وه‌ك وێڵگه پانۆڕامییه ئه‌م داستانه.. ئه‌دیب نادر
“من سه‌ر به‌و ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌م كه كاتی خۆی له ژێر ئه‌شكه‌نجه و مه‌ینه‌تیدا گۆرانی وتووه”
ڕامبۆ- وه‌رزێك له دۆزه‌خدا
به‌دوای خۆدا له‌قله‌قه‌كان بۆ نه‌وه‌كان لانه‌كانیان ده‌هێڵنه‌وه, منیش هاتمه‌وه…داپیره بۆ زارۆڵه بێ باوكه‌كانی ده‌وروبه‌ری, سه‌ربوورده ئه‌فسووناوییه‌كه‌ی به كۆتاییه‌كی میلانكۆلییه‌وه گرێدا و منیش ده‌ستپێكی سه‌رگوروشته‌ی بێكۆتایی ڕه‌وه‌كه‌ی خۆم بۆ غه‌واره‌كانی دنیا له ئه‌لفوبێوه شه‌ته‌ك دا: پاش نه‌مانیش! ئیره‌یی به‌وانه ده‌به‌م, له گۆڕخانه‌ی غه‌واره‌یی, به گوڵجاڕی جوانی مانا, پۆشته‌وپه‌رداخ, ناویان ده‌خه‌نه له‌سه‌ر تاته‌ی كێله به‌رده زراڤه‌كان!
*دووپاته‌ی خود
هێشووی ساته به‌ته‌وژم له‌كیس چووه‌كانی خۆم ده‌ڕنم، هێشووی ساته خۆڵه‌پووت بردووه‌كانی خۆم دووپاته ده‌كه‌مه‌وه، نه‌خشه‌ی تاری ئه‌م په‌ڕه‌وازه‌ییه‌ی كۆتایی ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، له‌گێتی ئه‌فسووناوی فنجانه هێلوون ئاساكه‌ی ئه‌م دیرۆكه كوڵێنانییه قه‌ره‌برووته‌دا، كچێنیی خۆی به پڕووشه‌ی به‌فری ڕووسپی، ئه‌و شه‌وه زیووییانه‌ی یاد وه‌رده‌گێڕایه‌وه نێو بوون.
*دوڕیانی ڕه‌گه‌كان
له مێژ نه‌بوو، به‌سه‌ر كیشوه‌ری ته‌ڵایی لمی بێشووماری یاددا، گه‌رده‌لوولی یادوه‌رییه قه‌ترانییه‌كانم داده‌چۆڕاند، ژیان ده‌بووه ئاسنی كووڕی له گه‌رده‌ن و مه‌چه‌ك گه‌وزاو، ئه‌بجه‌دییه‌ت ده‌بووه مه‌ودا و كۆتایی به‌و په‌یوه‌ستییانه ده‌هات، كه كرمه مه‌ڕمه‌ڕییه‌كان پۆقه‌ته‌یان داپۆشیبوون، دڵ له ترپه‌ی شه‌باقه‌یه‌كی بێمیهردا گینگڵی ده‌دا، نیگایش ڕازی تراویلكه‌یه‌كی دووری له به‌رۆكدا هه‌ڵده‌گرت، ئه‌و دوڕیانه ده‌گمه‌نه‌م ده‌بینی، ڕووپۆشی زه‌لیلیی، ڕوخساری یه‌كێكیانی حه‌شارده‌دا، ئه‌وی تریش وه‌كو داوی جاڵجاڵۆكه‌ی بنمیچه‌كان، هیچ گێژه‌ڵووكه‌یه‌كی تووڕه نه‌یده‌پساند.
*بێهووده‌یی
هه‌موو شادییه‌كان له‌دیوی ده‌ره‌وه‌ی گیان سه‌قامیان گرت
هه‌موو شته‌كان له ده‌ره‌وه‌ی نیشتیمان‌دا بۆن و چێژی مه‌رگیان هه‌یه
هه‌موو شته‌كان له‌ودیوی خۆشه‌ویستیی بێبه‌ریین له ته‌ماو هووده
هه‌موو شته‌كان له‌مدیوی عیشقبازیی پڕن له دڕدۆنگیی و ژوار
*هاوكێشه‌یه‌كی دواكه‌وتوو
نازانم بۆ كاژی منداڵییم تووڕهه‌ڵدا و وه‌ك خه‌وتوویه‌ك به‌سه‌ر شۆسته بۆره‌كاندا پێی خۆم هه‌ڵگرت، ئاوێنه‌یه‌كم نیازبوو: وێنه‌ی میهرڕێژی دووره‌چاویی تۆی له‌ڕوودا به‌دی بكه‌م، گوێم له هه‌سانه غه‌می ئه‌و گۆرانییانه بێت، له شه‌وانێكی دووردا هاوده‌نگییان پێده‌به‌خشین، له‌و سه‌ما ئه‌هریمه‌نییانه‌یش به‌دوور بم كه گیانیان ده‌سكه‌نه ده‌كردین و به ڕۆحی غه‌واره‌ی ئه‌م ئۆلكه هه‌ڵكڕووزاوه‌وه گرێچنیان ده‌كردین
*هاوكێشه‌یه‌كی به‌رایی
چۆن ده‌توانم ئه‌مشه‌وه وه‌نه‌وز بده‌م و ئه‌و هه‌موو قافڵه و ڕچانه له‌بیر بكه‌م كه خۆره هه‌ڵاتووه‌كانیان له شه‌وی هه‌ڵاتنمدا به‌یاد سپارد، فرمێسكه‌كانم كڵۆم نین، تووڕه‌ییم برووسكه نییه، ئه‌و ده‌روازه ئاسنین و ئه‌فسانه‌ییه‌ی سه‌رنوێشتم به‌كام ئه‌فسوون ڕابماڵم, چۆن ئه‌م ئاسمانه به بۆشایی ئابڵووقه‌دراوه بسمم؟ په‌رجوو قه‌ت قه‌ت به‌من ناكرێت! دیواره بێ ئه‌ندازه ئه‌ستوور و تۆكمه‌كانیش
جێگای ده‌رگایان له نێودا نابێته‌وه!
*ڕه‌نگه وه‌نه‌وزییه‌كان
له‌كوێوه دێی، ده‌ڵێی پۆلوودانی چۆڵایی كۆڵانه‌كانت له دیده و شه‌قاوه‌كانتا هه‌ڵگرتووه و سووتانی نایلۆنی سه‌بانه‌ی كۆلیته ژیان سپاردووه‌كان و مه‌رگی شه‌وله‌بانه له‌بیركراوه‌كان ده‌بینی، ئه‌و چڵه‌نه‌مامه ڕوواوانه‌ی هزریشت، كه به منداڵیی ده‌تكردنه ئامڕازه به‌راییه‌كانی هاتوچۆ و به سمه خۆڵاوییه‌كانت ڕووه‌و دنیای تۆزوگه‌رد كێشت ده‌كردن، بوونه به‌ئاردێكی به‌ڵه‌ك, چیدی ئۆكسجین به دنیا دووره‌كه‌ی باوكت نابه‌خشن, ماندووێتی كلۆری كردووی, شه‌مه‌نده‌فه‌رێكیش به تخووبه كه‌له‌پچه‌كراوه‌كانی دییاردا تێناپه‌ڕێت، ماندوویه‌تیت لێ بدزێ و سه‌رخه‌وێكی دیلانه‌ییت پێ ببه‌خشێت
*گه‌ڕه‌لاوژه
بۆ كوێ ده‌ڕۆی، له‌نێوانی زه‌رده‌په‌ڕی هه‌میشه‌یی و به ئاگایی ئێواره‌دا، له ڕه‌نگه وه‌نه‌وزییه‌كانی خۆراوادا گه‌وزه ده‌خۆیت، وه‌كو سه‌دایه‌كی چه‌مووش له گه‌ڕه‌لاوژه‌ی خه‌یاڵه‌كاندا زایه‌ڵه ده‌ده‌یته‌وه، وه‌كو سه‌دایه‌كی گلاو ئاووڕی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی وه‌دی نه‌هات ده‌ده‌یته‌وه، تا له ئاپۆرای جه‌سته هه‌ڵوه‌ریووه‌كانی شاره لێڵه سه‌رابییه‌كه‌ت بگه‌وزێیته په‌له‌قاژه بێدواییه‌كان.
*ته‌داعی یه‌كه‌م
كه‌س ناپرسێ، كه‌س له خه‌می ئه‌وه‌دا نییه، جێسه‌قامی سبه‌ینێت له‌كوێدا ده‌بێت، كه‌س بیر له هه‌ناسه‌كانی هاتوو ناكاته‌وه، هه‌تا ئه‌و ماسییه په‌ڕه‌نگییه‌ی نێو ڕۆخانه لێخنه‌كه‌یش مگێز ده‌كات سه‌ری نه‌رمۆڵه‌ی په‌نجه‌كان لێكدا لێكدا داكرۆژێ، هه‌تا ئه‌ویش- كه‌ناتوانێت – نه‌خشه‌ی وێرانی بیناییم وێڵا ده‌كات و له‌چێوه‌ی به‌تانوپۆی بێكه‌سیی ده‌مهێڵێته‌وه.
