
نووسین كائینێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه.. به‌ختیار محه‌مه‌د
نووسین كارێكه بۆ به‌دیهێنانی خودیشه (خودی نووسه‌ر)، هه‌ر ته‌نها بۆ چێژ و مه‌عریفه‌ی ئه‌وی دیكه‌ی خوێنه‌ر (وه‌رگر) نییه. ئه‌م كاری خۆبه‌دیهێنانه میكانیزمێكی كۆمه‌ڵایه‌تیشه له نێوان ده‌ق (نووسه‌ر) و ئه‌وی دیكه‌ی خوێنه‌ردا. واته نووسه‌ر له‌ڕێی ئه‌م میكانیزمه‌وه پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی مه‌عریفی – ڕۆشنبیریی له نێوان خۆی (ده‌ق) و خوێنه‌ردا داده‌مه‌زرێنێ. لێره‌وه هه‌موو ده‌قێك (چ ئه‌ده‌بی بێ، چ سیاسی بێ، چ فه‌لسه‌فی بێ، چ هونه‌ری بێ…) خه‌سڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. هیچ نووسه‌رێك نییه ته‌نها بۆ خۆی بنووسێ، ئه‌گه‌ر وایه با بڵاوی نه‌كاته‌وه؛ هه‌ر كه ده‌ق بڵاو كرایه‌وه، ئه‌وا ده‌بێته خاوه‌نی خه‌سڵه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ده‌ق، ئه‌گه‌ر خه‌سڵه‌تێكی (مه‌به‌ستێكی) كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌بێ، ناخوێنرێته‌وه. لێره‌وه ده‌ق ناوه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه له نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا. هه‌ر بۆیه‌شه منی خوێنه‌ر، نووسه‌ر ده‌ناسم. واته خوێنه‌ر له‌ڕێی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌قه‌وه نووسه‌ر ده‌ناسێ. واته ئێمه له‌ڕێی ده‌قه‌وه پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ نووسه‌ر داده‌مه‌زرێنین. له‌مه‌وه هه‌موو خوێنه‌رێك هاوڕێ و دۆستی نووسه‌ره.(1) ئه‌وه‌ی سیفه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیش به ده‌ق ده‌به‌خشێ، هه‌ڵبه‌ت كرده‌ی خوێندنه‌وه‌یه. لێره‌وه خوێنه‌ر له‌ڕێی پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌وه، هه‌م پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ نووسه‌ر ده‌به‌ستێ، هه‌م له‌گه‌ڵ ده‌قیش. دیاره هه‌موو پێوه‌ندییه‌كیش له ده‌ره‌وه‌ی خود، پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه. لێره‌شه‌وه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ (ده‌ق = نووسه‌ر)دا پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه. ئه‌دی ئێمه نێزیكترین و به‌هێزترین پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیمان له‌گه‌ڵ كتێبه‌كانمان و له‌گه‌ڵ كتێبخانه‌كانمان نییه؟ ئه‌دی هه‌ر وه‌ك دۆست و هاوڕێیه‌كی گیانی به گیانیش ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا ناكه‌ین؟ ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ش خۆشمان ده‌وێن، كه وه‌ك به‌شێك له بوونی خۆمان سه‌یریان ده‌كه‌ین. ئا هه‌ر ئه‌مه‌شه، كه لووتكه‌ی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان خود و ئه‌وی دیكه دیار ده‌كا و به‌رجه‌سته ده‌كا؛ ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی، كه له نێوان خود و كه‌سێكی دیكه، یانیش له نێوان خود و شتێكی ده‌ره‌وه‌ی خود سه‌ر هه‌ڵ ده‌دا و په‌یدا ده‌بێ. لێره‌وه ده‌ق پێوه‌ندییه خودییه‌كه‌ی ده‌گۆڕێ بۆ پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بابه‌ته‌كیی (مه‌وزوعی).
له‌مه‌وه، هه‌موو ده‌قێكی زیندوو، كاره‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی زیندوو و چالاكیشه: باشترین و زۆرترین پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیكه‌ی خوێنه‌ردا دروست ده‌كا و داده‌مه‌زرێنێ. هه‌ڵبه‌ت پردی دامه‌زراندنی ئه‌م پێوه‌ندییه‌ش، پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌یه. ڕاستییه‌كه‌ی خوێندنه‌وه ئه‌و جیهانه‌یه، كه دوو كاره‌كته‌ر ده‌خوڵقێنێ و به یه‌كتریان ده‌ناسێنێ؛ ئه‌وانیش نووسه‌ر و خوێنه‌رن. لێره‌وه هیچ ده‌قێك نییه، كه كاره‌كته‌رێكی چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تیش نه‌بێ؛ ئه‌م چالاكبوونه‌ش پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه پێی ده‌به‌خشێ.
ده‌ق پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی مێژوویی نه‌مریش له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر داده‌مه‌زرێنێ. واته له ناو هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا كاره‌كته‌رێكی مێژوویی زیندوو و چالاكیشه. ئه‌مه خه‌سڵه‌تی هه‌موو ده‌قه داهێنراوه زیندووه نه‌مره‌كانه. به‌نموونه: ئێمه سه‌دان و هه‌زاران ساڵه، سه‌ده له دوای سه‌ده و نه‌وه له دوای نه‌وه، داستانی گه‌لگامێش و ئه‌لیاده و ئۆدیسه و شیرین و فه‌رهاد و قورئان وته‌ورات وئینجیل… ده‌خوێنینه‌وه و پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌رمیان له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستین و داده‌مه‌زرێنین. هه‌ڵبه‌ت ده‌ق هه‌رچه‌ند زمانیشی پاراو و ڕه‌وان بێ، هێنده‌ش باشتر ده‌توانێ پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌ركه‌وتوو له‌گه‌ڵ خوێنه‌ری هه‌موو سه‌رده‌مه جیاوازه‌كاندا دامه‌زرێنێ. دیاره پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌قیش له‌گه‌ڵ كاره‌كته‌ری خوێنه‌ره، له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكی دیكه نییه. ئێ خۆ هه‌موومان ده‌زانین، كه پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان خوا و مرۆڤیش هه‌ر له‌ڕێی خوێندنه‌وه‌ی (یا گوێگرتنی) ده‌قه‌وه‌یه: ئینجیل، ته‌ورات، قورئان، ئا‌ڤێستا… تاد. لێره‌وه پێوه‌ندی نێوان نووسه‌ر (په‌روه‌ردگار) و خوێنه‌ر (په‌رستگار)، له‌ڕێی ده‌قی پیرۆزه‌وه، پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی پیرۆزیشه؛ كه‌واته هیچ ده‌قێك نییه له ده‌ره‌وه‌ی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی بێ، ماده‌م ده‌خوێندرێته‌وه ؛(2) ماده‌م ده‌شخوێندرێته‌وه، كه‌واته ده‌ق خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ش – وه‌ك گو‌تمان – پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه دروستی ده‌كا و به‌رهه‌می ده‌هێنێ؛ كه‌واته هاوكێشه‌ی پێوه‌ندی نێوان: نووسه‌ر – ده‌ق – خوێنه‌ر، سه‌د له سه‌د خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی به ده‌ق ده‌به‌خشێ. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ده‌مه‌وێ بڵێم: من پتر له دوو هه‌زار ساڵه هاوڕێی ئه‌لیاده و ئۆدیسه و ئینجیل و ته‌ورات و ئاڤێستام؛ پتر له هه‌زار ساڵیشه هاوڕێی قورئانم (هه‌موو نووسه‌ره‌كانیشیان ده‌ناسم). چه‌ند سه‌د ساڵێكیشه هاوڕێی خانی و شكسپیرم (ده‌زانم كه ئه‌وانیش كێن)… تاد.
لێره‌وه به‌ده‌رده‌كه‌وێ، كه نووسین له هه‌ر ژانر و له هه‌ر بوارێكدا بێ، خه‌سڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه. واته ده‌ق هه‌م ناوه‌ندێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه بۆ به‌ستنی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ر، هه‌م خۆیشی كاره‌كته‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه، كه زۆرترین پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ری هه‌مه‌جۆردا ده‌به‌سـتێ و داده‌مه‌زرێنێ؛ كه‌واته هه‌موو ده‌قێك، ده‌قێكی كۆمه‌ڵایه‌تیشه. ئه‌م خه‌سڵه‌ته‌ش، وه‌ك گو‌تمان، كاری خوێندنه‌وه پێی ده‌به‌خشێ. واته ده‌قێك هه‌رچه‌ند بخوێندرێته‌وه، هێنده‌ش ده‌قێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و زۆرترین پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی (مه‌عریفی – ئه‌ده‌بی – ڕۆشنبیریی) هه‌یه.
ئاشكرایه ده‌قه پیرۆزه‌كان زۆرترین پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییان له‌گه‌ڵ خوێنه‌ردا هه‌یه (خوێنه‌ری ئیماندار). ئه‌وان كه خاوه‌نه‌كانیان خوایه، پێوه‌ندییه‌كی دۆستایه‌تی ڕاسته‌خۆ له نێوان هه‌ردوولایاندا هه‌یه. واته هه‌م خوا هه‌موو خوێنه‌ره‌كانی خۆی ده‌ناسێ، هه‌م خوێنه‌ره‌كانیشی ئه‌و ده‌ناسن. ئه‌مه پێوه‌ندی به‌وه هه‌یه، كه ده‌قی پیرۆز ڕه‌هه‌ندێكی میتافیزیكیی هه‌یه. واته ده‌قێكی گه‌ردوونییه، بۆ هه‌موو مرۆڤێكه به خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واریه‌وه. ئه‌م ده‌قانه په‌رستگایان هه‌یه، وه‌ك ده‌قی ئاسایی نین؛ بۆیه زۆرترین خوێنه‌ر و گوێگریان هه‌یه. ئه‌م ده‌قانه دوو جۆر پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر ده‌به‌ستن: پێوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی واقیعی و پێوه‌ندییه‌كی میتافیزیكی ڕۆحانیش. ده‌بێ بزانین، پێوه‌ندی خوا له‌گه‌ڵ خوێنه‌ره‌كانی، وه‌كو هه‌ر هه‌موو نووسه‌رانی دیكه‌ی ئاسایی، ڕاسته‌وخۆ نییه، به‌ڵكو له‌ڕێی ده‌قه‌كانیه‌تی. واته ده‌ق ناوه‌ندی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی (ڕۆحانی و میتافیزیكی) نێوان خوا و هه‌موو خوێنه‌ره‌كانیه‌تی (یاخود گوێگره‌كانیه‌تی). ئێستا تێده‌گه‌ین، كه ده‌ق پردی په‌ڕینه‌وه‌ی خوده (خودی نووسه‌ر و دانه‌ره) بۆ لای خودی ئه‌وی دیكه (خودی ئه‌وی دیكه‌ی خوێنه‌ر و گوێگر). واته ده‌ق دوو جۆره خود به یه‌كتر ده‌ناسێنێ: خودی نووسه‌ر و خودی خوێنه‌ر. ده‌شێ بڵێین: ده‌ق وه‌ك ((پلكه پێناوی)) ناو حه‌یرانی عه‌شقی كوردییه، كه ئاشقه و ماشقه، نووسه‌ر و خوێنه‌ر به یه‌كتر ده‌ناسێنێ و ده‌بێته پردی په‌ڕینه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو خود: خودێك گوتاری پێیه و قسه ده‌كا، خودێكیش ئه‌م گوتاره وه‌رده‌گرێ و گوێ ده‌گرێ و ده‌خوێنێته‌وه. هه‌ردوو خوده‌كه‌ش له‌ڕێی عه‌شقێكه‌وه یه‌كتر ده‌ناسن: عه‌شقی نووسین و عه‌شقی خوێندنه‌وه. لێره ده‌ق وه‌ك ((پلكه پێناو)) ئه‌و دوو عاشقه به یه‌كتر ده‌گه‌یه‌نێ: عاشقی نووسه‌ر و عاشقی خوێنه‌ر. ئایا هیچ ئیماندارێك هه‌یه، كه عه‌شقی خوا و عاشقی ده‌قه‌كانی نه‌بێ؟ ئه‌ی چه‌ند خوێنه‌ر هه‌یه، كه عاشقی فڵانه نووسه‌ر و فڵانه ده‌قه؟ هه‌روه‌ها نووسه‌ریش، ئه‌گه‌ر عاشقی خوێنه‌ر نه‌بێ، نانووسێ. له‌مه‌وه وه‌ك بڵێی ده‌ق جێژوانێكه بۆ ژوانی نێوان نووسه‌ر (خوا) و خوێنه‌ر: نووسه‌ر له‌ڕێی ده‌قه‌كانیه‌وه (واته ده‌ق ده‌بێته ڕه‌مز و نوێنه‌ری ئاماده‌بوونی ئه‌و) ده‌چێته لای خوێنه‌ر و هه‌ردوولا له جێژوانی ده‌قدا یه‌كتر ده‌ناسن و پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ش ده‌بێته تاكه به‌ردی بناغه‌ی پته‌وی پێوه‌ندی نێوان هه‌ردوولایان. به‌م شێوه‌یه ده‌ق (نووسین) كائینێكی زمانه‌وانیی كۆمه‌ڵایه‌تییه له نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا.
په‌راوێزه‌كان:
1- ڕاسته نووسه‌ر ڕاسته‌خۆ زۆربه‌ی خوێنه‌ره‌كانی ناناسێ، به‌ڵام ده‌قه‌كه‌ی – كه پاژێكه له خۆی – ڕاسته‌وخۆ ده‌یانناسێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ده‌قه پیرۆزه‌كان ناگرێته‌وه، كه خودا خاوه‌نیانه و هه‌موو خوێنه‌ره‌كانیان ده‌ناسێ.
2- واته خوێندنه‌وه‌ش هه‌رچه‌ند پرۆسه‌یه‌كی خودییه، هێنده‌ش پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه.
3- پلكه پێناو = پێناو: واته نێوه‌ندگیری (وسیط) ی نێوان دوو ئه‌ڤیندار.
به‌ختیار محه‌مه‌د