گفتوگۆ لەگەڵ نووسەر سمکۆ محەمەد… بەشی 1… ئا: عەباس جەمیل جێماو
مۆدێرنه ئازادی و عه‌قلانیه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنانی توندڕه‌وی ئیدیۆلۆژی به‌كارهێنا
ئاماده‌كردنی: عه‌باس جه‌میل جێماو
به‌شی یه‌كه‌م
بۆ هه‌ر چاوپێكه‌وتنێكی نوسه‌ر و رۆناكبیر سمكۆ محه‌مه‌د، له‌ئه‌نجامی دیداری دۆستانه‌مان، هه‌وڵمداوه وه‌ك ده‌رفه‌تێك چه‌ند پرسیارێكی ئاڕاسته بكه‌م و هه‌ر جاره‌و به‌شێكی دانیشتنه‌كه‌مان بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌وه‌رێك ته‌رخان بكه‌ین، كه به‌نیازم له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا وه‌كو پڕۆژه‌یه‌ك له دووتوێی كتێبێكدا به‌چاپیان بگه‌ێنم، كه ده‌رباره‌ی بابه‌تی فیكری و ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرین، به‌و پێیه‌ی تا ئێستا خاوه‌نی سه‌دان وتار و نزیكه‌ی بیست كتێبی ئه‌ده‌بی و فیكری و سیاسی.. تاد. هه‌روه‌ها به ئاگاداری نووسه‌ر هه‌وڵمداوه پێداچوونه‌وه به‌چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكی پێشووی بكه‌م، كه له‌گه‌ڵ میدیاكان سازیدابوو و دووباره داڕشتنه‌وه بۆ پرسیاره‌كان بكه‌مه‌وه كه زۆربه‌یان ناته‌ندروستانه ئاڕاسته‌ی كراون، چونكه پرسیاری ناته‌ندروست وه‌ڵامی ناته‌ندروست به‌رهه‌م دێنێ.
هاوكات سه‌رباری ئه‌و ته‌وازوعه زۆره‌ی كه هه‌یه‌تی، ئه‌ڵبه‌ت جورئه‌تی ئه‌وێ له‌به‌رده‌م نووسه‌رێكی وا مه‌زن ده‌ست بۆ هه‌موو ته‌ورێك ببرێت و موناقه‌شه‌ی بكرێت، بۆیه بۆ ئه‌م به‌شه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌مان هه‌وڵمداوه هه‌ندێ پرسیاری سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی مۆدێرنه و پۆست مۆدێرنه‌ی له‌ته‌كدا بووروژێنم، به‌مه‌به‌ستی زیاتر به‌رچاوروونی خوێنه‌ر له‌مباره‌وه.
ده‌قی گفتوگۆكه:
پرسیار: مۆدێرنه وه‌ك چه‌مكێك یان فاكته‌رێكی گۆڕان ئامێزی به‌رده‌وام له تێكشكانی پێوه‌ری رۆشنگه‌رایی ته‌قلیدی و هۆكارێك بۆ گه‌شه‌ی فكری نوێی خۆرئاوا تا گه‌یشتنی به‌م سه‌رده‌مه پرسێكی زیندوو بووه، ئایا هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م چه‌مكه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
سمكۆ محه‌مه‌د: باله‌وێوه ده‌ستپێبكه‌م كه مۆدێرنیزم چه‌مكێكی كۆمه‌ڵناسییه، چونكه له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو كو‌لتوورێكدا راده‌وه‌ستێت و هه‌ڵیده‌لوشێت، مه‌به‌سته‌كه‌ش بۆ نووێكردنهوهی كولتوور و سیاسه‌ت و ته‌لارسازی و ئه‌ده‌ب و مۆزیك و ته‌كنیكی نوێ بوو، تائه‌وكاته‌ی ره‌تكرایه‌وه له‌نێو فكردا كه ژان بوردیار سهرمهشقیانه، به‌ڵام جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه كه مۆدێرنه سه‌ره‌تا ئامانجێكی دیكه‌ی هه‌بوو، دواتر بوو به چه‌مكێكی جیهانی بۆ هه‌موو كایه‌كان و ئامانجه‌كه‌شی پێكا.
پرسیار: كاتێ مۆدێرنه ده‌بێته چه‌مكێكی جیهانی، ئایا كورد تاچه‌ند توانیوێتی كه‌ڵك له‌م چه‌مكه وه‌ربگرێت و له‌كوێیدا خۆی بینیوه‌ته‌وه؟
سمكۆ محه‌مه‌د: ئه‌م چه‌مكه له‌نێو كورددا نیو هێنده‌ی نه‌ته‌وه و ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه خاوه‌ن رۆشنبیری ناسراون موناقه‌شه نه‌كراوه، به‌ڵام یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه له‌پشت چه‌مكه‌كه‌وه راوه‌ستاوه و زه‌مینه‌ی بۆ موناقه‌شه‌كردنی جددی خۆش كردووه، ئه‌وه‌یه كه مه‌به‌ستێكی عه‌قڵخوازانه و پێشكه‌وتووخوازانه‌یه بۆ كۆمه‌ڵگه به‌تایبه‌تی، له‌كاتێكدا كورد هێشتا له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئه‌و مێژووه‌یه كه مۆدێرنه‌ی به‌رهه‌مهێنا.
