Skip to Content

دیاردەی هەراسانکردنی ڕەگەزی مێینە لەلایەن بەشێك لە ڕەگەزی نێرینە لە سەکۆکانی شۆشییەڵ میدیاکان.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

دیاردەی هەراسانکردنی ڕەگەزی مێینە لەلایەن بەشێك لە ڕەگەزی نێرینە لە سەکۆکانی شۆشییەڵ میدیاکان.. ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2025 General

 ئەم دیاردەیە دەرئەنجامێکی نەرێنی کۆمەڵایەتی و دەروونییە. کە بەشێك لە پیاوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی نادروست و ناهاوسەنگ مامەڵە لەگەڵ ئافرەتان دەکەن بەجۆرێك کە کەسایەتی خۆیان وەك تاکێك دەخەنە ژێر پرسیارەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ئافرەتان.

ئەم دیاردەیە بەشێکە لە کولتووری پیاوسالاری کە تێیدا ئافرەت وەك کەرەستەیەك سەیر دەکرێت. زۆرجار پیاوان هەوڵی پەیوەندی نادروست و هەروەها نانەوەی کێشە دەدەن لە ڕێگەی ناردنی نامە و وێنەی نەشیاو، کە ئەمەش پێشێلکردنی مافی ئافرەتانە وەك مرۆڤێك.

بێزارکردنی ئافرەتان لە سۆشیاڵ میدیاکان دیاردەیەکی مەترسیدارە کە کاریگەری قووڵی لەسەر تەندروستی دەروونی و کۆمەڵایەتی ئافرەتان هەیە. لە ڕووی دەروونییەوە، ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ و کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون لای ئافرەتان. هەروەها هەستی ناسەلامەتی و ترس لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکات.

لە ڕووی بایۆلۆجییەوە، هۆڕمۆنەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕەفتاری مرۆڤدا. بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ ڕەفتاری نادروست، چونکە مرۆڤ توانای کۆنترۆڵکردنی غەریزەکانی هەیە لە ڕێگەی عەقڵانیەت و لۆژیك و پەروەردەوە. کاتێک ئافرەتان دەکەونە ژێر فشاری دەروونی، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی جەستەییشیان دەبێت چونکە دەروون و جەستەی مرۆڤ دوو ئەڵقەی گرێدراون بەیەکەوە.

هەروەها لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، کولتووری باوکسالاری و نەبوونی یەکسانی ڕەگەزی هۆکاری سەرەکین. کەمی یاسا و سزای گونجاو، لەگەڵ پەروەردەی هەڵە و نەبوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، بوونەتە هۆی بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە. پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی لە ڕێگەی داڕشتنی یاسای تایبەت، دامەزراندنی سەنتەری پشتگیری دەروونی، و گۆڕینی سیستەمی پەروەردە.

چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە هەوڵی بەردەوام و هاوبەشی هەموو لایەنەکان هەیە. دامەزراندنی سیستەمێکی چاودێری توند لە سۆشیاڵ میدیاکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، و پشتگیریکردنی ئافرەتان لە ڕووی یاسایی و دەروونییەوە، هەنگاوی گرنگن بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان. ئەم ڕەفتارە دەرخەری لاوازی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و نەبوونی هۆشیاری تەواوە سەبارەت بە مافەکانی ئافرەتان. پێویستە کۆمەڵگا و دەزگا پەیوەندیدارەکان هەنگاوی جددی بنێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە لە ڕێگەی یاسا و پەروەردەی دروستەوە.

ابراهیم موحەمەد(ئەبڕاهام لێڤای)، نووسەر و پسپۆڕی دەروونی.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress