(  )
     ١
          
 دەمێک لەنێو مەمکۆلە نەرمەکانی مانگ و    
 دەمێکیش لەبنار کێوە سەختە سەوزەکانی هەور
 دەمێک لە پاڵ تەرمە پڕ برینەکانی نیشتیمان و 
 دەمێکیش لەنێو ئەشکەوتە شێدارەکانی دۆزەخ
 دەمێک لەسەر شۆستە تاریکەکانی تەنیایی 
 دەمێکیش لەسەر پشتی شەپۆلە شینەکانی دەریا
 دەمێک لەنێو ڕۆشنایی چاوە گەشەکانی ئەستێرە
 دەمێکیش لەنێو خەیاڵە غەمگینییەکانی غوربەت
 گوڵە گیانم / 
 هەردەڕۆم و ناگەم بەهیچ شوێن
 هەر دەڕوانم و نازانم لە کوێم
 بەڵام / ئەوە باشدەزانم و دڵنیام
 هەموو ڕۆژەکانی تەمەنم 
 لەنێو گەرەکە هەژارنشینەکانی
 نێو نیگا نەرمەکان و
  خەونە خەماوییەکانی تۆم
 من وا لەوێم
 وەک موریدێکی ئەشقیای ون
 بۆ تاهەتایە / لەوێدا نیشتەجێم
٢
هۆ پەپوولە پاییزییەکە
زەمەن دەڕوا 
تەمەن دەڕوا 
تۆش لە من دوورتر دەکەوییەوە
دوور دوور دوور 
دوور / وەک مەوداکانی نێوان
ژیان و نیشتیمان …………..ی……. من
خۆرەتاو و خەونەکان ………..ی……. من
ئاگر و ئەوینەکان ……………….ی………من
باران و بەهارەکان…………..ی………من
شەونم و شەوەکان………….ی …….من
تا دێ منیش لە ڕۆحی تۆ نزیکتر دەبمەوە
نزیک نزیک نزیک
نزیک / وەک مەوداکانی نێوان
من و میلۆدییەکانی مردن
من و شەباهەنگەکانی شیعر
من و نیگا نەرم نەرمەکانی تۆ 
٣
تۆ / نە ئاگری نە ئاگردان
نە پشکۆکانی خۆرەتاوی نە بورکان
نە کورەی نازییەکانی نە دۆزەخی خوداکان
کەچی / من لەوەتەی هەم لە نێو تۆدا دەسووتێم
٤
وا پێدەچێ 
تۆ لە جنسی تریفە بیت
منیش / پێکهاتەیەک بم 
لە تۆز و غوبارەکانی تاریکی
یان تۆ / شنەبایەکی فێنکی
نێو هەناسەکانی نیشتیمان بیت و
منیش / ڕەشەبایەکی سەرشێتی
نێو پێدەشتەکانی غەریبی
بۆیە چارەنووس 
هێندەی دەکات ناتوانێ
لەژێر ساباتی 
کەژوکێوەکانی عەشق 
کۆمانبکاتەوە 
٥
کاتژمێر چەندی بێدەنگی و 
وەرزی چەندەمی نائومێدییە
سەوزایی جەستەی ژیانی بەسەرشانی داداوەو
بەرەو گۆڕستانی دەبات
دەریاش دەروازەی خۆی 
بەسەر ڕووی شەپۆلەکان داخستووە
درەختەکان هەر بەچاو 
چیرۆکە خەمناکەکان بۆ یەکتری دەگێڕنەوە
من و تۆش لەنێو کتێبەکانی تەنیایی
تاو تاو /
 ڕۆژژمێری نەزیفبوونی 
ئەم عەشقەمان دەنووسینەوە …!
     ناڵە حەسەن                                        
 تەموزی ٢٠١٩ 

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن )
-	ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە 
گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . 
- خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە .
- دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ 
- ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . 
- یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) 
- ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە .
- لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە .
- یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت .
- لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت .
- بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە .
- لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) .
- لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون .
 
( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون 
١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم )     ١٩٩٣ شیعر 
٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح )     ١٩٩٦ شیعر 
٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو )     ١٩٩٩
٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر )     ٢٠٠٣ شیعر 
٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن )    ٢٠٠٧ شیعر 
٦/ ( نەرسیسیزم )    ٢٠٠٦ وەرگێڕان 
٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون )    ٢٠١١ لێکۆڵینەوە
٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی )    ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە 
٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە )    ٢٠١٤ شیعر 
١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە 
چاپی ئەنتەرنێت .
١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر )    ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە .
١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان .
١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن )   ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن )
چاپی ئەنتەرنێت .
١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن )  شیعر ٢٠١٩
١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم )   ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) .
١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر )   ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە  .
١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا )   ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە .
١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە )   ٢٠٢١  شیعر .
١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە )   ٢٠٢١  شیعر .
٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت )   ٢٠٢١  وردە شیعر .
٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم   ٢٠٢١  شیعر .
٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم  ٢٠٢١ شیعر ،
ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ .
١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین )  .. لێکۆڵینەوە .
٢/ ( خەونی من )  ..  شیعر 
٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن )  .. شیعر .