مۆدێرنیزم كه‌بوو به ئاراسته‌یه‌كی فكری، ده‌ورێكی گرینگی هه‌بوو له‌بواری سیاسه‌ت و رۆشنبیری كه جگه له كایه‌كانی دیكه، په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی بگۆڕێت له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ژیاندا، یان له‌رێگه‌ی كه‌ره‌سته‌ی ته‌كنۆلۆژییه‌وه ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی ئینسان بگۆڕێت، به‌ڵام بنه‌چه رادیكاڵیهكهی كارێكی ئاینده‌خوازی بووه، بۆیه مۆدێرنیته وه‌كو پڕۆسه‌یه‌ك وایه كه نهڕادهوهستێت و نه كاردانه‌وه‌كانی راده‌وه‌ستن، (جۆن ستیوارت میل) كه به‌دانه‌ری چه‌مكی لیبڕالیزم له سیاسه‌تدا داده‌نرێت، ره‌خنه‌ی له سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت گرتووه و ته‌كانێكی نوێی داوه به‌ده‌وڵه‌تی نوێخواز و پێشكه‌وتوو له‌رووی سیاسیه‌وه، ئه‌م گۆڕانكارییه بوو به‌مۆدی سیاسی، ئیدی ئه‌وه‌ی له‌مێژووی ژیاری ئینسانی‌دا جێكه‌وته ببوو، شێوازێكی نوێی له‌گه‌ڵ خۆیدا بارهێنا كه چه‌مكی ئازادی و عه‌قلانیه‌تی له‌به‌رامبه‌ر توندڕه‌وی ئایین و سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیا فراوانتر كرد، ئاینده‌گه‌رایی لهفكردا بوو به یه‌كێك له‌و داهێنانه‌ی كه لۆژیكی رۆمانسیانه‌ی په‌راوێزخست و به‌كرده‌وه سه‌لماندی دیارده‌ی نوێ ئه‌ویدیكه وه‌لاده‌نێ، هه‌ڵبه‌ت چه‌مكه‌كه له‌ئاستی جیهانیدا بۆ هه‌موو كایه‌كان و به‌تایبه‌تی بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ته‌كنۆلۆژیا و ماشین و ته‌لارسازی و كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی ژیان و سیاسه‌تیش كاردانه‌وه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام بۆ كورد ته‌نها له‌فه‌زای ئه‌ده‌بیدا ره‌نگیدایه‌وه، ئه‌ویش ته‌نها خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی زمان و كولتوور بوو و هه‌رچی ئه‌ده‌بی كلاسیك و هونه‌ر و كولتووری بوو پشتگوێ خرا، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی مۆدێرنه وه‌كو ره‌وتێكی زیندوو هاتووه و ده‌بێ كورد پشكی هه‌بێت، له‌كاتێكدا مۆدێرنه فودانهیهك بوو ته‌نها كه‌ڤه‌ره‌كه‌ی دیاربوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا ناوه‌ڕۆكێكی وه‌حشیانه بوو بۆ كۆمه‌ڵگه بنده‌سته‌كان، ئه‌ویش كوشتن و سڕینه‌وه‌ی كولتووره‌كه‌یان بوو، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی ئالان تۆرید له كتێبی ره‌خنه له مۆدێرنیته ده‌گرێت.
ئه‌م چه‌مكه له‌سه‌رتاسه‌ری دونیادا زیاتر له‌بواری ئه‌ده‌ب زیاتر په‌ڕه‌ی سه‌ند، به‌ده‌یان ئه‌دیبی ناودار كه پێویست ناكات ناوه‌كانیان ریزبكرێ له‌په‌راوێزی ئه‌م چه‌مكه‌دا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی جیاوازی فكری له‌بواری هونه‌ریدا سه‌ریانهه‌ڵدا، كه‌وابوو هۆكاره‌كه ده‌ركه‌وت بۆچی مۆدێرنه سه‌ریهه‌ڵدا و له‌كوێدا خزمه‌تی كردووه به‌هه‌موو كێشه و گرفته‌كانییه‌وه، وه‌ختێك سیستمی سیاسی نه‌گۆڕبوو، وه‌ختێك ژیان لهچهقبهستوویدا بوو، وه‌ختێك ئایین و شێوازه جیاوازه‌كانی خوداپه‌رستی له‌وپه‌ڕی توندڕه‌ویدا كه‌نیسه و پهرستاگاكانی داگیر كردبوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، وه‌ختێك له‌بواری ئه‌ده‌ب و فكر جێگه‌یه‌ك بۆ ئازادی نه‌مابوو جگه لهئیدیۆلۆژیای به‌رته‌سك، له‌وێدا مۆدێرنه له‌رێگه‌ی ره‌خنه‌وه لهژیار و كلاسیكیزم و سیستمی كۆنی ته‌لارسازی و هتد، هه‌رچی ده‌قی پیرۆز و نه‌گۆڕ هه‌بوو تێكیشكاند و ئه‌لته‌رناتیڤی پێشكه‌ش كرد، سا با ئه‌لته‌رناتیڤه‌كه هه‌رچه‌ند جێگه‌ی ره‌خنه بووه.
هۆكارێكی دیكه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكه‌كه بۆ تاك بوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بوو پێشتر كه ئێستا كۆمپانیاكان له‌رووی ئابوری و ئینجا سیاسیه‌وه جێگه‌یان گرتووه، به‌ومانایه‌ی گوتاری سیاسی به‌پێی چه‌مكی مۆدێرنه ئاستێكی دیكه‌ی هه‌یه كه به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان شه‌رعیه‌تی به موڵكایه‌تی تایبهتداوه، ده‌سه‌ڵاتی بیرۆكراتیه‌ت له‌ژێر عینوانی تهكنۆكراتیزم كه گوایه سیستم به‌و شێوه‌یه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دواجار به‌بارته‌قای جاران واته سه‌ده‌كانی رابردوو بواری بۆ به‌رفراوانبوونی ئابوری سیاسی سازكرد كه لهموڵكایهتی تایبه‌تدا فۆڕمێكی دیكه‌ی وه‌رگرت و له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌رهه‌مهێنانی فاشیزمی لۆكاڵی له‌به‌رگی ئیدیۆلۆژیای ئایینی، ئه‌مه سه‌رله‌به‌ری ژیانی گرته‌وه وه‌كو ره‌وتێك بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازی مۆدێرن كه قه‌یرانه‌كانی ده‌وڵه‌ت بخاته ده‌ره‌وه‌ی خۆی وه‌كو هێزێكی مه‌عریفی رزگاركه‌ری قه‌واره‌ی سیاسی ئه‌و ده‌وڵه‌ت، ئه‌م فه‌زایه له‌هۆكاره بنه‌ڕه‌تیه‌كانیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه سیاسه‌ت وه‌كو زه‌روره‌تێك مۆدێرنه‌ی له‌به‌رچاو گرت و تاكو كه‌ڵكی لێوه‌رگرت بۆخۆی و دواتریش هه‌نارده‌ی وڵاتاانی پاشكۆی ئه‌وروپا كرا، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌وكاته‌ی كه له‌بواره‌كانی مه‌عریفه و ته‌كنۆلۆژیاو سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده و ته‌نانه‌ت وه‌رزشیش كه به‌پیشه‌سازیه‌وه گرێدرا، چه‌مكه‌كه به‌ناڕاسته‌وخۆ ره‌نگیدایه‌وه و بوو به مۆدێلی ژیان بۆ تاك و كۆمه‌ڵگه‌ش، چونكه كارپێكردن به‌شێوازی جیاواز له‌لایه‌ن شاره‌زایانی ده‌وڵه‌تخوازییه‌وه، توانی یارییه‌كی ژیرانه بكات له نێو ته‌كنۆلۆژیا و پێشكه‌وتن، بۆیه نه‌توانی ببێته هۆشیاری تاك و نه سه‌ربه‌خۆیی له عهقڵمهندیدا، به‌ڵام تاكی ناچار كرد كه له‌روخانی شته‌كانی پێشوو و هاتنه‌ئارای شتی نوێ، گرینگی به بایهخپێدانهكهی بدات و نامۆ نه‌بێت له پێدراوه‌كانی دیكه‌ی چه‌مكه‌كه كه له‌په‌راوێزیدا روونتر ده‌بینرێ، له‌حاڵێكدا ده‌ركه‌وت كه تاك گه‌راییی تاكه ئامانجێك بوو بۆ لێدانی داهێنان و عه‌بقه‌رییه‌ت، ئه‌م بیروڕای میشیل مافیولی دا هاتووه كه ره‌خنه‌ی مۆدێرنیته‌ی كردووه.
