جگەره و قوربانیدان و ئایین.. نەوزاد بەندی
ڕەنگبێ زۆرینە له ووتاری تاک ڕەهەندیی بێزار بووبن، کابرا دادەنیشێ دوو سێ لاپەڕە لەسەر یەک تەوەر ئەنوسێ، بۆ نمونە موچەی هەیڤی یان وەرزی یانزه و دوانزە و یەک ، ئەگەری موشەکبارانکردنی ئێران، یان جیڤری ئیپستاین .
ئەمەیش وا لە خوێنەر ئەکا تەنگەنەفەس بێ، وەک ئەوە وایە لەسەر سفرەیەک دانیشتبیت، تەنها ساوەری لەسەر بێ، نە پەرداخێ ماستاو ، نە شۆربایەک ..نە پڕ دەفرێ زەڵاتە .. هەڵبەت لەگەڵ ئەوەی کە تامی لێ نابینیت، لە قوڕگیشت ئەگیرێ و ئەبێ بەرەو تەرمۆزەی ئاوەکە وەک فیشەک تێیتەقێنیت.
هەر بۆیە لێرەدا ووتارێکی جیاواز ئەنوسین ..
هاوڕێکانم لێم ئەپرسن بۆچی جگەرەکەت وازلێهێناوە؟ ئایا وەک جارەکانی ترە و دەست پێدەکەیتەوە ؟؟
لە ڕاستیدا بڕوا ناکەم ئەمجارە بگەڕێمەوە سەر جگەرە کێشان، واتا لە پێناسەکەی جۆرج بێرنارد شۆ بۆ جگەرە دەردەچم کە دەیووت : ( وازهێنان لە جگەرە زۆر ئاسانە، سەدان جار وازم له جگەرە هێناوە ! )
چۆن ؟ یان بۆچی جارێکی تر توخنی جگەرە ناکەومەوە ؟
بە هۆی تیکتۆکەوە !!
بەڵێ، بە هۆی تیکتۆکەوە بوو ( ئەرێ ئەزانن کە ئەنوسیت تیکتۆک ئەگەر زۆر شارەزا نەبیت وشەی تر دەردەچێت چونکە تێکەڵ و پێکەڵییەکی تێدایە، وەک تیتکۆک، تکیتۆک، تۆکتیک …؟)
من کەیفم بە سەعاتی سمارت نایەت، بەڵام شەوێکیان به ڕێکەوت چومە تیکتۆک، گەنجێکی هەولێریی بەناوی حەمە پێیان ئەوت عەمە، کەل و پەلی ئەوروپی ئەفرۆشت، سەعاتێکی سمارتی هەشتا دۆلاریی بە بیست هەزار دانا، پێم هەرزان بوو، نوسیم بیست و بۆ من دەرچوو ..دوای من چەندین گلەیی لە کاکە حەمە کرا، گوایا ئەوان پێش من نرخیان نووسیوە، بەڵام کاکە حەمە وتی : بە خودای مام بەندی یەکەم کەس نوسیتی بیست.
سەعاتی سمارت گەیشت و کردمە مەچەکم و تەماشای پێکهاتەکانیم کرد، لەو کاتەدا پێکهاتەی Oxygyne rate کەوتە پێش چاوم واتا ڕێژەی ئۆکسجین لەناو خوێندا، کلیکم لەسەرکرد بزانم ئۆکسجینم چەندە، هەمان کات جگەرەیەکم بە دەستەوە بوو، قومێکم لێ دا، ئەزانن ڕێژەی ئۆکسجینی خوێنم چەندی خوێندەوە ؟؟ 83 % واتا لەکاتێ هەڵمژینی دوکەڵی جگەرەدا بەلایەنی کەمەوە پانزە پله ئۆکسجینی ناو خوێن دادەبەزێت.. ڕێژەی هەشتا و سێ ی ئۆکسجین لە کاتی کۆرۆنا و لە هەموو نەخۆشییەکی تردا، یەکسەر داخڵی نەخۆشخانەی چاودێریی وورد ICU ئەکرێت..کاتێ دوکەڵەکەم لە سییەکانم دەرهێنایەوە و هەناسەی قوڵم دا، بەرە بەرە ڕێژەی ئۆکسجینم بەرز بۆوە هەتا گەیشتەوە بە ڕێژەی ئاسایی خۆی کە 98% بوو.
لێرەدا بۆم دەرکەوت جگەرە کێشان یارییەکی زۆر ترسناکە، بریتیە لە هەوڵی یەکبینەی خۆ خنکاندن و .. گەڕانەوە لەو هەوڵە ..بریتییە لە دابەزاندنی کت و پڕی ئۆکسجینی خوێن، دوای ئەوە هەناسەدان و گەڕانەوە بۆ ئاستی ئاسایی ئۆکسجین.. لەو دابەزین و بەرزبوونەوەیەدا جۆرە چێژێک دروست ئەبێ، وەک چۆن لە شاریی یارێکان، هەندێ یاری ترسناک هەیە، هەندێ کەس چێژی لێ دەبینن، جگەرە کێشانیش بەو شێوەیەیە، بەڵام جگەرە کێشان لە هەموو یارییەکانی مەرگ ترسناکترە، چونکە بە دەر لە دابەزاندنی ڕێژەی ئۆکسجین کە ڕەنگە لە هەندێ کەسدا نەگەڕێتەوە بۆ ڕێژەی ئاسایی و توشی خوێن مەیینی مێشک ببێ، دیسان زیانی زۆر زیاتری هەیە، وەک بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری خڕۆکە سوورەکان لە ئۆکسجین بە هۆی پڕ بوونی سییەکان لە دوکەڵ و داپۆشرانی دیواری سیکڵدانۆچکەکانی بە قەترانی دوکەڵ، ئەمەیش وا دەکا نیوەی خوێن مردوو بێت ..چونکە خوێن کاتێ ئۆکسی هیمۆگڵۆبین نییە و دیئۆکسی هیمۆگڵۆبینە، واتا هەڵگری ئۆکسجین نییە و هەڵگری دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، بە خوێنێکی مردوو ئەژمار ئەکرێت.. ڕوونتر بدوێین، هیمۆگڵۆبینی ناو خڕۆکەی سوور، گەردیلەیەک یان زیاتری دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی لە خانەکانی لەش هەڵگرتووە کە گازێکی ژەهراوییە و ئەبێ بیبات بۆ سییەکان و فڕێی بدات و سییەکانیش لە ڕێی هەناسەدانەوە دەریکەنە دەرەوە .. کەچی ئەم هیمۆگڵۆبینە دێتە سییەکان، تەماشا ئەکا بە هۆی دوکەڵ و قەترانەوە، ناتوانێ دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەکە فڕێ بدات و .. ئۆکسجینێک بار بکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ خانەکانی لەش، هەر بۆیە بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەکەوە دێتەوە.. واتا کرداری گازگۆڕکێ ئەنجام نادرێت.. هەر بۆیە پێستە ناسکەکانی لێو و ژێر چاو و پوکی مرۆڤی جگەرەکێش ڕەنگیان بەرەو شینبوون و ڕەشبوونەوە ئەچێ، چونکە ئەو جێگا تەنکانە وەک سکرینێک ڕێژەی ئوکسجینی خوێنمان پیشان دەدەن، هەتا خوێن پڕ ئۆکسجین بێت، سوور و ئاڵ دەردەکەون.. هەتا کەم ئۆکسجین و پڕ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بن، شین و ڕەش هەڵدەگەڕێن .. هەڵبەت شین بوونەوە نیشانەی مردنە .. جا ئیتر کەیفی خۆتانە.
ئینجا با واز لە جگەرە بێنین و بچینە سەر قوربانیدان ..قوربانیدان بەرزترین سیفەتی مرۆڤەکانە، تیایدا خوپەرستیی کۆتایی دێت و خۆنەویستیی جێگای ئەگرێتەوە.
هەر بۆیە ئەو کەسانەی کە قوربانییان بە ژیانی خۆیان داوە، ناویان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە پیتی زێڕ نووسراوەتەوە .. بەڵام قوربانیدان و خۆکوژیی و خۆفەوتاندن سنورێکی تەنک له نێوانیاندایە و ناکرێت تێکەڵاویان بکەین..
قوربانیدەر خاوەنی هیوا وئامانجێکی گەورەیه، لەو پێناوەدا خۆی ئەکاتە قوربانیی، بۆ نمونە پێشمەرگەیەک ئامانجێکی گەورەی هەیە وەک ڕزگارکردنی خاک و نەتەوە و ڕازیکردنی خوا و خەڵک، ئەم ئامانجە گەورانە وای لێدەکەن به شانازییەوە بجەنگێ و قوربانی بە سەر و ماڵ و خۆشییەکانی ژیان بدات.
