Skip to Content

کوچک لە ئاگر گەرمتر! (١)، سەرنجێکی کورت لەسەر شەڕی غەززە..   عەبدوڵا ساڵح

کوچک لە ئاگر گەرمتر! (١)، سەرنجێکی کورت لەسەر شەڕی غەززە.. عەبدوڵا ساڵح

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 22, 2023 General, Opinion


ئەم کاولکاری و ڕەشەی کوژیـیەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژی دانیشتوانی فەلەستین لە کەرتی غەززە دەستی داوەتێ، و جەنگێکی پاکتاوکردنی “ئایینی و نەتەوەیی” دەست پێکردوە کە دەکرێ بە هۆلۆکۆستێکی تر ناوزەد بکرێ، گوایە لە تۆڵەی ئەو هێرشەی بزووتنەوەی (حەماس)ە کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی (٧)ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ (٢٠٢٣) لە پەلامارێکی کتوپڕدا کردیە سەر شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیلی دەوروبەری غەززە، کە کوشتن و بەدیل گرتنی سەدان هاوڵاتی ئیسرائیلی و بیانی لێکەوتەوە.
لێرەدا من ناچمە سەر ئەو بابەتەی کامە لایەن خەتابارە و دەبێ سزای دەرئەنجامی خەتاکەی خۆی وەربگرێ، چونکە ئەو باسە لە ناوەرۆکی ئەم کورتە بابەتە دوورمان دەخاتەوە، بەڵام ئەوەی کە دیار و ئاشکرایە و دەبێ بگوترێ لە کەرتی غەززە، نزیک بە دوو ملیۆن و سێ سەد هەزار کەس خزێنراونەتە سەرزەمینێک کە ڕووبەرەکەی تەنیا بەنزیکەی (٣٦٠) کیلۆمەتر دووجا هەژمار دەکرێ و لە هەرچوار لاوە گەمارۆ دراوە (ئسرائیل – میسر – دەریا)، ئەم حەشاماتە هەموو دەرگاکانیان لێداخراوە و تاکە شوێنێک کە دەستیان پێڕابگا بۆ دەربازبوون لەم ئاگربارانە و ڕاکردن لە مردن، خودی مردن خۆیەتی!
سەرباری هەموو ئەو گرفتانەش دەسەڵاتێک لەم کەرتە حاکمیەتی هەیە کە هیچ بەهایەک بۆ ژیان و گیانی ئەو دانیشتوانانە دانانێ و لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجیەکەی خۆی کە دروستکردنی ئیمارەتێکی ئیسلامیـیە هاوشێوەی ئەوەی لە ئەفغانستان حاکمە، دەست بۆ هەموو جۆرە کردارێک دەبا، تەنانەت ئەگەر قڕکردنی سەدان هەزار کەسیشی بەدواوە بێ و لەو هەوڵەشیدا پیشتیوانی مادی و مەعنەوی لە وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە وەک (ئێران، تورکیا و قەتەر) وەردەگرێ.
دەرئەنجامە دەرەکیـیەکانی ئەو بارودۆخە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرۆکی ئەم باسەی ئێمەیە، ئەگەر کوردستانی عێڕاق لەڕێی هەڵوێست دەربڕین لەسەر ئەم شەڕە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیـیەکاندا بەنمونە وەربگرین، لایەک دەبینین ئیسلامی سیاسی هەموو تاوانێکی کوشتنی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل بەدەستی (حەماس) و ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی تر پاکانە دەکات، لایەکی تریش دەبینین بەشێک لە ناسیونالیزمی بەرچاوتەنگی ڕەگەزپەرستی کورد وا هاتۆتە مەیدان و لەپشت تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل وەستاوە و بێشەرمانە بەرگری لەو کۆمەڵکوژیـیە دەکا کە نەتەنیاهۆی جینایەتکار دەستی داوەتێ بە پاساوی تاوەنەکانی حەماس، کە هیچ پەردەیەک ناهێڵێتەوە و ڕووی دژە ئینسانی خۆی بەڕوونی دەردەخا کە چەندە دڵخۆش و شادە بەکوشتنی خەڵکی سڤیل.