به‌شێكی دیكه له‌هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م چه‌مكه كه سه‌رمایه‌داری ته‌واو دڵنیابوو له سه‌ركه‌وتن و جێگیر بوون و پته‌وكردنی پایه‌كانی خۆی، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه ئامانجه‌كه بۆ نه‌هێشتنی پێوه‌ره ئه‌خلاقیه‌كان و شۆڕشه دژ به سیستمی سه‌رمایه‌داری و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه له‌نێو ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵناسی و هونه‌ر و هتد، به‌لام دواتر ده‌ركه‌وت پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته و بۆ كۆڵۆنالیزهكردنی كولتووری شۆڕشگێرییه كه شۆڕشێكی سپیه به‌زمان و كوولتوور ده‌كرێت، چونكه ئه‌م سیستمه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئینسان بگه‌ڕێته‌وه و گه‌مارۆی بدات، یان لانیكه‌م پایه‌كانی لاواز بكات و ئیدیۆلۆژیای دیكه سه‌رهه‌ڵبده‌ن وه‌كو دابڕانێك له‌گه‌ڵ ئه‌و مۆدێله‌ی بۆ ئینسان داهێنرا به‌بێ بنه‌ما، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت. سه‌رهه‌ڵدانی شاری هاوچه‌رخ و چڕی دانیشتوان به فره‌یی له‌ره‌نگ و ره‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و ئایین و هتد، هه‌روه‌ها بازاڕی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و ژیانێكی نائاسایی كه پێشتر نه‌بینرابوو وه‌كو سیحر گه‌شه‌ی كرد، ئه‌مانه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی خه‌یاڵی ئه‌دیب و رۆماننوسهكانیش فراوانتر ببن له‌گه‌ڵ فراوان بوونی شاری مۆدێرن كه زۆر جیاز بوو له‌گه‌ڵ شاری سه‌ده‌ی 19، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوایان به‌وه هه‌بووه به‌پێی پێشكه‌وتنی شار له‌رووی جوگرافییه‌وه شاری كۆن و كلاسیك جێبهێڵن، بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی ماددی ببینن و واقیعێكی تر كه سیحراوییه له ئهدهبهكهیاندا ره‌نگبداته‌وه، نموونه‌ش كه‌سانی وه‌ك (ستاندال و باڵزاك و دیكنز و دایستۆفسكی و ئه‌لیوت و هتد) ئیدی شاری راسته‌قینه نه‌ك هه‌ر ژیانی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕی، به‌ڵكو شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌شی گۆڕی و پانتاییه‌كی زیاتر له‌جاران داگیركرد له‌خه‌یاڵی ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نددا، ئه‌م كاریگه‌رییه ئه‌رێنییه به‌ره‌نجامی گه‌شه‌سه‌ندنی چه‌مكی مۆدێرنیزم بوو كه به‌مانا و پێناسه‌ی جیاوازه‌وه خۆی كرد به‌نێو فكردا، به‌ڵام رووه‌كه‌ی تری كه نه‌رێنیه و مۆركێكی ره‌شی له‌نێوچه‌وانی خۆیدا نهخشكرد، به‌رهه‌مهێنانی نازیزم و فاشیزم بوو له ئاڵمان و ئیتاڵیا و دواتریش له‌دوای هه‌زاره‌ی سێهه‌مه‌وه ستایڵێكی دیكه‌ی كۆنتڕۆڵ كردنی ئیراده‌ی به‌شه‌ر، چونكه بووه مایه‌ی به‌دبه‌ختی بۆ به‌شه‌رییه‌ت له‌و مێژووه‌دا، دواجاریش وه‌كو له‌پێشدا باسم كرد ئه‌م ره‌وته خۆی له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا به‌رهه‌مهێنایه‌وه و بوو به بازاڕێكی سیاسی نوێ و ململانێی جیاواز له‌ژێر عینوانی نه‌ته‌وه‌خوازی و ده‌وڵه‌تخوازی و ئۆپۆزسیۆن و زوڵملێكراو زاڵم و هتد كه نموونه‌ی وه‌كو سه‌دام حوسێنی به‌رهه‌مهێنا و بووه بیانوویه‌ك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو به‌ها ئینسانییه‌كان.
