وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و توێژەر: ئاهورا کوردستانی.. ئامادەکردنی: بەسێ بەشیر
ئێستا لە ڕووی چەندێتییەوە دەتوانین بڵێین ئافرەتان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە هەردوو بواری ڕۆژنامەگەری و ئەدەبیدا، بەڵام لە ڕووی چۆنێتییەوە ئەم بەشدارییە لە ئاستی دڵخۆشکەردا نییە.
وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و توێژەر: ئاهورا کوردستانی
لەم وتووێژەدا هەوڵمانداوە لەبارەی ڕۆڵی خانمان لە هەردوو کایەی “ڕۆژنامەگەری و ئەدەبدا” بدوێن، هاوکات ورووژاندنی کۆمەڵێک پرس لەسەر ڕۆمانی “واقعی و خەیاڵی” وەک: ڕوودا و وەسف. لەپاڵیشیدا تیشکمان خستۆتەسەر ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم توێژەرێک لەکاتی توێژینەوە، بۆ دەست کەوتنی سەرچاوە.
بەسێ بەشیر: ئاهورا خان بەوپێیەی بەڕێزت کاری میدیایی و ڕۆژنامەگەریت کردووە، هاوکات شارەزاییەکی چاکت لە بواری ئەدەبیات هەیە و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕۆڵی خانمانی لەم بوارانەدا.
دەمەوێت لەبارەی ڕۆڵی خانمان لە هەردوو کایەی “ڕۆژنامەگەری و ئەدەبدا” لە ماوەی ئەم بیست ساڵەی ڕابردوو بۆم بدوێیت؟
ئاهورا کوردستانی: گەر بمانەوێت وەک میدیاکارێک وەڵامی پرسیارەکەی بەڕێزتان بدەینەوە، دەبێت پشت بە ئەزموون و لێکدانەوە و ڕابردووی کاری ڕۆژنامەگەری خۆمان ببەستین، بەڵام گەر وەک توێژەر و چاودێر هەڵسەنگاندن بۆ بوارەکە بکەین ئەوا پێویستمان بە کۆمەڵێک داتا و ئاماری تایبەت دەبێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونەکانمان، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا هاوسەنگییەک لە نێوان ئەزموونی خۆمان و ئەو مەعریفەیە ڕابگرین کە لە خوێندنەوەی توێژینەوە و بابەتە زانستییەکان پێمان گەیشتووە. لە ڕاستیدا ئاسان نییە بەجارێک باس لە قۆناغێکی بیست ساڵەی کاری ڕۆژنامەوانی و ئەدەبیات بکەین، لەبەرئەوەی کە خودی ئەم بیست ساڵە دابەشدەبێت بۆ چەند قۆناغێکی وردتر کە لە هەریەکێکیاندا دۆخەکە بەجۆرێکی تایبەت و جیاوازە، بەڵام لە ڕوانینە گشتییەکەدا وا دەردەکەوێت کە ئافرەتان لەم بیست ساڵەی دواییدا بەشدارییەکی کاراتر و چڕوپڕتریان هەبووە لەچاو ڕابردوودا. ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان گۆڕانکارییە خێرا و بەردەوامەکانی شێوازی ژیانە لە جیهان و کوردستاندا، هاوکات بەردەستبوونی هێڵی ئینتەرنێت و گەیاندن لە هەموو شوێنێک و بوونی دەیان ناوەند و کەناڵی میدیایی و ڕۆشنبیری و زانکۆ و کۆلێژەکان کە دەرفەتی خۆپێگەیاندن و دەرکەوتنیان بۆ ئافرەتان چەند بەرامبەر کردووە، هەروەها کرانەوەی کوردستان بەڕووی جیهاندا یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە، چونکە