*لاقه‌كردن
ئه‌م دڵۆپه‌یه، به‌دڵۆپه‌كانی تر ناچێت، زه‌وی ڕه‌نگی ڕژاوی خۆی به ترپه ئاوه‌ڵاكان ده‌سپێرێت، منداڵییه‌ك، له‌ودیو ئاواییه كه‌سته‌كییه‌كان، له‌ودیو سه‌به‌ته‌ی حه‌سیریی برینه ئه‌به‌دییه‌كان، له‌ودیو ئافه‌ریده‌بوونی كه‌وشه‌نه بێدواییه‌كانی ده‌ربه‌ده‌ریی، په‌یڤه‌كانی ده‌كرد به كلیلی شه‌وبۆیی ئاواڵه‌كردنه‌وه‌ی ته‌لیسمه داخراوه‌كان، بۆ خۆی ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام خۆی به ونبوون ده‌سپارد! دیسانه‌وه به‌دووی خۆیدا عه‌وداڵ ده‌بوو، له‌ودیو نه‌یزه‌كی جه‌نگه‌وه به‌تیامانی پڕ نهێنی ده‌یڕوانییه ئاسه‌وار و جێپه‌نجه‌كان، به‌سه‌رسامیی ده‌چووه سه‌ر ڕاسپارده‌ی ده‌ریای هاتوو و سه‌رچڵییه‌كی دیكه فێرده‌بوو, له‌به‌رچاویا كچێنیی شه‌پۆله‌كانی كات ده‌پژان و دیسانه‌وه به‌سه‌رسامیی ده‌ینۆڕییه ئه‌و په‌لكه‌گیا باریكانه‌ی له ئامێزی دوودڵی با و جۆلانه‌ی خووناوكه شه‌فه‌قییه‌كاندا، كه‌وتبوونه كرۆشمه‌ی خه‌ونی ئاڵه‌وه، به‌سه‌رسامییش ده‌ینۆڕییه ئه‌و چراوگه پڕمیهرانه‌ی دوا ئه‌سرینی داگیرانیان ده‌ڕشته سه‌ر ڕوومه‌تی وشكهه‌ڵگه‌ڕاوی شه‌وی تاریك.
*دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ مانگی بۆش و به‌تاڵا
منداڵا نه‌بووم، كه مانگی گه‌ڕۆكم په‌یڤاند، له‌سه‌ر ئه‌و شاره غه‌ریبه, له‌سه‌ر ئه‌و قه‌قنه‌سه كڵوكۆدامركاوه تریفه‌كانی په‌خش ده‌كرد، سنووری منداڵكارییه‌كانی خۆم به‌ڕابردوو به‌خشیبوو، ئیدی هه‌رگیز منداڵا نه‌بووم، كه ختووكه‌ی بیستنیمدا و پێم وت مه‌چۆ, مه‌چۆره سه‌ر دووكه‌ڵا كێشه‌كانی ئه‌و شاره كه‌مه‌ر بڕاوه‌ی له‌نێو داڕووخان و ته‌پیندا خۆی به كۆستێكی به‌رپێوار داده‌پۆشێ، ئیدی هه‌رگیز منداڵا نه‌بووم، كه به گوێچكه‌كانیا ڕامگه‌یاند: مه‌چۆره سه‌ر ئه‌و شاره دزێو و بزڕكاو جێهێڵراوه‌ی تیتروازه‌كان چیدی له نه‌ینۆكی ئاوه‌كانیا خۆ نابینن, مه‌چۆره سه‌ر ئه‌و شاره وردوخاشه باله‌شی كه‌ڵه‌كه‌بووی ئه‌و ئافره‌تانه نه‌بینیت، كه پاش جێگیربوونیان له ئه‌موسته‌چاوی هه‌تا هه‌تایی
په‌ڵه‌ی شین و مۆری نیكرۆفیلیایان له باوه‌ش خۆ گرتبوو
منداڵا نه‌بووم
كه گوێم له قریشكه‌ی وێرانكه‌ری كانزا فڕه‌كه‌كان بوو، ئه‌ی بۆچی كه‌وتمه سه‌نگوسووژ؟ ئه‌ی بۆ پرسیم ئه‌وه جه‌نگه‌ڵه مه‌شقه‌ڵان به‌ره‌و ته‌شقایی ده‌نێرێ، یان به‌زم و ڕه‌زمی دێوه‌زمه بێ ئۆقره‌كانه هه‌ڵایساوه؟ ئه‌ی ئیتر له‌به‌رچی پرسیاری وه‌كو زاری ئه‌شكه‌وت داپچڕاو؟
نه‌مده‌زانی ئه‌وه یه‌كه‌مین ڕۆژی به‌رجه‌سته‌بوونی وجوود بوو
جه‌سته‌یه‌كم خسته ژێر ڕكێفی ڕۆح و هاتمه دنیا!
نه‌مده‌زانی، دیده‌كانم له‌ودیو مینای چایخانه‌یه‌كی ژاوه‌وه، سه‌ربازه به تالووكه‌كانیان ده‌بینی، وه‌ك هه‌وری زڕ له ڕه‌وینه‌وه وه‌رده‌بوون، نه‌مده‌زانی بۆچی له‌ودیو ده‌سته‌جله خاكییه قوڕاویی و چڵكنه‌كانیانه‌وه هه‌میشه ڕوخساری منداڵكاره‌ی جه‌نگم ده‌بینی و له‌گه‌ڵا زامه ته‌ڕه‌كانی سه‌ره‌تادا ناسیارییه‌كی قووڵم په‌یدا ده‌كرد؟
*گه‌وره بوون
دڵم شه‌مه‌نده‌فه‌رێكه، له‌نێو توونێڵی ساڵه خوێناوییه‌كاندا بزر ده‌بێت، كامیراكان، وێنه‌كانی یاده‌وه‌ریی ده‌مه‌ونخوون ده‌كه‌نه‌وه، په‌نامه‌كیی پرسیاره‌كان له‌بوومه‌له‌رزه‌ی كازیوه‌ی ڕه‌شی جه‌نگدا چۆڕاوگه‌ی شه‌باقه‌كان سووره‌كان ده‌گرنه خۆ، ئه‌و پیتانه‌ی وه‌كو بڵقی سه‌رڕووی ڕووپه‌ڕ، له حه‌وشه‌ی پڕ درزی مزگه‌وته ته‌ریكه‌كان به‌رهه‌ڤم ده‌كردنه‌وه، بای خۆشه‌ویستیی ده‌بووه شوانكاره و به‌ره‌و شاره له‌بیركراو و ونه‌كه‌م ده‌یبردنه‌وه، وه‌ك گیایه‌كی له‌نێو ئاوونگدا شاراوه، به ته‌متومانی ئه‌و گه‌مارۆ هه‌ڵه‌كۆكییه خۆحه‌شار ده‌ده‌م له‌لانكه‌ی چاوه كه‌سیره‌كانما وڕك به گه‌وره‌ییه‌وه ده‌گرێ، گه‌وره‌بوونیشی ناسۆرێكی بێئامانی ئارمانه په‌یگیره‌كانه، له‌نێو كووره‌ی ساته‌كانی غه‌واره‌یی و بێبه‌هایی، ده‌مكات به بوونه‌وه‌رێكی بێ كڵوكۆ و به دۆزه‌خه‌كان ده‌ساژۆ، له‌و كاته‌وه، له چامه‌كانی دۆزه‌خدا زه‌نگۆڵا.. زه‌نگۆڵا..ئیكسیری دانسقه‌ی زینده‌گی له‌گیان و ڕۆحمدا هه‌ڵده‌قووڵێ، كه‌وانه‌ی چاوه ئه‌شك ڕێژه‌كانم، نیگاكانم ده‌گرنه شینكایی سێڵاوی ڕه‌های با و ئاسمانی بێكۆتا و یه‌كڕه‌هه‌ند، هه‌تا شه‌هوه‌تی ده‌گمه‌نی گه‌واڵه‌كان بدۆشم و په‌لكه‌زێرینه دیاره‌كان شكار بكه‌م.
*ئاوێنه‌كان
جه‌نگاوه‌ره به ئاڵۆش تاجداره‌كان، قامكه تووتڕكیی و چاوه باشقاڵا و ڕژده‌كانیان ده‌گرنه سنگ و به‌رۆكی دێهاتییه‌كان، گونده‌كان شه‌كه‌تیی كرمێیان ده‌كات، زینهار ده‌بن له ئاوه‌دانیی و ڕاوه‌ستان، پێیه كۆچكردووه‌كان وه‌ك ئاوێنه‌ی هه‌ڵپه‌سێرراو سیپه‌ڵاكیان به توله‌ڕێ و ڕچه تۆزاوییه‌كانه‌وه له‌بیر ده‌كه‌ن، سواری زینی ئاوزینگدان ده‌بن، ده‌كه‌ونه قه‌رتاڵه‌ی پشتی داهێزراوی هه‌ڵاتنێكی ئه‌به‌دیی, كێ ئه‌و كه‌سته‌ك و خۆڵه ده‌بینێت، بۆنی گیانه‌ڵای ئه‌م دییاره وردوخاشه ناكات و له‌ناو پێچ و لوولی ئه‌و لمه هه‌میشه‌ییه‌دا، له‌ناو دووكه‌ڵستانی جه‌نگه‌ڵه به‌نێڵه‌كان ئاوا نابێت؟ سووتان بۆنسۆو مۆری قه‌ره‌برووت به هه‌موو شته‌كان ده‌به‌خشێت، ئا ئه‌م ڕه‌وته شپرزه و په‌شۆكاوه، فه‌ریكه گه‌ڵاكان له خوێنه به‌ربووه‌كه‌ی من وه‌رده‌دات، مانیفێستی هه‌نۆیه‌ك بێ لێبڕ تاوڵی شێداری ده‌دا به‌سه‌ر بینا بێبه‌راییه‌كاندا، ئه‌م ده‌ستاڕه خاڵییه‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئێستامان ده‌كاته ئاردی ڕابردوو، دواڕۆژیش به‌سه‌ر ئێسكه‌كانماندا گڕه‌ی دێت، وردوخاشیی به‌دێم و ڕوخساری كێڵگه‌كانی بوونمان ده‌دا و گیانمان كه‌مۆڵه‌ی ئاوێنه‌ییه دووكه‌ڵی زه‌ردیله‌ی كیمیای لێ هه‌ڵده‌چێت!