پرسیار: پۆزه‌تیڤیزم بۆخۆی چه‌مكێكه له‌دوای هاتنه ئارای مۆدێرنه وه‌كو سیستم كاری پێكرا، ئێوه دیوه نه‌رێنیه‌كه‌ی ئه‌م چهمكهتان باس كرد، ئایا بۆ دیوه ئه‌رێنیه‌كه‌ی چی ده‌ڵێن؟
سمكۆ محه‌مه‌د: هیچ چه‌مكێك موجه‌ڕڕه‌د نییه، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی فكرێكی نوێیه پێشنیار كراوه و ئینسان كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرێ، به‌و مانایه‌ی یان وه‌كو پێشتر باسم كرد، یه‌كێك له رائیدهكانی ئه‌م چه‌مكه جۆن ستیوارت میل بوو كه فكری لیبرالیزمی به‌رهه‌مهێنا و دواتر فۆكۆ ره‌خنه‌ی لێگرت وه‌كو خه‌یاڵی ده‌وڵه‌تی ته‌ماشای كرد، چونكه ئه‌و بینی چۆن مامه‌ڵه له‌ته‌ك مه‌عریفه ده‌كرێت چۆن مامه‌ڵه له‌ته‌ك چه‌مكی ده‌سه‌ڵات ده‌كرێت به‌ناوی عه‌داله‌تخوازییه‌وه، چۆن مامه‌ڵه له‌ته‌ك شێتی و سێكس و كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی ژیان ده‌كرێت له‌ژێر عینوانی جیاواز كه نا مرۆڤدۆستانه بوو، بۆیه نیگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤ مانای له‌بێژنگدانی چه‌مك نییه تاكو سیاسه‌ت و فكر لێی دوور بكه‌ونه‌وه، هه‌روه‌ك چۆن پسپۆڕانی شاره‌زا له ته‌ندروستی ئامۆژگاریمان ده‌كه‌ن له‌و جۆره خواردنانه دوور بكه‌ونه‌وه و خۆتان بپارێزن كه زیانی بۆ جه‌سته‌ی نه‌خۆش هه‌یه، ئه‌گه‌ر وابوایه ده‌بوو هه‌موو گروپ و ده‌سته‌بژێره سیاسیه‌كان له ماكیاڤیلیزم دوور بكه‌ونه‌وه، یان ته‌نانه‌ت له‌و دیموكراسیه‌ته درۆیینه‌یه دوور بكه‌وینه‌وه كه ده‌یان عینوانی بۆ خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌ره‌وه‌ری به‌رهه‌مهێناوه كه له‌خه‌یاڵ به‌ولاوه هیچی تر نییه، بۆیه به‌پێچه‌وانه‌وه چاندنی هه‌ر چه‌مكێك له زه‌ینی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی به‌دوای مه‌عریفه یان سیاسه‌ته‌وه‌یه به‌تایبه‌ت ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌دوای هه‌زاره‌ی سێهه‌مه‌وه چاوی به‌دونیادا كراوه‌ته‌وه، یه‌عنی ره‌گداكوتانی به‌جۆرێك تا موماره‌سه ده‌كرێت، هه‌رچی مۆدێرنه‌یه له‌گه‌ڵ خۆیدا كۆمه‌ڵێك مانای جیاواز و به‌های جیاوازی بۆ فكر و سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگ دانا، ته‌نانه‌ت مانای شۆڕشی گۆڕی و كردی به پێوه‌رێكی ئه‌خلاقی، مانای نیشتیمانی كرد به پێوه‌رێكی ئابوری له‌سه‌ر بنچینه‌ی سیستم، ئه‌م به‌راورده تایبه‌تمه‌ندی هه‌موو جۆره دونیابینییه‌كی رابردووی گۆڕی كه رۆمانسیانه ته‌ماشای چه‌مكه‌كانی ده‌كرد، باشترین نموونه ئه‌وه‌بوو كه له‌تونس و سوریا و میسر و لیبیا بینیمان به‌ناوی به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه و ناوی لێنرابوو شۆڕشی فه‌یسبووك، كه‌چی سیناریۆیه‌ك بوو كه ئیدیۆلۆژیای پراكتیكی كرده كه‌ره‌سته‌ی به‌رهه‌مهێنانی سیاسه‌تێكی نوێ كه داگیركاری نوێ بوو، لایه‌نه نیگه‌تیڤه‌كانی ئه‌م چه‌مكه، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئه‌وه‌بوو كه بووبه ئایدیۆلۆژای مه‌عریفه بۆ لایه‌نگرانی، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و كولتووره سوننه‌تیانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی په‌راوێزخست یان پشتگوێی خست، له‌به‌رامبه‌ردا قه‌یرانی خوڵقاند، چونكه خاپووركردنی هه‌موو ئه‌و شتانه بوو كه به‌هایان هه‌بوو، هه‌روه‌ها چه‌مكه‌كه مانای دیالیكتیك و مێژوویی نییه، به‌ڵكو خۆی رووداو و خوڵقاندن نمایشكردنی شته حازرهكانه، بۆیه ناكرێ ناوی شۆڕشی لێبنرێ به‌سه‌ر كلاسیزمدا، ته‌مه‌نی كورت بوو له‌ناو قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه مه‌شروعیه‌تی هه‌بوو، تاكو هاتنی ده‌وڵه‌تی فره‌یی و كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی به‌مانا گشتگیره‌كه‌ی.
پرسیار: هاتنی هه‌ر پۆستێك له‌دوای هه‌ر چه‌مكێك یان تێرمێك، به‌واتای قبوڵ نه‌كردنی ده‌گه‌ێنێت، چ وه‌كو پڕۆژه‌یه‌ك یان هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ مانه‌وه له چوارچێوه‌ی خۆیدا، ئایا به‌هاتنی پۆستمۆدێرنه، مۆدێرنه تا چه‌ند له‌ناو بازنه‌ی مێژوودا جێ خۆی كردۆته‌وه؟
سمكۆ محه‌مه‌د: به‌ر له‌وه‌ی باسی پۆست مۆدێرنه بكه‌ین، دهبێِ ئه‌وه بڵێین كه مۆدێرنه له‌سه‌روه‌ختی خۆیدا كاری خۆی كرد و كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ته‌واوی دیارده و شته‌كان دانا، مۆدێرنه ئه‌و چه‌رخه‌ی به‌هه‌موو موفره‌ده‌كانی ژیانه‌وه بینی كه عه‌قڵمه‌ندی بوو، بۆیه پراكتیكیشی كرد و ره‌خنه‌شی لێ‌گیرا، كه‌وابوو پۆست سه‌ریهه‌ڵدا، پۆستمۆدێرنیزم ره‌وتێكی فكری یه كه بریتیه له وه‌لانانی عه‌قڵگه‌رایی سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی رۆڵی میتافۆر بوو بۆ هه‌موو كایه‌كان، پێوه‌ر بۆ كوالیتی و گه‌ڕانه‌وه بۆ سرووشتگه‌رایی و هتد.
ئه‌گه‌رچی چه‌مكی پۆستمۆدێرنیزم له‌بواری رۆشنبیر و فه‌رهه‌نگی به‌گشتی له ساڵه‌كانی 1969 وه‌كو ئالان تۆرین باسی ده‌كات، له ئه‌ده‌بیاتی ئیسپانیدا ره‌نگیدابووه‌وه، واته له‌رێگه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی كه ره‌خنه بوون له مۆدێرنیته، به‌و مانایه‌ی كه نابێ و ناكرێ سه‌رمایه‌داری به‌و شكڵه‌ی خۆیه‌وه بمێنێته‌وه و هه‌مان فه‌رهه‌نگ ژێرخانه‌كه‌ی بێت، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین كه ئه‌م گوتاری چه‌مكه ده‌ورێكی بنبه‌ستی خوڵقاند، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه نیگه‌تیڤه‌كان سێ ره‌هه‌ند وه‌ربگرن، یه‌كه‌م به‌فیڕۆدانی كات له كۆمه‌ڵناسیدا، دووهه‌م لاوازكردنی چه‌پی ماركسی، سێهه‌م هێنانه ئارای فه‌رهه‌نگی ته‌ماوی و ئاڵۆز بۆ ته‌واوی كایه‌كان.
