گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند ئارام سەردار.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس
Closed
هونەرمەند ئارام سەردار: كاتێ كەمانەكەم لە باوەش دەگرم بە خۆشەویستی دەیژنم
هونەرمەند ئارام سەردار: باوكم یەكەم كەس بوو پاڵپشت و هاندەرم بووە بۆ نێو دونیای هونەر
هومەرمەند (ئارام سەردار مەجید)، یەكێكە لە ژنیارە بەتواناكانی كوردستان،ئەوە لە تەمەنی (10) ساڵییەوە خۆی هاتۆتە نێو جیهانی موزیك وەكو ژنیارێكی بەتوانای ئامێری (كەمانجە و ڤیۆلا) ئەندامی چەندین تیپی موزیكی و ئۆركێسترای كوردستانە هەروەها وەكو ژنیار بەشداری لە چەندین كۆنسێرت لەكوردستان و دەرەوەی كوردستان كردوە ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە ژیان وكارەهونەرییەكانی، لە نزیكەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵدا كرد..
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا بابزانین چۆنە جیهانی جیهانی موزیكت ناسی؟
- هەر لەمنداڵییەوە حەزێكی زۆرم هەبوو بۆ موزیك هەبوو یەكەم دەسپێكی هونەریم لە چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر بووە لە ساڵی (1987) ،ئەوكات تە مەنم (10) ساڵان بوو دەستم بە خوێندنی موزیك و ئامێری كەمان كردووە لای بەڕێز مامۆستا (لوقمان جوهر).. وە ساڵی (1995) لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەولێر بەشی مۆسیقا وەرگیرام بۆ ماوەی پێنچ ساڵ ئامێری كەمانم خوێند لە هەموو ئەو چالاكیانەی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكاندا بەشداریم تێدا كردووە دوای دەرچوونم وەك مامۆستای پەروەدەی هونەر دامەزراوم ئێستا سەر پەشتیاری هونەریم لە چالاكی قوتابخانەكانی پەروەردەی ناوەندی هەولێر. دوای هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئۆڕكێسترای كوردستان ساڵی (1997) ئەندامی ئەو تیپەم بە ئامێری (كەمان ) و (ڤیۆلا ) وە لەهەموو ئەو كۆنسێرتانەی كە لە كوردستان و دەرەوەی كوردستان ئەنجام دراوە بەشداریم تێدا كردووە وەك ووڵاتەكانی (ڕۆمانیا – بولغاریا – جۆرجیا ) بە ڕابەرایەتی مایسترۆ مامۆستا (چەتۆ نەورۆز ) وە ڕیكخستنی گشت كارە هونەریكانیش لەلایان بەڕێز مامۆستا (هەڤال حمد ) ئەنجام دەدرا هەروەها چەندین كاری هونەریم لەگەڵ ( دەستەی مۆسیقای شەبەنگ ) كردووە كەلە (7) ژەنیار پێكهاتبووین وەك ئامێرەكانی (كەمان – ڤیۆلا – پیانۆ – چەلۆ ) ،چەندین كۆنسێرت و مۆسیقای كلاسیك و كوردیمان پێشكەش كردووە هەروەها بەشداری چەند كارێكی هاوبەشم ڵەگەڵ سیمفۆنیا عێراق دا كردووە وەك ژنیاری (ڤیۆلا) وە ساڵی 2008 ئەندامی تیپی موزیكی هونەرمەند (زكریا عبدالله ) بووم ئەوكات كۆنسێرتێكمان لەوڵاتی سوید لە شاری ستۆكهۆڵم بۆ ئەنجام دا،كۆنسێرتی دووەمیش لە شاری هەوڵیر. ئێستاش وەك ژنیاری ڤیۆلا ئەندامی (تیپی ئۆڕكێسترای كوردستان تیڤی ) یم كە تیپێكی زۆر سەركەوتوو چالاكە لەم ماوەیەدا چەند كۆنسێرتێكی بێ وێنەمان لە مۆسێقای كوردی و جیهانی پێشكەش كردووە بەڕابەرایەتی مایسترۆ مامۆستا (سەید ئەحمەد ڕواندزی).