*نه‌وگڕێك ده‌مانگێڕێته‌وه بۆ مانگی ئادار
ئیدی له‌ده‌رێی جه‌سته‌مدا مه‌شقه‌ڵان هه‌ڵنایسێنم، لقی باسكه شۆڕه‌كانم ئه‌نگوستیان پیا هه‌ڵده‌وه‌رێت، ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه ڕۆح له‌ودیو چمكه‌كانی به ژن و باڵا قه‌رتماغاوییه دێرینه‌كه‌م هه‌ڵده‌تروشكێ، دڵم وێنه‌ی ڕوخساری مانگ هه‌تاوی خه‌ونی منداڵیی ڕاوی ده‌نێت, خورپه‌كانی جێ ده‌مێنن, خورپه‌كانی تریفه‌ی به‌ر تاریكییه‌كی لاسارن، وڕێنه‌ی ئه‌و چرا زیووییه مه‌لووله په‌رتیی گیان كۆناكاته‌وه، خه‌رمانه‌ی ئه‌و گه‌واهیده‌ره تاقانه‌یه تۆزی ڕۆشنایی به‌سه‌ر ئێسكی بێدارییم هه‌ڵده‌نیشێنێ، ئای له‌و هه‌ناسه دواكه‌وتووانه چۆن شووشه‌ی حه‌سره‌ته سه‌رومڕه‌كانم ته‌ماوی ده‌كه‌ن, چۆن خه‌ونه سه‌رومڕه‌كانم په‌خشوبڵاو ده‌كه‌نه‌وه و چاوه‌كانم ده‌كه‌نه بارۆمه‌تری بینینی ئه‌و خه‌ونه هه‌ڵاتووانه!
*نوتفه‌یه‌كی جێماو
هێلانه ڕووت و ئاواكان، گێژه‌ڵووكه ناوه‌خته‌كان خوێنیان ده‌داته ده‌م ونبوون، منیش دوورم, له‌وێ له چه‌مه‌ره و ترپه‌یه‌كی خۆشه‌ویستیی پترم جێ نه‌هێشتووه, دڵۆپه‌كان ده‌كه‌ونه زاڤدانی وشكوبرینگی بێ هه‌ویایی, ئه‌و زه‌نگۆڵه به‌دوایه‌كدا هاتووانه نابن به بێشه‌یه‌ك وشه, ئه‌و تارماییه له مانه‌وه بێزار و هه‌راسانه بیانكاته شووره‌ی دژواری مانه‌وه, نوتفه‌یه‌كی مروارین ده‌خاته ئینجانه ڕه‌نگامه‌كه‌ی ئه‌و شه‌به‌نگه به‌جێماوه..ڕه‌نگه تۆڕه مێیینه‌كه‌ی كه لێی جێ ده‌مێنێ به‌بڕشت بێت پزیسكی ڕێگاوبانێكی پڕاوپڕ له ده‌نگی ناڵا و خاڵیی خاڵیی له سه‌رابی پێ ببه‌خشێت.
*خه‌ونێكی مێخه‌كیی
كه مانگ هه‌ڵهات: سه‌رم پووره‌ی پێكه‌نین بوو، به خه‌ونه پڕ ئاشتییه‌كاندا شۆڕده‌بووه‌وه، له‌دنیا مێخه‌كییه‌كاندا خۆی به‌مه‌دهۆشیی ده‌سپارد، له به‌هه‌شتێك ده‌گه‌ڕا، ده‌روازه‌ی شاری مۆته‌كه و دێوه‌زمه له به‌ختیدا كرایه‌وه، ده‌نگێكی زۆر ڕمووزن و هه‌تاكو بڵێی شه‌یتانیی, فرمانی دا: له خه‌ونه‌كان بێبه‌ریی كه‌ن, چرای یاده‌وه‌رییه‌كانی شاری سه‌رزێدی له چاودا بكوژێننه‌وه, بیبه‌نه لای ئه‌و به‌نده‌نه‌ی نواڵا گومڕایی ده‌شكێنێ, بۆنی گوڵا و سیحری جوانی ئاوه‌دانیی و پاكیزه‌یی ڕامووسانی زارۆڵانی له‌دڵا ده‌ركه‌ن, پێی نیشانده‌ن, چۆن بێ هیوا مه‌زنه‌كانی ده‌چێته سه‌ر زینی مردن..كه مانگ هه‌ڵهات: هه‌وساری ده‌ماره عاشقه‌كانی من به‌رببوون, سه‌ره بێ هه‌دادانه‌كه‌م وه‌كو بێچووه زناری به باڵا كه‌وتوو له‌و قه‌دپاڵه سه‌ره‌ولێژه‌وه خلۆرده‌بووه نێو جوانییه بێ په‌رواكانی شه‌هید بوون.
*پریازگ
خوڕه‌می خوێن ڕه‌وتی هێنا, جانتای زامه پڕ مه‌وداكان ئاوێنه‌یان هه‌ڵگرتبوو, جه‌نگاوه‌ره گه‌یشتووه‌كانیان به دیار ده‌خست, خه‌رمانه‌ی ده‌سته‌مۆبووی گیانم ده‌گه‌ڕان: گه‌رماییه‌كی خۆرئاوایی- چرای خه‌نده‌یه‌كی به‌جێماوی زه‌ڕكه‌فت به كزیییه‌كی بێمه‌یل, په‌پووله‌ی دواهه‌ناسه‌یه‌ك- كۆتاییه‌كی شیرین شیرین و سه‌رسامكه‌ر- ئومێدێكی په‌ژموورده‌نه‌ناس و چه‌ند ڕه‌وه‌یه‌ك برینی سووری هه‌ڵنووتا- و له‌سه‌ر جه‌سته سه‌خییه‌كه‌مدا دۆزرانه‌وه.
*وار
وڵاتێكی وردوخاش و په‌ڕاگه‌نده له گیانمدا بینرایه‌وه: لمی زێڕینی سارا ڕووت و قووته‌كانیم له گورچیله‌م هه‌ڵگرتبوو, هه‌ورازه سه‌ركه‌شه‌كانیم خستبووه كووڕایی پشتم, باو كژه بێ نسێكانی پشوویان گه‌مارۆ ده‌دام, كانیاوه زه‌نوێره كانیم ئاوای بینا چككردووه‌كانم كردبوو, دڵی پڕ میهرم كردبووه كه‌پری ئاسۆیی قه‌ڵا باستانییه‌كانی, به تلییه زبره‌كانم خه‌می سه‌ر ڕووی هه‌یڤی گه‌ردینی ئاسمانه مۆنه‌كه‌یم ده‌سڕییه‌وه, زه‌مه‌نه‌كه‌ی, له كاتژمێره به‌ساڵدا چووه‌كه‌ی مێژوودا, ڕه‌هه‌ندی ناڕه‌هابوونی به‌رجه‌سته ده‌كرد
ئێمه ئاوا هه‌ڵمانده‌گرت ئه‌ویش له تاسه‌ی بێ تانوپۆمان ڕاده‌پسكا
*ته‌ڵه‌زمی مه‌وداكان
له جۆگه‌له‌ی گریانێكی هه‌رگیزییدا, به دووی ئه‌بجه‌دییه‌تی باڵه‌فڕه‌دا ده‌گه‌ڕام, كه نه‌خشه‌ی كه‌ونارای به ته‌لبه‌ند خه‌فه‌كراوی ئه‌م واره جارێكی تر دۆزرایه‌وه, ته‌ڵه‌زم و مه‌رگ له گیانی ساردی باكوورییم هه‌ڵده‌وه‌ریی, گالیسكه‌ی با هاوكێشه كوشنده‌كانی كیمیای به پۆیلانه بۆ سییه‌كانم ده‌هێنا, ئه‌نگوستی هه‌ناسه‌كانم چیدی قه‌مته‌ریان نه‌ده‌خسته گه‌ردنی مه‌رگ, ئاسمانی بێموبالات مه‌ودا چه‌مووشه‌كانی ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ی به ته‌ڕنه‌بوون زین كردبوو, ئه‌و چۆگه‌له یاقووتییه‌م كرده به‌رمووری ئاسۆی ئاواڵه‌ی سبه‌ینێ, هه‌نگاوه‌كانم باژێڵه‌ی بێ سنوورییه‌كانی خواست كرد و له شیناییه بێدواییه‌كانی ئه‌ستێره‌یه‌كی دی ڕامام.
*ته‌داعی دووه‌م
كه ڕۆیشتم, كه ده‌گه‌ڕێمه‌وه مه‌نزڵی خۆبه‌ختییه‌كان به كۆڵانه جێماوه‌كانی ئه‌و په‌ڕی خه‌ونی منداڵییمدا پیاسه ده‌كه‌م, ڕۆحی مه‌لوولم له ته‌پوتۆز و چڵپاوه‌كانی سه‌ره‌ڕێ غه‌ریبیی خۆی هه‌ڵده‌كێشێ, سه‌رجه‌می كوخته و خانووه‌كان وه‌ك نوشته پیرۆزه‌ییه‌كانی جادوبازی قژدرێژی گه‌ڕه‌كه دووره‌كه‌مان سێ سووچن, له دامه‌نی چاوه وشكه‌كانی مندا ئاوقا ده‌بن, ده‌وروپشتم له میان ژه‌نگ و ژیله‌مۆی بێده‌نگییدا سه‌رهه‌ڵا ده‌ده‌ن, له هه‌موو چركه ساماڵه‌كانی ئێستا سڵده‌كه‌مه‌وه, هه‌موو ساته بێڕه‌نگوڕووه‌كان ده‌كه‌مه سووتووی بیركردنه‌وه‌یه‌كی سه‌رومڕ له گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی دیكه و به‌ئاشكرا ڕنووس كردنه‌وه‌ی ئه‌ڵها و ئاره‌زووه له‌كاڵبوونه‌وه به‌ده‌ره‌كان و كه‌له‌پووری ئه‌م ئه‌وینه به‌رده‌وامه.