له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی پۆستمۆدێرنه كه وه‌كو كاڵایه‌ك له بازاڕی فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری جیهانی كاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌بوو، موناقه‌شه‌یه‌كی دیكه هاته ئاراوه كه ئایا پۆست مۆدێرنه چه‌مكێكی سه‌ربه‌خۆیه یان ته‌واوكه‌ری مۆدێرنه‌یه، له‌كاتێكدا چه‌مكێك له‌زمانی ئیگلیزیدا زیاتر گه‌شه‌ی سه‌ند، یۆرگن هابرماس كه بیرمه‌ندێكی هاوچه‌رخی پاش بونیادگه‌رییه و له شونێكی دیكه‌شدا ته‌واو لاگیری له لاكانی ده‌روونناسی چه‌پ و نه‌خشه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی كردووه و دوا هه‌ڵقه و دوا قۆناغی فه‌لسه‌فه‌یه و گوتویه‌تی “پۆست مۆدێرنه ئه‌و چه‌مكه‌یه كه پڕۆسه‌ی مۆدێرنه ته‌واو ده‌كات، چونكه ته‌مه‌نی هه‌ردووكیان له‌ژێر سایه‌ی یه‌ك سیستمدا به‌ڕێوه‌ده‌چێ كه ئاڵوگۆڕ له سیستم نه‌كراوه، بۆیه پۆست مۆدێرن ئایدیایه‌ك نییه كه دابڕان بێت له‌ته‌ك مۆدێرنیزم، به‌وپێیه‌ی مانایه‌كی ئیتیكی نییه، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه مۆدێرنه شێوه‌یه‌كی دیكه‌ی ژیانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری و سیاسی پێشكه‌شكرد، چونكه من نابینم هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌كی له‌پشته‌وه بێت”، خوڵقاندنی ره‌وایه‌تی له‌بواری سیاسی و فكریدا، كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رده‌م به ئار‌گومێنت كردنی هه‌موو شته‌كانه كه به‌رهه‌می رابردووه بۆخۆی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانووه سیاسی و فكرییه‌كه ئه‌وه‌بێت كه گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ بیری میتافیزیكی و هاریكاری ئیدیالیزم بكات، ره‌نگه واقیعییه‌تێكی تێدابێت، به‌وپێیه‌ی كه بانگه‌شه‌كه‌رانی خوازیارن به‌گژ ئه‌و به‌رهه‌مه فكری و ئه‌ده‌بی و هونهریانهدا بێنه‌وه كه له‌سه‌رده‌می مۆدێرنه‌دا سه‌ریانهه‌ڵداوه، به‌ڵام ئه‌وه سه‌لمێنراوه كه پۆست مۆدێرنیزم نه‌مری و واتا رابردووه‌كان هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه و ئه‌و توانایه‌شی نییه، چونكه ئه‌و بیری ره‌خنه‌گرانه‌ی كه مۆدێرنه به‌رهه‌می هێنا، تازه گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌نها مه‌گه‌ر له ره‌خنه‌گرتن له‌و عه‌قڵگه‌راییه بێت كه سیستمی ئێستای جیهانی به‌رهه‌مهێناوه كه به‌شێكی زۆری بیرۆكه ته‌كنۆلۆژییه‌كان چه‌ند له‌خزمه‌ت به‌شه‌رن، ئه‌وه‌نده‌ش له‌دژی به‌شه‌رن، له‌حاڵێكدا هه‌مو ئه‌وشتانه‌ی بوون به كولتوور له‌سه‌ده‌ی رابردوودا، وه‌كو بزاڤی ئه‌نتی كولتووری نمایشكران، ئه‌مه‌ش له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه ته‌واوی ئه‌و فۆڕمانه‌ی بۆ بیركردنه‌وه له چه‌مكه فكرییه‌كانی دیكه كاریان پێده‌كرێ، به‌شێكن لهدژكاری چه‌مكه‌كانی رابردووه، چونكه پۆست بۆخۆی واتای كۆتایی هاتن دێت به پێشگرهكهی كه خۆی بووه به پاشگری چه‌مكه‌كه، ئه‌م هه‌وڵدانه له‌نێو ئه‌ده‌بیشدا پڕۆسه‌یه‌كه له وشه‌وه بۆ وێنه له گوتاره‌وه بۆ ڤیگۆر هه‌یه، كه‌واته ئه‌و هێزه‌ی له‌پشت به‌مۆرالی كردنی چه‌مكه‌كه‌وه راوه‌ستاوه، هێزێكه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه كه مۆڕاڵی هاوبه‌ش تێكبشكێنێ، له‌كاتێكدا ئه‌و بیرۆكه‌یه هێشتا یه‌كلایی و ساغ نه‌بۆته‌وه كه ته‌واوكاری مۆدێرنه‌یه كه وه‌كو بزاڤێكی چه‌پگه‌رایی خۆی نمایش ده‌كات، به‌تایبه‌تی دوای تیۆریزه‌كردنی چه‌مكه‌كه له‌لای لیوتار كه به‌مه‌رگی داستانه‌كانی ناوبردووه، ئیدی له‌دوای ئه‌و ناساندنه هه‌واداران و لایه‌نگرانی تیۆره‌كه، كه‌وتنه وێزه‌ی ئه‌وه‌ی كه بڕوایان به شته لۆكاڵیه‌كان بێت و كار له‌سه‌ر ئیشكالیاته لۆكاڵیه‌كان بكه‌ن.