*چی وای لە تۆی كرد لە نێو ئەو هەموو ئامێرە موزیكیانە،رووبكەیتە ئامێری كەمانجە؟ - هەر لە منداڵیەوە حەزو خولیام لە مۆسیقا بوو بەتایبەتی ئەگەر موزیكەكە صۆڵۆی ئامێری كەمانی تیابایە ، هەستێكی زۆر تایبەتی لام دروست دەكرد چێژێكی زۆرم لێ دەبێنی بۆیە تــاكـــو ئێستاش كاتێ ئــامــیـَـری كـــەمـــانـــــم لە ئامێزەو بە خـــۆش ویستیەوە دەیژەنـــم.
*كێ بە مامۆستای خۆت دەزانی؟ - بێگومان زۆر ئەوانەی هەمیشە پاڵپشت و هاوكاری من بووینە سەرەتا باوكم بەڕەحمەت بێت (سەردار مەجید ) یەكەم كەس بوو پاڵپشت و هاندەرم بووە بۆ نێو دونیای هونەر كە زۆری حەز دەكرد ببمە ژنیاری ئامێری كەمان بۆیە لە مندالێەوە منی بردە خوولی مۆسێقا تاكو فێری مۆسیقا بم .هەروەها سوپاسی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەكەم لە پەیمانگەی هونەرە جوانە كانی بەشی مۆسیقا وانەی موزیكم لایان خوێندوە سودی زۆرم لێان بینی وەك مامۆستایان (فەرهەنگ غەفور، فاروق باپیر، لوقمان جوهر،ئامانج غازی، بەكر خالد،سیروان سیرینی ،كارۆخ زرار).
*موزیك بنەمایەكی گرنگی كاری شانۆ و دراماكانە چۆن دەڕوانیتە موزیكی وێنەیی دراما كوردییەكان؟ - ئەوەندەی من سەیرم كردووە بەشێك لە دراماكان موزیكەكانیان لە ئاستێكی زۆر باش دابوونە چونكە بەشێكی زۆر لە دراما سەركەوتووەكان كە سانی ئەكادیمی لە بواری مویزك كاریان بۆ كردووە ئەمەش دەبێتە هۆكارێك كە موزیكی باش كاریگەری تەواوی هەیە لەسەر دراماكە و هەستی بینەر.
*وەكو ژنیار بەشداری چەندین فیستڤاڵی هونەری موزیكی كردوە؟ - ئەوەی راستی بێت بەشداری لەزۆربەی ڤیستیڤاڵەكانی كوردستان بەشداریم كردووە هەروەها لەدەروەی ووڵاتیش ساڵی (2008) بەشداریم لەڤیستیڤاڵی (موزیك ئەنتەر ناسیۆناڵ) لە ووڵاتی نەمسا كردووە ئەوكات لە ڕێی پەخشی ڕێكلامی تایبەت دەستكرا بەوەرگرتنی ئەو موزیك ژەنە گەنجە لێهاتووەنە سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان لە دوای تاقیكردنەوەیان تەنیا(45) ژنیار هەڵبژێردران بە ڕابەرایەتی ماستیر دكتۆر (عبدالله جەمال سەگرمە) تیپی ئۆركستیرَِای ژێداری كوردستان دامەزرا، دوای ڕاهێنانێكی زۆری موزیك بە تایبەتی موزیكی (مۆزاڕت) و چەند بەرهەمێكی كوردی جیهانی سەردانی ووڵاتی نەمسامان كرد لەشاری ڤییەننا لەوێش دەست كرا بە تاقیكردنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ تیپە بەشداربووەكان (لە موزیك ڤراین –گۆڵدن هۆڵ) ئێمەش زۆر سەركەوتووانە بەرهەمێكی موزیك ژەنی بەناو بانگی (مۆزارت)مان پێشكەش كرد دوای ئەوە لە فیستیڤاڵەكە چەند زنجیرە كۆنسیرتێكمان لە شوێنی جیا جیا پێشكەش كرد هەروەها بەژداریمان لە ۆڕك شۆپێك كرد لەسەر دەستی چەند پسپۆڕێكی بە ناو بانگی بواری موزیك لە زانكۆی ڤییەننا كرد وە نابێ ئەوەش لەبیر بكەم كە سەرجەم ڕێكخستنی كارەكان لەلایان بەڕێز كاك (دڵشاد عوسمان) ڕیكخرا لە ووڵاتی نەمسا.
*لە نێو جەماوەردا زیاتر گوَرانی بێژ زیاتر لە موزیك ژەن دەناسرێت هۆكارەكەی بۆ چی دەگەرێتەوە؟ - ئەوە پەیوەندی بەكلتوری ئەو شوێنەهەیە،چونكە لەڕوَژ هەڵاتی ناوەڕاست زوَر گرنگی بە موزیك نادرێت پێچەوانەی ووڵاتانی ڕوَژئاوا ، ئەوان مێژویەكی كوَنیان هەیە لە گرنگی دان بە موزیك بوونەتە قوتابخانە بوَهەموو جیهان هەر لە منداڵیەوە موزیك ژەن دروست دەكەن بوَیەموزیك ژەنەكانیان لەسەر ئاستی جیهان بەناوبانگن و ناسراون لێرە موزیك ژەن وەك سەربازی وونە وایە، توَ لێرە چەند كاری بە توانای موزیك بكەیت بۆ گوَرانی بێژ زیاتر گوَرانی بێژ دەناسرێت لێرە زیاتر خەڵك گوێ لە گوَرانی دەگرن كەمتر گوێ لە موزیك دەگرن.
- وەك سەرپەشتیاری هونەری لەچالاكی قوتابخانەكان تاچەند لە نێو قوتابخانەكان ،گرنگی بەقوتابیانی بەهرەمەند دەدەن؟
- ئێمەلەچالاكی قوتابخانەكانی پەروەردەی ناوەندی هەولێر،تیپەكی موزیكیمان هەیە،كەپێكهاتووە لە (35) ژەنیاری بەتوانا سەرجەم ئەندامەكان لە قوتابیانی نێو قوتابخانەكانی شاری هەولێر پێك هاتوون، ئاستێكی زوَر باشیان هەیە لە لایەن ماموَستای پسپوَڕ گرنگیان پێ دەدرێت بەشێوەی ئەكادیمی دەخوێنن .وە ئامێرەكانیش پێكهاتوە لە (كەمان – ڤیوَلا – چەلۆَ – كلاڕنێت – پیانوَ – ئیقاع) وەلەماوەی ڕابردوو چەند كوَنسێرتێكمان ئەنجام داوە لەموَسیقای كوردی جیهانی لە ئایندە شدا بەرنامەی كوَنسێرتی ترمان هەیە كەبەرهەمەكان لە ئاستێكی بەرزدایە وەئەم تیپەیە تەنها لە ڕوَژانی پشوو ڕاهێنانیان لەگەڵدا ئەنجام دەدەین،لەو بڕوایەدام لەداهاتوو ببنە ژنیاری بەتوانا.
*وەك موزیك ژەنێك چوَن دەڕوانیتە ئاستی موزیكی كوردی؟ - ئاستی موزیكی كوردی بەگشتی لەئاستێكی زوَر باش دایە بەهوَی بوونی ژنیاری بە تواناو ئەكادیمی لە ئێستادا،ژەنیار و تیپی موزیكی زۆر بەتوانا لە كوردوستان بوونیان هەیە هەروەها دروست بوونی تیپی ئوَڕكێسترا دەریدەخات، كەموزیكی كوردی لە ئاستێكی باش دایە،لەلایەكی تر بە ئەكادیمی كردنی ملیۆدیە كوردیەكان و دابا شكردنیان بەشێوەیەكی ئەكادیمی زانستی ئەمانە هەموو بوونەتە فاكتەرێكی زۆر بەهێز بوَ پێشكەوتنی موزیكی كوردی بەڵام لەهەمان كاتیشدا هەندێك كار كراوە كرچ وكاڵی زوَریان پێوە دیارە بۆیە لێرەدا دەبێت پوَلێن كردن هەبێت بوَ هەموو ئەو كارانەی كە پێشكەش دەكرێن.
- لە كۆتاییدا ئێمە زۆر سوپاست دەكەین بۆ دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی.
- منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم ئەركتان كێشا.