Skip to Content

قـات لـەبەرەکـان ..  شیعر — نووسینی:حـەمـە ھـیـوا

قـات لـەبەرەکـان .. شیعر — نووسینی:حـەمـە ھـیـوا

Closed
by حوزه‌یران 3, 2019 General, Poems


دەمێک ڕەش دەپۆشن
دەمێک نیلی دەپۆشن
دەمێک ڕەساسی دەپۆشن
ھەموو
مۆدێلەکان دەپۆشن
لەگەڵ مەلاکان ھاوشانن
لەگەڵ خودا پەرست و
شەڕواڵ لەبەرەکان ھاودیدن
لەگەڵ قەڵەمە پاکەکان دوژمنن
دەمێک
سوڵتان لە باکورەوە ھاندەدەن پاکەکانی باشور
ھەناسە وەستاو بکەن
دەمێکیش
ئیمام
لە
رۆژھەڵات ھان دەدەن
گاز لە گوڵە پاکیزەکان بگرن،
گوێ بە خەونی نێژراوی
منداڵە بیجامە دڕاوەکان نادەن
گوێ بەو منداڵانە نادەن
کە
لە زنستانان چڵمیان دەیبەستێ
بە ھاوینیش قاچیان دوکەڵی
لێ ھەڵدەستێ.
کاسۆلیەکیەکان و پڕۆتستانتیەکان شەر دەکەن
شیعەکان و سوننەکان شەڕ دەکەن
خوا پێداو و خوا پێنەداوەکان شەڕدەکەن
مەلای مزگەوت و قەشەی کڵێسا
سیاسیە گرگنەکان و سیاسیە مەڕەکان
پشت چەماوەکان و پەت لە ملەکان
ھەموویان دەجەنگن
دەجەنگن بۆ دروستکردنی بەھەشت!
سیاسیەکان وان مۆڵەت دەخوازن
خودا بەھەشت بکاتە موڵکیان.
قات لەبەرەکان تا دێت ژمارەیان زیاتر دەبێت
تێچوی مرنیان زیاترە
لە تێچوی ژیانیان
ژنی نیشتیمانپەرستەکان لەش دەفرۆشن
لەش دەفرۆشن
بۆ شیر و دایبی و گۆرەوەی
ئەوان لە ماڵی سەرۆک لە چرکەساتێکدا
سەدان جار تەحیە دەکەن
بە سەرۆک دەڵێن:تۆ خوای
تۆ خوایت و کوڕەکانیشت نیمچە خوان،
ئەوان وان گرەو لەسەر مێینەی شکۆمەندەکان
دەکەن
ئەوان وان
دیمەنی منداڵێک کە ماسیەکانی ناو دەریا
فرمێسک دەرێژن
ئەوان پێی پێدەکەنن
منداڵێک کە خوداش پەراوێزی خستوە
منداڵێک کە حۆریەکان
بە بینینی خەجاڵەت دەبن.
وێنەی سەرۆکەکان لە ھەمو شوێنێکە
جارێک
دەیبینم بە دەرگای ماڵی خوداوە
جارێک دەیبینم
بە دەستی حاجیە ناو گەڵ پیسەکان
جارێک دەیبینم
بە دەستی سۆزانیە رۆژ ئاواییەکان
کوێ ھەیە وێنەی ئەوانی لێ نەبێ؟
ئەوەتا دەبینم وێنەیان
لە ئاودەستی پیرەژنەکان.
منداڵەکان
گەورە دەبن
مەلاکان و قەشەکان
بە جۆرەھا شێوە
ماکیاژ بۆ بەھەشت دەکەن
دەمێک
بە ڕوباری ھەنگوین
دەمێک
بە خاچەکەی مەسیح
بەھەشت ھی کێیە!؟
ئەوەتا
ئێرە
پڕە لە دۆزەخیی
ئەوەتا
ئێرە پڕە لە قیبلە
ئەوەتا
ئێرە
شاری مردوە بێ کفنەکانە.

Previous
Next
Kurdish