به‌رهه‌حاڵ ئه‌گه‌ر له‌رێگه‌ی ئه‌ده‌به‌وه ته‌ماشای ئه‌و چه‌مكانه بكه‌ین، ده‌بینین چۆن موناقه‌شه‌ی مۆدێرنه و ده‌ركه‌وته‌كانی كراوه، بۆ نموونه كافكا یه‌كێك له سه‌رسه‌ختترین ئه‌و ئه‌دیبانه بووه كه وێنه‌ی مرۆڤی سه‌رده‌میانه‌ی نه‌خشاند له رۆمانی دادگایی و له مه‌سخ كه هه‌مووی به‌شێكن له ململانێی نه‌بڕاوه‌ی كارێكته‌ره ناكۆكه‌كان له‌دژی یه‌كتر كه هه‌لومه‌رج خوڵقاندبوونی، بیره‌وه‌رییه‌كانی پیسوا كه نووسه‌رێك بوو ته‌نها بۆ خۆی ده‌ینووسی و دواتر كه ده‌مرێت هاوڕێكه‌ی نووسینه‌كانی به چاپ ده‌گه‌ێنێت و هه‌مووی ره‌خنه‌یه له‌و ژیانه فهرزكراوهی سه‌ر به‌شه‌رییه‌ت له سایه‌ی ئه‌و سیستمه زاڵه‌ی كه مۆدێرنه له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌كێشی كرد، هه‌روه‌ها بۆرخیس و ده‌یان نوسه‌ری دیكه كه لهخهیاڵدانیاندا چیرۆكی ئه‌ژدیها و ده‌قه‌كانی تر به‌یانیان كردووه، له‌لای كورده‌واریش هونه‌رمه‌ندی وه‌كو قاله مه‌ڕه و حزسیچن عه‌لی و ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ و ئه‌سیری شاعیر و شێخ ره‌زا و جان ده‌مۆی كه‌ركوكمان هه‌یه، ئه‌مانه هه‌موو ره‌خنه‌بوون له عه‌قڵی سه‌رده‌م و مۆدێرنه كه گوایه پۆست مۆدێرنه جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه، هه‌رواشه هه‌موو سه‌رده‌مێك پاڵه‌وانێكی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، بۆیه پۆست مۆدێرنه به‌دوای پاڵه‌وانه تایبه‌ته‌كانی خۆیه‌وه‌یه‌تی.
پرسیار: تیۆره ره‌خنه‌ییه‌كان له سیستمی نوێی جیهانیدا وێنه‌یه‌كی دیكه‌یان وه‌رگرتووه، ئایا مۆدێرنه كارێكی ته‌واوی كرد له‌پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی عهقلانیبووندا ؟
سمكۆ محه‌مه‌د: سرووشت و لۆژیكی كۆمه‌ڵناسی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه مرۆڤ بگاته ئاستێك كه ژێرده‌سته و كۆیله‌ی سیستمی نوێ نه‌بێت و ئه‌و هه‌قیقه‌ته له‌به‌رچاو نه‌گرێ كه وه‌كو واقیع پێشنیاركراوه و له‌راستیشدا وههم و خه‌یاڵێكی سیاسییه، چونكه هیچ روانگه‌یه‌ك له‌و روانگانه‌ی كه وه‌كو هه‌ڵبژارده دانراون بۆ مرۆڤ و چاره‌نووسی، روانگه گه‌لێك نیین كه دڵخۆشكه‌ر بن، بۆ نموونه ده‌ركه‌وت سهنعهتكردن به كۆمه‌ڵگه‌ی فره كو‌لتور و ئایین و نه‌ته‌وه، راسیزمی لێبه‌رهه‌مدێت، ئه‌و سیناریۆیه‌ی كه رۆژئاوا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌سیاسه‌ت و فره كولتووری پیاده‌ی ده‌كات، نه‌ك هه‌ر عه‌قلانیه‌ت نییه له‌هه‌مو بواره‌كانی ژیان، بگره متمانه‌ی له‌و ژیانه‌ش سه‌ندۆته‌وه كه مرۆڤ هه‌وڵبدات بگه‌ڕێته‌وه بۆ ساده‌یی و خاكی بوون، ره‌خنه‌گرتن له پۆزه‌تیڤیزم كه هابرماس یه‌كێكه له‌و بیرمه‌ندانه‌ی ناوی له‌پێشه‌وه‌ی بیرمه‌ندانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه دێت، تیۆرێكه قسه له‌سه‌ر ناسین و ده‌روبه‌ری مرۆڤ ده‌كات له‌رێگه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی خۆیه‌وه، تیۆری ناسین زانست و ناسین وه‌كو یه‌ك ته‌ماشا ده‌كات، لێره‌وه‌یه تێده‌گه‌ین كه پۆزه‌تیڤیزم عه‌قڵ پارچه پارچه ده‌كات و دونیای كۆمه‌ڵایه‌تیش دابه‌شده‌كات، عه‌قلانیه‌ت گره‌وه‌كه ده‌خاته باوه‌شی مرۆڤ خۆی، ئیدی چۆنی به‌كارده‌هێنێ ئه‌وه ویژدان حوكم ده‌كات، چونكه ئه‌زموون وه‌كو كانت ده‌ڵێ به‌شێكی زۆر له‌پێویستییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی ئینسان داگیر ده‌كات، به‌بێ ئه‌زموون شتێك نامێنێت به‌ناوی پراكتیك كردنی تیۆری عه‌قلانییه‌ت، ئه‌وه‌ی كه ئێستا له‌دونیای ئه‌ده‌بی و سیاسی‌دا ده‌گوزه‌رێ و كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی خستۆته سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی تر، مه‌سه‌له‌ی عه‌قلانییه‌ته كه خودی ئینسانییه‌تی كردووه به كارێكته‌ری ئه‌زموونگه‌رایی له هه‌موو بواره جیاجیاكاندا، ئه‌مه‌ش به‌خاتری به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازیه‌كانه، به‌وپێیه‌ی سیاسه‌ت بووه به‌داڕێژه‌ری ژیانی ئینسان و دووركه‌وتنه‌وه له سرووشتگه‌رایی، هاتنی ته‌كنۆلۆژیا و به‌تایبه‌تیش ته‌كنۆلۆژیای سه‌ربازی كه بازاڕێكی گه‌وره‌ی سیاسه‌ته و كێبه‌ركێی جۆراو جۆری تێداده‌كرێ، هه‌موو جۆره رێگه‌یه‌كی گرتووه بۆ رزگاربوون له‌و قه‌یرانانه‌ی كه خودی ئینسان خۆی درووستی كردوون و بووه به‌كێشه بۆخۆی، ئه‌لێره‌وه‌یه كه عه‌قلانییه‌ت راسته له‌هه‌ناوی مۆدێرنه‌وه گه‌شه‌ی سه‌ند و ده‌یهه‌وێ ژیان به‌رده‌وام به‌و شێوه‌یه ئاراسته بكات، به‌ڵام تێپه‌ربوون به‌پڕۆسه‌ی مۆدێرنه‌دا كه مۆدێلی به‌سه‌رچووه، دیارده‌یه‌ك ناخوڵقێنێ كه لانیكه‌م كاریگه‌ری له‌سه‌ر فه‌رهه‌نگی سیاسی و ستایلێكی نوێ به‌رهه‌مبهێنێ جگه له‌وه‌ی كه ترامپ ی به‌رهه‌مهێناوه، جارێكی تر راسیزمی به‌رهه‌مهێنایه‌وه كه ئێستا ته‌واوی ئه‌وروپا و ئامریكاشی گرتۆته‌وه، رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه باشترین سه‌لمێنه‌رن.