*كاسێتێك
له پایته‌خته به تارمایی قه‌ره‌باڵخه‌كان, په‌یڤه مه‌ند و سه‌لاره‌كان, كاژی به‌ریان داده‌ماڵن, لێوڕێژ ده‌بن له تبر و كه‌وان, كه سه‌فه‌ری باران شه‌قامه خه‌وتووه‌كان ڕه‌جاڵی ته‌ڕایی ده‌كات, بۆهیمییه‌كی پێخواس وكه‌ڕولاڵم, نیگای قه‌فه‌زی چاوانم به گشت ئاڕاسته‌یه‌ك به‌رهه‌ڵدا ده‌كه‌م, كێ د‌رك به‌وه ده‌كات كه هه‌ڵوه‌سته‌ی حه‌سره‌ته نه‌مره‌كانم له پاڵا وه‌دی نه‌هاتنی شته‌كاندایه, كێ د‌رك به‌وه ده‌كات, كاتێ كه سه‌رمای برسێتیی ئه‌م بۆشاییه له هه‌رس به‌ده‌ره‌ی كاسه‌ی سه‌رم ده‌ته‌نێت, بیر له ڕفاندنی كتێبێكی ده‌وڵه‌مه‌ند, یان هه‌ڵگرتنی ئازار و ژانی كتێبخانه‌یه‌كی ئاوه‌ڵا ده‌كه‌مه‌وه؟
كێ په‌یی به پڕكێشییه‌كانی یاد و خه‌یاڵی من ده‌بات؟
*مووچڕكه‌یه‌ك له‌سه‌ر شۆسته‌ی ساڵه‌كاندا
هه‌موو شته ژاڵه‌ییه‌كان له كێڵگه‌ی یادی كۆچه‌رییمدا ده‌بنه داری شیرینیی، له‌شم وه‌كو هه‌ڵمی زستان له سه‌رمادا هه‌ڵده‌له‌رزێ، تامه هه‌نگوینییه‌كان، ڕه‌نگه هه‌نگوینییه‌كان، سه‌دای ترپه لاوازه‌كان و دووریی هه‌ناسه‌كانیش، لیزگن به‌سه‌ر خه‌مه ئه‌نگوسته‌چاوه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌ترووكێن، له‌سه‌ر شۆسته‌كاندا ده‌كه‌ومه دوای ئاسه‌واری به‌جێ نه‌ماوی ساڵه‌كان، ساڵه‌كان دۆنایدۆنی چاره‌ڕه‌شیین، له دڵدا شه‌و و تاریكیی داده‌هێنن.
*په‌نجه‌ره
په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ناسه‌كانی ده‌می گیانه‌ڵا, دووكه‌ڵا ئاسا چاوی سه‌مای له‌یه‌ك ده‌نێت، له شارێكدا، سڕیی ئابڵووقه‌ی گیان ده‌گرێت، ورشه‌ی لێوی شه‌هوه‌تڕێژی چه‌قۆ هه‌سان ماچكردووه‌كان، له‌دڵدا په‌نجه‌ره‌ی ئاواییه‌كی سه‌خیی ده‌كه‌نه‌وه، شه‌ویش گیانی به به‌یانییه نه‌هاتووه‌كان ناسپێرێ، تا بێدارییه ماندوونه‌ناسه‌كه‌ی وه‌نه‌وز و پڕووشه‌ی ماندوێتیی چاوه‌كان بڕفێنێ، ئیتر وێنه دێرینه‌كانی یادوه‌ریی له ئاوێنه‌ی سه‌قامگیری ئه‌و توله ڕووباره‌ی منداڵییدا جێده‌مێنن، ئه‌سپێكی لات، ڕۆحی وه‌ڕسی كه‌وتۆته سه‌ر سمه بێ ئه‌ته‌ره‌كانی و ڕۆخه زه‌مزه‌مه‌داره‌كه‌ی پێ ته‌رك ناكرێت.
*ڕانه‌بوون
ئاسمان گومه‌زێكی نقێمداره, ده‌یجوور زینده‌وه‌رێكی دزێوی ده‌ساژۆیه، مانگ گولبه‌ی سوولاوكه‌یه‌كی مه‌ند و كه‌فڕه‌نگه، له‌سه‌ر دوومه‌ڵه كه‌سكه‌كانی گیانی پڕووكاوی شاره‌وه، تفتیلكی گڕه‌بردووی بانگ، گمه ده‌خاته نێو هه‌ڵدێره بێبنه‌كان، سه‌دا به‌سه‌ر ته‌نافه‌كانی ئاسۆدا هه‌ڵده‌واسێ, چاره‌وی گشت ناونیشانه چه‌مووشه‌كان له‌خۆڵا و گه‌ردی زه‌رده‌په‌ڕی ئێواره‌دا ده‌گلێن و له تروسكایی ئاسته‌می ده‌لاقه‌یه‌كی دووره‌وه ڕۆده‌چمه نێو جه‌سته‌ی تاریكییه‌كی بێ ڕه‌وت، له‌ودیو قۆزاخه‌ی ڕاكشانێك، جێ پێی دانسقه‌ی خه‌ونێك هه‌ڵده‌گرم، كابووسی گه‌رده‌لوولێك له‌ناوجه‌رگه‌یدا په‌پكه‌ی خواردووه, ترس و تراژیدیا له ناخی بیابانئاسامدا ده‌ستیان تێكه‌ڵا كردووه, كه قۆزاخه‌كه جێدێڵم, هه‌نگاوه‌كان هێشتاكونێ هه‌رخه‌واڵوون, ئایینده‌ی پێشوه‌خت ماندوویش وێژینگێكی سه‌رسامكه‌ری خه‌ونه‌كانی منداڵدانه!
*ته‌داعی سێیه‌م
تارای پێواریی له‌سه‌ر شته بێ جووڵه‌كان هه‌ڵا ده‌ماڵم, پاوانه‌كان له‌و كێڵگه دوور و ته‌نهایه ژه‌نگی جوانی قه‌رسیلییان هه‌ڵهێناوه, ڕۆح كه چیدی ناتوانێ جه‌سته ئاوا كات, خوێن ده‌كاته قه‌دیفه‌یه‌كی زیواڵا و به نمنمۆكی گۆڕه‌كانی ده‌به‌خشێت, نازانم سه‌رجه‌می ئه‌و تانك و زرێپۆش و تفه‌نگه له ژه‌نگ یاخیی و هه‌رگیز خانه‌نشین نه‌كراوانه چ شتێكم پێ هه‌رس ده‌كه‌ن؟ ناتوانم واز له‌ده‌ربه‌ده‌ریی بێنم و شووره ڕه‌ق و پته‌وه‌كان دابه‌شبكه‌م, به وه‌رینی گه‌ڵایه‌كی زه‌ردی پاییز نیگه‌رانییم چرۆ ده‌كات, شه‌قاوی هه‌دادان نه‌ناس ڕازه‌كانی زینده‌گیمه, به باران و گژوگیای هاتوو ده‌یته‌نم.
*ئاوابوون
دیارنه‌ما! دییار- نه‌ما! كێ به دووی ڕه‌وینه‌وه‌یدا ڕه‌هه‌نه ده‌بێت، كێ له ده‌ورانی په‌شم و ڕیسوا بوون، بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێت؟ قافڵه‌ی به‌دمه‌ست خولیای ته‌م ودومان بووه, تراویلكه دووره‌كانی نیازه, له شه‌وانی كزتریفه پێیه‌كان له‌و ڕێچكه له ته‌واوبوون نه‌هاتووانه هه‌ڵده‌نگوتن. كه ڕێگایه‌كی قیرسچمه و ئه‌سته‌میان هێنابووه ئارا, له‌ودیو مینای ڕووت و قووتی په‌نجه‌ره نزمه‌كانه‌وه، ڕۆخانه‌یه‌كی قه‌ترانیی گوزه‌ر ده‌كات، نیگای وردیله‌ی منداڵه‌كانی كه‌ناری, هه‌نگاوه‌كانم ده‌به‌نه نێو گژوگیا، له‌و بژوێنه قه‌وزه‌ییه‌دا ده‌یشارنه‌وه، وابزانم له ڕه‌نگی خاكوخۆڵی ئه‌م خاكه وه‌ریده‌ده‌ن, تارای سپیی ته‌م ڕوخساری به‌فری ڕ‌اكشاو داده‌پۆشێت، به‌فر بووكێكی بێده‌نگه، ڕه‌نگی گرشه‌داری كراسه ئاودامانه‌كه‌ی بۆ چاوه بێ ترووكه‌كان ده‌گوازێته‌وه, كێ له دنیایه‌كی نه‌گۆڕ ده‌ربازبوون وه‌ده‌ست ده‌هێنێت كه هه‌موو ڕه‌نگه زیندووه‌كان تیایدا ده‌مرن؟ خه‌وزڕیی ته‌نها به‌ر ڕه‌نگی ئاڵا ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر پرده‌كان, به‌ناو ئاواییه دووره‌كان, به چه‌مه كه‌فاوییه‌كاندا شۆڕده‌بێته‌وه و پیاسه ده‌كات, ده‌ڕوات و ماچی سووری دڵۆپه كۆنتراسته‌كانی ده‌كاته گواره‌ی قه‌تیسماو به‌گوێی ئه‌و ژیانه كه‌ڕه‌ی, منداڵه‌كان له‌به‌رده‌میدا ده‌مرن و نابنه گێڕه‌ره‌وه‌ی سه‌ربهووردییه‌كان!