هەموو ئەم هۆکارانە و چەند هۆکارێکی دیکە وا دەکەن گۆڕانکاری لە فیکر و دونیابینی مرۆڤی کورددا بەدی بێت، ئەم گۆڕانکارییەش هانی ئافرەتانی داوە بۆ پەی بردنی زیاتر بە خواست و توانا و بەهرەکانیان و دەرخستنی ئەو توانایانە لە فەزای گشتیدا. لە ئێستادا لە ڕووی چەندێتییەوە دەتوانین بڵێین ئافرەتان بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە هەردوو بواری ڕۆژنامەگەری و ئەدەبیدا، بەڵام لە ڕووی چۆنێتییەوە ئەم بەشدارییە لە ئاستی دڵخۆشکەردا نییە، لەبەرئەوەی کە ڕێژەی ئەو ئافرەتە میدیاکارانەی کە بەرنامە فیکری و سیاسی و ئەدەبییەکان بەڕێوەدەبەن لەچاو ئەو پیاوانەی کە هەمان ئەو بەرنامانە بەڕێوەدەبەن ئێجگار کەمە، زۆرتر ڕۆڵی ئافرەت وەک پێشکەشکار و بەڕێوەبەری بەرنامەی تەرفیهی و سەرگەرمی و خواردن درووستکردن و ….هتد دەرکەوتووە. لە جیهانی کتێب و چاپکردنیشدا ئافرەتانی نووسەر زۆر کەم خۆیان لە قەرەی بابەتە فیکری و فەلسەفییەکان داوە، چ وەک نووسەر چ وەک وەرگێر، ئافرەتانی نووسەر زۆرتر وەک شاعیر دەرکەوتوون، کە ئەمە بوارێکی بچووکی مەعریفەی ئینسانی و ئەدەبیاتیشە. هەڵبەتە لەبیرمان نەچێ ئێمە بە ڕەهایی قسەناکەین، ئافرەتانی نووسەری بابەتە فیکری و سیاسی و فەلسەفیەکانمان هەن، بەڵام لەچاو پیاوانی نووسەری ئەم بوارانە ژمارەیان زۆر کەمە، لە کاتێکدا ئێمە زۆر پێویستمان بە بۆچوون و تێگەیشتن و فیکری ژنانە هەیە لە هەموو بوارەکاندا.
بەسێ بەشیر: خاتوو ئاهورا بەڕێزت ماستەرنامەکەت لەسەر “کێشەی ڕۆمانی خەیاڵی و واقیعی لە چەند ڕۆمانێکی نوێی کوردیدا”یە.
دەپرسم ڕۆمانی کوردی دەقی بە کام جۆر زیاتر گرتووە، خەیاڵی یان واقیعی؟ و بۆچی؟
ئاهورا کوردستانی: ڕۆمانی کوردی لە سەرەتای دەرکەوتنیەوە وەک ژانرێکی نوێ لە ئەدەبی کوردیدا، زۆرتر ئاوێنەی واقیع بووە، واتە لە قۆناغە مێژووییەکەیدا نووسەرانی کورد زۆرتر ئەزموون و سەربووردەی خۆیان بە کەمێک دەستکاری هونەری وەک ڕۆمان گێڕاوەتەوە. زیاتر مێژووی هاوبەش و گشتی بوونەتە تێما و تەوەری ڕۆمانەکان، بەڵام ئەم دۆخە هەتا ئێستا بەردەوام نەبووە، ڕۆماننووسانی نوێی کورد تەکنیک و هونەرکاری جیاواز و نوێیان هێناوەتە نێو ڕۆمانی کوردییەوە، خەیاڵی فراوان و بێسنووریان تێکەڵی گێڕانەوە و ڕووداوەکانی ڕۆمان کردووە. ئەگەر بڵێین ڕۆمانی کوردی لە ئێستادا دەقی بە کام جۆر گرتووە؟ لە وەڵامدا دەڵێین لە ڕووی واقیعی بوون و خەیاڵی بوونەوە سێ جۆر ڕۆمان لە ئەدەبی نوێی کوردیدا هەن کە بریتین لە (ڕۆمانی واقیعی، ڕۆمانی خەیاڵی، ڕۆمانی واقیعی و خەیاڵی) کە ئێمە لە ماستەرنامەکەی خۆماندا خەسڵەت و تایبەتمەندی هەرسێ جۆرەکەمان دیاریکردووە، لە ئێستادا ئەم سێ جۆرە لە ڕۆمان لە دونیای ڕۆماننووسی کوردیدا هەن.