تەنانەت ئەوانەی لەڕۆژگارێکدا داردەستی ڕژێمی تاونباری بەعسیش بوون هاتوون بەردی “کوردایەتی” لەسنگی خۆیان دەدەن و لەتەک ئەم فاشیزمەی دەوڵتی دەستەڕاستی ئیسرائیل دەوەستنەوە!! خۆئەگەر ئەو پشووە بایە ئازاد و دڵفێنککەرەوە نەبایە کە لەلای مرۆڤدۆستەکان و کۆمۆنیست و چەپەکانی کوردستان هەڵیکردووە و دروشمی نەفرەت لە جەنگ، نا بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل، ئیدانەی تاوانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و کوشتنی بەکۆمەڵی منداڵان دەکەن، بەڵێ ئەگەر ئەو پشووە بایە نەبایە بۆگەنی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزم و ڕەگەز پەرستی لە کوردستان قڕی دەکردین.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هەر هەمان بەرەبەیانی شەڕەکە دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی جیهانی بە ڕابەری ئەمریکا هاتنەسەر خەت و دەستیان لەپشتی نەتەنیاهۆ دا و لەتەکیدا شان بەشان وەستانەوە بۆ تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی بێدیفاعی غەززە لەژێر ناوی بنبڕکردنی حەماس، دروست سیاسەتێک کە دەڵێ: (گۆمەکە وشک بکە تا ماسیـیە پیس و هارەکە بکوژی). ئەوەتا (بایدن)ی ئەمریکا و (ڕیچی سۆناک)ی بەریتانیا چنگ لەسەر شان و بەپەلە خۆیان گەیاندە ئیسرائیل تا ئاگری ئەو شەڕە خۆشکەن.
ئەگەر هێزە نێودەوڵەتیەکان ئیسرائیل وەک مۆرەی خۆیان لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیربکەن کە بەبێ سێ و دوو بەرژەوەندیـیەکانیان دەپارێزی، ئەوا ئەم ناسیۆنالیستە کوردە بەرچاوتەنگانە دەبێ چاوەڕەی چی بکەن لەم سیاسەتی پاکتاوکردنەی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی!؟ خۆ ئەوەتا ئەمریکا بەبەر چاوی جیهانەوە لە ئاقار تاوانەکانی ئەردۆگانی چنگ بەخوێن لە کوردستانی سوریا و لە کوردستانی عێڕاق بێدەنگی هەڵبژاردوە و گڵۆپی سەوزی بۆ ئەم دیکتاتۆرە ئیسلامیـیە هەڵکردوە تا ئەویش بەبێدەنگی درەوی لاشەی خەڵکی سڤیل بکا لەژێر ناوی شەڕ دژی (پەکەکە).
ئەو بەرچاو تەنگە ناسیونالیستانە لە ئەفسەرەکانی سوپای فاشیستی ئیسرائیل و سەرانی دەستەڕاستی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلیش توندڕەوتر خۆیان دەخەنەڕوو! ئەوان ئەو بەشە لە دانیشتوانی خودی ئیسرائلی نابینن کە بەکۆمەڵ دژی ئەو ڕەشە کوژیە دەوەستنەوە و هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە دەردەبڕن.
ئەوەتا بەگوێرەی سایتی (بی بی سی -عەرەبی) دوێنێ نزیک بە (٣٠٠) کەس لە واشنتۆن دەستگیرکراون کە ئەندامی دوو گرووپی چەپی ئیسرائیلین و لەپێناو ڕاگرتنی ئەو شەڕە هاتونە بەردەم تەلاری کاپیتۆل (کۆشکی سپی) بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانانی و بە مەبەستی وەستانی ئەو شەڕە. هەر هەمان سەرچاوە ئەمڕۆ نوسیویەتی دەڵێ: ڕۆژنامەی (هائاریتس)ی ئیسرائیلی ئەمڕۆ لە وتاری نوسەرێکدا بەناوی (لەغد عۆن لیفی) بەناونیشانی (شەڕی غەززە دەبێ دەست بەجێ بوەستێ) نووسیویەتی (ئەم حەمامی خوێنە دەبێ بوەستێ، ناکرێ کوشتن بەکوشتن وەڵام بدرێتەوە)!
ئاخۆ ناسیۆنالیستە کوردەکانی لای خۆمان دەڵێن چی لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستانە؟ پێم وایە باشترین وەسف بۆ ڕەفتاری دژی ئینسانی ئەوان ناونیشانەکەی ئەم نوسینە کورتەیە.
-*
(١) کوچک. بەو سێ بەردە دەوترێت کە ئاگر لە بەینەکەیاندا دەکرێتەوە.

٢٠ – ١٠ – ٢٠٢٣

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish