 
	حیزبی باران …. شیعر : نزار قبانی — وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام
Closed							
	
						
						
					من لە هیچ شوێنێک
جێنشین نیم،،،
ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بێ
بوە بە ناو و نیشانم،،
وەک ماسییەکی دڕندە
لەم ناوەیا
…خەریکی هات و چۆم
ئاگر لە خوێنمایە
چاویشم توند و تیژیی
وێڵی ئازادی ” با “م
كە هەموو قەرەجێک شارەزایەتی
بەدوای مێزەرێکی سەوزەوە
…ڕا ئەکەم
هەزاران وێنە لە چاومایە
تا دوا کۆتایی سەفەرەکانیش
هەر لە ڕۆشتنام
مەلە بۆ هەسارەیەکی تر
 ئەکەم
تۆزاویم
ناوی خۆم
   و
ناوی ڕووەکەکان
   و
مێژووی ” درەخت” م
لەبیر چووە…
لەدەست ئەم خۆرەی
بە هاوار هاوار و گەڕەلاوژێیی
پێستی دادڕیوم
…ڕا ئەکەم
لە دەست ئەم شارانەی
چەن سەدەیەکە  لە ژێر پێی “مانگ” نوستوون
… ڕا ئەکەم
لە دوای خۆم
چاوێک لە شووشە
   و
ئاسمانێک لە بەرد
   جێئەهێڵم،،،
پێم مەڵێ :
بگەڕێرەوە بۆ خۆر
من ئێستا
لە حیزبی ” باران” م…

 
			 
			 
			