بەسێ بەشیر: کاتێک توێژەرێک یاخود قوتابییەکی خوێندنی باڵا بییەوێت توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ژانری ڕۆمان بکات، تا چەند سەرچاوەکان “بە وەرگێڕانی کوردی و لەسەر ئەدەبی کوردی” بەدەست دەکەوێت؟
ئاهورا کوردستانی: هەموو توێژینەوەیەک بە خوێندنەوە و ڕوانین لەو سەرچاوانەی پێشتر دەستپێدەکات کە لەو بوارەدا پێشکەش کراون، ئامانج لەمەش وەرگرتنی ڕا و سەرنجی جیاوازە لەبارەی تەوەری توێژینەوەکە، هەروەها دەوڵەمەندکردنی هزر و تێگەیشتنی توێژەرە لە بارەی بابەتی توێژینەوەکە. بە ڕای من هەر توێژەرێک بەر لە دەستپێکردن بە قۆناغی نووسینی توێژینەوەکەی بە قۆناغی خوێندنەوە و وەرگرتنی زانیارییەکانی پێشتردا تێپەڕنەبێت ئەوا توێژینەوەکەی کەموکورتی تێدا دەبێت و نابێت بە توێژینەوەیەکی ئەکادیمی و زانستی.
سەبارەت بە توێژینەوەی وەک ماستەرنامە یان تێزی دکتۆرا لە هەموو زانکۆیەک کۆمەڵێک مەرج دادەنرێن بۆ ئەوەی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی و باش دەربچێت، یەکێک لەو مەرجانەش بەکارهێنانی سەرچاوەیە، ئەم سەرچاوانەش خۆیان لە کتێب و وتاری ڕۆژنامەوانی و چاوپێکەوتن و تێزی ماستەر و دکتۆرا دا دەبیننەوە. لە زۆرێک لە توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا ئەو خاڵە سەرنجمان ڕادەکێشێت کە توێژەر گیروگرفتی سەرەکی توێژینەوەکەی بۆ نەبوون و کەمی سەرچاوە دەگەڕێنێتەوە، بەشێک لە حەقیقەت لەم قسەیەدا هەیە، بەڵام مەرج نییە بە ڕەهایی هەموو توێژینەوەیەک سەرچاوەی پێشوەختەی کەم بێت یان هەر نەیبێت، ڕەنگە سەرچاوەکان بە زمانی کوردی نەبن، بەڵام بە زمانەکانی دیکە سەرچاوەی زۆر و زەوەند دەستدەکەون. من بەش بەحاڵی خۆم لە توێژینەوەکەی خۆمدا سەرچاوەم بە زمانەکانی “کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی” بەکارهێناوە، جگە لە چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ و وەرگرتنی سەرنجی نووسەران و ڕەخنەگرانی ڕۆمان. دەتوانم بڵێم گیروگرفتی کەمی و دەستنەکەوتنی سەرچاوە بە زمانی کوردی بۆ توێژەران هەیە، بەڵام زۆر سەرچاوەی باش و دەوڵەمەندیش لە کتێبخانەی کوردیدا دەستدەکەون کە دەتوانن ڕۆڵی گرنگییان هەبێت لە دەوڵەمەند کردن و زانستیتر کردنی توێژینەوەکەدا، هاوکات زۆر سەرچاوەی جیهانییش هەن کە بەداخەوە وەرنەگێردراونەتە سەر زمانی کوردی، سەرەڕای ئەوەش هەر ئەم سەرچاوانە بە زمانە ڕەسەنەکەی خۆیان لەلایەن توێژەرانی لێهاتوو بەکاردەهێنرێن و دەبن بە بەشێک لە توێژینەوەیەکی کوردی، دواتریش ئەم توێژینەوانە دەبن بە سەرچاوەی نوێ بۆ توێژینەوەکانی پاش خۆیان.
بەسێ بەشیر: لە ڕۆماندا هەر ڕەگەزێک ئەرکی خۆی هەیە و ڕۆمانەکە تەواو دەکات، جا چ لە ڕۆمانی واقیعی یاخود خەیاڵی بێت.
لێرەوە دەپرسم: جیاوازی نێوان هەر دوو ڕەگەزی “ڕووداو و وەسف” لەنێوان ڕۆمانی خەیاڵی و واقیعیدا چییە؟
ئاهورا کوردستانی: دەگوترێت ڕەخنەگری باش خوێنەرێکی باشە، ئێمە ئەگەر وەک خوێنەرێکی باشی ڕۆمان وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەبێت بڵێین جیاوازی لە نێوان ڕەگەزەکانی ڕۆمانی واقیعی و خەیاڵی بریتییە لەو کەرەستانەی کە نووسەر لە ڕۆمانەکەیدا بەکاریان دەهێنێت، ئایا ڕۆمانەکەی بە کەرەستەی واقیع دەنووسێت یان خەیاڵ، هەروەها توانای قەناعەت پێهێنانی خوێنەر، درووستکردنی وێنای ڕووداوەکان لەڕێگەی تەکنیکی وەسف و گێڕانەوەوە لە زەینی خوێنەردا. ئەگەر هاتوو ڕۆماننووس لە ڕێگەی وەسفکردنێکی شارەزایانەی هونەری وای لە خوێنەر کرد باوەڕ بە ڕوودانی ڕووداوێکی مەحاڵی ڕۆمانەکەی بکات ئەوا دەکرێت بڵێین ئەم ڕووداوە دەچێتە خانەی ڕووداو لە ڕۆمانی واقیعیدا، ئەگەر لە واقیعیشدا ڕووی نەدابێت. بەڵام ئەگەر ڕووداوەکان سەرسوڕهێنەر بوون و قابیلی ئەوە نەبوون خوێنەر وێنا و تەسەوری ڕوودانیان لە دونیای ڕاستەقینەدا بکات، نووسەریش نەیتوانی لە ڕێگەی تەکنیکی گێڕانەوە و وەسفەوە قەناعەت بە خوێنەر بکات، ئەم جۆرەیان دەچێتە خانەی ڕۆمانی خەیاڵییەوە. لەوانەیە ئەمە ببێتە خاڵێکی لاواز لە ڕۆماندا و کەمکردنەوەی چێژی خوێندنەوە، لەبەر ئەوەی کە خوێنەر چێژ لەوە دەبینێت کە چیرۆک و بەسەرهاتێک بخوێنێتەوە کە هەستبکات ڕاستەقینەیە. لە ڕۆمانی نوێی کوردیدا زۆر ڕۆمانی لەم چەشنە بوونیان هەیە، کە لەگەڵ هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکیدا خوێنەر هەست بە بێزاری دەکات و ڕۆمانەکە دادەخات، لەبەر ئەوەی نایەوێت بەسەرهاتێکی خەیاڵی وەک ئەفسانە و داستانی پاڵەوانێتی مێژوویی بخوێنێتەوە.
بەسێ بەشیر: هەر کاتێک باوەڕ بە ڕووداو و کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانێک نەکرێت ئایا ئەم ڕۆمانە دەچێتە چوارچێوەی ڕۆمانی خەیاڵی؟
یاخود هونەری نووسینی ڕۆمانی خەیاڵی دەبێت چۆن بێت؟
ئاهورا کوردستانی: پێم وایە بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارە لە وەڵامی پرسیاری پێشووتردایە، بەڵێ بە دڵنیاییەوە مەرجی باوەڕپێهێنان و درووستکردنی قەناعەت لای خوێنەر یەکێکە لە مەرجە گرنگەکانی خەیاڵی بوون یان واقیعی بوونی ڕۆمانێک. سەبارەت بە هونەری نووسینی ڕۆمانی خەیاڵی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی ڕۆمان کە بریتین لە (کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن) هەریەک لەم ڕەگەزانە ڕۆڵی گرنگیان هەیە لە دیاریکردنی ئاراستەی ڕۆمانەکە بەرەو واقیعی بوون یان خەیاڵی بوون. لە ڕۆمانی وقیعیدا نووسەر پشت بە کارەکتەر و ڕووداو و کات و شوێنی ڕاستەقینە دەبەخشێت، ڕۆمانەکەی خۆی بە کەرەستەی واقیع دەنووسێت، بەڵام ئەم جۆرە ڕۆمانە خاڵی نییە لە ڕەگەزی خەیاڵ، چونکە هیچ گێڕانەوەیەکی هونەری بەبێ بەکارهێنانی خەیاڵ نابێت بە گێڕانەوەی ئەدەبی هونەری. بۆ نمونەی ئەم جۆرە ڕۆمانە دەتوانین ئاماژە بەشێک لە ڕۆمانەکانی (خوسرەوجاف) بدەین، بەتایبەت ڕۆمانی (شازادە و شاعیر) کە باس لە ژیانی دوو شاعیر و کەسایەتی مێژوویی دەکات کە (نالی و مەستوورە)ن، ئێمە لە توێژینەوەکەی خۆماندا ئەم ڕۆمانەمان وەک نمونە وەرگرتووە. سەبارەت بە تەکنیکی نووسینی ڕۆمانی خەیاڵیش، ڕۆماننووس بۆ درووستکردنی ڕەگەزەکانی ڕۆمانەکەی پشت بە خەیاڵی خۆی دەبەستێت، کارەکتەر و ڕووداو و کات و شوێنێکی خەیاڵی بۆ بەسەرهاتێکی خەیاڵی هەڵدەبژێرێت و دەیکات بە بنەمای گێڕانەوەکەی خۆی، ئەم جۆرە ڕۆمانەش خاڵی نییە لە ڕەگەزی واقیع لەبەر ئەوەی ئەزموونی ڕاستەوخۆی نووسەر لە ژیاندا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاوێتەی گێڕانەوەکە دەبێت. هەروەها بۆ ئەوەی نووسەر باوەڕ بە خوێنەری ڕۆمانەکەی بهێنێت و بۆ پاراستنی چێژی خوێندنەوە کارەکتەر و ڕووداو و ڕەگەزەکانی تری ڕۆمان بەجۆرێک دەخاتەڕوو کە لە جیهانی ڕاستەقینە بچن، ئەگەر ڕەچاوی ئەم خاڵە نەکرێت ئەوا ڕۆمانەکە زۆر خەیاڵی دەبێت و خوێنەر تاقەتی خوێندنەوەی نابێت.
کورتەیەک لە ژیان و کار و چالاکییەکانی ئاهورا کوردستانی:
هاوارە ڕەمەزان وەلی ناسراوە بە ئاهورا کوردستانی.
- بەکالۆریۆس لە زانکۆی سلێمانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی.
ماستەر لە زانکۆی سەلاحەددین لە ئەدەبی کوردی بە پلەی زۆرباشەی باڵا.
ئامادەکار و پێشکەشکاری چەندین بەرنامەی ئەدەبی و کولتووری و ڕۆشنبیری بووە، وەک: *
بەرنامەی ڕەنگی ئێوارە، کولتووری گشتی… - بەڕێوەبەری چەندین کۆنفراس و فیستیڤاڵ و چالاکی ئەدەبی و کولتووری و ڕۆشنبیری بووە، وەک:
کۆنفرانسی زانستی ( جینۆساید ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەردا).
بەڕێوەبەری یەکەمین فیستیڤاڵی ڕامان.
بەڕێوەبەری چوارەمین فیستیڤاڵی مەم و زین. - چالاکوانی مەدەنی لە بواری مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتاندا، ئەندامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانە.
- بەشداری چەندین کۆڕ و کۆنفرانس زانستی کردووە، لە بەشێکیاندا توێژینەوەی پێشکەش کردووە، لە بەشێکیشیان وەک میوان بەشدار بووە.
- چەندین بابەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکردۆتەوە.