Skip to Content

حكوومەتی داهاتووی هەرێم لە دیدگای پارتە سیاسییە جیاوازەكانەوە  …. محەمەد عەلی

حكوومەتی داهاتووی هەرێم لە دیدگای پارتە سیاسییە جیاوازەكانەوە …. محەمەد عەلی

Closed
by تشرینی دووه‌م 15, 2018 General

بەپێی خوێندنەوە سەرەتاییەكان بۆ هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێت، هەریەكەیان لە سۆنگەی بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ۹/۳٠ دەكەن، ئەمە لە كاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی پێویستی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو هەیە.

براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان، كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە سەرەتاوە حكوومەتی بنكەفراوانی رەت كردووەتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیشی كردووەتە پێوەر بۆ پشكی هەر لایەنێك لە حكوومەتی داهاتووی كوردستاندا، بەو هۆكارەی لە كابینەی هەشتی حكوومەتی هەرێمدا، زۆرینەیان بە رۆژ لە حكوومەت و بە شەو ئۆپۆزسیۆن بوون، هیچ كاتیش بەرپرسیارەتییان لە حكوومەت هەڵنەگرتووە، بۆ وێنە، لە كۆتا كاتەكانی كابینەی ڕابردوودا و بۆ بەلاڕێدابردنی دەنگدەر، لە حكوومەت كشانەوە، خۆ ئەگەر دوور لە بیركردنەوەی تەسكی حیزبی سەیری ئەم شێوە مامەڵەیەی پارتی بكەین، راستگۆیی پارتی دەردەخات لەگەڵ درووشمە سەرەكییەكەی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەویش بەدیهێنانی كوردستانێكی بەهێزە، ئەمەیش بە واتای پەرلەمانێكی كارا و حكوومەتێكی بەهێز و تۆكمە دێت.

بە هەر حاڵ، یەكێتیی نیشتیمانی رەتی دەكاتەوە كە حكوومەتی داهاتوو بنكەفراون بێت، ئەمەش بێ هۆكار نییە، بەو پێیەی ئەنجامەكان یەكێتییان لە ڕیزی دووەم داناوە بە جیاوازییەكی زۆر لەگەڵ براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، بە هەموو پێوەرێك لە بەرژەوەندیی یەكێتیدا نییە كابینەی حكوومەتی داهاتوو بنكەفراوان بێت، چونكە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی پشكی یەكێتی لە حكوومەتی داهاتوودا دەبێت، لە بەرامبەردا بە مانای بەهێزبوونی ركابەرە تەقلیدییەكەیەتی لە زۆنی سەوز، مەبەستم بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەمەش لە ئێستادا زۆر بە ڕوونی لە گوتاری ڕاگەیاندنی یەكێتیدا بەدی دەكرێت، نابێ ئەوەیشمان لەبیر بچێت كە یەكێتیی نیشتیمانی ئارەزووی دووبارەكردنەوەی هەژموونی ٥٠ بە ٥٠ی هەیە لە كابینەی نۆیەمدا، بێ ئاگا لەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ۹/۳٠ پارتی بە یەكەمی بێ ڕكابەر هێناوەتە پێش.

لە لایەكی دیكەشەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لە یەكەم هەڵبژاردنی كوردستان دوایی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ڕێك نیوەی كورسییەكانیان لە دەست داوە، كێشەی داراییش هۆكارێكی ترە بزووتنەوەكە بیەوێت بەشداری لە حكوومەتی داهاتوودا بكات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی، مەبەستی هەرە سەرەكی لەم هەڵوێستە، بۆ كاڵكردنەوەی ململانێ ناوخۆییەكانی بە تایبەتی لە نێوان بەتەمەنەكان و گەنجەكانی ناو بزووتنەوەكە لە رێگەی بەخشینەوەی ئەم پۆستە ئیداریانەیە، ناكرێ ئەو بۆچوونەش نادیدە بگرین كە گۆڕان بۆ ئەوەی بتوانێ كێبڕكێ لەگەڵ یەكێتی و نەوەی نوێ بكات، باشترین بژاردە یەكێك بێت لە پێكهێنەرەكانی كابینەی نۆ، لە لایەكی تر بە هەوڵێك هەژمار دەكرێ بۆ بزووتنەوەكە كە بە خەڵكی كوردستان بڵێ ئەگەر لە كابینەی هەشت وەك هۆكارێك بۆ تێكچوونی نێوماڵی كورستان سەیر كرابێ، لە حكوومەتی داهاتوودا پێچەوانەكەی بسەلمێنێ.

حزبەكان بۆچوون و جیهانبینییان جیاوازە و كۆمەڵی ئیسلامییش بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە مەیلی بەشداریكردنی حكوومەتی هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەی لە كابینەی هەشت لە رێگەی بەڕێوەبردنی وەزارەتێكەوە توانییان كۆمەڵێك پۆست و ئیمتیازات بۆ لایەنگرانیان مسۆگەر بكەن و خۆیان بەدوور گرت لە هەموو بەرپرسیارەتییەك، لە كۆتاییەكەشی بە بێ كێشە لێی دەرچوون، بەو شێوەیە بێ، ویستی دووبارەكردنەوەی هەمان تاقیكردنەوە لەلایەن ئەم حیزبەوە بەدی دەكرێت.

هەروەها ئەو هێزانەی بڕیاریان داوە ئۆپۆزسیۆن بن، بریتین لە یەكگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ، تایبەت بە یەكگرتووی ئیسلامی هەر زوو خۆی یەكلا كردووەتەوە كە بەشداری ناكات لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان و دەبێتە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا، هۆكارەكەشی ڕوونە، ئەو پاشەكشەیەی لە هەڵبژاردنەكانی ۹/۳٠ دووچاریان بووەوە، ناچاریان دەكات ئەم بڕیارە بدەن بۆ ئاشتكردنەوەی جەماوەر و سەرنجدانی زیاتر لەسەر یەكخستنەوەی نێوماڵی حیزبەكەیان، بە شێوەیەك دەمێكە پەرتەوازەیی سیمایەكی دیاری ئەم حیزبەیە، ئەم هەنگاوە دەكرێ بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو بۆچوونە بێ كە یەكگرتووی ئیسلامی بە پاشكۆی حیزبە دەسەڵاتدارەكان هەژمار دەكرد.

ئەوەش بهێنینەوە یاد كە بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونی نەوەی نوێ، هەر وا لەخۆڕا نەهاتووە، بەڵكوو بە ناچاری بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونی داوە، بەو پێیەی بەدەستهێنانی دەنگەكانی لەسەر بنەمای دژایەتیی دەسەڵات و حیزبە بەشداربووەكانی ناو حكوومەت بووە، بۆیە چوون بۆ ناو حكوومەت بۆ ئەم هێزە بە ئینتیعاری سیاسی هەژمار دەكرێت، پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری بایكۆتكردنی پەرلەمان، نیەتی راستەقینەی ئەم هێزەی دەرخست، كە بەشدارینەكردنی لە حكوومەتدا، تاكتیكە نەك بڕیارێكی كۆنكرێتی.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress