و جێبەجێکردنی دیموکراسی و مافەکانی تری مرۆڤ بەتەواوی لە مانای ڕاستەقینەی ئەو وشانە دوورە و بەتەواوی دژە دیموکراسی و دژە مرۆڤە.
تەنانەت ئەمڕۆش لە بلۆک بەندیەکانی جیهانیدا دیموکراسی بە واتای لایەنگری حکومەتەکانی ڕۆژئاوایە، بۆ نموونە دژی بلۆکی چین و ڕووسیا. بەو پێیەی دەیانەوێت سەرنجی حکومەتەکان ڕابکێشن و ڕەزامەندی یان پشتیوانی حکومەتەکانی جیهانیان هەبێت، هێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەکان بە هەمان شێوە قسە دەکەن کە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ئازادی یان مافی مرۆڤیان لەدەستداوە. وە هەروەک هەموو دیکتاتۆریەتەکانی جیهانی سێیەم، ئەم فۆرمە بە ناسیۆنالیزم و گەورەییخوازی نەتەوەییەوە دەبەستنەوە. ئەم هێزانە، وەک لە سەرەوە ڕوونم کردۆتەوە، مافی مرۆڤ دەگەڕێننەوە بۆ کوروشی گەورە و دیموکراسیش بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی دەگەڕێننەوە! ئەمەش بە واتای دوجار کۆنەپەرستی. تەنانەت ئەوەندە لیبراڵ نین کە دان بەوەدا بنێن کە دەسەڵاتی پاشایەتی حکومەتێکی خوێناوی و بۆماوەیی و ئەرستۆکراتییە و بە پێناسە و سروشت دژە دیموکراسییە. یان ئیمپراتۆریەتێکی سەردەمی کۆیلایەتی ناتوانێت هیچ پەیوەندییەکی بە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤەوە هەبێت. بە بڕوای من لە سیستەمی فیکر و ڕێبازی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەودا، چ پاشایەتی یان کۆماری، نەک لیبرالیزم، بەڵکو ناسیۆنالیزم و گەورەیی توندڕەو، پێگەیەکی کلیلی و سەرەکیی هەیە و ئەمەش لە لێکدانەوەیان بۆ مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیدا بەتواوی دەتوانرێت ببینرێت.
حەسەن ساڵحی: پێتوانییە کۆماری ئیسلامی لە مێژووی سەد ساڵەی ئێراندا ئیستسنایە؟ زۆرێک لە هێزەکانی لایەنگری سەرمایەداری دژی کۆماری ئیسلامین. ئایا ئەم دۆخە خۆی نابێتە هۆکاریک کە خەبات بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ قورسایی هەبێت؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ، کۆماری ئیسلامی لە تاوان و کوشتاردا بە تەواوی تایبەتە، بەڵام تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە دژە دیموکراسی و دژە مافی مرۆڤەوە هەیە، بەدەر نییە. وا نییە کۆمەڵگا بە هەلومەرجی لیبراڵ دیموکراسیدا تێپەڕیبێت و کەوتبێتە ژێر ستەمی ڕەشی کۆماری ئیسلامی. پێشتریش سەرکوت هەبووە، پێشتریش هەواڵێک لە مافی مرۆڤ نەبووە.
لە دوای شۆڕشی دەستووری، بزووتنەوەی زۆرمان هەبوو بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، تەنانەت بە مانا پەرلەمانی و لیبڕاڵەکانی وشەکەش. بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا. پەرلەمان لە ژێر گەوهەری ئەڵقەی شا و لە چل ساڵی ڕابردوودا لە ژێر عەبای وەلی فەقیەدا بوو بە دامەزراوەیەکی فەرمی. سێبەری خودا جێگای خۆی بەخشی بە ئایەتی خودا، بەڵام ستەم و دیکتاتۆریەت لە شوێنی خۆیدا مایەوە.
بۆیە کاتێک دەڵێین کۆماری ئیسلامی تایبەتە، پێویستە بە تەواوی بزانین ئەم تایبەتمەندییە چییە. خەسڵەتەکە ئەوە نییە کە سەرکوتکردن، بێ یاسایی، نکۆڵیکردن لە دیموکراسی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هاتبێتە ناو ئێرانەوە. وا نەبوو، هەموو حکومەتەکان بەو شێوەیە بوون. شۆڕشی ١٣٥٧ بۆ ڕزگاربوون بوو لەم دیکتاتۆریەت و سەرکوت و بێ یاساییە، کە بەداخەوە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە هاک کراو و حکومەتێکی تری تاوانکاری لێکەوتەوە.
بەڵێ، لە ڕووی چەندایەتییەوە، تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی زۆر بەرفراوانتر و قێزەونترن لە ڕژێمەکانی پێشوو. ئەم حکومەتە ڕیکۆردی لەسێدارەدان و ڕیکۆردی سەرکوت و ڕیکۆردی تاوانەکانی شکاندووە و دەست بۆ ئەنجامدانی کوشتارێک دەبات کە پێشتر بە خەیاڵدا نەدەهات. گومانی تێدا نییە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا تاوان تاوانە. ئایا دەتەوێت بگەیتە کۆمەڵگەیەکی ئینسانی ئازاد و یەکسان و ئاوەدان یان حکومەتێکت دەوێت کەمتر تاوان بکات؟! ڕوونە کە ئەم دووەمیان ئەوە نییە کە هیچکەس بیەوێت. خەڵک دەیانەوێت سزای لەسێدارەدان بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە، لەکاتێکدا حکومەتەکانی پێشوو هەموو پشتیان بە ئیعدام بەستبوو، خەڵک دەیانەوێت چەمکی زیندانی سیاسی لە کولتووری ئەو کۆمەڵگایە دوور بخرێنەوە، لەکاتێکدا زیندانییە سیاسییەکان تەنیا لە کۆماری ئیسلامیدا سنووردار نین. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە باسەکە لەسەر بەراوردکردنی کوشتن و تاوان نییە. مشتومڕەکە لەسەر خۆکوشتن و تاوان و سەرکوتکردنە، کە دەبێت بنبڕ بکرێن. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، وەک لە جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراودا ڕاگەیەندراوە، شۆڕشێکە لە دژی سەد ساڵەی دیکتاتۆریەت و نەک تەنیا دژی کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی خراپترین جۆری دیکتاتۆریەتە، بەڵام تاکە دیکتاتۆری نەبووە لە مێژووی نوێدا. پێویستە ئەم شۆڕشە بتوانێت ڕەگی دیکتاتۆریەت ببڕێت و ئەو بنکە ڕژێمە تێکبدات کە پێویستی بە دیکتاتۆریەت هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەڕاستی بتوانێت ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی بەدەستبهێنێت.
حەسەن ساڵحی: زۆر کەس باس لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت دەکەن و دەڵێن پابەندن بە دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە. پێت وانییە ئەمە هەنگاوێکە بۆ پێشەوە بەهەر حاڵ؟ ئایا ئەمە نابێتە بنەمای گەیشتن بەو ئازادی و یەکسانییەی کە لە وقسەوباسەکانتاندا وتتان و زەمینەی بۆ ئامادەبکرێ؟
حەمید تەقوایی: بێگومان هەموو چاکسازییەک و هەموو هەموارکردنێک و هەر هەنگاوێک لە ڕێگای ئازادی تەنانەت لەسەر کاغەز، ئازادییە یاساییەکان، هەنگاوێکە بۆ پێشەوە و پێشوازی لێدەکەین. کاتێک لە جیاتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ جەخت لەسەر خۆشگوزەرانی و ئازادی دەکەمەوە، مەبەستم ئەوە نییە کە بە هیچ شێوەیەک باسی مافی مرۆڤ نەکرێت، یان کۆماری ئیسلامی، یان ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی. بەڕای من دەکرێت چاکسازی بکرێت، لەئەنجامی شۆڕشی خەڵکدا و بەهۆی فشاری کۆمەڵگاوە، هەندێک هەنگاو نراوە، کە ئێمە پێشوازی لێدەکەین، بەڵام ئێمە خۆمان، وەک هێزێک کە بەڕاستی دەمانەوێت ئازادی و یەکسانی بەدی بهێنرێت، بەم ئاڵایە شەڕ بکەین.ئێمە دەیکەین. پێویستە سەرەتا دوا وشە بگوترێ. کۆمەڵگا بە ئایدیاڵە مرۆییەکانی خۆیەوە هەڵدەستێت نەک بە دیدگای وەدیهاتنی وردە وردەی ئایدیاڵەکانی. بۆ نموونە پێویستە هەنگاو بە هەنگاو یاساکان هەموار بکرێنەوە بۆ ئەوەی وردە وردە بگاتە زۆرترین داواکاری. ئەمە لە مێژوودا هەرگیز ڕووی نەداوە. لەوانەیە کۆمەڵگا لە ژێر توندترین بێ یاسایی و ستەمدا بێت، بەڵام بە بەرزترین ئایدیاڵ دەتوانێت دۆخەکە پێچەوانە بکاتەوە نەک بە داشکاندن.
سەیرکەن ئەم باسە دوو خوردادییەکان هەمیشە هەیان بوو کە ئێمە کۆماری ئیسلامی دەگۆڕین و وردە وردە بەرەو هەلومەرجی باشتر دەڕۆین. دەیانگوت ئاخر جۆری ئیسلامیی ڕوحانی یان خاتەمی لە ئیسلامی خامنەیی باشترە. بینیمان ئەم هێڵە نەگەیشتە هیچ شوێنێک و نەیتوانی بگاتە هیچ شوێنێک. بەتایبەتی ئەمڕۆ جەماوەری خەڵک لەگەڵ شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا بە گۆڕانی وردە وردە تێپەڕیوە. دەزانن ئەمە پراکتیکی نییە. ئەمە ئایدیالی شۆڕش نییە. ئەو ئامانجانەی کە خەڵک هەیەتی، هێزی بزوێنەری خەڵک لە شۆڕشی ئێستادا، گەیشتن بە هەموو ئازادییەکە، هەموو خۆشگوزەرانییەکە، و هەموو ئینسانیەتێکە. بۆیە ئەگەرچی لە کۆتاییدا خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لێرە و لەوێ فشار بخاتە سەر حکومەت، بەڵام ناتوانێ وەک ئایدیاڵێکی شۆڕش و وەک ئاڵای شۆڕش کار بکات. پێویستە بە زۆرترین داواکاری و ئامانجی خەڵکەوە بچینە ناو ئەم شەڕە، بۆ ئەوەی بەڕاستی بتوانین شۆڕش بگەیەنینە سەرکەوتن.
٣ی ئایاری ٢٠٢٣ ، ١٣ی ئۆردی بەهیشت ١٤٠٢