بەڵام خۆکوژیی و خۆ فەوتاندن، کاردانەوەی بێهیوایی و بێ ئامانجییە، ڕاکردنە لە خەبات و لە خەڵک و لە ئەرکی سەرشان و هەوڵ و چاکسازیی..
کاتێک ژنێک بێ ئومێد و بێ ئامانج بە دیار هاوسەرێکی قورماچیی و بەدمەست و بێ ئیشەوە هەموو تەمەنی خەسار ئەکات، ئەوە قوربانیدان نییە، ئەوە خۆکوژیی و خۆفەوتاندنە..کاتێ باوکێک هەموو تەمەن و سامانی لە گەورەکردنی چەند مناڵێکی تەمەڵ و بێ هەڵوێست و ملهوڕدا خەرج دەکات، ئەو پیاوە قوربایی نەداوە، بەڵکو زوڵمی لە خۆی کردووە و بە بێ سوود، خۆی وێرانکردووە ..میللەتێک بە دیار دەسەڵاتێکی نەخوێندەواری گەندەڵ و مافیا و ترسنۆک و بێهەڵوێست و خۆپەرستەوە ساڵەهای ساڵ دانیشێت، بە تەمای سندوقی هەڵبژاردن و چاکسازیی و پاکسازیی بێ ڕزگاری بکەن، ئەو میللەتە قوربانی نەداوە، ئەو میللەتە خۆی کوشتووە، خۆی تەفر وتونا کردووە، دنیا و قیامەتی خۆی وێرانکردووە.
هەر پێشمەرگەیەک، هەر باوکێک ، هەر دایکێک، هەر میللەتێک، هەر کەسێک لە پێناوێکدا خۆی بەخت بکات، ئەبێ ئامانجێکی گەورە ی لەو پێناوەدا هەبێ، ئەگینا کارەکەی ئەبێتە ملکەچیی و کۆیلایەتیی و خۆفرۆشیی و خۆخەڵەتاندن و گەمژەیی و خۆکوژیی و هەرچی سیفەتی ناشیرینە ..بە هیچ جۆرێک ناچێتە ناو خانەی قوربانیدانەوە..
دواجار با باسێکی خێرای ئایین بکەین.. ووڵ دێورانت لە کتێبە دوور و درێژە دانسقەکەیدا، کتێبی (چیرۆکی شارستانیی)، دەڵێت : ( لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شارستانییەک نابینین به بێ ئایین بووبێت.. هەر شارستانییەک پەرستگا و بیر و باوەڕێکی بۆ خۆی بنیاتناوە )
لێرەوە ئەپرسین ئاخۆ ئایین چۆن ئەو ئامادە بوونە ئەزەلییەی لەگەڵ مرۆڤدا هەبووە؟ چی دەداتە مرۆڤ و چی لێ وەرئەگرێت؟
لە ڕاستیدا ئایین بریتییە لە هەوڵدان بۆ دەستبەردار بوونی مرۆڤ لە خۆپەرستیی .. ئامانجی سەرەکیی لە خواپەرستیدا ئەوەیە کە مرۆڤ واز لە خۆپەرستیی بێنێت..ڕێژەی بیرو باوەڕی ئاینیی هەرکەسێک ڕاستەوانە ئەگونجێت لەگەڵ ڕێژەی وازهێنانی له خۆپەرستیی؛ هەتا مرۆڤی خۆنەویستتربێ، ئاییندارترە، هەتا مرۆڤ خوپەرستتر بێ، بێ ئایینتر یان دووڕووترە.
کاتێ خوا داوامان لێ دەکات زۆر بیر لەخوا بکەینەوە و تەسبیحات بکەین و نوێژ بکەین و بە ڕۆژوو بین، بۆ ئەوەیە کە زۆر بیر لە خۆمان نەکەینەوە و بە حەز و ئارەزووە تایبەتیەکانماندا ڕۆنەچین و نەبینە بوونەوەرێکی دڕندە..
ئایین چاوی مرۆڤەکان ئەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕاستی شتەکان ببینێت و ..خەیاڵ فریوی نەدەن و لە ڕێگای ڕاست لاینەدەن ..
نمونەی ئاییندار و بێ ئایین، وەک شۆفێرێکی ووریا و شۆفێرێکی سەرخۆش و خەیاڵ وایه.. ڕەنگە یەکەمیان ئازار بچێژێ بەوەی کە ئەبێ بە ووردیی تەماشای ڕێگاکە بکات و ئاگاداری ستێرن و سکلێتەرەکانی وەستان و خێراییەکان بێ، بەڵام دواجار بە سەلامەتیی ڕێگاکە ئەبڕێ ..بەڵام کەسی سەرخۆش و خەیاڵ، لە ڕوکەشدا ئیسراحەتە و لە خەیاڵی خۆشدایه و ئەرکی چاودێریی ڕێگا و خێرایی و شۆفێریی ناکێشێ، بەڵام ئەوە هەتا نزیکترین پێچ و لۆفەی ڕێگا بڕ ئەکات، ئیتر لە ڕێ لادان و وەرگەڕان و ماڵوێرانیی لێ ئەکەوێتەوە ..
ئایین مرۆڤ وا لێ ئەکا خۆنەویست بێ، عیسا خەڵکی زیندوو ئەکردەوە، کەچی خۆی زیندوو نەکردەوە..موسا کە بە منداڵیی فڕێدرایه ناو ئاوی نیل، ڕازی نەبوو هیچ کەسێ بخاتە ناو ڕووبارەوە .. موحەمەد بنەماڵەگەریی و خۆپەرستی ڕەتکردەوە و دژی بنەماڵە خوانەناسەکەی خۆی کەوتە شەڕ، بە پێچەوانەی موسوڵمانی ئەمڕۆ، خۆی ئیسلامییە و براکەی بێدینە کەچی هێندەی هەموو دنیایش خۆشی ئەوێت و موو بە نێوەندیاندا ناڕوات؛ ئەمە دیینداریی نییە، دووڕویییە.
ئایین داوا ئەکات زاڵمەکان واز له زوڵم بێنن یان لەناو بچن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بە مافە زەوتکراوەکانیان شاد بنەوە .. ئایین دەسەڵاتدارە زاڵمەکانی ڕۆم و فارس و عەرەبی لەناو برد بۆ ئەوەی ئەو گەلانە ئازاد بژین و بە مرۆڤایەتیی شادببنەوە.
ئەمڕۆ کە چەندەها تاوان ئەدەنە پاڵ ئایین، بۆ تێکەڵکردنی وەرەقەکان و لێڵکردنی گۆمەکەیە .. ئایین بۆ کوشتنی هیچ کەسێک نەهاتووە بێجگە لە کوشتنی دەسەڵاتدارە زاڵمە خوێنڕێژە دیکتاتۆرەکانی جیهان.. ئایین نەهاتووە بۆ ڕوخاندنی ماڵی هیچ کەسێک بێجگە له ڕوخاندنی تاج و تەخت و کۆشکی دیکتاتۆرە زاڵمە خۆپەرستە گەندەڵ و ملیاردێرەکانی جیهان ..هەر بۆیە دەسەڵاتدارە داگیرکەرە دیکتاتۆرەکان، دەستە و تاقمی دینداری شێوێنراو دروست دەکەن و تاوانی جەنگیان پێ ئەنجام دەدەن هەتاکو وای لە خەڵک تێبەگەیەنن کە ئایین بۆ قەتڵ و عامکردنی خەڵکە، لە کاتێکدا ئامانجی ئایین تەنها و تەنها قەتڵ و عامکردنی دیتاتۆرە زاڵمە گەندەڵەکانی جیهانە، بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانی خەڵک.
هەر بۆیە کاتێ ووڵ دیورانت ئەڵێ هیچ شارستانییەکی بێ دین نەبووە، بێ ئاگاداریی خۆی مەبەستی لەوەیش بووە هەر شارستانییەکی بێ دینیش سەری هەڵدابێ، ڕوخاوە..نەگەیشتۆتە ئەوەی وەک شارستانیی پۆڵێن بکرێت .. چونکە مرۆڤ و نەتەوەکان پێویستیان بە هۆکارێکە بەردەوام بیریان بێنێتەوە، واز لە خۆپەرستیی بێنن، تاکو نەبنە دڕندە و جانەوەر ..هەتا بمێننەوە و لەناو نەچن .. سەیرێکی چواردەوری خۆیشتان بکەن، مرۆڤە بێ ئایینەکان چەند تەمەنیان کورتە و بە دەست چەند نەخۆشییەوە گرفتارن..کەچی مرۆڤه ئاییندارەکان وەک شارستانییە ئاییندارەکان، تا ڕادەیەکی باش ماونەتەوە و نەخۆشییەکانیان کوشندە نین.