پرسیار: ئایا ده‌كرێ بڵێین مۆدێرنه دوا شه‌پۆلی وشیاری مرۆیی سه‌رده‌می خۆی بوو، یان ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه؟
سمكۆ محه‌مه‌د: مۆدێرنه له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی شه‌ڕی ساردی نێوان دوو جه‌مسه‌ری ئا‌مریكا و سۆڤیه‌تی كۆن، كۆتایی به‌ته‌مه‌نی هات، ئه‌وه‌ی ئێستا پاشماوه‌ی ئه‌و مۆدێرنه‌یه له‌هه‌موو رووه‌كانییه‌وه، هه‌موو هه‌وڵێكی سیستمی سیاسی ئێستا ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان لاواز بكات و له‌نێو ته‌كنیكی نوێ كه فه‌یسبوكه نوێ بكاته‌وه و وه‌كو دیاری بیبه‌خشێ به ئینسان، له‌كاتێكدا مه‌رجی ساغڵه‌می ئینسان له‌لای سیستمی نوێ و كاپیتالیزمی هاوچه‌رخه‌وه، له‌هه‌موو رووه‌كانه‌وه جێبه‌جێكراوه و سیستماتیك كراوه، به‌ڵام تاكه شتێك كه ناتوانێ بیبه‌خشێ به ئینسان ئه‌وه‌یه رزگاری بكات له‌و تاكگه‌راییه‌ی كه چاره‌نوسی یان شێت بوونه، یان خۆكوشتن یان مردنی به‌كۆمه‌ڵ، یان مردن وه‌كو حه‌تمییه‌تی ژیان، تاك گهراییش وه‌كو پێناسه‌ی پێشووتر باسم كرد، شێوه‌یه‌ك بوو له‌كوشتنی تواناكان، ئه‌مه‌یه سیحری پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیا و به‌كارهێنه‌ره‌كانی و ریكلام بۆ كردنی له‌رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كانه‌وه كه به‌شێكن له‌و سیستمه نا ئینسانییه، هه‌ر ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ی ته‌واوی كێشه‌كانی مرۆڤن، به‌تایبه‌تی ئه‌م فه‌زایه له رۆژئاوا باشتر هه‌ستی پێده‌كرێ، وه‌ختێك ئینسان بووه به‌كۆیله‌ی كار و خزمه‌تی كۆمپانیاكانی په‌راوێزی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان و له‌وێشه‌وه بوون به كائینی ریكلام كه‌ر و به‌كاربه‌ر و بێئاگای نێو میترۆ و ترام و پاسه‌كان و هیچی تر، ئه‌م حاڵه‌ته كه گوایه پاشماوه‌ی پێشكه‌وتنی مۆدێرنه‌یه وه‌كو قۆناغ و سیستمی سیاسی و ئابوری، نیگه‌تیڤ ترین حاڵه‌ته له‌مێژووی به‌شه‌ری، به‌وپێیه‌ی كه هه‌رچی ئیراده‌ی سیاسی هه‌یه له‌دوتوێی مۆركردنی په‌نجه‌دا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كۆكراوه‌ته‌وه و هه‌رچی ئیراده‌ی سیاسی هه‌یه له‌یاسا و ده‌ستووری خوڵقێنراودا كۆكراوه‌ته‌وه، هه‌ر له‌وێشه‌وه راده‌ستی گروپێك كراوه به‌ناوی سیاسه‌توانه‌وه كه له‌خۆڕا چاره‌نووسی ئینسان به‌بازاڕ ده‌كه‌ن. كه‌واته ئه‌و شه‌پۆله‌ی كه ئێوه باسی ده‌كه‌ن و گوایه مۆدێرنه سواری پشتی بووه، ئه‌مه‌ش موژده‌به‌خش نییه بۆ خۆشگوزه‌رانی ئینسان، به‌ڵكو ته‌واوكه‌ری ئه‌و كولتووره سیاسیه‌یه كه له‌پشتیه‌وه عه‌قڵێكی روخێنه‌ری روحیه‌ته ویژدانی و ئینسانی هه‌یه كه به‌ناوی تاكگه‌راییه‌وه باوك و دایكی كردووه به قوربانی ته‌كنۆلۆژیا و وه‌رزش بۆ منداڵه‌كان و وه‌چه نوێیه‌كان، ئه‌و عه‌قڵه‌ی كه به‌رله‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ری بێت بۆ ئینسان وه‌كو زانست باسی ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌وه مه‌ترسییه بۆ چاره‌نووسی هه‌مووان.
حاڵه‌تێكی دیكه‌ی ره‌خنه لهعهقلانیهت ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ باركراوه به شێوازه جۆراوجۆره‌كانی ئینتیما، تاده‌گاته ئینتیما بۆ تیپی وه‌رزشی و تێنس و كاڵای به‌رهه‌مهاتووی كۆمپانیا خاوه‌ن لۆگۆكانی وه‌كو ئیسس و ئیكۆ و بۆرن و هتد، ئه‌م به‌بازاڕكردنه كه قورسترین باره به‌سه‌ر شانی مرۆڤه‌وه، له‌و عه‌قلانیه‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه گوایه مرۆڤ له‌سه‌رییه‌تی داهێنان بكات له‌نێو شته داهێنراوه‌كانی رابردوو، واته بهجوڵهخستنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه رۆژئاوا ده‌ستبه‌رداری بووه و له رۆژهه‌ڵات ئاڵۆزترین په‌یوه‌ندییه و ناتوانێ ده‌ستبه‌رداری بن، له‌هه‌ردوو باره‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه كه مرۆڤ له‌رێگه‌ی ئه‌و بهعهقلانیكردنهوه، باشترین كه‌ره‌سته‌ی ململانێكانی كۆمپانیان كه سیاسه‌ت كاری له‌سه‌ر ده‌كات، هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین كه ئیدیۆلۆژیا ئه‌گه‌ر پێشتر مانایه‌كی هه‌بوو بۆ ململانێی سیاسی و فكری، ئێستا به‌پێچه‌وانه‌وه بووه به كه‌ره‌سته‌یه‌كی زیندووی به‌رده‌ست و مه‌لمووس، واته كێشه‌ی پراكتیككردن و به‌كارهێنانی بۆ نێوانه‌كانی دیكه كه هه‌موو سیما كۆنه‌كانی پێشووی سیاسه‌تی گۆڕی و له‌جیاتی فاشیزم و دیكتاتۆرییه‌تی به‌رهه‌مهێنا، به پێناسه نوێیه‌كه كه به‌رهه‌می كاپیتاڵیزمی هاوچه‌رخه، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا هێز و گروپی لۆكاڵی نوێی به‌رهه‌مهێنا كه ره‌خنه نه‌توانێ به گشتی و به‌رفراوانی رێگه‌ی لێبگرێت و بیكات به ئایدیایه‌ك بۆ تێگه‌یشتنی ئینسان له‌و كه‌ره‌ستانه‌ی كه كه پێشتر ناویان ئیدیۆلۆژیا، بۆیه ده‌ركه‌وتووه كه عه‌قلانیه‌ت كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی درووست كردووه، ئه‌ویش تێنه‌گه‌یشتنه له‌و چه‌مكانه‌ی كه ما‌نایان گۆڕاوه و ره‌خنه‌ش نایان گرێته‌وه.
پرسیار: پێده‌چێ ههژموونێكی دیكه‌ی پۆستمۆدێرنه له‌نێو فكردا كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كان دانابێت، ئایا چاره‌نووسی مۆدێرنه به كوێ ده‌گات و چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟
سمكۆ محه‌مه‌د: من له‌راستیدا زۆر له‌ژێر كاریگه‌ری فكری هابرماس نیم، به‌ڵام هه‌ندێك بیركردنه‌وه‌ی به‌خه‌یاڵمدا دێت و به‌كاریان ده‌هێنم و پێشموایه درووستن، به‌هه‌رحاڵ هابرماس پێیوایه پۆست مۆدێرنه ته‌واوكه‌ری پڕۆژه‌ی مۆدێرنه‌یه، چونكه عه‌قلانیه‌تی كرۆدته باو بۆ هه‌موو كرده‌یه‌ك، ئه‌مه له كتێبی (للسیاسه بالسیاسه) باسی ده‌كات، له‌وێ باسی به‌شتبوون و بهئامراز بوونی ئینسان ده‌كات له‌نێو فه‌زای سیاسی و فه‌رهه‌نگیدا چینه‌كان ده‌توێنه‌وه و جیاوازیان نامێنێ، جگه له‌وه‌ی كه تواناكان له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی خواست بۆ تاك جیاوازی ده‌بێت، باڵاده‌ستی سیاسه‌ت له‌ده‌وڵه‌تانی په‌راوێزی وه‌كو به‌شێك له رۆژئاوا و ئاسیا و هتد، به‌شێكی بۆ رێكخستنی ژیانی ئینسانه به‌پێی ویستی ده‌وڵه‌تمه‌دار و سیاسیه‌كان و هاوسه‌نگی نێوان هێزه‌كان كه زۆرجار به‌ناو سۆسیال دیموكراته‌كان باسی ئیراده ده‌كه‌ن وه‌كو ئیدیعایه‌ك بۆ فه‌زای ئازاد، كه له‌راستیدا ئه‌وه‌نده‌ی سیستم قه‌یرانی بۆ ژیانی ئینسان درووست كردووه، هێنده خۆشگوزه‌رانی نه‌خوڵقاندووه، ره‌خنه‌گرتن له‌و ئابوریه‌ی كه ئێستا له رۆژئاوا ده‌گوزه‌رێ، له‌وێوه‌یه كه ئینسان بووه به‌شتێك له‌نێو ئه‌و سیحره‌ی كۆمپانیاكان خوڵقاندوویانه، ته‌نانه‌ن له‌نێو ئه‌ده‌بیشدا كه نۆبڵ وه‌كو سیحرێكی ئه‌ده‌بی دابه‌شده‌كرێ له‌سه‌ر زانست و ئه‌ده‌ب و ئاشتی، هه‌ر ئه‌وكاته رۆڵی هه‌موو توانا‌و لۆژێك و داهێنان له‌نێو ده‌چێ، چونكه به‌پێوه‌ره‌ی توانا نادرێن به‌كارێكته‌ری ئه‌ده‌بی و سیاسی و زانستی و هتد، من نموونه‌یه‌كی زۆر واقیعی ده‌هێنمه‌وه كه زۆركه‌س ناتوانن پشتگیریم نه‌كه‌ن، نموونه‌ی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه هێشتا ئۆباما نه‌هاتبووه سه‌ر ته‌خی سه‌رۆكایه‌تی و به پراكتیك كاری نه‌كردبوو، نه‌رویژ نۆبڵی ئاشتیان پێبه‌خشی و له‌دواجاریشدا ده‌ركه‌وت پیاواێكی ئاشتیخواز نییه و زۆرترین جه‌نگیش له‌سه‌ر وه‌ختی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌و بوو، كه‌چی كه‌سیش نه‌یكرد به ره‌خنه‌ی سیاسی، هه‌روه‌ها نۆبڵی ئه‌ده‌بی درا به كه‌سێكی یۆگسلافی بۆ كورته چیرۆك كه دواجار ده‌ركه‌وت و ره‌خنه‌شی لێگرا ئه‌و توانایه له چیرۆكه‌كان و فكرهكانیشدا نییه كه نۆبڵ وه‌ربگرێت، مێژوو خۆی دووباره ده‌كاته‌وه، كاتێك كه نۆبڵ له‌نێوان ئالبێر كامۆ و نیكۆس كازانتزاكی مابوو، هه‌ق به كازانتزاكی بوو وه‌كو كامۆ خۆی ئیعتراف ده‌كات، كه‌چی نۆبڵ درا به كامۆ، ئه‌مه‌یه نۆبڵ كه سیحرێكی به‌تاڵه به بڕوای من، چونكه ده‌ستی سیاسی له پشته‌وه‌یه نه‌ك هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی و توانای تاكه كه‌سی رووت.، ئێمه تا ئێستاش به وردی باسی ئه‌و عهقلانییهتهمان نه‌كردووه كه هێشتا به ته‌واوه‌ی نه‌گه‌یشتووه به كۆمه‌ڵگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی و ناوچه‌كه، هێشتا به‌ته‌واوه‌تی موماره‌سه‌ی تاكگه‌رایی و نه‌مانی چینی ناوه‌ڕاستمان نه‌كردووه كه چه‌ند كاریگه‌ری نیگه‌تیڤی هه‌یه، هێشتا نه‌مانزانیوه تاكگه‌رایی چ كێشه‌یه‌كی روحی و ویژدانی ده‌خوڵقێنێ و چ قه‌یرانێك درووست ده‌كات كه به خۆكوژی راناگه‌ین و هتد.
درێژەی هەیە …….