*گه‌ڕانه‌وه بۆ ژێر چه‌رداخه‌كانی منداڵیی
ڕۆژگاره‌كانی ئه‌و چاخه, عومر هێشتا شوڵكی نه‌رمی ده‌ره‌وه‌ی باهۆزی كۆچ بوو, به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌نگاڵه, دێوجامه‌ی خه‌ونه‌كانمان هه‌ڵده‌دایه‌وه و گڕكانێكی په‌پكه خواردوومان له‌ژێر به‌دی هاتنه‌كانیاندا ده‌بینی..قرچه‌ی دوا نیوه‌ڕۆ كشومات و لینجاوییه‌كان, به ته‌یمان و دیوار و محاجه‌ره و كه‌پری دارمێوه‌كاندا هه‌ڵده‌گژاین, هاڵه‌ی مزر و هه‌ناره تفته‌كان و نارنجه تۆزاوییه‌كانمان ده‌ڕنییه‌وه, ڕكابه‌رایه‌تی خۆمان پێشكه‌ش به به‌رزایی چڵه قورسه‌كان ده‌كرد و تا ئاستی خۆ شۆڕمان ده‌كردنه خوارێ, ڕۆژگاره‌كانی ئه‌و چاخه, سه‌ری به‌یده‌ست و شه‌یدای به‌ر ڕه‌هێڵه‌ی میهره‌بانی شاری پڕاوپڕ له دووكه‌ڵمان بۆ ژێر چه‌تری تاریكی ئه‌وبه‌ر..نه‌وی نه‌ده‌كرد, كه‌ڤره ڕق ئه‌ستووره‌كانمان ده‌خسته نێو قه‌ڵماسنك و نه‌مانده‌هێشت ئه‌وبه‌رییه تاریكه‌كان ڕۆخانه‌ی خاسه ببڕن, هه‌وڵمانده‌دا ئێمه خه‌نده‌ی ماسییه پڕ جموجووڵه‌كان بۆ خوشكه خه‌مباره‌كانمان بهێنینه‌وه, ئێمه سه‌رله‌نوێ ئاسمانه له سوێروو ڕاوكراوه‌كانمان ئاوه‌دانی باڵه‌فڕه ده‌كرده‌وه، دوای هه‌ڵچوونمان ئه‌و ئاوازه قه‌یره‌یه‌مان ده‌خواست و له‌سه‌ر ئه‌و هزره ده‌گیرساینه‌وه: كه هه‌ر ته‌نها كه‌ڕه‌تێك ده‌بینه شمشاڵا ژیان فوومان پیادا بكات، هه‌ر ته‌نها جارێكیش ڕێبواری خه‌وێك دێت و دوو هه‌نگاوی جاوید ده‌خاته سه‌ر چاوه به ئێشك سه‌نگین و ماندووه‌كانمان، به خۆشه‌ویستییه‌وه، ئه‌و ڕێچكه لاسارانه‌مان داده‌هێنا، ڕووه و دییاری باڵنده تۆراوه‌كان ڕایان ده‌كرد، ئه‌و ژینه لاژیوه‌ردییه‌مان ده‌خوڵقاند، كه له‌چێوه زڕه‌كانی مه‌رگه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه, چه‌شنی میوانی بارانی ئاخروئۆخری پاییزان چاوه‌كانی هه‌ڵده‌هێنا، هه‌ر ته‌نها جارێك په‌یژه‌ی هه‌ناسه‌كان به ئاسمانی له‌داكبوونه‌وه قه‌تیسی ده‌كردین، كه‌یل ده‌بووین له‌پیاسه‌ی باو سیڕه‌ی ناواده‌ی ده‌رگاكانی دوا به‌تڵی شه‌و، له‌و ده‌مه‌وه، به‌دوای سه‌فه‌ری باوكماندا، ئه‌و ڕۆچووه‌ی ده‌ربه‌ندی شه‌و، ئه‌وگه‌نمه‌ی نێو ده‌ستاڕه بێبه‌زه‌ییه‌كانی زه‌مه‌ن, به‌ڕووی وردی بارووتینمان له‌نێو گۆچانه كانزاییه‌كان ده‌ناو له‌گه‌ڵا ئه‌و ئه‌ستێره ئاگرینه سه‌رمان له‌بناری هه‌ڵكشانه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌هات، ده‌مانگرته دڵی سه‌حرایینی ئه‌و ڕاوكه‌رانه‌ی
سپێده‌یان ده‌خسته تۆڕه‌كانه‌وه
ئیتر واشه‌ی به ته‌نووره‌كردن سه‌رقاڵ
ئاسمانی دووكه‌ڵاویی ئه‌مبه‌ری شاریان جێده‌هێشت.
*مۆزه‌خانه‌یه‌ك بۆ نه‌خشه سڕاوه‌كان
له‌و ساته ڕاكردووه بێ جمكه‌دا، هه‌موو به په‌یتوونی زووخاڵا دامان له‌شه‌ققه‌ی هه‌ڵاتن، گوڵه‌خوێنه‌كان له باخچه‌ی سه‌رسامكه‌ری قه‌ره‌برووتدا هه‌ڵپڕووكان، كه‌ڤره‌كان كاژیان فڕێ‌دا و گه‌ڕانه‌وه ئامێزی دێرینه‌ی یه‌كه‌میان، بێشه‌ڵانه تێك ئاڵقاو و تابڵێی چڕوپڕه‌كان بوونه ڕه‌وه باڵنده‌ی هیس، كاروانێك هه‌وریان پێك هێنا، كه‌وتنه ئاسمانی دوور و به‌ر له كه‌وشه‌نی گه‌وره‌یی و هه‌ڵه‌ته‌بوون چاویان به‌داوی باڵه‌فڕه نادیاره‌كان ڕه‌وانه‌كرد
ده‌ست و په‌نجه هه‌ڵكڕووزاوه‌كانیش به‌رۆكی باخچه‌كانیان گرت
له‌یستۆك و یاریچه‌كانیان هه‌ڵدایه نێو هه‌ڵدێره‌كانی سوتماك!
*نه‌گۆڕه‌كیی
ڕۆژه‌كان ئامێته‌ی یه‌كنه‌واییه‌كی پووكاوه ده‌بن، هه‌موو شته‌كان له نه‌گۆڕانه‌وه ده‌له‌وتێن، سیسته‌می كافیتیریاكان، ئه‌سكه‌میله‌كان، پیاڵه سورمه‌داره‌كان، چاییه‌كوژاڵكییه ئه‌به‌نۆسییه‌كه، هاموشۆی هه‌ردوو دیوی په‌نجه‌ره‌كان هه‌روه‌ك خۆیان ده‌مێننه‌وه، ئاژه‌ڵه‌كان به‌ره‌و قوتووه بچكۆله‌كان ڕاده‌كه‌ن، ڕێكخراوه قاچاخه‌كان خۆیان ده‌ئاخننه نێو ڕۆتینی كافیتیریا پڕ ده‌مه‌ته‌قێ بیزه‌نتییه‌كان و به‌ره‌و كڕه‌كیی ملده‌نێن, هه‌ر به ته‌نها كه‌ڕه‌تێك خۆ له خامۆشیی هه‌ڵناكێشن، به بێواریی پێده‌شتی پیرۆزی ڕووپه‌ڕه‌كانی یادمان ده‌كێڵن، ڕووبه‌ری ئه‌ودیوی سه‌رحه‌ده‌كان، به‌یداخی خارودڕكه‌زیی تیا هه‌ڵده‌ده‌ن، ته‌مه‌ت گوڵێكی په‌ژموورده‌ی خۆڵه‌مێشیی گه‌وره‌یی ناده‌ن به دنیا
ئه‌مه گه‌ڕه‌لاوژه‌ی زه‌مه‌نی نێو نه‌ردێنی چایخانه‌كانه
ڕۆژه درێژه‌كانی یه‌ڵدا
ئێستاكانه هه‌مبازی یه‌كتری ده‌بن
ساڵه كورته‌ڵه‌كان، به دووی ئاوایی عومری نه‌وه‌كاندا ده‌ڕه‌وێنه‌وه، ڕووبار هه‌ناسه‌یه‌كی درێژی پڕ له‌زه‌ته ده‌ریای قووڵا هه‌ڵی ده‌كێشێت، چی په‌رتیی دێرینه‌ی ڕۆژه هه‌ڵوه‌ریووه‌كان ده‌پێچێته‌وه؟ ڕوخساره كلاسیكییه داته‌پیووه‌كان ئومێدم له وردوخاشبوون ده‌گه‌وزێنن، له‌ژێر سێبه‌ری پێڵوودا ده‌مكه‌ن به گه‌ڕیده‌ی چاو گلكردووی ئه‌و شارانه‌ی وه‌كو ژووژگ گرمۆڵه‌ی سه‌ر زه‌وی بوونه، ئاسۆی كزی نیگا شه‌كه‌ته‌كان ده‌ڕووشێنن، ڕوخساره كه‌ونه یه‌كنه‌واكان به‌دمه‌ستن، سه‌رله‌نوێ زاڤدانی هه‌ڵكردنمان له ڕشانه‌وه پڕده‌كه‌ن، په‌یامی پووچیی ئاودیوی شووشه پڕ هه‌واكان ده‌كه‌ن و ده‌یهاونه نێو جۆگه‌له‌ی سه‌ركزگرتووی ژێر سه‌یوانی تاریكایی، مه‌ستن، ده‌یانه‌وێ نرخی بێهاوتای شته‌كان بدۆزنه‌وه، شووشه له مه‌دهۆشیی به‌تاڵه‌كان تووڕده‌ده‌نه چه‌مه ڕه‌ژووییه‌كه‌ی ئه‌ودیو..دڵه‌كان تروسكاییان له‌به‌ر خۆیان ته‌كاندووه، هه‌موو قوژبن و سووچه‌كان به تۆپزیی له‌ژێر باڵی تاریكییدا خه‌وێنراون، ڕێگای كێویله، كچێنیی هه‌نگاوه‌كان ده‌ڕووشێنێ، به‌دووی دۆزینه‌وه‌ی ئومێدی بزربووی نێو دووكه‌ڵی خوێن هه‌ڵوه‌داین
وشه‌كان گوڵه‌گه‌نمن به‌ره‌و كه‌وێری له‌بیرچوونه‌وه ده‌ڕۆن و تیایدا وشك هه‌ڵده‌گه‌ڕێن
به په‌رژینه بڵنده‌كانی ئێوارێ خۆم له بای هار ده‌ڕه‌خسێنم
چۆن ئه‌سپه‌كانی تووڕه‌یی له ته‌لیسمی ئه‌م قه‌مته‌ره جیاكه‌مه‌وه
چۆن ئه‌مشه‌وه بێ ئیكسیره بكوژم و
بۆ هه‌میشه ڕاكردنه‌كانی خۆمی تێدا بته‌كێنم؟
*ئۆدیبێكی جیاكار
تێكڕای ڕێوبانه دووره‌كان، حه‌شاری ژێر ته‌متومانن، ئه‌و ڕۆژه ڕمۆك و وشكه، له گۆڕخانه‌ی ئه‌م یاده ده‌ورته‌نراوه، وه‌ك كێله‌به‌رد، باوكی خۆم و منداڵه‌كانی شاری بێ ئاوشارم له قه‌برسانێكی دووردا ڕوواند: من چه‌ند هاوكێشه‌یه‌كی لاسه‌نگم, چه‌ند ئاتاجم به نزیكیی ئه‌و دڵه ڕه‌هایه‌یه كه جێگای بوغز و كینه و دۆگمای تیادا نابێته‌وه هه‌رده‌م سایلی زارۆڵه‌یه‌كی بێ متمانه، بیرم وه‌ك مێشی جاڕسكه‌ر له ده‌وروبه‌ری ده‌ئاڵێ، پادشای فانتازیای مردنیش، خه‌نجه‌ری مشتۆ به ناخوون ڕازاوه‌ی هه‌ڵكێشاوه و ڕاوم ده‌نێت، وه‌كو زارۆڵه له لمی بیركردنه‌وه‌دا گه‌مه به‌نه‌خشه‌كان ده‌كه‌م، گه‌مه به بووكه‌شووشه‌ی گوناهه‌گه‌وره‌كان ده‌كه‌م, قه‌ڵاته بێ دێم و كه‌سمه كۆنه‌كان ڕه‌سم ده‌كه‌م، كه‌وشه‌نه خوێنباوه‌كانی گاڤی نه‌مر ده‌سڕمه‌وه، ناخم به‌و هه‌ڵهه‌ڵه تێكقژاو و كه‌فچه‌ڕینه سپیوسۆڵا و بێگه‌ردانه ده‌چێت، كه یه‌كتری له ئامێز ده‌گرن، یه‌كتری هه‌ڵده‌لووشن و ده‌سڕێنه‌وه .
*ڕوخساره‌كان
ده‌موچاوه ڕه‌قه‌ڵگه‌ڕاو و گومڕاكانی دیمه‌نی حه‌كایه‌ته به‌رده‌وامه‌كانی ئه‌مبه‌ری شار, نه‌خشه‌ی دزێو و بێزه‌وه‌ری كشانه‌وه و نوشووستیمان بۆ ده‌كێشن, وه‌كو بلووری ناسكی ده‌وری ئاگرێكی چه‌مووش قرنجانمان پێده‌به‌خشن, كه له نێو جێ و بالینگ و ئامێزی پڕ له هه‌ڵدێری قه‌ره‌جانه‌ماندا ده‌كه‌ون, نیشتیمان ده‌بێته خامه‌یه‌كی له‌بیركراو و به‌دوای سپێتیی مێژوودا ده‌گه‌ڕێت و ڕه‌شاییه‌كانی ده‌نووسێت!
*ناونیشانه ئاوییه‌كان سه‌ره‌ندی یاد له‌بیرده‌كه‌ن
ئه‌ی ناونیشان, هێشتا هه‌روه‌كو سه‌رابیت, ڕێگاكان له‌ت له‌ت ده‌كه‌یت! جارێ یاقووته‌كانی سه‌رتاجی باوێشكی پاش ئائه‌م هه‌موو ماندووبوونه به‌رجه‌سته نه‌ببوون, ئه‌م ڕاچه‌نین و هه‌ژانه له‌كوێوه هات؟ دووكه‌ڵی زراڤی زایه‌ڵه زۆر نزیكه‌كان له‌گه‌ڵا تاو پێوار نه‌ببوون, بۆ له‌گاڤی ته‌شه‌نه‌ی گه‌نده‌ڵیی و پشكوتنی چڵێسییه دڕكاوییه‌كان, ده‌ماره به هاژ و هووژه‌كانی منت ڕووشاند؟ ڕۆژی هه‌زاران ئاوزینگدان نه‌ختێك كشوماتیی زیاتر بۆ قه‌ڵای ئاپۆرای ڕۆحه پڕ ژاوه‌ژاوه‌كه‌م به‌جێدێڵن, ڕۆژی هه‌زاران ناونیشان به پاڵدێمی شڕووڕی زاكیره به‌جێماوه‌كه‌مدا وه‌كو هه‌ساره ده‌كشێن! وه‌كو ورده لمی بۆته‌ی سه‌ره‌نده‌كان داباریت و
له‌م گاڤه ساراواره‌دا ته‌ڕاییه‌كم شك ده‌برد
ئه‌ویشت لێم كرد به سه‌راب!
*پێشبینیی
كه هاتم, نووزه‌ی ده‌نگێكی تاسا و به ئاوڵه‌مه هێشتا شه‌قه‌ڵنه‌گرتووه‌كانی ده‌گوت: جارێ مه‌یه‌ن
جارێ مه‌یه‌نه ئه‌م بێروونه له ڕه‌نگبه‌ده‌ر و ڕه‌هایه,
مه‌یه‌ن
مه‌یه‌نه ئه‌م دنیا بێ سه‌وداسه‌ریی و نه‌وایه!
*مۆمیاكان
شار سه‌ره‌نوێڵكێكی سه‌راپا ڕه‌نگامه‌یه
شه‌و به‌ڕه‌شپێستێكی به‌دبه‌خت و سه‌رمابرده‌ڵه ده‌چێت، سه‌روگوێی تۆزوخۆڵاوی ڕۆژنامه تووڕدراوه‌كان كه‌ڵه‌كه ده‌كا و ئاگرێكی تابڵێی جوان بۆ گه‌مارۆی ئه‌م سه‌رما بێوێنه‌یه له‌ناو ڕه‌نگی قووڵی خۆیدا ده‌سازێنێ، له ڕووباره كلییه سه‌رومڕه‌كه ڕاده‌مێنێ، شه‌مشه‌مه‌كوێره‌كان چه‌ند گوناهن, گوێ بۆ شه‌قژنی شه‌یتانی ئاسمانێكی به داوته‌نراو ڕاده‌دێرن, ماسییه‌كان وێنه‌ی كاڵا و هه‌ناسه‌ی پرینگاوه‌ی خۆیان ده‌شارنه‌وه و سكیان ده‌ده‌نه به‌ر شه‌هوه‌تی ڕژاوی مانگ، جووڵه و په‌ڕكه ڕه‌قه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن به بێده‌نگیی و گوێ بۆ كه‌ڵه‌فی ئاسمانێكی به‌داو ته‌نراو ڕاده‌دێرن، له‌م شه‌وه بێ وێنه‌یه‌دا كێ نانێكی به‌رماوه و ساپیته‌یه‌كی نزمم له‌گه‌ڵدا دابه‌شده‌كات، كێ له‌گه‌ڵما ئه‌و گه‌واڵانه‌ی ڕووبار له‌نێو چاوه خۆكوشتووه‌كاندا ده‌نووسنه‌وه، له ته‌نها یه‌ك زستانی ڕمۆك و سه‌مه‌ره، ئاوێته و كۆ ده‌كاته‌وه، كێ له سروشتی تووشی ئه‌م وه‌رزه به‌رده‌وام و كه‌لله‌شه‌قه یاخی ده‌بێ، كێ له‌سه‌رده‌می هه‌ڵوه‌رینی ڕووناهییه‌كاندا ملی ڕێی هات و نه‌هاتم له‌گه‌ڵا ده‌گرێت؟ تا كوژانه‌وه‌یه‌كی یه‌كجاریی، به چراخانی ئه‌و كۆشكه ڕازاوانه ببه‌خشم كه گرێبه‌ندی ته‌بایی له‌گه‌ڵا ئه‌به‌دییه‌تێكدا ده‌به‌ستن!
*ئاووڕدانه‌وه بۆ سه‌ره‌تا
چۆن ده‌توانم، ئه‌مشه‌وه وه‌نه‌وز بده‌م و ئه‌و هه‌موو قافڵه و ڕچانه له‌بیر بكه‌م كه خۆره هه‌ڵاتووه‌كانیان له شه‌وی هه‌ڵاتنمدا به‌یاد سپارد، فرمێسكه‌كانم كڵۆم نین، تووڕه‌ییم برووسكه نییه، ئه‌و ده‌روازه ئاسنین و ئه‌فسانه‌ییه‌ی سه‌رنوێشتم به‌كام ئه‌فسوون ڕابماڵم, چۆن ئه‌م ئاسمانه به بۆشایی ئابڵووقه‌دراوه بسمم؟ په‌رجوو قه‌ت قه‌ت به‌من ناكرێت! دیواره بێ ئه‌ندازه ئه‌ستوور و تۆكمه‌كانیش, جێگای ده‌رگایان له نێودا نابێته‌وه!
*قه‌تیسمان
هه‌موو كاتێك دوای ڕۆژگاره هیساوییه‌كان، له‌مابه‌ینی دوو هه‌نگاوی ڕواوڕوو قه‌تیس ده‌مێنم، به‌زه‌ییم به‌و زه‌مه‌نه دێت كه له‌ناو ڕه‌هه‌نده‌كانمان قه‌تیس ماوه، هه‌موو ڕه‌هه‌نده جوانه‌كان پڵپڵه‌ی دۆڕانیان پێدا هه‌ڵواسراوه، به‌ژنی كات و ئه‌مێستابوون و چركه‌ساته نه‌هاتووه بێ شه‌قڵه‌كان، له‌به‌ر خاتری ئاواتێكی به به‌رده‌وامیی مه‌حكوومبوو، هه‌مووم دۆڕاند، ئاواتێك تیایدا، نه‌متوانی له‌پی ده‌سته‌كانم له شایلۆغانی تیشكه‌كاندا لێوانلێوی زیوو بكه‌م و چه‌شنی نیهاڵی خه‌زانێك بكه‌ومه نێو خه‌ونێك له خه‌ونه وه‌دی هاتووه‌كانی خودا و به سه‌وزاییه‌ك پۆشته بم.
*میناره‌ی خوێن
ڕۆندكی له‌میهربه‌ده‌ری دڵشكانم وشكوبرینگ نابێته‌وه, یادوه‌ریی تاڵی ژێر پێیه به‌كێبڵا ئاوساوه‌كانم ده‌ده‌مه به‌ر خۆری كه‌ناره‌ی ئاسمانێك, نه‌خشه‌ی په‌شێوی زێدێكی هه‌ڵكۆڵراوی له‌سه‌ر دیاره, هێشتا نازانێ ڕووناكیی مانای چییه, وا ده‌زانێت ئه‌و شاخانه هه‌رده‌بێ شان بده‌نه به‌ر زریان و چه‌رخه‌دانی هه‌ره‌سه‌به‌فر, هه‌رده‌بێ ببنه سه‌رێكی سه‌خت و دژوار بۆ جامانه‌ی باریكه‌ڕێ و ڕێچكه پێكداچووه‌كان, هه‌ر ده‌بێ, هه‌ر ده‌بێ له‌م ڕێگا وه‌حشه‌تناكه پڕ له دارستانی مه‌رگه, حه‌كایه‌تی شیرینی ڕه‌زه‌كان له سه‌ر یادی لێوه‌كانما سه‌ما بكات, شێوه‌ی نه‌وس خرۆشێنه‌ری گێوژ, به ڕووتیی خۆی هه‌ڵده‌داته نێو ته‌ماشای زۆر برسیی چاوه‌كانمه‌وه, له‌قله‌قه‌كان دوای باڵا لێكدان لانه‌كانیان بۆ بێچووی تازه‌ڕه‌سی خۆ ده‌هێڵنه‌وه, منیش بێچووی لانه‌یه‌كی ژێر سێبه‌ری تاریكاییم كۆمه‌ڵێك عه‌زره‌تم به میرات بۆ ماوه‌ته‌وه, فواره‌ی كه‌ڵه‌گه‌تی خوێن ده‌كه‌م به گومه‌ز و
ئه‌م زستانه ئه‌فسانه‌ییه بێدواییه له ژێریدا هه‌ڵده‌كورمێم.
*بێواریی
ته‌نها له‌تۆ به‌دگومان نیم ئه‌ی ڕۆحه پڕ ماخۆلان و ئاته‌شه‌كه, ده‌كرێ مۆجیزه‌كانی ئاسمان بێنیته ئێره؟ ده‌زانم له ناواخنتدا دۆزه‌خێكی سه‌یر په‌نهانه, ده‌زانم, چاوه مه‌نگ ڕامێنه‌كانت, هه‌موو شته چه‌قاوه‌سووه‌كان ده‌بێزن, ئه‌مه گاڤی زه‌ماوه‌نده تاریكه‌كانی ئێمه‌یه كیژان شوو به باوكان ده‌كه‌ن دایكان ده‌چنه كولله‌ی سه‌وزی توڵازه‌كان, قوتیله‌ی هێوور و كزی ئائه‌م سه‌ده عاجباتییه‌یش بێواریی خامۆشی ده‌كات.
*نقومبوون
وه‌ختێ قه‌یاغی بێگه‌ردی مه‌رامه‌كان, پاش گه‌شته زه‌به‌نده‌كانی, له ڕۆخی مگێزی بێ‌گیان و ئاره‌زووه دامركاوه‌كان , نزیك نزیك ده‌بێته‌وه, له پاڵا ئه‌سكه‌له‌ی بێوه‌رییه‌كی ترمدا له‌نگه‌ر ده‌گرێت, پاكژیی و بێهاوتایی به‌هاكانی ده‌دۆڕێنێ..له دنیایه‌كی ئاوادا, له‌به‌ر ده‌رگا دانه‌خراوه میهره‌بانه‌كه‌م مه‌وه‌سته, با لێره‌یش شاربه‌ده‌ر نه‌كرێم, په‌نجه مه‌خمووره‌كانت له چه‌توونیی ئاستانه یه‌خبه‌ستووه‌كه‌م مه‌سوو, نه‌با وه‌كو منداڵه‌كانی ئه‌وێ یارییه ساكاره‌كانیان له بیر بچێت, ئه‌و پانتاییه خه‌مباره‌ی زۆر ده‌مێكه سه‌ری بۆ نێو دڵه تاراوگه‌ئاساكه‌م هه‌ڵگرتووه, ختوكه‌ی كوێرایی ده‌دات, له‌به‌ر ده‌رگاكه‌م مه‌وه‌سته, مه‌لوولیت ختووكه‌ی دڵشكانێكی قووڵا ده‌دات, وه‌ره ژوورێ, وه‌ك ئاوڵه‌مه چاوه‌دووم ڕووتییم ببینرێ و ڕه‌ق و وشك هه‌ڵنه‌گه‌ڕێم, له‌و سه‌ركۆسپه‌یه مه‌وه‌سته, شه‌قاوێك, هه‌رته‌نها شه‌قاوێك هه‌ڵبنێ و..
ئیتر كۆسپه‌ی جیلوه‌داری بوون ده‌كه‌وێته ژێر سێبه‌ری ئاوه‌كان و
نه‌خشه‌ی شێواوی ده‌روونم له ساته زیووینه‌كاندا نوقم ده‌بێت.
*ڕووتكارییه‌كی ئه‌و له‌بیركراوه
ئه‌و ڕێگایه، ئه‌و جه‌سته ڕووت و ڕه‌جاڵه په‌سه‌ند ده‌كه‌م، ئه‌و له‌بیركراوه كتومت به دایكم چووه، شه‌وان دێت و گۆره‌وییه ڕه‌شه‌كانی له ئه‌سكوردم ده‌ئاڵێنێ، ئه‌و بێوه له‌بیركراوه، هه‌موو گۆشه و كه‌له‌به‌ری جه‌وقووتی خه‌ونه نقومبووه‌كانم ده‌داته ده‌ست تیرێژی حه‌زه نامۆكان، ئه‌مه چه‌ند زه‌مه‌نێكی لاڵا و بێڕه‌نگه، من ته‌نها به خه‌ونه به‌مۆته‌كه سه‌رشاره‌كانم له قوژبنێكی گڵكۆیی داخزابووم، دێته لام، مانگی گه‌رداویی ژوورۆچكه زستانییه‌كه‌م پڕپڕ ده‌كات له تریفه، جه‌سته‌م له خه‌مه گه‌نده‌مووییه‌كان داده‌ماڵێ, له پۆشاك و یاده‌وه‌رییه‌كان ڕووتكارم ده‌كاته‌وه و به نوشته‌ی سه‌وزی بچكۆله‌ی نێو لێوانی ئاوڕشێنی گیانم ده‌كات, له‌شی پیره‌ڵۆكی ده‌كاته په‌لكه‌ڕه‌نگینه‌ی ئه‌و بۆنه گه‌وڕییانه‌ی له كاتژمێره به‌جۆشه‌كانی هه‌رزه‌كارییمه‌وه هه‌ڵده‌چوون, وه‌ك ئه‌و شاخه پڕ داڵده‌یه كه كاتی ڕاكردنه‌كان له‌نێو خۆیدا مۆڵی ده‌دام, بۆنی مێیینه‌ی ده‌بێته تاجی خووناوه كریستاڵییه‌كانی به‌ژنوباڵام, لێناگه‌ڕێم ئه‌و ئاستانه‌یه‌ی له مێژه ئاشنایه‌تی توانه‌وه‌ی كاڵبۆته‌وه خاك وخۆڵی له بیرچوونه‌وه بیسمێت, وه‌كو ئیكسیر به شه‌باقه وشكارۆكانی ڕۆحی‌دا ڕاده‌بوورم
چی نیساری تینووێتییه له تیشكی زیووینی ئاودا ده‌ڕه‌وێته‌وه
ئیتر وێنه‌ی هه‌رزه‌كارییه دووره‌كه‌ی یاده‌وه‌رییم, سووسه ده‌به‌م, دنیای هه‌رگیز ڕمووزنم فریووداوه.
*تۆزی ناڵه
كه چاوانم وه‌ك هه‌وداكانی سه‌ر سه‌رم داڵده‌یان به چه‌رموویی دا, كاتێ كه ئائه‌م به‌یۆگرافیا سه‌مه‌ره و غه‌واره‌یه, له په‌له‌قاژێی یادوه‌ریی ده‌ستی هه‌ڵگرت, چراكان كه‌وتبوونه گیانه‌ڵا, تووشی سستیی و په‌ژموورده‌نێكی تر ببووم, نامه‌ی مه‌حزوون و شه‌مزاوی خوشكه قه‌یره‌كه‌م, قسه‌ی له‌زارمدا پژاند: هه‌میشه سپێتیی شته‌كان به‌سه‌ر ڕه‌شاییه‌كانی سه‌رمدا هه‌ره‌س دێنن, له ڕه‌نگی مه‌یینم وه‌رده‌ده‌ن..شانازی به‌و مردووه‌وه بكه كه هێشتا زیندووه!..به‌م شێوه‌یه وڕێنه‌ی ئه‌م نامه كۆن و تازه‌یه له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕه ئاودزكردووه دێرینه‌كاندا دووباره ده‌نووسمه‌وه, دوامین چامه, دوانیگای ئه‌و ڕۆحه به ناڵه تۆزاوییه‌یه, ده‌یگرمه ئه‌م ژیانه‌ی تاكه ڕێیه‌كی تووله‌ی لێوه ده‌رده‌چێت, ئه‌ویش ده‌نۆڕێته ئه‌و ڕۆحانه‌ی سه‌ر ڕۆخانه‌ی نه‌مان كه‌وتوون.
*سه‌فه‌رێك به‌ره‌و دامركانه‌وه
له‌گه‌ڵا جل و به‌رگه‌كانما, ئه‌وگێژه‌ڵووكه لیوه‌یه هه‌تاوی بیر ڕاده‌ماڵێ, چه‌مه‌ڕام شه‌و, به ده‌زووله‌ی هه‌ناسه‌كانی باران په‌نجه‌ره‌كانی ڕووتایی خۆم لێڵا بكه‌م و دابگیرسێم بارانیش له كۆچی دوێنێیدا ته‌نها دۆڵی مه‌رگی بۆمان پڕكردووه!
چۆن ده‌توانم ئه‌م كڵوكۆ دامركانه له باربه‌رم, به سییه زوورهانه‌كانم با له داگیرسان وه‌رده‌م و تێنه‌په‌ڕم؟ چۆن ده‌توانم كۆت و به‌ندی یادی خۆم فه‌رامۆش بكه‌م؟ هه‌میشه له تازییه و شاییه‌كاندا, وه‌كو برین پێكه‌وه گۆشته‌وزوون ده‌بووین, ئه‌م سه‌فه‌ره سه‌رهه‌تاپا په‌رتی كردین
جوانیی هاوكێشه‌كانی منداڵیی له‌به‌رچاوه ته‌ڵخه‌كانم ڕه‌وانده‌وه
ده‌زووی ئه‌و كۆلاره لاساره‌شی له‌هه‌نووكه‌ی غه‌ریبییمدا كاژوواژ كرد
ئه‌م سه‌فه‌ره خۆڵه‌مێشییه
منداڵییمی سواری چه‌رخ و فه‌له‌كی فه‌وتان كرد و ڕووه‌و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی تاهه‌تایی
ڕێخستنێكی یه‌كجاریی له به‌رۆكی دا.
*دیده‌نیی
ئه‌و ڕێچكه زستانییه به‌رده‌وامه, هه‌نگاو له‌چاوان ده‌دزێ و وێڵیان ده‌كات..كێ ده‌ڵێت : ئه‌م تنۆكه‌یه به تنۆكه‌كانی دی ده‌چێت؟ كێ ده‌ڵێت: نه‌با مردن زه‌رده‌خه‌نه‌ت بسڕێته‌وه و خه‌ونه خوداییه‌كانت گۆڕه‌وشاردات, له‌په‌نای به‌رزییه كانی ئه‌وێدا, به‌دزییه‌وه, ژووانێكی دیكه له‌گه‌ڵا چاره‌نووسدا به‌رقه‌راركه, با تۆز و خۆڵی كاوڵیی به‌رپا نه‌بێت ئیدی وه‌كو چیایه‌كی كه‌مته‌رخه‌می ئاسمانڕووش و مه‌لی مات و حه‌په‌ساوی نێو شه‌واره بێوێنه‌كان له ژێر ته‌ڵه‌زم و داڕووخانه هه‌مه‌جۆره ناوه‌خته‌كانی دنیا هه‌ستاومه‌ته‌وه و
ده‌ست و په‌نجه ڕابووه‌كانم چاوشاركێیه‌كی عاشقانه له‌گه‌ڵا گوڵاڵه‌دا ده‌كه‌ن.
*ڕۆژنه‌یه‌ك ده‌ڕوانێته شه‌وه هاتووه‌كان
منداڵه پاژنه چڵكن و له خۆڵه‌مێش گه‌وزاوه‌كان, ده‌بنه هه‌موو شتێك: لاولاوی گاگۆڵه كردووی سه‌ر پیاده‌ڕه‌وه دووره‌كان, ڕه‌نگی دواكه‌وتووی زه‌رده‌په‌ڕ, تاج بۆ شه‌ققژنی باڵا لێكدانی سیسركه‌كه‌چه‌ڵه برسییه‌كان, ته‌ڕایی بۆ گه‌رووی تینوو هه‌ڵگه‌ڕاوی ورده كرمه‌كان, ده‌بن به هه‌موو شتێك ئینجا له زیووی شه‌وه‌كاندا كه‌ڵكه‌ڵه‌یان ڕوو له دنیا ده‌لاقه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه..وه‌ك شه‌پقه‌ی سه‌ری داهۆڵه ته‌ریكه‌كان, ئاشنای لاسامه پڕ یارییه‌كانی زستان ده‌بن, ڕێگاكانیان بێ شه‌قڵا و دوانه‌هاتووه, ده‌چێته‌وه نێو كوێرایی هه‌ڵه‌مووته نادیاره‌كان.
*په‌ژیوانیی
ئه‌م ڕێگایه, ئه‌م كه‌لاشه ڕووت و قووتانه‌ی باوه‌شی گشت شوێنه‌كان, ئه‌م پێ و پله خاوسانه..نه‌ده‌بوایه: گۆلاوه بۆدڕناوییه‌كانی ئه‌و شاره‌ی له‌گه‌ڵا یادم مه‌وداكانی منداڵیی هه‌ڵبژاردووه, بگۆڕمه‌وه به‌م دنیا پڕ په‌ژیوانیی و دوماناوییه دووره‌ی له گه‌مه‌ی تاراوگه‌كاندا ڕۆحی من له خشته ده‌بات!
*كوڕژنی ئاو
له‌م دنیایه‌ی سه‌رتاسه‌ر بۆ من ته‌یمان و گوێسوایه, په‌ڕه‌سێلكه‌كان وه‌رزه‌كانیان ده‌ده‌نه ده‌ست فه‌رامۆشیی, خاك و لیته له ڕێی مه‌ودا سركه‌كان ده‌گوازنه‌وه, كوڕژنی ئاویش به گۆزه‌ڵه‌ی ده‌نووكه‌كان له په‌سڵانی خه‌مباریی ده‌په‌ڕێننه‌وه, تا بۆ دڵه بێ داڵده‌كه‌م ئاواییه‌ك بخوڵقێنن كه‌چی زستان چه‌ته‌ووڵێكی بێڕه‌حمه ڕێی فڕینیان لێ ده‌دزێ و له‌شی نه‌رمیان مۆمیا ده‌كات!
*ئابڵووقه
ئای له‌م ڕێگا بێ وێستگایه‌ی به جه‌للادی ئاوڕدانه‌وه قاڵبووه, نه‌ده‌بوایه..ئای له‌و جوانییه‌ی ئه‌ودیو دومانه چڕه‌كان و له‌و دزێوییه ئه‌فسانه‌ییه‌ی له‌مدیو دووكه‌ڵه زه‌رده‌كانه‌وه ئابڵووقه‌ی ڕه‌وه‌ندی هه‌ناسه ده‌دات, نه‌ده‌بوایه..
*هه‌ساره
ئه‌م ئێواره دووكه‌ڵاوییه‌ی ده‌ره‌وه‌ی تخووبه له هه‌ته‌ری نیگا ڕاپسكاوه‌كان، دوای خۆشه‌بوونی پێڵووه هه‌ڵواسراوه‌كانی بێدارییم، دوامین قووقه‌ی كه‌ڵه‌شێره‌كان دره‌نگیی شه‌وی هه‌رماو به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن، شه‌ونمی زوڵاڵی كازیوه‌ی دووریش به‌سه‌ر بێشه‌ڵانی زڕی تاریكایی ده‌بارێنن، به قه‌وزه‌ی سه‌وزی ئه‌و كوژانه‌وه خه‌وبینه، وه‌نه‌وزی گیانی ماندووی خۆم پێچایه‌وه و سه‌رم له‌م بۆشاییه بێ تانۆپۆیه بوو به هه‌ساره‌ی سه‌قام ونكردوو، مه‌ستیی وێنه‌ی منداڵكاریی خۆمم دۆڕاند، شیعریش بوو به ڕێگا به‌ره‌و كاكێشانی گه‌ردینه‌یی و له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌كی دووری قووڵایی ناوی نووسیم
كانوونی یه‌كه‌م 1988- نیسانی 1989: دیمه‌شق