ڕه‌هه‌نده‌كانی (مسته‌ر گرینۆك) له ڕۆمانی هه‌وره‌كانی دانیال دا … عه‌لی شێخ عومه‌ر
كاتێ ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (هه‌وره‌كانی دانیال)ی 1 به‌ختیار عه‌لی ده‌كه‌ین، ده‌ركه‌وته‌كانی تراژیدیای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست، ده‌رده‌كانی سیاسه‌ت و سته‌مكاری، هه‌ستكردن به توانه‌وه له نێو گهردگیربوونی كێشه‌ی ڕۆژانه‌و ، نه‌زانین و په‌ی نه‌بردن به نهێنیه‌كانی بوون و نه‌بوونی ئه‌وین به چه‌مكه ئینسانییه‌كه‌ی، كاره‌ساته‌كانی جه‌نگ وه‌ك تارمایی سێبه‌رێكی قێزوه‌ن له ڕیاڵ و له نێو ده‌روونی كارهكتهكانهوه به هه‌ماهه‌نگی سه‌رده‌كه‌ن، ئه‌مانه به ڕاده‌یه‌ك وه‌ك زیندگی تێك‌شكاون، ناژین، ته‌نانه‌ت خه‌ونیش ناتوانێ پاساویان بداته‌وه، قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه، برێك سه‌نگه‌ری ده‌روونیان ڕاگرێ و خه‌ون به دیوه جوانه‌كه‌ی ژیانه‌وه ببینن، جگه له مۆتۆكه خه‌ونیان نییه، هه‌موو له ژێر یه‌ك كاریگه‌ریدان، به یه‌ك ده‌رده‌وه ده‌ناڵێن، قه‌یران قه‌یران ڕاده‌كێشێت، ئامبازی یه‌كتر ده‌بن، بۆیه ئاساییه یه‌كی تاك خه‌ونی گشت ببینی، یان به پێچه‌وانه‌وه، گشت یه‌كی تاك بێته خه‌ونیان، كارهسهتهكان له سڕینه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانه‌وه ده‌ستپێده‌كات، جیاوازی له خه‌ون، له هه‌نگاونان، له چه‌قین و له سڕینه‌وه‌ی چه‌مكی باو، كه به درێژایی شوێنكات و سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان چاره‌سه‌ر و ساڕێژكردنی برینه‌كان دژوار ده‌كات، به ئاسته‌م تۆنی ده‌نگی ئومێد ده‌بیسترێ و نابیسترێ، ماكی ترس به ته‌واوه‌تی ده‌ستی به سه‌ریاندا كێشاوه، قوتاربوون له ترسی ژیان ڕزگار نه‌بوونه له ترسی مردن، جێگیربوونه له هیچی و پووچی و بێ مانایی، له نه‌گۆڕینی ستایلی ژیان گوزه‌ران و شوناس و ناسنامه، ئه‌وه‌ندی مژۆڵی به‌دی هێنانی حه‌زو خواستی غه‌ریزه‌ن، ئه‌وه‌نده به‌داوای هێزسالاری بیر‌و ئاوه‌زو هزری مرۆیی نین، ئه‌مش ئه‌وه‌ندی شۆك و په‌شمه له سروشتی مڕۆڤ، ئه‌ونده هێدمهگرتن و داكۆكی نییه له ڕاده‌ستبوون به ده‌ستی چاڕه‌نووسی چاوهرونكراو.
هه‌رچه‌نده ڕه‌گه‌زی گێڕانه‌وه هه‌مه لایه‌ن و فره ڕه‌هه‌نده چه‌نده‌ها ڕووداو به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێ، ده‌توانێ به‌ووردی شۆڕبێته‌وه، پێداویستی غه‌ریزی و دنیای خه‌یاڵی به‌دیبێنێ، وێنه جیاوازه‌كان به‌رجه‌سته بكات، ئاسته‌كانی گێڕانه‌وه و ئارهستهكانی له ناو ده‌قدا، ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه ئه‌م ڕۆمانه له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی توانیویه‌تی ئاست و ئاراسته‌كانی گیڕانه‌وه‌ی هه‌مه جۆر فه‌راهه‌مبكات له نێو تێكسێكدا گرێبدات ده‌كرێ به تێكستی ئاوێته هه‌ژماربكرێت، تێكست له نێو تێكست یان ڕۆمان له نێو ڕۆماندا، تا له ئه‌نجامدا ده‌گه‌ینه ئه‌و ده‌قه‌ی كه به ئاسته‌كانی گیڕانه‌وه، په‌یوه‌ندی له نیوان تێكست یان دوو به‌سه‌رهات له دوو سه‌رده‌می جیاواز به‌یه‌كه‌وه گرێده‌دات،
ڕۆمانه‌كه
ئه‌م ڕۆمانه په‌یوه‌سته به شوێنێكی جوگرافییه‌وه، به شارێك یان ووڵاتێك، له چوار لاوه به دوژمن گه‌مارۆدراوه ده‌ستپێكی ڕۆمان به كه‌سی یه‌كه‌می تاكه‌وه ڕۆده‌چێته نێو زنجیره‌ی گێڕانه‌وه، به ڕه‌وتێكی له سه‌رخۆ پردی له یه‌كگه‌یشتن له ته‌ك وه‌رگردا، ئاڵ‌و وێردهكات، په‌یوه‌ستكردنی وه‌رگر به پرسیار كردن و تێڕامان له خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان، له ڕێگای كاره‌كته‌ری هه‌مه جۆره‌وه ئه‌نجامده‌درێت، گێڕانه‌وه به دیاریكردنی ئاسته‌كانی ده‌لاله، هه‌ڵده‌ستێ به پركردنه‌وه‌ی ڕووبه‌ره‌كان، به ڕههێڵهكردنی بیر و ڕه‌هه‌نده‌كانی هه‌ست و نه‌ست له قهوارێكی فانتازییدا وتوانه‌وه، ئاوێته بوون ئه‌نجامده‌دات، ده‌مانگه‌ینێته تێكستی كۆتایی ڕووداوه‌كان، بێئه‌وه‌ی گووتاڕی ڕۆمان هاوسه‌نگی خۆی له ده‌ستبدات، ڕۆمانووس تێكست به كراوه‌یی به‌جێده‌هێڵت، بوارێك بۆ وه‌رگر ده‌رخسێنێ كه سه‌رفرازه له دیاری كردنی داهاتووی شاری (دیلاوار)ی پاش كاره‌ساته‌كانی شهر كه وه‌ك ده‌رئه‌نجامێكی كۆتاییه.
گێڕانه‌وه له‌م ڕۆمانه‌دا پێش ڕووداو ده‌كه‌وێت، هه‌ر له ده‌ستپێكه‌وه په‌یتا په‌یتا زه‌مینه خۆش ده‌كات بۆ باوه‌ڕهێنان و وه‌رگرتنی متمانه‌ی وه‌رگر، ئاوێزه بوونی به دانی شه‌رعیه‌ت، هه‌ڵكشانی درامای گێڕانه‌وه له به‌ره‌وپێشچوونی زنجیره‌ی ڕووداوه‌كاندا، په‌ڵپ و بیانوو ده‌ره‌خسێنێ، له بزاڤی شوێنكات، له ته‌نگه‌ژه‌ی بوون، له ڕه‌هه‌نده‌كانی ڕابردوودا، به ئایدۆلۆژیا پاساومان بۆ ده‌هێنێت، دیسپلین كردنی ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراو بۆ له‌باربردنی چه‌مكه‌كانی مه‌عریفه، گرێدانی به ناخی مرۆڤه‌وه له یه‌كه‌مین نیشانه‌كانی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگه‌وه ده‌ستپێده‌كات، له بڵاوبوونه‌وه‌ی درم و په‌تای خه‌ونی لێكردنه‌وه‌ی سه‌ر له جه‌سته، فوبیایی سه‌ربڕین و ڕاكردن له ده‌ستی دوژمنێكی نه‌زنراو كه به خوێنی سه‌ریان تینووه (یه‌كه‌مین سه‌ربرین نه له سیاسه‌ت، نهلهعهشق، نه‌له تۆڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه، به‌ڵكو له تاریكی ناخه‌وه له قوڵایی خه‌ونه‌وه هاتووه ــ ڕۆمان ل 173).
بێگومان تاریكی ناخ وه‌ك ئاكامێك له بۆشاییه‌وه نه‌هاتووه، به‌ڵكو وێنه‌یه‌كه له ڕیاڵ، مێژوویه‌ك له خود جێگیر ده‌كات، ڕستی نیشتهمنییهكانی غریزه كلیلێكی كورتكراوه‌یه بۆ چوونه نێو پێشینه‌ی ئاسۆكانی خه‌ون و ترس و ئه‌فسانه‌وه، به‌هانه‌یه‌كه بۆ سپیكردنه‌وه‌ی كاره‌ساته ڕه‌شه‌كانی جه‌نگ، پهردهپۆشییهكه بۆ شاردنه‌وه‌ی ڕووی ناشرینی سته‌مكاران چونكه (سه‌رجه‌م خهونهكان بریتین له تێركردنی ئاره‌زووه شاراوه‌كان یان هه‌وڵدانه بۆ تێركردنی ئاره‌زووه شاراوه‌كان)ـ2 ، هه‌ڵخلیسكان (میتافۆرس) له ئاست یهكتاخستنی ئاره‌زووه شاراوه‌كان، له‌سه‌ر سێ ئاڕاسته كارده‌كات، یه‌كه‌م به دیوی ناوه‌وه، ئاشكراكردنی نیشته‌مه‌نی نێو به‌رزه‌من(superego) به‌گوێره‌ی منی(ego) یادكردنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی ڕابردوو یه‌كسانه به كاره‌ساته‌كه خۆی، به مانایه‌كی تر سه‌رنه‌كه‌وتن، له جیاكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئاوێته بوونه له دوژمنایه‌تی به‌ستراوه به كه‌له‌پورێكی دێرین و به به‌سه‌رهاتێكی مێژوویی پڕ له نه‌هامه‌تی جه‌نگ و بگرهوبردهی شه‌ڕی مانه‌وه، كه سه‌رچاوه‌كه‌ی مێژووییه‌كی خوێناوییه له سه‌ر بنه‌مای چه‌وساندنه‌وه و زیندانی بنیاتنراوه، شوێنی ڕووداوی ڕۆمانه‌كه ته‌ژییه به گیانی تۆڵه‌كردنه‌وه، داكۆكیكردنه له مانه‌وه، له خود، ترسه له هه‌ره‌شه‌ی سڕینه‌وه، جه‌نگ، جه‌نگی شكۆیه له سنورێكی ئابڵووقه‌دراو به دوژمن، ڕووداوه‌كانی ئه‌م ڕۆمانه له‌مه‌ر شارێكی ڕۆژهه‌ڵاتییه ناوی (دیلاوار)ه بناغه‌ی شاره‌كه زیندانی بووه، مێژووی ئه‌م شاره له مۆزه‌خانه پارێزراوه، كه‌سێك به ناوی (دانیال)ه‌وه نووسیوویه‌تی، شاری (مه‌مه‌دحه‌سار) كانگای تیڕۆره، دوژمنه، یه‌كێكه له هاوسنووره‌كانی، ئیمام سوبحان به ڕه‌وتێكی ئایینی حوكمی تێدا ده‌كات، له كاتی خۆیدا شاری (دیلاوار) له بن ده‌ستیدا بووه، ئیستا رزگاریان بووه، به‌ڵام دوژمنایه‌تی نیوانیان هه‌ر ماوه، له شاری (دیلاوار)دا نه‌خۆشییه‌كی سه‌یر ته‌شه‌نه‌ی كردوه، خه‌ونێكه دڵه ڕاوكی دروستكردوه، كه‌سێكه ده‌چیته خه‌ونیان سهریاندهبریت، ده‌سه‌ڵات به سه‌رجه‌م تیمه‌كانییه‌وه، ده‌گه‌رێن بۆ ئه‌و كه‌سه وههمهیهیی كه ده‌چێته نێوخهونهكانیان، سه‌ریان ده‌بریت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌نا ده‌بنه به‌ر سێ وێنه‌كێش، تا وێنه‌ی بكوژه‌كه بكێشیت، ئه‌مه‌ش به هاوكاری سیامه‌ند كه دكتۆری ده‌روونییه، مامی (ڕێنوار زه‌ریاواری)ه له دواییدا به (مسته‌ر گرینۆك) ده‌ناسرێت، لهعیادهكهی مامی كارده‌كات، ده‌توانی خه‌ونی كه‌سانی دیكه ببینێت، دكتۆری مامی هاوكاری ده‌سه‌ڵاته، چاره‌سه‌ری نه‌خۆشه‌كان به‌وه ده‌دۆزێته‌وه، كه له شار دوورییان بخاته‌وه، له سه‌ر سنوور ئیشیان پێبكات، له به‌ره‌كانی جه‌نگدا خه‌نده‌قیان پێلێدا.
خه‌ڵكی ئه‌م شاره گه‌ر شه‌رێكی ده‌ره‌كیان بۆ په‌یڕه‌و نه‌كه‌ن ئه‌وا له ناو خۆیاندا له بێ ئیشیدا یه‌كتر ده‌خۆن چونكه (دیلاوار ئه‌وه‌ی ڕایگرتبوو هێز نه‌بوو، چه‌ك نه‌بوو پلانی سه‌ربازی نه‌بوو، به‌ڵكو خه‌ونی جه‌نگاوه‌ران بوو بۆ شكاندنی دوژمن ــ ڕۆمان ل 532) له‌و دیو سنوور (مهمهدحهسارییهكان) به هه‌مان شێوه خۆیان ته‌یار و ئاماده كردووه بۆ جه‌نگ له‌وێش هه‌مان نه‌خۆشی بڵاوبووه‌ته‌وه واتا خه‌ونی بینین به سه‌ر برینه‌وه، پێش هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕه‌كه (ئه‌ل موراد) له یه‌كه‌م فه‌سیلی سه‌ربازی (دیلاوار)دا بوو له عه‌شیره‌تی غهفورییه، له دواییدا له خولی قهناصیدا یه‌كه‌م ده‌رچوو، به دهسیسهیهك چه‌ند رۆژێ له پێش هێرشه‌كه‌ی (مهمهدحهسارییهكان) به قه‌ناص (عه‌بدولسه‌لام ماروفی) فه‌رمانده ده‌كوژێت، هه‌ڵدێت، ئه‌م كوشتنه ده‌بێته فتیله‌ی هه‌ڵگیرسانی شهر، ئاله‌م كاته‌دا (مسته‌ر گرینۆك) ڕێگای گه‌رانه‌وه‌ی نابێت به ناچاری هه‌ڵدێت، به‌رێكه‌وت له ڕێگا تووشی (ئه‌ل موراد) دێت، كه له ڕێگای دكتۆر (به‌هنام)ه‌وه ده‌یه‌وێت كتێبه‌كه‌ی (دانیال) له فه‌وتاندن ڕزگار بكات له‌گه‌ڵ قاچاخچییه‌كدا رێكده‌كه‌وێت تا بیبات بۆ لای دكتۆر (قاسم شابنده‌ر) كه‌له‌به‌ری سنووری (مهمهدحسارییهكان)ه، له دوای داگیركردنی (دیلاوار)و كاولكردنی له لایه‌ن سوپای (مامهدحهسار) ییه‌كانه‌وه، شاری (دیلاوار) تاڵان و كاول ده‌كرێ، مه‌زه‌نده ده‌كرێ، (مسته‌ر گرینۆك) له به‌ره‌كانی جه‌نگدا كوژرابێت، وه‌لێ له پاش داگیركردنی (دیلاوار)دا، (مسته‌ر گرینۆك) دێته‌وه بۆ ماڵًێ سارد‌و سڕ، مامی مردووه، چینی ده‌سه‌ڵاتدار (سه‌ی ئه‌سڵان) به‌رپرسی سوپای باغهوانهكانه، (حاكم یاسین) سه‌رۆكیانه ، خۆی و دار‌و ده‌سته‌كه‌ی هه‌ڵهاتوون، ئایا ئه‌نجامدانی جه‌نگ ده‌رمان و چاره‌سه‌ره، بۆ نه‌مان یان گۆڕینی شیواز و ڕه‌هه‌نده‌كانی خه‌ونی جه‌نگاوه‌ران ؟، یان زبری ترس له یه‌كتر به‌سه بۆ پووكانه‌وه‌ی خه‌ون و سه‌قامگیری بار‌و دۆخه‌كه، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه له پاش ئه‌و كاره‌سات و وێرانكارییانه‌ی جه‌نگ وكوشتاره‌كانی، ئایا (مسته‌ر گرینۆك) ده‌گه‌رێته‌وه بۆ زێدی خۆی یان بۆ ئه‌به‌د به جێیده‌هێڵێت، هه‌ڵبژارده‌كه هه‌ڵبژارده‌یه‌كی بوونهگهرییه، بۆ ئه‌م (دیلاوار) هیچ جیاوازییه‌ك له‌گه‌ڵ شاری (مهمهدحسار) دا دروست ناكات، چونكه ئه‌م به ئاشكرا دانی پیادێنێت و ده‌ڵێت (جێگایه‌ك بتوانم رزگاری خۆمی تێدا به ده‌ست بهێنم و له‌م جه‌نگه‌دا نه‌خنكێم (دیلاوار) نییه، من سه‌ر به هیچ شارێك و نه‌ته‌وه‌یه‌ك نیم ته‌نیا ترسێكم به سه‌ر زه‌ویدا ده‌گه‌رێم ــ رۆمان ل 472 )
مسته‌ر گرینۆك
په‌یبردن به جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌نگه‌كانی كه‌سایه‌تی (ڕێنوار زه‌ریاواری)، چوونه نێو جیهانه تایبه‌تییه‌كه‌ی، له ڕێگای شرۆڤه‌كردن و تێگه‌یشتن له چه‌مكی ده‌قه‌وه ده‌ستپێده‌كات، له‌گه‌ڵ زنجیره‌ی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه له قۆناغه جیاجیاكانی گێڕانه‌وه‌دا، ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێت، تا ده‌گه‌ینه ئاستێك ناچار ده‌بین به‌دواچوون بۆ ئه‌و پرسیارانه بكه‌ین كه له بۆشاییه‌كانی ده‌قه‌وه گه‌ڵاڵه بوونه، هه‌وڵده‌ده‌ین له ڕێگای هزرو ده‌روونزانییه‌وه، وه‌ڵاممان ده‌سكه‌وێت، بێگومان فێگه‌ری هێزه دركپێكراوهكانی ده‌روون، له‌سه‌ر دوو ئاست نه‌خشه‌ی خۆی ده‌كێشێت، یه‌كه‌م هێزی دركپێكراوی ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌ره‌وه، دووه‌م هێزی دركپێكراوهكانی ناوه‌خن، به‌رایی ڕۆمانه‌كه، كه‌سێك به ناوی (ڕێنوار زه‌ریاواری) ده‌ناسین، ته‌مه‌نی شه‌ستودوو ساڵه، له عیاده ده‌روونیه‌كه‌ی مامه سیامه‌ندی كارده‌كات، هه‌ر له‌وێش ده‌نووێت، به‌هره‌یه‌كی هه‌یه، ده‌توانێ خه‌ونی كه‌سانی تر ببینێ، په‌ی به نهێنییه‌كانی ده‌روونیان به‌رێ، كاتێ وه‌ك نوێنه‌ری پزیشكی و به‌رپرسی باری ده‌روونی ئیشكه‌ره‌كان ده‌چێته به‌ره‌كانی جه‌نگ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێویستی خۆی چاوی پرده‌بوو له فرمێسك، ئیشكه‌ره‌كان به توانجه‌وه ناوی(مسته‌ر گرینۆك)یان لێنا، له پاش هه‌ڵهاتنی بۆ مه‌مه‌د حه‌سار له كه‌سایه‌تی (حه‌سن تاج)دا رۆڵده‌گێرێت، ئایا مۆڵ خواردن به ده‌وری ئه‌م ناوانه‌دا، به هه‌ر هۆكارێك بێت سه‌پێنراوه به‌سه‌ریدا، هیچ له پێكهاته‌و كه‌سایه‌تی ده‌گۆرێت، ئایا وه‌رچه‌رخان له دیدگا‌و تێروانینی فه‌راهه‌مده‌كات !، یان ده‌بنه فاكته‌رێك كه‌سایه‌تی خۆی پێ پته‌و و سه‌قامگیر ده‌كات، یاخود كردنه‌وه‌ی دهروازیهكه بۆ ڕزگاربوون و ده‌رچوون له سنووری ئه‌و كه‌سایه‌تیه كه به (مسته‌ر گرینۆك)ناسراوه*، دوا شت شیمانه‌ی ئه‌وه‌ی لێناكرێ كه به ڕێگایه‌كدا بمباته سه‌ر شۆشتنهوه و ڕِِِِِِِِِِِِِهتووشكردنی ئه‌و وێنانه‌ی كه ویست و حه‌زه‌كانی له‌ناو خۆیدا ڕه‌نگی تێدا ده‌ده‌نه‌وه منی(ego)پێ قایل ده‌كات، ئه‌مه‌ش له دوایی درزتێكه‌وتنی دیواره‌كانی گرێی(خه‌ساندن)وه سه‌ر هه‌ڵده‌دات كه به یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانی سادیونیزمی ئه‌وانی دیكه هه‌ژمارده‌كرێت، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی (مسته‌ر گرینۆك)، له كۆمه‌ڵگایه‌كی توندوتیژو پڕ له تۆڵه‌و كوشتن و دوژمنایه‌تی چاوی هه‌ڵهێناوه، هاوكات دوژمنایه‌تی له ناوه‌خندا به ئیره‌یی و ڕهشكپێبردن ناوپۆشكراوه، ئازاردانی ده‌روونی و مازۆخیه‌ت پتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، زیاتر له‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی سروشتی بێت، بۆیه به دووری نازانین، گیانی تۆَڵهكردنهوه له ناخی (مسته‌ر گرینۆك)دا گه‌یشتووه‌ته ئاستێك كه ده‌توانێ برینێك له ده‌ره‌وه‌دا دروستبكات، هاوسه‌نگ بێت به‌و برینه‌ی كه بووه‌ته به‌شێك له خه‌سڵه‌تی نه‌هامه‌تییه‌كانی، داگیركردنی (دیلاوار) له لایه‌ن (مهمهدحهساریی)ه‌كانه‌وه، ناراسته‌وخۆ كلیلێكی سیحراوی ده‌داته ده‌ست (ڕێنوار) یان (مسته‌ر گرینۆك) تا ده‌رگا دێرینه‌كه‌ی تۆڵه بخاته سه‌ر گازه‌ره‌ی پشت كه له دنیایی بێئاگاییدا دروستبووه ..
به‌پێی زانستی ده‌روونزانی تۆڵه وه‌چه‌ی ئه‌و دایكه‌یه كه ئیره‌یی له ژێر سایه‌یدا په‌روه‌رده ده‌بێ، بۆیه هه‌رگیز تێربوونی حه‌زو خواسته‌كان به‌خۆوه نابینێ، به درێژایی ژیان هه‌ر به‌شی چپاندن بووه، كاره‌ساتی كه‌ڵه‌كه‌بوو، ئاوڕنه‌دانه‌وه، تێنه‌گه‌یشتن، گوێنه‌گرتن له داواكانی ناوه‌وه، به‌رانبه‌ر به ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی منی خود، په‌رچه‌كردارێكی نه‌رێنی فه‌راهه‌مناكات له ئازار، بۆیه كاتێ نیشته‌مه‌نی و بهرماوهكانی ڕابردوو، ده‌بنه هۆكارێك بۆ چه‌سپاندنی سادیونیزم، گه‌ڕانه‌وه بۆ قۆناغه‌كانی پێشتر، زۆر ترسناكتر ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی به‌ر له زاوزێبوون، گه‌شونمای ووزه‌ی سێكسی (لیبیدۆ) ڕه‌تده‌كاته‌وه، به‌م پێیه‌ش له قۆناغه‌كانی فۆرمه‌ڵه‌بوونی منی (ego) منی ره‌خنه‌لێگیراو ده‌چێته جێگای به‌رزه‌من(superego) له‌م نێوه‌نده‌شدا، هه‌میشه منی نێرگسیه‌ت ڕووبه‌ڕووی ئه‌م دوو منه ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش لێكترازان و زیزبوونی لێده‌كه‌وێته‌وه، گۆشه‌گیری ئه‌نجامده‌دات، به‌ڵام منی نێرگسی(خودئه‌وینی) بۆ داكۆكی و پارێزگاریكردنی خۆی، ناچێته ژێر ئه‌م باره‌وه به لاڕێگادا ده‌روات، به كرده‌ی خستنه‌سه‌ر (projection) چپاندنی هه‌ست وحهزهكانی ده‌گه‌رێنێته‌وه بۆ هۆكاری بۆماوه‌یی، به‌م شێوه‌یه ده‌توانێ پاكانه بۆ خۆی بكات و دڵی خۆی بداته‌وه (ئه‌ڵێن یه‌كێك له مامه‌كانمان كاتی خۆی له عه‌شقدا مردووه، به‌ڵام تا ساتی گیانكێشان نه‌یوێراوه ڕازی خوی به‌یان بكات، شته‌كه له خوێنماندایه ــ ڕۆمان ل 58)، له په‌یوه‌ندی ئه‌ویندا، پڕۆسه‌ی (خستنه‌سه‌ر) لای مرۆڤی پێگه‌یشتوو، كرده‌ی توانه‌وه‌و ئاوێته‌بوونی دوو خوده، ڕه‌نگدان و یه‌كبوون و وه‌رگرتنی هه‌سته‌كانی یه‌كتره، ئه‌وین شكاندنی ئابڵوقه‌ی نێرگسیه‌ته، ئه‌مه‌ش یه‌كناگرێته‌وه له ته‌ك گیانی نادروستی كه‌سێكی نێرگسی وه‌ك (مسته‌ر گرینۆك)، به پله‌ی یه‌كه‌م چپاندنی هه‌ست وحهزهكانی محاڵه له دوایی ڕاده‌ستبوونی خود بتوانی خۆی بگێڕێته‌وه، ئه‌وه‌ی شتێكی وونكردبێ ناتوانێت هه‌مان شتبدات، كه منی(ego) بۆ پاراستنی په‌یوه‌ندیه‌كانی به جیهانه‌وه ده‌ست به سه‌ر ئه‌وی( id) و به‌رزه منه‌وه (superego) بگرێت، چپكردنی هه‌سته پیرۆزه‌كانی ئه‌وینداری به پله‌ی یه‌كه‌م له‌زه‌ت وه‌رگرتن نییه له ئازاردانی خۆی، دووه‌م ئازار گه‌یاندن نییه بۆ ئه‌وی به‌رامبه‌ر، ئه‌وی دولبه‌ر، ئایا له ده‌رئه‌نجامی كۆتاییدا ملكه‌چی جۆرێك نییه له سزادان، بونێك سزا دراوه به ملكه‌چی نه‌ك دژایه‌تی، به ڕه‌وتی جیابوونه‌وه نه‌ك به لێكچوون وته‌بایی، به خۆبینین و گۆشه‌گیری، په‌راوێزخستن و نه‌ناسینی دنیایی ده‌ره‌وه به كرده‌ی (خستنه‌سه‌ر)ه بۆ دنیایی ناوه‌وه، بۆشایی دنیایی ده‌ره‌وه كۆپی دنیایی ناوه‌وه‌یه، نه‌ناسینی كه‌سانی ده‌ره‌وه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی لێكه‌وت وپه‌یوه‌ندییه، دابڕانی فاكتهكانه( بۆ گه‌نجێكی گۆشه‌گیرو بێ ئه‌زموون و كه‌م هاورێی وه‌ك من ناسینی شارێكی ئاڵۆز‌و گه‌وره‌ی وه‌ك دیلاوار ئاسان نه‌بوو ــ ڕۆمان ل 52)، (مسته‌ر گرینۆك) باس له ئه‌زموونی بێ ئه‌زموونی ده‌كات، ده‌بێ ئه‌زموونی سه‌ره‌كی گه‌نج چیی بێت گه‌ر خۆشه‌ویستی نه‌بێت كه گه‌وره‌ترین پێگه له قه‌واره‌ی هه‌بوونیدا داگیرده‌كات، به‌ڵام تا چ ئاستێ(مسته‌ر گرینۆك)سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، له گواستنه‌وه‌ی قۆناغی گۆشه‌گیری و نه بوونی په‌یوه‌ندی ئه‌وینداری، بۆ خۆ هه‌ڵگرتن خۆ كڕینه‌وه نه‌ك له ئاستی خود، به‌ڵكو له ئاست جێكه‌وت و ده‌ركه‌وته‌كانی ده‌ره‌وه‌دا.
د‌رك كردن به پرینسیپه‌كانی ئازادی، ئایا ده‌توانێ بچێته نێو قۆناغی قهرهبوونێك كه بۆنی سه‌قامگیری لێوهبكات !، حه‌زو ویسته‌كانی دیسپلین بكات، ئایا چاوێلكه‌ی ئه‌و فاكته‌رانه چین كه هه‌میشه شكستییه‌كانی(ڕێنوار)ی پێ ده‌بینرێت، ڕه‌نگی پێیانه‌وه گرتووه، بوونه‌ته پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی له كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی، گه‌ر زیادڕۆیی نه‌كه‌ین بووه‌ته مۆركێك كه چاره‌نووسی دیاریده‌كات، له باره‌ی مۆركهوه ناپلیون پۆناپۆرت گووتهزایهكی هه‌یه قسه‌كه‌مان ساغدهكاتهوهو ده‌ڵێت (حه‌زی تێرنه‌بوو ده‌گۆرێت بۆ مۆرك، مۆركیش چاره‌نووسه)3 ، ئایا (ڕێنوار) له هاوكێشه‌ی كوتاییدا ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌خۆش نییه!..
هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م بارودۆخه، پووكانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه سروشتییه كه له دارشتندا منداڵ به دایكه‌وه ده‌به‌ستێت، گه‌شه‌كردن له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، له‌باربردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه به پله‌ی یه‌كه‌م، به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ دایكییه‌تی، به پله‌ی دووهه‌م باوكییه‌تی، تا ده‌گاته ڕاده‌یه‌كی ئه‌كتیڤ، هه‌ر له‌وێشه‌وه هاورده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كرێ (كۆمه‌ڵگا) ڕه‌نگی تێدا ده‌داته‌وه، بۆیه ده‌بینین (ڕێنوار) به هیچ شێوه‌یه‌ك زمانی نابزوێت، نه به باش نه به‌خراپ باسی دایكی ناكات، نه باسی ژیانی سێكس و نه باس هیچ ئه‌زموونێكی ئه‌وینداری ده‌كات، كه سه‌رتۆپی گشت كێشه‌كانییه‌تی، هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ده‌دات ، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه په‌یوه‌ندی (ڕێنوار) له ته‌ك دایك و باوكییدا، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌قینه نه‌بووه، هه‌ر وه‌ك ژیانی ڕه‌مزی بووه، كه هیما زمانی نائاگاییهكانی ژیانی سێكسی و په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ دایك و باوكییدا داپڵۆسێ و دهمكووتیبكات، به هیچ كلوجێ حه‌زناكات له پنته قووڵاییه‌كانی نائاگاییدا، لانه بۆ خۆی پێكهوهبنێ، به‌ناچاری قوربانیدان به‌هیما ده‌بێته زمان و شایه‌دحاڵی ژیانی سێكسی و په‌یوه‌ندییه سۆزدارییه‌كانی، به هه‌ر نرخ و ڕێگایه‌ك بێت هه‌وڵده‌دات باری نائاسایی خۆی پرینسیپی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی ئه‌وینی تاربوو بگێرێته‌وه، ئاماده‌یه هه‌موو نه‌مایشێك بكات تا بێته جێگای سه‌رنج و متمانه‌ی به‌رامبه‌ر، به پله‌ی یه‌كه‌م (دایكی)، هه‌وڵه‌كانی له ڕستێك نمایشدا خۆی ده‌نوێنێ بۆ پێكانی چه‌ند ئامانجێك، یه‌كه‌م بۆ دۆزینه‌وه‌ی خۆی، دووهه‌م بۆ گه‌یشتن بۆ به‌ر سێبه‌رو سۆز‌و خۆشه‌ویستی دایكی، سێهه‌م بۆ قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌سته ئاڵۆزه‌ی كه‌تێدا نغرۆ بووه داوای وه‌ڵام و سه‌قامگیری ده‌كه‌ن، وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له شوێنی دیكه‌دا، ده‌یخاته كار، ساڵێك له كولیژی حقوق خوێندی، ساڵێك ئه‌ندازیاری خوێند، ساڵێكیش چووه به‌ر خوێندنی فه‌لسه‌فه، بۆ ته‌واو نه‌كردنی هه‌ریه‌ك له‌مانه، (ڕێنوار)ی نێرگسی بیانوویه‌كی ده‌هێنایه‌وه، بۆ نموونه، ده‌رباره‌ی كولێژی یاسایی ده‌ڵێت (مرۆڤ یاسای دروست نه‌كردوه تا كێشه‌كانی خۆی پی َچارهسهر بكات، به‌ڵكو یاسای دروستكردووه تا ژیانی خۆی پربكات له كێشه‌ی بێ كۆتایی ــ ڕۆمان ل32)، په‌نا بۆ كلیلێكی سیحراوی تر ده‌بات، ده‌چێته ئه‌ندازیاری ** له‌وێوه هه‌ڵدێ بۆ به‌ر خوێندنی فه‌لسه‌فه، ئه‌م هه‌موو بازدان و جێگۆركێیه بێ له‌كه نییه، له په‌شێوی ده‌روونه‌وه دێت، له هه‌ستكردن به تاوانه‌وه دێت، ئه‌و جیگۆركێیهی له ده‌ره‌وه ده‌یكات قه‌ره‌بووی بۆشاییه‌كانی ده‌روونه، ده‌یه‌وێت پریبكاتهوه، كۆپی ناوه‌وه‌ی خوده، دایك فهرامۆشیكردوه به دابڕان نه‌ك به كۆمه‌ك و پشتگرتن، به جیابوونه‌وه و پارادۆكس نه‌ك یه‌كگرتن و ئاوێته‌بوون، ده‌كرێ كۆیی ئه‌مانه له بۆته‌ی متمانه نه‌بوونی دایكی‌دا كۆبكه‌ینه‌وه، كه به‌قا به (ڕێنوار)ی كوری ناكات به‌وه‌ی بتوانێ هیچبكات، ئاماژه‌كانی ئه‌م هاوكێشه‌یه و چه‌ندایه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كان و چۆنایه‌تی ئه‌وه ئاشكراده‌كه‌ن، كه باوكی گه‌مارۆدراو و كوری خه‌سێنراو له ناو جه‌رگه‌ی ئوینێكدان، كه به ڕق و كینه‌ی نا ئاگایی دایكدا ئاودراون، خه‌سێنراو ڕه‌گی زۆر قوڵتره له ڕق و كینه‌ی باوك، ڕقی باوك لاوه‌كییه له موڵكایه‌تی دایكدا كورتده‌بێته‌وه، وه‌ك ڕقی دایك سه‌ره‌كی نییه، به‌وه‌ی ئه‌و دایكه له بنه‌ره‌تدا كوره‌كه‌ی دهسهپاچهكردووه، بێبهشیكردوه، پشكی ئه‌وه‌ی ناداتێ كه خاوه‌ن خۆی بێت، چاره‌نووسی خۆی دیاریبكات، هیچ نه‌بێت بتوانێ له بچوكترین شت‌دا ڕكابه‌ری باوكی بێت، به هه‌موو دووعایه‌ك نه‌ڵێت ئامین، چاوشكێنراوه، خه‌ساندن و بێده‌سه‌ڵاتی نائومێدی پێبه‌خشیووه، حوكمی ئه‌م نا ئومێدییه به كرده‌ی (خستنه‌سه‌ر) وه‌ك ڕۆتین نه‌ك ته‌نیا لای باوكی، به‌ڵكو له سه‌رجه‌م كه‌سه‌كانی خێزانه‌كه‌یدا ده‌خوێندرێته‌وه، له دوای ته‌واونه‌كردنی خوێندنی فه‌لسه‌فه‌دا به ته‌واوه‌تی ده‌چه‌سپێ، (وازهێنانم له خوێندنی فه‌لسه‌فه باوكمی به ته‌واوه‌تی نا ئومێدكردو ناوم له ناو خوشك و براكانمدا وه‌ك كه‌سێكی بێكهڵك و خۆ نه‌ناس ده‌نگیدایه‌وه ــ ڕۆمان. ل 33)
له‌مه به‌دواوه بۆ باوكی ڕوون بووه‌وه كه بۆ هیچ شتێك ده‌ست نادات، چیی ماوه‌ته‌وه بیگرنه‌به‌ر كه نه‌كراوه ده‌رهه‌ق به (ڕێنوار)ی ته‌نیا له كاتێكدا ئه‌می داماو رۆڵیدهگێرا، خۆی نهمایشدهكرد تا ئافه‌ریمی ئه‌وان به‌ده‌ستبهێنی، ئه‌وانیش سه‌رقاڵن به دارشتنی ئه‌جیندای پیلانێك، كه له چینه قووڵه‌كانی نائاگاییدا، سیناریۆییان بۆ كێشاوه، به لینگووقووچی پاداشتی ئه‌ده‌نه‌وه، له پشت په‌رده‌ی خۆشه‌ویستیه‌وه، ئاراسته‌ی خۆلادان و دوورپه‌رێزی هه‌ڵده‌بژێرن، چاره‌نووسی (ڕێنوار) له گه‌ڵ خۆیاندا پۆلین ده‌كه‌ن، ژیانی هاوسه‌ری ده‌خه‌نه سه‌ر شانۆی ژیانی، ده‌یانه‌وێت ژنی بۆ بهێنن، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی دابمه‌زرێت، ژیانێكی ئاسووده به‌سه‌ر به‌رێت، باوكی چاك ده‌زانێت ئه‌م به كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت، جومگه‌كانی لێك كراوه‌ته‌وه، ئایندهی دیار نییه، ئیتر دامه‌زراندنی چی، له كۆڵی خۆیانی ده‌كه‌نه‌وه و سكتریدهكهن، ئه‌م پێش دامه‌زراندن یان هاوسه‌رگیری ده‌بێ ئاشتبكرێتهوه، یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی خۆیدا، دووهه‌م له گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاكه‌ی به مه‌رجی ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌وان و ڕاساندنی خۆی، نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی، منی (ego) بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستی و گومان جیابكاته‌وه، ده‌بێت پته‌وو به‌هێزبێت، به‌وه‌ی دنیا هه‌موو چه‌وته، ئه‌م به‌ته‌نیا ڕاسته، هه‌ر له‌م دهرچهیهشهوهیه ده‌بێ ژیانێ بژێت كه‌سی تر به‌و شێوه‌یه نه‌ژێت ، دوالیزمه‌ی ده‌ركردنی (ڕێنوار)ی پاش شكستییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو قاوغ و ژیانێكی نۆی له ناو خود‌و منی (ego) دا پارادۆكسی نه‌توانه‌وه‌ی خودێك له خودێكی دیكه‌دا ئه‌نجامده‌دات، ده‌كرێ به هیوای شكاندنی ئابڵوقه‌ی نێرگسیه‌ت ژیان له باوهشبگرێ، به‌په‌له ئاماده‌باشی ڕابگه‌یه‌نێت به ڕازیبوون نه‌ك به خۆشه‌ویستی(من له كۆتای بیست وسێ ساڵی ته‌مه‌نمدا شتێكی ترسناكم تووشهات شتێك كه خۆشم هۆكاره‌كه‌یم خانمێكمیان بۆ دیاریكرد تا بیخوازم، كه كورێكی ئارام و شه‌رمنیش بووم هه‌ر زوو پێشنیاره‌كه‌م قه‌بووڵكرد و رازیبووم بێ هیچ خۆشه‌ویستییه‌ك ــ ڕۆمان ل 34) ڕاده‌ستبوونی (ڕێنوار) به هاوسه‌رگیری ئه‌نه‌لۆگه له گه‌ڵ ئه‌و په‌یوه‌ندییه شاراوه‌ی كه له ته‌ك دایكی‌دا هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ی دایكی له‌می سه‌ندووه، ئه‌م ناتوانی وه‌ریبگریته‌وه له ته‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌یه‌وێت هاوسه‌رگیری له ته‌كدا بكات، واتا له گه‌ڵ (سابات)دا.
رێنوار كه‌سێكه، ده‌رئه‌نجامێكه نهێنی خۆی هه‌یه، ده‌بێ كه‌سێك هه‌بێ بیخوێنێته‌وه له سه‌ر بنه‌مای گۆڕینه‌وه‌ی هه‌ستێك كه ته‌واوكردنی یه‌كتربن، شوناس فه‌راهه‌مبكات، ئه‌وه‌ی (ڕێنوار)ی هه‌راسان كردووه، نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كه، كه له سه‌ر بنه‌مای ئه‌وینداری دانه‌مه‌زراوه، هاوسه‌رگیرییه‌كی عاده‌تییه، ته‌نیا ماڵ پیكهوهنانهو هیچی تر، به‌بێ ڕۆحی خۆشه‌ویستیه، ئه‌م چیتر به‌رگه‌ی ڕووداوه‌كانی ڕابردوو ناگرێت، ده‌یه‌وێت سیسته‌می یاده‌وه‌رییه‌كانی ڕوانین و هزری بگۆڕێت، ئه‌و ئه‌زموونه دووباره نه‌كاته‌وه كه باوكی به دایكییه‌وه به‌ستووه، ئه‌میش به‌وانه‌وه وه‌ك قوربانییه‌ك گیری خواردووه، قوربانی خێزانێك، خاڵی له خۆشه‌ویستی و له میهره‌بانی، ناسین و په‌یبردن بۆ ڕابردووی خۆی پێداگیری له بریاره‌كانی سووك ده‌كات، هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی په‌كده‌خات، به سڕینه‌وه‌ی پیلانی هاوسه‌رگیرییه‌كه سڕینه‌وه‌ی خۆی دووپات ناكاته‌وه، به تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی بۆ یه‌كه‌مجار وه‌ك په‌رچه‌كردارێك متمانه به‌خۆی ده‌كات، ده‌توانێ خه‌ون ئه‌وانی تر ببینێت، ئا له‌و ساته ناسكه‌دا، خه‌ونێكی عاشقانه‌ی ده‌بینێت ده‌زانێت كه (سابات) كه‌سێ دیكه‌ی خۆشده‌وێت، ئاماده‌شه وه‌ك قوربانییه‌ك له گه‌ڵ ئه‌مدا هاوسه‌رگیری بكات، چ هاوسه‌رگیرییه‌ك وه‌ك هی باووباپیرانی، وه‌ك هاوسه‌رگیری (دیلاوار) له‌گه‌ڵ مێژوودا، یان له گه‌ڵ كتێبی (هه‌وره‌كانی دانیال)دا، ئیستا تاقیكردنه‌وه‌ی زه‌مه‌نه له سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پێدراوه‌كانی ڕابردوو، ئیستا ڕزگاربوونی (ڕێنوار)ه له كویلایه‌تی بریار وه‌رگرتنه، مالئاوایی هه‌تاهه‌تاییه له (سابات) ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ی (ڕێنوار) پێگه‌ی باوكی له‌قده‌كات تووش شۆك و نارهحهتیدهكات بۆیه زۆربێ به‌زه‌ییانه سزایه‌كی ده‌روونی تووندی ده‌دات، دوو ساڵ له دوكانێكی به‌تاڵدا گیریدهكات، سه‌رجه‌م بێ ئومێدی و نه‌هامه‌تییه‌كانی (ڕێنوار) به كرده‌ی (خستنه‌سه‌ر) به‌كۆی ڕاز‌و خورپهكانیهوه كه به‌دوای یه‌كدا كهڵهكبوون، هه‌ر له په‌یوه‌ندی خێزانی، هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستخستنی باوهرنامهوه و هه‌موو ئه‌مانه بۆ سه‌لماندن و ڕازیكردنی ڕۆحی نێرگسیه‌تی بوو، پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كهموكوڕیانهیه كه دایكی پێی به‌خشیوه، كاردانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌مانه ئیستا وه‌ك خه‌نجه‌رێكه ته‌شه‌ری لێده‌ده‌ن، ئه‌و كون و كه‌له‌به‌ره‌ی پێده‌گرێت كه خوازیار بوو له ناویاندا به‌رده‌وامی به ژیانبدات، وه‌لێ هه‌موو ڕۆیشتن، به‌تاڵبوون وه‌ك ئه‌و دوكانه به‌تاڵه‌ی باوكی كه هه‌ستی نیرگسیهتی ئه‌می پێدهكولێنێتهوه، زاماری ده‌كات، دوكانێكی به‌تاڵ و مرۆڤێكی به‌تاڵ، ، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، نه ئه‌م پرسیار ده‌كات، نه باوكی لێیده‌پرسێت، له نۆی به‌یانییه‌وه بۆ شه‌شی ئێواره، له دوكانێكی به‌تاڵ، بێ ئیش و بێكار، به دیار ته‌له‌فۆن و كورسی و مێزو قاسه‌یه‌كی به‌تاڵه‌وه ده‌بێ دانیشێنێت، ئه‌م سزایه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه (ڕێنوار) وه‌ك مرۆڤێ ئه‌وه ڕه‌تده‌كاته‌وه كه وه‌ك ئه‌وانی تر بێت، ناتوانی له دنیای ئه‌واندا زیندگی بكات، پێده‌چێت ئه‌م له چاو ئه‌واندا، له جیهانێكی شیزی (فصام)دا بژی، كه‌واته ده‌كرێ ڕه‌هه‌نده‌كانی كه‌سایه‌تی (ڕێنوار)، ئه‌وه بدات به ده‌سته‌وه، كه بوونایه‌تی ئه‌وه نییه كه هۆشیاریمان دیاریبكات، به‌ڵكو هۆشیاریمانه سكێچی بوونمان له ژیاندا دیاریده‌كات و ئاراسته‌ی ده‌كات، به‌م كرده‌یه‌ش دووجار تووشی وونبوون ده‌بێت، یه‌كه‌م له كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌هاكانی جیهانی ده‌ره‌وه، به‌وه‌ی گۆیان ناداتێ و بێده‌نگی هه‌ڵبژاردوه، دووه‌م به گه‌وره كردنه‌وه‌ی جیهانی ناوه‌وه، به‌رگه گرتنی له ژیانێكی بێ‌مانا و بێ بوون و بێبه‌رهه‌م، نه‌بوونایه‌تی به‌ڵگه‌ی بوونیه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وانی دیكه بۆ ئه‌م، ته‌نیا له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه‌یه كه له‌وان ناچێت، ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێكه بۆ ده‌رچه‌ی بوون، كه‌خۆی تێدا فه‌راهه‌مده‌كات، چونكه بوونێكه له بوونه‌كانی تر ناچێت، به چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت، له نائامادهبووندا، به هۆشیارییه‌وه ئاماده بوون به‌ده‌ستده‌خات، هۆشیاری ناكه‌ویته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م، له ڕێگای ئه‌وانی دیكه‌وه بوون و پێگه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌مه‌شه كاتێ دكتۆر سیای مامی دیبات وه‌ك هاوكارێك لهعهیادهكهی كاربكات، ئه‌م یه‌كسه‌ر ڕازی ده‌بێت و هه‌ر له‌وێش ده‌خه‌وێت، ده‌گمه‌ن نه‌بێت نایه‌ته‌وه بۆ ماڵی باوكی، نایه‌ته‌وه بۆ دۆزه‌خ و سزا، چونكه چاك له‌وه گه‌یشتووه كه له ناو زیاتر هیچ شتێك ئه‌م به‌و خانهوادهیهوه نابه‌ستێت، جوبران خه‌لیل ئاسا ده‌ڵێت چیتر ( مناڵه‌كانتان مناڵی ئێوه نین)، لێره‌وه یه‌كه‌م خاڵی وهڕگڕانه له ژیانی (ڕێنوار زهریباوی) شكاندنی چه‌مكی ملكه‌چی فه‌راهه‌مده‌كات.
ده‌رگای یه‌كه‌می هۆشیاری ده‌كاته‌وه، یاخی ده‌بێت له خێزان، ژیانی ته‌نیایی هه‌ڵده‌بژێرێت و به درێژی رۆمانه‌كه هاوسه‌رگیری ناكات، وه‌چه ناخاته‌وه، نابینین به‌لای ڕه‌گه‌زی مێینه‌دا بڕوات، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به‌ره‌نگاری حه‌زو ویسته‌كانی جه‌سته‌ی ده‌بێته‌وه، به ناچاری له پاش تیماركردنی زامه نێرگسییهكانی له به‌رانبه‌ر پیدراوهكانی ده‌ره‌وه‌دا، جگه له شه‌رێكی به وه‌كاله‌ت هیچ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی دیكه‌ی نییه، ئه‌وه نه‌بێ به لارێگادا بڕوات، چیتر ململانی دژی ئه‌م، شه‌ری ئه‌م نه‌بێت، گوڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی، چاره‌نووس پیشه‌ی ئه‌م نییه، وه‌ك له‌مه‌و پێش ئاماژه‌مان بۆ كرد، ژیانی زنجیره‌یه‌ك بوو له كیشه‌وه له دۆراندن و قوربانیدان، له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی شه‌ری نێرگسیه‌ت ئامانجه‌كانی دیاریناكات، ئیتر نه پێویستی به هه‌بوونی كێشه‌یه، نه به ململانی، هێز له ناخدایه، له كانگای خود دایه، ڕه‌هایه به‌پێی سه‌رجه‌م پێوه‌ره‌كان، هه‌ست ناكات پابه‌ند بێ به په‌یوه‌ندییه‌كه‌وه یان به كه‌سێكه‌وه، به‌كارخستنی نێرگسیه‌ت ناچێته دۆخێكه‌وه، ته‌نیا خود بخوێنێته‌وه به‌ڵكو بۆ سه‌رجه‌م كه‌ره‌سته‌كانی درێژ ده‌بێته‌وه، بۆیه (ڕێنوار) ئه‌و كاره‌ی مامه (سیا) بۆی ده‌ستنیشانكرد وه‌ك له پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد زۆری به دڵ بوو، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك وازی لێ ناهێنێ، به پێی ئه‌م خاڵانه بۆ ئه‌م چاره‌سه‌ره ، یه‌كه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌كه‌ی ده‌روونزانییه، بۆ ئه‌م ده‌رمان بوو تا به‌سه‌ر كێشه ده‌روونی و جهستهییهكانیدا سه‌ربكه‌ویت، ئه‌مێكی لاواز‌و تێكشكاو به بچووكترین شت كاری لێده‌كات، ده‌یخاته گریانه‌وه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه به (مسته‌ر گرینۆك) بانگی ده‌كه‌ن، دووه‌م ئه‌م ده‌توانێ خه‌ونی كه‌سانی تر ببینیت، واتا ده‌توانیت په‌ی به‌نهێنی ده‌روونی خه‌ڵك ببات، ئاشكرایان بكات هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه مامی دۆسیه‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ونی نه‌خۆشه‌كان به‌م دهسپێڕێ، سێیه‌م عیاده‌كه‌ی مامی پێگه‌یه‌كی باشی كاركردنه بۆ گێڕانه‌وه‌ی به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ی، چواره‌م شكاندنی ئه‌و ته‌وقه‌یه، به‌تاڵكردنی ئه‌و تێڕوانینه‌یه كه ده‌ڵێت به كه‌ڵكی هیچ نایه، پێنجه‌م جۆریكه له به‌رنگاربوونه‌وه باوك ئینجا دایك و ئه‌وانی تر، شه‌شه‌م سه‌لماندنی خوده، حه‌وته‌م ئیشه‌كه‌ی ده‌كاته ده‌سكه‌لا بۆ دووركه‌وتنه‌وه له ماڵه باوك و شه‌وانه‌ش هه‌ر له عیادهكه ده‌خه‌وێت، كتێب و ڕۆمان ده‌خوێنێته‌وه، دوا شت منی (ego) داكۆكیكی نێرگسیانه ده‌كات به‌رانبه‌ر به‌و زام و شكستیانهی كه به‌سه‌ریدا هاتووه، له ده‌رئه‌نجامدا ناچار ده‌بێت، به پاڵپشتی خوودێكی به‌هێز بوونی خۆی ڕه‌تبكاته‌وه، هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌م قوربانیشهوهیه، جگه له نه‌بینینی خه‌ونه‌كانی خۆی ده‌توانێ بچێته خه‌ونی ئه‌وانی تر‌و بیانبینێت، نهێنیه‌كانیان ئاشكرابكات، له ته‌ك خۆیدا دابڕان ئه‌نجامبدات، ئه‌وه‌ی دیار نییه له ناوه‌وه‌یدایه، ئه‌وه‌شی دیار و خه‌ونیان پیوه ده‌بینێ كه‌سانێكی نه‌خۆشن، له ده‌روه‌ی ئه‌من، ئاماده بوونیان تایبه‌تمه‌ندیه، نائامادهبوونیان شتی گشتگیره، لێره‌وه به دیاریكراوی (ڕێنوار) له كه‌س ناچێت، كه‌سیش له‌و ناكات، مامه (سیا) وه‌ك دكتۆرێكی ده‌روونزانی ئه‌م بۆ چوونه پشتڕاستده‌كاته‌وه، به ڕاشكاوی پێیده‌ڵێت(من ده‌زانم تۆ له كه‌سی تر ناچیت، تۆ له تایه‌فه‌ی زه‌ریاواری گه‌رێ، له هه‌موو شاره‌كه‌شدا كه‌سی وه‌ك تۆم نه‌دیوه ــ ڕۆمان ل 61) به‌ڵێ (ڕێنوار) تووشی فوبیای مێگه‌ل نه‌بووه نابێت، به پرینسیپی ملدان له گه‌ڵ خۆیدا ده‌ژی، به دڕوشمی (به‌ڵێ گه‌وره‌م) كاره‌كانی ڕاییدهكات، وازی له خۆی هێناوه، له كوی پچرا له‌وێ گرێی ده‌دات، نه دژه نه هاوڕایه، بوونێكه ملكه‌چی و ترس به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه نه‌ك دژایه‌تی، به شووناسی پارادۆكس نه‌ك لێكچواندن، به باڵابوون و به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، بۆشاییه‌كانی ده‌ره‌وه كتومت كۆپی ئه‌و بۆشاییانه‌ی نێو ناخه، ئه‌م ڕێگاڕۆیشتنه كه لای (ڕێنوار) ده‌یبینین تامی لێنانی ژه‌مێكه ته‌ژییه به ئاڵه‌تی شكستی نه‌ك سه‌ركه‌وتن، هه‌رگیز نه‌گه‌یشت به مه‌رام نه له‌لایه‌ن خویندن نه خێزان نه له په‌یوه‌ندی سۆز‌و ئه‌وینداری، تاكاندنی ئه‌م له نێو كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه وه‌ك مێگه‌ل ده‌ژین و ده‌كه‌ن ودهخۆن، ته‌نیا ئه‌م نه‌بێت به ڕاستگۆیانه، وه‌ك نوێنه‌ری پزیشكی سه‌رجه‌م نووشووستیهكانی به كرده‌ی (خستنه‌سه‌ر)، له ده‌روونی ئه‌و ئیشكهرانهدا ده‌بینێ كه بۆ كرێكاری بۆ خه‌نده‌ق لێدان ڕه‌وانه‌ی چیاكان كراون ، (ڕێنوار) نایشاریته‌وه، به ئاشكرا پێی لێده‌نیت و ده‌ڵێت( ئیشم ئه‌وه‌یه گوناهی هه‌موو خه‌ڵكانی گوناهبار بخه‌مه ئه‌ستۆی خۆم من پیشه‌م داوای لێبوورنه ــ ڕۆمان ل 227) ئه‌م ده‌سته واژه‌یه به مكیاژه‌وه ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه كراوه، به‌ڵام له ناوه‌خندا به خۆرسكی به‌م جۆره‌یه، (گوناهی من له ئه‌ستۆی خه‌ڵكدایه، گه‌ر پیشه‌یه‌ك هه‌بێ، ده‌بێ داوای لێبوردن بێ له من) چونكه من له‌وان ئینسانیترم، نێرگسیه‌ت و خود ئه‌وینی (ڕێنوار) گه‌یشتووه‌ته ئاستێ، پیغه‌مبه‌ر عیسا ئاسا ئاماده‌یه بۆ ژیانه‌وه‌ی ئه‌وان، بوونی خۆی بكاته قوربان، گه‌ر نا خۆی ده‌ژێت و ئه‌وان ده‌كاته قوربان، ئه‌مان له یه‌ك كاتدا هه‌م جه‌لادن، هه‌م قوربانیشن، هه‌روه‌ك بڵند حه‌یدری شاعیر له یه‌كیك له هۆنراوه‌كانیدا ده‌ڵێت ( ئه‌ی تۆی بكوژ‌و كوژراو .. تۆی برین وتۆی چه‌قۆ)4 دنیا هه‌مووی چه‌وته‌و گوناهباره، (ڕێنوار) به تاق و ته‌نی ڕاسته‌و خۆبه‌خشه گوناهیان هه‌ڵده‌گرێ، به‌م كرده‌یه‌ش ده‌بێ له ژیانێكدا بژێت كه‌سی تر به‌و شێوه‌یه نه‌ژێت، هه‌ستكردنیش نییه به ژیان و به بوون، گه‌ر ڕووبه‌ڕووی مردن نه‌بێته‌وه، جیاوازی به‌ینی مردن و ژیان ناكات، هه‌ندێ جار ژیان وه‌ك مردن وایه، مردنیش ته‌نیا ئومێده له ژیاندا، له مردن‌دا نه بوێری هه‌یه، نه هه‌ڵبژاردن، نه رزگار بوون و نه‌حه‌وانه‌وه، سزایه‌كی ئه‌به‌دییه، هه‌ڵگرتنی خه‌مێكی ئه‌نتۆلۆژییه، به ئاماده بوونی ئاماده‌م، هه‌م، پێچه‌وانه‌ی ئه‌زموونی خۆشه‌ویستییه كه هه‌رگیز نامكاتهوه به‌وه‌ی جاران، چیتر ڕێگا ناده‌م، ئومێد‌و چاوه‌روانی بمكوژێت، من ئه‌وسا به‌یه‌كجاری مردم، كه به‌های خودی له ده‌ستچووم گێڕایه‌وه (سابات)م سڕییه‌وه و فه‌رامۆشم كرد، زه‌رده‌خه‌نه‌ی تۆراوم گه‌رانده‌وه، (ڕێنوار) بێ شاردنه‌وه پێ له‌و ڕاستییه ده‌نێت و ده‌ڵێت (چ خۆشبه‌ختی و بار سووكییهكه كه‌س خۆشی نه‌وێت، چ نیعمه‌تێكی گه‌وره‌یه هه‌مووان فهرامۆشتبكهن ــ ڕۆمان ل 323) به مانایه‌كی دیكه به كرده‌ی (خستنه‌سه‌ر) ده‌كرێ به‌م شێوازه‌یه ڕاستی بكه‌ینه‌وه (چ خۆشبه‌ختی و بار سووكییهكه، كه‌ست خۆشی نه‌وێت، چ نیعمه‌تێكی گه‌وره‌یه هه‌مووان فهرامۆشبكهیت) ده‌روونێكی خاڵی وه‌ك دووكانه‌كه‌ی باوكی، له‌بار بردن، نه له خاچ ده‌درێت، نه به‌رده‌باران ده‌كریت، نه سزاده‌درێت، نه وه‌ك ئه‌وین ده‌توانێ گه‌مارۆی نێرگسیه‌ت تێكبشكێنی، ( كه‌مترین راده له نێرگسیه‌ت ژیان ده‌پارێزیت دوا ڕاده‌ش ژیان وێران ده‌كات)ئه‌ریك فڕۆم 5 .
ئافره‌ت ئه‌و پیاوه‌ی خۆشده‌وێت كه داوای بكات نه‌ك ئه‌و پیاوه‌ی په‌یوه‌ندی له گه‌ڵیدا هه‌یه و داوای ناكات، ئه‌ی كه‌واته بۆ (سابات) (ڕێنواری) ڕه‌تكرده‌وه، ئایا به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه (ڕێنوار) له ڕێگای خه‌ونێكه‌وه په‌یوه‌ندییه شاراوه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات، ئایا نابێت (ڕێنوار) له بنه‌ره‌تدا ئه‌و وێنه‌یی بۆ دروستكردبێ، سه‌لماندنی ئه‌و وێنه‌یه بكاته ڤیزا تا (سابات) له گه‌ڵیدا نه‌گونجێت، به ناراسته‌وه‌خۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌كه بخاته مل ساباته‌وه، چونكه (ئه‌و پیاوه كه وێنه‌ی ژن بۆ خۆی دروستده‌كات و ژن ته‌نها خۆی له گه‌ڵ ئه‌و وێنه‌یه‌دا ده‌گونجێنێ) 6 ، خودی (ڕێنوار) به‌و نێرگسیهتهوه ناتوانێ خودێك ئاوێته‌ی خودێكی تر بكات، بۆیه ئه‌و خه‌ونه ته‌نیا بیانوویه‌كه، بۆ شكستهێنانی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه، ڕاستییه‌كه‌ی (ڕێنوار) ئه‌وی ناوێت و نایه‌وێت خۆی خراپ بكات، به‌ڵكو خراپه‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی، ئه‌وه‌تانێ خه‌یاڵ ده‌كات، دڵی خۆی ده‌داته‌وه، له‌بری ئه‌و، به زمانی ئه‌وی نائاماده، ده‌دوێت ده‌ڵێت (له‌به‌ر ئه‌م عه‌قڵه‌ت عاشقت نه‌بووم ــ ڕۆمان ل 323) كام عه‌قڵه! ئه‌و عه‌قڵه‌ی كه ڕه‌گی له یهكنهگهیشتنێك مه‌یسه‌ر ده‌كات، سه‌رچاوه‌كه‌ی جیاوازییه‌كه، گه‌مه‌یه‌كه، به ڕه‌تكردنه‌وه، ڕیساكانی هاوبیركردنهوه له خۆ ده‌گرێت، نه داكۆكی له حه‌زه‌كانی ده‌كات، نه‌هیچ، بێ زیاده‌رۆی كڵۆمدراوه، دژواره ده‌سكاری بكرێت، (سابات) ژیانی ده‌وێت (ڕێنوار)یش وه‌ك قوربانیی كۆمه‌ڵێ نسكۆ، بوونی خۆی ڕه‌تكردووه‌ته‌وه خۆی به مردوو ده‌زانێت، دوانه‌ی ژیان و مردن له‌ژێر یك سایه‌دا كۆنابنه‌وه، ئاماده‌بوونی یه‌كیكیان، نائاماده‌بوونی ئه‌وه‌ی دیكه ده‌سه‌لمێنێ، ئیراده‌ی جیابوونه‌وه‌ی له (سابات) و هه‌ڵبژاردنی ژیانی ئازادی و دوورپه‌رێزی، له بهرهنگاڕی و له بریاری ئازایه‌تیه‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو له ترسنۆكی و بێ ئیراده‌یه‌وه دێت، ئه‌گینا چۆن وا به سانای ده‌سبه‌رداری (سابات) ده‌بێ، كه له ناوه‌خندا خۆشیده‌وێت و هه‌ندێ جاریش بیری ده‌كات، (مسته‌ر گرینۆك) باك ڕاوندێكی خۆشی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی خۆشه‌ویستیدا نییه،
ڕاساندن ئاراسته‌یه بۆ ئه‌وین، پشتكردن له ئه‌وین وێنه‌یه‌كی زیندووه بۆ سزای ده‌روونی، شیزوفرینا گه‌ر نه‌چێته چوارچێوه‌ی زه‌ینه‌وه كه له گه‌ڵ شكستیهكانیدا گوزارشت له كێشبهندییهكانی ده‌كات ده‌نه‌ی جێگیركردنی ڕابردوو ده‌كات ده‌یانگه‌رێنێته‌وه بۆ قۆناغی(نگوص) واتا قۆناغی پێش خۆی، به مانای گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی (مسته‌ر گرینۆك) له ته‌ك دایك و باوكی‌دا، به‌وه‌ی بابه‌تی یه‌كه‌من له ئه‌وین و له ڕق ، ( شیزوفرینا بێده‌سه‌ڵاتی مرۆڤه له ده‌ربازبوون له ده‌ستی ڕابردوو و دریژبوونه‌وه‌ی مێژوویهكهیهتی) فیلیب ریف 7، ئه‌م ترسنۆكه، به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی نیشتهمهنییهكانی ڕابردووی ترسێكیان تێدا هه‌ڵكۆڵیوه كه پارسه‌نگه به ترسی ئاینده، له ئاینده ده‌ترسێت، خۆی پێی لێده‌نێت و ده‌ڵێت(من كه‌سێكی ئازانیم ترسنۆكم هه‌ر له حاكم و فه‌رمانده ناترسم، وه‌ك سه‌گ له مام و باوكیشم ده‌ترسم ــ ڕۆمان ل 338)، ترس و فوبیای ئه‌م له ناڕوونی ئاینده، مایه‌پووچییه، هه‌میشه بۆ مردنی خۆی ده‌گریه‌ت، خود شڕۆڤه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كات كه ئه‌مه سزایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ی ته‌نیاییه، نامۆبوونه به شوێنێكه‌وه كه به درێژای مێژوو بۆنی خوێنی لێ دێ، له كوشتن‌و برین و سه‌ربرین، تا له خه‌ونه‌كانیشدا بۆ سه‌ربرین دێنه سه‌رت، توند‌و تیژی له ناخی خه‌ڵكی (دیلاوه‌ر)دایه له دێر زه‌مانه‌وه (دانیال) ئاشكرای كردووه، به‌رگه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی نه‌گرتووه، ئیستا (مسته‌ر گرینۆك) (دانیال) ئاسا به‌رگه‌ی ئه‌و دۆخه ناگرێت، مامه خه‌مه‌یه، هه‌ست به گوناه ده‌كات، ئه‌میش وه‌ك (دانیال) ده‌زانێت كه خه‌ڵكی شاری (دیلاوه‌ر) تا ترسی خۆیان له بیربه‌رنه‌وه بۆ گوناهبارێك ده‌گه‌رێن، تا ئاوێنه ئاسا، نه‌هامه‌تییه‌كانی خۆیانی تێدا بشارنه‌وه، ئه‌میش وه‌ك په‌رچه‌كردارێك، خه‌مێكی خنكێنه‌ری ڵاڵ به كرده‌ی گریان ڕه‌نگ ڕێژی ده‌كات، چار نییه (دیلاوه‌ر)ێك زل و زه‌به‌ڵاح به ناوی نیشتیمانی بوونیه‌وه، هیچ ڕێگایه‌ك، هه‌ڵبژاردنێك له به‌رده‌م هاووڵاتیدا ناهێڵێته‌وه، یان ده‌بێ ببێت به جه‌نگاوه‌ر، یان بۆ هه‌تا سه‌ر بێبه‌ش و بێ ئومێد بێ، ببێ به (گرینۆك)، كتێب و شه‌ریان نه‌وتووه، ئه‌م وه‌ك (دانیال) به‌رگه‌ی درۆ ناگرێت، سه‌ره‌تا له (ڕێنوار زهریباوی)وه به(مسته‌ر گرینۆك)ناودێر ده‌كرێت، جگه له مێژووی (دیلاوار) زۆر شت (دانیال) به (گرینۆك)ه‌وه ده‌به‌ستێ، گه‌ر به‌راوردێكی سه‌رپێی له نیوان (مسته‌ر گرینۆك) و (دانیال)دا بكه‌ین ده‌بنین***
ده‌ركه‌وتنی (دانیال) له گه‌ڵ مێژووی قهسابخانهكاندا ده‌ستپێده‌كات، ده‌زانێت چ ترس و خۆێنێك له ناویاندایه، ده‌زانێت جانه‌وه‌ره‌كان له ده‌ره‌وه نین، به‌ڵكو له ناو دڵی خۆمانه، له به‌رامبه‌ردا ده‌بینین (مسته‌ر گرینۆك)یش له گه‌ڵ ته‌شه‌نه كردنی خه‌ونی سه‌ربرین و له‌گه‌ڵ تهپهڵ لێدانی جه‌نگدا ده‌رده‌كه‌وێت، له ڕێگای بینینی خه‌ونی ئه‌وانی دیكه‌وه ده‌زانێت چ ترس و خوێنێك له ناویاندایه، جانه‌وه‌ره‌كان له ده‌ره‌وه نین، به‌ڵكو له ناو دڵی خۆمانه، (دیلاوار) چووه‌ته جه‌نگێكی مه‌زهه‌بیه‌وه سه‌د ساڵی خایاندوه، به هه‌مان شێوه له ئیستادا (دیلاوار) ده‌چێته جه‌نگێكی مه‌زهه‌بیه‌وه كۆتایی دیار نییه، (دانیال) ترس دروستنه‌كردووه به‌ڵكو دۆزیه‌ته‌وه، (مسته‌ر گرینۆك) ترسی دروستنه‌كردووه، به‌ڵكو پیاده‌ی ترس ده‌كات، له ڕێگای خه‌ونه‌وه ترسی ئه‌وانی دیكه ده‌بینێ، و ده‌یاندۆزێته‌وه، لای (دانیال) هاوار نیشانه‌ی ترسهكانه، به‌ڵام لای (مسته‌ر گرینۆك) گریان نیشانه‌ی ترسه‌كانی (دیلاواره)، له‌كاتی (دانیال)دا یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵه‌ی نهێنی دروست ده‌بێت، ئیشیان رزگار كردنی مرۆڤه‌كانه، له كاتی (مسته‌ر گرینۆك) دا هه‌مان كۆمه‌ڵه دروست ده‌بێ، تێیدا ده‌بێ به ئه‌ندام، پرۆفیسۆر به‌هنامی هاوڕێی، (زه‌هاو)ی پێده‌ناسێنێ، (گرینۆك) بۆ ئه‌وه‌ی خۆی پاكبكاته‌وه، ده‌بێ مرۆڤێ رزگاربكات، هه‌ر له‌وشوێنه (زه‌هاو) دهناسێو ڕزگاری ده‌كات، (زه‌هاو)وه‌ك خۆی ده‌ربه‌ده‌ره، هه‌رچی پێ بڵێیت به (به‌ڵێ گه‌وره‌م وه‌ڵامت ده‌داته‌وه)، كتێبی (هه‌وره‌كانی دانیال) له كاری ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه، كتێبی (خهوننامهكانی مسته‌ر گرینۆك) ده‌توانین له هه‌مان كۆمه‌ڵه حسێبی بكه‌ین، (دانیال) كه له زیندان هه‌ڵدێت، ئیتر كه‌س نازانێت چی لێدێت، ئاخۆ له (دانیال) كوژیهكهدا به‌ركه‌وتووه، یان هه‌ڵهاتووه، له‌به‌ر كه‌سێكی تردا خۆی گۆڕییوه، له دوای هێرشه‌كه‌ی (مهمهدحهساری)یه‌كانه‌وه بۆ نێو (دیلاوار) (گرینۆك) و (زه‌هاو) ڕێگای گه‌ڕانه‌ویان نامێنی بگه‌رێنه‌وه بۆ (دیلاوار) به ناچاری هه‌ڵدێن بۆ (مه‌مه‌دحه‌سار) له ڕێگا تووشی (ئال موراد) ده‌بن، كه له ترسانا هه‌ڵاتووه، به قه‌ناص فه‌رمانده‌ی (ماروفی)ه‌كانی كوشتووه (سه‌ی ئه‌سڵان) سه‌ركرده‌ی سوپای (باغه‌وان)ه‌كان یه‌كسه‌ر (مهمهدحسار)ییه‌كان به‌و كوشتنه تاوانبار ده‌كات، هه‌ڵگیرسانی شهر به دوای خۆیدا دێنێ، (ئه‌ل موراد) نامه‌یه‌ك و كتێبی (هه‌وره‌كانی دانیال) ی پێیه بۆ پرۆفیسۆر (قاسم شابه‌نده‌ر)ی (مه‌مه‌دحه‌سار)ی كه پرۆفیسۆر (به‌هنام) بۆی ناردوه، تا ڕزگاری بكات له كاتی داگیركردنی مۆزه‌خانه‌كه‌یدا كه له لایه‌ن (سه‌ی ئه‌سڵان) ه‌وه ئه‌نجامدراوه، له دوای هێرشه‌كه‌وه.
له شه‌وی یه‌كه‌مه‌وه، له پاش ئه‌وه‌ی ناوی (گرینۆك) و (زه‌هاو) وه‌ك دوو بی سه‌رو شوێن ده‌درێت به سوپا‌و ده‌درێت به ماڵی باوكی، ده‌گه‌نه لای پرۆفیسۆر (قاسم شابه‌نده‌ر) رزگاركردنی كتێبه‌كه‌ی (هه‌وره‌كانی دانیال) رزگاركردنی (گرینۆك)ه له ناو و له نازناوه‌كه‌ی، له خه‌ونه‌كانی له یه‌كاڵاكردنه‌وه‌ی ڕاستی و گومانه، دۆزینه‌وه‌ی خۆیه‌تی، ئایا تا ئه‌م ساته وه‌خته وون ببوو، گریانه‌كه‌شی هه‌ر له داخ و مه‌راقی ئه‌م وونكردنهدا نه‌بووه!، چۆن پاكی ئاسووده‌یی دێنێ، ئاواش گریان له ناوه‌خندا گوناه پاكده‌كاته‌وه، له به‌ركه‌وته‌كانی ده‌ره‌وه‌شدا، بوونی خۆی ڕه‌تكراوه‌ته‌وه له دواییدا چۆن بوونی خۆی ده‌كرێته‌وه به‌رزگاركردنی (زه‌هاو) بوونی خۆیی ده‌كڕێته‌وه ئاسووده‌یی دێنێ، ئیستا له (مه‌مه‌دحه‌سار) له‌گه‌ڵ ئه‌و (زه‌هاو)هی كه وون ببوو، ئه‌م دۆزییه‌وه و ڕزگاری كرد تا پاك بێته‌وه، به دوو ناسنامه‌ی تازه‌وه ده‌رده‌كه‌ون، (ڕێنوار زه‌ریاواری) (مسته‌ر گرینۆك) ده‌بێت به (حه‌سه‌ن تاج)، (زه‌هاو) ده‌بێت به (ئه‌مین لاهور)ی، ئایا له رووی ده‌روونناسیه‌وه به تیۆری ئاوێنه (زه‌هاو عه‌بد) یان (ئه‌مین لاهور)ی ڕوویه‌كی شاراوه‌ی (ڕێنوار زه‌ریاواری) (مسته‌ر گرینۆك) نییه، ئایا (گرینۆك) له ویستگه‌یه‌ك له قۆناغه‌كانی ژیانییدا وه‌ك (زه‌هاو عه‌بد) به پاساوی ترس و دوور په‌رێزی و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خۆی سه‌رجه‌م وه‌ڵامه‌كانی به (به‌ڵێ نه‌بوو گه‌وره‌م)، هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بۆ رزگاركردنی (زه‌هاو عه‌بد) به‌شێك نییه له ڕزگاركردنی لایه‌ك له مێژووی كه‌سایه‌تی خۆی، وه‌ڵامی (به‌ڵێ گه‌وره‌م) به‌شێك نییه له ڕابردووی خۆی ئایا به بچوككردنی (زه‌هاو عه‌بد) و رزگار كردنی گه‌وره‌ییه‌ك به خۆی نابه‌خشێت به‌وه‌ی به ناسنامه‌و چوونه نێوخودێكی نوییوه ببێت به (حه‌سن تاج) واتا به‌خشینی هیمای پاشایه‌تی له زاراوه‌ی تاجدا خۆی به‌رجه‌سته‌ده‌كات، له هه‌مان كاتشدا، ئه‌ویش ده‌كات به (ئه‌مین لاهور)ی گه‌مه‌ی ناو گۆرین، گه‌ر به ویستی خۆی بێت یان له به‌ر هۆكاری ده‌روونی بێت، ڕێگا بۆ پرسیارێ خۆشده‌كات، به دوا چوون به دوایی خۆیدا ده‌هێنێ، قایل بوونی (گرینۆك) به‌م ناوانه له خۆرا نییه، له بۆشاییه‌وه نه‌هاتووه‌ته به‌رهه‌م، ئایا گه‌مه‌ی ئه‌م ناوانه له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه هاتووه، كه هه‌ر ناوێك ئه‌وه‌ی پێش خۆی ڕه‌تده‌كاته‌وه، یان كرده‌ی گۆڕین گه‌شه‌كردنێكی دیالهكتییه، له‌و قۆناغه‌دا كه كه‌سایه‌تی (ڕێنوار) تێیدا گوزه‌ر ده‌كات، تا ده‌گاته پێچی خۆ ڕزگار كردن له‌و قه‌یرانه ده‌روونییه، كه تێیدا مۆڵی خواردووه، ده‌رچه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه، بۆ په‌ڕینه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تییه به گرێبه‌ستی دالی ناوێك، مه‌دلوولێكی تازه‌ی پێببه‌خشێت، تا له گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه‌دا، له چوار چێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌دا خۆی بگونجێنیت، واتا به دوو خووده‌وه دێت به مافی خۆی ده‌زانێت، ئه‌وه‌ی پێشوو بسڕێته‌وه به ناوێكی شاهانه‌ی وه‌ك (حه‌سه‌ن تاج) بێته‌وه، ببێته جێگره‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ی جارانی كه به (مسته‌ر گرینۆك) ناودێر كراوه، كه به‌رجه‌سته‌ی ڕابردوو ده‌كات، له ئیستادا جێی شه‌رمه‌زارییه، وه‌ك ئه‌و ناوه‌ی ئیستای جێی شانازییه، كه له ئاینده‌دا خۆی ده‌نوێنێ، به كه‌سێكی تر خۆی نمایشده‌كات، وا هه‌ست ده‌كات ئه‌و كه‌سه‌ی جاریجاران نییه هه‌ر ڕۆنانی ئه‌م هانده‌ره‌ش وای لێده‌كات، له پاش داگیر كردنی (دیلاوار) و كاول بوونی له لایه‌ن (مه‌مه‌دحه‌سار)ییه‌كانه‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ماڵی باوكی، باوك و دایك و ژوور‌و ماڵكهش بۆ ئه‌م نامۆ بن ئه‌م له هه‌ره‌سهێنانی خودێكهوه، به خودێك و ناوێكی تر و بۆ نیشتیمانیكی تر گه‌ڕاوه‌ته‌وه (دوو مرۆڤی وون و بێ شار‌و نیشتیمان هیچ شه‌ره‌ف و شانازییه‌ك له‌وه‌دا نابینین خه‌ڵكی ئه‌م شاره بین ــ ڕۆمان ل 537)
ئه‌م له بینین و ئه‌زموونكردنی ئه‌م دیمه‌نه‌دا، دووچاری ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی ئه‌نتۆلۆژی نه‌بووه، به ئاماده بوونی دیارده‌كان، ئاماده بوونی خۆی بسه‌لمێنێ، به‌ڵكو تووشی نامۆ بوون و دابرانێك بووه له‌خۆی و له جیهانی ڕابردوو، كه تێیدا ژیابوو ئه‌و درز‌و ویرانكاریه كه له ده‌ره‌وه ڕوویانداوه له (دیلاوار) هاوكات نییه له گه‌ل ئه‌و ویرانكارییهی كه له ناوه‌وه‌ی (مسته‌ر گرینۆك)دا ڕوویاندا، له ئاكامی ئه‌و بێ ئومێدیه‌ی كه به درێژایی ژیان دووچاری ببوو، له نه‌بوونی ویست و حه‌زه‌كانی، به ویرانبوونی (دیلاوار) ئه‌م تێر ئاو ده‌بێ و وه‌ك دو‌ژمنێك تۆڵه‌ی تهمنیك له نائومیدی له (دیلاوار) ده‌كاته‌وه، هه‌ست به گوناهێكیش ناكات، ئه‌م ده‌زانێت خه‌لكی (دیلاوار) ( به‌رده‌وام بۆ گوناهبارێك ده‌گرێن بۆ دوژمنیك ده‌گه‌رێن ئه‌و ئیفلیجی و ترسه‌ی خۆیان له بیربه‌رێته‌وه ــ ڕۆمان ل 189) ئه‌ی ئه‌م ئه‌و گوناهباره نه‌بوو، گوناهی هه‌موویانی هه‌ڵنه‌گرت بوو، له‌بڕی هه‌موویان نه‌گریا، ئه‌ی ئه‌میش به جۆرێك له جۆره‌كان، هه‌ر به هه‌مان بۆ چوون، به تیوری ئاوێنه، نابێته دیوی دووه‌می (دانیال) ئه‌ی (دانیال) هه‌مان خوێندنه‌وه‌ی نییه بۆ (دیلاوار) كه ئه‌م هه‌یه‌تی به‌وه‌ی (دیلاوار بۆ گوناهبار ده‌گه‌رێت)..هتد…
به پێی ئه‌و بهڕاووردكارییهی نیوان (مسته‌ر گرینۆك) و (دانیال) كه له‌مه‌و پێش ئاشكرامان كرد، ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی كه له زۆر ویستگه‌دا ئهنهلۆگن، بۆ نموونه یه‌كه‌م هه‌ردووكیان له‌كه‌س ناچن وكه‌سیش له‌وان ناكات، خوێنده‌وارن یه‌كی كتێبێك داده‌نین، دووه‌م هه‌ردووكیان له كاتی ده‌ركه‌وتنی شه‌ردا ده‌رده‌كه‌ون، سێیه‌م بڕوایان وایه كه جانه‌وه‌ر له ده‌ره‌وه نییه به‌ڵكو له ناوماندایه، چواره‌م له كۆمه‌له‌ی نهێنی كارده‌كه‌ن ئیشیان ڕزگار كردنی مرۆڤه‌كانه له‌كاتی هێرشدا هه‌ردووكیان هه‌ڵدێن، لای (دانیال) هاوار نیشانه‌ی ترسه، لای (گرینۆك) گریانه، گریان و هاوار ته‌واوكه‌ری یه‌كن له هه‌وردا كۆده‌بنه‌وه، له هاوارو گرمه‌ی هه‌وره‌كاندا ( ڕۆحه‌كان)دا باران و گریان دروست ده‌بێت له كتێبی (هه‌وره‌كانی دانیال)دا یان له كتێبی (خه‌ونه‌كانی گرینۆك)دا به‌رجه‌سته ده‌بن، له هه‌ردوو باردا (دیلاوار) چووه‌ته جه‌نگێكی مه‌زهه‌بییه‌وه، كه‌واته زۆربه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی (دانیال) یه‌كسان و هاوشێوه‌ن به‌وه‌ی (مسته‌ر گرینۆك) له ژیانیدا دووباره‌ی ده‌كاته‌وه، كه‌واته دژوار نییه، بڵێین كه (مسته‌ر گرینۆك)و (دانیال)یه‌كن، گه‌ر نا ئه‌وا بێشیمانه به كرده‌ی دۆنادۆن هه‌ڵگری ڕۆحی (دانیال)ه، بۆ پێداگری زیاتر له بۆچوونه‌كه‌مان، به‌ڵگه‌یه‌كی دیكه‌مان هه‌یه، (مستهرگرینۆك) گهرخۆی (دانیال) نه‌بێت چۆن ده‌توانێت بچێته ناو خه‌ونی ئه‌وانی تر، چۆن خه‌ونه‌كه‌ی ئه‌وان ده‌بینێت، گوناهیان هه‌ڵده‌گرێت، گوناهی كه‌سێك هه‌ڵناگیرێت گه‌ر خۆی سزای نه‌دابێ، بۆ كه‌سێكیش ناگرییهت و ئه‌سرین نارێژێت گه‌ر خۆی ئازاری نه‌دابێت و نه‌چووبێته خه‌ونیان، ئه‌وه‌تانێ (مسته‌ر گرینۆك) خۆی كه‌سێكی تر نا قسه‌كه‌مان پشتڕاستده‌كاته‌وه ده‌ڵێت( ته‌نیا نهێنی مرۆڤهكانم نه‌ده‌بینی به‌ڵكو هه‌موو ترسه‌كانی دیلاوارو ئاوات و پهلانهكانیشم ده‌بینی ــ ڕۆمان ل 380)، له كۆتاییدا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه (مسته‌ر گرینۆك) هه‌ر خۆی (دانیال)ه،(زه‌هاو عه‌بد)یش دیوێكی شكستخواردووی ڕابردووی (دانیال)ه، (دیلاوار) و(مه‌مه‌دحه‌سار)یش دوو دیوی یه‌ك پوولن، بێ یه‌ك ناژین دیوێكی شكسته و ئه‌وی تریان سه‌ركه‌وتنه، یه‌كێكی گریانه، بارانه ئه‌وی تری هاوارو گرمه‌یه، تووڕه‌بوونه به‌وه‌ی ڕووداو هه‌یه به‌ڵام گۆرَان نییه، مێژوو به هه‌مان شێوه خۆی دووپات ده‌كاته‌وه، له ناو هه‌مان ڕووداودا سیزیف دیسانه‌وه به‌رده‌كه سهردخاته سه‌ر لووتكه‌ی شاخه‌كه و دیسان به‌رده‌كه به‌ره‌و خوارخل ده‌بێته‌وه، ده‌چێته‌وه شوێنه‌كه‌ی خۆی.
دوكانێكی به‌تاڵ و شارێكی وێران، یه‌كسان و هاوشێوه‌یه، به دیوێكی تۆڵه‌كردنه‌وه و سه‌ركه‌وتن به‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه منی (ego) گه‌ر ئه‌رێنی بێت و گومانی له‌سه‌ر نه‌بێت ئه‌وا گه‌ران به دوای هاوشێوه به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی جیهانی ئه‌وانی دیكه‌یه گه‌ر هی خۆی نه‌بێت، خۆ سه‌لماندن به كراوه‌یی وه‌ك برینه‌كان به‌جێیده‌هێڵم.
—————
ژێده‌ره‌كان
1 ـ به‌ختیار عه‌لی ـ هه‌وره‌كانی دانیال ـ چاپخانه‌ی په‌نجه‌ره ـ چاپی یه‌كه‌م ـ ناوه‌ندی ڕۆشنبیری و هونه‌ریی ئه‌ندێشه\بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه، سلێمانی شه‌قامی مه‌وله‌وی ته‌لاری سیروانی نوێ ـ نهۆمی چواره‌م ـ ساڵ 2015
2 ـ جورج طرابیشی ـ ألمثقفون ألعرب والتراث ـ ریاض ألریس للكتب والنشر ـ الطبعه ألاولی، شباط / فبرایر 1991 ـ ص 26
3 ـ جورج گرابیشی ـ أنپی چد ألانوپه ـ دار الطلیعه للطباعه والنشر ـ بیروت لبنان ـ الطبعه أولی ـ كانون ألاول دیسمبر 1984ـ ص50
*ـ له دواجاردا بۆ دۆڵمهندكردنی باسه‌كه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه لێكدانه‌وه‌ی دیكه‌مان هه‌یه
** ـ جارێكی تر به شێوازێكی تر دێنه‌وه سه‌ری
4 ـ یاسین النصیر ـ شعریه الما‌و ـ دار سردم للطباعه والنشر ـ كردستان سلیمانیه ـ الطبعه الاولی ـ2012 ص111
5 ـ سه‌رچاوه‌ی ژماره 3 ــ ل 50
6 ـ كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر ـ گۆڤاری ئایدیا ـ ژماره 12 ـ ئاشنا بوون به نیچه ـ چاپخانه‌ی كاڕۆ ـ سلێمانی ـ ل 29
7 ـ سه‌رچاوه‌ی ژماره 2 ـ ل 15
*** ـ به داوای لێبوردنه‌وه هه‌ندێ ڕسته‌ی بهراووردكاییهانم راسته‌وه‌خۆ له ڕۆمانه‌كه وه‌رگرتووه